- Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version پەیدابوون پەیدابوون پەیدابوون پەیدابوون پەیدابوون یەکەم پەڕتووکی موسا سەرەتای بەدیهێنان لە سەرەتادا خودا ئاسمان و زەویی بەدیهێنا. زەویش بێ شێوە و بەتاڵ بوو، تاریکیش لەسەر ڕووی قووڵاییەکان بوو. ڕۆحی خوداش لەسەر ڕووی ئاوەکان دەجوڵایەوە. ڕۆژی یەکەم: ڕووناکی خودا فەرمووی: «با ڕووناکی ببێت.» ئینجا ڕووناکی بوو. خوداش بینی کە ڕووناکییەکە باش بوو. ئیتر خودا ڕووناکییەکەی لە تاریکی جیا کردەوە. خودا ڕووناکییەکەی ناو نا «ڕۆژ» و تاریکییەکەی ناو نا «شەو.» ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی یەکەم بوو. ڕۆژی دووەم: جیاکردنەوەی ئاوەکان خودا فەرمووی: «با بۆشاییەک1‏:6 بۆشاییەک: بۆشاییەکی لێککشاوە.‏ لەنێوان ئاوەکاندا ببێت، بۆ جیابوونەوەی ئاو لە ئاو.» جا ئاوا بوو. خودا بۆشاییەکەی دروستکرد و ئاوەکەی ژێر بۆشاییەکەی لە ئاوەکەی سەر بۆشاییە کراوەکە جیا کردەوە. خودا بۆشاییەکەی ناو نا «ئاسمان.» جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی دووەم بوو. ڕۆژی سێیەم: وشکانی و سەوزایی خودا فەرمووی: «با ئاوەکانی ژێر ئاسمان لە یەک شوێن کۆببنەوە و وشکانی دەربکەوێت.» جا ئاوا بوو. خودا وشکانییەکەی ناو نا «زەوی». ئاوە کۆبووەوەکەشی ناو نا «دەریا». خوداش بینی کە ئەمە باش بوو. ئینجا خودا فەرمووی: «با زەوی سەوزایی بەرهەم بهێنێت: ڕووەکی تۆودار و داری بەردار لەسەر زەوی، ئەوەی تۆوەکەی لەناو خۆیەتی، لە جۆری خۆی.» جا ئاوا بوو. زەوی سەوزایی بەرهەم هێنا: ڕووەکی تۆودار لە جۆری خۆی و دار کە بەر دروستبکات و تۆوەکەی تێدابێت لە جۆری خۆی. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو. جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی سێیەم بوو. ڕۆژی چوارەم: مانگ و خۆر ئینجا خودا فەرمووی: «با لە بۆشایی ئاسماندا ڕووناکییەکان هەبن بۆ جیاکردنەوەی ڕۆژ لە شەو، هەروەها بۆ نیشانکردنی وەرز و ڕۆژ و ساڵ. با ڕووناکییەکان لە بۆشایی ئاسماندا ببن، تاکو سەر زەوی ڕووناک بکەنەوە.» جا ئاوا بوو. هەروەها خودا دوو ڕووناکییە مەزنەکەی دروستکرد، ڕووناکییە گەورەکەیان بۆ فەرمانڕەوایەتی ڕۆژ، ڕووناکییە بچووکەکەشیان بۆ فەرمانڕەوایەتی شەو، هەروەها ئەستێرەکانیش. خودا لە بۆشایی ئاسماندا بۆ ڕووناککردنەوەی سەر زەوی داینان، بۆ فەرمانڕەوایەتی ڕۆژ و شەو و جیاکردنەوەی ڕووناکی لە تاریکی. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو. جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی چوارەم بوو. ڕۆژی پێنجەم: باڵندە و ماسی ئینجا خودا فەرمووی: «با ئاوەکان پڕ ببن لە ئاپۆرەی بوونەوەری زیندوو، با باڵندەش لە بۆشایی ئاسماندا بەسەر زەویدا بفڕێت.» ئیتر خودا بوونەوەرە مەزنەکانی دەریای بەدیهێنا، لەگەڵ هەموو زیندەوەرە جوڵاوەکانی ناو ئاوەکان کە لێی پڕبوون، بەپێی جۆرەکانیان، لەگەڵ هەموو باڵندەیەکی باڵداریش بەپێی جۆرەکانیان. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو. خودا بەرەکەتداری کردن و فەرمووی: «بەردار بن و زۆر بن و ئاوی دەریاکان پڕ بکەن، با باڵندەکانیش لەسەر زەوی زۆر ببن.» جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی پێنجەم بوو. ڕۆژی شەشەم: ئاژەڵ و مرۆڤ خودا فەرمووی: «با زەوی بوونەوەرە زیندووەکان لە جۆری خۆیان بەرهەم بهێنێت. ئاژەڵی ماڵی و خشۆکی زەوی و ئاژەڵی کێوی، هەریەکەیان لە جۆری خۆی.» جا ئاوا بوو. خودا ئاژەڵی کێوی بەپێی جۆری خۆیان دروستکرد، ئاژەڵی ماڵیش بەپێی جۆری خۆیان و هەموو خشۆکێکیش لەسەر زەوی بەپێی جۆری خۆیان. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو. ئینجا خودا فەرمووی: «با مرۆڤ لەسەر وێنەی خۆمان دروستبکەین و لە خۆمان بچێت. با دەسەڵاتدار بن بەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی ماڵی و بەسەر هەموو زەویدا، هەروەها بەسەر هەموو ئەو بوونەوەرە خشۆکانەی بەسەر زەویدا دەخشێن.» خودا مرۆڤی لەسەر وێنەی خۆی بەدیهێنا، لەسەر وێنەی خودی خۆی بەدیهێنا، بە نێر و مێ بەدیهێنان. خودا بەرەکەتداری کردن و پێی فەرموون: «بەردار بن و زۆر بن و زەوی پڕ بکەن و بیخەنە ژێر ڕکێفتانەوە. دەسەڵاتدار بن بەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و بەسەر هەموو بوونەوەرێکی زیندوودا کە لەسەر زەوی دەجوڵێتەوە.» ئینجا خودا فەرمووی: «هەموو ڕووەکی تۆودار کە لە سەرتاسەری ڕووی زەوییە داومە بە ئێوە، لەگەڵ هەموو دارێکیش کە بەری هەیە و تۆوی خۆی تێدایە. بۆ ئێوە دەبنە خۆراک. بۆ هەموو گیانلەبەرانی زەوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمان و هەموو بوونەوەرێکی خشۆکی سەر زەوی، هەموو بوونەوەرێک کە هەناسەی ژیانی تێدایە، هەموو ڕووەکی سەوزم بۆ خۆراک پێداون.» جا ئاوا بوو. خودا بینی هەموو ئەوەی کە دروستی کردبوو زۆر باش بوو. جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی شەشەم بوو. ڕۆژی حەوتەم: کۆتایی بەدیهێنان بەم شێوەیە ئاسمان و زەوی و هەرچی تێیاندا ڕێکخرابوو تەواو کران. ئیتر خودا لە ڕۆژی حەوتەم لەو کارەی کە کردبووی تەواو ببوو. خودا لە ڕۆژی حەوتەم لە هەموو کارەکانی پشووی دا2‏:2 وشەی شەباتی عیبری لە بنەڕەتدا بە واتای دەستهەڵگرتن لە کارێک لەدوای تەواوکردنی کارەکە دێت، هەروەها بە واتای پشوودان دێت.‏. خودا ڕۆژی حەوتەمی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد، چونکە تێیدا کۆتایی بە هەموو کارێکی بەدیهێنان هێنا. ئادەم و حەوا ئەمانەش ڕێکخستنەکانی ئاسمان و زەوین کاتێک بەدی هێنران، لەو ڕۆژەی یەزدانی پەروەردگار زەوی و ئاسمانی دروستکرد. هیچ دەوەنێکی کێڵگە لەسەر زەوی نەبوو، هەروەها هیچ ڕووەکێکی کێڵگەش سەری دەرنەکردبوو، چونکە هێشتا یەزدانی پەروەردگار بارانی بەسەر زەویدا نەباراندبوو. هیچ مرۆڤێکیش نەبوو ئیشی جوتیاری بکات. بەڵام تەم لە زەوییەوە سەردەکەوت و هەموو ڕووی زەوی ئاو دەدا. جا یەزدانی پەروەردگار پیاوی لە خۆڵی زەوی2‏:7 لە زمانی عیبری بە پیاو دەگوترێت ئادام‏، کە نزیکە لە وشەی ئەداما‏ کە بە واتای زەوی دێت.‏ دروستکرد و هەناسەی ژیانی فووکردە کونە لووتی. بەمەش پیاوەکە بووە گیانێکی زیندوو. ئینجا یەزدانی پەروەردگار باخچەیەکی لە عەدەن، لە ڕۆژهەڵاتدا چاند. لەوێش پیاوەکەی دانا کە دروستی کردبوو. یەزدانی پەروەردگار هەموو ئەو جۆرە درەختانەی کە لەبەرچاو جوان بوون و بۆ خواردن خۆش بوون لە زەویدا گەشەی پێکرد. درەختی ژیانیش لە ناوەڕاستی باخچەکەدا بوو، هەروەها درەختی زانینی چاکە و خراپە. ڕووبارێک لە عەدەنەوە سەرچاوە دەگرێت و لەبەری دەڕوات بۆ ئاودانی باخچەکە، لەوێوە دەبێت بە چوار لقەوە: ناوی یەکەمیان پیشۆنە کە بە هەر چوار لای هەموو زەوی حەڤیلادایە، کە زێڕی لێیە. زێڕی ئەو زەوییە چاکە، هەروەها سرێشی2‏:12 شیلەیەکی لینجە لە هەندێک دارودرەخت دەردەچێت، کاتێک بریندار دەکرێت یان دەبڕدرێت.‏ داری بۆن خۆش و بەردی عاشقبەندیشی لێیە. ناوی ڕووباری دووەمیان گیحۆنە، کە بە شێوەی پێچاوپێچ بە هەموو خاکی کوشدا2‏:13 دەشێت باشووری ڕۆژهەڵاتی میسۆپۆتامیا بێت.‏ دەڕوات. ناوی ڕووباری سێیەم دجلەیە،2‏:14 دجلە: عیبری حیدەقەل‏ هەمان ڕووباری دجلەیە.‏ ئەمیش بە ڕۆژهەڵاتی شاری ئەشووردا2‏:14 وڵاتی ئاشور لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دجلە بوو، بەڵام شاری ئەشوور لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووبارەکە بوو. پاشان ناونراوە بە نەینەوا. بڕوانە پەیدابوون 10‏:11.‏ دەڕوات. ڕووباری چوارەمیش فوراتە. یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی هێنا و لە باخچەی عەدەن داینا، بۆ ئیشی جوتیاری و بایەخ پێدانی. یەزدانی پەروەردگار فەرمانی بە پیاوەکە دا و فەرمووی: «تۆ ئازادیت لە هەموو درەختەکانی باخچەکە بخۆیت، بەڵام بۆت نییە لە درەختی زانینی چاکە و خراپە بخۆیت، چونکە ئەو ڕۆژەی لێی بخۆیت بێگومان دەمریت.» یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: «باش نییە بۆ پیاو بە تەنها بێت. یاریدەرێکی هاوشانی بۆ دروستدەکەم.» یەزدانی پەروەردگار هەر لە خۆڵی زەوی هەموو ئاژەڵی کێوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمانی دروستکرد. ئینجا بۆ پیاوەکەی هێنا بۆ ئەوەی ببینێت چ ناوێکیان لێ دەنێت، هەر ناوێک کە پیاوەکە لە هەریەک لەم بوونەوەرە زیندووانەی نا، ئەوە ناوەکەی بوو. پیاوەکە ناوی لە هەموو ئاژەڵی ماڵی و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی کێوی نا. بەڵام بۆ پیاوەکە2‏:20 بۆ پیاوەکە: بۆ ئادەم. لە زمانی عیبری بە وشەی لئادام‏ هاتووە، واتا (بۆ پیاوەکە) یان (بۆ ئادام).‏ هیچ یاریدەرێکی هاوشان نەدۆزرایەوە. لە ئەنجامدا یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی خستە خەوێکی قووڵەوە. کاتێک خەوتبوو، یەکێک لە پەراسووەکانی دەرهێنا و شوێنەکەی بە گۆشت بۆ پڕکردەوە. ئینجا یەزدانی پەروەردگار ئافرەتێکی لەو پەراسووە دروستکرد کە لە پیاوەکەی وەرگرتبوو، جا هێنای بۆ لای پیاوەکە. پیاوەکە گوتی: «ئێستا ئەمە ئێسکێکە لە ئێسقانەکانم و گۆشتە لە گۆشتم. ئەمە ناودەبردرێت بە ”ئافرەت“2‏:23 ئافرەت: لە زمانی عیبری وشەی ئیش‏ بە واتای پیاوە، ئافرەتیش ئیشا‏.‏ چونکە لە پیاوەوە وەرگیراوە.» لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر دەبنە یەک جەستە. پیاوەکە و ژنەکەی هەردووکیان ڕووت بوون، شەرمیشیان نەدەکرد. کەوتنی مرۆڤ مار لە هەموو ئاژەڵی کێوی سەر زەوی، ئەوانەی یەزدانی پەروەردگار دروستی کردبوون زۆرزانتر و تەڵەکەبازتر بوو. بە ئافرەتەکەی گوت: «ئایا ڕاستە خودا فەرموویەتی: ”بۆتان نییە لە هیچ درەختێکی باخچەکە بخۆن؟“» ئافرەتەکەش بە مارەکەی گوت: «بۆمان هەیە لە بەری درەختەکانی باخچەکە بخۆین، بەڵام خودا فەرمووی: ”بۆتان نییە لە بەری ئەو درەختە بخۆن، کە لە ناوەڕاستی باخچەکەیە، هەروەها بۆتان نییە دەستی لێ بدەن، ئەگینا دەمرن.“» مارەکە بە ئافرەتەکەی گوت: «نا بەڕاستی نامرن، چونکە خودا دەزانێت ئەو ڕۆژەی کە دەیخۆن چاوتان دەکرێتەوە و ئیتر وەک خوداتان لێدێت و چاکە و خراپە دەزانن.» کاتێک ئافرەتەکە بینی بەری درەختەکە بۆ خواردن باشە، چاو ئارەزووی دەکات و وای لێ دەکات دانا بێت، لە بەرەکەی کردەوە و خواردی، دایە مێردەکەشی کە لەگەڵی بوو، ئەویش خواردی. پاشان هەردووکیان چاویان کرایەوە و زانییان کە ڕووتن، ئیتر گەڵای هەنجیریان لێک دووری و پۆشاکیان بۆ خۆیان دروستکرد. ئینجا پیاوەکە و ژنەکەی گوێیان لە دەنگی یەزدانی پەروەردگار بوو کە لە کاتی هەڵکردنی شنەبای ڕۆژدا لە باخچەکەدا هاتوچۆی دەکرد، ئەوانیش لەنێو درەختەکانی باخچەکە خۆیان لە یەزدانی پەروەردگاریان شاردەوە. بەڵام یەزدانی پەروەردگاریش پیاوەکەی بانگ کرد و فەرمووی: «لەکوێیت؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «لە باخچەکە گوێم لە دەنگت بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ڕووت بووم، ترسام؛ ئیتر خۆمم شاردەوە.» ئەویش فەرمووی: «کێ بە تۆی گوت کە ڕووتیت؟ لەو درەختەت نەخواردبێت کە فەرمانم پێ کردبوویت لێی نەخۆیت؟» پیاوەکەش گوتی: «ئەو ئافرەتەی پێت دام لەگەڵم بێت، ئەو لە بەری ئەو درەختەی پێدام، منیش خواردم.» ئینجا یەزدانی پەروەردگار بە ئافرەتەکەی فەرموو: «ئەمە چییە تۆ کردووتە؟» ئافرەتەکەش گوتی: «مارەکە فریوی دام و منیش خواردم.» یەزدانی پەروەردگار بە مارەکەی فەرموو: «لەبەر ئەوەی ئەمەت کرد، «تۆ لە هەموو ئاژەڵێکی ماڵی و کێوی نەفرەتلێکراوتر دەبیت. هەموو تەمەنیشت لەسەر سکت دەخشێیت و خۆڵ دەخۆیت. دوژمنایەتیش دەخەمە نێوان تۆ و ئافرەتەکە، نێوان نەوەی تۆ و نەوەی ئەوەوە. نەوەی ئەو سەرت پان دەکاتەوە3‏:15 ئاماژەیەکە بۆ خاچی مەسیح کە دواتر هات دەسەڵاتی شەیتانی تێکدا.‏ و تۆش پاژنەی پێی دەکوتیت.» بە ئافرەتەکەشی فەرموو: «ئازاری سکپڕیت زۆر زیاتر دەکەم، بە ژانەوە منداڵت دەبێت. ئارەزووت بۆ پیاوەکەت دەبێت و ئەویش بەسەرتدا زاڵ دەبێت.» ئینجا بە پیاوەکەشی فەرموو: «لەبەر ئەوەی تۆش گوێت لە ژنەکەت گرت و لەو درەختەت خوارد کە فەرمانم پێ کردبوویت، ”نابێت لێی بخۆیت،“ «ئەوا زەویش بەهۆی تۆوە نەفرەت لێکراوە. بە ڕەنجکێشانیش هەموو ڕۆژانی ژیانت لێی دەخۆیت. دڕکوداڵت بۆ بەرهەم دێنێت و ڕووەکی کێڵگە دەخۆیت. بە ئارەقەی ناوچەوانت نان دەخۆیت، هەتا دەگەڕێیتەوە بۆ زەوی، کە لێیەوە وەرگیراویت، لەبەر ئەوەی تۆ خۆڵیت و بۆ خۆڵیش دەگەڕێیتەوە.» ئادەم3‏:20 ئادەم: لە عیبریدا بە وشەی ها ئادام‏ هاتووە، واتا پیاوەکە.‏ ناوی ژنەکەی نا حەوا3‏:20 لە زمانی عیبری دەنگی وشەکە نزیکە لە وشەی زیندووی عیبری.‏، چونکە دەبێتە دایکی هەموو زیندووان. یەزدانی پەروەردگار بۆ ئادەم و ژنەکەی جلی لە پێست دروستکرد و لەبەری کردن. ئینجا یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: «ئێستا مرۆڤ بووە بە یەکێکی وەک خۆمان، چاکە و خراپە دەزانێت، ئێستاش ڕێگەی پێ نادرێت دەستی درێژ بکات و لە درەختی ژیانیش بکاتەوە و بیخوات و بۆ هەتاهەتایە بژیێت.» ئیتر یەزدانی پەروەردگار لە باخچەی عەدەن دەریکرد، بۆ ئەوەی لەو زەوییە ئیش بکات کە لێوەی وەرگیراوە. دوای ئەوەی مرۆڤی دەرکرد، بۆ پاسەوانی ڕێگای درەختی ژیان لە دیوی ڕۆژهەڵاتی باخچەی عەدەن کەڕوبەکانی3‏:24 کەڕوبەکان: بە واتای فریشتەکان هاتووە.‏ دانا، لەگەڵ شمشێری گڕدار کە بە هەموو لایەکدا دەسووڕایەوە. قایین و هابیل ئادەم لەگەڵ حەوای ژنی جووت بوو، ئەویش سکی پڕ بوو، قایینی4‏:1 هەروەها قابیلیش پێ دەگوترێت.‏ بوو. گوتی: «لەلایەن یەزدانەوە پیاوێک بووە بەرهەمم.» پاشان هابیلی برای بوو. ئیتر هابیل بووە شوانی مێگەل و قایینیش جوتیار بوو. دوای ماوەیەک قایین هەندێک بەروبوومی زەوی پێشکەش بە یەزدان کرد. هەروەها هابیل لە چەوری باشترین نۆبەرەی مێگەلەکەی پێشکەش کرد. جا هابیل و قوربانییەکەی جێی ڕەزامەندی یەزدان بوون، بەڵام قایین و پێشکەشکراوەکەی جێی ڕەزامەندی یەزدان نەبوون، بۆیە قایین زۆر تووڕە بوو و ڕووی خۆی گرژ کرد. یەزدان بە قایینی فەرموو: «بۆ تووڕە بوویت و ڕووی خۆتت گرژ کردووە؟ ئایا ئەگەر ئەوەی چاکە ئەنجامی بدەیت، قبوڵ ناکرێیت؟ خۆ ئەگەر ئەوەی چاکە ئەنجامی نەدەیت ئەوا گوناه لە بەردەرگا خۆی مات کردووە و ئارەزووت دەکات، بەڵام تۆ دەبێت بەسەریدا زاڵ ببیت.» جا قایین بە هابیلی برای گوت: «با بچینە کێڵگەکە.» کاتێک هەردووکیان لە کێڵگە بوون، قایین پەلاماری هابیلی برای دا و کوشتی. یەزدان بە قایینی فەرموو: «کوا هابیلی برات؟» ئەویش گوتی: «نازانم، ئایا من پاسەوانی براکەمم؟» جا یەزدان فەرمووی: «چیت کردووە؟ گوێ بگرە! دەنگی خوێنی براکەت لە زەوییەوە هاوارم بۆ دەکات. ئێستاش تۆ نەفرەتلێکراویت لەو زەوییەی کە دەمی بۆ وەرگرتنی خوێنی براکەت کردەوە لە دەستی تۆ. کاتێک ئیش لە زەوییەکەدا دەکەیت، چیتر بەری خۆیت ناداتێ. لەسەر زەوی دەربەدەر و بێ ئۆقرە دەبیت.» قایین بە یەزدانی گوت: «سزاکەم لەوە گەورەترە کە بتوانم بەرگەی بگرم. ئەمڕۆ لەسەر زەوی دەرتکردم، لەبەر ئامادەبوونی تۆ ون دەبم و دەربەدەر و بێ ئۆقرە دەبم لەسەر زەوی. هەرکەسێکیش تووشم بێت دەمکوژێت.» بەڵام یەزدان پێی فەرموو: «ناکرێت وابێت، هەرکەسێک قایین بکوژێت ئەوا حەوت ئەوەندە تۆڵەی لێ دەستێنرێتەوە.» ئینجا یەزدان نیشانەیەکی بە قایینەوە کرد تاکو هەرکەسێک تووشی بێت نەیکوژێت. ئیتر قایین لەبەردەمی یەزدان چووە دەرەوە و لە خاکی نۆد لە ڕۆژهەڵاتی عەدەن نیشتەجێ بوو. قایین لەگەڵ ژنەکەی جووت بوو، ئەویش سکی پڕ بوو و حەنۆخی بوو. ئەو کاتە شارێکی بنیاد دەنا، شارەکەی بە ناوی کوڕەکەیەوە ناو نا حەنۆخ. حەنۆخ عیرادی بوو، عیرادیش مەحویائێلی بوو، مەحویائێلیش مەتوشائێلی بوو، مەتوشائێلیش لامەخی بوو. لامەخ دوو ژنی هێنا، یەکێکیان ناوی عادا بوو، ئەوی دیکەشیان ناوی چیلا بوو. لە عاداوە یابال بوو کە باوکی چادرنشینان و خاوەن مەڕوماڵاتەکان بوون. براکەشی ناوی یوبال بوو کە باوکی هەموو ئەوانە بوو کە قیسارەیان دەژەند و شمشاڵیان لێدەدا. چیلاش کوڕێکی بوو بە ناوی توبەل قەین، کە وەستای هەموو ئەو جۆرە ئامێرانە بوو کە لە بڕۆنز و ئاسن دروست دەکران. نەعماش خوشکی توبەل قەین بوو. لامەخ بە هەردوو ژنەکەی گوت: «عادا و چیلا، گوێتان لێم بێت، ئەی هەردوو ژنەکەی لامەخ، گوێ بۆ قسەکانم شل بکەن. پیاوێکم کوشتووە لەسەر ئەوەی برینداری کردم، لاوێکیش لەسەر ئەوەی زامداری کردم. ئەو بۆ قایین حەوت جار تۆڵە دەستێنێتەوە، بەڵام بۆ لامەخ، حەفتا و حەوت جار.» جارێکی دیکە ئادەم لەگەڵ ژنەکەی جووت بوو، کوڕێکی بوو و ناوی لێنا شیت. ئینجا گوتی: «لە جیاتی هابیل کە قایین کوشتی، خودا کوڕێکی دیکەی پێ بەخشیم.» هەروەها شیت کوڕێکی بوو ناوی لێنا ئەنۆش. لەو کاتەدا بوو کە خەڵکی دەستیان کرد بە نزاکردن بە ناوی یەزدانەوە4‏:26 یەزدان: لە زمانی عیبری بە وشەی یەهوا‏ هاتووە. خودا ئەم ناوەی بۆ خۆی بەکارهێناوە، بۆ بەستنی پەیمان لەگەڵ مرۆڤ. بڕوانە پەڕتووکی دەرچوون 3‏:13‏-15.‏. لە ئادەمەوە هەتا نوح ئەمە تۆماری نەوەکانی ئادەمە. ئەو ڕۆژەی خودا مرۆڤی بەدیهێنا، لەسەر شێوەی خودا دروستی کرد. بە نێر و مێ بەدیهێنان و بەرەکەتداری کردن. ئەو ڕۆژەی بەدیهێنان ناوی لێنان «مرۆڤ». کاتێک ئادەم تەمەنی سەد و سی ساڵ بوو، کوڕێکی بوو لە وێنەی خۆی و لە خۆی دەچوو، ناوی لێنا شیت. دوای لەدایکبوونی شیت، ئادەم هەشت سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. هەموو تەمەنی ئادەم نۆ سەد و سی ساڵ بوو، ئیتر مرد. کاتێک شیت تەمەنی سەد و پێنج ساڵ بوو، ئەنۆش لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. دوای لەدایکبوونی ئەنۆش، شیت هەشت سەد و حەوت ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. هەموو تەمەنی شیت نۆ سەد و دوازدە ساڵ بوو، ئیتر مرد. کاتێک ئەنۆش تەمەنی نەوەد ساڵ بوو، قێنان لەدایکبوو. دوای لەدایکبوونی قێنان، ئەنۆش هەشت سەد و پازدە ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. هەموو تەمەنی ئەنۆش نۆ سەد و پێنج ساڵ بوو، ئیتر مرد. کاتێک قێنان تەمەنی حەفتا ساڵ بوو، مەهلەلئێل لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. دوای لەدایکبوونی مەهلەلئێل، قێنان هەشت سەد و چل ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. هەموو تەمەنی قێنان نۆ سەد و دە ساڵ بوو، ئیتر مرد. کاتێک مەهلەلئێل تەمەنی شەست و پێنج ساڵ بوو، یارەد لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. دوای لەدایکبوونی یارەد، مەهلەلئێل هەشت سەد و سی ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. هەموو تەمەنی مەهلەلئێل هەشت سەد و نەوەد و پێنج ساڵ بوو، ئیتر مرد. کاتێک یارەد تەمەنی سەد و شەست و دوو ساڵ بوو، حەنۆخ لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. دوای لەدایکبوونی حەنۆخ، یارەد هەشت سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. هەموو تەمەنی یارەد نۆ سەد و شەست و دوو ساڵ بوو، ئیتر مرد. کاتێک حەنۆخ تەمەنی شەست و پێنج ساڵ بوو، مەتوشالح لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. دوای ئەوەی حەنۆخ مەتوشالحی بوو، سێ سەد ساڵ دۆستایەتی خودای کرد، هەروەها کوڕ و کچی دیکەشی بوو. ئیتر هەموو ماوەی ژیانی حەنۆخ سێ سەد و شەست و پێنج ساڵ بوو. حەنۆخ دۆستی خودا بوو، ئیتر کەس نەیبینییەوە، چونکە خودا بردی بۆ لای خۆی. کاتێک مەتوشالح تەمەنی سەد و هەشتا و حەوت ساڵ بوو، لامەخ لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. دوای لەدایکبوونی لامەخ، مەتوشالح حەوت سەد و هەشتا و دوو ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. هەموو تەمەنی مەتوشالح نۆ سەد و شەست و نۆ ساڵ بوو، ئیتر مرد. کاتێک لامەخ تەمەنی سەد و هەشتا و دوو ساڵ بوو، کوڕێکی بوو. ناوی لێنا نوح5‏:29 نوح لە وشەی (دڵنەواییکردن) لە زمانی عیبری نزیکە.‏ و گوتی: «ئەمە لە کار و ماندووبوونی دەستمان دڵنەواییمان دەکات، کە لەو زەوییە دەیچێژین یەزدان نەفرەتی لێ کردووە.» دوای لەدایکبوونی نوح، لامەخ پێنج سەد و نەوەد و پێنج ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. هەموو تەمەنی لامەخ حەوت سەد و حەفتا و حەوت ساڵ بوو، ئیتر مرد. دوای ئەوەی نوح تەمەنی پێنج سەد ساڵ بوو، سام5‏:32 سام: عیبری شێم‏.‏ و حام و یافەتی بوو. خودا ئاوی لافاو بەسەر زەویدا دەهێنێت کاتێک مرۆڤەکان لەسەر زەوی دەستیان بە زۆربوون کرد و کچیان بوو، کوڕانی خودا6‏:2 کوڕانی خودا مەبەست لە فریشتەکانە. بینییان کچانی مرۆڤ جوانن. جا لە هەموو ئەوانەی هەڵیانبژاردن ژنیان هێنا. ئینجا یەزدان فەرمووی: «ڕۆحی من هەتاسەر ململانێ لەگەڵ مرۆڤ ناکات، چونکە مەرگدارن؛ ڕۆژانی ژیانیان دەبێتە سەد و بیست ساڵ.» لەو ڕۆژانەدا لەسەر زەوی نەفیلیم6‏:4 نەفیلیم‏ وشەیەکی عیبرییە، بە واتای مرۆڤی زەبەلاح دێت.‏ هەبوون. لەدوای ئەوەی کوڕانی خودا چوونە لای کچانی مرۆڤ منداڵیان لێیان بوو، منداڵەکان بوونە ئەو پاڵەوانانەی کە لە کۆنەوە ناوبانگیان هەیە. یەزدان بینی کە خراپەکاری مرۆڤ لەسەر زەوی زۆر بووە، هەروەها هەموو بیروبۆچوونەکانی دڵیشی بە درێژایی ڕۆژ تەنها لەلای خراپەیە. یەزدان خەفەتبار بوو کە مرۆڤی لەسەر زەوی دروستکردبوو، هەروەها دڵگرانیش بوو. ئیتر یەزدان فەرمووی: «مرۆڤ دەسڕمەوە، ئەوەی لەسەر ڕووی زەوی دروستم کرد، مرۆڤ و ئاژەڵ و بوونەوەری خشۆک و باڵندەی ئاسمان، چونکە خەفەت دەخۆم لەوانەی کە دروستم کردوون.» بەڵام نوح لەبەرچاوی یەزدان ڕەزامەندی بەدەستهێنابوو. ئەمانەش نەوەکانی نوحن. نوح پیاوچاک و بێ کەموکوڕی نێو خەڵکانی سەردەمی خۆی بوو، دۆستی خودا بوو. نوح سێ کوڕی بوو: سام و حام و یافەت. زەویش لەبەردەم خودا گەندەڵ بوو و پڕیش بوو لە توندوتیژی. خودا بینی زەوی چەند گەندەڵ بووە، چونکە هەموو مرۆڤێک ژیانی خۆی لەسەر زەوی گەندەڵ کردبوو. ئیتر خودا بە نوحی فەرموو: «من کۆتایی بە بوونی هەموو ئادەمیزاد دەهێنم، چونکە بەهۆی ئەوانەوە زەوی پڕ بووە لە توندوتیژی. وا لەگەڵ زەوی لەناویان دەبەم. کەشتییەک بۆ خۆت لە تەختەی دار سەروو دروستبکە و بیکە بە لانە و بە قیر دیوی ناوەوە و دەرەوەی سواخ بدە. بەم شێوەیەش دروستی بکە: درێژییەکەی سێ سەد باڵ و پانییەکەی پەنجا باڵ و بەرزییەکەی سی باڵ بێت.6‏:15 درێژی کەشتییەکە نزیکەی 140 مەتر، پانییەکەی 23 و بەرزییەکەی 14 مەتر بوو.‏ لە بەشی سەرەوەی کەشتییەکە بە ئەندازەی باڵێک6‏:16 باڵێک: نزیکەی نێو مەتر.‏ بۆشایی بەجێ بهێڵە، ئینجا سەربانێکی بۆ دروست بکە. دەرگای کەشتییەکەش لەتەنیشتەوە دابنێ. با سێ نهۆم بێت، خوارەوە و ناوەڕاست و سەرەوە. من وا ئاوی لافاو بەسەر زەویدا دەهێنم، بۆ لەناوبردنی هەموو ژیانێک لەژێر ئاسمان، هەروەها هەموو زیندەوەرێک کە هەناسەی ژیانی تێدایە. هەرچییەک لەسەر زەوییە لەناودەچێت. بەڵام من پەیمانی خۆم لەگەڵ تۆ دەچەسپێنم. تۆ دەچیتە ناو کەشتییەکەوە، خۆت و کوڕەکانت و ژنەکەت و بووکەکانیشت لەگەڵت. لە هەموو بوونەوەرێکی زیندوو، نێر و مێ، جووتێک لەگەڵ خۆت دەهێنیتە ناو کەشتییەکەوە، بۆ هێشتنەوەیان بە زیندووێتی. جووتێک لە هەموو جۆرەکانی باڵندە و ئاژەڵ و بوونەوەرە خشۆکەکانی زەوی دێنە لات، بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێننەوە. تۆش بۆ خۆت لە هەموو جۆرە خواردنێکی گونجاو ببە و لەلای خۆت کۆی بکەرەوە، تاکو ببێتە خواردنی خۆت و ئەوان.» جا نوح هەموو ئەوەی خودا فەرمانی پێ کردبوو، ئەنجامی دا. ئینجا یەزدان بە نوحی فەرموو: «خۆت و خاووخێزانەکەت بڕۆنە ناو کەشتییەکەوە، چونکە لەم نەوەیەدا تەنها تۆم بە ڕاستودروست بینیوە لەبەردەمم. لە هەموو جۆرێکی ئاژەڵە پاکەکان، نێر و مێ، حەوت جووت لەگەڵ خۆت دەبەیت، لەو ئاژەڵانەی پاک نین، نێر و مێ، جووتێک دەبەیت. لە باڵندەکانی ئاسمانیش حەوت جووت، لە نێر و مێیان، بۆ هێشتنەوەی ڕەگەزەکانیان لەسەرتاسەری ڕووی زەوی. دوای حەوت ڕۆژی دیکە، چل شەو و چل ڕۆژ باران بەسەر زەویدا دەبارێنم. هەموو ئەو بوونەوەرە زیندووانە لەسەر ڕووی زەوی دەسڕمەوە کە دروستم کردوون.» نوح هەموو شتێکی بەپێی فەرمانی یەزدان ئەنجام دا. نوح تەمەنی شەش سەد ساڵ بوو کە لافاو لەسەر زەوی هەستا. نوح خۆی و کوڕەکانی و ژنەکەی و بووکەکانی پێش ئاوی لافاوەکە چوونە ناو کەشتییەکە. لە ئاژەڵە پاک و ئاژەڵە ناپاکەکان، لە باڵندە و هەموو ئەو بوونەوەرانەی لەسەر زەوی دەخشێن، جووت جووت لە نێر و مێ، هاتنە لای نوح و چوونە ناو کەشتییەکە، هەروەک چۆن خودا فەرمانی بە نوح دابوو. دوای حەوت ڕۆژەکە ئاوی لافاوەکە هاتە سەر زەوی. کاتێک نوح تەمەنی شەش سەد ساڵ بوو، لە حەڤدەمین ڕۆژی مانگی دووەم، لەو ڕۆژەدا هەموو سەرچاوەکانی دەریا گەورەکەی ژێر زەوی7‏:11 بەپێی بیروباوەڕی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کۆن، لەژێر زەویدا دەریایەک هەبووە کە سەرچاوەی کانیاو و ڕووبارەکان بووە.‏ تەقینەوە و دەروازەکانی ئاسمانیش کرانەوە. چل شەو و چل ڕۆژیش لەسەر زەوی باران باری. هەر لە هەمان ڕۆژدا نوح و کوڕەکانی، سام و حام و یافەت، پێکەوە لەگەڵ ژنەکەی و هەر سێ بووکەکەی چوونە ناو کەشتییەکەوە. لەگەڵیان هەموو ئاژەڵە کێوییەکان بەپێی جۆریان، هەموو ئاژەڵە ماڵییەکان بەپێی جۆریان، هەموو بوونەوەرە خشۆکەکان بەپێی جۆریان، هەموو باڵندەیەک بەپێی جۆریان و هەموو باڵدارێک. جووت جووت لە هەموو بوونەوەرێک کە هەناسەی ژیانیان تێدابوو، چوونە ناو کەشتییەکە بۆ لای نوح. ئەوانەی دەهاتنە ناوەوە لە نێر و مێی هەموو گیاندارێکی زیندوو بوون، وەک چۆن خودا فەرمانی بە نوح دابوو. ئینجا یەزدان لەدوایەوە دەرگای کەشتییەکەی داخست. لافاوەکە بۆ ماوەی چل ڕۆژ لەسەر زەوی بەردەوام بوو. کاتێک ئاو زۆر بوو کەشتییەکەی هەڵگرت، ئیتر کەشتییەکە لە زەوی بەرزبووەوە. ئاو لەسەر زەوی بەرزبووەوە و گەلێک زۆر بوو، کەشتییەکەش لەسەر ڕووی ئاوەکە دەڕۆیشت. ئاو لەسەر زەوی زۆر بەرزبووەوە هەتا هەموو شاخە بەرزەکانی ژێر هەموو ئاسمان داپۆشران. بە بەرزی پازدە باڵ7‏:20 پازدە باڵ: نزیکەی 7 مەترە.‏ ئاو لەسەر شاخەکان بەرزبووەوە، شاخەکانیش داپۆشران. ئیتر هەموو شتێکی زیندوو کە لەسەر زەوی دەجوڵایەوە لەناوچوو، لە باڵندە و ئاژەڵی ماڵی و ئاژەڵی کێوی و هەموو ئەو کۆمەڵە زیندەوەرانەی لەسەر زەوی دەجوڵانەوە، هەموو ئادەمیزادیش. هەر شتێک لەسەر وشکانی کە هەناسەی ژیان لە لووتیدا بوو، مرد. هەموو شتێکی زیندوو لەسەر ڕووی زەوی سڕایەوە، مرۆڤ و ئاژەڵ و بوونەوەرە خشۆکەکان و هەموو باڵندەکانی ئاسمانیش، لەسەر زەوی سڕانەوە. تەنها نوح و ئەوانە مانەوە کە لە کەشتییەکە لەگەڵی بوون. ئاوی لافاویش سەد و پەنجا ڕۆژ لەسەر زەوی بوو. ئینجا خودا نوحی بەسەرکردەوە، لەگەڵ هەموو ئاژەڵە کێوییەکان و هەموو ئاژەڵە ماڵییەکان کە لە کەشتییەکەدا لەگەڵی بوون. ئیتر خودا بایەکی بەسەر زەویدا هەڵکرد و ئاو کەم بووەوە. سەرچاوەکانی قووڵایی و دەروازەکانی ئاسمان داخران. بارانیش لە ئاسمانەوە وەستا. ئاو بەرەبەرە لە زەوی بەرەو دواوە گەڕایەوە. دوای سەد و پەنجا ڕۆژ ئاو کەم بووەوە. لە حەڤدەمین ڕۆژی مانگی حەوتەم کەشتییەکە لەسەر چیاکانی ئارارات گیرسایەوە. هەتا مانگی دەیەم هەتا دەهات ئاو کەمی دەکرد. لە یەکەم ڕۆژی مانگی دەیەم لووتکەی شاخەکان دەرکەوتن. دوای چل ڕۆژ، نوح ئەو پەنجەرە بچووکەی کردەوە کە لە کەشتییەکەدا دروستی کردبوو. ئینجا قەلەڕەشێکی نارد. ئەویش دەهات و دەچوو هەتا ئاو لەسەر ڕووی زەوی وشک بووەوە. پاشان کۆترێکی نارد بۆ ئەوەی ببینێت ئایا ئاوەکە لەسەر ڕووی زەوی کەمی کردووە. بەڵام کۆترەکە شوێن پێیەکی بۆ خۆی نەدۆزییەوە، چونکە ئاو لەسەر هەموو ڕووی زەوی بوو، ئیتر گەڕایەوە لای نوح بۆ ناو کەشتییەکە. ئەویش دەستی بۆ ڕاگرت و گرتی، بردییەوە لای خۆی، بۆ ناو کەشتییەکە. حەوت ڕۆژی دیکە چاوەڕێی کرد و دیسان کۆترەکەی لە کەشتییەکەوە ڕەوانە کرد. کۆترەکە ئێوارە گەڕایەوە بۆ لای، ئەم جارە گەڵایەکی تەڕ و تازەی زەیتوونی بە دەنووکەوە بوو. نوح زانی کە ئاو لەسەر ڕووی زەوی کەمی کردووە. حەوت ڕۆژی دیکە چاوەڕێی کرد و جارێکی دیکە کۆترەکەی ناردەوە، بەڵام ئەم جارەیان کۆترەکە نەگەڕایەوە لای. نوح لە یەکی مانگی یەکەمی شەش سەد و یەکەمین ساڵیدا بوو، کە ئاو لە زەوی وشک بووەوە. نوح پۆشەری سەر کەشتییەکەی لابرد و بینی وا ڕووی زەوی وشک بووەتەوە. لە بیست و حەوتی مانگی دووەم، زەوی بە تەواوی وشک بووەوە. ئینجا خودا بە نوحی فەرموو: «خۆت و ژنەکەت و کوڕ و بووکەکانت، لە کەشتییەکە وەرنە دەرەوە. هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتن، لە باڵندە و ئاژەڵ و هەموو ئەو بوونەوەرە خشۆکانەی لەسەر زەوی دەخشێن، لەگەڵ خۆت بهێنە دەرەوە، تاکو زەوی پڕ بکەنەوە و بەردار ببن و لەسەر زەوی زۆر ببن.» جا نوح خۆی و کوڕەکانی و ژنەکەی و بووکەکانی لەگەڵی هاتنە دەرەوە. هەموو گیاندارەکانیش بە هەموو بوونەوەرە خشۆکەکان و هەموو باڵندەکان و هەموو ئەوانەی لەسەر زەوی دەبزوێن، بەپێی جۆرەکانیان لە کەشتییەکە هاتنە دەرەوە. نوح قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد، لە هەموو ئاژەڵە پاکەکان و لە هەموو باڵندە پاکەکانی هێنا و لەسەر قوربانگاکە کردنی بە قوربانی سووتاندن. جا یەزدان کە بۆنەکەی بەلاوە خۆش بوو، لە دڵی خۆیدا فەرمووی: «جارێکی دیکە بەهۆی مرۆڤەوە نەفرەت لە زەوی ناکەم، چونکە مرۆڤ هەر لە منداڵییەوە دڵی مەیلی خراپەکاری هەیە. جارێکی دیکە نایەم هەرچی بوونەوەری زیندوو هەیە لەناوی ببەم، وەک چۆن کردم. «هەتا زەوی بمێنێت، چاندن و دروێنە، ساردی و گەرمی، هاوین و زستان، شەو و ڕۆژ، هەرگیز ناوەستێت.» پەیمانی خودا لەگەڵ نوح ئیتر خودا نوح و کوڕەکانی بەرەکەتدار کرد و پێی فەرموون: «بەردار بن و زۆر بن و زەوی پڕ بکەن. با ترس و سامتان هەبێت لەسەر هەموو گیانلەبەرانی زەوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمان و هەموو ئەو بوونەوەرانەی کە لەسەر زەوی دەجوڵێنەوە، هەروەها لەسەر هەموو ماسییەکانی دەریاش؛ ئەوان خراونەتە بەردەستی ئێوە. هەموو ئەوانەی گیاندارن و دەبزوێن دەبنە خۆراک بۆتان. هەروەک چۆن ڕووەکی سەوزم پێداون، ئێستا هەموو شتێکتان دەدەمێ. «بەڵام نابێت گۆشتێک بخۆن کە هێشتا خوێنەکەی9‏:4 خوێن: لە زمان و کەلتوری عیبری خوێن هێمای ژیانە، ژیانیش لەلایەن یەزدانەوە بەخشراوە، لەبەر ئەو هۆکارە جولەکەکان ڕێگەیان بە خواردنی گۆشتێک نەدەدا کە خوێنی تێدابێت، چونکە هێمای ژیان بوو.