- Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version ڕابەران ڕابەران ڕابەران ڕابەران ڕابەران شەڕ لەگەڵ پاشماوەی کەنعانییەکان لەدوای مردنی یەشوع، نەوەی ئیسرائیل لە یەزدانیان پرسی و گوتیان: «کێ لە ئێمە یەکەم جار بچێت بۆ شەڕکردن لە دژی کەنعانییەکان؟» یەزدانیش وەڵامی دانەوە: «با هۆزی یەهودا بچن، من وا خاکەکەم خستووەتە ژێر دەستیان.» پیاوانی یەهوداش بە شیمۆنییەکانی برایانیان گوت: «لەو بەشە خاکەی لە تیروپشک بۆمان دەرچووە لەگەڵمان وەرن، با لە دژی کەنعانییەکان بجەنگین، ئینجا ئێمەش لەو بەشە خاکەی کە بۆتان دەرچووە لەگەڵتان دێین.» شیمۆنییەکانیش لەگەڵیان چوون. پیاوانی یەهودا چوون، یەزدانیش کەنعانی و پریزییەکانی خستە ژێر دەستیان، ئەوانیش لە بەزەق دە هەزار پیاویان لێ کوشتن. ئینجا لە بەزەق، ئەدۆنی بەزەقیان1‏:5 واتا میری بەزەق.‏ دۆزییەوە و شەڕیان لە دژی کرد، کەنعانی و پریزییەکانیان شکاند. ئەدۆنی بەزەق هەڵات، بەڵام ئەوان بەدوای کەوتن و گرتیان و پەنجە گەورەی دەست و پێیان بڕی. ئەدۆنی بەزەق گوتی: «حەفتا پاشا کە پەنجە گەورەی دەست و قاچیان بڕابوو لەژێر مێزی نانخواردنەکەم بەرماوەیان هەڵدەگرتەوە، ئەوەی کردبووم خودا پێی کردمەوە.» ئینجا هێنایانە ئۆرشەلیم و لەوێ مرد. کوڕانی یەهودا هێرشیان بردە سەر ئۆرشەلیم و گرتیان، خەڵکەکەیان بە شمشێر کوشت و ئاگریان لە شارەکە بەردا. لەدوای ئەوە کوڕانی یەهودا بەرەو خوارەوە چوون بۆ شەڕکردن لە دژی کەنعانییەکانی ناوچە شاخاوییەکان و ئەوانەی نەقەب و ئەوانەی لە زوورگەکانی1‏:9 زوورگ: لە تەپۆڵکە بەرزترە، هەروەک بەرزاییەکانی زوورگەزراو لە کوردستان.‏ خۆرئاوا نیشتەجێ بوون. ئینجا کوڕانی یەهودا بەرەو کەنعانییەکانی دانیشتووی حەبرۆن چوون و شێشەی و ئەحیمەن و تەلمەییان بەزاند. حەبرۆن پێشتر ناوی قیریەت ئەربەع بوو. لەوێشەوە بۆ هێرشکردنە سەر دانیشتووانی دەڤیر پێشڕەوییان کرد، دەڤیر پێشتر ناوی قیریەت سێفەر بوو. ئینجا کالێب گوتی: «ئەوەی پەلاماری قیریەت سێفەر بدات و بیگرێت، عەکسای کچمی دەدەمێ ببێتە ژنی.» ئیتر عۆسنیێلی کوڕی1‏:13 واتا عۆسنیێل برازای کالێب بوو، بڕوانە 3‏:9.‏ قەنەزی برای کالێب کە لەو بچووکتر بوو، قیریەت سێفەری گرت. کالێبیش عەکسای کچی دایێ بۆ ئەوەی ببێتە ژنی. ئینجا لە کاتی هاتنی بۆ لای عۆسنیێل، عەکسا هانی دا بۆ ئەوەی داوای کێڵگەیەک لە باوکی بکات. کاتێک عەکسا لە گوێدرێژەکە دابەزی، کالێب لێی پرسی: «چیت بۆ بکەم؟» ئەویش پێی گوت: «بەرەکەتێکم بدەرێ، لەبەر ئەوەی لە نەقەب زەویت پێداوم، سەرچاوەکانی ئاوم بدەرێ.» کالێبیش کانیاوەکانی سەروو و خوارووی پێدا. نەوەی خەزووری موسا، ئەوەی کە قێنی بوو1‏:16 خەزووری موسا ناوی (یەترۆ) بوو، هەروەها (ڕەعوئێل)یشی پێ دەگوترا. دەشێت ڕەعوئێل ناوی خێڵی یەترۆ بووبێت. بڕوانە دەرچوون 3‏:1 و 2‏:18 و سەرژمێری 10‏:29‏.‏، لە شاری دار خورما1‏:16 مەبەستی لە شاری ئەریحایە، لێرە و لە 3‏:13.‏ لەگەڵ کوڕانی یەهودا چوونە چۆڵەوانی یەهودا لە نەقەب لە نزیکی عەراد، چوون و لەگەڵ گەلەکە نیشتەجێ بوون. پیاوەکانی یەهودا لەگەڵ شیمۆنییەکانی برایان چوون و کەنعانییەکانی دانیشتووی چەفەتیان بەزاند، بە تەواوی وێرانیان کرد1‏:17 بە تەواوی وێرانیان کرد: لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.‏، لەبەر ئەوە ناویان لە شارەکە نا حۆرما1‏:17 حۆرما واتا وێرانکردن.‏. کوڕانی یەهودا دەستیان گرت بەسەر غەزە و ئەسقەلان و عەقرۆن و سنوورەکانیان. یەزدانیش لەگەڵ کوڕانی یەهودا بوو، جا ناوچە شاخاوییەکە بووە موڵکیان، بەڵام نەیانتوانی دانیشتووانی دەشتاییەکان دەربکەن، چونکە گالیسکەی ئاسنینیان هەبوو. هەروەک موسا بەڵێنی دابوو1‏:20 بڕوانە یەشوع 14‏:9‏.‏، حەبرۆنیان دایە کالێب، ئەویش هەر سێ خێڵی نەوەی عەناقی لەوێ دەرکرد. بەڵام هۆزی بنیامینیش یەبوسییەکانی دانیشتووی ئۆرشەلیمیان دەرنەکرد، ئیتر یەبوسییەکان لەگەڵ نەوەی بنیامین لە ئۆرشەلیم ژیان، هەتا ئەمڕۆش. هەروەها بنەماڵەی یوسف هێرشیان بردە سەر بێت‌ئێل و یەزدانیش لەگەڵیان بوو. کاتێک ماڵی یوسف سیخوڕیان نارد بۆ بێت‌ئێل، کە پێشتر شارەکە ناوی لوز بوو، سیخوڕەکان پیاوێکیان بینی لە شارەکە هاتبووە دەرەوە، پێیان گوت: «دەروازەی شارەکەمان پیشان بدە، ئێمەش لەگەڵت باش دەبین.» ئەویش دەروازەی شارەکەی پیشاندان، ئەوانیش شارەکەیان دایە بەر زەبری شمشێر، بەڵام پیاوەکە و هەموو تیرەکەی ئەویان بەڕەڵا کرد. پیاوەکەش چوو بۆ خاکی حیتییەکان و شارێکی دروستکرد و ناوی لێنا لوز، هەتا ئەمڕۆش ئەوە ناویەتی. بەڵام مەنەشە ئەم خەڵکانەی لەگەڵ دانیشتووانی دەوروبەریان دەرنەکرد: خەڵکی بێت‌شان و تەعنەک و دۆر و یەڤلەعام و مەگیدۆ، چونکە کەنعانییەکان سوور بوون لەسەر نیشتەجێبوون لەو خاکە. کاتێک ئیسرائیلییەکان بەهێز بوون، کەنعانییەکانیان خستە ژێر کاری بێگاری، بەڵام بە تەواوی دەریاننەکردن. ئەفرایمییەکانیش ئەو کەنعانیانەیان دەرنەکرد کە دانیشتووی گەزەر بوون، بەڵکو کەنعانییەکان لە گەزەر لەنێویان نیشتەجێ بوون. زەبولونییەکانیش دانیشتووانی قیترۆن و دانیشتووانی نەهەلۆلیان دەرنەکرد، جا کەنعانییەکان لەنێویان نیشتەجێ بوون و لەژێر کاری بێگاریدا بوون. ئاشێرییەکانیش دانیشتووانی عەکۆیان دەرنەکرد، هەروەها دانیشتووانی سەیدا و ئەحلاڤ و ئەکزیڤ و حەلبا و ئەفێق و ڕەحۆڤیش. ئیتر ئاشێرییەکان لەنێو کەنعانییەکانی دانیشتووی خاکەکە نیشتەجێ بوون، چونکە دەریاننەکردن. نەفتالییەکانیش دانیشتووانی بێت‌شەمەش و دانیشتووانی بێت‌عەناتیان دەرنەکرد، بەڵکو لەنێو کەنعانییەکانی دانیشتووی خاکەکە نیشتەجێ بوون، ئیتر دانیشتووانی بێت‌شەمەش و بێت‌عەنات لەژێر کاری بێگاری بوون بۆیان. ئەمۆرییەکانیش نەوەی دانیان لە ناوچەی شاخاوی گەمارۆ دا، چونکە نەیانهێشت دابەزن بۆ دۆڵەکە. ئەمۆرییەکانیش سوور بوون لەسەر نیشتەجێبوون لە کێوی حەرەس و لە ئەیالۆن و لە شەعەلڤیم، بەڵام کاتێک دەسەڵاتی بنەماڵەی یوسف بەهێز بوو، ئەوانیش بێگارییان پێ کردن. سنووری ئەمۆرییەکانیش لە هەورازی دووپشک لە سەلەعەوە و بەرەو ژوور دەچوو. فریشتەی یەزدان لە بۆخیم ئینجا فریشتەی یەزدان لە گلگالەوە چوو بۆ بۆخیم و فەرمووی: «لە میسرەوە دەرمهێنان و ئێوەم هێنا بۆ ئەو خاکەی سوێندم بۆ باوباپیرانتان خوارد و فەرمووم: ”هەرگیز پەیمانی خۆم لەگەڵتان ناشکێنم. ئێوەش لەگەڵ خەڵکی ئەم خاکە پەیمان مەبەستن و قوربانگاکانیان بڕووخێنن.“ بەڵام گوێڕایەڵی فەرمانم نەبوون، ئایا بۆچی ئەمەتان کرد؟ لەبەر ئەوە ئێستا پێتان دەڵێم: لەبەردەمتان دەریانناکەم، بەڵکو دەبن بە دڕک لە کەلەکەتان و خوداوەندەکانیان دەبن بە تەڵە و داو بۆتان.» کاتێک فریشتەی یەزدان ئەم قسانەی بە هەموو نەوەی ئیسرائیل فەرموو، گەل بە دەنگی بەرز گریان. بۆیە ئەو شوێنەیان ناو نا بۆخیم2‏:5 بۆخیم واتا گرینۆک.‏ و لەوێ قوربانییان بۆ یەزدان سەربڕی. یاخیبوون و بەزین دوای ئەوەی کە یەشوع گەلەکەی ڕەوانە کردبوو، نەوەی ئیسرائیل هەریەکەیان چوونە لای میراتەکەی خۆیان بۆ ئەوەی دەست بەسەر زەوییەکەدا بگرن. گەلیش بە درێژایی سەردەمی یەشوع یەزدانیان دەپەرست، هەروەها بە درێژایی سەردەمی پیران کە لەدوای یەشوع تەمەنیان درێژەی کێشا و هەموو ئەو کارانەیان بینی کە یەزدانی مەزن بۆ ئیسرائیلی ئەنجام دا. یەشوعی کوڕی نونی بەندەی یەزدانیش لە تەمەنی سەد و دە ساڵیدا مرد. لە سنووری میراتەکەی لە تیمنەت حەرەس2‏:9 تیمنەت حەرەس: کە تیمنەت سەرەح. بڕوانە یەشوع 19‏:50 و 24‏:30.‏ لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم لە باکووری کێوی گاعەش ناشتیان. هەموو ئەو نەوەیەش چوونە پاڵ باوکانیان، نەوەیەکی دیکە لەدوای ئەوان هاتن نە یەزدانیان دەناسی و نە ئەو کارانەیان دەناسی کە بۆ ئیسرائیلی کردبوو. ئیتر نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد و بەعلەکانیان پەرست2‏:11 بڕوانە سەرژمێری 25‏:3‏-5.‏. وازیان لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان هێنا، ئەوەی کە لە خاکی میسر دەریهێنان و دوای خوداوەندە جۆراوجۆرەکانی گەلانی دەوروبەریان کەوتن و کڕنۆشیان بۆ بردن، چونکە وازیان لێ هێنا و بەعل و عەشتۆرەتەکانیان پەرست. تووڕەیی یەزدان لە نەوەی ئیسرائیل هاتە جۆش، بۆیە ئەوانی دایە دەست تاڵانکەران تاڵانیان بکەن و ڕادەستی دوژمنەکانی دەوروبەریانی کردن، ئیتر نەیانتوانی بەرامبەر بە دوژمنەکانیان بوەستن. بۆ هەر جەنگێک دەچوون یەزدان دژایەتی دەکردن بۆ بەزاندنیان، هەروەک یەزدان فەرمووی و سوێندی بۆ خواردن.2‏:15 بڕوانە لێڤییەکان 26‏:14‏-17.‏ ئیتر ئەمە زۆر تەنگی پێ هەڵچنین. ئینجا یەزدان ڕابەری بۆ هەڵدەستاندنەوە و لە دەستی تاڵانکەرانیان ڕزگاریان دەکردن. بەڵام نە تەنها گوێیان لە ڕابەرەکانیان نەگرت، بەڵکو لەشفرۆشییان2‏:17 بە واتای لەشفرۆشی جەستەیی و ڕۆحیش دێت. بەو کەسە دەگوترێت کە لاف لێدەدات بەوەفایە بۆ یەزدان، بەڵام لە هەمان کاتدا ستایش و قوربانی بۆ خودایەکی دیکە دەکات. واتا لە بنەڕەتدا کەسەکە بێوەفایە لەگەڵ یەزدان، هەروەک چۆن پیاوێک بێوەفا بێت بەرامبەر بە ژنەکەی.‏ کرد بەوەی دوای خوداوەندانی دیکە کەوتن و کڕنۆشیان بۆ بردن. بە خێرایی لەو ڕێیەی باوکانیان لەسەری دەڕۆیشتن لایاندا و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدان نەبوون. هەر جارێک یەزدان ڕابەری2‏:18 ئەم ڕابەرانە کاری جیاوازیان پێ سپێردراوە و لە هەمان کاتدا دادوەرایەتییان بۆ گەلی ئیسرائیل کردووە. بڕوانە عیبرانییەکان 11‏:32‏-33.‏ بۆ هەستاندبانایەوە، یەزدان لەگەڵ ڕابەرەکە دەبوو، بە درێژایی ژیانی ڕابەرەکە لە دەستی دوژمنانیان ڕزگاری دەکردن، چونکە دڵی یەزدان پێیان سووتا لەبەر ناڵەیان بەهۆی ئەوانەی تەنگیان پێ هەڵچنین و دەیانچەوساندنەوە. بەڵام کاتێک ڕابەرەکە دەمرد دەگەڕانەوە و لە باوکانیان زیاتر کاری قێزەونیان دەکرد، بەوەی دوای خودای دیکە دەکەوتن بۆ ئەوەی بیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ ببەن، وازیان لە نەریتە خراپەکانیان و ڕەفتارە کەللەڕەقەکانیان نەدەهێنا. لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا و فەرمووی: «لەبەر ئەوەی ئەم گەلە لەو پەیمانەی فەرمانم دا بە باوکانیان شکاندیان و گوێیان لە دەنگم نەگرت، ئیتر منیش هیچ کەسێک لەبەردەمیان دەرناکەم، لەو نەتەوانەی کە یەشوع لە کاتی مردنیدا بەجێی هێشتن. بەکاریاندەهێنم بۆ ئەوەی ئیسرائیلیان پێ تاقی بکەمەوە و بزانم ئاخۆ وەک باوکانیان ڕێچکەی یەزدان دەگرنەبەر و پەیڕەوی دەکەن یان نا.» ئیتر یەزدان وازی لەو نەتەوانە هێنابوو و بە خێرایی دەرینەکردبوون و نەیخستنە ژێر دەستی یەشوعەوە. ئەوانە ئەو نەتەوانەن کە یەزدان بەجێی هێشتن، بۆ ئەوەی ئیسرائیلیان پێ تاقی بکاتەوە، هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی کە شارەزاییان نەبوو دەربارەی هیچ کامێک لە جەنگەکانی کەنعان، جا ئەوەی تەنها بۆ فێرکردنی نەوەی ئیسرائیل کرد بۆ جەنگ، ئەوانەی کە پێشتر شارەزاییان لە جەنگ نەبوو، پێنج حوکمڕانەکەی فەلەستییەکان و هەموو کەنعانی و سەیدائی و حیڤییەکانی دانیشتووی زنجیرە چیای لوبنان، لە چیای بەعل‌حەرمۆنەوە هەتا دەروازەی حەمات. ئەمانە بۆ تاقیکردنەوەی ئیسرائیل بوون، بۆ ئەوەی بزانرێت ئاخۆ گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدان دەبن، ئەوانەی لە ڕێگەی موساوە فەرمانی بە باوباپیرانیان دابوو. ئیتر کوڕانی ئیسرائیل لەنێو کەنعانی و حیتی و ئەمۆری و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکاندا نیشتەجێ بوون. کچەکانیان هێنان وەک ژن بۆ خۆیان و کچەکانی خۆشیان دا بە کوڕەکانی ئەوان و خوداوەندەکانی ئەوانیان پەرست. عۆسنیێل جا نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد و یەزدانی پەروەردگاری خۆیان لەبیر چووەوە و بەعلەکان و ئەشێراکانیان پەرست. تووڕەیی یەزدان بەسەر نەوەی ئیسرائیلدا جۆشا، لەبەر ئەوە ڕادەستی کوشەن ڕیشعاتەیمی3‏:8 ڕیشعاتەیم واتا دوو ئەوەندە بەدکار.‏ پاشای میسۆپۆتامیای3‏:8 میسۆپۆتامیا: عیبری (ئارامی دوو ڕووبار) بە واتای وڵاتی ئارام کە دەکەوێتە نێوان دجلە و فورات.‏ کردن. ئیتر نەوەی ئیسرائیل هەشت ساڵ ژێردەستەی کوشەن ڕیشعاتەیم بوون. ئینجا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و یەزدانیش ڕزگارکەرێکی بۆیان هەستاندەوە و ڕزگاری کردن، ئەویش عۆسنیێلی کوڕی قەنەزی برای کالێب ئەوەی لەو بچووکتر بوو. ڕۆحی یەزدان هاتە سەری و ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد. چوو بۆ جەنگ و یەزدانیش کوشەن ڕیشعاتەیمی پاشای ئارامی خستە ژێر دەستیەوە و بەسەر کوشەن ڕیشعاتەیمدا باڵادەست بوو. چل ساڵ خاکەکە لە ئاشتیدا بوو، ئینجا عۆسنیێلی کوڕی قەنەز مرد. ئێهود دیسان نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری، لەبەر ئەوە عەگلۆنی پاشای مۆئابی زاڵ کرد بەسەر ئیسرائیل، چونکە لەبەرچاوی یەزدان بەدکارییان کرد. جا عەگلۆن عەمۆنی و عەمالێقییەکانی لە خۆی کۆکردەوە، چوو و ئیسرائیلی بەزاند، دەستی بەسەر شاری دار خورمادا گرت. ئیتر نەوەی ئیسرائیل هەژدە ساڵ ژێردەستەی عەگلۆنی پاشای مۆئاب بوون. ئینجا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و یەزدانیش ڕزگارکەرێکی بۆیان هەستاندەوە، ئێهودی کوڕی گێرای بنیامینی، پیاوێکی چەپلەر3‏:15 چەپلەر: چۆپان، ئەوەی کار بە دەستی چەپ دەکات.‏ بوو. نەوەی ئیسرائیلیش سەرانەیان بە دەستی ئەودا نارد بۆ عەگلۆنی پاشای مۆئاب. ئێهود شمشێرێکی دوو دەمی بۆ خۆی دروستکرد کە درێژییەکەی باڵێک3‏:16 نزیکی نیو مەتر.