- Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version زەکەریا زەکەریا زەکەریا زەکەریا زەکەریا بانگەوازی گەڕانەوە بۆ لای یەزدان لە مانگی هەشتی ساڵی دووەمی داریوش، فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات: «یەزدان زۆر لە باوباپیرانتان تووڕە بوو. لەبەر ئەوە بە گەل دەڵێیت: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”بگەڕێنەوە بۆ لام، منیش دەگەڕێمەوە بۆ لاتان.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. وەک باوباپیرانتان مەبن، ئەوانەی پێغەمبەرەکانی پێشوو پێیان ڕاگەیاندن: یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”لە ڕەفتارە خراپ و نەریتە خراپەکانتان بگەڕێنەوە.“ بەڵام گوێیان نەگرت و سەرنجیان نەدامێ. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. ئێستا باوباپیرانتان لەکوێن؟ هەروەها پێغەمبەرەکان، ئایا هەتاهەتایە دەژین؟ بەڵام فەرمایشت و فەرزەکانم کە بەندە پێغەمبەرەکانم پێ ڕاسپارد، ئایا بە باوباپیرانتان نەگەیشت؟ «ئینجا تۆبەیان کرد و گوتیان: ”هەروەک ئەوەی یەزدانی سوپاسالار مەبەستی بوو پێمانی بکات، بەپێی ڕەفتار و نەریتەکانمان، ئاوای پێ کردین.“» پیاوێک لەنێو دار مۆردەکان لە بیست و چواری یازدە کە مانگی شوباتە لە دووەم ساڵی داریوش، پەیامی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات. لە شەودا بینینێکم بۆ ئاشکرا کرا: لەبەردەمم پیاوێک سواری ئەسپێکی سوور بووە. پیاوەکە لە شیوێک لەنێو دار مۆردەکان1‏:8 مۆرد: دارێکە گەڵاکانی بەبریقە و سەوزێکی تۆخە، گوڵی سپی دەگرێت و بۆنی خۆشە، لە بێت‌لەحم و حەبرۆن هەیە. ئێستا لە ڕۆژهەڵات پێی دەگوترێت (ئاس).‏ ڕاوەستاوە، لە پشتییەوە ئەسپی سوور و زەرد و سپی هەبوو. ئینجا پرسیارم کرد: «گەورەم، ئەمانە چین؟» ئەو فریشتەیەی کە قسەی لەگەڵم دەکرد وەڵامی دامەوە: «من پیشانت دەدەم ئەمانە چین.» ئینجا ئەو پیاوەی لەنێو دار مۆردەکان ڕاوەستا بوو فەرمووی: «ئەمانە ئەوانەن کە یەزدان ناردوونی تاکو بەناو زەویدا بگەڕێن.» ئینجا وەڵامی فریشتەکەی یەزدانیان دایەوە ئەوەی لەنێو دار مۆردەکان وەستابوو و گوتیان: «بەناو زەویدا گەڕاین، هەموو زەوی حەساوەتەوە و لە ئارامیدایە.» ئینجا فریشتەکەی یەزدان فەرمووی: «ئەی یەزدانی سوپاسالار، هەتا کەی تۆ بەزەییت بە ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا نایەتەوە کە ئەم حەفتا ساڵە لێیان تووڕە بوویت؟» یەزدانیش بە قسەی خۆش و دڵدانەوە وەڵامی ئەو فریشتەیەی دایەوە کە قسەی لەگەڵم دەکرد. ئینجا ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم پێی گوتم: «ئەم پەیامە ڕابگەیەنە: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”خۆشەویستییەکی بێ پایانم1‏:14 عیبری: زۆر ئیرەدارم. لێرەدا وشەی (ئیرەدار) واتایەکی ئەرێنی لەخۆ دەگرێت، چونکە خودا مرۆڤی خۆشدەوێت و نایەوێت کەسێک پەیوەندی نێوانیان تێک بدات. بۆ ئۆرشەلیم و سییۆن هەیە. زۆریش لەو نەتەوانە تووڕەم کە لەخۆڕازین. من کەمێک تووڕە بووم، بەڵام ئەوان لە سزادانەکە درێژدادڕییان کرد.“ «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بە بەزەییەوە دەگەڕێمەوە بۆ ئۆرشەلیم و لەوێ ماڵەکەم بنیاد دەنرێتەوە. گوریسی پێوانەش بەسەر ئۆرشەلیمدا ڕادەکێشرێت.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. «هەروەها ڕایبگەیەنە: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”دیسان شارۆچکەکانم سەرڕێژ دەبن لە خێروخۆشی، یەزدان دووبارە دڵی سییۆن دەداتەوە و ئۆرشەلیم هەڵدەبژێرێتەوە.“» چوار قۆچ و چوار پیشەوەر پاشان چاوم هەڵبڕی و بینیم چوار قۆچ لەبەردەمم بوون. لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «ئەمانە چین؟» ئەویش وەڵامی دامەوە: «ئەمانە ئەو قۆچانەن کە یەهودا و ئیسرائیل و ئۆرشەلیمیان پەرتوبڵاو کردەوە.» ئینجا یەزدان چوار پیشەوەری پیشان دام. پرسیارم کرد: «ئەمانە هاتوون چی بکەن؟» ئەویش وەڵامی دامەوە: «ئەمانە ئەو قۆچانەن کە یەهودایان پەرتوبڵاو کردەوە، تاکو کەس نەتوانێت سەری بەرز بکاتەوە، بەڵام پیشەوەرەکان هاتوون تاکو بیانتۆقێنن و قۆچەکانی نەتەوەکان فڕێبدەن، ئەوانەی قۆچیان بەسەر خاکی یەهودا بەرزکردووەتەوە بۆ پەرتوبڵاوکردنی خەڵکەکەی.» پیاوێک بە گوریسی پێوانەوە ئینجا چاوم هەڵبڕی و پیاوێکم لەبەردەمم بینی گوریسی پێوانەی بەدەستەوە بوو. لێم پرسی: «بۆ کوێ دەچیت؟» وەڵامی دامەوە: «بۆ پێوانی ئۆرشەلیم، تاکو درێژی و پانییەکەی بزانم.» لەو کاتەدا ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم هاتە دەرەوە، فریشتەیەکی دیکەش بەرەوپیری هاتە دەرەوە و پێی گوت: «ڕاکە و بەو گەنجە2‏:4 بەو گەنجە مەبەستی لە زەکەریایە.