‏ گەرمە. بێگومان داوای خوێنی ئەو کەسە دەکەم کە خوێنی کەسێکی دیکەی ڕشتووە. ئەگەر گیاندارێک کەسێک بکوژێت، دەبێت بکوژرێتەوە. هەروەها ئەگەر کەسێک کەسێکی دیکە بکوژێت، ئەوا ئەویش دەکوژرێتەوە. «هەرکەسێک خوێنی مرۆڤ بڕێژێت، بە دەستی مرۆڤ خوێنی دەڕێژرێتەوە، چونکە خودا لەسەر وێنەی خۆی مرۆڤی دروستکردووە. ئێوەش بەردار بن و زۆر بن، زەوی پڕ بکەن و تێیدا زۆر بن.» خودا بە نوح و کوڕەکانی فەرموو کە لەگەڵیدا بوون: «من پەیمانی خۆم لەگەڵ ئێوە و نەوەی دوای ئێوەدا دەچەسپێنم، لەگەڵ هەموو ئەو گیاندارانەی کە لەگەڵ ئێوەن، باڵندە و ئاژەڵە ماڵییەکان و هەموو ئاژەڵە کێوییەکان، هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتاندان و لە کەشتییەکە هاتوونەتە دەرەوە، هەروەها هەرچی گیانداری سەر زەویش هەیە. من پەیمانی خۆم لەگەڵ ئێوە دەچەسپێنم: هەرگیز جارێکی دیکە، هەموو گیانلەبەران بە ئاوی لافاو لەناو ناچن، هەرگیز جارێکی دیکە لافاو وا نابێت زەوی بە تەواوی وێران بکات.» ئینجا خودا فەرمووی: «ئەمە نیشانەی ئەو پەیمانەیە لەنێوان خۆم و ئێوە و هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتاندان دەیبەستم، پەیمانێکە بۆ هەموو نەوەکانی داهاتوو. وا پەلکەزێڕینەی خۆمم لەناو هەورەکاندا داناوە، کە دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و زەوی. ئینجا هەرکاتێک هەورم بەسەر زەویدا هێنا و پەلکەزێڕینە لە هەورەکاندا دەرکەوت، من پەیوەست دەبم بە پەیمانەکەم لەنێوان خۆم و ئێوە و هەموو گیانێکی زیندوو لە هەموو جۆرێک. هەرگیز جارێکی دیکە ئاو لافاوێکی وا دروستناکات کە هەموو ژیانێک لەناو ببات. هەرکاتێک پەلکەزێڕینە لە هەورەکاندا بێت، دەیبینم و پەیوەست دەبم بە پەیمانە هەتاهەتاییەکەوە، کە لەنێوان خودا و هەموو جۆرە گیانێکی زیندووی سەر زەوییە.» ئینجا خودا بە نوحی فەرموو: «ئەمە نیشانەی ئەو پەیمانەیە کە لەنێوان خۆم و هەموو ژیانێکی لەسەر زەویدا بەستوومە.» کوڕانی نوح جا کوڕانی نوح کە سام و حام و یافەت بوون، لە کەشتییەکە هاتنە دەرەوە. حام باوکی کەنعان بوو. ئەمانە سێ کوڕەکەی نوح بوون کە لەمانەوە خەڵکی لە سەرتاسەری زەویدا بڵاو بوونەوە. نوح دەستی بە ئیشی جوتیاری کرد و ڕەزە مێوێکی چاند. ئینجا کە لە شەرابی مێوەکەی خواردەوە، سەرخۆش بوو و لەناو چادرەکەیدا بە ڕووتی ڕاکشا. حامی باوکی کەنعان، باوکی بە ڕووتی بینی و لە دەرەوە بە هەردوو براکەی ڕاگەیاند. بەڵام سام و یافەت پۆشاکێکیان هێنا و خستیانە سەر شانیان، ئینجا پشتاوپشت چوون و ڕووتییەکەی باوکیان داپۆشی، ڕووشیان بەرەو دواوە بوو، ئیتر ڕووتییەکەی باوکیان نەبینی. کاتێک نوح لە سەرخۆشییەکەی بەئاگا هاتەوە، زانی کوڕە بچووکەکەی چی پێکردووە. ئینجا گوتی: «نەفرەت لێکراو بێت کەنعان! دەبێتە کۆیلەی کۆیلەکان، بۆ براکانی.» هەروەها گوتی: «ستایش بۆ یەزدان، پەروەردگاری سام! با کەنعان ببێتە کۆیلەی سام. با خودا دەرگا بۆ یافەت بکاتەوە و لە چادرەکانی سام جێنشین بێت. با کەنعان ببێتە کۆیلەی ئەو.» دوای لافاوەکە نوح سێ سەد و پەنجا ساڵ ژیا. هەموو تەمەنی نوح نۆ سەد و پەنجا ساڵ بوو، ئیتر مرد. خشتەی نەتەوەکان لەدوای لافاوەکە ئەمانەش نەوەکانی نوحن، سام و حام و یافەت کە دوای لافاوەکە ئەوانیش کوڕیان بوو. یافەتییەکان کوڕەکانی یافەت: گۆمەر، ماگۆگ، مادەی، یاڤان، توبال، مەشەک و تیراس. کوڕەکانی گۆمەر: ئەشکەنەز، ڕیفەت و تۆگەرما. کوڕەکانی یاڤان: ئەلیشا، تەرشیش، کیتیم10‏:4 کیتیم واتا کیتییەکان، خەڵکی قوبرس.‏ و ڕۆدانیم. لەمانەوە نەتەوەکانی کەنار ئاوەکان10‏:5 ئەو نەتەوانەی کە لە کەنار دەریای ناوەڕاستدا دەژیان.‏ بەنێو خاکەکانیاندا بڵاو بوونەوە، هەریەکەیان بەپێی زمان و هۆز و نەتەوەی خۆی. حامییەکان کوڕەکانی حام: کوش، میسر، پووت و کەنعان. کوڕەکانی کوش: سەبا، حەڤیلا، سەڤتا، ڕەعما و سەبتەکا. کوڕەکانی ڕەعما: شەبا و دیدان. نەمرود لە نەوەی کوش لەدایکبوو، کە بووە جەنگاوەرێکی مەزن لەسەر زەوی. ئەو لەبەردەم یەزدان بووە ڕاوچییەکی بەتوانا. لەبەر ئەمەیە دەگوترێت: «وەک نەمرودیت، ڕاوچییەکی بەتوانا لەبەردەم یەزدان.» سەرەتای شانشینەکەی بابل، ئەرەک، ئەکەد و کەلنێ بوو لە خاکی شینعار10‏:10 شینعار ناوێکی عیبرییە بۆ تەواوی خاکی بابل، کە دەکەوێتە ناوەندی ئێراقی ئێستا.‏. لەو خاکەوە چوو بۆ ئاشور، لەوێ نەینەوا، ڕەحۆبۆت عیر و کەلەحی بنیاد نا، هەروەها ڕەسەن کە شارە گەورەکەیە دەکەوێتە نێوان نەینەوا و کەلەح. میسر باوکی لوودی، عەنامی، لەهابی، نەفتوحی، پاتروسی و کەفتۆری بوو، هەروەها باوکی کەسلوحییەکانیش بوو کە فەلەستییەکانیان لێ کەوتنەوە. کەنعان باوکی سەیدا بوو، کە نۆبەرەکەی بوو، لەگەڵ حیتییەکان، هەروەها یەبوسی، ئەمۆری، گرگاشی، حیڤی، عەرقی10‏:17 عەرق: هەمان شاری عەرقە ئەمڕۆش لە لوبنان هەیە.‏، سینی10‏:17 سین: لەوانەیە لە نزیکی شاری عەرق لە لوبنان بووبێت. بڕوانە یەکەم پوختەی مێژوو 1‏:15‏‏.‏، ئەرڤادی، چیماری و حەماتییەکانیشی بوو. لەدوای ئەوە هۆزەکانی کەنعانییەکان بڵاو بوونەوە. سنووری کەنعانییەکان لە سەیداوە بە گراردا دەڕۆیشت هەتا دەگەیشتە غەزە، پاشان بە سەدۆم، عەمۆرا، ئەدما و چەبۆئیمدا دەڕۆیشت هەتا لەشەع. ئەمانە نەوەی حامن، بەپێی هۆز و زمانیان، لە خاک و نەتەوەکانیان. سامییەکان سامیش کوڕی بوو کە یافەت برای گەورەی بوو. سام باپیرە گەورەی هەموو کوڕانی عێبەر بوو. کوڕەکانی سام: ئیلام، ئەشوور، ئەرپەکشاد، لوود و ئارام. کوڕەکانی ئارام: عوچ، حوول، گەتەر و مەشەک. ئەرپەکشاد باوکی شالەح بوو، شالەحیش باوکی عێبەر بوو. عێبەریش دوو کوڕی بوو، یەکێکیان ناوی پەلەگ10‏:25 پەلەگ واتا دابەشکردن.‏ بوو، چونکە لە سەردەمی ئەودا زەوی دابەش کرا. براکەشی ناوی یۆقتان بوو. یۆقتان ئەم کوڕانەی هەبوو: ئەلمۆداد، شەلەف، حەچەرماڤەت10‏:26 حەچەرماڤەت: ناوی ئاواییەکیشە لە یەمەن، لە ناوچەیەک کە ئێستا بە حەدرەمەوت ناسراوە.‏، یارەح، هەدۆرام، ئوزال، دیقلە، عۆبال، ئەبیمائێل، شەبا، ئۆفیر، حەڤیلا و یۆڤاڤ. هەموو ئەمانە کوڕانی یۆقتان بوون. نشینگەکانیان لە مێشاوە دەستی پێدەکرد هەتا دەگەیشتە سفاری ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵات. ئەمانەن نەوەی سام، بەپێی هۆزیان و زمانیان، لە خاکیان و بەپێی نەتەوەکانیان. ئەمانەن هۆزەکانی نەوەی نوح بەپێی نەوەکانیان لەنێو نەتەوەکانیان. لە ئەوانیشەوە لەدوای لافاوەکە نەتەوەکان بەسەر زەویدا بڵاو بوونەوە. قوللەی بابل هەموو جیهان یەک زمان و یەک جۆر قسەکردنیان هەبوو. ئینجا کاتێک بۆ ڕۆژهەڵات کۆچیان کرد، دەشتاییەکیان لە خاکی شینعار11‏:2 واتا بابل.‏ دۆزییەوە و لەوێ نیشتەجێ بوون. ئینجا بە یەکتریان گوت: «وەرن، با خشت دروستبکەین و تەواو سووری بکەینەوە.» ئیتر لە جیاتی بەرد خشتیان بەکارهێنا، قیریش لە جیاتی قوڕ. هەروەها گوتیان: «وەرن، با شارێک بۆ خۆمان دروستبکەین لەگەڵ قوللەیەک کە سەری لە ئاسمان بدات. ناوێکیش بۆ خۆمان دروستدەکەین، تاکو بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرت نەبین.» بەڵام یەزدان بۆ بینینی ئەو شار و قوللەیەی کە ئادەمیزاد دروستی دەکرد هاتە خوارەوە. یەزدان فەرمووی: «ئەگەر هەموویان یەک گەل و یەک زمان بن، ئەوە سەرەتای دەستپێکردنیانە، هیچ شتێک لەلایان مەحاڵ نابێت، لەوەی مەبەستیانە بیکەن. وەرن با بچینە خوارەوە و لەوێ زمانیان بشێوێنین، بۆ ئەوەی کەسیان لە زمانی ئەوی دیکەیان نەگات.» ئینجا یەزدان لەوێوە بەسەر هەموو زەویدا پەرتی کردن. ئیتر وازیان لە بنیادنانی شارەکە هێنا. لەبەر ئەمە ناونرا بابل11‏:9 بابل لە وشەی شێواندن لە زمانی عیبری نزیکە.‏، چونکە لەوێدا یەزدان زمانی هەموو زەوی شێواند. هەر لەوێشەوە یەزدان بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرتی کردن. لە سامەوە هەتا ئەبرام ئەمانەش نەوەکانی سامن. دوو ساڵ لەدوای لافاوەکە، کاتێک سام تەمەنی سەد ساڵ بوو، ئەرپەکشاد لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. دوای لەدایکبوونی ئەرپەکشاد، سام پێنج سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. ئەرپەکشاد لە تەمەنی سی و پێنج ساڵیدا بووە باوکی شالەح. دوای لەدایکبوونی شالەح، ئەرپەکشاد چوار سەد و سێ ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. شالەح لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی عێبەر. دوای لەدایکبوونی عێبەر، شالەح چوار سەد و سێ ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. عێبەر لە تەمەنی سی و چوار ساڵیدا بووە باوکی پەلەگ. لەدوای لەدایکبوونی پەلەگ، عێبەر چوار سەد و سی ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. پەلەگ لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی ڕەعو. دوای لەدایکبوونی ڕەعو، پەلەگ دوو سەد و نۆ ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. ڕەعو لە تەمەنی سی و دوو ساڵیدا بووە باوکی سەروگ. دوای لەدایکبوونی سەروگ، ڕەعو دوو سەد و حەوت ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. سەروگ لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی ناحۆر. دوای لەدایکبوونی ناحۆر، سەروگ دوو سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. ناحۆر لە تەمەنی بیست و نۆ ساڵیدا بووە باوکی تارەح. دوای لەدایکبوونی تارەح، ناحۆر سەد و نۆزدە ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. تارەح لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا بووە باوکی ئەبرام و ناحۆر و هاران. کەسوکاری ئەبرام ئەمانەش نەوەکانی تارەحن. تارەح ئەبرام و ناحۆر و هارانی بوو. هارانیش لوتی بوو. هاران پێش تارەحی باوکی لە ئووری کلدانییەکان مرد، لەو خاکەی تێیدا لەدایک ببوو. ئەبرام و ناحۆر هەردووکیان ژنیان هێنا. ژنەکەی ئەبرام ناوی سارای بوو، ژنەکەی ناحۆریش ناوی میلکەی کچی هاران بوو، کە هاران باوکی میلکە و یەسکە بوو. سارای نەزۆک بوو، منداڵی نەبوو. تارەح ئەبرامی کوڕی و لوتی کوڕەزای، کە کوڕی هاران بوو، لەگەڵ سارایی بووکی، کە ژنی ئەبرامی کوڕی بوو، برد و پێکەوە لە ئووری کلدانییەکانەوە بەڕێکەوتن تاکو بچنە خاکی کەنعان. بەڵام کاتێک هاتنە حەڕان، لەوێ نیشتەجێ بوون. ئینجا تارەح لە تەمەنی دوو سەد و پێنج ساڵیدا لە حەڕان مرد. بانگکردنی ئەبرام لەلایەن خوداوە یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «خاک و کەسوکار و ماڵی باوکت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم. «جا دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن، بەرەکەتدارت دەکەم، ناوت مەزن دەکەم، دەبیتە بەرەکەت. ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتداریان دەکەم، نەفرەتیش لە نەفرەتکارانت دەکەم. هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش لە ڕێگەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.» ئیتر ئەبرام ڕۆیشت، هەروەک یەزدان پێی فەرموو، لوتیش لەگەڵی چوو. ئەبرام لە تەمەنی حەفتا و پێنج ساڵیدا بوو کە حەڕانی بەجێهێشت. ئەبرام سارایی ژنی و لوتی برازای و هەموو ئەو دەستکەوتانەی دەستیان کەوتبوو، لەگەڵ ئەو کەسانەی لە حەڕان بەدەستیان هێنابوو، لەگەڵ خۆیدا بردنی و بەرەو خاکی کەنعان چوون و گەیشتنە ئەوێ. ئەبرام بە خاکەکەدا تێپەڕی هەتا گەیشتە دار بەڕووەکەی مۆرە لە شەخەم. لەو کاتەدا کەنعانییەکان لە خاکەکەدا بوون. یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و فەرمووی: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەی تۆ.» ئەویش لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد کە بۆی دەرکەوتبوو. لەوێشەوە گواستییەوە بۆ چیاکەی ڕۆژهەڵاتی بێت‌ئێل و چادرەکەی خۆی هەڵدا. بێت‌ئێل کەوتبووە ڕۆژئاوایەوە و عای لە ڕۆژهەڵاتییەوە بوو. لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد و بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد. پاشان ئەبرام ڕووەو نەقەب12‏:9 عیبری: نەگەڤ‏. لەو ڕۆژانەدا خاکێکی نیمچە وشک بووە لە باشووری کەنعان.‏ بەردەوام بوو لە کۆچکردن. ئەبرام لە میسر لەو کاتەدا قاتوقڕی لە خاکەکەدا هەبوو، جا ئەبرام چوو بۆ میسر، تاکو بۆ ماوەیەک لەوێ بژیێت، چونکە قاتوقڕییەکە زۆر بوو. کاتێکیش نزیک بوو بچێتە ناو میسر، بە سارایی ژنی گوت: «بەڕاستی من دەزانم کە تۆ ژنێکی ڕوخسار جوانیت. کاتێک میسرییەکان دەتبینن، دەڵێن: ”ئەمە ژنەکەیەتی.“ ئەو کاتە من دەکوژن بەڵام تۆ دەهێڵنەوە. بڵێ کە تۆ خوشکی منیت، بۆ ئەوەی بەهۆی تۆوە بە چاکی ڕەفتارم لەگەڵ بکەن، لەبەر تۆش گیانم بە زیندوویی دەمێنێتەوە.» کاتێک ئەبرام هاتە میسر، میسرییەکان بینییان کە سارای زۆر جوانە. کە کاربەدەستانی فیرعەون بینییان، لەلای فیرعەون ستایشیان کرد، ئیتر ژنەکەیان بردە ماڵی فیرعەون. ئەویش بەهۆی ژنەکە بە باشی ڕەفتاری لەگەڵ ئەبرام کرد. ئیتر بووە خاوەنی مەڕ و مانگا و نێرەکەر و ماکەر و کۆیلە و کەنیزە و وشتر. بەڵام یەزدان بەهۆی سارایی ژنی ئەبرامەوە فیرعەون و ماڵەکەی تووشی دەردی گران کرد. ئیتر فیرعەون بەدوای ئەبرامدا ناردی و گوتی: «ئەمە چییە تۆ بە منت کرد؟ بۆچی پێت ڕانەگەیاندم کە ئەو ژنی تۆیە؟ بۆچی گوتت ”ئەو خوشکمە،“ تاکو بیبەم بۆ ئەوەی ببێتە ژنم؟ ئێستاش ئەوەتا ژنەکەت. بیبە و بڕۆ!» ئینجا فیرعەون هەندێک پیاوی ڕاسپارد بۆ بەڕێکردنی ئەبرام و ژنەکەی و هەرچییەکی هەیانبوو. جیابوونەوەی ئەبرام و لوت ئیتر ئەبرام خۆی و ژنەکەی و هەرچییەکی هەبوو، لەگەڵ لوت لە میسرەوە چوونە نەقەب. ئەبرام لە مەڕوماڵات و لە زیو و زێڕ زۆر دەوڵەمەند بوو. قۆناغ بە قۆناغ کۆچی کرد، لە نەقەبەوە هەتا بێت‌ئێل، هەتا ئەو شوێنەی یەکەم جار چادرەکەی ئەوی لێبوو، لەنێوان بێت‌ئێل و عای، بۆ شوێنی قوربانگاکەی کە یەکەم جار دروستی کرد، لەوێدا ئەبرام بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد. هەروەها لوتیش کە لەگەڵ ئەبرام دەڕۆیشت، مەڕ و مانگا و چادری هەبوو. بەڵام خاکەکە لەوەڕگای پێویستی بۆ مەڕوماڵاتی هەردووکیان نەبوو، لەبەر ئەوەی دەستکەوتەکانیان هێندە زۆر ببوو کە نەتوانن پێکەوە بمێننەوە. ناکۆکی لەنێوان شوانەکانی مەڕوماڵاتی ئەبرام و شوانەکانی مەڕوماڵاتی لوت ڕوویدا. لەو کاتەشدا کەنعانییەکان و پریزییەکان نیشتەجێی خاکەکە بوون. ئینجا ئەبرام بە لوتی گوت: «با هیچ ناکۆکییەک نەکەوێتە نێوان من و تۆ و نێوان شوانەکانم و شوانەکانتەوە، چونکە ئێمە مام و برازاین13‏:8 برازاین: عیبری: برا یان خزم. بڕوانە 11‏:31.‏. ئەوە نییە هەموو خاکەکە لەبەردەمتە؟ کەواتە لە من جیا ببەوە. ئەگەر بەلای چەپدا بڕۆیت، من بەلای ڕاستدا دەڕۆم و ئەگەر بەلای ڕاستدا بڕۆیت، من بەلای چەپدا دەڕۆم.» لوت چاوی هەڵبڕی و بینی هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردون ئاودارە. وەک بەهەشتی یەزدانە، وەک خاکی میسر کە بەرەو زۆعەر دەڕۆیت. ئەمە پێش ئەوەی یەزدان سەدۆم و عەمۆرا وێران بکات. لوت هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردونی بۆ خۆی هەڵبژارد و بەرەو ڕۆژهەڵات کۆچی کرد. بەو شێوەیە لە یەکتری جیا بوونەوە. ئەبرام لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو، لوتیش لە شارۆچکەکانی دەوروبەر نیشتەجێ بوو و لە نزیک سەدۆم چادرەکانی هەڵدا. خەڵکی سەدۆم لە ڕادەبەدەر بەدکار بوون و گوناهیان دژی یەزدان دەکرد. دوای جیابوونەوەی لوت لە ئەبرام، یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «چاوت هەڵبڕە و لەو شوێنەی کە لێیت، سەیری باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بکە، چونکە هەموو ئەو خاکەی دەیبینیت بۆ هەتاهەتایە دەیدەمە خۆت و نەوەکانت. نەوەشت وەک خۆڵی زەوی لێ دەکەم، تاکو ئەگەر یەکێک توانی خۆڵی زەوی بژمێرێت، ئەوا نەوەی تۆش بژمێردرێت. بڕۆ، بە درێژایی و پانی خاکەکەدا هاتوچۆ بکە، چونکە دەیدەمە تۆ.» ئیتر ئەبرام چادرەکانی گواستەوە و هات لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێ لە حەبرۆن13‏:18 بە دووری 32 کم لە باشووری ئۆرشەلیمە، ئێستا بە ناوی (الخلیل) ناسراوە، بە ناوی ئیبراهیمی دۆستی خودا ناسراوە.‏ نیشتەجێ بوو، لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد. دەربازکردنی لوت لەلایەن ئەبرامەوە لەو سەردەمەی کە ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار و کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم بوو، ئەم پاشایانە لە دژی بەرەعی پاشای سەدۆم و بیرشەعی پاشای عەمۆرا و شینئابی پاشای ئەدما و شەمێڤەری پاشای چەبۆئیم، لەگەڵ پاشای بەلەع کە شاری زۆعەرە جەنگێکیان بەرپا کرد. هەموو ئەمانە لە دۆڵی سیدیم هێزەکانیان یەکخست، کە ئێستا پێی دەگوترێت دەریای مردوو14‏:3 دەریای مردوو: عیبری: دەریای خوێ.‏. بۆ ماوەی دوازدە ساڵ ژێردەستەی کدارلاعۆمەر بوون، بەڵام لە ساڵی سێزدەمین لێی یاخی بوون. لە ساڵی چواردەمین، کدارلاعۆمەر خۆی و پاشا هاوپەیمانەکانی هاتن و لە عەشترۆت قەرنەیم ڕفائییەکان و لە هام زوزییەکان و لە شاڤێ قیریاتەیم ئێمییەکانیان بەزاند. هەروەها حۆرییەکانیان14‏:6 حۆرییەکان: گەلی ڕەسەنی نیشتەجێی سێعیر بوون کە دواتر لەلایەن عیسۆوە لەناودەبردرێن.‏ لە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیر بەزاند و هەتا ئێل پاران لە نزیک بیابان ڕۆیشتن. ئینجا گەڕانەوە و چوونە کانی میشپات کە قادێشە و بەسەر هەموو هەرێمی عەمالێقییەکاندا زاڵ بوون، هەروەها ئەمۆرییەکانیش کە نیشتەجێی حەچەچۆن تامار بوون. ئینجا پاشاکانی سەدۆم، عەمۆرا، ئەدما، چەبۆئیم و بەلەع کە شاری زۆعەرە، هاتنە دەرەوە و لە دۆڵی سیدیم بۆ جەنگ ڕیزیان بەست، لە دژی کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم و ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار. چوار پاشا بەرامبەر بە پێنج. دۆڵی سیدیم پڕ بوو لە چاڵە قیر، بۆیە هەردوو پاشای سەدۆم و عەمۆرا لە کاتی هەڵاتندا کەوتنە نێو چاڵەکانەوە، بەڵام پاشاکانی دیکە بۆ چیاکان هەڵاتن. ئیتر چوار پاشاکە هەموو شتومەک و خۆراکەکانی سەدۆم و عەمۆرایان برد و ڕۆیشتن. هەروەها لوتی برازای ئەبرامیان لەگەڵ هەموو شتومەکەکەیان برد کە لە سەدۆم نیشتەجێ بوو. یەکێک لە دەربازبووان هات و بە ئەبرامی عیبرانی14‏:13 عیبرانی: واتا لە نەوەی عێبەرە. ئەمە یەکەم جارە پێی دەگوترێ عیبرانی.‏ ڕاگەیاند. ئەو کاتە لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێی ئەمۆری، براکەی ئەشکۆل و عانێر، نیشتەجێ بوو. ئەمانیش لەگەڵ ئەبرام هاوپەیمان بوون. کاتێک ئەبرام بیستی کە برازاکەی ڕاپێچ کراوە، بانگەوازی بۆ خزمەتکارە مەشقپێکراوەکانی دەرکرد کە لەدایکبووی ماڵەکەی بوون و سێ سەد و هەژدە کەس بوون، ئیتر هەتا شاری دان بەدوایان کەوت. کە شەو داهات خۆی و پیاوەکانی دابەش بوون و هێرشی بردە سەریان و تەفروتونای کردن و هەتا حۆڤا دەریپەڕاندن، کە لە باکووری دیمەشقە. جا هەموو شتومەکەکان و هەروەها لوتی برازای و شتومەکەکانی و ژنەکان و خەڵکەکەی هێنایەوە. دوای گەڕانەوەی ئەبرام لە بەزاندنی کدارلاعۆمەر و پاشاکانی دیکەی هاوپەیمانی، پاشای سەدۆم لە دۆڵی شاڤێ کە دۆڵی پاشایە بۆ پێشوازیکردنی هاتە دەرەوە. مەلکیسادقی پاشای شالیمیش14‏:18 شالیم واتا (ئۆرشەلیم).‏ کە کاهینی خودای هەرەبەرز بوو، نان و شەرابی بۆ ئەبرام هێنا. ئینجا داوای بەرەکەتی بۆ کرد و گوتی: «با خودای هەرەبەرز، دروستکەری ئاسمان و زەوی، ئەبرام بەرەکەتدار بکات. ستایش بۆ خودای هەرەبەرز کە دوژمنەکانتی دایە دەستت.» ئەبرامیش دەیەکی هەموو شتێکی پێدا. ئینجا پاشای سەدۆم بە ئەبرامی گوت: «خەڵکەکە بدە من و شتومەکەکانیش بۆ خۆت ببە.» بەڵام ئەبرام بە پاشای سەدۆمی گوت: «سوێندم خواردووە بۆ یەزدانی پەروەردگاری هەرەبەرز، دروستکەری ئاسمان و زەوی، کە لە ماڵ و سامانی تۆ هیچ شتێک نەبەم، تەنانەت تاڵە دەزووێک یان ئاوزەنگێکی14‏:23 ئاوەزێنە‏ پێڵاو، بۆ ئەوەی هەرگیز نەڵێیت: ”من ئەبرامم دەوڵەمەند کرد.“ تەنها ئەوە نەبێت کە هەرزەکارەکان خواردوویانە، بەشەکەی ئەو پیاوانەش کە لەگەڵم هاتن، عانێر و ئەشکۆل و مەمرێ. با ئەوانیش بەشی خۆیان وەربگرن.» پەیمانی خودا لەگەڵ ئەبرام لەدوای ئەم ڕووداوانە، لە بینینێکدا15‏:1 ‏بینین: خودا لە ڕێی پیشاندانی دیمەنێکەوە پەیامێک دەگەیەنێتە ئەو مرۆڤەی بییەوێت.‏ فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەبرام هات و فەرمووی: «مەترسە ئەی ئەبرام، من قەڵغانم بۆت، پاداشتت زۆر گەورەیە.» بەڵام ئەبرام گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چیم دەدەیتێ کە من هەروا وەجاخکوێر بم و میراتگری ماڵم ئەلیعەزەری دیمەشقییە؟» هەروەها ئەبرام گوتی: «هیچ وەجاخێکت نەداومەتێ، ئەوەی لە ماڵەکەم لەدایک بووە وا دەبێتە میراتگرم.»15‏:3 دەبێتە میراتگرم: بەپێی یاسایەک لەو سەردەمە هاوڕێیەک یان کۆیلەیەک کە خزمەتی پیاوێکی وەجاخکوێری دەکرد ئەوا دەیتوانی ببێتە میراتگری.‏ لەو کاتەدا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات و فەرمووی: «ئەمە نابێتە میراتگرت، بەڵکو ئەوەی لە پشتی تۆوە دێت، ئەو دەبێتە میراتگرت.» ئینجا بردییە دەرەوە و فەرمووی: «سەیری ئاسمان بکە و ئەستێرەکان بژمێرە، ئەگەر دەتوانیت.» هەروەها پێی فەرموو: «نەوەکەت ئاوا دەبێت.» جا ئەبرام باوەڕی بە یەزدان هێنا و ئەویش ئەمەی بە ڕاستودروستی بۆ دانا. هەروەها یەزدان پێی فەرموو: «من یەزدانم، ئەوەی لە ئووری کلدانییەکانەوە تۆی هێنایە دەرەوە، تاکو ئەم زەوییەت بە میرات پێ ببەخشێت.» بەڵام ئەبرام گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چۆن بزانم کە من دەبمە میراتگری ئەم زەوییە؟» یەزدانیش پێی فەرموو: «گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە15‏:9 مەبەست لە (گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە)، پێش تەمەنی بە کەڵ هاتن.‏ و بزنێکی سێ ساڵە و بەرانێکی سێ ساڵە و قومرییەک و کۆترێکم بۆ بهێنە.» ئەمانەی هەموو بۆ هێنا و لە ناوەڕاستەوە لەتی کردن، لەتی هەریەکەشیانی بەرامبەر ئەوی دیکە دانا، بەڵام باڵندەکانی لەت نەکرد. ئینجا سیسارکە کەچەڵەکان بۆ سەر کەلاکەکان هاتنە خوارەوە، بەڵام ئەبرام دووری خستنەوە. کە خۆر بەرەو ئاوابوون دەچوو، ئەبرام کەوتە خەوێکی قووڵەوە و لەناکاو تاریکییەکی ترسناک و سەختی بەسەردا هات. ئینجا یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «بە دڵنیاییەوە بزانە کە نەوەکانت لە خاکێک نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە کۆیلەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە. بەڵام سزای ئەو نەتەوەیەش دەدەم، کە ئەوان وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن. لەدوای ئەوە بە دەستکەوتێکی زۆرەوە دێنە دەرەوە. بەڵام تۆ بە سەلامەتی دەچیتە لای باوباپیرانت و لە تەمەنێکی باشی پیریدا دەنێژرێیت. لە نەوەی چوارەمیشدا، نەوەکانت دەگەڕێنەوە ئێرە، چونکە هێشتا تاوانی ئەمۆرییەکان نەگەیشتووەتە ڕادەی خۆی.» ئینجا کاتێک خۆر ئاوابوو و تاریکی داهات، لەناکاو تەنوورێکی پڕ دووکەڵ و مەشخەڵێکی داگیرساو دەرکەوت و بە نێوان ئاژەڵە دوولەتکراوەکاندا تێپەڕی. لەو ڕۆژەدا یەزدان پەیمانێکی لەگەڵ ئەبرامدا بەست و پێی فەرموو: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەکانی تۆ، لە ڕووباری میسرەوە هەتا ڕووبارە گەورەکە، ڕووباری فورات، خاکی قێنی و قەنیزی، قەدمۆنی، حیتی، پریزی، ڕفائی، ئەمۆری، کەنعانی، گرگاشی و یەبوسییەکان.» هاجەر و ئیسماعیل سارایی ژنی ئەبرام هیچ منداڵی بۆ ئەبرام نەبوو، بەڵام کەنیزەیەکی میسری هەبوو ناوی هاجەر بوو. سارای بە ئەبرامی گوت: «یەزدان ڕێی منداڵبوونی لێ گرتووم. لەگەڵ کەنیزەکەم سەرجێیی بکە، بەڵکو لەوەوە منداڵم بۆ ببێت.» ئەبرامیش بە قسەی سارایی کرد. ئینجا پاش دە ساڵ لە نیشتەجێبوونی ئەبرام لە خاکی کەنعان، سارایی ژنی ئەبرام هاجەری کەنیزە میسرییەکەی هێنا و دایە ئەبرامی مێردی تاکو ببێتە ژنی. ئیتر لەگەڵ هاجەر سەرجێیی کرد و ئەویش سکی پڕ بوو. کاتێک کە زانی سکی هەیە، خانمەکەی خۆی لەبەرچاو سووک بوو. ئینجا سارای بە ئەبرامی گوت: «تۆ بەرپرسی لەو سووکایەتییەی بە من دەکرێت. من کەنیزەکەی خۆمم خستە باوەشی تۆ، ئێستاش کە زانی سکی هەیە، لەبەرچاویدا سووک بووم. با یەزدان دادوەریی نێوان من و تۆ بکات.» ئەبرامیش بە سارایی گوت: «وا کەنیزەکەت لەبەردەستی خۆتدایە، چیت پێ باشە وای لێ بکە.» ئیتر سارای ئەوەندە بەدڕەفتاری لەگەڵ هاجەر کرد، هەتا لە دەستی هەڵات. ئینجا فریشتەی یەزدان لە چۆڵەوانی هاجەری لەسەر کانییەک دۆزییەوە؛ ئەو کانییەی کە لەسەر ڕێگای شوورە. فەرمووی: «ئەی هاجەری کەنیزەی سارای، لەکوێوە هاتوویت و بۆ کوێ دەچیت؟» ئەویش گوتی: «لەدەست سارایی خانمم ڕامکردووە.» فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «بگەڕێوە لای خانمەکەت و ژێردەستەی بە.» هەروەها پێی فەرموو: «وەچەکانت بێ ئەندازە زۆر دەکەم کە لەبەر زۆرییان لە ژماردن نەیەن.» دیسان فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «ئێستا سکت پڕە، کوڕێکت دەبێت، ناوی دەنێیت ئیسماعیل، چونکە یەزدان گوێی لە زەلیلیی تۆ بوو. ئەو دەبێتە مرۆڤێک وەک کەرەکێوی16‏:12 مەبەستی لە سووکایەتی نییە، بەڵکو باسی ئاکاری کەرەکێوی دەکات لە بەهێزی و سەربەستی و سەربەخۆیی ژیانی.‏ لێ دێت. دەستی لە دژی هەموو کەسێک دەبێت و دەستی هەموو کەسێکیش لە دژی ئەو. دەبێتە نەیاری هەموو براکانیشی.» ئینجا ئەم ناوەی لە یەزدان نا کە لەگەڵیدا دوا، «تۆ ئەو خودایەی کە دەبینیت،» چونکە هاجەر گوتی: «ئا لێرەشدا ئەوم بینی کە دەمبینێت.» لەبەر ئەمەشە کە ئەو بیرە16‏:14 لەبەر ئەوەی ئاوی کانییەکە نەما پێویست بوو کە بیرێک لێ بدەن بۆ ئەوەی بگەنە ئاوەکە.‏ بە «بیری لەحەی ڕۆئی» ناونراوە، ئێستاش وا لەنێوان قادێش16‏:14 قادێش: بڕوانە پەیدابوون 14‏:7.‏ و بەرەدە. ئیتر هاجەر کوڕێکی بۆ ئەبرام بوو، ئەبرامیش ئەو کوڕەی ناو نا ئیسماعیل. ئەبرام تەمەنی هەشتا و شەش ساڵ بوو کاتێک هاجەر ئیسماعیلی بۆ ئەبرام بوو. پەیمانی خەتەنەکردن کاتێک ئەبرام تەمەنی نەوەد و نۆ ساڵ بوو، یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و پێی فەرموو: «من خودای هەرە بەتوانام. دۆستایەتی من بکە و بێ کەموکوڕی بە. پەیمانی خۆم لەنێوان خۆم و تۆدا دەبەستم و زۆر زۆرت دەکەم.» ئەبرام خۆی بە زەویدا دا، خوداش پێی فەرموو: «لەلایەن منەوە، ئەمە پەیمانی منە لەگەڵ تۆ: تۆ دەبیتە باوکی چەندین نەتەوە. ئیتر لەمەودواش ناوت بە ئەبرام ناهێنرێت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیبراهیم17‏:5 ئیبراهیم واتا باوکی خەڵکێکی زۆر.‏، چونکە من تۆم کردووە بە باوکی چەندین نەتەوە. زۆر زۆریش بەردارت دەکەم و چەندین نەتەوەت لێ دروست دەکەم و پاشایانت لێ دەکەوێتەوە. پەیمانەکەم کە پەیمانێکی هەتاهەتاییە لەنێوان خۆم و تۆ و نەوەی تۆدا دەچەسپێنم، کە ببمە خودای تۆ و نەوەکانی تۆ. هەموو خاکی کەنعان، کە ئێستا وەک بێگانەیەک تێیدا نیشتەجێی، بۆ هەتاهەتایە بە موڵکی دەیدەمە تۆ و نەوەکانی تۆ؛ منیش دەبمە خودایان.» ئینجا خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «تۆش لەلای خۆتەوە دەبێت پەیمانەکەم بەجێبهێنیت، خۆت و نەوە لە دوای نەوەشت. ئەمەش پەیمانەکەمە کە بەجێی دەهێنن لەنێوان من و ئێوە و نەوەی دوای خۆت: هەموو نێرینەیەکتان خەتەنە دەکەن. خۆتان خەتەنە دەکەن، کە دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و ئێوە. هەموو نێرینەیەکی هەشت ڕۆژەش لە ئێوە دەبێت خەتەنە بکرێت، لە نەوەکانتان، ئەوەی لە ماڵەکەت لەدایک بووە، یان ئەوەی بە زیو لە بیانی کڕاوە و نەوەی خۆت نییە. دەبێت ئەوەی لە ماڵەکەت لەدایک بووە یان بە زیو کڕاوە بە تەواوی خەتەنە بکرێت، جا پەیمانەکەم لە ئێوەدا پەیمانێکی هەتاهەتایی دەبێت. هەر نێرینەیەکی خەتەنەنەکراویش، کە خەتەنە نەکرابێت، ئەوە لە نەتەوەکەی دادەبڕدرێت، چونکە پەیمانی منی شکاندووە.» هەروەها خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «سارایی ژنیشت، ئیتر بە سارای ناوی مەهێنە، بەڵکو ناوی دەبێتە سارا. بەرەکەتداری دەکەم و لەوەوە کوڕێکت پێ دەبەخشم. بەرەکەتداری دەکەم و چەندین نەتەوە و چەندین پاشای نەتەوەکان لەوەوە دەبن.» ئیبراهیم بەسەر ڕوویدا کەوت و پێکەنی، لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئایا پیاوێکی سەد ساڵە منداڵی دەبێت؟ ئایا سارا لە تەمەنی نەوەد ساڵیدا منداڵی دەبێت؟» ئیبراهیم بە خودای گوت: «خۆزگە ئیسماعیل لەژێر سایەی بەرەکەتی تۆدا ژیانی بەسەر دەبرد.» خوداش فەرمووی: «بەڵێ، بەڵام لە سارای ژنت کوڕێکت دەبێت، ناوی دەنێیت ئیسحاق. پەیمانی خۆمی لەگەڵدا دەچەسپێنم، پەیمانێکی هەتاهەتایی بۆ نەوەکەی دوای خۆی. بۆ ئیسماعیلیش، گوێم لێت بوو، بێگومان بەرەکەتداری دەکەم، بەرداری دەکەم و زۆر زۆری دەکەم. دەبێتە باوکی دوازدە سەرۆک، دەیکەمە نەتەوەیەکی مەزن. بەڵام پەیمانەکەم لەگەڵ ئیسحاقدا دەچەسپێنم، کە ساڵێکی دیکە ئەم کاتە سارا بۆ تۆی دەبێت.» کاتێک خودا لە قسەکانی بووەوە لەگەڵ ئیبراهیم، لەلای ڕۆیشت و بەرزبووەوە. لە هەمان ڕۆژدا ئیبراهیم، ئیسماعیلی کوڕی و هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەیدا لەدایک ببوون یان بە زیوی خۆی کڕابوون، هەموو نێرینەکانی ماڵەکەی خۆی هێنا و خەتەنەی کردن، وەک چۆن خودا پێی فەرموو بوو. ئیبراهیم تەمەنی نەوەد و نۆ ساڵ بوو کاتێک خەتەنە کرا، ئیسماعیلی کوڕیشی تەمەنی سێزدە ساڵ بوو کاتێک خەتەنە کرا. لە هەمان ڕۆژدا ئیبراهیم و ئیسماعیلی کوڕی خەتەنە کران. هەموو پیاوەکانی ماڵەکەی، ئەوانەی لە ماڵەکەی لەدایک ببوون و ئەوانەی لە بیانی بە زیو کڕدرابوون لەگەڵ ئەودا خەتەنە کران. سێ میوان ئینجا یەزدان لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێ بۆ ئیبراهیم دەرکەوت، کە لە گەرمای ڕۆژدا لەبەر دەرگای چادرەکەیدا دانیشتبوو. ئیبراهیم سەری هەڵبڕی و بینی وا سێ پیاو لە نزیکی وەستاون. کاتێک ئەوانی بینی، لە دەرگای چادرەکەیەوە بەرەو ڕوویان ڕایکرد و کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی. ئینجا گوتی: «گەورەم، ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، بەسەر خزمەتکارەکەتدا تێمەپەڕە. با تۆزێک ئاو بهێنرێت و پێتان بشۆن، ئینجا لەژێر دارەکە پاڵ بدەنەوە. پارووە نانێکیشتان بۆ دێنم تاکو بەری دڵتانی پێ بگرن و پاشان تێبپەڕن، چونکە ئێوە بۆ لای خزمەتکارەکەتان هاتوون.» ئەوانیش فەرموویان: «ئەوەی گوتت بیکە.» ئیتر ئیبراهیم بە پەلە چوو بۆ ناو چادرەکە بۆ لای سارا و پێی گوت: «خێرا سێ پێوانە18‏:6 سێ پێوانە: عیبری: سێ سەئا‏، نزیکەی 16 کگم.‏ لە باشترین ئارد بهێنە و بیشێلە و بیکە بە نان.» هەروەها ئیبراهیم بۆ لای مێگەلەکە ڕایکرد و گوێرەکەیەکی ناسک و چاکی هێنا و دایە دەست خزمەتکارێکەوە، ئەویش خێرا کەوتە ئامادەکردنی. ئینجا دەڵەمە18‏:8 یان دەرەمە، قۆناغی پێش دروستبوونی پەنیر.‏ و شیر و ئەو گوێرەکەیەی ئامادەکرابوو، هێنای و لەبەردەمیان داینا. خۆشی لەژێر دارەکە لەسەریان ڕاوەستا، کاتێک ئەوان نانەکەیان دەخوارد. پاشان پێیان فەرموو: «کوا سارای ژنت؟» ئەویش گوتی: «ئەوەتا، لەناو چادرەکەیە.» ئینجا یەزدان فەرمووی: «بێگومان ساڵێکی دیکە ئەم کاتانە دێمەوە لات و سارای ژنیشت کوڕێکی بووە.» ساراش لە پشتەوە و لەبەر دەرگای چادرەکەدا گوێی لەوان گرتبوو. ئیبراهیم و سارا دوو کەسی پیر و بەساڵداچوو بوون. ساراش تەمەنی منداڵبوونی بەسەرچووبوو. بۆیە سارا لە دڵی خۆیدا پێکەنی و گوتی: «ئایا ئێستا کە تەواو پیر بووم و مێردەکەشم پیر بووە، خۆشیم بۆ دەبێت؟» ئینجا یەزدان بە ئیبراهیمی فەرموو: «بۆچی سارا پێکەنی و گوتی: ”ئایا بەڕاستی بەم پیرییەوە منداڵم دەبێت“؟ هیچ شتێک هەیە بۆ یەزدان ئەستەم بێت؟ ساڵی داهاتوو لە کاتی دیاریکراو دێمەوە لات و ساراش کوڕێکی بووە.» سارا لە ترسا درۆی کرد و گوتی: «پێنەکەنیم.» بەڵام ئەو فەرمووی: «بەڵێ، پێکەنیت.» پاڕانەوەی ئیبراهیم بۆ سەدۆم ئینجا پیاوەکان لەوێ هەستان و ڕوویان لە سەدۆم کرد، ئیبراهیمیش لەگەڵیان ڕۆیشت، تاکو بەڕێیان بکات. یەزدانیش فەرمووی: «ئایا ئەوەی کە بەتەمام ئەنجامی بدەم لە ئیبراهیمی بشارمەوە؟ بێگومان ئیبراهیم دەبێتە نەتەوەیەکی مەزن و بەهێز و هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش لە ڕێگەی ئەوەوە بەرەکەتدار دەبن. لەبەر ئەوەی هەڵمبژاردووە کە منداڵەکانی و ماڵەکەی لەدوای خۆی ڕابسپێرێت ڕێچکەی یەزدان بگرنەبەر، بۆ ئەوەی ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو بکەن، تاکو یەزدان ئەو بەڵێنە بهێنێتە دی کە بە ئیبراهیمی دابوو.» ئینجا یەزدان فەرمووی: «هاوار لە دژی سەدۆم و عەمۆرا زۆر بووە و تووشی گوناهی زۆر گەورە هاتوون. ئەوا دێمە خوارەوە بۆ ئەوەی بزانم ئاخۆ ئەو کارەی کە کردوویانە بەو ڕادەیە خراپە کە بیستوومە. ئەگەر نا، ئەوا دەزانم.» ئینجا پیاوەکان ڕوویان کردە سەدۆم و ڕۆیشتن، بەڵام ئیبراهیم هێشتا لەبەردەم یەزدان وەستابوو. ئیبراهیم چووە پێشەوە و گوتی: «ئایا لەگەڵ خراپەکاردا ڕاستودروستیش لەناودەبەیت؟ ئەی ئەگەر شارەکە پەنجا کەسی ڕاستودروستی تێدابێت، ئایا هەر لەناوی دەبەیت و لە پێناوی ئەو پەنجا ڕاستودروستەی کە تێیدایە نایبەخشیت؟ حاشا، شتی وا لە تۆ ناوەشێتەوە کە ڕاستودروستیش لەگەڵ خراپەکاردا بکوژیت و وەکو یەک هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەیت! دوور بێت لە تۆ! ئایا دادوەری هەموو زەوی دادپەروەر نابێت؟» یەزدانیش فەرمووی: «ئەگەر لە شاری سەدۆم پەنجا کەسی ڕاستودروست ببینمەوە، ئەوا لە پێناوی ئەوان هەموو شارەکە دەبەخشم.» ئیبراهیم وەڵامی دایەوە: «ئێستا منێک کە خۆڵ و خۆڵەمێشم، بوێری ئەوەم هەبووە لەگەڵ پەروەردگاردا قسە بکەم، ئەی ئەگەر لەو پەنجا کەسە ڕاستودروستە پێنجی کەم بوو؟ ئایا بۆ پێنج کەس هەموو شارەکە وێران دەکەیت؟» فەرمووی: «وێرانی ناکەم، ئەگەر چل و پێنج لەوێ ببینمەوە.» دیسان کەوتەوە قسە لەگەڵی و گوتی: «ئەی ئەگەر لەوێ چلی لێبوو؟» فەرمووی: «لەبەر خاتری ئەو چلە، نایکەم.» ئینجا گوتی: «با پەروەردگار تووڕە نەبێت و قسە بکەم، ئەی ئەگەر هەر سی لێبوو؟» فەرمووی: «نایکەم، ئەگەر لەوێ سی ببینمەوە.» ئیبراهیم گوتی: «ئیتر وا وێرام قسە لەگەڵ پەروەردگار بکەم، ئەی ئەگەر بیستی لێبوو؟» فەرمووی: «لەبەر ئەو بیستە وێرانی ناکەم.» ئینجا گوتی: «با پەروەردگار تووڕە نەبێت و هەر ئەم جارە قسە بکەم. ئەی ئەگەر دەی لێبوو؟» فەرمووی: «لەبەر ئەو دەیە وێرانی ناکەم.» ئینجا دوای ئەوەی یەزدان لەگەڵ ئیبراهیم لە قسەکردن بووەوە، ڕۆیشت، ئیبراهیمیش گەڕایەوە شوێنی خۆی. وێرانکردنی سەدۆم و عەمۆرا هەردوو فریشتەکە کاتی ئێوارە گەیشتنە سەدۆم، لوتیش لە دەروازەکەی سەدۆم دانیشتبوو. کاتێک لوت ئەوانی بینی، هەستا بۆ پێشوازییان و کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی. ئینجا گوتی: «گەورەکانم، تکایە لابدەنە ماڵی خزمەتکاری خۆتان. شەو بەسەربەرن و پێتان بشۆن، سەر لە بەیانیش بە ڕێی خۆتاندا بڕۆن.» فەرموویان: «نا، بەڵکو لە گۆڕەپانەکە شەو دەبەینەسەر.» بەڵام ئەم زۆری لێکردن. ئیتر لایاندایە لای و چوونە ماڵەکەی. ئەویش خوان و نانی فەتیرەی بۆ ئامادە کردن و خواردیان. پێش ئەوەی بخەون، هەموو پیاوانی شاری سەدۆم لە هەموو لایەکەوە، لە گەنجیانەوە هەتا پیرییان، دەوری ماڵەکەیان دا. ئینجا لوتیان بانگکرد و لێیان پرسی: «کوا ئەو دوو پیاوەی ئەمشەو هاتنە لات؟ بیانهێنە دەرەوە بۆمان تاکو لاقەیان بکەین.» لوت هاتە دەرەوە بۆ لایان و دەرگاکەی لە پشت خۆیەوە داخست. گوتی: «نا، براکانم. خراپەی وا مەکەن. من دوو کچم هەیە کە دەستی پیاویان بەرنەکەوتووە. بۆتان دەهێنمە دەرەوە، ئەوەی پێتان باشە پێیانی بکەن. بەڵام هیچ لەم دوو پیاوە مەکەن، چونکە ئەوان هاتوونەتە ماڵی من.» ئەوانیش گوتیان: «وەرە ئەم لاوە!» ئینجا گوتیان: «ئەم پیاوە خۆی وەک بێگانەیەک هاتووەتە نێومانەوە، کەچی دەیەوێت ببێتە دادوەر بەسەرمانەوە. ئێستاش لەوان خراپترت بەسەردەهێنین.» ئیتر فشاریان بۆ لوت هێنا و هاتنە پێشەوە تاکو دەرگاکە بشکێنن. بەڵام دوو پیاوەکە دەستیان درێژکرد و لوتیان ڕاکێشایە لای خۆیان بۆ ناو ماڵەکە و دەرگاکەشیان داخست. ئەو پیاوانەشیان کوێر کرد کە لە بەردەرگای ماڵەکەدا بوون، لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان، ئیتر پەکیان کەوت و نەیانتوانی دەرگاکە بدۆزنەوە. ئینجا دوو پیاوەکە بە لوتیان فەرموو: «کێی دیکەت لێرە هەیە؟ زاواکانت و کوڕەکانت و کچەکانت و هەرکەسێکی دیکەت لەم شارەدا هەیە، بیانبە دەرەوە، چونکە ئێمە ئەم شوێنە وێران دەکەین. لەبەر ئەوەی لەبەردەم یەزدان هاوار لە دژی خەڵکەکەی گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی، بۆیە ئێمەی ناردووە تاکو وێرانی بکەین.» ئیتر لوت چووە دەرەوە و قسەی لەگەڵ دەستگیرانی کچەکانی کرد و گوتی: «هەستن و لەم شوێنە بڕۆنە دەرەوە، چونکە هێندەی نەماوە یەزدان شارەکە وێران بکات.» بەڵام وەک گاڵتەچی هاتە بەرچاوی دەستگیرانی کچەکانی. لە بەرەبەیان، هەردوو فریشتەکە پەلەیان لە لوت کرد و پێیان فەرموو: «خێرا بکە! ژنەکەت و هەردوو کچەکەت کە لێرەن بیانبە، نەوەک تۆش بە گوناهی شارەکە لەناوبچیت.» بەڵام ئەو خەم ساردی لێکرد، جا هەردوو پیاوەکە لەبەر بەزەیی یەزدان لەسەریان، دەستی خۆی و ژنەکەی و هەردوو کچەکەی ئەویان گرت و لە دەرەوەی شارەکە دایاننان. هەرکە هێنایاننە دەرەوەی شارەکە، یەکێکیان فەرمووی: «فریای خۆت بکەوە! ئاوڕ لە دواوەت مەدەوە و لەم دەوروبەرە ڕانەوەستیت. ڕابکە بۆ چیاکە بۆ ئەوەی لەناونەچیت!» بەڵام لوت پێی گوتن: «نا، گەورەم! خزمەتکارەکەت وا ڕەزامەندی لە چاوەکانت بەدی کردووە، خۆشەویستییەکەت گەورەیە کە بەرامبەرم کردووتە، بە هێشتنەوەی گیانم بە زیندووێتی. بەڵام من ناتوانم ڕابکەم بۆ چیاکە. نەوەک ئەم بەڵایە پێم بگات و بمرم. تەماشای ئەو شارۆچکە نزیکە بکە، بچووکە، با بۆ ئەوێ هەڵبێم. مەگەر بچووک نییە؟ ئیتر گیانم بە زیندووێتی دەمێنێتەوە.» ئەویش پێی فەرموو: «باشە، لەم شتەش نائومێدت ناکەم، ئەو شارۆچکەیەی باست کرد سەرەوژێری ناکەم. بەڵام بە پەلە بەرەو ئەوێ ڕابکە، چونکە هەتا تۆ نەگەیتە ئەوێ، من ناتوانم هیچ شتێک بکەم.» لەبەر ئەوەشە کە شارۆچکەکە ناونرا بە زۆعەر19‏:22 زۆعەر واتا بچووک.‏. کاتێک خۆر بەسەر زەویدا هەڵهات، لوت گەیشتە ناو زۆعەر. ئینجا یەزدان لە ئاسمانەوە گۆگرد و ئاگری بەسەر سەدۆم و عەمۆرادا باراند. هەموو ئەو شارانە، دەوروبەرەکەیان و هەموو دانیشتووانی شارۆچکەکان و ڕووەکی زەوییەکەشی لەگەڵدا سەرەوژێر کرد. بەڵام ژنی لوت سەیری دواوەی کرد، جا بووە ستوونێکی خوێ. بۆ سبەی ئیبراهیم بەیانی زوو لە خەو هەستا و گەڕایەوە بۆ ئەو شوێنەی کە تێیدا لەبەردەم یەزدان وەستابوو19‏:27 هۆکاری وەستانەکەی بۆ پاڕانەوە بووە لە خودا.‏. تەماشای سەدۆم و عەمۆرا و هەموو دەشتەکەی دەوروبەری کرد و بینی وا دووکەڵی زەوییەکە وەک دووکەڵی کوورە بەرز دەبێتەوە. کاتێک خودا شارۆچکەکانی دەشتەکەی وێران کرد، ئیبراهیمی هاتەوە یاد19‏:29 بڕوانە 8‏:1.‏ و لوتی لەو کارەساتە هێنایە دەرەوە کە بەسەر ئەو شارانەدا هێنای کە ئەوی تێدا دەژیا. لوت و کچەکانی ئینجا لوت و هەردوو کچەکەی زۆعەریان بەجێهێشت و لە چیا نیشتەجێ بوون، چونکە ترسا لە زۆعەر دانیشێت. خۆی و هەردوو کچەکەی لە ئەشکەوت نیشتەجێ بوون. کچە گەورەکەی لوت بە بچووکەکەی گوت: «باوکمان پیر بووە و هیچ پیاوێکیش لەم ناوەدا نییە کە لەگەڵیدا هاوسەرگیری بکەین و منداڵمان ببێت، وەک چۆن دابونەریتی هەموو زەوییە، بۆیە وەرە با شەراب دەرخواردی باوکمان بدەین و سەرجێیی لەگەڵ بکەین، لە باوکمانەوە وەچە بخەینەوە.» ئەو شەوە شەرابیان دەرخواردی باوکیان دا، ئینجا کچە گەورەکە چووە ژوورەوە و لەگەڵ باوکی ڕاکشا. ئەویش نە بە ڕاکشانەکەی زانی و نە بە هەستانەوەکەی. بۆ ڕۆژی دواتر کچە گەورەکە بە بچووکەکەی گوت: «دوێنێ من شەو لەگەڵ باوکم سەرجێییم کرد. ئەمشەویش شەرابی دەرخوارد دەدەین، ئینجا تۆ بڕۆ ژوورەوە و سەرجێیی لەگەڵ بکە. جا لە باوکی خۆمانەوە وەچە دەخەینەوە.» ئەو شەوەش شەرابیان دەرخواردی باوکیان دا، ئینجا کچە بچووکەکە هەستا و سەرجێیی لەگەڵ کرد. ئەویش نە بە سەرجێییەکەی زانی و نە بە هەستانەوەکەی. ئیتر هەردوو کچەکەی لوت سکیان لە باوکیان پڕ بوو. گەورەکەیان کوڕێکی بوو ناوی لێنا مۆئاب19‏:37 مۆئاب واتا لە باوکەوە.‏. ئەو باوکی هەموو مۆئابییەکانە هەتا ئەمڕۆ. هەروەها بچووکەکەشیان کوڕێکی بوو ناوی لێنا بەن‌عەمی19‏:38 بەن‌عەمی واتا کوڕی گەلی باوکم.‏. ئەویش باوکی نەوەی عەمۆنە هەتا ئەمڕۆ. ئیبراهیم و ئەبیمەلەخ ئیبراهیم لەوێوە بەرەو زەوی نەقەب کۆچی کرد و لەنێوان قادێش و شووردا نیشتەجێ بوو. بۆ ماوەیەک لە گرار مایەوە. ئیبراهیم سەبارەت بە سارای ژنی گوتی: «ئەو خوشکمە.» ئینجا ئەبیمەلەخی پاشای گرار ناردی و سارای برد. ئینجا خودا هاتە خەوی ئەبیمەلەخ و پێی فەرموو: «ئەوا تۆ بەهۆی ئەو ژنەی بردووتە دەمریت، چونکە ئەو ژنێکی بە مێردە.» ئەبیمەلەخ کە هێشتا لە سارای نزیک نەکەوتبووەوە، گوتی: «ئەی پەروەردگار، ئایا نەتەوەیەکی بێتاوان دەکوژیت؟ ئەی ئیبراهیم پێی نەگوتم ”ئەو خوشکمە،“ ساراش خۆی نەیگوت ”ئەو برامە“؟ من ئەمەم بە دڵسافی و دەستی پاکەوە کردووە.» خوداش لە خەونەکەدا پێی فەرموو: «منیش دەزانم تۆ ئەمەت بە دڵسافییەوە کردووە، هەر خۆشم ڕێگام لێ گرتیت کە گوناهم بەرامبەر بکەیت. لەبەر ئەوە بوو کە نەمهێشت دەستی بۆ ببەیت. ئێستاش ژنی پیاوەکە بگەڕێنەوە، ئەو پێغەمبەرە، لە پێناوی تۆ نزا دەکات و دەژیت. بەڵام ئەگەر نەیگەڕێنیتەوە، ئەوا بزانە کە بێگومان خۆت و هەموو ئەوانەی هی تۆن دەمرن.» ئەبیمەلەخ بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر لە خەو هەستا و هەموو خزمەتکارەکانی بانگکرد و هەموو ئەو شتانەی پێ گوتن کە ڕوویاندابوو، ئەوانیش زۆر ترسان. ئینجا ئەبیمەلەخ ئیبراهیمی بانگکرد و پێی گوت: «ئەمە چییە بە ئێمەت کرد؟ چ گوناهێکم بەرامبەرت کردووە تاکو خۆم و شانشینەکەم تووشی تاوانێکی وا گەورە بکەیت؟ ئەو کارەی کە نابێت بکرێت، بە منت کرد.» ئەبیمەلەخ بە ئیبراهیمی گوت: «بۆچی ئەم کارەت کرد؟» ئیبراهیمیش گوتی: «لەبەر ئەوەی بە خۆمم گوت: ”هیچ لەخواترسێک لەم شوێنەدا بوونی نییە و لەبەر ژنەکەم من دەکوژن.“ لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕاستیدا ئەو خوشکمە، کچی باوکمە، بەڵام کچی دایکم نییە. ئیتر بووە ژنم. کاتێکیش خودا لە ماڵی باوکمەوە ئاوارەی کردم، بە ژنەکەمم گوت: ”بەم شێوەیە دەتوانیت خۆشەویستی خۆتم نیشان بدەیت: چووینە هەر شوێنێک، سەبارەت بە من بڵێ: ئەو برامە.“» ئیتر ئەبیمەلەخ مەڕ و مانگا و خزمەتکار و کەنیزەی هێنا و دایە ئیبراهیم، سارای ژنیشی بۆ گەڕاندەوە. ئینجا ئەبیمەلەخ گوتی: «وا زەوییەکەم لەبەردەم تۆیە، کوێت پێ باشە لەوێ دابنیشە.» بە ساراشی گوت: «من ئێستا هەزار شاقل زیو20‏:16 نزیکەی 12 کیلۆگرام.