‏ بوو، لەژێر جلەکانییەوە لەسەر ڕانی ڕاستی لە خۆی بەست. سەرانەکەی بۆ عەگلۆنی پاشای مۆئاب هێنا، عەگلۆنیش پیاوێکی زۆر قەڵەو بوو. کاتێک ئێهود لە ڕادەستکردنی سەرانەکەی بووەوە، هەڵگرانی سەرانەکەی ڕەوانە کرد. بەڵام ئەو لەلای بتەکانی گلگالەوە گەڕایەوە و گوتی: «ئەی پاشا، پەیامێکی نهێنیم پێیە بۆت.» ئەویش گوتی: «بێدەنگ بن!» ئینجا هەموو ئەوانەی لەلای وەستا بوون چوونە دەرەوە. ئیتر ئێهود هاتە ژوورەوە بۆ لای بۆ ژوورە فێنکەکەی سەرەوە کە لێی دانیشتبوو و بە تەنها هی خۆی بوو، ئێهود گوتی: «پەیامی خودام لەلایە بۆ تۆ.» ئەویش لەسەر کورسییەکە هەستا. ئێهودیش دەستی چەپی درێژکرد و شمشێرەکەی لە ڕانی ڕاستی کردەوە و کردی بە ورگی دا. دەسکەکەشی لەدوای تیخەکە چووە ناوەوە و تیخەکە لە پشتی دەرچوو. ئێهود شمشێرەکەی لە ورگی ڕانەکێشایەوە، پیوەکەی3‏:22 پیوەکە: واتا بەزەکە.‏ هاتەوە سەر شمشێرەکە و پیساییەکەی هاتە دەرەوە. ئینجا ئێهود چووە دەرەوە بۆ هەیوانەکە، دەرگاکانی سەرەوەی بەدوای خۆیدا داخست و کلیلی دان. لەدوای ئەوەی ڕۆیشت، خزمەتکارەکان هاتن و بینییان دەرگاکانی ژوورەکەی سەرەوە داخراوە، بۆیە گوتیان: «بێگومان لە ژوورە فێنکەکە لە ئاودەستە.» ئیتر چاوەڕێیان کرد هەتا نیگەران بوون. کاتێک بینییان دەرگاکانی سەرەوە ناکاتەوە، بۆیە دەستیان دایە کلیلەکە و کردیانەوە، بینییان گەورەکەیان لەسەر زەوی بە مردوویەتی کەوتووە. بەڵام کاتێک ئەوان لە چاوەڕوانی بوون ئێهود دەرباز بوو، بەلای بتەکانیاندا تێپەڕی و دەرباز بوو بۆ سێعیرا. کاتێک هات لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم کەڕەنای لێدا و کوڕانی ئیسرائیل لەگەڵی لە چیاکە هاتنە خوارەوە و ئەو لەپێشیانەوە بوو. پێی گوتن: «دوام بکەون، چونکە یەزدان دوژمنە مۆئابییەکانی ئێوەی خستە ژێر دەستتان.» ئەوانیش بەدوایدا هاتنە خوارەوە و تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردونیان گرت کە دەچووە مۆئاب و نەیانهێشت کەس تێبپەڕێت. لەو کاتەدا لە مۆئاب نزیکەی دە هەزار پیاویان کوشت، لە هەموو پاڵەوانێکی کەڵەگەت، کەس دەرباز نەبوو. مۆئابییەکان لەو ڕۆژەدا ژێردەستەی ئیسرائیل بوون، خاکەکەش هەشتا ساڵ لە ئاشتیدا بوو. شەمگەر لەدوای ئێهود شەمگەری کوڕی عەنات بوو، کە شەش سەد پیاوی لە فەلەستییەکان بە گۆچانی گاوانی کوشت، هەروەها ئەویش ئیسرائیلی ڕزگار کرد. دەڤۆرا لەدوای مردنی ئێهود نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری، یەزدانیش ڕادەستی یاڤینی پاشای کەنعانی کردن، ئەوەی لە حاچۆر فەرمانڕەوا بوو. سیسرا فەرماندەی گشتی سوپاکەی بوو کە لە حەرۆشەت هەگۆیم دەژیا. لەبەر ئەوەی نۆ سەد گالیسکەی ئاسنی هەبوو، بۆ ماوەی بیست ساڵ بە توندی ستەمی لە نەوەی ئیسرائیل دەکرد، هەر بۆیە نەوەی ئیسرائیل هاواریان کرد بۆ یەزدان. دەڤۆرا پێغەمبەرێکی ژن بوو کە لەو کاتەدا ڕابەرایەتی ئیسرائیلی دەکرد و ژنی لەپیدۆت بوو. بۆ دادپرسی لەژێر دار خورمای دەڤۆرا دادەنیشت کە لەنێوان ڕامە و بێت‌ئێل لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بوو، نەوەی ئیسرائیل بۆ دادگەری دەهاتنە لای. ناردی بەدوای باراکی کوڕی ئەبینۆعەم کە لە قەدەشی نەفتالی بوو، پێی گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمانی پێت کردووە و دەفەرموێت: ”بەرەو پێش بڕۆ بۆ کێوی تاڤۆر. دە هەزار پیاو لە نەوەی نەفتالی و زەبولون لەگەڵ خۆت ببە. ئیتر سیسرای فەرماندەی گشتی لەشکری یاڤین و گالیسکە و لەشکرەکەی بەرەو ڕووباری قیشۆن دەبەم و دەیخەمە ژێر دەستتەوە.“» باراکیش پێی گوت: «ئەگەر لەگەڵم بێیت دەچم، بەڵام ئەگەر لەگەڵم نەیێیت ئەوا ناچم.» دەڤۆراش گوتی: «بێگومان لەگەڵت دێم، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو ڕێگایەی کە پێیدا دەڕۆیت، بۆت نابێتە شانازی، چونکە یەزدان سیسرا دەداتە دەستی ژنێک.» ئیتر دەڤۆرا هەستا و لەگەڵ باراک چوو بۆ قەدەش، لەوێ باراک زەبولونی و نەفتالییەکانی بانگکرد. دە هەزار پیاو دوای کەوتن، هەروەها دەڤۆراش لەگەڵی چوو. حەڤەری قێنی خۆی لە قێنییەکان جیا کردبووەوە کە نەوەی حۆڤاڤ بوون، کە حۆڤاڤ ژن برای4‏:11 برای خێزانەکەی یان کوڕی خەزووری.‏ موسا بوو، چادرەکەی لەلای دار بەڕووێکی گەورە لە چەعەنەنیم نزیکی قەدەش هەڵدابوو. ئەوە بوو بە سیسرایان گوت کە باراکی کوڕی ئەبینۆعەم سەرکەوتووە بۆ کێوی تاڤۆر. سیسراش هەموو گالیسکەکانی واتا نۆ سەد گالیسکەی ئاسن و هەموو ئەو پیاوانەی کە لەگەڵیدا بوون لە حەرۆشەت هەگۆیمەوە هەتا ڕووباری قیشۆن کۆکردەوە. دەڤۆرا بە باراکی گوت: «هەستە! ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە تێیدا یەزدان سیسرای خستووەتە ژێر دەستت. ئایا یەزدان پێشت نەکەوتووە؟» ئیتر باراکیش لە کێوی تاڤۆرەوە هاتە خوارەوە و دە هەزار پیاویش بەدوایەوە. یەزدانیش لەبەردەمی باراک بە زەبری شمشێر سەری لە سیسرا و هەموو گالیسکەکان و هەموو لەشکرەکەی شێواند، ئینجا سیسرا لە گالیسکەکە دابەزی و بە پێ هەڵات. باراکیش بەدوای گالیسکەکان و لەشکرەکە کەوت بۆ حەرۆشەت هەگۆیم، هەموو لەشکرەکەی سیسرا بە شمشێر کوژران، کەسیان نەما. بەڵام سیسرا ڕایکرد بۆ چادری یاعێلی ژنی حەڤەری قێنی، چونکە پەیوەندییەکی ئاشتییانە لەنێوان یاڤینی پاشای حاچۆر و ماڵی حەڤەری قێنی هەبوو. یاعێل چووە دەرەوە بۆ پێشوازی سیسرا و پێی گوت: «لابدە گەورەم، لابدە بۆ ئێرە، مەترسە.» ئەویش لایدا بۆ لای چادرەکە و ئیتر بە جاجم دایپۆشی. پێی گوت: «تۆزێک ئاوم بدەرێ، چونکە تینوومە.» ئەویش مەشکەی شیرەکەی کردەوە و پێیدا، ئینجا دایپۆشییەوە. ئیتر پێی گوت: «لەبەردەم چادرەکە بوەستە، ئەگەر یەکێک هات و پرسیاری لێکردیت: ”ئایا ئێرە کەسی لێیە؟“ تۆش بڵێ: ”نەخێر.“» بەڵام یاعێلی ژنی حەڤەر مێخێکی4‏:21 مێخی: سنگی.‏ چادرەکە و چەکوشێکی هەڵگرت، بە شێنەیی بۆ سیسرا چوو، لە کاتێکدا بەهۆی ماندووییەوە لە خەوێکی قووڵدا بوو. یاعێل مێخەکەی کرد بە لاجانیدا4‏:21 لاجان: نێوان گوێ و چاو.‏ و بە زەوییەکەدا چەقاندی و ئەویش یەکسەر مرد. لە کاتێکدا باراک بەدوای سیسرا کەوتبوو، یاعێل چووە دەرەوە بۆ پێشوازیکردنی و پێی گوت: «وەرە با ئەو پیاوەت پیشان بدەم کە تۆ بەدوایدا دەگەڕێیت.» ئەویش هات بۆ لای و بینی سیسرا بە مردوویەتی کەوتووە و مێخی چادرەکە لەناو لاجانییەتی. خوداش لەو ڕۆژەدا یاڤینی پاشای کەنعانی لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا زەلیل کرد. نەوەی ئیسرائیل بەهێزتر و بەهێزتر دەبوون بەسەر یاڤینی پاشای کەنعان، هەتا یاڤینی پاشای کەنعانیان لەناوبرد. سروودی دەڤۆرا ئینجا دەڤۆرا و باراکی کوڕی ئەبینۆعەم لەو ڕۆژەدا دەستیان بە گوتنی سروود کرد: «کاتێک پێشەواکان لە ئیسرائیل ڕابەرایەتی دەکەن، کاتێک گەل خۆیان بەخت دەکەن، ستایشی یەزدان بکەن! «ئەی پاشایان، ببیستن! ئەی فەرمانڕەوایان، گوێ بگرن! من بۆ یەزدان سروود دەڵێم، مۆسیقا بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەژەنم. «ئەی یەزدان، بە هاتنەدەرەوەت لە سێعیر، بە بەرەوپێشچوونت لە خاکی ئەدۆم، زەوی لەرزی، ئاسمانیش دڵۆپەی کرد، هەروەها هەورەکانیش ئاویان لێ باری. چیاکان هەرەسیان هێنا لە ڕووی یەزدانی پەروەردگاری شاخی سینا، لە ڕووی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل. «لە ماوەی ڕابەرایەتی شەمگەری کوڕی عەنات، لە سەردەمی یاعێل ڕێگا سەرەکییەکان وازلێهێنران و ڕێبوارەکان بە ڕێڕەوی خواروخێچدا ڕۆیشتن. گوندەکانی ئیسرائیل چۆڵ بوون، چۆڵ بوون، هەتا من کە دەڤۆرام هەستام، هەتا وەک دایکێک لە ئیسرائیل هەستام. کاتێک شەڕ گەیشتە دەروازەکان، خودا ڕابەرە نوێیەکانی هەڵبژارد، بەڵام هیچ قەڵغانێک یان ڕمێک لەنێو چل هەزار کەس لە ئیسرائیل نەبینرا. دڵم لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیلە، لەگەڵ خۆبەختکەرانی نێو گەل، ستایشی یەزدان بکەن! «ئەی ئەوانەی سواری ماکەری سپی بوون، دانیشتوو لەسەر زینی لباد و ئەوانەی ڕێتان گرتووەتەبەر، گوێ بگرن لە دەنگی گۆرانیبێژان لەلای بیرە ئاوەکان، لەوێ بە کردارە ڕاستودروستەکانی یەزدانیان هەڵدا، کردەوە ڕاستودروستەکانی جەنگاوەرانی ئەو لە ئیسرائیل. «ئینجا گەلی یەزدان بەرەو دەروازەکان ڕۆیشتن. ”هەستە، هەستە، ئەی دەڤۆرا! هەستە، هەستە، سروود بڵێ! هەستە، ئەی باراک! ئەی کوڕی ئەبینۆعەم دیلەکانت بگرە.“ «ئینجا پاشماوەی گەل هاتنە خوارەوە بۆ لای بەگزادەکان، گەلی یەزدان بۆ لام هاتنە خوارەوە، لەگەڵ پاڵەوانەکان. هەندێکیان لە ئەفرایمەوە هاتن، ئەوانەی بارەگایان لەنێو عەمالێقە، لە دواتەوەن، نەوەی بنیامین لەگەڵ گەلەکەت. لە ماکیرەوە سەرکردەکان دابەزین و لە زەبولونەوە ئەوانەی داردەستی پێشەوایان بەدەستەوەیە. سەرۆکەکانی یەساخار لەگەڵ دەڤۆرا هاتن و نەوەی یەساخار لەگەڵ باراک، بەرەو دۆڵەکە بە پەلە بەدوایدا دەڕۆیشتن. لەنێو خێڵەکانی ڕەئوبێن دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەبوو. بۆچی لەنێو پەرژینەکان دانیشتبوون، بۆ گوێگرتن لە دەنگی بلوێرلێدان بۆ مێگەلەکان؟ لەنێو خێڵەکانی ڕەئوبێن دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەبوو. گلعاد لەوبەری ڕووباری ئوردون مایەوە، بۆچی دان لەلای کەشتییەکان چاوەڕێی دەکرد؟ ئاشێریش لەلای کەناری دەریا دانیشت و لە بەندەرەکانی مایەوە. زەبولون گەلێکە گیان لەسەر دەست لەگەڵ نەفتالی لە بەرزاییەکانی گۆڕەپانی جەنگ. «پاشایان هاتن و جەنگان، ئینجا پاشایانی کەنعان جەنگان لە تەعنەک لەلای ئاوی مەگیدۆ، هەندێک زیویشیان دەست نەکەوت. ئەستێرەکان لە ئاسمانەوە جەنگان، لە خولگەکانی خۆیانەوە لە دژی سیسرا جەنگان. ڕووباری قیشۆن ڕایماڵین، ڕووباری قیشۆن، ڕووبارێکی دێرینە. ئەی گیانی من بە ئازایەتییەوە بەرەو پێشەوە بڕۆ! ئینجا سمی ئەسپەکان دەنگەدەنگەیان دەدا، لە غارەغاری ئەسپە بەتاوەکانی. فریشتەی یەزدان فەرمووی: ”نەفرەت لە مێرۆز بکەن، بە توندی نەفرەت لە دانیشتووانی بکەن، چونکە نەهاتن بۆ یارمەتیدانی یەزدان، یارمەتیدانی یەزدان لە دژی پاڵەوانان.“ «بەرەکەتدار بێت لەنێو ئافرەتان، یاعێلی ژنی حەڤەری قێنی، بەرەکەتدار بێت لەناو هەموو ئەو ئافرەتانەی چادرنشینن. داوای ئاوی کرد شیری پێدا، لەناو کاسەی شازادان، دەڵەمەی5‏:25 یان دەرەمە، قۆناغی پێش دروستبوونی پەنیر.‏ بۆ هێنا. دەستی درێژکرد بۆ مێخی چادرەکە و دەستی ڕاستی بۆ چەکوشی کرێکار. لە سیسرای دا و سەری شکاند، کاسە سەری وردوخاش کرد و لاجانی کون کرد. لەبەر پێیەکانی ڕۆچوو، کەوت، ڕاکشا، لەبەر پێیەکانی ڕۆچوو، کەوت، لەکوێ ڕۆچوو، لەوێ کەوت و مرد. «دایکی سیسرا لە پەنجەرەوە تەماشای کرد و لە کڵاوڕۆژنەوە5‏:28 وەک پەنجەرەیە، دەلاقەیەکە بۆ هاتوچۆی هەوا و گێڕانەوەی تیشکی خۆر.‏ دەستی بە شیوەن کرد. ”بۆچی گالیسکەکانی لە هاتن دواکەوتن؟ بۆچی دەنگی ناڵی وڵاخی گالیسکەکانی دواکەوتن؟“ ئینجا داناترین شازادەی وەڵامی دایەوە، بەڵکو خۆی بوو وەڵامی خۆی دایەوە: ”ئایا دەستکەوتێکیان دەست نەکەوتووە و بەشی ناکەن، کیژێک یان دووان بۆ هەر پیاوێک، تاڵانکردنی جلی ڕەنگکراو بۆ سیسرا، جلی ڕەنگکراو و نەخشێنراو، جلی نەخشێنراو لە هەردوو ڕوو بۆ گەردنم، هەمووی وەک تاڵانی؟“ «ئاوا هەموو دوژمنانت لەناودەچن، ئەی یەزدان! بەڵام با ئەوانەی کە تۆیان خۆشدەوێت وەک خۆر بن کاتێک لە بەهێزیدا هەڵدێت.» ئینجا خاکەکە چل ساڵ لە ئاشتیدا بوو. گدعۆن نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد، یەزدانیش حەوت ساڵ ژێر دەستەی میدیانییەکانی کردن. جا دەسەڵاتی مییدیانییەکان بەسەر ئیسرائیلدا زاڵ بوو، لەبەر میدیانییەکان نەوەی ئیسرائیل بۆ خۆیان پەناگایان لەناو کونە شاخ و ئەشکەوت و قەڵای چیاکان دروستکرد. هەر جارێک ئیسرائیلییەکان تۆویان دەچاند میدیانییەکان بۆیان سەردەکەوتن و عەمالێقییەکان و کوڕانی ڕۆژهەڵات دەهاتنە سەریان. لە دژیان چادریان هەڵدەدا و بەروبوومی زەوی و زاریان لەناو دەبرد تاکو دەگەیشتنە غەزە، هیچ شتێکی زیندوویان بۆ نەوەی ئیسرائیل نەدەهێشت6‏:4 هیچ شتێکی زیندوو: بڕوانە دواوتار 28‏:31.‏، نە لە مەڕ و نە لە مانگا و نە لە گوێدرێژ. لەبەر ئەوەی کە سەردەکەوتن بە ئاژەڵی ماڵی و چادرەکانیانەوە دەهاتن و وەک کۆمەڵە کوللە لە زۆریدا، خۆیان و وشترەکانیان بێشومار بوون، دەچوونە ناو خاکەکەوە بۆ ئەوەی وێرانی بکەن. ئیتر ئیسرائیلییەکان بەدەست میدیانییەکانەوە زۆر هەژار بوون و نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد. کاتێک نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد بەهۆی میدیانییەکانەوە، یەزدان پێغەمبەرێکی بۆ نەوەی ئیسرائیل نارد، ئەوەی پێ گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من لە میسرەوە سەرم خستن و لە خاکی کۆیلایەتی دەرمهێنان و لە دەستی میسرییەکان و لە دەستی هەموو ئەوانەی دەیانچەوساندنەوە دەربازم کردن، لەبەردەمتاندا دەرمکردن و خاکەکەیانم پێدان. پێم فەرموون: ”من یەزدانی پەروەردگاری ئێوەم. خوداوەندەکانی ئەمۆرییەکان مەپەرستن، ئەوانەی ئێوە لە خاکیاندا نیشتەجێن،“ بەڵام گوێتان لێ نەگرتم.» ئینجا فریشتەی یەزدان هات و لەژێر دار بەڕووەکەی عۆفرا کە هی یۆئاشی ئەبیعەزەری بوو دانیشت. گدعۆنی کوڕی یۆئاشیش لە گوشەرەکە گەنمی دەکوتا بۆ ئەوەی لە میدیانییەکانی بشارێتەوە. جا فریشتەی یەزدان بۆ گدعۆن دەرکەوت و پێی فەرموو: «ئەی جەنگاوەری بەهێز، یەزدانت لەگەڵە.» گدعۆنیش پێی گوت: «گەورەم لێت دەپرسم، ئەگەر یەزدان لەگەڵماندایە، ئەی بۆچی ئەم هەموو کارەساتەمان بەسەرهات؟ کوا هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی کە باوکانمان پێیان ڕاگەیاندین و گوتیان: ”ئایا یەزدان نەبوو لە میسرەوە دەریهێناین؟