‏ بڵێ: ”ئۆرشەلیم دەبێتە شارێکی بێ شوورا، لەبەر زۆری خەڵک و ئاژەڵی ماڵی تێیدا. منیش بۆی دەبمە شوورای ئاگرین لە هەر چواردەوری، دەبمە شکۆ لە ناوەڕاستی.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. یەزدان دەفەرموێت: «هۆی، هۆی! لە خاکی باکوور هەڵێن، چونکە وەک چوار بایەکەی ئاسمان پەرتەوازەم کردوون.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «هۆی، دەرباز بە، ئەی خەڵکی سییۆن کە لە بابل دەژین!» چونکە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەدوای ئەوەی خودای شکۆدار منی نارد بۆ ئەو نەتەوانەی ئێوەیان تاڵان کرد، چونکە ئەوەی دەستتان لێدەدات، دەست لە بیلبیلەی چاوی دەدات، بێگومان من دەستیان لێ دەوەشێنم و دەبنە تاڵانی بۆ کۆیلەکانیان. ئینجا دەزانن کە یەزدانی سوپاسالار منی ناردووە. «ئەی دانیشتووانی ئۆرشەلیم، گۆرانی بڵێن و دڵخۆش بن، چونکە من دێم و لەنێوتاندا نیشتەجێ دەبم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «لەو ڕۆژەدا زۆرێک لە نەتەوەکان دێنە پاڵ یەزدان و دەبنە گەلی من. لەنێو ئێوەدا نیشتەجێ دەبم و دەزانن کە یەزدانی سوپاسالار منی بۆ لای ئێوە ناردووە. یەزدان یەهودا دەکاتە میراتی خۆی، بەشی خۆی لەسەر خاکی پیرۆز، دووبارە ئۆرشەلیم هەڵدەبژێرێتەوە. ئەی هەموو ئادەمیزاد، لەبەردەم یەزدان بێدەنگ بن، چونکە لە نشینگە پیرۆزەکەیەوە هەستا!» بەرگە پاکەکان بۆ سەرۆک کاهین ئینجا یەشوعی سەرۆک کاهینی پیشان دام کە لەبەردەم فریشتەی یەزدان ڕاوەستابوو، شەیتانیش لەلای ڕاستیەوە ڕاوەستابوو تاکو تۆمەتباری بکات. یەزدانیش بە شەیتانی فەرموو: «ئەی شەیتان، یەزدان سەرزەنشتت بکات! ئەو یەزدانەی کە ئۆرشەلیمی هەڵبژارد سەرزەنشتت بکات! ئایا ئەمە مەشخەڵێک نییە لە ئاگرەوە دەرکێشرابێت؟» یەشوع بە بەرگێکی پیس لەبەردەم فریشتەکە ڕاوەستابوو. فریشتەکە بەوانەی فەرموو کە لەبەردەمی ڕاوەستا بوون: «بەرگە پیسەکەی لەبەر داکەنن.» ئینجا پێی فەرموو: «تەماشا بکە، تاوانەکەتم لەسەرت لابرد و بەرگی گرانبەهام لەبەرکردوویت.» منیش گوتم: «با مێزەرێکی پاک لەسەری بنێن.» ئینجا مێزەرێکی پاکیان لەسەری نا و بەرگیان لەبەرکرد، فریشتەکەی یەزدانیش ڕاوەستا بوو. ئینجا فریشتەکەی یەزدان یەشوعی ڕاسپارد: «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر ڕێگاکانم بگریتەبەر و کار بە فەرمانەکانی من بکەیت، ئەوا تۆش حوکم لەسەر ماڵەکەم دەکەیت و هەروەها پارێزگاری لە پەرستگاکەم دەکەیت و شوێنێکت دەدەمێ لەنێو ئەمانەی ڕاوەستاون. «”ئەی یەشوعی سەرۆک کاهین، گوێ بگرە، خۆت و کاهینەکانی هاوکارت کە لەبەردەمتدا دانیشتوون، ئێوە نیشانەی چاکەکانی داهاتوون، چونکە من بەندەکەی خۆم دەهێنم، کە ناوی لقەکەیە. تەماشا بکەن، ئەو بەردەی کە لەبەردەم یەشوع دامنا! حەوت چاو لەسەر ئەم بەردە هەیە و من نەخشەکەی لەسەر هەڵدەکۆڵم. لە یەک ڕۆژ تاوانی ئەم زەوییە ڕادەماڵم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. «”لەو ڕۆژەدا، هەریەکە بانگهێشتی هاوڕێکەی دەکات بۆ ژێر دار مێو و ژێر دار هەنجیر.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.» چرادانە زێڕینەکە و دوو دار زەیتوون ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ کردم گەڕایەوە و هەڵیستاندم، وەک پیاوێک لە خەو هەستێنرابێت. لێی پرسیم: «چی دەبینیت؟» وەڵامم دایەوە: «چرادانێک دەبینم هەمووی زێڕە، جامێکیشی لەسەرە، حەوت چرای لەسەر دانراوە، حەوت لقیش بۆ چراکانی سەری دەچێت. هەروەها دوو دار زەیتوونیش لەلاوەیە دەبینم، یەکێکیان لەلای ڕاستی جامەکە و ئەوی دیکەیان لەلای چەپییەتی.» لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «گەورەم، ئەمانە چین؟» ئەو لە منی پرسی: «ئایا نازانیت ئەمانە چین؟» منیش گوتم: «نەخێر، گەورەم.» ئەویش پێی گوتم: «ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ زروبابل و دەڵێت: ”یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت، نە بە هێز و نە بە توانا، بەڵکو بە ڕۆحی من.“4‏:6 مەبەستی لەوەیە کە تەواوکردنی پەرستگا بە هێز و توانای مرۆڤ نییە.‏ «ئەی چیا مەزنەکە، تۆ کێیت؟ لەبەردەم زروبابل تەخت دەبیت. ئینجا بەردی قولینچک دادەنێت، لەنێو هاواری ”پیرۆزە، پیرۆزە!