- Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version حەگەی حەگەی حەگەی حەگەی حەگەی بانگەوازێک بۆ بنیادنانەوەی ماڵی یەزدان لە یەکی مانگی شەشی ساڵی دووەمی داریوشی پاشا فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە بۆ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودا و بۆ یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین هات و فەرمووی: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئەم گەلە گوتیان: ”هەتا ئێستا کاتی بنیادنانەوەی ماڵی یەزدان نەهاتووە.“» ئینجا فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە هات: «ئایا دەگونجێ کە لە ماڵە ڕازاوەکەتان دابنیشن، بەڵام ئەم ماڵە وێرانە؟» ئێستاش یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لە کردەوەکانتان ڕابمێنن. زۆرتان چاند، بەڵام کەم هات. خواردتان، بەڵام تێر نەبوون. خواردتانەوە، بەڵام تینووێتیتان نەشکا. بەرگتان پۆشی، بەڵام گەرم نەبوونەوە. کرێگرتەش کرێ وەردەگرێت، بەڵام دەیخاتە گیرفانێکی دڕاو.» یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لە کردەوەکانتان ڕابمێنن. سەربکەونە سەر چیا و دار بهێنن و ماڵەکەی من بنیاد بنێن، لێی ڕازی دەبم و شکۆدار دەبم. چاوەڕێی زۆرتان کرد، بەڵام کەم هات. ئەوەی ئێوە هێناتانە ماڵەوە، فووم لێی کرد. لەبەر چی؟ لەبەر ماڵەکەم، ئەوەی کە وێرانە، ئێوەش هەریەکە و بە ماڵەکەی خۆیەوە سەرقاڵە. لەبەر ئەوە ئاسمان شەونمی لەسەر ئێوە ڕاگرت و زەویش بەروبوومی خۆی ڕاگرت. من وشکەساڵیم بانگکرد بۆ سەر زەوییەکە و بۆ سەر چیاکان، بۆ دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت، بۆ سەر هەرچی خاکەکە بەرهەمی دەهێنێت، بۆ سەر مرۆڤ و ئاژەڵ، بۆ سەر هەموو کارەکانی دەست.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. ئینجا زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین و هەموو پاشماوەی گەل گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگاریان و پەیامەکەی حەگەی پێغەمبەر بوون کە یەزدانی پەروەردگاریان ناردبووی، گەلیش لەبەردەم یەزدان ترسان. ئینجا حەگەی نێردراوی یەزدان پەیامەکەی یەزدانی بە هەموو گەل ڕاگەیاند و گوتی: «یەزدان دەفەرموێت، من لەگەڵتاندام.» ئینجا یەزدان ڕۆحی زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودای هەژاند لەگەڵ ڕۆحی یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین و ڕۆحی هەموو پاشماوەی گەل، جا هاتن و کارەکەی ماڵی یەزدانی سوپاسالاری خودای خۆیان ئەنجام دا، لە بیست و چواری مانگی شەشی ساڵی دووەمی داریوشی پاشا. بەڵێنی شکۆمەندی پەرستگای نوێ لە بیست و یەکی مانگی حەوت، فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە هات: «ئێستا قسە بکە لەگەڵ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودا و یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆکی کاهین و پاشماوەی گەل، بڵێ: ”لەوانەی کە ماونەتەوە کامەتان ئەو ماڵەی لە شکۆمەندی یەکەمیدا بینیوە؟ ئەی ئێستا ئێوە چۆن دەیبینن؟ ئایا وەک هیچ نایەتە بەرچاوتان؟