“ ئێستاش یەزدان وازی لێ هێناوین و ژێردەستەی میدیانی کردووین.» ئینجا یەزدان ئاوڕی لێدایەوە و گوتی: «بەم توانایەتەوە بڕۆ و ئیسرائیل لە دەستی میدیان ڕزگار بکە. من تۆ دەنێرم.» گدعۆنیش لێی پرسی: «ئای گەورەم! ئیسرائیل بە چی ڕزگار بکەم؟ ئەوەتا خێڵەکەم بێهێزترین خێڵی مەنەشەیە و منیش لە ماڵی باوکم لە هەموویان بچووکترم.» یەزدانیش وەڵامی دایەوە: «من لەگەڵت دەبم و لە هەموو میدیانییەکان دەدەی وەک ئەوەی لە تەنها پیاوێک بدەی.» گدعۆنیش پێی گوت: «ئەگەر جێی ڕەزامەندی تۆم، نیشانەیەکم بدەرێ کە تۆ خۆتی قسەم لەگەڵ دەکەیت. تکایە ئێرە بەجێمەهێڵە هەتا دێمەوە بۆ لات و پێشکەشکراوەکەم دەردەهێنم و لەبەردەمتدا دای دەنێم.» یەزدانیش فەرمووی: «دەمێنمەوە هەتا دەگەڕێیتەوە.» گدعۆنیش چووە ژوورەوە و کارەبزنێکی سەربڕی و ئامادەی کرد لەگەڵ ئێفەیەک ئارد6‏:19 ‏نزیکەی شازدە کیلۆ.‏ کە نانی فەتیرەی لێ دروستکرد. گۆشتەکەی لەناو سەبەتەیەک دانا و گۆشتاوەکەشی6‏:19 گۆشتاو: چەلاو.‏ کردە مەنجەڵێکەوە و بردیە دەرەوە بۆی بۆ ژێر دار بەڕووەکە و پێشکەشی کرد. فریشتەی خوداش پێی فەرموو: «گۆشت و نانە فەتیرەکە ببە و لەسەر ئەو تاتەبەردە دایانبنێ و گۆشتاوەکە بڕێژە.» گدعۆنیش بەم جۆرەی کرد. ئینجا فریشتەکەی یەزدان سەری گۆچانەکەی کە بە دەستیەوە بوو درێژی کرد و لە گۆشت و نانە فەتیرەکەی دا و ئاگرێک لە بەردەکەوە بەرزبووەوە و گۆشت و نانە فەتیرەکەی خوارد. ئینجا فریشتەکەی یەزدان لەبەرچاوی نەما. ئیتر گدعۆن زانی کە فریشتەی یەزدان بوو، بۆیە گوتی: «ئای ئەی یەزدانی باڵادەست! من فریشتەی یەزدانم ڕووبەڕوو بینی.» یەزدانیش پێی فەرموو: «ئاشتی بۆ تۆ، مەترسە، نامریت.» ئیتر گدعۆن لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد و ناوی لێنا «یەزدان ئاشتییە.» هەتا ئەمڕۆ لە عۆفرای ئەبیعەزەرییەکانە. ئینجا لەو شەوەدا یەزدان پێی فەرموو: «دووەمین گای باوکت کە حەوت ساڵانە، بیبە بۆ قوربانگاکەی بەعل کە هی باوکتە، قوربانگاکە تێکبدە و ئەو ستوونە ئەشێرایەی6‏:25 ستوونە ئەشێرا: هێمای خواژنە. بڕوانە یەکەم پاشایان 11‏:5‏.‏ لەتەنیشتییەتی بیبڕەوە. ئینجا قوربانگایەک بۆ یەزدانی پەروەردگارت لەسەر ئەو قەڵا بەرزە بە ڕێکوپێکی دروستبکە و دووەمین گا سەربخە و بیکە قوربانی سووتاندن لەسەر تەختە دارەکانی ئەو ستوونە ئەشێرایەی کە دەیبڕیتەوە.» گدعۆنیش دە پیاوی لە خزمەتکارەکانی برد و ئەوەی کرد کە یەزدان پێی گوت. لەبەر ئەوەی لە ماڵی باوکی و خەڵکی شارۆچکەکە دەترسا ئەو کارە بە ڕۆژ ئەنجام بدات، بۆیە بە شەو کردی. بۆ سبەینێ خەڵکی شارۆچکەکە هەستان و بینییان قوربانگاکەی بەعل ڕووخێنراوە و ستوونە ئەشێراکەی تەنیشتی بڕاوەتەوە، دووەمین گا کراوە بە قوربانی لەسەر قوربانگاکەی کە تازە دروستکرابوو. ئیتر بە یەکتریان دەگوت: «کێ ئەمەی کردووە؟» دوای پرسیارکردن و گەڕان، گوتیان «گدعۆنی کوڕی یۆئاش ئەمەی کردووە.» جا خەڵکی شارۆچکەکە بە یۆئاشیان گوت: «کوڕەکەت بهێنە دەرەوە، دەبێت بکوژرێت، چونکە قوربانگاکەی بەعلی ڕووخاندووە و ستوونە ئەشێراکەی تەنیشتی بڕیوەتەوە.» بەڵام یۆئاش بە هەموو ئەوانەی گوت کە لێی هەستابوون: «ئایا ئێوە داکۆکی لە بەعل دەکەن، یان ڕزگاری دەکەن؟ ئەوەی داکۆکی لە بەعل بکات لەم بەیانییەدا دەکوژرێت! ئەگەر بەڕاستی خودایە با خۆی داکۆکی لە خۆی بکات، چونکە قوربانگاکەی ڕووخێنراوە.» ئیتر لەو ڕۆژەدا گدعۆنیان ناو نا یەروبەعل6‏:32 یەروبەعل بە واتای (با بەعل بجەنگێت) دێت.‏ و گوتیان: «با بەعل لە دژی شەڕ بکات،» چونکە قوربانگاکەی ڕووخاندووە. ئینجا هەموو میدیانییەکان و عەمالێقییەکان و کوڕانی ڕۆژهەڵات پێکەوە کۆبوونەوە و لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و لە دۆڵی یەزرەعیل چادریان هەڵدا. ڕۆحی یەزدان هاتە سەر گدعۆن و کەڕەنای لێدا و ئەبیعەزەرییەکان شوێنی کەوتن. ئینجا نێردراوی نارد بۆ هەموو مەنەشە و ئەوانیش بە دەنگییەوە هاتن، هەروەها نێردراوی نارد بۆ ئاشێر و زەبولون و نەفتالی، ئەوانیش سەرکەوتن بۆ ئەوەی پێیان بگەن. ئینجا گدعۆن بە خودای گوت: «ئەگەر بە دەستی من ئیسرائیل ڕزگار دەکەیت وەک فەرمووت، ئەوەتا من کەوڵی مەڕ لەسەر جۆخینەکە6‏:37 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.‏ دادەنێم، جا ئەگەر تەنها کەوڵەکە شەونمی لەسەر بوو و زەوی هەمووی وشک بوو، ئەوا دەزانم کە تۆ بە دەستی من ئیسرائیل ڕزگار دەکەیت وەک گوتت.» ئیتر ئاوا بوو. بەیانی گدعۆن زوو هەستا و کەوڵەکەی گوشی و پڕ تەشتێک شەونمی لە کەوڵەکە گوشی. ئینجا گدعۆن بە خودای گوت: «لێم تووڕە مەبە هەر ئەم جارە داوا دەکەم. تەنها ئەم جارە بە کەوڵەکە تاقی دەکەمەوە. با بەس کەوڵەکە وشک بێت و لەسەر هەموو زەوی شەونمی لێ بێت.» خوداش لەو شەوەدا بەم جۆرەی کرد. بە تەنها کەوڵەکە وشک بوو و لەسەر هەموو زەوییەکە شەونم هەبوو. بەزاندنی میدیانییەکان ئیتر یەروبەعل، واتا گدعۆن، هەروەها هەموو ئەو پیاوانەی کە لەگەڵیدا بوون بەیانی زوو هەستان و لەتەنیشت کانی حەرۆد چادریان هەڵدا. ئۆردوگای میدیانییەکانیش لە باکووریانەوە بوون لەلای گردی مۆرە لە دۆڵەکە. ئینجا خودا بە گدعۆنی فەرموو: «ئەو پیاوانەی کە لەگەڵتدان بەلای منەوە زۆرن بۆ ئەوەی میدیانییەکان بدەمە دەستیان، نەوەک ئیسرائیل شانازی لەسەر من بکات و بڵێت: ”هێزی خۆم ڕزگاری کردم.“ ئێستاش بانگەواز بۆ پیاوەکان بکە: ”ئەوەی دەترسێت و تۆقیوە با بگەڕێتەوە و کێوی گلعاد بەجێبهێڵێت.“» ئیتر بیست و دوو هەزار کەس لە پیاوەکان گەڕانەوە و دە هەزار کەس مانەوە. ئینجا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «هێشتا پیاوەکان زۆرن. بیانبەرە خوارەوە بۆ سەر ئاوەکە بۆ ئەوەی لەوێ لە بێژنگیان بدەم بۆت. ئیتر ئەوەی کە پێت بڵێم: ”ئەمە لەگەڵت دێت“ ئەوە لەگەڵت دێت، بەڵام بۆ هەر یەکێکیش پێت بڵێم: ”ئەمە لەگەڵت نایەت،“ ئەوا نایەت.» گدعۆنیش پیاوەکانی بردە خوارەوە بۆ سەر ئاوەکە. ئینجا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «هەرکەسێک لەسەر لەپی دەستی بە زمان7‏:5 شێوازی ئاو خواردنەوە لە ڕێگەی لەپی دەستەوە و نزیکبوونەوەی لەپی دەست لە دەم.‏ لە ئاوەکەی خواردەوە وەک چۆن سەگ ئاو دەخواتەوە جیای بکەرەوە، هەروەها هەرکەسێک بۆ ئاو خواردنەوە بەسەر چۆکدا بکەوێت جیای بکەرەوە.» ئیتر ژمارەی ئەوانەی لە ڕێگەی لەپی دەستەوە بە زمان ئاویان خواردەوە سێ سەد پیاو بوون، پیاوەکانی دیکەش هەموویان لەسەر چۆکیان کەوتن بۆ ئاو خواردنەوە. ئینجا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «بەو سێ سەد پیاوەی لە ڕێگەی لەپی دەستەوە بە زمان ئاویان خواردەوە ڕزگارتان دەکەم و میدیانییەکان دەخەمە ژێر دەستتەوە، پیاوەکانی دیکە با هەرکەسە و بچێتەوە بۆ شوێنی خۆی.» ئیتر گدعۆن هەموو پیاوەکانی دیکەی ئیسرائیلی ناردەوە، هەریەکە و بۆ ماڵەکەی خۆی، بەڵام سێ سەد پیاوەکەی هێشتەوە. ئەوانیش ئازووقە و کەڕەناکانی ئەوانی دیکەیان لەگەڵ خۆیاندا برد. ئۆردوگای میدیانییەکانیش لە دۆڵەکە لە ژێرییەوە بوو. ئینجا لەو شەوەدا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «هەستە و هێرش بکە سەر ئۆردوگاکە، چونکە خستوومەتە ژێر دەستتەوە. ئەگەر لە هێرشبردن دەترسیت، ئەوا خۆت و پورای خزمەتکارت بچنە خوارەوە بۆ ئۆردوگاکە، گوێت لە قسەکانیان دەبێت و ورەت بەرزدەبێتەوە و هێرش دەبەیتەسەر ئۆردوگاکە.» ئیتر خۆی و پورای خزمەتکاری بەرەو خوار چوون تاکو لە ڕیزەکانی دواوەی چەکدارەکانی ئۆردوگاکە نزیک بوونەوە. میدیانی و عەمالێقییەکان و هەموو کوڕانی ڕۆژهەڵات لە زۆریدا وەک کوللە وابوون و لە دۆڵەکە بوون، وشترەکانیشیان بێشومار بوون لە زۆریدا وەک ئەو لمەی لەسەر کەناری دەریادایە. ئینجا گدعۆن هات و بینی پیاوێک خەونێک بۆ هاوڕێکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: «بەڕاستی خەونێکم بینیوە، لە خەونەکە کولێرەیەکی جۆ گلۆربووەوە بۆ ئۆردوگای میدیانییەکان و هاتە چادرەکە و لێیدا، ئیتر کەوت و سەرەوژێری کرد، چادرەکەی تەخت کرد.» هاوڕێکەشی وەڵامی دایەوە: «ئەوە لە شمشێرەکەی گدعۆنی کوڕی یۆئاشی پیاوی ئیسرائیل زیاتر بەولاوە هیچی دیکە نییە. خودا میدیانییەکان و هەموو سوپاکەی خستووەتە ژێر دەستیەوە.» ئیتر کاتێک گدعۆن گوێی لە هەواڵی خەونەکە و لێکدانەوەکەی بوو، کڕنۆشی بۆ خودا برد. پاشان گەڕایەوە ئۆردوگاکەی ئیسرائیل و گوتی: «هەستن، چونکە خودا سوپای میدیانییەکانی خستووەتە ژێر دەستتانەوە.» ئینجا سێ سەد پیاوەکەی دابەش کرد بۆ سێ تیپ و کەڕەنای دایە دەستی هەموویان لەگەڵ گۆزەی بەتاڵ و چرای خستە ناو گۆزەکانەوە. پێی گوتن: «سەیری من بکەن و وەک من بکەن، ئەوەتا من دەچمە نزیک ئۆردوگاکە، ئیتر من چی دەکەم ئێوەش وا بکەن. ئینجا من و هەموو ئەوانەی لەگەڵمدان کە کەڕەنامان لێدا، ئێوەش بە دەوری هەموو ئۆردوگاکەدا کەڕەنا لێ بدەن و بڵێن: ”بۆ یەزدان و بۆ گدعۆن!“» ئیتر گدعۆن و سەد پیاوەکەی کە لەگەڵیدا بوون لە سەرەتای نیوە شەودا هاتن بۆ کەناری ئۆردوگاکە و لەو کاتەدا پاسەوانەکانیان گۆڕی بوو، ئینجا کەڕەنایان لێدا و ئەو گۆزانەی لە دەستیان بوو شکاندیانن. سێ تیپەکە کەڕەنایان لێدا و گۆزەکانیان شکاند و چراکانیان بە دەستی چەپیانەوە گرت و کەڕەناکانیان بە دەستی ڕاست بۆ ئەوەی لێی بدەن، هاواریان کرد: «شمشێرێک بۆ یەزدان و بۆ گدعۆن!» ئیتر هەریەکە و لە شوێنی خۆیان بە دەوری ئۆردوگاکەدا ڕاوەستان. ئینجا هەموو میدیانییەکان ڕایانکرد و هاواریان کرد و هەڵاتن. کاتێک سێ سەد کەسەکە کەڕەنایان لێدا، یەزدان کارێکی کرد لە پیاوانی سەراپای ئۆردوگاکە کە هەریەکە بە شمشێرەکەی لە هاوڕێکەی خۆی بدات، ئیتر سوپاکە هەڵات بۆ بێت‌شیتا بەرەو چەرێرا هەتا دەگاتە سنووری ئابێل مەحۆلا نزیک تەبات. ئیتر پیاوانی ئیسرائیل لە هۆزەکانی نەفتالی و ئاشێر و هەموو مەنەشە بانگ کران و بەدوای میدیانییەکان کەوتن. ئینجا گدعۆن نێردراوی نارد بۆ هەموو ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و گوتی: «دابەزن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی میدیانییەکان و سەرچاوەی ئاوەکانیان لێ بستێنن هەتا دەگاتە بێت‌بارا و ڕووباری ئوردون.» ئیتر هەموو پیاوانی ئەفرایم کۆبوونەوە و سەرچاوەی ئاوەکانیان لێسەندن هەتا دەگاتە بێت‌بارا و ڕووباری ئوردون. دوو سەرکردەی میدیانییەکانیشیان گرت، عۆرێڤ و زئێڤ. عۆرێڤیان لەسەر تاشەبەردی عۆرێڤ کوشت، بەڵام زئێڤیان لەناو گوشەری زئێڤدا کوشت. هەروەها دوای میدیانییەکان کەوتن و کەللەسەری عۆرێڤ و زئێڤیان لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە هێنا بۆ گدعۆن. زەڤەح و زەلموناعی پاشایانی میدیان ئینجا پیاوانی ئەفرایم بە گدعۆنیان گوت: «ئەو کارە چی بوو بە ئێمەت کرد، بۆچی کە چوویت بۆ شەڕکردن لەگەڵ میدیانییەکان ئێمەت بانگ نەکرد؟» هەروەها ڕەخنەی توندیان لێ گرت. ئەویش وەڵامی دانەوە: «ئەوەی من کردوومە چییە لەچاو ئەوەی ئێوە کردووتانە؟ ئایا چنینەوەی8‏:2 کۆکردنەوەی پاشماوەی ڕنراوەکان.‏ ترێی ئەفرایم لە ترێ ڕنینەوەی ئەبیعەزەر باشتر نییە؟ خودا عۆرێڤ و زئێڤی هەردوو سەرکردەی میدیانییەکانی خستە ژێر دەستتانەوە. من توانیومە چی بکەم لەچاو ئێوەدا؟» جا لەو کاتەدا کە ئەم قسەیەی کرد، تووڕەییان بەرامبەری خاو بووەوە. ئینجا گدعۆن هات بۆ ڕووباری ئوردون و خۆی و سێ سەد پیاوەکەی کە لەگەڵیدا بوون پەڕینەوە، ماندوو بوون بەڵام بەردەوام بوون لە ڕاونانیان. گدعۆن بە خەڵکی سوکۆتی گوت: «نان بدەن بەو جەنگاوەرانەی لەگەڵمدان، چونکە ماندوون و من بەردەوام بەدوای زەڤەح و زەلموناعی هەردوو پاشای میدیان کەوتووم.» بەڵام کاربەدەستەکانی سوکۆت گوتیان: «ئایا ئێستا دەستی زەڤەح و زەلموناع لە دەستتە تاوەکو نان بدەینە سەربازەکانت؟» گدعۆنیش گوتی: «بۆیە کاتێک یەزدان زەڤەح و زەلموناع دەخاتە ژێر دەستم، لەشتان بە دڕکوداڵی دەشتودەر زامدار دەکەم.» لەوێشەوە سەرکەوت بۆ پەنیێل و هەمان داواکاری لێکردن. خەڵکی پەنیێلیش وەکو خەڵکی سوکۆت وەڵامیان دایەوە. هەروەها بە خەڵکی پەنیێلی گوت: «کاتێک بە سەرکەوتوویی دەگەڕێمەوە ئەم قوللەیە دەڕووخێنم.» زەڤەح و زەلموناعیش لە قەرقۆر بوون و سوپاکانیان لەگەڵیان بوون، کە نزیکەی پازدە هەزار بوون، هەموو ئەوانەی مابوونەوە لە هەموو سوپاکەی کوڕانی ڕۆژهەڵات بوون، ئەوانەش کە کەوتن سەد و بیست هەزار پیاوی شمشێر بەدەست بوون. ئیتر گدعۆن لە ڕێگای چادرنشینەکانەوە سەرکەوت، لە ڕۆژهەڵاتی نۆڤەح و یۆگبەهایەوە و لە سوپاکەی دا و سوپاکەش لەو کاتەدا ئاگادار نەبوون. جا زەڤەح و زەلموناع هەڵاتن و ئەویش دوایان کەوت و هەردوو پاشای میدیان زەڤەح و زەلموناعی گرت و هەموو سوپاکەی تەفروتونا کرد. ئینجا گدعۆنی کوڕی یۆئاش بەلای ڕێگای هەورازی حەرەس لە جەنگ گەڕایەوە. گەنجێکی لە خەڵکی سوکۆت گرت و پرسیاری لێکرد، ئەویش ناوی کاربەدەستەکانی سوکۆت و پیرەکانی بۆ نووسی کە حەفتا و حەوت پیاو بوون. ئینجا گدعۆن هات بۆ لای خەڵکی سوکۆت و گوتی: «ئەوەتا زەڤەح و زەلموناع کە گاڵتەتان پێکردم و گوتتان: ”ئایا دەستی زەڤەح و زەلموناع ئێستا بە دەستتەوەیە هەتا نان بدەینە پیاوە ماندووەکانت؟“» جا پیرەکانی شارۆچکەکەی برد و بە دڕکوداڵی دەشتودەر سزای دان و کردنی بە پەند بۆ خەڵکی سوکۆت. هەروەها قوللەی پەنیێلی ڕووخاند و پیاوەکانی شارۆچکەکەی کوشت. بە زەڤەح و زەلموناعی گوت: «ئەو پیاوانەی کە لە تاڤۆر کوشتتان چۆن بوون؟» ئەوانیش گوتیان: «لە تۆ دەچوون، هەریەکەیان وەک شازادەیەک بوو.» گدعۆنیش گوتی: «ئەوان برای منن و کوڕی دایکمن. بە یەزدانی زیندوو، ئەگەر ئێوە بە زیندوویی بتانهێشبوونایەوە نەمدەکوشتن!» ئینجا بە یەتەری نۆبەرەی کوڕی گوت: «هەستە بیانکوژە!» بەڵام یەتەر شمشێرەکەی ڕانەکێشا، چونکە ترسا، لەبەر ئەوەی هێشتا مێردمنداڵ بوو. زەڤەح و زەلموناعیش گوتیان: «تۆ هەستە و بمانکوژە، چونکە ”پیاو چۆن بێت هێزیشی وایە.