“» پاشان فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات و فەرمووی: «دەستەکانی زروبابل ئەم پەرستگایەیان دامەزراندووە و هەر دەستەکانی ئەویش تەواوی دەکەن. ئەی زروبابل، ئینجا دەزانیت کە یەزدانی سوپاسالار منی بۆ لای ئێوە ناردووە. «کێ گاڵتەی بە ڕۆژی کارە بچووکەکان کرد؟ خەڵک دڵخۆش دەبن کاتێک شاووڵ لە دەستی زروبابل دەبینن.» ئەو حەوت چرایە4‏:10 بڕوانە زەکەریا 3‏:9.‏ چاوەکانی یەزدانن کە چاودێرن بەسەر هەموو زەویدا. منیش پرسیارم لە فریشتەکە کرد: «ئەو دوو دار زەیتوونە چین لەلای ڕاست و چەپی چرادانەکە؟» دووبارە لێم پرسی: «ئەو دوو لقە زەیتوونە چین لەلای ئەو لقە زێڕینانە، کە زەیتی زێڕین دەچۆڕێننە ناویان؟» وەڵامی دامەوە و گوتی: «ئایا نازانی ئەم دووانە چین؟» منیش گوتم: «نەخێر، گەورەم.» ئینجا گوتی: «ئەمانە ئەو دووانەن کە بە زەیت دەستنیشان کراون بۆ ئەوەی خزمەتی پەروەردگاری هەموو جیهان بکەن.» تۆمارە فڕیوەکە دیسان چاوم هەڵبڕی و تۆمارێکی فڕیوم لەبەردەمم بینی. لێی پرسیم: «چی دەبینیت؟» وەڵامم دایەوە: «تۆمارێکی فڕیو دەبینم، درێژییەکەی بیست باڵە و پانییەکەشی دە باڵە.5‏:2 نزیکەی نۆ مەتر بە چوار مەتر و نیو.‏» ئینجا پێی گوتم: «ئەمە ئەو نەفرەتەیە کە بۆ سەر ڕووی هەموو زەوی دێت؛ چونکە بەپێی ڕووێکی هەموو دزێک دوور دەخرێتەوە و بەپێی ڕووەکەی دیکە هەموو ئەوەی بە درۆ سوێند بخوات دوور دەخرێتەوە. یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”من دەینێرم و دەچێتە ماڵی دز و ماڵی ئەوەی بە درۆ سوێند بە ناوی من دەخوات، لەو ماڵەدا دەمێنێتەوە، بە تەواوی لەگەڵ دار و بەردەکەی لەناوی دەبات.“» ژنێک لەنێو سەبەتەیەک پاشان ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم، هاتە پێشەوە و پێی فەرمووم: «چاوت هەڵبڕە و ببینە ئەوە چییە دەردەکەوێت.» لێم پرسی: «ئەوە چییە؟» وەڵامی دامەوە: «ئەوە ئەو سەبەتەیەیە کە دەردەکەوێت.» هەروەها گوتی: «ئەمەش تاوانەکەیانە کە لە هەموو زەوییە.» ئیتر قەپاغە قورقوشمەکە هەڵگیرا، ژنێکم بینی لەناو سەبەتەکە دانیشتبوو. گوتی: «ئەمە خراپەکارییە.» ئینجا بۆ ناوەڕاستی سەبەتەکە پاڵی پێوەنا و قەپاغە قورقوشمەکەی خستە سەر دەمی. ئینجا چاوم هەڵبڕی و بینیم لەبەردەمم دوو ژن هاتنە دەرەوە و با لە باڵەکانیان دەدات. باڵەکانیان وەک باڵی لەقلەق بوو، ئینجا سەبەتەکەیان بۆ نێوان زەوی و ئاسمان بەرزکردەوە. لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «سەبەتەکە بۆ کوێ دەبەن؟» ئەویش گوتی: «بۆ ئەوەی لە خاکی بابل ماڵێکی بۆ بنیاد بنێن و کە ئامادە بوو لەوێ لە شوێنی خۆی دادەنرێت.» چوار گالیسکە جارێکی دیکە چاوم هەڵبڕی بینیم لەبەردەمم چوار گالیسکەی جەنگی لەنێوان دوو کێوەوە دێنە دەرەوە، کێوەکانیش بڕۆنز بوون. گالیسکەی یەکەم ئەسپی سووری پێوە بوو، دووەم ئەسپی ڕەش، سێیەم ئەسپی سپی، چوارەم ئەسپی بەڵەک، هەموویان ئەسپی بەهێز بوون. لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «گەورەم، ئەمانە چین؟» فریشتەکەش وەڵامی دامەوە و پێی گوتم: «ئەمانە چوار ڕۆحەکەی ئاسمانن خزمەتی پەروەردگاری هەموو زەوی دەکەن و هاتوونەتە دەرەوە. ئەو گالیسکەیەی ئەسپە ڕەشەکانی پێوەیە بۆ خاکی باکوور دەچێت، ئەوەی ئەسپە سپییەکانیشی پێوەیە بەرەو ڕۆژئاوا، ئەوەی ئەسپە بەڵەکەکانیشی پێوەیە بۆ خاکی باشوور دەچێت.» کاتێک ئەسپە بەهێزەکان چوونە دەرەوە، بە پەرۆشەوە بوون کە بەسەر زەویدا بگەڕێن، ئەویش فەرمووی: «بڕۆن و بەناو زەویدا بگەڕێن.» ئەوانیش بەناو زەویدا گەڕان. ئینجا هاواری لێکردم و پێی گوتم: «ببینە ئەوانەی بۆ خاکی باکوور دەچن، ڕۆحی منیان لە خاکی باکووردا ئارام کردەوە.» تاجێک بۆ یەشوع پاشان فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات و فەرمووی: «زێڕ و زیو لە حەلدەی و تۆڤییاهو و یەدایا وەربگرە، ئەو ڕاپێچکراوانەی لە بابلەوە گەڕاونەتەوە. هەر ئەو ڕۆژە بڕۆ ماڵی یۆشیای کوڕی سەفەنیا. زێڕ و زیو وەربگرە و تاجێک دروستبکە، لەسەری یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهینی بنێ. پێی بڵێ، یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا ئەو پیاوەی ناوی لقە، لە جێی خۆیەوە لق دەردەکات و پەرستگای یەزدان بنیاد دەنێت. ئەو ئەو کەسەیە کە پەرستگای یەزدان بنیاد دەنێت، شکۆمەندی هەڵدەگرێت، لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت فەرمانڕەوایەتی دەکات. هەروەها دەبێتە کاهین لەسەر تەختەکەی، ئیتر فەرمانڕەوایەتی خۆی لەگەڵ کاهینیێتییەکەی دەگونجێنێت6‏:13 کاتێک پاشا دوو ڕۆڵ لە ئەستۆ دەگرێت، فەرمانڕەوایەتی و کاهینیێتی. پێشبینییەکە کە لە پەیمانی نوێ لە کەسایەتی مەسیحدا دێتە دی.