“ یەزدان دەفەرموێت: ”بەڵام ئێستا ئەی زروبابل، بەهێزبە. ئەی یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆکی کاهین، بەهێزبە. ئەی هەموو گەلی خاکەکە، بەهێزبن و ئیش بکەن، چونکە من لەگەڵتانم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. ”بەپێی ئەو پەیمانەی لەگەڵتاندا بەستم کاتێک لە میسرەوە هاتنە دەرەوە، ڕۆحم لەنێوتاندا ماوە. مەترسن.“ «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”پاش کەمێک من جارێکی دیکە ئاسمان و زەوی، دەریا و وشکانی دەهەژێنم. هەموو گەلان دەهەژێنم و هەموو شتە گرانبەهاکانی گەلان دێن و ئەم ماڵە پڕ لە شکۆ دەکەم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. ”زیو بۆ منە، زێڕ بۆ منە.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. ”شکۆمەندی ئێستای ئەم ماڵە لە شکۆمەندی پێشتری مەزنتر دەبێت. لەم شوێنەدا ئاشتی دەبەخشم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.» بەرەکەت بۆ گەلی گڵاو لە بیست و چواری مانگی نۆی ساڵی دووەمی داریوش، فەرمایشتی یەزدان بۆ حەگەی پێغەمبەر هات و فەرمووی: «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”ئێستا لە کاهینەکان بپرسە تەورات چی دەڵێت: ئەگەر کەسێک گۆشتی تەرخانکراوی پیرۆزی بە دامێنی کراسەکەی هەڵگرت و دامێنی بە نان یان چێشت یان شەراب یان زەیت یان هەر خواردنێک کەوت، ئایا ئەم خواردنە پیرۆز دەبێت؟“» کاهینەکانیش وەڵامیان دایەوە گوتیان: «نەخێر.» ئینجا حەگەی گوتی: «ئەگەر کەسێک بە مردووێک گڵاو بووبێت، دەست لە یەکێک لەم خواردنانە بدات، ئایا ئەم خواردنە گڵاو دەبێت؟» کاهینەکان وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «بەڵێ، گڵاو دەبێت.» ئینجا حەگەی وەڵامی دایەوە و گوتی: «یەزدان دەفەرموێت: ”ئەم گەلە و ئەم نەتەوەیە لەبەردەمم ئاوان. هەموو کردەوەکانی دەستیان و ئەوەی لەوێ پێشکەشی دەکەن گڵاوە. «”ئێستاش لەمڕۆوە لە ڕۆژانی ڕابردوو ڕابمێنن: پێش ئەوەی لە پەرستگای یەزدان بەردێک بخرێتە سەر بەردێک چۆن بوو. لەو ڕۆژانە یەکێکتان دەهاتە سەر خەرمانی گەنم بیست ڕبە ببات، تەنها دە هەبوو. دەهاتە سەر قەڕابەکە تاکو پەنجا قاپی لێ پڕ بکات، تەنها بیست هەبوو. بە بای گەرمەسێر و کەڕوو و تەرزە لە هەموو کردەوەکانی دەستتانم دا، بەڵام ئێوە نەگەڕانەوە لام.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. ”لەم ڕۆژە بەدواوە ڕابمێنن، لە ڕۆژی بیست و چواری مانگی نۆ، لەو ڕۆژەوە کە پەرستگای یەزدان دامەزرا. لێی ڕابمێنن: ئایا هێشتا تۆو لە ئەمبارەکانە؟ ئەی مێو و هەنجیر و هەنار و داری زەیتوونیش هێشتا بەریان نەگرتووە؟ «”لەم ڕۆژەوە بەرەکەتدارت دەکەم.“» زروبابل ئەنگوستیلەی یەزدانە دووبارە فەرمایشتی یەزدان بۆ حەگەی هاتەوە، لە ڕۆژی بیست و چواری مانگی نۆ، فەرمووی: «قسە لەگەڵ زروبابلی فەرمانڕەوای یەهودا بکە و بڵێ: ”من ئاسمان و زەوی دەهەژێنم. تەختی پاشایەتییەکان وەردەگێڕم و هێزی پاشایەتی نەتەوەکان لەناودەبەم. گالیسکە و سوارەکەی وەردەگێڕم، ئەسپ و سوارەکانیان دەکوژرێن، هەریەکە بە شمشێری براکەی.“ «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”ئەی زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی بەندەی من، لەو ڕۆژەدا دەتبەم و وەک ئەنگوستیلەت لێ دەکەم بۆ خۆم، چونکە تۆم هەڵبژارد.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»