“» گدعۆنیش هەستا و زەڤەح و زەلموناعی کوشت و ئەو هیزارەی8‏:21 هیزار: ئەو ملوانکە و جوانکاریانەیە بە گەردنی ئاژەڵەوە هەڵدەواسرێت، بریتی بووە لە ملوانکە و زەنگوڵی شێوە مانگی کراوە.‏ بە ملی وشترەکانیانەوە بوو بردی. ئێفۆدی گدعۆن ئیتر پیاوانی ئیسرائیل بە گدعۆنیان گوت: «فەرمانڕەوایەتیمان بکە، خۆت و کوڕەکەت و کوڕی کوڕەکەشت، چونکە ڕزگارت کردین لە دەستی میدیان.» بەڵام گدعۆن پێی گوتن: «من فەرمانڕەوایەتیتان ناکەم و کوڕەکەشم فەرمانڕەوایەتیتان ناکات. یەزدان فەرمانڕەوایەتیتان دەکات.» ئینجا گدعۆن پێی گوتن: «داوای شتێکتان لێ دەکەم، هەریەکەتان ئەو گوارانەی دەستیکەوتووە بمداتێ.» بەگوێرەی نەریتی ئیسماعیلییەکان، گوارەی زێڕیان لە گوێ کردبوو. ئەوانیش گوتیان: «بە خۆشحاڵییەوە.» ئینجا جبەیەکیان ڕاخست و هەریەکە و ئەو گوارانەی دەستی کەوتبوو فڕێیدایە سەری. کێشی ئەو گوارە زێڕانەی کە داوای کرد هەزار و حەوت سەد شاقل8‏:26 هەزار و حەوت سەد شاقل: نزیکەی 19,5 کیلۆگرام.‏ بوو، ئەمە بێجگە لە هیزارەکان کە لەسەر شێوەی مانگی نوێ بوون، هەروەها بازن و جبە و عەبای ئەرخەوانی کە لەبەر پاشایانی میدیان بوو، هەروەها بێجگە لەو ملوانکانەی کە لە ملی وشترەکانیان بوو. جا گدعۆن ئێفۆدێکی لێ دروستکردن و لە عۆفرا داینا کە شارۆچکەکەی خۆی بوو. هەموو ئیسرائیلیش بەدوایەوە لەوێ لەشفرۆشییان کرد، ئیتر ئەوە تەڵەیەک بوو بۆ گدعۆن و ماڵەکەی. مردنی گدعۆن میدیانیش لەبەردەم کوڕانی ئیسرائیلدا زەلیل بوون و ئیتر سەریان بەرز نەکردەوە. خاکەکەش لە سەردەمی گدعۆندا چل ساڵ لە ئاشتیدا بوو. جا یەروبەعلی8‏:29 یەروبەعل: مەبەست لە گدعۆن، لێرە و لە ئایەتی 35.‏ کوڕی یۆئاش ڕۆیشت و لە ماڵی خۆی دانیشت. گدعۆن حەفتا کوڕی لە پشتی خۆی هەبوو، چونکە ژنی زۆربوو. هەروەها کەنیزەکەشی کە لە شەخەم بوو، ئەویش کوڕێکی بۆی بوو، ناوی لێنا ئەبیمەلەخ. ئینجا گدعۆنی کوڕی یۆئاش لە تەمەنێکی باشی پیریدا مرد و لە گۆڕی یۆئاشی باوکی لە عۆفرای ئەبیعەزەرییەکاندا نێژرا. هەر لەدوای مردنی گدعۆن نەوەی ئیسرائیل دیسان بەدوای بەعلەکانەوە لەشفرۆشییان کرد و بەعل‌بەریتیان8‏:33 واتا خوداوەندی پەیمان یان مێردی پەیمان.‏ بە خودای خۆیان دانا. نەوەی ئیسرائیل یەزدانی پەروەردگاری خۆیان بیر نەکەوتەوە، ئەوەی دەربازی کردن لە دەستی هەموو دوژمنەکانی دەوروبەریان. هەروەها لەگەڵ ماڵی یەروبەعل، واتا گدعۆن، دڵسۆز نەبوون بەرامبەر بە هەموو ئەو چاکانەی کە لەگەڵ ئیسرائیل کردی. ئەبیمەلەخ ئینجا ئەبیمەلەخی کوڕی یەروبەعل چوو بۆ شەخەم بۆ لای خاڵەکانی، بە هەموو هۆزی دایکی گوت: «بە هەموو خەڵکی شەخەم بڵێن: ”کامیان باشترە بۆ ئێوە، ئایا حەفتا کوڕەکەی یەروبەعل فەرمانڕەوایەتیتان بکەن، یان یەک پیاو فەرمانڕەوایەتیتان بکات؟“ ئەوەشتان لەبیر بێت کە من لە گۆشت و خوێنی خۆتانم.» ئیتر خاڵەکانی هەموو ئەم قسانەیان بە هەموو خەڵکی شەخەم گوت. ئەوانیش ئەبیمەلەخیان بەدڵ بوو، چونکە گوتیان «ئەو برامانە.» ئینجا حەفتا شاقل زیویان9‏:4 نزیکەی 0,8 کیلۆگرام.‏ پێیدا لە پەرستگای بەعل‌بەریت، ئەبیمەلەخیش بەو پارەیە پیاوی یاخی و چاونەترسی بەکرێ گرت و ئەوانیش دوای کەوتن. ئینجا هات بۆ ماڵی باوکی لە عۆفرا و هەموو براکانی خۆی کوشت کە کوڕەکانی یەروبەعل بوون، حەفتا برا لەسەر یەک بەرد. تەنها یۆتامی کوڕی یەروبەعل کە لە هەمووان بچووکتر بوو مایەوە، چونکە خۆی شاردەوە. ئیتر شارنشینەکانی شەخەم و هەموو بێت‌میلۆ کۆبوونەوە، چوون و لەلای دار بەڕووەکەی لای ستوونەکەی شەخەم ئەبیمەلەخیان کردە پاشا. ئینجا هەواڵی ئەمەیان دا بە یۆتام، ئەویش چوو لەسەر لووتکەی کێوی گەریزیم و وەستا، هاواری لێکردن و پێیانی گوت: «گوێم لێ بگرن ئەی خەڵکی شەخەم، بۆ ئەوەی خودا گوێتان لێ بگرێت. جارێکیان درەختەکان چوون پاشایەک دەستنیشان بکەن لەسەر خۆیان. جا بە دار زەیتوونیان گوت: ”پاشایەتیمان بکە.“ «دار زەیتوونیش وەڵامی دانەوە: ”ئایا واز لە زەیتەکەم بهێنم، ئەوەی پێی ڕێز لە خوداوەندەکان و خەڵک دەگرن، بچم فەرمانڕەوایەتی درەختەکان بکەم؟“ «ئینجا درەختەکان بە دار هەنجیریان گوت: ”وەرە تۆ پاشایەتیمان بکە.“ «دار هەنجیریش وەڵامی دانەوە: ”ئایا واز لە شیرینییەکەم و بەرە خۆشەکەم بهێنم، بچم فەرمانڕەوایەتی درەختەکان بکەم؟“ «ئیتر درەختەکان بە دار مێویان گوت: ”تۆ وەرە پاشایەتیمان بکە.“ «دار مێویش وەڵامی دانەوە: ”ئایا واز لە شەرابەکەم بهێنم، ئەوەی دڵی خوداوەندەکان و خەڵک خۆش دەکات، بچم فەرمانڕەوایەتی درەختەکان بکەم؟“ «ئینجا هەموو درەختەکان بە دڕکوداڵیان گوت: ”تۆ وەرە پاشایەتیمان بکە.“ «دڕکوداڵیش بە درەختەکانی گوت: ”ئەگەر ئێوە بەڕاستی دەتانەوێت بە پاشای خۆتان دەستنیشانم بکەن، وەرن لەژێر سێبەرەکەمدا خۆتان پەنا بدەن. بەڵام ئەگەر وا نەبوو ئاگرێک لە دڕکەکەوە دێتە دەرەوە و دارەکانی ئورزی لوبنان دەخوات!“ «ئایا ئێوە بە دەستپاکی و بە ڕاستی کارتان کردووە کە ئەبیمەلەختان کردووە بە پاشا؟ ئایا چاکەتان لەگەڵ یەروبەعل و لەگەڵ ماڵەکەی کردووە؟ ئایا بەگوێرەی شایستەیی خۆی پاداشتتان داوەتەوە؟ باوکم بۆ ئێوە جەنگا و خۆی خستە مەترسییەوە و لە چنگی میدیان دەربازی کردن. ئێوەش ئەمڕۆ بەگژ ماڵی باوکمدا چوون و کوڕەکانی ئەوتان کوشت، حەفتا پیاو لەسەر یەک بەرد و ئەبیمەلەخی کوڕی ژنە خزمەتکارەکەی ئەوتان کردە پاشای خەڵکی شەخەم، چونکە براتانە! جا ئەگەر بە دەستپاکی و بە ڕاستیتان کردبێت لەگەڵ یەروبەعل و لەگەڵ ماڵەکەی لەم ڕۆژەدا، ئەوا دڵتان خۆش بکەن بە ئەبیمەلەخ و با ئەویش دڵی پێتان خۆش بێت. بەڵام ئەگەر واتان نەکردبوو، ئەوا ئاگرێک لە ئەبیمەلەخەوە دێتە دەرەوە و شارنشینەکانی شەخەم و بێت‌میلۆ دەخوات، ئاگرێکیش لە شارنشینەکانی شەخەم و لە بێت‌میلۆ دێتە دەرەوە و ئەبیمەلەخ دەخوات!» ئینجا یۆتام ڕایکرد و هەڵات، لە ترسی ئەبیمەلەخی برای چوو بۆ بئێر و لەوێ ژیا. ئیتر ئەبیمەلەخ سێ ساڵ فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیلی کرد. ئینجا خودا ڕۆحێکی بەدکاری نارد بۆ نێوان ئەبیمەلەخ و شارنشینەکانی شەخەم، ئیتر شارنشینەکانی شەخەم ناپاکییان لە ئەبیمەلەخ کرد. خودا ئەمەی کرد هەتا ئەو تاوانەی لە حەفتا کوڕەکەی یەروبەعل کرا، خوێنڕشتنیان لە ئەستۆی ئەبیمەلەخی برایان بێت کە کوشتنی، هەروەها بەسەر شارنشینەکانی شەخەم، ئەوانەی هانیان دا بۆ کوشتنی براکانی. جا شارنشینەکانی شەخەم بۆسەیان لەسەر لووتکەی چیاکان لە دژی دانا و هەر یەکێک لەسەر ڕێگاکە بەلایاندا تێدەپەڕی ڕووتیان دەکردەوە. ئیتر هەواڵ گەیشت بە ئەبیمەلەخ. ئەوە بوو گەعەلی کوڕی عەبەد و براکانی هاتن و پەڕینەوە بۆ شەخەم، خەڵکی شەخەم متمانەیان پێکرد. چوونە دەرەوە بۆ سەر کێڵگەکانیان و ترێیەکانیان کۆکردەوە و بە پێیەکانیان گوشییان. لەدوای ئەوە چوونە پەرستگای خوداوەندەکەیان و ئاهەنگیان گێڕا. کاتێک خواردیان و خواردیانەوە، نەفرەتیان لە ئەبیمەلەخ کرد. ئینجا گەعەلی کوڕی عەبەد گوتی: «ئەبیمەلەخ کێیە و شەخەم کێیە هەتا ئێمە خزمەتی بکەین؟ ئایا ئەو کوڕی یەروبەعل نییە و زەڤول بریکاری نییە؟ ئیتر بۆچی ئێمە خزمەتی بکەین؟ خزمەتی پیاوەکانی حەمۆری باوکی شەخەم بکەن. خۆزگە ئەم گەلە لەژێر دەستی مندا دەبوون، ئەو کاتە ئەبیمەلەخم لا دەدا، پێم دەگوت: ”هەموو سوپاکەت ئامادە بکە و وەرە دەرەوە!“» کاتێک زەڤولی فەرمانڕەوای شار قسەکەی گەعەلی کوڕی عەبەدی بیست، زۆر تووڕە بوو و بە نهێنی پەیامنێری بۆ لای ئەبیمەلەخ نارد و گوتی: «وا گەعەلی کوڕی عەبەد و براکانی هاتن بۆ شەخەم و شارەکە لە دژی تۆ دەوروژێنن. ئێستا بە شەو خۆت و ئەو دارودەستانەی لەگەڵتدایە هەستن و لە کێڵگە بۆسە دابنێن. بەیانی کاتی خۆر هەڵاتن زوو هەستە و هێرش بەرە سەر شارەکە، ئینجا کاتێک گەعەل و ئەو دارودەستانەی کە لەگەڵیدان دێنە دەرەوە بۆت، تۆش ئەوەی لە دەستت دێ بیکە.» ئیتر ئەبیمەلەخ و هەموو دارودەستەکانی کە لەگەڵیدا بوون بە شەو هەستان و بوون بە چوار بەش و بۆسەیان دانا بۆ شەخەم. گەعەلی کوڕی عەبەدیش چووبووە دەرەوە و لەناو دەروازەی شارەکەدا ڕاوەستابوو. لەو کاتەدا ئەبیمەلەخ و دارودەستەکانی کە لەگەڵیدا بوون لە بۆسەکە هاتنە دەرەوە. کاتێک گەعەل خەڵکەکەی بینی، بە زەڤولی گوت: «ئا ئەوە خەڵکن لە لووتکەی چیاکانەوە دێنە خوارەوە!» زەڤولیش پێی گوت: «ئەوە تۆ سێبەری چیاکان دەبینیت وا دەزانیت خەڵکە.» بەڵام گەعەل دیسان گوتی: «ئا ئەوە خەڵکن لە بەرزایی زەوییەکەوە دێنە خوارەوە و یەک تیپیش وا لە ڕێی دار بەڕووەکەی بەخت خوێنەرەکانەوە دێت.» زەڤولیش پێی گوت: «ئێستا ئەو دەمەت لەکوێیە کە پێی دوایت: ”ئەبیمەلەخ کێیە هەتا ئێمە خزمەتی بکەین؟“ ئایا ئەوە ئەو خەڵکە نین کە گاڵتەت پێیان کرد؟ دە ئێستا بڕۆ دەرەوە و لەگەڵیاندا بجەنگێ!» گەعەلیش لەبەردەم خەڵکی شەخەمدا چووە دەرەوە و لەگەڵ ئەبیمەلەخ جەنگا. ئەبیمەلەخیش بەزاندی، ئیتر لە دەستی هەڵات و بریندارێکی زۆر بە درێژایی ڕێگاکە هەتا بەردەم دەروازەکە کەوتن. ئینجا ئەبیمەلەخ لە شاری ئەروما دانیشت و زەڤولیش گەعەل و براکانی دەرکرد و نەیهێشت لە شەخەمدا بژین. ئینجا بۆ بەیانییەکەی خەڵکی شەخەم چوونە دەرەوە بۆ کێڵگە و هەواڵ درا بە ئەبیمەلەخ. ئەویش دارودەستەکانی برد و کردنی بە سێ بەشەوە و لە کێڵگەدا بۆسەی دانا، بینی وا خەڵکەکە لە شار دێنە دەرەوە، ئەویش بۆیان هەستا و لێیدان. ئەبیمەلەخ و ئەو بەشەی لەگەڵیدا بوون هەڵمەتیان برد و لەناو دەروازەی شارەکەدا ڕاوەستان، بەڵام دوو بەشەکەی دیکە هێرشیان بردە سەر هەموو ئەوانەی کە لە کێڵگەدا بوون و لێیان دان. ئەبیمەلەخیش بە درێژایی ڕۆژ چوو بەگژ شارەکەدا و شارەکەی گرت، ئەو خەڵکەی تێیدا بوو کوشتنی، شارەکەی وێران کرد و خاکەکەی بە خوێ داپۆشی. ئینجا هەموو خەڵکی قوللەی شەخەم ئەمەیان بیست، بۆیە چوونە ناو قەڵای پەرستگای ئێل بەریت. ئیتر هەواڵیان دا بە ئەبیمەلەخ کە هەموو خەڵکی قوللەی شەخەم کۆبوونەتەوە. ئەبیمەلەخ خۆی و هەموو خەڵکەکەی کە لەگەڵی بوون سەرکەوتن بۆ کێوی چەلمۆن. ئینجا ئەبیمەلەخ دەستی دایە تەور و لقوپۆپی داری بڕییەوە و هەڵیگرت و خستییە سەر شانی، بەو خەڵکەی گوت کە لەگەڵیدا بوون: «چاوتان لێیە چیم کرد، ئێوەش خێرا وەکو من بکەن!» خەڵکەکەش هەریەکە و چەند لقوپۆپێکی بڕییەوە و لەدوای ئەبیمەلەخەوە ڕۆیشتن، بە چواردەوری قەڵاکەدا دایاننا و قەڵاکەیان بەسەردا سووتاندن. بەم جۆرە هەموو خەڵکەکەی ناو قوللەی شەخەم مردن کە نزیکەی هەزار پیاو و ژن بوون. ئینجا ئەبیمەلەخ چوو بۆ تێڤێچ و گەمارۆی تێڤێچی دا و گرتی. لە ناوەڕاستی شارەکەش قوللەیەکی قاییم هەبوو، هەموو پیاوان و ژنان و تەواوی خەڵکی شارەکە بۆ ئەوێ هەڵاتن، دەرگاکانیان لەدوای خۆیانەوە داخست و سەرکەوتن بۆ سەربانی قوللەکە. ئەبیمەلەخیش هات بۆ قوللەکە و چوو بەگژیدا و نزیکی دەرگای قوللەکە بووەوە بۆ ئەوەی بە ئاگر بیسووتێنێت. ئینجا ژنێک بەرداشی سەرەوەی دەستاڕێکی کێشا بە سەری ئەبیمەلەخدا و کەللەی سەری شەقکرد. ئەویش دەستبەجێ ئەو کوڕەی بانگکرد کە قەڵغان و ڕمەکانی بۆ هەڵگرتبوو، پێی گوت: «شمشێرەکەت دەربێنە و بمکوژە، بۆ ئەوەی پێم نەڵێن: ”ژنێک کوشتی.“» ئیتر کوڕەکە شمشێرەکەی پێدا کرد و مرد. کاتێک پیاوەکانی ئیسرائیل بینییان ئەبیمەلەخ مرد، هەریەکە و گەڕایەوە شوێنی خۆی. ئیتر خودا خراپەکارییەکەی ئەبیمەلەخی بەسەر خۆیدا هێنایەوە، ئەوەی دەرهەق بە باوکی کردی، کە حەفتا براکەی کوشت. هەروەها خودا هەموو خراپەکارییەکانی خەڵکی شەخەمی بەسەر هێنانەوە، نەفرەتەکەی یۆتامی کوڕی یەروبەعلیان بەسەرهات. تۆلاع لەدوای سەردەمی ئەبیمەلەخ تۆلاعی کوڕی پوڤە کوڕی دۆدۆ هەستا بۆ ئەوەی ئیسرائیل ڕزگار بکات، کە پیاوێک بوو لە هۆزی یەساخار، لە شامیر لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم دەژیا. بیست و سێ ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد، ئینجا مرد و لە شامیر نێژرا. یائیر ئینجا لەدوای ئەو یائیری گلعادی هەستا و بیست و دوو ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد. سی کوڕی هەبوو و سواری سی گوێدرێژ دەبوون و سی شارۆچکەیان هەبوو، پێیان دەگوترا حەڤۆت یائیر کە هەتا ئەمڕۆش وایان پێ دەڵێن و لە خاکی گلعادە. یائیرش مرد و لە قامۆن نێژرا. یەفتاح نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری. بەعلەکان و عەشتۆرەتەکان و خوداوەندەکانی ئارام، سەیدا، مۆئاب، عەمۆنییەکان و فەلەستییەکانیان پەرست و وازیان لە یەزدان هێنا و نەیانپەرست. لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان لە ئیسرائیلییەکان هاتە جۆش و ڕادەستی فەلەستییەکان و عەمۆنییەکانی کردن. ئەوانیش لەو ساڵەوە نەوەی ئیسرائیلیان تێکشکاند و ستەمیان لێکردن. بۆ ماوەی هەژدە ساڵ نەوەی ئیسرائیلیان دەچەوساندەوە، هەموو ئەوانەی کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بوون لە خاکی ئەمۆرییەکان ئەوانەی لە گلعاد بوون. عەمۆنییەکان لە ڕووباری ئوردونیش پەڕینەوە بۆ جەنگ لە دژی یەهودا و بنیامین و بنەماڵەی ئەفرایم، بۆیە ئیسرائیل زۆر پەرێشان بوون. جا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و گوتیان: «ئێمە گوناهمان کرد دەرهەق بە تۆ، چونکە وازمان لە خودای خۆمان هێنا و بەعلەکانمان پەرست.» یەزدانیش بە نەوەی ئیسرائیلی فەرموو: «کاتێک میسری، ئەمۆری، عەمۆنی، فەلەستی، سەیدائی، عەمالێقی و ماعۆنییەکان، تەنگیان پێتان هەڵچنی، ئیتر هاوارتان بۆ کردم، ئایا منیش لە دەستیان ڕزگارم نەکردن؟ بەڵام ئێوە وازتان لێ هێنام و خودای دیکەتان پەرست. لەبەر ئەوە ئیتر ڕزگارتان ناکەم. بڕۆن هاوار بکەن بۆ ئەو خوداوەندانەی هەڵتانبژاردوون، با لە کاتی تەنگانەتان ئەوان ڕزگارتان بکەن.» نەوەی ئیسرائیلیش بە یەزدانیان گوت: «گوناهمان کرد، جا چی بە باش دەزانیت پێمانی بکە، تەنها هەر ئەمڕۆ دەربازمان بکە.» ئیتر خوداوەندە بێگانەکانیان لەنێو خۆیاندا لابرد و یەزدانیان پەرست. یەزدان بەهۆی کڵۆڵیی ئیسرائیلەوە دڵتەنگ بوو. ئینجا لەشکرەکانی عەمۆنییەکان بانگ کران و کۆبوونەوە و لە گلعاددا چادریان هەڵدا، کوڕانی ئیسرائیلیش کۆبوونەوە و لە میچپا چادریان هەڵدا. ئیتر ڕابەرەکانی گەلی گلعاد بە یەکتریان گوت: «ئەو پیاوەی دەست بکات بە جەنگ لەگەڵ عەمۆنییەکان، ئەوا ئەو دەبێت بە سەرۆکی هەموو خەڵکی گلعاد.» یەفتاحی گلعادی جەنگاوەرێکی بەهێز بوو، کوڕی لەشفرۆشێک بوو، گلعادیش باوکی بوو. ژنەکەی گلعاد چەند کوڕێکی بوو، کاتێک کوڕەکان گەورە بوون یەفتاحیان دەرکرد و پێیان گوت: «نابیت بە میراتگر لە ماڵی باوکمان، چونکە تۆ کوڕی ژنێکی دیکەیت.» بۆیە یەفتاح لە دەست براکانی هەڵات و لە خاکی تۆڤ نیشتەجێ بوو، چەند پیاوێکی یاخی و چاونەترس لە دەوری کۆبوونەوە و دوای کەوتن. ئینجا پاش ماوەیەک عەمۆنییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان. کاتێک عەمۆنییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان، پیرانی گلعاد چوون بۆ ئەوەی یەفتاح لە خاکی تۆڤەوە بهێنن. بە یەفتاحیان گوت: «وەرە ببە بە سەرکردەمان هەتا لە دژی عەمۆنییەکان بجەنگین.» یەفتاحیش بە پیرانی گلعادی گوت: «ئایا ئێوە نەبوون کە ڕقتان لێم بووەوە و لە ماڵی باوکم دەرتانکردم؟ بۆچی ئێستا هاتوون بۆ لام کە لە تەنگانە دان؟» پیرانی گلعادیش بە یەفتاحیان گوت: «بۆیە ئێستا گەڕاوینەتەوە بۆ لات هەتا لەگەڵمان بێیت و لە دژی عەمۆنییەکان بجەنگین و ببیت بە سەرکردەمان بەسەر هەموو دانیشتووانی گلعاد.» یەفتاحیش بە پیرانی گلعادی گوت: «ئەگەر منتان گەڕاندەوە بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان و یەزدان ئەوانی بەدەستمەوە دا، ئەوا بەڕاستی من دەبمە سەرکردەتان؟» پیرانی گلعادیش بە یەفتاحیان گوت: «با یەزدان لەنێوانمان شایەت بێت، بە دڵنیاییەوە ئاوا دەکەین بەپێی ئەوەی گوتت.» ئینجا یەفتاح لەگەڵ پیرانی گلعاددا ڕۆیشت و گەل کردیان بەسەرکردە و فەرماندەی خۆیان و یەفتاحیش هەموو قسەکانی خۆی لە میچپا لەبەردەم یەزدان دووبارە کردەوە. ئینجا یەفتاح چەند نێردراوێکی بۆ لای پاشای عەمۆنییەکان ڕەوانە کرد و گوتی: «چیم لەگەڵ تۆ هەیە، تۆ هاتوویتە سەرم هەتا لە خاکەکەم لە دژم بجەنگیت؟» پاشای عەمۆنییەکانیش بە نێردراوەکانی یەفتاحی گوت: «لەبەر ئەوەی ئیسرائیل لە کاتی هاتتنیدا لە میسر خاکەکەی بردووم، لە ئەرنۆنەوە هەتا یەبۆق و هەتا ڕووباری ئوردون، ئێستاش بە ئاشتی بیگەڕێنەوە.» ئینجا یەفتاح دووبارە چەند نێردراوێکی بۆ لای پاشای عەمۆنییەکان ڕەوانە کردەوە و پێی گوت: «یەفتاح ئاوا دەڵێت: ئیسرائیل خاکی مۆئاب و خاکی عەمۆنییەکانی نەبردووە، چونکە لە کاتی هاتنی ئیسرائیل لە میسرەوە بەناو چۆڵەوانیدا هەتا دەریای سوور11‏:16 عیبری سوف‏ واتا (زەل). دەشێت مەبەست لە دەریای سوف بێت، ئەو دەریایە بێت کە دەکەوێتە سەرووی باکووری کەنداوی سوێسی ئەمڕۆ، بەڵام لە دەقی یۆنانی پەیمانی نوێ هەر بە دەریای سوور نووسراوە. بڕوانە عیبرانییەکان 11‏:29‏.‏ ڕۆیشت و هات بۆ قادێش. ئیتر ئیسرائیل چەند نێردراوێکی نارد بۆ لای پاشای ئەدۆم و گوتی: ”لێمانگەڕێ با بەناو خاکەکەتدا تێپەڕ بین،“ بەڵام پاشای ئەدۆم گوێی نەگرت. هەروەها نێردراویان بۆ لای پاشای مۆئاب نارد، بەڵام ڕازی نەبوو. ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە قادێش مانەوە. «ئینجا بەناو چۆڵەوانیدا ڕۆیشتن و بەدەوری خاکی ئەدۆم و خاکی مۆئابدا سووڕانەوە، لەلای ڕۆژهەڵاتەوە هاتن بۆ خاکی مۆئاب و لە کەناری ئەرنۆن چادریان هەڵدا، نەهاتنە ناو خاکی مۆئاب، چونکە ڕووباری ئەرنۆن سنووری مۆئاب بوو. «پاشان ئیسرائیل چەند نێردراوێکی بۆ لای سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان و پاشای حەشبۆن نارد و پێی گوتن: ”لێمانگەڕێن با بەناو خاکەکەتاندا تێپەڕین بۆ شوێنەکەمان.“ بەڵام سیحۆن متمانەی بە ئیسرائیل نەبوو بەناو سنوورەکەیدا تێبپەڕێت، بەڵکو سیحۆن هەموو هێزەکانی کۆکردەوە و لە یەهەچ چادریان هەڵدا و لە دژی ئیسرائیل جەنگان. «ئینجا یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سیحۆن و هەموو سوپاکەی دا بەدەست نەوەی ئیسرائیلەوە و ئەوانیان بەزاند. ئیتر ئیسرائیل بوو بە خاوەنی هەموو زەوی ئەمۆرییەکان و دانیشتووانی ئەو خاکە، دەستیان بەسەر هەموو سنووری ئەمۆرییەکاندا گرت، لە ئەرنۆنەوە هەتا یەبۆق و لە چۆڵەوانییەوە هەتا ڕووباری ئوردون. «ئێستاش کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمۆرییەکانی لەبەردەم ئیسرائیلی گەلی خۆی دەرکردووە، ئایا بە چ مافێک تۆ خاوەنداریێتی دەکەیت؟ ئایا نابیتە خاوەنی ئەوەی کە کەمۆشی11‏:24 خوداوەندی هەرە گەورەی مۆئابییەکان بوو. بڕوانە سەرژمێری 21‏:29‏.‏ خوداوەندت پێت دەدات؟ ئێمەش خاوەنی هەموو ئەوانەین کە یەزدانی پەروەردگارمان لەبەردەمماندا وەدەرینان. ئێستاش ئایا تۆ بەڕاستی لە بالاقی کوڕی چیپوری پاشای مۆئاب چاکتریت؟ ئایا ئەو بەربەرەکانێی ئیسرائیلی کرد، یاخود لە دژیان جەنگا؟ ئەو کاتەی ئیسرائیل لە حەشبۆن و گوندەکانی و عەرۆعێر و گوندەکانی و هەموو شارۆچکەکانی کەناری ئەرنۆن سێ سەد ساڵ نیشتەجێ بوو، بۆچی لەو کاتەدا بەدەستت نەهێنایەوە؟ من هیچ گوناهم دەرهەق بە تۆ نەکردووە، بەڵام تۆ خراپەم لەگەڵ دەکەیت بە شەڕکردن لەگەڵ من. با ئەمڕۆ یەزدانی دادوەر حوکم لەنێوان ئیسرائیل و عەمۆنییەکاندا بدات.» بەڵام پاشای عەمۆنییەکان گوێی لە قسەکانی یەفتاح نەگرت کە بۆی نارد. جا ڕۆحی یەزدان هاتە سەر یەفتاح. لە گلعاد و مەنەشە پەڕییەوە و میچپای گلعادیشی تێپەڕاند، لەوێشەوە بۆ هێرشکردنە سەر عەمۆنییەکان پێشڕەویی کرد. ئینجا یەفتاح نەزری11‏:30 نەزر: واتا پابەندکردنی مرۆڤ خۆیەتی بە مەرجێکەوە، لە کاتێکدا کە داخوازییەک بەرز دەکاتەوە بۆ خودا و بە ئەرێ وەڵام دەدرێتەوە لەلایەن خوداوە. بڕوانە سەرژمێری 21‏:2‏.‏ بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەگەر عەمۆنییەکانت دا بەدەستمەوە، ئەوا لە کاتی گەڕانەوەمدا بە سەرکەوتوویی لەلای عەمۆنییەکانەوە، ئەوەی بۆ پێشوازیلێکردنم لە دەرگای ماڵەکەمەوە بێتە دەرەوە، ئەوە بۆ یەزدان دەبێت و وەک قوربانی سووتاندن پێشکەشی دەکەم.» ئینجا یەفتاح پەڕییەوە بۆ عەمۆنییەکان بۆ جەنگ لە دژیان و یەزدان ئەوانی دایە دەستی. لەنێوان عەرۆعێرەوە و مینیت هەتا ئابێل کەرامیم بیست شارۆچکەی وێران کرد و بەم شێوەیە عەمۆنییەکان کەوتنە ژێردەستی نەوەی ئیسرائیل. پاشان یەفتاح گەڕایەوە بۆ میچپا بۆ ماڵەکەی و تەماشای کرد وا کچەکەی بە دەفلێدان و سەماکردنەوە هاتووەتە دەرەوە بۆ پێشوازیلێکردنی. ئەو کچەش تاقانە بوو، جگە لەو کوڕ و کچی دیکەی نەبوو. لەو کاتەدا کە چاوی پێکەوت جلەکانی دادڕی و گوتی: «ئای کچەکەم ئەژنۆت شکاندم و ژیانت لێ تاڵ کردم، چونکە سوێندم بۆ یەزدان خواردووە و ناتوانم لێی پاشگەز ببمەوە.» ئەویش پێی گوت: «ئەی باوکە تۆ نەزرت بۆ یەزدان کردووە. بەوەم لەگەڵ بکە کە لە دەمت هاتووەتە دەرەوە، چونکە یەزدان تۆڵەی بۆ سەندییەوە لە دوژمنەکانت، لە عەمۆنییەکان.» پاشان بە باوکی گوت: «با ئەو کارەم لەگەڵدا بکرێت، دوو مانگ لێم بگەڕێ هەتا بڕۆم و لەسەر چیاکان بگەڕێم و لەگەڵ هاوڕێیەکانم شیوەن بگێڕم، چونکە هەرگیز شوو ناکەم.» ئەویش گوتی: «بڕۆ.» دوو مانگ ناردی، ڕۆیشت و لەگەڵ دەستە خوشکەکانی لەسەر چیاکان شیوەنی گێڕا، چونکە هەرگیز شوو ناکات. لە کۆتایی دوو مانگەکەدا گەڕایەوە بۆ لای باوکی، ئیتر ئەو نەزرەی کردبووی ئەنجامی دا، کچەکەش پاکیزە بوو. ئیتر ئەمە لەناو ئیسرائیلدا بوو بە نەریت کە کچەکانی ئیسرائیل ساڵانە چوار ڕۆژ دەچن بۆ ئەوەی شیوەن بۆ کچەکەی یەفتاحی گلعادی بگێڕن. یەفتاح و ئەفرایم ئینجا پیاوانی لەشکری ئەفرایم بانگکران و کۆبوونەوە و پەڕینەوە بۆ شارۆچکەی چافۆن و بە یەفتاحیان گوت: «بۆچی بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان پەڕیتەوە و بانگت نەکردین بۆ ئەوەی لەگەڵت بێین؟ لەبەر ئەوە ماڵەکەت بە ئاگر بەسەرتدا دەسووتێنین.» یەفتاحیش وەڵامی دانەوە: «من و گەلەکەم لەگەڵ عەمۆنییەکاندا ململانێیەکی توندمان هەبوو، کاتێک بانگم کردن، ئێوە لە دەستیان ڕزگارتان نەکردم. کاتێک بینیم ئێوە ڕزگارم ناکەن، گیانم خستە دەستمەوە و پەڕیمەوە بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان و یەزدانیش ئەوانی خستە ژێر دەستمەوە. ئیتر بۆچی ئێوە ئەمڕۆ هاتوونەتە سەرم بۆ ئەوەی لە دژم بجەنگن؟» ئینجا یەفتاح هەموو پیاوانی گلعادی کۆکردەوە و لە دژی ئەفرایم جەنگا و پیاوانی گلعاد ئەفرایمیان بەزاند، چونکە ئەفرایمییەکان گوتبوویان: «ئێوەی گلعادی لە دەست ئەفرایم و مەنەشە ڕاتانکردووە.» گلعادییەکان تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردونیان لە ئەفرایم گرت، لەو کاتەدا هەرکەسێک لە هەڵاتووەکانی ئەفرایم بیگوتایە: «لێمگەڕێن با تێپەڕم،» پیاوانی گلعاد پێیان دەگوت: «تۆ ئەفرایمیت؟» ئەگەر دەیگوت: «نەخێر،» پێیان دەگوت: «باشە بڵێ ”شیبۆلەت.“» ئەویش دەیگوت: «سیبۆلەت،» چونکە بە تەواوی نەیدەتوانی وشەکە دەرببڕێت. ئینجا دەیانگرت و لە تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردون دەیانکوشت. لەو کاتەدا چل و دوو هەزار لە ئەفرایم کوژران. لەدوای ئەوە یەفتاح شەش ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و پاشان یەفتاحی گلعادی مرد و لە یەکێک لە شارۆچکەکانی گلعاد نێژرا. ئیبسان و ئێلۆن و عەبدۆن پاش ئەو ئیبسانی خەڵکی بێت‌لەحم ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و سی کوڕ و سی کچی هەبوو، کچەکانی بە شوو دا بە خەڵکی دەرەوەی خێڵەکەی و لە دەرەوەی خێڵەکەی سی بووکی بۆ کوڕەکانی هێنا. ئیبسان حەوت ساڵ ڕابەرایەتیی ئیسرائیلی کرد و پاشان مرد و لە بێت‌لەحم نێژرا. پاش ئەو ئێلۆنی زەبولونی دە ساڵ ڕابەرایەتیی ئیسرائیلی کرد و پاشان مرد و لە ئەیالۆن لە خاکی زەبولون نێژرا. پاش ئەویش عەبدۆنی کوڕی هیلێل لە شاری پیرعاتۆن ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و چل کوڕ و سی کوڕەزای هەبوو سواری حەفتا گوێدرێژ دەبوون. هەشت ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد. ئینجا عەبدۆنی کوڕی هیلێلی پیرعاتۆنی مرد و لە پیرعاتۆن لە خاکی ئەفرایمدا لە ناوچە شاخاوییەکانی عەمالێقییەکان نێژرا. لەدایکبوونی شەمشون دیسان نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری و یەزدانیش چل ساڵ ژێر دەستەی فەلەستییەکانی کردن. ئینجا پیاوێک لە چۆرعا هەبوو لە هۆزی دانییەکان ناوی مانۆوەح بوو، ژنەکەی نەزۆک بوو منداڵی نەدەبوو. جا فریشتەی یەزدان بۆ ژنەکە دەرکەوت و پێی فەرموو: «تۆ نەزۆکیت و منداڵت نەبووە، بەڵام سکپڕ دەبیت و کوڕێکت دەبێت. ئێستاش وریابە شەراب و مەی مەخۆرەوە و شتی گڵاو مەخۆ. ئەوەتا سک پڕ دەبیت و کوڕێکت دەبێت، گوێزان بەسەر سەریدا نایەت، چونکە کوڕەکە هەر لە سکتەوە تەرخانکراو13‏:5 تەرخانکراو: واتا نەزر دەکات. بڕوانە سەرژمێری بەشی 6.‏ دەبێت بۆ خودا، ئەویش دەست دەکات بە ڕزگارکردنی ئیسرائیل لە دەستی فەلەستییەکان.» ئینجا ژنەکە چوو بۆ لای مێردەکەی و پێی گوت: «پیاوێکی خودا هات بۆ لام و وەک فریشتەی خودا شێوەی زۆر سامناک بوو. لێم نەپرسی کە لەکوێوە هاتووە، ئەویش ناوی خۆی پێ نەگوتم. پێی گوتم: ”ئەوەتا سک پڕ دەبیت و کوڕێکت دەبێت، ئێستاش شەراب و مەی مەخۆرەوە و شتی گڵاو مەخۆ، چونکە کوڕەکە لەو کاتەوەی لە سکتە تەرخانکراو دەبێت بۆ خودا هەتا ڕۆژی مردنی.“» ئینجا مانۆوەح لە یەزدان پاڕایەوە و گوتی: «ئەی پەروەردگار، داوات لێ دەکەم ئەو پیاوەی خودا کە ناردت با دووبارە بێتەوە بۆ لامان و فێرمان بکات چی بۆ ئەو کوڕە بکەین کە لەدایک دەبێت.» خوداش گوێی لە دەنگی مانۆوەح گرت و فریشتەی خودا دووبارە هاتەوە بۆ لای ژنەکە کە لە کێڵگەدا دانیشتبوو و مانۆوەحی مێردی لەگەڵدا نەبوو. ئیتر ژنەکە بە خێرایی ڕایکرد و بە مێردەکەی گوت: «ئەو پیاوەی کە ئەو ڕۆژە هات بۆ لام، لێرەیە!» مانۆوەحیش هەستا و بەدوای ژنەکەیدا ڕۆیشت و هات بۆ لای پیاوەکە، پێی گوت: «تۆ ئەو پیاوەی کە لەگەڵ ژنەکەم قسەت کرد؟» ئەویش گوتی: «من ئەوم.» مانۆوەحیش گوتی: «لە کاتی هاتنەدی وتەکەت، ڕێنمایی و کردارەکانی چۆن دەبێت؟» ئینجا فریشتەکەی یەزدان بە مانۆوەحی گوت: «با ژنەکە هۆشیار بێت لە هەموو ئەو شتانەی پێم گوت، ئەوەی لە دار مێو بێت با نەیخوات، شەراب و مەی نەخواتەوە و هیچ شتێکی گڵاویش نەخوات. با خۆی لە هەموو ئەو شتانە بپارێزێت کە ڕامسپاردووە.» ئینجا مانۆوەح بە فریشتەکەی یەزدانی گوت: «لێمانگەڕێ با بتحەوێنینەوە و کارەبزنێکت بۆ سەر ببڕین.» فریشتەکەی یەزدانیش بە مانۆوەحی گوت: «ئەگەر بشمحەوێننەوە لە نانەکەت ناخۆم، ئەگەر قوربانی سووتاندنیشت کرد پێشکەشی یەزدانی بکە.» مانۆوەح نەیزانی ئەوە فریشتەی یەزدانە. مانۆوەحیش بە فریشتەکەی یەزدانی گوت: «ناوت چییە، بۆ ئەوەی کاتێک وتەکەت هاتە دی ڕێزت لێ بنێین؟» فریشتەکەی یەزدانیش پێی گوت: «بۆچی لە ناوم دەپرسیت؟ ئەو لە سەرووی تێگەیشتنەوەیە؟» ئینجا مانۆوەح کارەبزنەکە و دانەوێڵە پێشکەشکراوەکەی برد و سەری خستنە سەر تاتەبەردێک و کردنی بە قوربانی بۆ یەزدان، یەزدانیش کارێکی سەرسوڕهێنەری ئەنجام دا و مانۆوەح و ژنەکەشی تەماشایان دەکرد. ئەوە بوو: لە کاتی بەرزبوونەوەی گڕی ئاگر لە قوربانگاکەوە بۆ ئاسمان، فریشتەکەی یەزدان لەناو گڕی قوربانگاکەدا سەرکەوت. کە مانۆوەح و ژنەکەی ئەمەیان بینی هەردووکیان بە ڕوودا کەوتن بە زەویدا. لەدوای ئەمە فریشتەکەی یەزدان لەبەرچاوی مانۆوەح و ژنەکەی دیار نەما، ئەوسا مانۆوەح زانی ئەوە فریشتەی یەزدان بوو. ئیتر مانۆوەح بە ژنەکەی گوت: «بێگومان دەمرین، چونکە خودامان بینی!» ژنەکەشی وەڵامی دایەوە: «ئەگەر یەزدان بیویستایە بمانمرێنێت قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵەیی لە دەستمان وەرنەدەگرت، هەموو ئەم شتانەی نیشان نەدەداین و لەم کاتەدا هەموو ئەم شتانەی پێ نەدەگوتین.» ئینجا ژنەکە کوڕێکی بوو و ناوی لێنا شەمشون. کوڕەکە گەورە بوو و یەزدان بەرەکەتداری کرد، ڕۆحی یەزدانیش دەستی کرد بە جوڵاندنی شەمشون کاتێک لە مەحەنێی دان بوو کە دەکەوێتە نێوان چۆرعا و ئەشتائۆل. شەمشون ژن دەهێنێت ئینجا شەمشون بەرەو خوار چوو بۆ تیمنا و لە تیمنادا ئافرەتێکی لە کچانی فەلەستییەکان بینی. جا هاتەوە و بە دایک و باوکی گوت: «ئافرەتێکم لە تیمنا لە کچانی فەلەستییەکان بینی و ئێستاش بۆم داوا بکەن وەک ژنم.» دایک و باوکیشی وەڵامیان دایەوە: «ئایا لەناو کچانی خزمەکانت و لەناو هەموو گەلەکەتدا ئافرەتێکی تێدا نییە، هەتا بچیت و ژنێک لە فەلەستییە خەتەنەنەکراوەکان بهێنیت؟» شەمشونیش بە باوکی گوت: «ئەوم بۆ بهێنە، چونکە ئەوم بەدڵە.» دایک و باوکیشی نەیانزانی ئەوە لەلایەن یەزدانەوەیە، کە بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕا لە دژی فەلەستییەکان، چونکە لەو کاتەدا فەلەستییەکان بەسەر ئیسرائیلدا زاڵ بوون. ئینجا شەمشون و دایک و باوکی بەرەو خوار چوون بۆ تیمنا و هاتن بۆ ڕەزەمێوەکانی تیمنا و لەو کاتەدا جوانە شێرێک لێی هاتە پێش و دەینەڕاند. جا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەری و وەک کارەبزن پارچەپارچەی کرد، ئەگەر چی هیچیشی بەدەستەوە نەبوو. کەچی دایک و باوکیشی ئاگادار نەکردەوە لەوەی کە کردی. ئینجا چوو و قسەی لەگەڵ ئافرەتەکەدا کرد و شەمشون بە دڵی بوو. پاش چەند ڕۆژێک، کاتێک گەڕایەوە بۆ ئەوەی بیهێنێت، لایدا هەتا لاشەی شێرەکە ببینێت، تەماشای کرد شارە هەنگێک لەناو هەناوی شێرەکە هەیە لەگەڵ هەنگوین. جا هەردوو چنگی لێ پڕکرد و بە ڕۆیشتنەوە دەیخوارد. ئەوسا چوو بۆ لای دایک و باوکی، بەشی دان و خواردیان، پێی نەگوتن کە هەنگوینەکەی لە هەناوی شێرەکەوە دەرهێناوە. ئینجا باوکی چووە خوارەوە بۆ لای ئافرەتەکە و شەمشونیش لەوێ زەماوەندێکی ساز کرد، چونکە ئەمە نەریتی زاوا بوو. جا کاتێک بینییان سی هاوڕێیان هێنا و لەگەڵیدا بوون. ئینجا شەمشون پێی گوتن: «مەتەڵێکتان پێ دەڵێم ئەگەر لە ماوەی حەوت ڕۆژی خوانەکەدا هەڵتانهێنا و دۆزیتانەوە سی کراسی کەتان و سی قات جلتان پێدەدەم، بەڵام ئەگەر بۆتان هەڵنەهێنام ئەوا ئێوە سی کراسی کەتان و سی قات جل بە من دەدەن.» ئەوانیش گوتیان: «مەتەڵەکەت بڵێ با گوێمان لێی بێت.» ئەویش وەڵامی دانەوە: «لە بخۆر، خواردن هاتە دەرەوە، لە بەهێزیش، شیرینی.» ئەوانیش لە سێ ڕۆژدا نەیانتوانی مەتەڵەکە هەڵبهێنن. لە ڕۆژی چوارەمدا بە ژنەکەی شەمشونیان گوت: «مێردەکەت فریو بدە بۆ ئەوەی مەتەڵەکەمان پێ بڵێت، ئەگینا خۆت و ماڵی باوکت بە ئاگر دەسووتێنین. داوەتتان کردووین بۆ ئەوەی ڕووتمان بکەنەوە؟» ئینجا ژنەکەی شەمشون لەلای گریا و گوتی: «تۆ ڕقت لێمە و منت خۆشناوێت. مەتەڵێکت بە نەوەی گەلەکەم گوتووە و وەڵامەکەت بە من نەگوتووە.» ئەویش پێی گوت: «تەنانەت بۆ دایک و باوکمم ڕوون نەکردووەتەوە، ئیتر چۆن بۆ تۆی ڕوون بکەمەوە؟» بەو شێوەیە لە ماوەی حەوت ڕۆژی خوانەکەدا لەلای گریا و ئینجا ئەویش لە ڕۆژی حەوتەم پێی گوت، چونکە تەنگی پێهەڵچنی و ئەویش مەتەڵەکەی بۆ نەوەی گەلەکەی ئاشکرا کرد. جا پیاوانی شارۆچکەکە لە ڕۆژی حەوتەم بەر لە ئاوابوونی خۆر پێیان گوت: «چ شتێک لە هەنگوین شیرینترە و لە شێر بەهێزترە؟» ئەویش پێی گوتن: «ئەگەر بە گوێرەکەکەم14‏:18 نوێنگینەکەم.‏ نەتاندەکێڵا، مەتەڵەکەمتان هەڵنەدەهێنا.» ئینجا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەری و بەرەو خوار چوو بۆ ئەسقەلان و سی پیاوی لێ کوشتن و تاڵانییەکەیانی برد و جلەکانی ئەوانی دایە ئاشکراکەرانی مەتەڵەکە. پاشان زۆر تووڕە بوو و چووەوە ماڵی باوکی. ژنەکەی شەمشونیش بوو بە ژنی ئەو هاوڕێیەی کە لە زەماوەندەکەیدا لەگەڵی بوو. شەمشون تۆڵە لە فەلەستییەکان دەکاتەوە ئینجا پاش ماوەیەک لە کاتی دروێنەی گەنمدا شەمشون ژنەکەی بە کارەبزنێک بەسەرکردەوە و گوتی: «دەچمە ژوورەوە بۆ لای ژنەکەم لە ژوورەکەی خۆی.» بەڵام باوکی ژنەکەی نەیهێشت بچێتە ژوورەوە. باوکی گوتی: «لە ڕاستیدا من وا بیرم کردەوە کە تۆ ڕقت لێی بووەتەوە، بۆیە دام بە هاوڕێکەت. ئایا خوشکە بچووکەکەی لەو جوانتر نییە؟ با لە جیاتی ئەو بۆ تۆ بێت.» شەمشونیش پێی گوتن: «ئێستا من بێتاوانم ئەگەر خراپە بەسەر فەلەستییەکان بهێنم.» ئینجا شەمشون چووە ڕاو و سێ سەد ڕێوی ڕاوکرد، کلکی هەردوو ڕێوی پێکەوە بەستەوە و مەشخەڵێکی لە ناوەڕاستی هەردوو کلکەکان دانا. ئینجا ئاگری لە مەشخەڵەکان بەردا و ڕێویەکانی بەڕەڵا کردە ناو کێڵگەکانی فەلەستییەکانەوە، جا ئەوەی کۆکرابووەوە و ئەوەی چێنرابوو تەنانەت ڕەزەمێوەکان و ڕەزە زەیتوونەکانیشی سووتاند. فەلەستییەکانیش گوتیان: «کێ ئەمەی کرد؟» وەڵامیان دایەوە: «شەمشونی زاوای تیمنی، چونکە ژنەکەی لێسەندەوە و دایە هاوڕێکەی.» ئینجا فەلەستییەکان سەرکەوتن و ژنەکە و باوکیان سووتاند. شەمشونیش پێی گوتن: «لەبەر ئەوەی ئەم کارەتان کرد، وازتان لێ ناهێنم هەتا تۆڵەتان لێ نەکەمەوە.» ئینجا بە توندی لێیدان و زۆر کەسی لێیان کوشت، پاشان بەرەو خوار چوو و لەناو ئەشکەوتێک لە تاشەبەردی عێتام نیشتەجێ بوو. ئینجا فەلەستییەکان سەرکەوتن و لە یەهودا چادریان هەڵدا و لە لەحی بڵاو بوونەوە. جا پیاوانی یەهودا گوتیان: «بۆچی هاتوونەتە سەرمان؟» ئەوانیش گوتیان: «بۆ ئەوەی شەمشون ببەستینەوە و ئەوەی پێ بکەین کە پێی کردین.» ئینجا سێ هەزار پیاو لە یەهودا بەرەو خوار چوون بۆ ئەشکەوتەکە لە تاشەبەردی عێتام و بە شەمشونیان گوت: «ئایا نازانیت فەلەستییەکان بەسەرماندا زاڵن؟ تۆ چیت پێکردین؟» ئەویش پێی گوتن: «چییان پێکردم، ئەوەم پێکردوون.» ئینجا پێیان گوت: «هاتووینە خوارەوە بۆ ئەوەی بتبەستینەوە و بتدەینە دەست فەلەستییەکان.» شەمشونیش پێی گوتن: «سوێندم بۆ بخۆن کە ئێوە نامکوژن.» ئەوانیش گوتیان: «نەخێر ناتکوژین، بەڵام دەتبەستینەوە و دەتدەینە دەستیان.» ئینجا بە دوو گوریسی نوێ بەستیانەوە و لە تاشەبەردەکەوە سەریان خست. کاتێک هات بۆ لەحی، فەلەستییەکان بە هاوارەوە بەرەو ڕووی چوون. ئینجا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەری و ئەو دوو گوریسەی بە بازوویەوە بوو وەک کەتانی سووتێنراویان لێهات و دەستی ئازاد بوو. ئینجا شەمشون شەویلاکێکی کەری دۆزییەوە کە هێشتا وشک نەببووەوە، هەڵیگرت و هەزار پیاوی بەوە کوشت. ئینجا شەمشون گوتی: «بە شەویلاکی کەرێک ئێوەم کردە کەرگەل، بە شەویلاکی کەرێک هەزار پیاوم کوشت.» کە لە قسەکردن بووەوە شەویلاکەکەی دەستی فڕێدا و ئەو شوێنەی بە ڕامەت لەحی15‏:17 ڕامەت لەحی: واتا گردی شەویلاک.‏ ناو برد. پاشان زۆر تینووی بوو و هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «تۆ ئەم ڕزگارییە گەورەیەت دا بەدەست خزمەتکارەکەت و ئایا ئێستاش لە تینووێتیدا دەمرم و دەکەومە دەست خەتەنەنەکراوەکان؟» ئینجا خودا چاڵەکەی لەحییەی کردە دوو کەرت و ئاوی لێ هاتە دەرەوە. کاتێک شەمشون خواردیەوە ڕۆحی هاتەوە بەر و بووژایەوە، بۆیە بە کانی هەقۆرێ15‏:19 کانی هەقۆرێ واتا ئەو کانییەی کە هاوار دەکات.‏ ناوبرا کە هەتا ئەمڕۆ لە لەحیدایە. جا شەمشون لە ڕۆژگاری فەلەستییەکاندا بیست ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد. شەمشون و دەلیلا پاشان شەمشون چوو بۆ غەزە و لەوێ لەشفرۆشێکی بینی و چووە ژوورەوە بۆ لای. ئینجا بە غەزەییەکان گوترا: «شەمشون هاتووە بۆ ئێرە!» جا چواردەوری شوێنەکەیان گرت و بە درێژایی شەو لە نزیک دەروازەی شارەکەدا خۆیان بۆ مات کرد و گوتیان: «بەرەبەیان دەیکوژین.» شەمشونیش هەتا نیوەشەو پاڵکەوت و پاشان لە نیوەی شەودا هەستا و هەردوو لای دەروازەی شارەکە بە تەواوی لەگەڵ دوو کۆڵەکەکە و شمشیرەکەی16‏:3 ‏شمشیرە: پارچە دارێک بووە لە جیاتی قوفڵ لە دواوەی دەرگا بە شێوەی ئاسۆیی دانراوە بۆ داخستنی دەرگا.‏ دەرهێنا و خستنییە سەر شانی و بردنییە سەرەوە بۆ سەر چیاکەی بەرامبەر حەبرۆن. پاش ئەوە ئافرەتێکی لە دۆڵی سۆرێقدا خۆشویست کە ناوی دەلیلا بوو. ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان چوونە لای دەلیلا و پێیان گوت: «بزانە دەتوانیت فریوی بدەیت تاوەکو نهێنی هێزە مەزنەکەیت بۆ ئاشکرا بکات و چۆنیش دەتوانین بەسەریدا زاڵ بین بۆ ئەوەی پەلبەست و ملکەچی بکەین. دواتر هەریەک لە ئێمە هەزار و سەد شاقل16‏:5 نزیکەی 13 کیلۆگرام.‏ زیوت پێدەدەین.» جا دەلیلا بە شەمشونی گوت: «پێم بڵێ نهێنی هێزە گەورەکەت چییە و بە چی دەبەسترێیتەوە هەتا ملکەچ بکرێیت؟» شەمشونیش پێی گوت: «ئەگەر بە حەوت ژێی تەڕی وشک نەبووەوە بمبەستنەوە، بێهێز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.» ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان حەوت ژێی تەڕی وشک نەبووەوەیان بۆ دەلیلا سەرخست و پێی بەستییەوە. کەسانی بۆسەکە لە ژوورەکە لەلای مابوونەوە، دەلیلا پێی گوت: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» شەمشونیش ژێیەکانی بڕی، وەک پچرانی پەت کاتێک لە ئاگر نزیک دەبێتەوە، جا نەزانرا نهێنی هێزەکەی چییە. جا دەلیلا بە شەمشونی گوت: «ئەوەتا گاڵتەت پێکردم و درۆت لەگەڵ کردم، ئێستا پێم بڵێ بە چی دەبەسترێیتەوە؟» ئەویش پێی گوت: «ئەگەر بە گوریسی نوێی بەکارنەهاتوو بمبەستنەوە، بێهێز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.» ئینجا دەلیلا چەند گوریسێکی نوێی هێنا و پێی بەستییەوە و پێی گوت: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» بۆسەکەش لە ژوورەکەدا لەلای مابووەوە، جا گوریسەکەی وەک دەزوو لە قۆڵی کردەوە. دەلیلاش بە شەمشونی گوت: «هەتا ئێستا گاڵتەم پێ دەکەیت و درۆم لەگەڵ دەکەیت، ئێستا پێم بڵێ بە چی دەبەسترێیتەوە؟» ئەویش پێی گوت: «ئەگەر حەوت تیسک16‏:13 تیسک: کۆمەڵە تاڵە مووی پرچی سەرە کە پێکەوە کۆبووەتەوە، پێشی دەگوترێ لەزگە موو.‏ لە پرچم بە ڕایەڵی تەونێکەوە بچنیتەوە و لە تەختە دارێک گرێی بدەیت، ئەو کاتە بێهێز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.» جا کاتێک خەوتبوو، دەلیلا حەوت تیسک لە پرچی بە ڕایەڵی تەونەکە چنییەوە و لە تەختە دارێک گرێی دا. جارێکی دیکە پێی گوت: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» جا لە خەوەکەی بەئاگا هات و تەختە دار و تەونەکە و ڕایەڵەکەی هەڵتەکاند. ئینجا پێی گوت: «چۆن دەڵێیت، ”تۆم خۆشدەوێ،“ و دڵیشت لەگەڵمدا نییە؟ ئەوەتا ئەمە سێ جارە گاڵتەم پێ دەکەیت و پێم ناڵێیت نهێنی هێزە گەورەکەت چییە.» جا لەبەر ئەوەی تەنگی پێهەڵچنی بوو و هەموو ڕۆژێک لێی دووبارە دەکردەوە، هەتا وەڕسی کردبوو. بۆیە هەموو دڵی خۆی بۆ کردەوە و پێی گوت: «گوێزان بەسەر سەرمدا نەهاتووە، چونکە لە سکی دایکمەوە بۆ خودا تەرخانکراوم16‏:17 تەرخانکراوم: واتا نەزر دەکات. بڕوانە سەرژمێری بەشی 6.‏. جا ئەگەر سەرم بتاشرێت هێزەکەم لێم دەڕوات و لاواز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.» جا دەلیلا کە بینی هەموو ئەوەی لە دڵیدایە پێی گوت، حوکمڕانە فەلەستییەکانی بانگکرد و گوتی: «ئەم جارە سەربکەون، چونکە هەموو ئەوەی کە لە دڵیدا بوو پێی گوتم.» ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان سەرکەوتنە سەرەوە بۆ لای و زیوەکەیان لەگەڵ خۆیاندا برد. ئینجا لەسەر ڕانی خەواندی و پیاوێکی بانگکرد و هەر حەوت تیسکەکەی سەری تاشی و دەستی بە زەلیلی کرد و هێزەکەی لە دەست دا. ئینجا گوتی: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» جا ئەویش لە خەو خەبەری بووەوە و گوتی: «وەک هەموو جارێک دەچمە دەرەوە و خۆم ڕادەتەکێنم و ئازاد دەبم.» بەڵام نەیزانی یەزدان بەجێی هێشتووە. جا فەلەستییەکان گرتیان و چاویان هەڵکۆڵی و بردیانە خوارەوە بۆ غەزە و بە زنجیری بڕۆنز بەستیانەوە و لە زینداندا ئیشی دەستاڕی دەکرد. بەڵام مووی سەری دەستی بە هاتنەوە کرد پاش ئەوەی تاشرابوو. مردنی شەمشون حوکمڕانە فەلەستییەکانیش کۆبوونەوە بۆ ئەوەی قوربانییەکی گەورە بۆ داگۆنی خوداوەندیان سەر ببڕن و ئاهەنگ بگێڕن و گوتیان: «خوداوەندەکەمان شەمشونی دوژمنمانی داوەتە دەستمان.» جا گەل کە شەمشونیان بینی ستایشی خوداوەندەکەیان کرد، چونکە گوتیان: «خوداوەندەکەمان ئەو دوژمنەمانی دایە دەستمان کە خاکەکەی ئێمەی وێران کرد و زۆری لێ کوشتین.» پاش ئەوەی دڵیان خۆش بوو، گوتیان: «شەمشون بانگ بکەن هەتا جۆش و خرۆشمان پێبدات.» ئینجا شەمشونیان لە زیندانەوە بانگکرد و لەبەردەمیاندا نواندنی بۆ دەکردن. کاتێک لەنێوان کۆڵەکەکان ڕایانوەستاند، شەمشون بەو مێردمنداڵەی گوت کە دەستی گرتبوو: «لێمگەڕێ با دەست بدەمە کۆڵەکەکان کە پەرستگاکەی لەسەر ڕاوەستاوە هەتا خۆمیان پێوە بگرم.» پەرستگاکەش پڕ بوو لە پیاو و ئافرەت و هەموو حوکمڕانە فەلەستییەکانیش لەوێ بوون، لە سەربانەکەش سێ هەزار پیاو و ئافرەتی لێبوو، تەماشای شەمشونیان دەکرد نواندنی بۆ دەکردن. جا شەمشون هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تکایە بە بیری خۆتم بهێنەرەوە، تکایە بەهێزم بکە، تەنها ئەم جارە ئەی خودایە، بۆ ئەوەی بە یەک جار تۆڵەی چاوم لە فەلەستییەکان بکەمەوە.» ئینجا شەمشون دوو کۆڵەکەکەی ناوەندی گرت کە پەرستگاکە لەسەریان ڕاوەستابوو و خۆی پێیانەوە گرت، یەکێکیان لەلای دەستە ڕاستی و ئەوی دیکەیان لەلای دەستە چەپی. ئینجا شەمشون گوتی: «با لەگەڵ فەلەستییەکاندا بمرم!» جا بە هەموو هێزی چەمایەوە و پەرستگاکە بەسەر حوکمڕانەکان و هەموو ئەو خەڵکەی تێیدا بوون ڕووخا، جا ئەوانەی لە کاتی مردنیدا کوشتنی زیاتر بوون لەوانەی لە ژیانیدا کوشتنی. ئینجا براکانی و هەموو ماڵی باوکی دابەزین و هەڵیانگرت و بردیانە سەرەوە، لەنێوان چۆرعا و ئەشتائۆل لەناو گۆڕی مانۆوەحی باوکی ناشتیان. ئەویش بیست ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد. بتەکانی میخا پیاوێک هەبوو لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بە ناوی میخا، بە دایکی گوت: «ئەو هەزار و سەد شاقل17‏:2 نزیکەی 13 کیلۆگرام.