‏.“ تاجەکەش دەدرێتە حەلدەی و تۆڤییاهو و یەدایا و حینی کوڕی سەفەنیا، وەک یادگاری لە پەرستگای یەزدان. هەروەها ئەوانەی دوورن دێن بۆ بنیادنانی پەرستگای یەزدان، ئێوەش دەزانن کە یەزدانی سوپاسالار منی بۆ لای ئێوە ناردووە. ئەمە دەبێت ئەگەر بە تەواوەتی گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن.» حوکمدانی تەواو و خۆشەویستی نەگۆڕ لە چوارەم ساڵی داریوشی پاشا، لە چواری مانگی نۆ لە کیسلێڤ فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریا هات. خەڵکی بێت‌ئێل شەرئەچەر و ڕەگەم‌مەلەخیان لەگەڵ پیاوەکانیان نارد بۆ ئەوەی لە یەزدان بپاڕێنەوە، بۆ ئەوەی لە کاهینەکانی ماڵی یەزدانی سوپاسالار و لە پێغەمبەرەکان بپرسن: «ئایا لە مانگی پێنجدا شیوەن بگێڕین و بە ڕۆژوو ببین، هەروەک ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو کردوومانە؟» ئینجا فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارم بۆ هات: «بە هەموو گەلی خاکەکە و بە کاهینەکان بڵێ: ”کاتێک بە ڕۆژوو بوون و شیوەنتان گێڕا، لە مانگی پێنج و مانگی حەوت، لە ماوەی حەفتا ساڵی ڕابردوو، ئایا بەڕاستی بۆ من بەڕۆژوو بوون؟ ئەی کە دەتانخوارد و دەتانخواردەوە، ئایا بۆ خۆتان نەبوو ئاهەنگتان دەگێڕا؟ ئایا هەمان ئەو پەیامە نەبوو کە یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانی پێشووەوە ڕایگەیاند، لە کاتێکدا کە ئۆرشەلیم ئاوەدان و ئارام بوو، شارۆچکەکانی دەوروبەری و نەقەب و زوورگەکانی7‏:7 زوورگ: لە تەپۆڵکە بەرزترە، هەروەک بەرزاییەکانی زوورگەزراو لە کوردستان.‏ یەهودا ئاوەدان بوون؟“» ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریا هات: «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”بە دادپەروەری ڕاستەقینە حوکم بدەن، لەگەڵ یەکتری میهرەبان و بە بەزەیی بن. بێوەژن و هەتیو، نامۆ و هەژار مەچەوسێننەوە، لە دڵەوە بیر لە خراپە مەکەنەوە بەرامبەر بە یەکتری.“ «بەڵام نەیانویست گوێ شل بکەن، شانی یاخبوونیان دایەبەر، خۆیان کەڕ کرد. دڵیان وەک بەردەئەستێ ڕەقکرد نەوەک گوێیان لە فێرکردنەکان و لەو وشانە بێت کە یەزدانی سوپاسالار بە ڕۆحی خۆی لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانی پێشووەوە ناردی. ئیتر یەزدانی سوپاسالار زۆر تووڕە بوو. «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”چۆن بانگم کرد و گوێیان نەگرت، ئەوانیش ئاوا نزا دەکەن و گوێ ناگرم. بە ڕەشەبایەک بەناو هەموو نەتەوەکاندا پەرتوبڵاوم کردنەوە و لەوێ نامۆ بوون. لەپاش ئەوان زەوییەکە وێران بوو و کەس هاتوچۆی پێیدا نەکرد. بەم جۆرە خاکی شادییان وێران کرد.“» بەڵێنی بەرەکەتی ئۆرشەلیم فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارم بۆ هات. یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «خۆشەویستییەکی بێ پایانم بۆ سییۆن هەیە، بە دڵگەرمییەوە ئیرەدار بووم بۆی.» یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دەگەڕێمەوە سییۆن و لە ناوەڕاستی ئۆرشەلیم نیشتەجێ دەبم. ئینجا ئۆرشەلیم بە شاری ڕاستی ناودەبردرێت و کێوی یەزدانی سوپاسالاریش بە ”کێوی پیرۆز“.» یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «جارێکی دیکە پیرەمێرد و پیرێژن لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم دادەنیشن، هەریەکە لەبەر تەمەنی گۆچانەکەی بە دەستیەوەیە. شەقامەکانی شار پڕ دەبنەوە لە کوڕ و کچ یاری تێدا دەکەن.» یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەو سەردەمە لەوانەیە لەبەرچاوی پاشماوەی ئەم گەلە سەرسوڕهێنەر بێت، بەڵام ئایا لەبەرچاوی منیش سەرسوڕهێنەرە؟» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «من گەلەکەم لە خاکی ڕۆژهەڵات و لە خاکی ڕۆژئاوا ڕزگار دەکەم. دەیانگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بن، دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان، بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی.» یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئێستا گوێتان لەم پەیامە بێت، ”با دەستەکانتان بەهێزبن بۆ ئەوەی پەرستگاکە بنیاد بنرێت.“ هەر ئەوەش بوو کە پێغەمبەرەکان لە ڕۆژی دامەزراندنی ماڵی یەزدانی سوپاسالار گوتیان. بەر لەو سەردەمە هیچ کرێیەک بۆ مرۆڤ نەبوو، ئاژەڵیش کرێی نەبوو. ئەوەی دەچووە سەر کاریش لەبەر دوژمنانی سەلامەتی نەبوو، چونکە هەموویانم لە یەکتری بەردا. بەڵام ئێستا من وەک پێشتر هەڵسوکەوت لەگەڵ پاشماوەی گەلەکەم ناکەم.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. «تۆو بە جوانی دەڕوێت، دار مێو بەری خۆی دەدات، زەوی بەروبوومی خۆی دەدات، ئاسمان شەونمی خۆی دەدات. هەموو ئەم شتانە دەکەمە میرات بۆ پاشماوەی ئەم گەلە. ئەی بنەماڵەی یەهودا و ئیسرائیل، هەروەک ئێوە مایەی نەفرەت بوون لەنێو نەتەوەکان، من ڕزگارتان دەکەم، دەبنە مایەی بەرەکەت. مەترسن، بەڵکو با دەستەکانتان بەهێزبن.» یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «وەک چۆن مکوڕ بووم لەسەر ئەوەی تووشی بەڵاتان بکەم، کاتێک باوباپیرانتان تووڕەیان کردم و پاشگەز نەبوومەوە، ئێستا بە هەمان شێوە مکوڕم لەسەر ئەوەی جارێکی دیکە چاکە بکەم لەگەڵ ئۆرشەلیم و بنەماڵەی یەهودا. مەترسن. ئەمانە ئەو شتانەن کە دەبێت بیانکەن: لەگەڵ یەکتری بە ڕاستی بدوێن؛ لە دادگاکانتان ڕاستی و حوکمی دادپەروەرانە هەبێت؛ لە دڵەوە بیر لە خراپە مەکەنەوە بەرامبەر بە یەکتری؛ حەزتان لە سوێندخواردنی بە درۆ نەبێت. ڕقم لە هەموو ئەمانەیە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. پاشان فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارم بۆ هات: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ڕۆژووی مانگی چوار و پێنج و حەوت و دە بۆ نەوەی یەهودا دەبێتە شادی و دڵخۆشی و جەژنی خۆش. لەبەر ئەوە حەز لە ڕاستی و ئاشتی بکەن.» یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «چەندین خەڵک و دانیشتووانی چەندین شار دێنە ئۆرشەلیم، دانیشتووانی شارێک دەچنە لای ئەوی دیکەیان و دەڵێن: ”با بڕۆین دەستبەجێ بۆ ئەوەی لە یەزدان بپاڕێینەوە و ڕوو لە یەزدانی سوپاسالار بکەین، هەروەها منیش دەچم.“ ئینجا زۆرێک لە گەلان و نەتەوە بەهێزەکان دێنە ئۆرشەلیم بۆ ئەوەی ڕوو لە یەزدانی سوپاسالار بکەن و لە یەزدان بپاڕێنەوە.» یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەو ڕۆژانەدا دە پیاو لەنێو هەموو زمان و نەتەوەکان دەست بە دامێنی پیاوێکی جولەکەوە دەگرن و پێی دەڵێن: ”با لەگەڵتان بێین، چونکە بیستوومانە خوداتان لەگەڵە.“» سزای دوژمنانی ئیسرائیل ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بە سروش9‏:1 فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.‏ لە دژی خاکی حەدراخ و لە دیمەشق دەمێنێتەوە، چونکە هەموو خەڵک و هۆزەکانی ئیسرائیل چاویان لە یەزدانە. هەروەها لە دژی حەماتی هاوسنووری، لە دژی سور و سەیدایە، کە ئەوانە زۆر دانان. سور قەڵای بۆ خۆی بنیاد نا، زیوی وەک خۆڵ خڕکردەوە، زێڕیش وەک قوڕی کۆڵانەکان. بەڵام پەروەردگار دەستی بەسەردا دەگرێت و لە دەریا هێزەکەی لەناودەبات، هەروەها بە ئاگر دەسووتێنرێت. ئەسقەلان دەیبینێت و دەترسێت، غەزەش زۆر بە ئازار دەبێت، عەقرۆنیش، چونکە هیواکانی مایەی شەرمەزارین. غەزە پاشاکەی لەدەست دەدات، ئەسقەلانیش ئاوەدانی تێدا نامێنێت. خەڵکی زۆڵ9‏:6 بیژی‏ ئەشدۆد داگیر دەکەن، لووتبەرزی فەلەستییەکان لەناودەبەم. گۆشتی بە خوێنەوە لەبەردەمیان لادەبەم و خواردنی قەدەغەکراو لەبەر ددانەکانیان. ئەو فەلەستییانەش کە دەمێننەوە دێنە پاڵ خوداکەمان و وەک هۆزێک دەبن لە یەهودا و عەقرۆنیش وەک یەبوسییەکان. بەڵام لە چواردەوری پەرستگاکەم هەڵدەدەم، بۆ پارێزگاریکردن لە لەشکری تاڵانکەر. ئیتر هەرگیز سەرکاری بێگاری نایەتە سەریان، چونکە ئێستا چاوم لەسەریانە. هاتنی پاشای سییۆن ئەی شاری سییۆن، زۆر دڵخۆش بە! ئەی شاری ئۆرشەلیم، هاواری خۆشی بکە! ئەوەتا پاشاکەت دێتە لات، دادپەروەرە و ڕزگارکەرە، بێفیزە و سواری ماکەرێک و جاشی ماکەرێک بووە. گالیسکەی جەنگ لە ئەفرایم لەناودەبەم و ئەسپیش لە ئۆرشەلیم، کەوانی جەنگ دەشکێنرێت. ئەو پاشایە ئاشتی بۆ گەلان ڕادەگەیەنێت، فەرمانڕەوایەتییەکەی لە دەریاوە بۆ دەریایە و لە ڕووباری فوراتیشەوە هەتا ئەوپەڕی زەوییە. هەروەها بۆ تۆش، لەبەر خوێنی پەیمانەکەم لەگەڵ تۆ، دیلەکانت لە بیری بێ ئاو بەڕەڵا دەکەم. ئەی ئەو دیلانەی هیواتان هەیە، بگەڕێنەوە قەڵاکانتان، ئەمڕۆ من ڕایدەگەیەنم کە دوو هێندە قەرەبووتان دەکەمەوە. من یەهودام وەک کەوانەکەی خۆم چەماندووەتەوە، ئەفرایمم کردووەتە تیرەکانم، ئەی سییۆن، کوڕەکانی تۆم ڕاپەڕندووە، لە دژی کوڕەکانی تۆ، ئەی یۆنان، تۆم کردووە بە شمشێری پاڵەوان. دەرکەوتنی یەزدان ئینجا یەزدان لەسەر سەریانەوە دەردەکەوێت، تیرەکەی وەک بروسک دەبریسکێتەوە. یەزدانی باڵادەست فوو بە کەڕەنادا دەکات، بەناو گەردەلوولەکانی باشووردا دەڕوات، یەزدانی سوپاسالار گەلەکەی دەپارێزێت. بە بەردی قۆچەقانی9‏:15 بەردەقانی‏ دوژمن تێکدەشکێنن، دەخۆنەوە و دەنەڕێنن هەروەک شەرابیان نۆشی بێت، وەک تاسی خوێنپرژێن9‏:15 کاهین ئەم تاسانەی بۆ پرژاندنی خوێنی قوربانی بەکاردەهێنا، وەک هێمایەک بۆ کەفارەتی گوناهەکانی خەڵک. بڕوانە دەرچوون 29‏:20 و زەکەریا 14‏:20 و عیبرانییەکان 9‏:13‏.