‏ زیوەی لە تۆ دزرا و منیش گوێم لێبوو نەفرەتت لە دزەکەی کرد، ئەوەتا زیوەکە لەلای منە و من بردم.» دایکیشی گوتی: «یەزدان بەرەکەتدارت بکات کوڕم!» کاتێک هەزار و سەد شاقل زیوەکەی بۆ دایکی گەڕاندەوە، دایکی گوتی: «بە دەستی خودی خۆم زیوەکەم بۆ یەزدان تەرخان کردووە لە پێناوی کوڕەکەم، بۆ دروستکردنی پەیکەرێکی داتاشراو و بتێکی لەقاڵبدراو. ئێستاش دەیگەڕێنمەوە بۆت.» جا کاتێک زیوەکەی گەڕاندەوە بۆ دایکی، دایکیشی دوو سەد شاقل زیوی17‏:4 نزیکەی 2,3 کیلۆگرام.‏ برد و دای بە زیوگەرێک، ئەویش پەیکەرێکی داتاشراو و بتێکی لەقاڵبدراوی لێ دروستکردن و هەردووکیان لە ماڵی میخادا بوون. جا میخا بتخانەی هەبوو، ئێفۆد17‏:5 ئێفۆد: جلوبەرگێک بووە کە هێمای نوێنەرایەتی کاهین بوو بۆ گەلی خودا. بڕوانە دەرچوون 28‏:12‏.‏ و بتی17‏:5 لە زمانی عیبری ئەم وشەیە مەبەستی لە جۆرێک بت بووە لەناو ماڵەوە، لە شێوەی مرۆڤ بووە.‏ دروستکرد و ئەرکی بە یەکێک لە کوڕەکانی سپارد و کردی بە کاهین بۆ خۆی. لەو سەردەمەشدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو، هەرکەس ئەوەی دەکرد کە لەبەرچاوی خۆی ڕاست بوو. گەنجێک لە بێت‌لەحمی یەهودا هەبوو لەناو هۆزی یەهودا، خۆی لێڤی بوو و لەوێ نیشتەجێ بوو. لە شارۆچکەکەوە لە بێت‌لەحمی یەهوداوە ڕۆیشت هەتا لە هەرکوێیەک بۆی ڕێک بکەوێت لەوێ نیشتەجێ بێت. کاتێک بەڕێوە بوو، هات بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بۆ ماڵی میخا. میخاش پێی گوت: «لەکوێوە هاتوویت؟» ئەویش گوتی: «من لێڤیم و خەڵکی بێت‌لەحمی یەهودام و دەڕۆم بۆ ئەوەی لە هەرکوێیەک بۆم ڕێک بکەوێت لەوێ نیشتەجێ بم.» میخاش پێی گوت: «لەلای من بمێنەوە و ببە بە باوک و کاهینم، لە ساڵێکدا دە شاقل17‏:10 نزیکەی 110 گرام.‏ زیو و دەستێک جل و خواردنت دەدەمێ.» جا لێڤییەکەش لەگەڵی چوو و ڕازی بوو لەگەڵ پیاوەکە بمێنێتەوە، گەنجەکە بۆی بووە یەکێکی وەک کوڕەکانی. ئینجا میخا لێڤییەکەی دامەزراند و گەنجەکە بووە کاهینی و لەناو ماڵەکەی ژیا. جا میخا گوتی: «ئێستا زانیم یەزدان چاکەم لەگەڵدا دەکات، چونکە لێڤییەکە بووە بە کاهینم.» دانییەکان لە لەیش نیشتەجێ بوون لەو سەردەمەدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو. لەو ڕۆژانەشدا هۆزی دانییەکان بەدوای شوێنێکدا دەگەڕان بۆ نیشتەجێبوون، چونکە هەتا ئەو ڕۆژەش لەنێو هۆزەکانی ئیسرائیلدا هیچ میراتێکیان بەرنەکەوتبوو. جا نەوەی دان لە چۆرعا و لە ئەشتائۆلەوە پێنج جەنگاوەری لێهاتوویان لە تێکڕای خێڵەکەیانەوە نارد، بۆ ئەوەی سیخوڕی بەسەر خاکەکەوە بکەن و بیپشکنن، پێیان گوتن: «بڕۆن و خاکەکە بپشکنن.» جا ئەوانیش هاتن بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بۆ ماڵی میخا و لەوێ مانەوە. لەو کاتەدا کە ئەوان لە نزیک ماڵی میخا بوون، دەنگی کوڕە لێڤییەکەیان ناسییەوە و چوون بۆ ئەوێ و لێیان پرسی: «کێ تۆی هێناوە بۆ ئێرە؟ لەم شوێنە چی دەکەیت؟ چیت لێرە هەیە؟» ئەویش پێی گوتن: «میخا ئەمە و ئەوەی بۆ کردووم و بە کرێی گرتووم و بووم بە کاهینی.» ئەوانیش پێیان گوت: «تکایە لە خودا بپرسە و بزانە لەو ڕێگایەدا سەرکەوتوو دەبین کە پێیدا دەڕۆین؟» کاهینەکەش وەڵامی دانەوە: «بە سەلامەتی بڕۆن، ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن چاوی یەزدانی لەسەرە.» ئینجا پێنج پیاوەکە ڕۆیشتن و هاتنە لەیش، تەماشایان کرد ئەو گەلەی تێیدایە بە ئاسوودەیی دەژین، وەک نەریتی سەیدائییەکان، ئاسوودە و خاوەن متمانە بوون، چونکە زەوییەکە لە هیچ شتێکدا کەموکوڕی نەبوو و دەوڵەمەندیش بوون. جگە لەوەش لە سەیدائییەکانەوە دووربوون و پەیوەندیشیان بە کەسەوە نەبوو. جا هاتنەوە بۆ لای خزمەکانیان بۆ چۆرعا و ئەشتائۆل و خزمەکانیان لێیان پرسین: «ها هەواڵ چی بوو؟» ئەوانیش گوتیان: «هەستن با بچینە سەریان، چونکە بینیمان خاکەکە زۆر چاکە، جا بێدەنگ مەبن و لە ڕۆیشتن تەمبەڵی مەکەن بۆ ئەوەی بچنە ناو خاکەکەوە و ببن بە خاوەنی. کاتێک دەگەنە ئەوێ، گەلێکی خاوەن متمانە و خاکێکی لە دوو لاوە بەر فراوان دەبینن. خودا خستوویەتییە ژێر دەستتانەوە و شوێنێکە لەسەر ڕووی زەوی کەموکوڕی لە هیچ شتێک نییە.» ئیتر شەش سەد پیاوی چەکدار لە خێڵی دانییەکان لە چۆرعا و ئەشتائۆلەوە بۆ شەڕکردن بەڕێکەوتن. پیاوەکان سەرکەوتن و لە قیریەت یەعاریم لە یەهودا چادریان هەڵدا، لەبەر ئەوە هەتا ئەمڕۆش بەو شوێنە دەگوترێت مەحەنێی دان18‏:12 مەحەنێی دان: واتا ئۆردوگای دان.‏، شوێنەکەش لە ڕۆژئاوای قیریەت یەعاریمەوەیە. لەوێشەوە پەڕینەوە بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و هاتن بۆ ماڵی میخا. ئینجا ئەو پێنج پیاوەی کە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر خاکی لەیشەوە چووبوون، بە خزمەکانیان گوت: «ئایا دەزانن لەم ماڵەدا ئێفۆد و بت و پەیکەری داتاشراو و بتی لەقاڵبدراو هەیە؟ کەواتە ئێستا بیربکەنەوە چی بکەن.» ئینجا ڕوویان کردە ئەوێ و هاتن بۆ ماڵی میخا، سڵاویان لە کوڕە لێڤییەکە کرد. شەش سەد پیاوە چەکدارەکەی نەوەی دان بە هەموو چەک و تفاقەوە لەبەردەم دەرگاکە ڕاوەستان. ئەو پێنج پیاوەی کە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر خاکەکەوە چووبوون، سەرکەوتن و چوونە ژوورەوە بۆ ئەوێ، پەیکەرە داتاشراوەکە و ئێفۆدەکە و بتەکان و بتە لەقاڵبدراوەکەیان برد، کاهینەکەش لەبەردەم دەرگاکە لەگەڵ شەش سەد پیاوە چەکدارەکە ڕاوەستابوو. کاتێک پێنج پیاوەکە چوونە ناو ماڵی میخا و پەیکەرە داتاشراوەکە و ئێفۆدەکە و بتەکان و بتە لەقاڵبدراوەکەیان برد، کاهینەکە لێی پرسین: «ئەوە چی دەکەن؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «بێدەنگ بە! دەستت بخەرە سەر دەمت و لەگەڵمان وەرە، ببە بە باوک و کاهینمان. چاکترە کاهینی ماڵی یەک پیاو بیت، یاخود کاهینی هۆزێک و خێڵێک لە ئیسرائیلدا؟» ئیتر کاهینەکەش دڵخۆش بوو، ئێفۆدەکە و بتەکان و پەیکەرە داتاشراوەکەی برد و چووە ڕیزی گەلەکەوە. ئینجا ڕۆیشتن، منداڵ و ئاژەڵی ماڵی و هەرچی بەهادار بوو دایانە پێش خۆیان. کاتێک لە ماڵی میخا دوور کەوتنەوە ئەو پیاوانەی کە لەناو ماڵەکانی نزیک ماڵی میخا بوون، دوای نەوەی دان کەوتن و پێیان گەیشتن. هاواریان لە نەوەی دان کرد. ئەوانیش ئاوڕیان دایەوە و بە میخایان گوت: «ئەوە چیتە، پیاوەکانت بانگکردووە بۆ ئەوەی شەڕ بکەن؟» ئەویش گوتی: «ئەو بتانەی دروستم کردن لەگەڵ کاهینەکە بردووتانە و ڕۆیشتوون، هیچم بۆ نەماوەتەوە، ئیتر چۆن پێم دەڵێن، ”ئەوە چیتە؟“» نەوەی دانیش وەڵامیان دایەوە: «با لەنێوماندا گوێمان لە دەنگت نەبێت، نەوەک ئەم پیاوە سەرگەرمانە پەلامارت بدەن و گیانی خۆت و خێزانەکەت بکێشن.» ئینجا نەوەی دان ڕێگای خۆیان گرتەبەر، کە میخاش بینی لەو بەهێزترن، گەڕایەوە و چووەوە بۆ ماڵەکەی. بەڵام ئەوان ئەوەی میخا دروستی کردبوو لەگەڵ کاهینەکەیدا بردیان و چوونە لەیش، بۆ لای گەلێکی ئاسوودە و خاوەن متمانە، جا دایانە بەر شمشێر و شارەکەیان سووتاند. کەسیش نەبوو بە هانای بگات، چونکە شارەکە لەناو دۆڵی بێت‌ڕەحۆڤ بوو کە لە سەیداوە دوور بوو، پەیوەندیشیان بە کەسەوە نەبوو. ئینجا دانییەکان شارەکەیان بنیاد ناوە و تێیدا نیشتەجێ بوون و شارەکەیان ناو نا دان، بە ناوی دانی باپیر گەورەیانەوە کە یەکێک بوو لە کوڕەکانی ئیسرائیل18‏:29 لە کوڕەکانی ئیسرائیل: واتا یەکێک بوو لە کوڕەکانی یاقوب.‏، بەڵام پێشتر شارەکە ناوی لەیش بوو. ئینجا نەوەی دان پەیکەرە داتاشراوەکەیان بۆ خۆیان دانا و یۆناتانی کوڕی گێرشۆمی کوڕی موسا خۆی و کوڕەکانی بوون بە کاهینی هۆزی دانییەکان هەتا ڕۆژی ڕاپێچکردنی خەڵکی خاکەکە. بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە ماڵی خودا لە شیلۆ بوو، ئەو پەیکەرە داتاشراوەی کە میخا دروستی کردبوو بۆ خۆیان دایاننا. پیاوێکی لێڤی و کەنیزەکەی لەو سەردەمەدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو. پیاوێکی لێڤی لە شوێنێکی دوورەدەستی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمدا نیشتەجێ بوو، کەنیزەیەکی هێنا خەڵکی بێت‌لەحمی یەهودا بوو. ئیتر کەنیزەکە داوێنپیسی کرد و چووەوە بۆ ماڵی باوکی لە بێت‌لەحمی یەهودا، چوار مانگ لەوێ مایەوە. ئینجا پیاوەکەی هەستا و بەدوایدا چوو بۆ ئەوەی ئاشتی بکاتەوە و بیگەڕێنێتەوە، ئیتر خزمەتکارەکەی و دوو گوێدرێژی لەگەڵ خۆی برد. ژنەکەش پیاوەکەی بردە ناو ماڵی باوکی. کاتێک باوکی کیژەکە بینی بە دڵخۆشییەوە بەخێرهاتنی کرد. خەزووری واتا باوکی کیژەکە گلی دایەوە و سێ ڕۆژ لەگەڵیدا مایەوە، خواردیان و خواردیانەوە و لەوێ مایەوە. لە ڕۆژی چوارەمدا بەیانی زوو لە خەو هەستان و لێڤییەکە خۆی ئامادە کرد بۆ ڕۆیشتن، باوکی کیژەکە بە زاواکەی گوت: «تۆ بە پارووە نانێک بەری دڵت بگرە و پاشان لەگەڵ ئەوان بڕۆ.» ئینجا هەردووکیان دانیشتن و خواردیان و پێکەوە خواردیانەوە، باوکی کیژەکە بە پیاوەکەی گوت: «ڕازی بە و ئەمشەویش بە خۆشی بەسەربەرە.» جا کە پیاوەکە هەستا بڕوات، خەزووری زۆری لێکرد، تاکو شەوێکی دیکە لەوێ بمێنێتەوە. پاشان بۆ سبەینێ لە ڕۆژی پێنجەمدا هەستا بۆ ئەوەی بڕوات، باوکی کیژەکە گوتی: «بەری دڵت بگرە ئینجا بڕۆ!» ئینجا هەتا دوای نیوەڕۆ مانەوە و هەردووکیان نانیان خوارد. ئیتر پیاوەکە هەستا بۆ ئەوەی لەگەڵ کەنیزەکەی و خزمەتکارەکەیدا بڕوات، جا خەزووری، واتا باوکی کیژەکە، گوتی: «ئەوا ڕۆژ لە ئاوابوونە، لەبەر ئەوە بمێنەوە. وا کۆتایی ڕۆژە، ئەمشەویش بە خۆشی بەسەربەرە، سبەینێ زوو بکەوە ڕێ و بگەڕێوە بۆ شوێنی خۆت.» بەڵام پیاوەکە نەیویست بمێنێتەوە، بەڵکو هەستا و ڕۆیشت، گەیشتە بەرامبەر یەبوس، واتا ئۆرشەلیم، دوو گوێدرێژە کورتانکراوەکەی و کەنیزەکەی لەگەڵدا بوو. لەو کاتەدا لە نزیک یەبوس بوون و ڕۆژ زۆر نزیک بوو لە ئاوابوون، خزمەتکارەکە بە گەورەکەی گوت: «وەرە با بچین بۆ ئەم شارەی یەبوسییەکان و تێیدا بمێنینەوە.» بەڵام گەورەکەی پێی گوت: «ناچین بۆ شارێکی بێگانە کە هیچ کەسێکی لێ نییە لە نەوەی ئیسرائیل بێت، بەڵکو دەپەڕینەوە بۆ گیڤعا.» ئینجا بە خزمەتکارەکەی گوت: «با بەرەو پێش بچین، بەڵکو شەو لە گیڤعا یان لە ڕامە بمێنینەوە.» ئیتر پەڕینەوە و ڕۆیشتن، لە نزیک گیڤعای بنیامینەوە خۆریان لێ ئاوابوو. بەلای گیڤعادا لایاندا و چوونە ئەوێ تاکو شەو لەوێ بمێننەوە. لە مەیدانی شارەکە دانیشتن، بەڵام کەس نەیگرتنە خۆیان بۆ ئەوەی لە ماڵەکەیدا بمێننەوە. لەو کاتەدا پیرەمێردێک دەمەو ئێوارە لە کێڵگەوە لە کار دەگەڕایەوە، ئەم پیاوە خەڵکی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بوو، لە گیڤعادا نیشتەجێ بوو، خەڵکی شارەکەش بنیامینی بوون. پیرەمێردەکە چاوی هەڵبڕی و پیاوە ڕێبوارەکەی لەناو مەیدانی شارەکەدا بینی، پێی گوت: «بۆ کوێ دەچیت و لەکوێوە هاتوویت؟» ئەویش پێی گوت: «ئێمە لە بێت‌لەحمی یەهوداوە هاتووین بۆ شوێنێکی دوورەدەستی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم دەچین. من خەڵکی ئەوێم و چووم بۆ بێت‌لەحمی یەهودا، ئێستا بەرەو ماڵی یەزدان19‏:18 ماڵی یەزدان: مەبەست لە شوێنی لێڤییەکەیە، دەشێت بەشێک لە ماڵی خۆی بێت.‏ دەچم و کەسیش نییە بمگرێتە خۆی. هەروەها کا و ئالیکمان پێیە بۆ گوێدرێژەکانمان، خۆم و ژنەکەم و خزمەتکارەکەم نان و شەرابمان پێیە. پێویستمان بە هیچ نییە.» پیرەمێردەکە گوتی: «بەخێر بێیت، هەموو پێداویستییەکانت لەسەر من، بەڵام لە مەیدانەکە مەمێنەوە.» ئینجا بردی بۆ ماڵی خۆی و ئالیکی دایە گوێدرێژەکانیان، قاچیان شوشت و خواردیان و خواردیانەوە. لەو کاتەدا کە دەحەوانەوە، پیاوە بەدڕەوشتەکانی شارەکە ماڵەکەیان گەمارۆ دا و لە دەرگاکەیان دا، لەگەڵ پیرەمێردەکەی خاوەنی ماڵەکە قسەیان کرد و گوتیان: «ئەو پیاوەی کە هاتە ناو ماڵەکەت بیهێنە دەرەوە بۆ ئەوەی لەگەڵی جووت بین.» خاوەن ماڵەکە چووە دەرەوە بۆ لایان و پێی گوتن: «نا براکانم، کاری خراپ مەکەن. لەبەر ئەوەی ئەم پیاوە هاتووەتە ناو ماڵەکەی من، ئەم بێ ئابڕووییە مەکەن. ئەوەتا کچە پاکیزەکەم و کەنیزەی پیاوەکە، تکایە با بیانهێنمە دەرەوە و لاقەیان بکەن، چیتان پێ خۆشە لەگەڵیاندا بیکەن، بەڵام ئەم بێ ئابڕووییە لەگەڵ ئەم پیاوەدا مەکەن.» بەڵام پیاوەکان نەیانویست گوێی لێ بگرن. ئیتر پیاوەکە کەنیزەکەی گرت و ناردییە دەرەوە بۆیان. ئەوانیش بە درێژایی شەو هەتا بەیانی لاقەیان کرد و بە خراپی لەگەڵیدا ڕایانبوارد، بەرەبەیان بەڕەڵایان کرد. بەرەبەیان ژنەکە هات و هەتا ڕۆژ بووەوە لە بەردەرگای ماڵی پیاوەکەدا کەوت، کە گەورەکەشی لەوێ بوو. کاتێک گەورەکەی بەیانی هەستا و دەرگاکانی ماڵەکەی کردەوە و هاتە دەرەوە هەتا بەڕێ بکەوێت، لەو کاتەدا ژنە کەنیزەکەی لە بەردەرگای ماڵەکە کەوتبوو و دەستی لەسەر سەکۆیەکە بوو. پێی گوت: «هەستە با بڕۆین.» بەڵام وەڵام نەبوو. ئینجا خستییە سەر گوێدرێژەکە و گەڕایەوە بۆ شوێنەکەی خۆی. کاتێک گەیشتەوە ماڵ، چەقۆیەکی هێنا و کەنیزەکەی گرت و پەلپەلی کرد، کردی بە دوازدە پارچە و ناردنی بۆ هەموو هەرێمەکانی ئیسرائیل. جا هەرکەسێک بینی گوتی: «لە ڕۆژی کۆچکردنی نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسرەوە هەتا ئەمڕۆ شتی وا نەبووە و نەبینراوە. لێی وردبنەوە و ڕاوێژ بکەن و قسەی لەسەر بکەن!» جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ بنیامین ئینجا هەموو نەوەی ئیسرائیل هاتنە دەرەوە و کۆمەڵەکە وەک یەک پیاو لەبەردەم یەزدان کۆبوونەوە20‏:1 ئەو کەسانەی کۆبوونەتەوە بۆ پێکهێنانی لەشکر. بڕوانە 21‏:5.