‏ پڕ دەبن، کە بۆ پرژاندنی گۆشەکانی قوربانگا بەکاردێت. لەو ڕۆژەدا یەزدانی پەروەردگار گەلی خۆی ڕزگار دەکات، هەروەک شوان مێگەلەکەی دەپارێزێت. لە خاکەکەی خۆی دەیانڕازێنێتەوە وەک بەردی گرانبەهای تاج. چەند سەرنجڕاکێش و جوان دەبن! دانەوێڵە گەشە بە لاوەکان دەکات و شەرابی نوێش بە پاکیزەکان. بەسەرکردنەوەی بنەماڵەی یەهودا لە بەهاردا داوای باران لە یەزدان بکەن، یەزدانە کە هەورەتریشقە دروستدەکات. ئەو شەستە باران دەبارێنێت، کێڵگەی سەوز دەداتە هەمووان. بتەکان قسەی هەڵخەڵەتێنەر دەکەن، فاڵگرەوەکان بە درۆ باسی بینین دەکەن، خەونی درۆ دەگێڕنەوە، بەبێ سوود دڵنەوایی دەکەن، بۆیە گەل وەک مەڕ پەرتەوازە بوون، سەرگەردان بوون لەبەر بێ شوانی. «تووڕەییم لەسەر شوانەکان گڕی گرت، ڕابەرەکان سزا دەدەم، چونکە یەزدانی سوپاسالار مێگەلەکەی خۆی، بنەماڵەی یەهودا بەسەردەکاتەوە، دەیانکاتە ئەسپی شکۆی خۆی لەنێو جەنگ. بەردی بناغە لە یەهوداوە دێت، مێخی ڕەشماڵ لەوێوە دێت، کەوانی جەنگ لەوێوە دێت، هەموو سەرۆکێک لەوێوەیە. پێکەوە وەک پاڵەوان دەبن، ئەوانەی دوژمنەکانیان لەنێو قوڕی کۆڵانەکان دەشێلن، دەجەنگن، چونکە یەزدان لەگەڵیانە، ئەسپ سوارەکانی دوژمن شەرمەزار دەکەن. «بنەماڵەی یەهودا بەهێز دەکەم، بنەماڵەی یوسف ڕزگار دەکەم. دەیانگەڕێنمەوە، چونکە بەزەییم پێیاندا هاتەوە، وایان لێدێت وەک ئەوەی کە ڕەتم نەکردبنەوە، چونکە من یەزدانی پەروەردگاری ئەوانم، وەڵامیان دەدەمەوە. ئەفرایم وەک پاڵەوانەکانیان لێدێت، دڵیان خۆش دەبێت هەروەک بە شەراب، منداڵەکانیان ئەمە دەبینن و دڵخۆش دەبن، دڵیان بە یەزدان شاد دەبێت. ئاماژەیان بۆ دەکەم، پێکەوە کۆیان دەکەمەوە. بە دڵنیاییەوە دەیانکڕمەوە، هەروەکو پێشتر زۆر دەبن. هەرچەندە لەنێو گەلاندا پەرتەوازەیان دەکەم، بەڵام لە خاکە دوورەکانەوە یادم دەکەنەوە. ئەوان لەگەڵ کوڕەکانیان لە ژیان دەمێننەوە و دەگەڕێنەوە. لە خاکی میسرەوە دەیانگەڕێنمەوە و لە ئاشورەوە کۆیان دەکەمەوە. دەیانهێنمە خاکی گلعاد و لوبنان، جێیان نابێتەوە. بەناو دەریای تەنگدا تێدەپەڕن، شەپۆلەکانی دەریا کپ دەبن و هەموو قووڵاییەکانی ڕووباری نیل وشک دەبن. لووتبەرزی ئاشور تێکدەشکێنرێت و داردەستی میسر نامێنێت. بە یەزدان بەهێزیان دەکەم و بە ناوی خۆیەوە دەیپەرستن و گوێڕایەڵی دەبن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. ئەی لوبنان، دەرگاکانت بکەرەوە، تاکو ئاگر دار ئورزەکانت بخوات! ئەی دار سنەوبەر، واوەیلا بکە، چونکە دار ئورز کەوت، دارە گەورەکان تێکشکێنران! ئەی دار بەڕووەکانی باشان، واوەیلا بکەن، چونکە دارستانە چڕەکان تێکدران! گوێ لە واوەیلای شوانەکان بگرن، چونکە لەوەڕگا دەوڵەمەندەکانیان وێران بوون! گوێ لە نەڕەی شێرەکان بگرن، چونکە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردون وێران بوون. دوو شوان یەزدانی پەروەردگارم ئەمە دەفەرموێت: «ئەو مێگەلەی بۆ سەربڕینە بیلەوەڕێنە. ئەوانەی دەیانکڕن و سەریان دەبڕن، سزاش نادرێن. فرۆشیارەکانیان دەڵێن: ”ستایشی یەزدان دەکەم، کە دەوڵەمەندی کردم!“ شوانەکانیان بەزەییان پێیاندا نایەتەوە.» یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئیتر بەزەییم بە دانیشتووانی خاکەکەدا نایەتەوە، بەڵکو هەریەکەیان دەدەمە دەست نزیکەکەی و پاشاکەی. ئەوان خاکەکە وێران دەکەن، کەسیش لە دەستی ئەوان دەرباز ناکەم.» ئەو مێگەلەم لەوەڕاند کە بۆ سەربڕینە، بە تایبەتی کڵۆڵترینی مەڕەکان. ئینجا دوو گۆچانم بۆ خۆم برد، یەکێکیانم ناو نا «پەسەندی» و ئەوی دیکەشم ناو نا «یەکگرتن» و مێگەلەکەم لەوەڕاند. لە یەک مانگدا هەر سێ شوانەکەم دەرکرد. مێگەلەکە ڕقی لێم بووەوە، من ئارامیم لێیان نەما و فەرمووم: «ناتانلەوەڕێنم. ئەوەی مردار دەبێتەوە، با مردار ببێتەوە؛ ئەوەی لەناودەچێت، با لەناوبچێت؛ ئەوانەش کە دەمێننەوە، با گۆشتی یەکتری بخۆن.» ئینجا ئەو گۆچانەم برد کە ناوی «پەسەندی» بوو و شکاندم، تاکو ئەو پەیمانەم هەڵوەشێنمەوە کە لەگەڵ هەموو گەلاندا بەستم. لەو ڕۆژەدا پەیمانەکە هەڵوەشایەوە، بەو شێوەیە کڵۆڵترینی مەڕەکان، ئەوانەی چاویان تێبڕیبووم زانییان کە ئەوە فەرمایشتی یەزدان بووە. ئینجا پێم گوتن: «ئەگەر پێتان باشە، کرێیەکەم بدەنێ، ئەگەر نا لێیگەڕێن.» ئینجا سی پارچە زیوی کرێیەکەی منیان کێشا. یەزدان پێی فەرمووم: «فڕێیبدە بۆ گۆزەکەرەکە.» ئەو نرخە بەهادارەی کە منیان پێی هەڵسەنگاند! منیش سی پارچە زیوەکەم وەرگرت و فڕێمدا بۆ گۆزەکەرەکەی ناو ماڵی یەزدان. ئینجا گۆچانەکەی دیکەم شکاند، کە ناوی «یەکگرتن» بوو، تاکو برایەتی نێوان یەهودا و ئیسرائیل هەڵبوەشێنمەوە. جا یەزدانم پێی فەرمووم: «جارێکی دیکە کەلوپەلی شوانێکی گێل بۆ خۆت ببە، چونکە من شوانێک لە خاکەکە هەڵدەستێنمەوە کە گرنگی بە ونبووەکان نادات، لە ساواکان ناگەڕێت، بریندارەکان چارەسەر ناکات، ئەوانەی تەندروستییان باشە نایانلەوەڕێنێت، بەڵام گۆشتی قەڵەوەکان دەخوات و سمیان دەردێنێت. «قوڕبەسەر شوانی هیچوپووچ، ئەوەی وازی لە مێگەلەکە هێناوە! با شمشێر لەسەر قۆڵ و چاوی ڕاستی بێت! با قۆڵی بە تەواوی وشک بێت و چاوی ڕاستی بە تەواوی کۆرە بێت!» وێرانبوونی دوژمنانی ئۆرشەلیم ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بە سروش سەبارەت بە ئیسرائیل. یەزدان، ئەوەی کە ئاسمانی ڕاخستووە، زەوی دامەزراندووە، شێوەی ڕۆحی مرۆڤی لە ناخی مرۆڤدا کێشاوە، ئەمە دەفەرموێت: «من خەریکم ئۆرشەلیم دەکەمە جامێک هەموو گەلانی دەوروبەری سەرخۆش دەکات. یەهودا و ئۆرشەلیمیش گەمارۆ دەدرێن. لەو ڕۆژەدا کاتێک هەموو گەلانی زەوی لە دژی ئەو کۆدەبنەوە، ئۆرشەلیم بۆ هەموو گەلان دەکەمە بەردێکی سەنگین. ئەوەی بییەوێت بیجوڵێنێت خۆی بریندار دەکات.» یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا هەموو ئەسپێک تووشی سەرلێشێوان دەکەم و سوارەکەشی تووشی شێتی دەکەم. چاودێری بنەماڵەی یەهودا دەکەم، هەموو ئەسپی گەلان تووشی کوێری دەکەم. ئینجا سەرکردەکانی یەهودا لە دڵی خۆیاندا دەڵێن: ”خەڵکی ئۆرشەلیم بەهێزن، چونکە یەزدانی سوپاسالار خودایانە.“ «لەو ڕۆژەدا سەرکردەکانی یەهودا وەک ئاگردانێک لێ دەکەم لەنێو کۆمەڵە دار و وەک مەشخەڵێکی ئاگر لەنێو مەڵۆ، جا بەلای ڕاست و بەلای چەپدا دەست دەکەن بە خواردنی هەموو گەلانی دەوروبەریان، بەڵام ئۆرشەلیم لە جێی خۆی بە سەلامەتی دەمێنێتەوە. «یەزدان سەرەتا گەلی یەهودا ڕزگار دەکات، بۆ ئەوەی شان و شکۆی بنەماڵەی داود و خەڵکی ئۆرشەلیم لەسەر یەهودا گەورەتر نەبن. لەو ڕۆژەدا یەزدان دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەپارێزێت، ئەوەی لاوازە لەنێویان وەک داودی لێدێت، ماڵی داودیش وەک خودای لێدێت، وەک فریشتەی یەزدان لەپێشیان دەڕوات. لەو ڕۆژەدا مکوڕ دەبم لەسەر لەناوبردنی هەموو ئەو نەتەوانەی کە هێرش دەکەنە سەر ئۆرشەلیم. شیوەن بۆ ئەوەی زامداریان کرد «ڕۆحی میهرەبانی و پاڕانەوە بەسەر بنەماڵەی داود و بەسەر دانیشتووانی ئۆرشەلیمدا دەبارێنم. جا تەماشای من دەکەن، ئەوەی کە ڕمیان لێداوە، هەروەها شیوەنی بۆ دەگێڕن وەک کەسێک شیوەن بۆ تاقانەکەی بگێڕێت، زۆر دەگریێن، هەروەک گریان بۆ نۆبەرەیەک. لەو ڕۆژەدا شیوەنێکی گەورە لە ئۆرشەلیم دەبێت، وەک شیوەنی هەدەد ڕیمۆن لە دەشتی مەگیدۆ. خاکەکە شیوەن دەگێڕێت، خێڵ بە خێڵ هەریەکە و بە جیا: خێڵی بنەماڵەی داود و ژنەکانیان، خێڵی بنەماڵەی ناتان و ژنەکانیان، خێڵی بنەماڵەی لێڤی و ژنەکانیان، خێڵی شیمعی و ژنەکانیان. هەموو ئەو خێڵانەی مابوونەوە خێڵ بە خێڵ بە جیا و ژنەکانیشیان بە جیا. پاکبوونەوە لە گوناه «لەو ڕۆژەدا کانییەک بۆ بنەماڵەی داود و بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەکرێتەوە بۆ پاککردنەوەیان لە گوناه و گڵاوی.» یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا، ناوی بتەکان لە خاکەکەدا ڕیشەکێش دەکەم و ئیتر یادیان ناکرێتەوە. هەروەها پێغەمبەرەکان و ڕۆحی گڵاو13‏:2 ڕۆحی پیسی هاندەر بۆ ئەنجامدانی کاری گڵاو.‏ لە خاکەکە ڕادەماڵم. وای لێدێت ئەگەر کەسێک پێشبینی بکات، ئەوا دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، پێی دەڵێن: ”دەبێت بمریت، چونکە بە درۆ بە ناوی یەزدانەوە قسەت کردووە.“ ئینجا کاتێک پێشبینی دەکات دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، بە خەنجەر لێی دەدەن. «ئینجا لەو ڕۆژەدا هەر پێغەمبەرێک بە پێشبینی بینینەکەی شەرمەزار دەبێت. جلی پێغەمبەران کە کەوای موودارە لەبەری ناکەن بۆ ئەوەی خەڵکی پێ هەڵبخەڵەتێنن. هەریەکە و دەڵێت: ”من پێغەمبەر نیم. من کابرایەکی جوتیارم، چونکە هەر لە منداڵیمەوە خاک سەرچاوەی بژێویم بووە.“ ئەگەر کەسێک بپرسێت: ”ئەم برینانە چین لە جەستەت؟“ ئەویش وەڵام دەداتەوە: ”ئەوەیە کە لە ماڵی دۆستانم پێی بریندار بووم.