‏ لە میچپا، لە دانەوە هەتا بیری شابەع20‏:1 واتا لە باکووری ئیسرائیل هەتا باشوور.‏ و هەروەها خاکی گلعاد. سەرۆکەکانی هەموو گەل، هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی گەلی خودا وەستان و ژمارەیان چوار سەد هەزار پیادەی شمشێر بەدەست بوو. نەوەی بنیامینیش بیستیانەوە کە نەوەی ئیسرائیل سەرکەوتوون بۆ میچپا. جا نەوەی ئیسرائیل گوتیان: «قسە بکەن ئەم کارە خراپە چۆن ڕوویدا؟» پیاوە لێڤییەکە مێردی ژنە کوژراوەکە وەڵامی دایەوە و گوتی: «من و کەنیزەکەم هاتینە گیڤعای بنیامین بۆ ئەوەی شەو لەوێ بەسەربەرین. جا خەڵکی گیڤعا شەو هاتنە سەرم و لە ماڵەکەدا گەمارۆیان دام و بەتەمابوون بمکوژن، کەنیزەکەی منیان لاقە کرد هەتا مرد. منیش کەنیزەکەی خۆمم گرت و لەتلەتم کرد و ناردم بۆ هەموو هەرێمەکانی ئیسرائیل، چونکە ئەوانە ئەوپەڕی بەدڕەوشتییان لە ئیسرائیل ئەنجام داوە. ئێستاش هەموو نەوەی ئیسرائیل لێرەیە، جا ڕاوێژ و بڕیاری خۆتان بڵێن.» ئینجا هەموو گەل وەک یەک پیاو هەستان و گوتیان: «کەس لە ئێمە ناچێتەوە بۆ چادرەکەی و کەسیش لا نادات بۆ ماڵەکەی. ئێستاش ئەمە ئەو کارەیە کە بە گیڤعای دەکەین: بەپێی تیروپشک، لە دژیان سەردەکەوین. لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا دە پیاو لە هەر سەد پیاوێک و سەد لە هەزار و هەزار لە دە هەزار جیا دەکەینەوە بە مەبەستی هێنانی خۆراک بۆ سوپا لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ گیڤعای بنیامین. دەبێت بەپێی هەموو ئەو بێ ئابڕووییەی لە ئیسرائیل کردیان، سزا بدرێن.» ئینجا هەموو پیاوانی ئیسرائیل وەک یەک پیاو کۆبوونەوە لە دژی شارەکە. جا هۆزەکانی ئیسرائیل چەند پیاوێکیان بۆ هەموو هۆزەکانی بنیامین نارد و گوتیان: «ئایا ئەو بەدکارییە چی بوو لەنێوتاندا ڕوویدا؟ جا ئێستا ئەو پیاوە بەدڕەوشتانەی کە لە گیڤعادان بیاندەنە دەستمان بۆ ئەوەی بیانکوژین و خراپە لە ئیسرائیلدا ڕیشەکێش بکەین.» بەڵام نەوەی بنیامین نەیانویست گوێ لە براکانیان و لە نەوەی ئیسرائیل بگرن. ئینجا نەوەی بنیامین لە شارۆچکەکانی خۆیانەوە بۆ گیڤعا کۆبوونەوە هەتا بۆ جەنگان لە دژی ئیسرائیل بێنە دەرەوە. نەوەی بنیامین لەو ڕۆژەدا لە شارۆچکەکانی خۆیانەوە بیست و شەش هەزار پیاوی شمشێر بە دەستیان کۆکردەوە جگە لە دانیشتووانی گیڤعا کە ژمارەیان حەوت سەد پیاوی هەڵبژاردە بوو. لە هەموو ئەم گەلە حەوت سەد پیاوی هەڵبژاردەی هەبوون کە بە دەستی چەپ بە بەردەقانی20‏:16 بەردەقانی: قۆچەقانی.‏ نیشانیان لە موو دەگرت و دەیانپێکا. جا نەوەی ئیسرائیلیش بێجگە لە بنیامین، چوار سەد هەزار پیاوی شمشێر بەدەستیان کۆکردەوە و هەموویان پیاوی جەنگ بوون. جا نەوەی ئیسرائیل هەستان و سەرکەوتن بۆ بێت‌ئێل و پرسیاریان لە خودا کرد و گوتیان: «کێ لە ئێمە یەکەم جار سەردەکەوێت بۆ جەنگ لە دژی نەوەی بنیامین؟» یەزدانیش گوتی: «یەکەم جار یەهودا.» ئینجا بۆ بەیانی نەوەی ئیسرائیل هەستان و چادریان هەڵدا لە دژی گیڤعا. ئینجا پیاوانی ئیسرائیل بۆ جەنگ لە دژی بنیامین هاتنە دەرەوە و پیاوانی ئیسرائیل لە نزیک گیڤعاوە بۆ جەنگ ڕیزیان بەست. نەوەی بنیامینیش لە گیڤعاوە هاتنە دەرەوە و لەو ڕۆژەدا بیست و دوو هەزار پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل لەناوبرد. بەڵام پیاوانی ئیسرائیل یەکتریان هاندا و دووبارە بۆ جەنگ لەو شوێنەدا ڕیزیان بەستەوە کە لە ڕۆژی یەکەمدا تێیدا ڕیزیان بەست. پاشان نەوەی ئیسرائیل سەرکەوتن و هەتا ئێوارە لەبەردەم یەزدان گریان و پرسیاریان لە یەزدان کرد و گوتیان: «ئایا بگەڕێینەوە بۆ جەنگ لە دژی بنیامینی برامان؟» یەزدانیش گوتی: «سەربکەونە سەرەوە بۆیان.» ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە ڕۆژی دووەمدا لە دژی نەوەی بنیامین چوونە پێشەوە و بنیامینیش لە ڕۆژی دووەمدا لە گیڤعاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەیان چوونە دەرەوە و دووبارە هەژدە هەزار پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل لەناوبرد کە هەموو شمشێر بەدەست بوون. ئینجا هەموو نەوەی ئیسرائیل، هەموو گەل سەرکەوتن، هاتن بۆ بێت‌ئێل و گریان، لەوێدا لەبەردەم یەزداندا دانیشتن، لەو ڕۆژەدا هەتا ئێوارە بە ڕۆژوو بوون و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان20‏:26 قوربانی هاوبەشی: ئەم قوربانییە هاودەمی قوربانی سووتاندن بوو. تەنها یەک کەس هەڵدەستا بە دابینکردنی ئەم قوربانییە، بەڵام لەگەڵ خەڵکی دیکە بەشی زۆری ئەم قوربانییەیان لەبەردەم خودا دەخوارد وەک هێمایەک بۆ پێکەوە ژیان. بڕوانە لێڤییەکان 7‏:11‏-15.‏ لەبەردەم یەزدان پێشکەش کرد. جا نەوەی ئیسرائیل لە یەزدانیان پرسی. لەو سەردەمەدا سندوقی پەیمانی خودا لەوێ بوو، هەروەها لەو سەردەمەدا فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارون لەبەردەمیدا خزمەتی دەکرد. لە یەزدانیان پرسی و گوتیان: «ئایا بگەڕێینەوە بۆ جەنگ لە دژی نەوەی بنیامینی برامان یان واز بهێنین؟» یەزدانیش گوتی: «سەربکەون، چونکە سبەینێ دەیاندەم بەدەستتانەوە.» ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە چواردەوری گیڤعا بۆسەیان دانا و لە ڕۆژی سێیەم هێرشیان کردە سەر نەوەی بنیامین و وەک جاری یەکەم و دووەم لە نزیک گیڤعاوە ڕیزیان بەست. نەوەی بنیامینیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەل چوونە دەرەوە و لە شارەکە دوور کەوتنەوە. وەک دوو جارەکەی پێشتر دەستیان بە لێدانی گەل کرد و نزیکەی سی پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل کوشت، لەو دوو ڕێگایەی کە یەکێکیان سەردەکەوت بۆ بێت‌ئێل و ئەوەی دیکەیان لە دەشتودەرەوە بۆ گیڤعا دەچوو. نەوەی بنیامین گوتیان: «وەک یەکەم جار لەبەردەمماندا بەزیوون.» بەڵام نەوەی ئیسرائیل گوتیان: «با هەڵبێین و لە شارەکە دووریان بخەینەوە بەرەو ڕێگاکان.» ئینجا هەموو پیاوانی ئیسرائیل لە شوێنەکانیانەوە هەستان و لە بەعل‌تاماردا ڕیزیان بەست، ئیسرائیلییەکان لە بۆسەکەیانەوە لە ڕۆژئاوای گیڤعا ڕاپەڕین. لە بەرامبەر گیڤعاوە دە هەزار پیاوی هەڵبژاردە لە هەموو ئیسرائیلەوە هاتن و شەڕەکە گەرم بوو، بەڵام بنیامینییەکانیش نەیانزانی کە چ بەڵایەکیان بەسەرهاتووە. جا یەزدان لەبەردەم ئیسرائیلدا لە نەوەی بنیامینی دا و نەوەی ئیسرائیل لەو ڕۆژەدا بیست و پێنج هەزار و سەد پیاویان لە بنیامین لەناوبرد و هەموو ئەوانەش شمشێر بە دەست بوون. ئینجا نەوەی بنیامین بینییان کە تێکشکاون. پیاوانی ئیسرائیلیش لە بەرامبەر بنیامین کشانەوە، چونکە ئەوان پشتیان بەو بۆسەیە بەستبوو کە لە گیڤعادا نابوویانەوە. ئینجا پیاوانی بۆسەکە هەستان و چوونە ناو گیڤعاوە و شاڵاویان برد و بە شمشێر لە هەموو شارەکەیان دا. نیشانەی نێوان پیاوانی ئیسرائیل و پیاوانی بۆسەکەش ئەوە بوو کە دووکەڵێکی زۆر لە شارەکەوە بەرز بکەنەوە، جا پیاوانی ئیسرائیل لە جەنگەکەدا ئاوڕ دەدەنەوە و دەگەڕێنەوە. پێشتر نەوەی بنیامین سی پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل کوشتبوو و گوتیان: «بە دڵنیاییەوە وەک جەنگی یەکەم لەبەردەمماندا بەزیوون.» ئینجا کاتێک ستوونی دووکەڵ لە شارەکە بەرزبووەوە، نەوەی بنیامین ئاوڕیان دایەوە بۆ دواوە و تەماشایان کرد دووکەڵی هەموو شارەکە بە ئاسماندا دەچێت. ئینجا پیاوانی ئیسرائیل گەڕانەوە بۆیان و پیاوانی بنیامین تۆقین، چونکە زانییان بەڵایان بەسەرهاتووە. جا لەبەردەم پیاوانی ئیسرائیلدا بەرەو دەشتودەر هەڵاتن، بەڵام شەڕەکە پێیان گەیشت و ئەوانەش چووبوونە ناو شارۆچکەکانەوە لێیان ڕاپەڕین و لەناویانبردن. ئینجا بنیامینەکانیان گەمارۆ دا و بە ئاسانی ڕاویان نان و بەرامبەر بە گیڤعا لەلای ڕۆژهەڵاتەوە پێیان گەیشتنەوە. جا هەژدە هەزار جەنگاوەری بە توانا لە بنیامین کوژران. ئینجا بەرەو دەشتودەر سووڕانەوە و بۆ تاشەبەردی ڕیمۆن هەڵاتن، جا لە ڕێگادا پێنج هەزار پیاویان لێ کوشتن. هەتا گدعۆم ڕاویان نان و دوو هەزار پیاوی دیکەیان لێ کوشتن. لەو ڕۆژەدا بیست و پێنج هەزار پیاوی شمشێر بەدەست لە بنیامین کوژران و هەموویان جەنگاوەری بە توانا بوون. بەڵام شەش سەد پیاو سووڕانەوە و بەرەو دەشتودەر هەڵاتن بۆ تاشەبەردی ڕیمۆن و چوار مانگ لەوێ مانەوە. ئینجا پیاوانی نەوەی ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ نەوەی بنیامین و لەناو هەموو شارەکەدا بە شمشێر لە خۆیان و ئاژەڵەکانیان و لە هەموو شتەکانی شارەکەیان دا و هەروەها هەموو ئەو شارۆچکانەی پێی گەیشتن سووتاندیانن. پەیداکردنی ژن بۆ نەوەی بنیامین پێشتر پیاوانی ئیسرائیل لە میچپا سوێندیان خواردبوو و گوتبوویان: «کەس لە ئێمە کچی خۆی ناداتە نەوەی بنیامین بۆ هاوسەرگیری.» ئینجا گەل چوون بۆ بێت‌ئێل و هەتا ئێوارە لەوێدا لەبەردەم خودا مانەوە و دەنگیان بەرزکردەوە و گریان، گریانێکی بەکوڵ. گوتیان: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، بۆچی ئەمە لە ئیسرائیلدا ڕوویدا، هەتا ئەمڕۆ نەوەی ئیسرائیل هۆزێک لە دەست بدات؟» بۆ ڕۆژی دواتر گەل زوو هەستا و لەوێدا قوربانگایەکیان دروستکرد و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان پێشکەش کرد. ئینجا نەوەی ئیسرائیل گوتیان: «لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل کێ بۆ کۆبوونەوەکە نەهاتە بەردەم یەزدان؟»21‏:5 ئەو کەسانەی کۆبوونەتەوە بۆ پێکهێنانی لەشکر. بڕوانە 20‏:1.‏ لەبەر ئەوەی سوێندیان خواردبوو کە هەرکەسێک نەیەتە بەردەم یەزدان بۆ میچپا، دەبێت بکوژرێت. ئینجا نەوەی ئیسرائیل ئاخیان بۆ بنیامینی برایان هەڵکێشا و گوتیان: «ئەمڕۆ هۆزێک لە ئیسرائیلدا دابڕا. بۆ ئەوانەی لێیان ماونەتەوە چی بکەین لەبارەی ژنەوە، چونکە ئێمە سوێندمان بە یەزدان خواردووە کە لە کچەکانمان ژنیان نەدەینێ؟» ئینجا گوتیان: «چ هۆزێک لە هۆزەکانی ئیسرائیل نەهاتووەتە بەردەم یەزدان بۆ میچپا؟» جا بۆیان دەرکەوت کەس لە دانیشتووانی یاڤێش گلعاد بۆ کۆبوونەوەکەی ئۆردوگا نەهاتووە، چونکە کاتێک گەلیان ژمارد، تەماشایان کرد تەنها یەک پیاویش لە دانیشتووانی یاڤێش گلعاد نەهاتووە. ئینجا کۆمەڵەکە دوازدە هەزار جەنگاوەریان بۆ ئەوێ نارد و ڕایانسپاردن و گوتیان: «بڕۆن و دانیشتووانی یاڤێش گلعاد بدەنە بەر شمشێر، بە ژن و منداڵەکانیشەوە. دەبێت ئەمەش بکەن، هەموو نێرێک و هەموو ئافرەتێک لەناو ببەن کە لەگەڵ نێر پاڵکەوتبێت.» جا لە دانیشتووانی یاڤێش گلعاددا چوار سەد کچی پاکیزەیان بینییەوە کە لەگەڵ پیاو سەرجێییان نەکردبوو، ئەوانیان هێنا ئۆردوگاکە لە شیلۆ ئەوەی لە خاکی کەنعان بوو. ئینجا هەموو کۆمەڵەکە ناردیان و لەگەڵ نەوەی بنیامین ئەوانەی لە تاشەبەردی ڕیمۆندا بوون قسەیان کرد و بانگیان کردن بۆ ئاشتبوونەوە. جا لەو کاتەدا نەوەی بنیامین گەڕانەوە و ئەو کچانەیان دانێ کە لە یاڤێش گلعاد بە زیندوویی هێشتبوونیانەوە، بەڵام هێشتا بەشی هەموو پیاوەکانی نەوەی بنیامینی نەکرد. گەلیش ئاخیان بۆ نەوەی بنیامین هەڵکێشا، چونکە یەزدان کەلێنی کردە ناو هۆزەکانی ئیسرائیلەوە. ئینجا پیرانی کۆمەڵەکە گوتیان: «ژن لە نەوەی بنیامین نەماوە، چی بۆ ئەوانی دیکە بکەین لەبارەی ژنانەوە؟ پێویستە دەربازبووەکانی بنیامین میراتگریان هەبێت، تاکو هیچ هۆزێک لە ئیسرائیل نەسڕێتەوە. ئێمەش ناتوانین لە کچەکانمان ژنیان بدەینێ، چونکە نەوەی ئیسرائیل سوێندیان خواردووە و گوتوویانە، ”نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی ژن دەدات بە نەوەی بنیامین.“ ئەوەتا هەموو ساڵێک لە شیلۆدا جەژن دەگێڕن بۆ یەزدان، لە باکووری بێت‌ئێل لە ڕۆژهەڵاتی ئەو ڕێگایەی لە بێت‌ئێلەوە سەردەکەوێت بۆ شەخەم و لە باشووری لەڤۆنە.» ئینجا فەرمانیان دا بە نەوەی بنیامین و گوتیان: «بڕۆن و لە ڕەزەمێوەکاندا بۆسە بنێنەوە و چاوەڕێ بکەن هەتا کچانی شیلۆ دەچنە ناو سەماکردن، ئینجا ئێوە لە ڕەزەمێوەکانەوە وەرنە دەرەوە و هەریەکە و کچێک لە کچەکانی شیلۆ بۆ خۆتان بڕفێنن، بگەڕێنەوە بۆ خاکی بنیامین. جا ئەگەر باوک و براکانیان هاتن بۆ ئەوەی سکاڵامان لەلا بکەن، پێیان دەڵێین: ”لەبەر ئێمە بەزەییتان پێیاندا بێتەوە، چونکە لە جەنگدا بۆ هەریەکیان ژنێکمان دەست نەکەوت. ئێوەش تاوانبار نین لە شکاندنی سوێندتان، چونکە بە ڕەزامەندی خۆتان کچەکانتان نەدانێ.“»21‏:22 بڕوانە ئایەتی 7.‏ ئینجا نەوەی بنیامین ئاوایان کرد و بەپێی ژمارەیان ژنیان بۆ خۆیان لەو سەماکەرانە ڕفاند، ڕۆیشتن و گەڕانەوە بۆ میراتەکەیان21‏:23 بۆ میراتەکەیان: بڕوانە یەشوع 18‏:11‏-28.‏ و شارۆچکەکانیان بنیاد ناوە و تێیاندا نیشتەجێ بوون. ئینجا لەو کاتەدا نەوەی ئیسرائیل هەریەکە گەڕایەوە بۆ هۆزەکەی و خێڵەکەی. هەریەکە لەوێوە چووە دەرەوە بۆ میراتەکەی. لەو سەردەمەدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو و هەرکەس ئەوەی دەکرد کە لەبەرچاوی خۆی ڕاست بوو.