“ لێدان لە شوانەکە «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ئەی شمشێر، لە دژی شوانەکەم هەستە، لە دژی ئەو پیاوەی لەگەڵمە! لە شوانەکە بدە، مەڕەکان پەرت دەبن، پاشان دەستم لە بچووکەکان بەرز دەکەمەوە.» یەزدان دەفەرموێت: «ئینجا لە هەموو زەوی، دوو لەسەر سێیان لێیان دەدرێت و دەمرن، یەک لەسەر سێ تێیدا دەمێنێتەوە. ئەو یەک لەسەر سێیەش دەخەمە ناو ئاگرەوە، وەک زیو دەیانپاڵێوم، وەک زێڕ تاقییان دەکەمەوە. ئەوان بە ناوی منەوە نزا دەکەن و منیش وەڵامیان دەدەمەوە، من دەڵێم: ”ئەوان گەلی منن،“ ئەوانیش دەڵێن: ”یەزدان خودای ئێمەیە.“» یەزدان دێت و حوکم دەدات ئەی ئۆرشەلیم، ڕۆژی یەزدان دێت، سامانەکەت تاڵان دەکرێت و لە ناوەڕاستی خۆتدا دابەش دەکرێت. هەموو نەتەوەکان لەسەر ئۆرشەلیم کۆدەکەمەوە بۆ ئەوەی لە دژی بجەنگن. شارەکە داگیر دەکرێت، ماڵەکان تاڵان دەکرێن، ئافرەت لاقە دەکرێن. نیوەی شارەکە ڕاپێچ دەکرێن، بەڵام پاشماوەی خەڵکەکە لە شارەکە ڕاپێچ ناکرێن. ئینجا یەزدان دێتە دەرەوە و لەگەڵ ئەو نەتەوانە دەجەنگێت، هەروەک ڕۆژی جەنگ شەڕ دەکات. لەو ڕۆژەدا پێیەکانی لەسەر کێوی زەیتوون دەوەستن، ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم، ئینجا کێوی زەیتوون لە ناوەڕاستەوە شەق دەبێت، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، دەبێتە دۆڵێکی زۆر گەورە، نیوەی چیاکە دەگوازرێتەوە باکوور و نیوەکەی دیکەشی باشوور. ئێوە بە ناو دۆڵی چیاکەی مندا هەڵدێن، چونکە هەتا ئاچێل درێژ دەبێتەوە. ئێوە هەڵدێن، هەروەک ئەوەی لە بوومەلەرزەکەی سەردەمی عوزیای پاشای یەهودا هەڵاتن. ئینجا یەزدانی پەروەردگارم دێت، هەموو پیرۆزەکانیشی لەگەڵە. لەو ڕۆژەدا ڕووناکی و سەرما و شەختەبەندان نابێت. ڕۆژێکی بێ وێنە دەبێت، جیاوازی نییە لەنێوان شەو و ڕۆژ، کاتێک ئێوارە دادێت ڕووناکی هەیە، ئەو ڕۆژە تەنها لەلای یەزدان زانراوە. لەو ڕۆژەدا ئاوی زیندوو لە ئۆرشەلیمەوە هەڵدەقوڵێت، نیوەی ڕووەو ڕۆژهەڵات بۆ دەریای مردوو و نیوەشی ڕووەو ڕۆژئاوا بۆ دەریای سپی ناوەڕاست، لە هاوین و لە زستان بەردەوام دەبێت. یەزدانیش دەبێتە پاشای هەموو زەوی. لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان دەبێت و تەنها ناوی ئەویش دەبێت. هەموو خاکەکە لە گەڤەعەوە هەتا ڕیمۆنی باشووری ئۆرشەلیم وەک عەراڤا دەبێتە دەشتایی14‏:10 شیوێک بوو لە دەریاچەی جەلیلەوە هەتا دەریای مردوو.‏، بەڵام ئۆرشەلیم بەرز دەکرێتەوە و لە شوێنەکەی خۆیدا ئاوەدان دەبێتەوە، لە دەروازەی بنیامینەوە هەتا شوێنی دەروازەی یەکەم و هەتا دەروازەی گۆشەکە و لە قوللەی حەنەنێلەوە هەتا گوشەرەکانی پاشا. ئاوەدانی دەکەنەوە، چیدی وێران ناکرێت. ئۆرشەلیم ئاسوودە دەبێت. ئەمەش ئەو دەردە دەبێت کە یەزدان تووشی هەموو گەلانی دەکات، ئەوانەی لە دژی ئۆرشەلیم جەنگان: گۆشتیان بۆگەن دەبێت کە لەسەر پێیەکانیان وەستاون، چاوەکانیان لەناو چاڵی چاویاندا بۆگەن دەبێت، زمانیشیان لە دەمیاندا بۆگەن دەبێت. لەو ڕۆژەدا لەلایەن یەزدانەوە تووشی شڵەژانێکی گەورە دەبن، هەر پیاوە و دەستی نزیکەکەی دەگرێت و دەست لە یەکتری بەرزدەکەنەوە. هەروەها یەهوداش لە ئۆرشەلیم شەڕ دەکات. سامانی هەموو نەتەوەکانی دەوروبەری کۆدەکاتەوە، ڕێژەیەکی زۆری زێڕ و زیو و جلوبەرگ. هەمان ئەو دەردە تووشی ئەسپ و هێستر و وشتر و گوێدرێژ و هەموو ئەو ئاژەڵانە دەبێت کە لە ئۆردوگای دوژمنن. هەروەها پاشماوەی هەموو نەتەوەکان، ئەوانەی هاتنە سەر ئۆرشەلیم، ساڵ لەدوای ساڵ دێن، تاکو کڕنۆش بۆ پاشا ببەن، یەزدانی سوپاسالار، هەروەها جەژنی کەپرەشینە بگێڕن. ئەگەر هەر نەتەوەیەکی زەوی نەچێتە ئۆرشەلیم بۆ کڕنۆشبردن بۆ پاشا، یەزدانی سوپاسالار، بارانی بۆ نابارێت. ئەگەر گەلی میسر نەیێت و بەشدار نەبێت، بارانیان بۆ نابارێت، ئەو دەردەیان لەسەر دەبێت کە یەزدان لە نەتەوەکانی دەدات، ئەوانەی نایەن بۆ گێڕانی جەژنی کەپرەشینە. ئەمە سزای میسر و هەموو ئەو نەتەوانەیە کە ناچن بۆ ئەوەی جەژنی کەپرەشینە بگێڕن. لەو ڕۆژەدا ئەمە لەسەر زەنگی ئەسپەکان دەنووسرێت: «پیرۆزی بۆ یەزدان»14‏:20 بۆ یەزدان تەرخان کراوە.‏. مەنجەڵەکانی ماڵی یەزدان وەک تاسەکانی خوێنپرژاندنی بەردەم قوربانگا دەبن. هەموو مەنجەڵێک لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا پیرۆز دەبێت بۆ یەزدانی سوپاسالار، هەر کەسێک قوربانی سەردەبڕێت دێت و دەیانبات و تێیاندا لێ دەنێت. لەو ڕۆژە بەدواوە کەنعانی14‏:21 کەنعانی: دەشێت بازرگان بێت.‏ لە ماڵی یەزدانی سوپاسالار نابێت.