‏ دەدەمە براکەت. ئەمە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ئابڕووبردنەیە کە بەرامبەر تۆ لەبەردەم هەموو ئەوانەی لەگەڵتن ئەنجامم دا؛ ئیتر تۆ تەواو ڕووسپیت.» ئینجا ئیبراهیم لە خودا پاڕایەوە، خوداش ئەبیمەلەخ و ژنەکەی و کەنیزەکانی چاککردەوە و منداڵیان بوو، چونکە یەزدان بەهۆی سارای ژنی ئیبراهیمەوە، هەرچی منداڵدانی ماڵی ئەبیمەلەخ هەبوو، بە تەواوی بەستبووی. لەدایکبوونی ئیسحاق یەزدان بەو شێوەیەی فەرمووی سارای بەسەرکردەوە و یەزدان چۆنی فەرموو ئاوای بۆ سارا کرد. ئینجا سارا سکی پڕ بوو؛ لە تەمەنی پیریی ئیبراهیمدا و لە هەمان ئەو کاتەی کە خودا پێی فەرمووبوو، منداڵێکی بوو. ئیبراهیم ئەو کوڕەی ناو نا ئیسحاق، کە سارا بۆی ببوو. کاتێک ئیسحاقی کوڕی بووە هەشت ڕۆژ، ئیبراهیم خەتەنەی کرد، هەروەک چۆن خودا ڕایسپاردبوو. تەمەنی ئیبراهیم سەد ساڵ بوو کاتێک ئیسحاقی کوڕی لەدایک بوو. سارا گوتی: «خودا منی خستووەتە پێکەنین، هەرکەسێکیش ئەمە ببیستێت لەگەڵ من پێدەکەنێت.» هەروەها گوتی: «کێ بە ئیبراهیمی دەگوت سارا شیر دەداتە منداڵان؟ لەگەڵ ئەوەشدا لە پیریی ئەودا کوڕێکم بوو.» بەڕێکردنی هاجەر و ئیسماعیل کوڕە گەورە بوو و لە شیر بڕایەوە. لەو ڕۆژەی ئیسحاق لە شیر بڕایەوە، ئیبراهیم خوانێکی گەورەی ساز کرد. بەڵام سارا کوڕەکەی هاجەری میسری بینی کە لە ئیبراهیم بوو، گاڵتەی دەکرد. جا بە ئیبراهیمی گوت: «ئەم کەنیزەیە و کوڕەکەی دەربکە، چونکە کوڕی ئەم کەنیزەیە لەگەڵ ئیسحاقی کوڕی من نابێتە میراتگر.» ئەم بابەتە ئیبراهیمی زۆر ناڕەحەت کرد، چونکە پەیوەندی بە کوڕەکەی ئەوەوە هەبوو. بەڵام خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «ناڕەحەتی کوڕەکە و کەنیزەکەت مەبە. هەرچی سارا پێت دەڵێت بە قسەی بکە، چونکە نەوەی تۆ لە ڕێگەی ئیسحاقەوە ناودەبردرێت. هەروەها لە کوڕی کەنیزەکەشەوە نەتەوەیەک دروست دەکەم، چونکە وەچەی تۆیە.» ئیبراهیم بەیانی زوو لە خەو هەستا و نان و مەشکەیەک ئاوی هێنا و خستییە سەر شانی هاجەر و لەگەڵ کوڕەکە بەڕێی کرد. ئەویش ڕۆیشت و لە چۆڵەوانی بیری شابەع سەرگەردان بوو. کە مەشکەکە ئاوی تێدا نەما، کوڕەکەی لەژێر دەوەنێک دانا. ئینجا ڕۆیشت و لە دوورەوە لە دووری تیرهاوێژێک بەرامبەری دانیشت، چونکە گوتی: «ناتوانم بە چاوی خۆم مەرگی کوڕەکەم ببینم.» ئیتر بەرامبەری دانیشت و بە دەنگی بەرز دەستی کرد بە گریان. خودا دەنگی کوڕەکەی بیست و فریشتەی خودا لە ئاسمانەوە هاجەری بانگکرد و پێی فەرموو: «چیتە هاجەر؟ مەترسە، خودا دەنگی کوڕەکەی بیست لەو شوێنەی لێی دانراوە. هەستە، کوڕەکە هەڵبگرە و دەستی بگرە، چونکە دەیکەمە نەتەوەیەکی مەزن.» ئینجا خودا هەردوو چاوی هاجەری کردەوە، ئەویش بیرێکی ئاوی بەدی کرد. ئیتر چوو مەشکەکەی پڕکرد لە ئاو و ئاوی دایە کوڕەکە. خودا لە کاتی گەورەبوونی کوڕەکەدا، لەگەڵی بوو. لە چۆڵەوانیدا ژیا و بووە تیرهاوێژ. کاتێک کە ئیسماعیل لە چۆڵەوانی پاران دەژیا، دایکی ژنێکی میسریی بۆ هێنا. پەیمانی بیری شابەع لەو سەردەمەدا ئەبیمەلەخ لەگەڵ فیکۆل کە فەرماندەی گشتی سوپاکەی بوو، بە ئیبراهیمیان گوت: «لە هەموو ئەوەی دەیکەیت خودات لەگەڵدایە. ئێستاش لێرەدا سوێندم بۆ بخۆ بە خودا کە ناپاکی لە خۆم و منداڵ و نەوەکانم ناکەیت. من چ چاکەیەکم لەگەڵ تۆدا کرد، تۆش هەمان چاکە لەگەڵ من و لەگەڵ ئەو خاکەدا دەکەیت کە تێیدا ئاوارە بوویت.» ئیبراهیمیش گوتی: «سوێند دەخۆم.» ئینجا ئیبراهیم گلەیی لە ئەبیمەلەخ کرد سەبارەت بەو بیرە ئاوەی کە خزمەتکارەکانی ئەبیمەلەخ داگیریان کردبوو. بەڵام ئەبیمەلەخ گوتی: «ئاگادار نیم کێ ئەم شتەی کردووە. هەروەها تۆ پێت ڕانەگەیاندووم، منیش ئەمڕۆ نەبێت نەمبیستووە.» ئیتر ئیبراهیم مەڕ و مانگای هێنا و دایە ئەبیمەلەخ، ئیتر هەردووکیان پەیمانیان بەست. ئیبراهیم لە مێگەلەکە حەوت کاوڕەمێی بە تەنها ڕاگرت. ئەبیمەلەخیش بە ئیبراهیمی گوت: «ئەم حەوت کاوڕەمێیە چییە کە بە تەنها ڕاتگرتوون؟» ئەویش گوتی: «ئەم حەوت کاوڕەمێیە لە دەستی من وەردەگریت بۆ ئەوەی ببێتە شایەتییەک بۆم کە من ئەم بیرەم هەڵکەندووە.» لەبەر ئەوە ئەو شوێنەی ناو نا بە بیری شابەع21‏:31 بیری شابەع: واتا (بیری حەوت) یان (بیری سوێندخواردنەکە).‏، چونکە هەردووکیان لەوێ سوێندیان خوارد. لەدوای ئەوەی لە بیری شابەع پەیمانیان بەست، ئەبیمەلەخ و فیکۆلی فەرماندەی گشتی سوپاکەی هەستان و گەڕانەوە خاکی فەلەستییەکان. ئینجا ئیبراهیم داری گەزی لە بیری شابەع چاند، لەوێش بە ناوی یەزدانی پەروەردگاری هەتاهەتاییەوە نزای کرد. ئیتر ئیبراهیم لە خاکی فەلەستییەکان ماوەیەکی زۆری بە ئاوارەیی بەسەربرد. تاقیکردنەوەی ئیبراهیم لەدوای ماوەیەک خودا ئیبراهیمی تاقیکردەوە. پێی فەرموو: «ئیبراهیم!» ئەویش گوتی: «ئەوەتام.» ئینجا خودا فەرمووی: «ئیسحاقی کوڕە تاقانەت، ئەوەی کە خۆشت دەوێت، ببە و بڕۆ بۆ خاکی مۆریا. لەوێ لەسەر یەکێک لە کێوەکان کە خۆم پێت دەڵێم، بیکە بە قوربانی سووتاندن.» بۆ بەیانی ئیبراهیم زوو لە خەو هەستا و گوێدرێژەکەی کورتان کرد. لەگەڵ خۆیدا دووان لە خزمەتکارەکانی و ئیسحاقی کوڕی برد. دوای بڕینەوەی دار بۆ قوربانی سووتاندن، هەستا و بەرەو ئەو شوێنە چوو کە خودا پێی فەرمووبوو. لە ڕۆژی سێیەم ئیبراهیم چاوی هەڵبڕی و لە دوورەوە شوێنەکەی بەدی کرد. ئیتر بە دوو خزمەتکارەکەی گوت: «ئێوە لێرە لەگەڵ گوێدرێژەکە دانیشن، من و کوڕەکەش هەتا ئەوێ دەچین، کڕنۆش دەبەین و دەگەڕێینەوە لاتان.» ئیبراهیم داری قوربانی سووتاندنەکەی هەڵگرت و خستییە سەر پشتی ئیسحاقی کوڕی، خۆشی ئاگر و چەقۆکەی هەڵگرت. کاتێک هەردووکیان پێکەوە ڕۆیشتن، ئیسحاق بە ئیبراهیمی باوکی گوت: «باوکە!» ئەویش وەڵامی دایەوە: «ها کوڕم؟» ئیسحاق گوتی: «ئەوەتا ئاگرەکە و داری سووتاندنەکە، ئەی کوا بەرخەکە کە بۆ قوربانی سووتاندنەکەیە؟» ئیبراهیم وەڵامی دایەوە: «خودا خۆی بەرخی قوربانی سووتاندنەکە دابین دەکات، کوڕم.» ئیتر هەردووکیان پێکەوە ڕۆیشتن. کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی کە خودا پێی فەرمووبوو، ئیبراهیم قوربانگایەکی دروستکرد و دارەکانی لەسەر ڕێکخست. ئینجا ئیسحاقی کوڕی بەستەوە و خستییە سەر دارەکانی سەر قوربانگاکە. ئیتر ئیبراهیم دەستی درێژکرد و چەقۆکەی هەڵگرت تاکو کوڕەکەی خۆی سەرببڕێت. بەڵام فریشتەی یەزدان لە ئاسمانەوە بانگی کرد و گوتی: «ئیبراهیم! ئیبراهیم!» ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەوەتام.» پێی گوت: «دەست بۆ کوڕەکە مەبە و هیچی لێ مەکە. ئێستا دەزانم تۆ لە خودا دەترسیت، چونکە لە پێناوی من دەستت بە کوڕە تاقانەکەتەوە نەگرت.» ئیبراهیم چاوی هەڵبڕی و بینی وا بەرانێک لەدوایەوە لەناو دەوەنەکە بە هەردوو قۆچی گیربووە. ئیبراهیم چوو و بەرانەکەی گرت و لە جیاتی کوڕەکەی کردییە قوربانی سووتاندن. ئیتر ئیبراهیم ئەو شوێنەی ناو نا، «یەزدان دابینی دەکات». هەتا ئەمڕۆش دەگوترێت، «لەسەر کێوی یەزدان، دابین دەکرێت.» فریشتەکەی یەزدان جارێکی دیکە لە ئاسمانەوە ئیبراهیمی بانگکرد و گوتی: «یەزدان دەفەرموێت سوێندبێت بە خۆم، لەبەر ئەوەی تۆ ئەمەت کرد و دەستت بە کوڕە تاقانەکەتەوە نەگرت، بێگومان بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەکەت وەک ژمارەی ئەستێرەکانی ئاسمان و وەک لمی سەر کەناری دەریا زۆر دەکەم. نەوەت دەبێتە میراتگری دەرگای دوژمنەکانی. لە ڕێگەی نەوەی تۆشەوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن، چونکە تۆ گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەی من بوویت.» ئینجا ئیبراهیم گەڕایەوە لای دوو خزمەتکارەکەی. ئیتر هەستان و پێکەوە چوونە بیری شابەع. ئیبراهیم لە بیری شابەع نیشتەجێ بوو. کوڕانی ناحۆر دوای ماوەیەک بە ئیبراهیم گوترا: «وا میلکەی براژنیشت چەند کوڕێکی بۆ ناحۆری برات بووە، عوچ کە نۆبەرەکەیەتی و بووزی برای، هەروەها قەموئێلیش کە باوکی ئارامە. هەروەها کەسەد و حەزۆ و پیلداش و یدلاف و بتوئێل.» بتوئێلیش ڕڤقەی بوو. میلکە ئەم هەشت کوڕەی بۆ ناحۆری برای ئیبراهیم بوو. کەنیزەکەشی کە ناوی ڕەئوومە بوو، ئەویش تەڤەح و گەحەم و تەحەش و مەعکای بوو. مردنی سارا هەموو تەمەنی سارا سەد و بیست و حەوت ساڵ بوو. ئینجا سارا لە قیریەت ئەربەع مرد، کە حەبرۆنە لە خاکی کەنعان. ئیبراهیمیش هات بۆ ئەوەی بۆ سارا بلاوێتەوە و بەسەریدا بگریێت. ئیبراهیم لەبەردەم مردووەکەی هەستا و لەگەڵ حیتییەکان قسەی کرد و گوتی: «من لەنێو ئێوە نامۆ و میوانم. لەلای خۆتان گۆڕێکم بە موڵک بدەنێ، تاکو بتوانم مردووەکەم بنێژم.» حیتییەکان وەڵامی ئیبراهیمیان دایەوە و پێیان گوت: «گەورەم، گوێمان لێ بگرە، تۆ لەنێوانمان میرێکی بە توانایت. مردووەکەی خۆت لە باشترین گۆڕی ئێمە بنێژە. هیچ پیاوێکیش لە ئێمە دەست بەو گۆڕەوە ناگرێت کە تۆ مردووەکەتی تێدا دەنێژیت.» ئیبراهیمیش هەستا و کڕنۆشی بۆ حیتییەکان برد کە خەڵکی خاکەکە بوون. ئینجا قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «ئەگەر ڕازین بەوەی مردووەکەم بنێژم، ئەوا گوێم لێ بگرن و داوا لە عەفرۆنی کوڕی چۆحەر بکەن کە ئەشکەوتەکەی مەخپێلەم پێ بفرۆشێت کە هی ئەوە و دەکەوێتە کەنار کێڵگەکەی. با بە نرخی تەواوی خۆشی بمداتێ، بۆ ئەوەی لەنێو ئێوەدا بۆ گۆڕ ببێتە موڵکم.» عەفرۆنی حیتی لەنێو حیتییەکان دانیشتبوو، لەبەرچاوی هەموو حیتییەکان، هەموو ئەوانەی هاتبوونە ناو دەروازەی شارەکەی، وەڵامی ئیبراهیمی دایەوە: «نا گەورەم، گوێت لێم بێت، کێڵگەکەت پێ دەبەخشم بە ئەشکەوتەکەی ناویشییەوە. لەبەرچاوی گەلەکەم پێم بەخشیت. مردووەکەی خۆت بنێژە.» ئیبراهیمیش لەبەردەم خەڵکی خاکەکە کڕنۆشی برد و لەبەرچاوی خەڵکی خاکەکە بە عەفرۆنی گوت: «بەڵام ئەگەر تۆ ڕازیت، ئەوا حەز دەکەم گوێشم لێ بگریت: نرخی کێڵگەکەت دەدەمێ. لە منی وەربگرە، ئینجا مردووەکەی خۆم لەوێ دەنێژم.» عەفرۆنیش وەڵامی ئیبراهیمی دایەوە: «گوێم لێ بگرە گەورەم، زەوییەکە بایی چوار سەد شاقل23‏:15 نزیکەی 800 مسقاڵ، 4,5 کیلۆگرام.‏ زیوە، بەڵام ئەوە لەنێوان من و تۆ چییە! مردووەکەی خۆت بنێژە.» ئیبراهیمیش گوێی لە عەفرۆن گرت و لەبەرچاوی حیتییەکان ئەو بڕە زیوەی بۆ عەفرۆن کێشا. چوار سەد شاقل زیو، بەو کێشانەی لەلای بازرگانەکان باوبوو. ئیتر کێڵگەکەی عەفرۆن، ئەوەی لە مەخپێلەیە، ئەوەی لەبەردەم مەمرێیە، کێڵگەکە و ئەشکەوتەکە کە لەناوییەتی، هەروەها هەموو ئەو دارانەی لەناو کێڵگەکەیە و لە سنووری دەوروبەریەتی، بووە موڵکی ئیبراهیم، لەبەرچاوی هەموو حیتییەکان، هەموو ئەوانەی هاتبوونە ناو دەروازەی شارەکە. دوای ئەوە ئیبراهیم سارای ژنی لەناو ئەشکەوتەکەی کێڵگەی مەخپێلە ناشت کە لەبەردەم مەمرێیە، ئەوەش حەبرۆنە لە خاکی کەنعان. ئیتر حیتییەکان کێڵگەکە و ئەشکەوتەکەی ناویان بە موڵک دا بە ئیبراهیم، بۆ ئەوەی ببێتە گۆڕستان. ئیسحاق و ڕڤقە ئیبراهیم پیر بوو و چووە ساڵەوە. یەزدانیش ئیبراهیمی لە هەموو شتێکدا بەرەکەتدار کرد. ئینجا ئیبراهیم بە خزمەتکاری گەورەی ماڵەکەی گوت کە هەموو شتێکی ئەوی لەژێر دەستدا بوو: «دەست بخەرە ژێر ڕانم. سوێندت دەدەم بە یەزدان، خودای ئاسمان و خودای زەوی، کە هیچ ژنێک لە کچانی کەنعانییەکان بۆ کوڕەکەم ناخوازیت، کە خۆم نیشتەجێی نێوانیانم. بەڵکو دەچیتە خاکەکەم بۆ لای کەسوکارەکەم و لەوێ ژنێک بۆ ئیسحاقی کوڕم دەهێنیت.» خزمەتکارەکەش پێی گوت: «ئەی ئەگەر ئافرەتەکە نەیویست دوام بکەوێت بۆ ئەم زەوییە؟ ئایا کوڕەکەت بگەڕێنمەوە ئەو خاکەی لێوەی هاتوویت؟» ئیبراهیمیش پێی گوت: «ئاگاداربە کوڕەکەم نەگەڕێنێتەوە ئەوێ. یەزدانی پەروەردگاری ئاسمان، ئەوەی لە ماڵی باوکم و لە خاکی لەدایکبوونمەوە منی هێنایە دەرەوە، ئەوەی قسەی لەگەڵ کردم و سوێندی بۆ خواردم و فەرمووی: ”ئەم زەوییە بە نەوەی تۆ دەبەخشم.“ ئەو فریشتەی خۆی لەپێشتەوە دەنێرێت و لەوێ ژنێک بۆ کوڕەکەم دەهێنیت. خۆ ئەگەر ئافرەتەکەش نەیویست لەگەڵت بێتەوە، ئەوا گەردنت ئازاد دەبێت لەم سوێندەی من. تەنها نەکەیت کوڕەکەم ببەیتەوە ئەوێ.» ئینجا خزمەتکارەکە دەستی خستە ژێر ڕانی ئیبراهیمی گەورەی و لەسەر ئەمە سوێندی بۆ خوارد. ئیتر خزمەتکارەکە دە وشتری لە وشترەکانی گەورەکەی و هەموو شتە باشەکانی ئەوی لەگەڵ خۆی برد و چوو بۆ میسۆپۆتامیا24‏:10 میسۆپۆتامیا: عیبری (ئارامی دوو ڕووبار) بە واتای وڵاتی ئارام کە دەکەوێتە نێوان دجلە و فورات.‏ بۆ شارۆچکەکەی ناحۆر. دەمەو ئێوارە ئەو کاتەی کچەکان دەهاتنە دەرەوە بۆ ئاوکێشان، لە دەرەوەی شارۆچکەکە، لەلای بیرێک24‏:11 لەبەر ئەوەی ئاوی کانییەکە نەما پێویست بوو کە بیرێک لێ بدەن بۆ ئەوەی بگەنە ئاوەکە.‏ وشترەکانی خست. ئینجا گوتی: «ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم، ئەمڕۆم بۆ ئاسان بکە و چاکە لەگەڵ ئیبراهیمی گەورەم بکە. من وا لەلای ئەم کانییە ڕاوەستاوم و کچانی خەڵکی شارۆچکەکە دێنە دەرەوە بۆ ئاوکێشان. با ئەو کچەی کە پێی دەڵێم: ”گۆزەکەتم بۆ لار بکەرەوە با ئاو بخۆمەوە،“ ئەویش بڵێت: ”بخۆرەوە، هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم.“ با ئەوت بۆ ئیسحاقی خزمەتکارت هەڵبژاردبێت. بەمەش دەزانم کە چاکەت لەگەڵ گەورەکەم کردووە.» پێش ئەوەی لە داواکارییەکەی ببێتەوە، ڕڤقە بە گۆزەکەی سەرشانییەوە هاتە دەرەوە. ڕڤقە کچی بتوئێلی کوڕی میلکە بوو، کە ژنی ناحۆری برای ئیبراهیم بوو. کچێکی زۆر جوان بوو، پاکیزە بوو، دەستی هیچ پیاوێکی بەرنەکەوتبوو. هاتە خوارەوە بۆ لای کانییەکە و گۆزەکەی پڕکرد و سەرکەوتەوە. خزمەتکارەکەش ڕایکرد بۆ لای و گوتی: «تۆزێک ئاوم لە گۆزەکەت بدەرێ.» ئەویش گوتی: «بخۆرەوە گەورەم.» ئیتر بە پەلە گۆزەکەی لەسەر دەستی داگرت و ئاوی دایێ. دوای ئەوەی ئاوی دایێ و گوتی: «هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم، هەتا تێر دەخۆنەوە.» ئینجا بە پەلە گۆزەکەی بەتاڵ کردە ناو ئاخوڕەکە و بە ڕاکردن گەڕایەوە لای بیرەکە تاکو ئاو هەڵبکێشێتەوە، ئیتر ئاوی دایە هەموو وشترەکان. پیاوەکەش بە بێدەنگی لێی ورد دەبووەوە تاکو بزانێت ئاخۆ یەزدان ڕێگاکەی سەرکەوتوو کردووە یان نا. کاتێک وشترەکان لە ئاوخواردنەوە بوونەوە، پیاوەکە خەزێمێکی زێڕی هێنا کە کێشەکەی نیو شاقل24‏:22 نیو شاقل: نزیکەی مسقالێک یان 5,5 گرام.‏ بوو لەگەڵ دوو بازنی زێڕ کە کێشیان دە شاقل بوو. ئینجا لێی پرسی: «تۆ کچی کێیت؟ دەتوانیت پێم بڵێی ئایا لە ماڵی باوکت شوێن هەیە بۆمان کە شەو تێیدا بمێنینەوە؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «من کچی بتوئێلی کوڕی میلکە و ناحۆرم.» پێشی گوت: «کا و ئالیکی زۆرمان لەلایە، هەروەها شوێنیش بۆ مانەوە.» ئیتر پیاوەکە چۆکی دادا و کڕنۆشی بۆ یەزدان برد، ئینجا گوتی: «ستایش بۆ یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم کە وازی لە خۆشەویستییە نەگۆڕ و دڵسۆزییەکەی لەگەڵ ئیبراهیمی گەورەم نەهێنا. یەزدان لە گەشتەکەمدا بەرەو ماڵی براکانی گەورەکەم ڕێنمایی کردم.» کچەش ڕایکرد و ئەم شتانەی بە ماڵی دایکی ڕاگەیاند. ڕڤقە برایەکی هەبوو بە ناوی لابان، ئیتر لابان ڕایکردە دەرەوە بۆ لای پیاوەکە، کە لە لای کانییەکە بوو. هەرکە خەزێم24‏:30 لووتەوانە.‏ و بازنەکانی دەستی خوشکەکەی بینی و گوێی لە قسەکانی ڕڤقەی خوشکی بوو کە گوتی: «پیاوەکە ئاوا قسەی لەگەڵ کردم،» هاتە دەرەوە بۆ لای پیاوەکە، بینی وا لەلای وشترەکان لەسەر کانییەکە ڕاوەستاوە. ئینجا گوتی: «فەرموو، ئەی ئەوەی یەزدان بەرەکەتداری کردوویت، بۆ لە دەرەوە ڕاوەستاویت؟ من ماڵم بۆ تۆ و شوێنیشم بۆ وشترەکان ئامادە کردووە.» ئیتر پیاوەکە هاتە ماڵەوە، باری وشترەکانی کردەوە و کا و ئالیکی دایە وشترەکان، ئاو بۆ شوشتنی پێی و پێی ئەو پیاوانەی لەگەڵی بوون. ئینجا نان خرایە بەردەمی بۆ ئەوەی بیخوات، بەڵام گوتی: «نان ناخۆم هەتا قسەی خۆم نەکەم.» لابانیش گوتی: «قسە بکە.» ئینجا گوتی: «من خزمەتکاری ئیبراهیمم. یەزدان گەورەکەمی زۆر بەرەکەتدار کردووە و دەوڵەمەند بووە. ئەو مەڕ و مانگا و زێڕ و زیو و خزمەتکار و کەنیزە و وشتر و گوێدرێژی پێ بەخشیوە. سارای ژنی گەورەکەم لە کاتی پیریدا کوڕێکی بۆ گەورەم بووە، کە هەرچییەکی هەیە داویەتییە ئەو. گەورەشم سوێندی دام و گوتی: ”هیچ ژنێک بۆ کوڕەکەم لە کچانی کەنعانییەکان نەخوازیت، کە خۆم نیشتەجێی خاکەکەیانم. بەڵکو دەچیتە ماڵی باوکم بۆ لای کەسوکارەکەم و ژن بۆ کوڕەکەم دەخوازیت.“ «منیش بە گەورەمم گوت: ”ئەی ئەگەر ئافرەتەکە لەگەڵ من نەیەتەوە؟“ «ئەویش پێی گوتم: ”یەزدان، ئەوەی دۆستایەتی دەکەم، فریشتەی خۆیت لەگەڵ دەنێرێت و ڕێگاکەت سەرکەوتوو دەکات، بۆ ئەوەی لە کەسوکارەکەم و ماڵی باوکم ژنێک بۆ کوڕەکەم بخوازیت. ئەگەر بێتو بچیتە لای کەسوکارەکەم و ئەوان ژنت نەدەنێ، ئەوا سوێندەکەم بەتاڵ دەبێتەوە. ئینجا گەردنت ئازاد دەبێت لە سوێندەکەم.“ «جا ئەمڕۆ کە هاتمە لای کانییەکە، گوتم: ”ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم، ئەگەر ڕێگاکەم سەرکەوتوو دەکەیت کە لەسەری دەڕۆم، ئەوەتا من لەسەر ئەم کانیاوە ڕاوەستاوم، با ئەو کچەی کە دێتە دەرەوە بۆ ئاوکێشان و پێی دەڵێم: ’تۆزێک ئاوم لە گۆزەکەت بدەرێ.‘ ئەویش پێم دەڵێت: ’تۆ بخۆرەوە، هەروەها بۆ وشترەکانیشت ئاو دەکێشم.‘ ئەوە ئەو کچە بێت کە یەزدان بۆ کوڕی گەورەکەمی هەڵبژاردووە.“ «ئەوە بوو هێشتا قسەکەم لە دڵی خۆمدا تەواو نەکردبوو کە ڕڤقە هاتە دەرێ و گۆزەکەی لەسەر شانی بوو. ئیتر هاتە خوارێ بۆ لای کانییەکە و گۆزەکەی پڕکرد. منیش پێم گوت: ”ئاوم بدەرێ.“ «ئەویش بە پەلە گۆزەکەی سەر شانی خۆی داگرت و گوتی: ”تۆ بخۆرەوە، هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم.“ منیش خواردمەوە، هەروەها وشترەکانیشی ئاو دا. «پرسیارم لێکرد و گوتم: ”تۆ کچی کێیت؟“ «ئەویش گوتی: ”کچی بتوئێلی کوڕی ناحۆرم، ئەوەی لە میلکەیە.“ «خەزێمەکەم لە لووتی کرد و بازنەکانیشم لە دەستی کرد. منیش چۆکم دادا و کڕنۆشم بۆ یەزدان برد. ستایشی یەزدانم کرد، خودای ئیبراهیمی گەورەم، کە ڕێنمایی کردم بۆ سەر ڕێگای ڕاست بۆ ئەوەی کچەزای براکەی گەورەکەم بۆ کوڕەکەی بهێنم. ئێستاش ئەگەر چاکە و وەفاداری لەگەڵ گەورەکەم دەکەن، ئەوا پێم بڵێن، ئەگەر ناشیکەن، هەر پێم بڵێن، بۆ ئەوەی بزانم ڕوو لە ڕاست یان لە چەپ بکەم.» لابان و بتوئێل وەڵامیان دایەوە: «ئەم کارە لە یەزدانەوەیە، ناتوانین نە بە خراپ و نە بە چاک هیچت پێ بڵێین. ئەوە ڕڤقە لەبەردەمتە، بیبە و بڕۆ، با ببێتە ژنی کوڕی گەورەکەت، هەروەک یەزدان فەرمووی.» ئیتر کە خزمەتکارەکەی ئیبراهیم گوێی لە قسەکانیان بوو، کڕنۆشی بۆ یەزدان برد. ئینجا خزمەتکارەکە قاپی زیو و قاپی زێڕ و جلوبەرگی دەرهێنا و پێشکەشی ڕڤقەی کرد، هەروەها دیاری گرانبەهای پێشکەشی دایک و براکەی کرد. ئیتر خۆی و ئەو پیاوانەی کە لەگەڵی بوون خواردیان و خواردیانەوە و شەو لەوێ مانەوە. کە بەیانی لە خەو هەستان، خزمەتکارەکە گوتی: «بمنێرنەوە بۆ لای گەورەکەم.» بەڵام دایک و برای ڕڤقە گوتیان: «با کچەکە بە لایەنی کەمەوە دە ڕۆژ لەلامان بمێنێتەوە، پاشان بەڕێ بکەوێت.» ئەویش پێی گوتن: «دوام مەخەن کە یەزدان ڕێگای بۆ سەرکەوتوو کردووم. بمنێرنەوە و دەچمەوە لای گەورەکەم.» ئەوانیش گوتیان: «کچەکە بانگ دەکەین و پرسیاری لێ دەکەین.» ئیتر ڕڤقەیان بانگکرد و لێیان پرسی: «لەگەڵ ئەم پیاوە دەڕۆیت؟» ئەویش گوتی: «دەڕۆم.» ئیتر ڕڤقەی خوشکیان و دایەنەکەی و خزمەتکارەکەی ئیبراهیم و پیاوەکانییان بەڕێکرد. داوای بەرەکەتیان بۆ ڕڤقەش کرد و پێیان گوت: «خوشکمان، پتر بن هەزار لەسەر هەزار، با نەوەکانیشت ببنە میراتگری دەروازەی ناحەزانیان.» ئینجا ڕڤقە و کەنیزەکانی هەستان و سواری وشترەکان بوون و دوای پیاوەکە کەوتن. ئیتر خزمەتکارەکە ڕڤقەی برد و ڕۆیشت. ئیسحاق کە لە خاکی نەقەب نیشتەجێ بوو، لە ڕێگای بیری لەحەی ڕۆئییەوە هاتبووەوە. ئیسحاق دەمەو ئێوارە چووە دەرەوە بۆ ناو کێڵگەکە و نوقومی بیرکردنەوە بوو، کە چاوی هەڵبڕی، بینی وا هەندێک وشتر بەرەو ڕووی دێن. ڕڤقەش چاوی هەڵبڕی و ئیسحاقی بینی. ئیتر لە وشترەکە دابەزی. بە خزمەتکارەکەی گوت: «ئەم پیاوە کێیە وا لە کێڵگەکەدا بۆ لامان دێت؟» خزمەتکارەکەش گوتی: «ئەوە گەورەکەمە.» ئەویش بە ڕووپۆشەکەی خۆی داپۆشی. ئیتر خزمەتکارەکە هەرچی کردبوو بۆ ئیسحاقی گێڕایەوە. ئیسحاقیش ڕڤقەی بردە ناو چادرەکەی سارای دایکی و هاوسەرگیری لەگەڵ کرد. ئیتر بوو بە ژنی و خۆشیویست و بووە مایەی دڵنەوایی ئیسحاق لەدوای مردنی دایکی. مردنی ئیبراهیم ئیبراهیم ژنێکی دیکەی هێنا کە ناوی قەتورە بوو. لەویش زیمران، یۆقشان، مەدان، میدیان، یەشباق و شوەحی بوو. یۆقشان باوکی شەبا و دیدان بوو. وەچەکانی دیدانیش، ئەشووری و لەتوشی و لەئومییەکان بوون. کوڕەکانی میدیانیش عێفا، عێفەر، حەنۆک، ئەبیداع و ئەلداعە بوون. هەموو ئەمانە نەوەی قەتورە بوون. ئیبراهیم هەرچی ماڵوموڵکی هەبوو دایە ئیسحاق، بەڵام کاتێک هێشتا لە ژیاندا بوو، دیاری بەو کوڕانەی دا کە لە کەنیزەکانی بوون و بەرەو خاکی ڕۆژهەڵات ناردنی، دوور لە ئیسحاقی کوڕی. ئیبراهیم سەد و حەفتا و پێنج ساڵ ژیا. ئینجا ئیبراهیم لە تەمەنێکی باشی پیریدا، دواهەناسەی دا و مرد، پیرەمێردێکی تێر لە ژیان خواردوو، ئیتر چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی. هەردوو کوڕەکەشی، ئیسحاق و ئیسماعیل، باوکیان لە ئەشکەوتەکەی مەخپێلە کە بەرامبەر مەمرێیە و لە کێڵگەکەی عەفرۆنی کوڕی چۆحەری حیتیدایە، بە خاک سپارد. ئیبراهیم ئەو کێڵگەیەی لە حیتییەکان کڕیبوو. لەوێ ئیبراهیم لەگەڵ سارای ژنی بە خاک سپێردرا. دوای مردنی ئیبراهیم، خودا ئیسحاقی کوڕی بەرەکەتدار کرد. ئیسحاقیش لەلای بیری لەحەی ڕۆئییەوە نیشتەجێ بوو. نەوەکانی ئیسماعیل ئەمانەش نەوەکانی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمن کە هاجەری میسری، کەنیزەکەی سارا، بۆ ئیبراهیمی بوو. ئەمانەش ناوی کوڕەکانی ئیسماعیلن، ناویان بەپێی لەدایکبوونیان: نەبایۆت کە نۆبەرەی ئیسماعیل بوو، هەروەها قێدار25‏:13 دووەم کوڕی ئیسماعیلە و باوکی بەناوبانگترین هۆزی عەرەبە، کە لە بیابانی سوریا نیشتەجێ بوون.‏، ئەدبەئێل، میبسام، میشماع، دوما، مەسسا، حەدەد، تێما، یەتور، نافیش و قێدما. ئەمانە کوڕەکانی ئیسماعیل بوون، هەروەها ناوی دوازدە میرە خێڵەکییەکەن بەپێی هەوار و خێوەتگاکانیان. ئیسماعیل سەد و سی و حەوت ساڵ ژیا، ئینجا دواهەناسەی دا و مرد و چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی. نەوەکانی ئیسماعیل لە حەڤیلاوە هەتا شوور نیشتەجێ بوون، لە نزیک سنووری میسر لەسەر ڕێگای ئەشوور. ئەوان دژی هەموو براکانیان بوون. یاقوب و عیسۆ ئەمانەش نەوەکانی ئیسحاقی کوڕی ئیبراهیمن. ئیبراهیم ئیسحاقی بوو. ئیسحاق تەمەنی چل ساڵ بوو کاتێک ڕڤقەی کچی بتوئێلی ئارامی کە خوشکی لابانی ئارامی بوو لە پەدان ئارامەوە هێنای تاکو ببێتە ژنی. ئیسحاق لە پێناو ژنەکەی لە یەزدان پاڕایەوە، چونکە نەزۆک بوو. یەزدانیش وەڵامی دایەوە و ڕڤقەی ژنی سکپڕ بوو. هەردوو کوڕەکە لە سکیدا ململانێی یەکتریان دەکرد، ئەویش گوتی: «بۆچی ئەمە لە من ڕوودەدات؟» ئیتر چوو هەتا پرسیار لە یەزدان بکات. یەزدانیش پێی فەرموو: «دوو نەتەوە لە منداڵدانتن، دوو گەل لە هەناوتەوە لە یەک جیا دەبنەوە، گەلێکیان لە گەلەکەی دیکە بەهێزتر دەبێت، گەورەکە خزمەتی بچووکەکە دەکات.» کە ڕۆژانی خۆی تەواو کرد و هاتە سەر منداڵبوون، بێگومان دووانەیەک25‏:24 جمک‏ لە منداڵدانی بوو. ئەوەیان کە یەکەم جار لەدایک بوو سوور بوو، هەموو لەشی وەک کەوڵێکی تووکن وابوو، بۆیە ناویان لێنا عیسۆ25‏:25 عیسۆ واتا تووکن. نازناوەکەشی (ئەدۆم) بوو، کە بە واتای سوور دێت.‏. دوای ئەم براکەی لەدایک بوو، کە بە دەستی پاژنە پێی عیسۆی گرتبوو، بۆیە ناویان لێنا یاقوب25‏:26 (یاقوب) واتا پاژنە دەگرێت، واتایەکی مەجازییە واتا هەڵدەخەڵەتێنێت. بڕوانە 27‏:36.‏. ئیسحاق لە تەمەنی شەست ساڵیدا بوو کاتێک ڕڤقە ئەمانی بوو. هەردوو کوڕەکە گەورە بوون. عیسۆ بووە ڕاوکەرێکی شارەزا و پیاوی دەشتودەر، بەڵام یاقوب پیاوێکی لەسەرخۆ و چادرنشین بوو. ئیسحاق عیسۆی زیاتر خۆشدەویست، چونکە حەزی لە گۆشتی نێچیر بوو، بەڵام ڕڤقە یاقوبی زیاتر خۆشدەویست. ڕۆژێک یاقوب چێشتی لێدەنا، عیسۆ لە دەشتودەر هاتەوە و پەکی کەوتبوو. عیسۆ بە یاقوبی گوت: «هەندێکم لەو چێشتە سوورە بدەرێ! پەکم کەوتووە.» لەبەر ئەمەیە ناوی لێنرا ئەدۆم25‏:30 ئەدۆم واتای سوورەیە.‏. یاقوبیش گوتی: «تۆش ئەمڕۆ نۆبەرایەتییەکەی خۆتم پێ بفرۆشە.» عیسۆ گوتی: «من وا خەریکە دەمرم، ئیتر نۆبەرایەتیم بۆ چییە؟» بەڵام یاقوب گوتی: «ئادەی ئەمڕۆ سوێندم بۆ بخۆ.» ئەویش سوێندی بۆ خوارد و نۆبەرایەتییەکەی خۆی فرۆشتە یاقوب. ئینجا یاقوب نان و نیسکی دایە عیسۆ. ئیتر عیسۆ خواردی و خواردیەوە، پاشان هەستا و ڕۆیشت. بەو شێوەیە عیسۆ سووکایەتی بە نۆبەرایەتی کرد. ئیسحاق و ئەبیمەلەخ ئینجا جیا لەو قاتوقڕییەی کە یەکەم جار لە سەردەمی ئیبراهیمدا ڕوویدا، قاتوقڕییەکی دیکە لە خاکەکە سەریهەڵدا. ئیسحاقیش چوو بۆ لای ئەبیمەلەخی پاشای فەلەستییەکان لە گرار. یەزدان بۆ ئیسحاق دەرکەوت و فەرمووی: «مەچووە میسر، بەڵام لەو خاکە نیشتەجێ بە کە خۆم پێت دەڵێم. بۆ ماوەیەک لەم خاکە بمێنەوە، خۆم لەگەڵت دەبم و بەرەکەتدارت دەکەم، چونکە هەموو ئەم خاکانە دەدەمە خۆت و نەوەکەت، ئەو سوێندەش دەچەسپێنم کە بۆ ئیبراهیمی باوکتم خواردووە. نەوەشت زۆر دەکەم، وەک ئەستێرەکانی ئاسمان، هەموو ئەم خاکەشم داوەتە نەوەکەت، لە ڕێگەی نەوەی تۆوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن. لەبەر ئەوەی ئیبراهیم گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەم بوو، داواکاری و فەرمان و فەرز و فێرکردنی منی بەجێهێنا.» ئیتر ئیسحاق لە گرار نیشتەجێ بوو. پیاوانی ئەو شوێنە دەربارەی ژنەکەی پرسیاریان لێکرد، ئەویش گوتی: «ئەو خوشکمە.» ئیسحاق ترسا لەوەی پێیان بڵێت «ژنمە،» چونکە گوتی، «نەوەک پیاوانی شوێنەکە لەبەر ڕڤقە بمکوژن، چونکە جوانە.» کاتێک ماوەیەکی زۆر لەوێ مایەوە، ئەبیمەلەخی پاشای فەلەستییەکان لە پەنجەرەکەوە سەیری خوارەوەی دەکرد، بینی وا ئیسحاق لەگەڵ ڕڤقەی ژنی خەریکی دەستبازییە. ئینجا ئەبیمەلەخ بەدوای ئیسحاقدا ناردی و گوتی: «کەواتە ئەو ژنتە! ئەی چۆن گوتت: ”ئەو خوشکمە“؟» ئیسحاقیش پێی گوت: «چونکە پێم وابوو کە لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە بمرم.» ئەبیمەلەخیش گوتی: «ئەمە چییە بە ئێمەت کرد؟ لەوانەیە یەکێک لەم پیاوانە لەگەڵ ژنەکەت سەرجێیی بکردبا، ئەو کاتە ئێمەت تووشی تاوان دەکرد.» ئیتر ئەبیمەلەخ فەرمانی بە هەموو خەڵکەکە کرد و گوتی: «هەرکەسێک دەست ببات بۆ ئەم پیاوە یان ژنەکەی بێگومان دەکوژرێت.» ئیسحاق لەو زەوییەدا کشتوکاڵی کرد و هەر ئەو ساڵە سەد ئەوەندەی دەست کەوت، چونکە یەزدان بەرەکەتداری کرد. ئیتر ئیسحاق دەوڵەمەند بوو، بەردەوام سامانەکەی زیادی دەکرد، هەتا وای لێهات زۆر دەوڵەمەند بوو. ئینجا بەهۆی ئەوەی کە بووە خاوەن مەڕ و مانگا و خزمەتکارێکی زۆریش، فەلەستییەکانیش بەغیلییان پێ برد. هەموو ئەو بیرانەش کە خزمەتکارەکانی باوکی لە سەردەمی ئیبراهیمی باوکی هەڵیانکەندبوو، فەلەستییەکان بە خۆڵ پڕیان کردبووەوە و دایانخستبوو. ئینجا ئەبیمەلەخ بە ئیسحاقی گوت: «لەلای ئێمە بڕۆ، چونکە زۆر لە ئێمە بەهێزتر بوویت.» ئیتر ئیسحاق لەوێ ڕۆیشت و لە دۆڵی گرار چادری هەڵدا و لەوێ نیشتەجێ بوو. ئیسحاق جارێکی دیکە ئەو بیرانەی هەڵدایەوە کە لە سەردەمی ئیبراهیمی باوکی هەڵکەنرابوون و فەلەستییەکان دوای مردنی ئیبراهیم دایانخستبوو، هەر هەمان ناویشی لێنان کە باوکی لێینابوون. خزمەتکارەکانی ئیسحاق لە دۆڵەکە کەوتنە هەڵکەندن و کارێزێکی ئاوی سازگاریان لەوێ دۆزییەوە. بەڵام شوانەکانی گرار لەگەڵ شوانەکانی ئیسحاق بوو بە ناکۆکییان و گوتیان: «ئاوەکە هی ئێمەیە.» ئیتر بیرەکەی ناو نا عێسەق26‏:20 عێسەق بە واتای ناکۆکی دێت.‏، چونکە لەسەری کردیانە ناکۆکی. ئینجا بیرێکی دیکەیان هەڵکەند، بەڵام دیسان لەسەر ئەمەش بوو بە ناکۆکییان، لەبەر ئەوە ناوی لەمەش نا سیتنا.26‏:21 سیتنا بە واتای بەربەرەکانێ دێت.‏ ئیتر لەوێ گواستییەوە و بیرێکی دیکەی هەڵکەند، کە ناکۆک نەبوون لەسەری. بۆیە ناوی لەمە نا ڕەحۆبۆت26‏:22 ڕەحۆبۆت بە واتای شوێنێکی فراوان دێت.‏ و گوتی: «ئێستا یەزدان شوێنێکی فراوانی پێ بەخشیوین و لە زەوییەکەدا بە بەروبووم دەبین.» ئینجا لەوێوە بۆ بیری شابەع چوو. جا لەو شەوەدا یەزدان بۆی دەرکەوت و فەرمووی: «من خودای ئیبراهیمی باوکتم. مەترسە، چونکە لەگەڵتم. لەبەر ئیبراهیمی بەندەم، بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەت زۆر دەکەم.» ئیتر ئیسحاق لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا، بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد. لەوێ چادرەکەی هەڵدا، خزمەتکارەکانیشی لەوێ بیرێکیان هەڵکەند. هەر لەو کاتەدا ئەبیمەلەخ لەگەڵ ئەحوزەتی ڕاوێژکاری و فیکۆلی فەرماندەی گشتی لە گرارەوە هاتنە لای. ئیسحاقیش لێی پرسین: «بۆچی هاتوون بۆ لام، لە کاتێکدا ڕقتان لێم بوو و لەلای خۆتان دەرتانکردم؟» ئەوانیش گوتیان: «ئێمە بە تەواوی بینیمان کە یەزدان لەگەڵ تۆ بوو، ئیتر گوتمان: ”با لەنێوانمان سوێند هەبێت،“ لەنێوان ئێمە و تۆ. با پەیمانت لەگەڵ ببەستین، کە خراپەمان لەگەڵ نەکەیت، وەک چۆن ئێمە دەستمان بۆت نەبرد و لە چاکە بەولاوە هیچی دیکەمان لەگەڵ نەکردیت و بە سەلامەتی بەڕێمان کردیت. ئێستاش تۆ بەرەکەتداری یەزدانیت.» ئینجا ئیسحاق خوانی بۆ ساز کردن، ئیتر خواردیان و خواردیانەوە. بۆ سبەی بەیانی زوو لە خەو هەستان و هەریەکە و سوێندی بۆ ئەوی دیکەیان خوارد. ئینجا ئیسحاق بەڕێی کردن، ئەوانیش بە سەلامەتی لەلای ڕۆیشتن. ئەوە بوو هەر لەو ڕۆژەدا خزمەتکارەکانی ئیسحاق هاتن و دەربارەی ئەو بیرەی کە هەڵیانکەندبوو پێیان ڕاگەیاند و گوتیان: «ئاومان دۆزییەوە.» ئەویش ناوی لێنا شیبعا، لەبەر ئەوەیە هەتا ئەمڕۆش ناوی شارۆچکەکە بیری شابەعە. کاتێک عیسۆ تەمەنی بووە چل ساڵ، یەهودیتی کچی بئێریی حیتی و باسمەتی کچی ئێلۆنی حیتی هێنا. ئەوان ببوونە مایەی خەم و خەفەتی ئیسحاق و ڕڤقە. یاقوب بەرەکەتی ئیسحاق وەردەگرێت کاتێک ئیسحاق پیر بوو و چاوەکانی نەیدەبینی، عیسۆی کوڕە گەورەی خۆی بانگکرد و پێی گوت: «کوڕی خۆم.» ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەوەتام.» ئیسحاق گوتی: «ئەوا پیر بووم و ڕۆژی مردنی خۆم نازانم. ئێستاش چەکەکەت و تیردانەکەت و کەوانەکەت هەڵبگرە و بڕۆ لە دەشتودەر نێچیرێکم بۆ ڕاو بکە. ئەو خواردنەی حەزم لێیەتی بۆم ئامادە بکە و بیهێنە تاکو بیخۆم، بۆ ئەوەی بەر لەوەی بمرم داوای بەرەکەتت بۆ بکەم.» ڕڤقە گوێی لێبوو کاتێک ئیسحاق قسەی لەگەڵ عیسۆ دەکرد. ئینجا عیسۆ چوو بۆ دەشتودەر تاکو نێچیرێک ڕاو بکات و بیهێنێتەوە. ڕڤقە لەگەڵ یاقوبی کوڕی قسەی کرد و گوتی: «گوێم لە باوکت بوو قسەی لەگەڵ عیسۆی برات دەکرد و گوتی: ”نێچیرێکم بۆ بهێنە و خواردنم بۆ ئامادە بکە، بەر لە مردنم دەیخۆم و لەبەردەم یەزدان داوای بەرەکەتت بۆ دەکەم.“ ئێستاش، کوڕی خۆم، باش گوێم لێ بگرە و ئەوە بکە کە پێت دەڵێم: بڕۆ لەلای مێگەلەکە دوو گیسکی ناسکم بۆ بهێنە، تاکو بەو جۆرە بۆ باوکتی ئامادە بکەم کە حەزی لێیەتی. ئینجا بۆ باوکتی دەبەیت و دەیخوات، بۆ ئەوەی بەر لە مردنی داوای بەرەکەتت بۆ بکات.» یاقوبیش بە ڕڤقەی دایکی گوت: «بەڵام عیسۆی برام پیاوێکی تووکنە و منیش پیاوێکی کۆسەم. ئەی ئەگەر باوکم دەستم لێ بدات؟ ئەو کاتە لەبەرچاوی دەبمە فێڵباز و ئیتر لە جێگەی بەرەکەت، نەفرەت بەسەر خۆمدا دەهێنم.» دایکیشی پێی گوت: «کوڕی خۆم، با نەفرەتەکەت لە من بکەوێت. تەنها گوێ لە من بگرە و بڕۆ بیانهێنە بۆم.» ئیتر ئەویش چوو کاریلەکانی گرت و هێنانی بۆ دایکی. دایکیشی خواردنی دروستکرد، بەو جۆرەی کە باوکی حەزی لێ دەکرد. ئینجا ڕڤقە جلوبەرگە باشەکەی عیسۆی کوڕە گەورەی هێنا، کە لە ماڵەوە لەلای خۆی بوو، لەبەر یاقوبی کوڕە بچووکی کرد. دەستەکانی و ئەو بەشەی ملی کە لووسە بە پێستی گیسکەکان دایپۆشی. ئینجا ئەو نان و خواردنەی کە دروستی کردبوون، دایە دەست یاقوبی کوڕی. یاقوب هاتە لای باوکی و گوتی: «باوکە.» ئەویش گوتی: «ئەوەتام، تۆ کیێت کوڕم؟» یاقوبیش بە باوکی گوت: «من عیسۆی نۆبەرەتم. ئەوەی پێت گوتم کردم. هەستە، دابنیشە و لە ڕاوەکەم بخۆ، بۆ ئەوەی داوای بەرەکەتم بۆ بکەیت.» ئیسحاقیش بە کوڕەکەی گوت: «ئەوە چۆن وا خێرا پەیدات کرد، کوڕی خۆم؟» ئەویش گوتی: «یەزدانی پەروەردگارت بۆی هێنام.» ئینجا ئیسحاق بە یاقوبی گوت: «وەرە پێشەوە با دەستت لێ بدەم، کوڕی خۆم، بۆ ئەوەی بزانم ئایا تۆ عیسۆی کوڕی منیت یان نا.» یاقوبیش لە ئیسحاقی باوکی چووە پێشەوە، ئەویش دەستی لێدا و گوتی: «دەنگەکە دەنگی یاقوبە، بەڵام دەستەکان دەستی عیسۆن.» ئیتر نەیناسییەوە، چونکە دەستەکانی وەک دەستەکانی عیسۆی برای تووکن بوون، کاتێک کە ویستی داوای بەرەکەتی بۆ بکات، پێی گوت: «ئایا تۆ عیسۆی کوڕی منی؟» ئەویش گوتی: «منم.» ئینجا گوتی: «بیهێنە پێشم با لە ڕاوی کوڕەکەم بخۆم، بۆ ئەوەی داوای بەرەکەتت بۆ بکەم.» ئیتر یاقوب هێنایە پێشی و خواردی، ئینجا شەرابی بۆ هێنا و خواردیەوە. ئیسحاقی باوکی پێی گوت: «وەرە پێشەوە و ماچم بکە، کوڕی خۆم.» ئەویش چووە پێشەوە و ماچی کرد. ئیتر ئیسحاق بۆنی جلەکانی کرد، داوای بەرەکەتی بۆ کرد و گوتی: «بڕوانە، بۆنی کوڕەکەم وەک بۆنی دەشتودەرە کە یەزدان بەرەکەتداری کردووە. با خودا لە شەونمی ئاسمان و لە چەوری زەویت بداتێ، هەروەها دانەوێڵەی زۆر و شەرابی نوێ. با گەلان ببنە خزمەتکارت، نەتەوەکانیش کڕنۆشت بۆ ببەن. ببە بە سەروەری براکانت، کوڕانی دایکت کڕنۆشت بۆ ببەن. با ئەوانەی نەفرەتت لێ دەکەن نەفرەت لێکراو بن و ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتدار دەبن.» پاش ئەوەی ئیسحاق لە داواکردنی بەرەکەت بووەوە بۆ یاقوب، یاقوب لەلای ئیسحاقی باوکی چووە دەرەوە، عیسۆی برای لە ڕاوەکەی هاتەوە. ئەویش خواردنی ئامادە کرد و بردیە ژوورەوە بۆ باوکی و پێی گوت: «باوکە، هەستە لە ڕاوی کوڕەکەت بخۆ، تاکو داوای بەرەکەتم بۆ بکەیت.» ئیسحاقی باوکیشی پێی گوت: «تۆ کێیت؟» ئەویش گوتی: «من کوڕە نۆبەرەکەی خۆتم، عیسۆ.» ئیتر ئیسحاق زۆر توند لەرزی و گوتی: «ئەی کێ بوو ئەوەی کە نێچیرێکی ڕاوکردبوو و بۆی هێنام؟ منیش لە هەموویم خوارد، پێش ئەوەی تۆ بێیت داوای بەرەکەتیشم بۆ کرد، هەروەها بەرەکەتداریش دەبێت.» عیسۆ کە قسەکانی باوکی بیست، بە دەنگێکی زۆر بەرز و بە خەمبارییەوە هاواری کرد و بە باوکی گوت: «باوکە، دە داوای بەرەکەت بۆ منیش بکە!» بەڵام ئیسحاق گوتی: «ئاخر براکەت بە فێڵبازی هات و بەرەکەتی تۆی برد.» عیسۆ گوتی: «ئایا لە جێی خۆیدا نییە کە ناونراوە ”یاقوب“27‏:36 یاقوب واتا پاژنە دەگرێت، واتایەکی مەجازییە واتا هەڵدەخەڵەتێنێت. بڕوانە 25‏:26.‏؟ ئەوە دوو جارە فێڵم لێ دەکات، نۆبەرایەتییەکەی منی برد، وا ئێستاش بەرەکەتەکەی منی برد.» ئینجا گوتی: «ئەی هیچ بەرەکەتێکت بۆ من نەهێشتووەتەوە؟» ئیسحاق وەڵامی دایەوە و بە عیسۆی گوت: «وا ئەوم کردووە بە سەروەری تۆ و هەموو کەسوکاریشیم داوەتێ بۆ ئەوەی ببنە خزمەتکاری ئەو، بە دانەوێڵە و شەرابی نوێ پشتگیریم کردووە. ئیتر بۆ تۆ چی بکەم، کوڕم؟» عیسۆش بە باوکی گوت: «ئایا تەنها یەک بەرەکەتت هەیە؟ باوکە، داوای بەرەکەت بۆ منیش بکە.» ئیتر عیسۆ دەنگی هەڵبڕی و گریا. ئیسحاقی باوکی وەڵامی دایەوە: «نشینگەکەت دوور لە دەوڵەمەندی زەوییەوە دەبێت، دوور لە شەونمی ئاسمان لە سەرەوە. لەسەر شمشێرەکەت دەژیت و دەبیتە خزمەتکاری براکەت. بەڵام کاتێک سەرکێش بوویت، نیرەکەی27‏:40 مەبەستی لە بارگرانییە.‏ دەشکێنیت کە بە ملتەوەیە.» ڕاکردنی یاقوب بۆ لای لابان ئیتر عیسۆ ڕقی لە یاقوب هەڵگرت، بەهۆی ئەو بەرەکەتدارییەی کە باوکی داوای بەرەکەتی بۆ کردبوو. عیسۆ لە دڵی خۆیدا گوتی: «ڕۆژانی پرسەی باوکم نزیکە، ئینجا یاقوبی برام دەکوژم.» ڕڤقەش لەم قسانەی عیسۆی کوڕە گەورەی ئاگادار کرایەوە، ئیتر ناردی بەدوای یاقوبی کوڕە بچووکیدا و پێی گوت: «عیسۆی برات وا دڵخۆشی خۆی بەوە دەداتەوە کە تۆ دەکوژێت. ئێستاش کوڕی خۆم، گوێ لە قسەی من بگرە و ڕابکە بۆ لای لابانی برام لە حەڕان. بۆ ماوەیەک لەلای ئەو بمێنەوە هەتا ڕقی براکەت هێور دەبێتەوە. کاتێکیش تووڕەیی براکەت بەرامبەر بە تۆ هێور دەبێتەوە و ئەوەی لەبیر کرد کە پێت کردووە، ئەوا دەنێرم و لەوێ دەتهێنمەوە. ئیتر بۆ بە یەک ڕۆژ هەردووکتان لەدەست بدەم؟» ئینجا ڕڤقە بە ئیسحاقی گوت: «لەبەر کچانی حیتییەکان لە ژیانی خۆم بێزارم، خۆ ئەگەر یاقوبیش ژنێکی وەک ئەمانە لە کچانی حیتییەکانی ئەم خاکە بهێنێت، ئیتر ژیانم بۆ چییە؟» ئیسحاق یاقوبی بانگکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کرد. ئینجا فەرمانی پێدا و پێی گوت: «لەگەڵ کچی کەنعانییەکان هاوسەرگیری مەکە. هەستە بڕۆ بۆ پەدان ئارام28‏:2 ‏واتا باکووری ڕۆژئاوایی میسۆپۆتامیا.‏ بۆ ماڵی بتوئێلی باوکی دایکت، لەوێ لە کچەکانی لابانی برای دایکت ژنێک بۆ خۆت بخوازە. با خودای هەرە بەتوانا بەرەکەتدار و بەردار و زۆرت بکات، هەتا دەبیتە کۆمەڵێک گەل. با خودا بەرەکەتی ئیبراهیم بە خۆت و نەوەکانت بدات، تاکو ببیتە میراتگری ئەو خاکەی کە خودا دابوویە ئیبراهیم و ئێستا تۆ وەکو بێگانە لەسەری دەژیت.» ئیتر ئیسحاق یاقوبی نارد، ئەویش چوو بۆ پەدان ئارام بۆ لای لابانی کوڕی بتوئێلی ئارامی، برای ڕڤقەی دایکی یاقوب و عیسۆ. عیسۆ بۆی دەرکەوت کە ئیسحاق داوای بەرەکەتی بۆ یاقوب کردووە و ناردوویەتی بۆ پەدان ئارام تاکو لەوێ ژن بهێنێت، ئینجا کاتێک داوای بەرەکەتی بۆ کردووە، فەرمانی پێداوە و گوتوویەتی: «لە کچانی کەنعان ژن نەخوازیت،» ئیتر یاقوبیش گوێڕایەڵی دایک و باوکی بووە و چووە بۆ پەدان ئارام. کاتێک کە عیسۆ زانی کچە کەنعانییەکان جێی پەسەندی ئیسحاقی باوکی نین و لەلای ئەو خراپن، چوو بۆ لای ئیسماعیل و ماحەلەتی خوشکی نەبایۆت و کچی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمی بەسەر ژنەکانی دیکەیدا خواست. خەونی یاقوب لە بێت‌ئێل یاقوب بیری شابەعی بەجێهێشت و بەرەو حەڕان ڕۆیشت. ئیتر ڕێی کەوتە شوێنێک و لەبەر خۆرئاوابوون لەوێ مایەوە. ئینجا بەردێکی لە بەردەکانی ئەو شوێنە هێنا و خستییە ژێر سەری و ڕاکشا. یاقوب خەونێکی بینی کە تێیدا پێپلیکانەیەک لەسەر زەوی ڕاگیراوە کە سەری لە ئاسمان دەدات و فریشتەکانی خودا پێیدا سەردەکەون و دێنە خوارەوە. وا یەزدان وەستاوە و دەفەرموێت: «من یەزدانم، خودای ئیبراهیمی باوکت و خودای ئیسحاق. ئەو خاکەی لەسەری ڕاکشاویت دەیدەمە خۆت و نەوەکانت. نەوەکەت وەک خۆڵی زەوی دەبێت، بەرەو ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باکوور و باشوور بڵاو دەبیتەوە. هەموو هۆزەکانی زەویش لە ڕێگەی تۆ و نەوەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن. من لەگەڵتدام و بۆ هەر لایەک بچیت دەتپارێزم، دەشتگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە، چونکە وازت لێ ناهێنم هەتا ئەوە ئەنجام نەدەم کە پێم فەرموویت.» کاتێک یاقوب خەبەری بووەوە، گوتی: «بێگومان یەزدان لەم شوێنەیە، منیش نەمزانی!» ترسیش دایگرت و گوتی: «ئەم شوێنە چەند ترسناکە! ئەمە هیچی دیکە نییە ماڵی خودا نەبێت، ئێرەش دەروازەی ئاسمانە.» یاقوب بەیانی زوو لە خەو هەستا و ئەو بەردەی هێنا کە لەژێر سەری خۆی داینابوو بە ستوونی ڕاگیری کرد و زەیتی بەسەردا کرد. ئەو شوێنەشی ناو نا بێت‌ئێل28‏:19 واتا ماڵی خودا. بڕوانە 12‏:8.‏، هەرچەندە پێشتر شارەکە ناوی لوز بوو. یاقوب نەزرێکی28‏:20 نەزر: داوا لە خودا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کارێک و پابەند دەکرێت بە مەرجێکەوە. ئەگەر خودا ئەو کارە بکات، ئەوا دەرئەنجام ئەمیش ئەو کارە ئەنجام دەدات کە پێیەوە پابەندی کردووە. بڕوانە سەرژمێری 21‏:2.‏ کرد و گوتی: «ئەگەر خودا لەگەڵ من بێت و لەم ڕێگایە بمپارێزێت کە پێیدا دەڕۆم و نانی دامێ بیخۆم و جلوبەرگیش بیپۆشم، بە سەلامەتیش گەڕامەوە لای ماڵی باوکم، ئەوا یەزدان دەبێتە خودای من. ئەم بەردەش کە بە ستوونی ڕاگیرم کردووە، دەبێتە ماڵی خودا28‏:22 شوێنی خواپەرستی.‏ و هەرچییەکیشم پێ ببەخشیت ئەوا دەیەکی لێ دەبەخشم.» گەیشتنی یاقوب بۆ پەدان ئارام ئینجا یاقوب پێی هەڵگرت و بەرەو خاکی گەلانی ڕۆژهەڵات ڕۆیشت. بینی وا بیرێک لە دەشتودەرەکە هەیە و سێ ڕانە مەڕ لەوێ ڕاکشاون، چونکە شوانەکان لەو بیرەوە مەڕەکانیان ئاو دەدا. بەردێکی گەورەش لەسەر دەمی بیرەکە بوو. کاتێک هەموو مێگەلەکان لەوێ کۆدەبوونەوە، شوانەکان بەردی سەر دەمی بیرەکەیان گلۆر دەکردەوە و مەڕەکانیان ئاو دەدا. پاشان بەردەکەیان دەگەڕاندەوە سەر دەمی بیرەکە، بۆ شوێنی خۆی. یاقوب بانگی کردن: «برایان، ئێوە خەڵکی کوێن؟» ئەوانیش گوتیان: «ئێمە خەڵکی حەڕانین.» پێی گوتن: «لابانی کوڕەزای ناحۆر دەناسن؟» گوتیان: «دەیناسین.» ئینجا یاقوب گوتی: «خۆ سەلامەتە؟» گوتیان: «بەڵێ سەلامەتە، ئەوەش ڕاحێلی کچیەتی کە مەڕەکان بەرەو ئێرە دێنێت.» گوتی: «وا هێشتا ڕۆژ زۆری ماوە، کاتی کۆکردنەوەی مەڕەکان نییە. مەڕەکان ئاو بدەن و بڕۆنەوە بیانلەوەڕێنن.» ئەوانیش گوتیان: «ناتوانین، هەتا هەموو مەڕەکان کۆنەبنەوە و بەردی سەر دەمی بیرەکە تل نەدرێت. ئەو کاتە مەڕەکان ئاو دەدرێن.» هێشتا خەریکی قسەکردن بوو لەگەڵیان، ڕاحێل هات و مەڕەکانی باوکیشی لەگەڵ بوو، چونکە ڕاحێل شوان بوو. کاتێک یاقوب ڕاحێلی کچی لابانی خاڵی و مەڕەکانی لابانی خاڵی بینی، چووە پێشەوە و بەردی سەر بیرەکەی تل دا و مەڕەکانی ئاو دا. یاقوب ڕاحێلی ماچ کرد و دەنگی بەرز کردەوە و گریا. ئیتر یاقوب بە ڕاحێلی گوت کە ئەو خزمی باوکیەتی و کوڕی ڕڤقەیە. ئەویش ڕایکرد و بە باوکی ڕاگەیاند. هەرکە لابان ئەم هەواڵەی یاقوبی خوشکەزای بیست، بە ڕاکردن چوو بۆ دیدەنی. باوەشی پێدا کرد و ماچی کرد و هێنایە ماڵەکەی خۆی. ئینجا یاقوب باسی هەموو ئەو شتانەی بۆ لابان کرد کە ڕوویان دابوو. لابانیش پێی گوت: «تۆ لە گۆشت و خوێنی منیت.» هاوسەرگیری یاقوب لەگەڵ لێئە و ڕاحێل لەدوای ئەوەی یاقوب مانگێک لەلای مایەوە، لابان پێی گوت: «هەر لەبەر ئەوەی کەسی خۆمیت، ئایا ئیتر دەبێت بەخۆڕایی کارم بۆ بکەیت؟ پێم بڵێ دەبێت کرێیەکەت چی بێت؟» لابان دوو کچی هەبوو، گەورەکەیان ناوی لێئە بوو، بچووکەکەشیان ناوی ڕاحێل بوو. چاوەکانی لێئە کز بوون، بەڵام ڕاحێل ناسک و جوان بوو. یاقوب کە ڕاحێلی خۆشدەویست، گوتی: «حەوت ساڵ کارت بۆ دەکەم بەرامبەر ڕاحێلی کچە بچووکت.» لابانیش گوتی: «بیدەمە تۆ باشترە لەوەی بیدەمە پیاوێکی دیکە. لێرە لەلای خۆم بمێنەوە.» ئیتر یاقوب لەبەر ڕاحێل حەوت ساڵ کاری کرد، بەڵام لەبەر خۆشەویستییەکەی بەرامبەر بە ڕاحێل، لەلای ئەو وەک چەند ڕۆژێکی کەم وابوو. ئینجا یاقوب بە لابانی گوت: «ژنەکەم بدەرێ، چونکە ماوەکەم تەواو کرد، دەشمەوێت بیگوازمەوە.» لابانیش خەڵکی شوێنەکەی کۆکردەوە و ئاهەنگێکی ساز کرد. بەڵام کاتێک ئێوارە داهات، پەلی لێئەی کچی گرت و هێنای بۆ یاقوب. ئەویش سەرجێیی لەگەڵی کرد. هەروەها لابان زیلپەی کەنیزەی خۆی کردە کەنیزەی لێئەی کچی. کە ڕۆژ بووەوە، لێئە لەوێ بوو! یاقوبیش بە لابانی گوت: «ئەمە چییە بە منت کرد؟ مەگەر بۆ ڕاحێل نەبوو کە کارم بۆ کردیت؟ ئەی بۆچی فێڵت لێکردم؟» لابانیش گوتی: «ئەوە دابونەریتی ئێمە نییە کە کچە بچووکەکە پێش گەورەکە بە شوو بدەین. هەفتەی بووکێنی ئەم تەواو بکە، ئەوی دیکەشیانت بەرامبەر بە حەوت ساڵی دیکەی کارکردن دەدەینێ.» یاقوبیش بەم جۆرەی کرد. حەوت ڕۆژەکەی لەگەڵ لێئە تەواو کرد، لابانیش ڕاحێلی کچی پێدا هەتا ببێتە ژنی. هەروەها لابان بیلهەی کەنیزەی خۆی کردە کەنیزەی ڕاحێلی کچی. یاقوب لەگەڵ ڕاحێلیش سەرجێیی کرد، ئەو ڕاحێلی لە لێئە زیاتر خۆشدەویست. حەوت ساڵی دیکەش کاری بۆ لابان کرد. منداڵەکانی یاقوب کاتێک یەزدان بینی کە لێئە خۆشەویست نییە، توانای منداڵبوونی پێ بەخشی، بەڵام ڕاحێل نەزۆک بوو. لێئە سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو ناوی لێنا ڕەئوبێن29‏:32 ڕەئوبێن لە دەربڕینی «ئەوەتا، کوڕێک!» لە زمانی عیبری نزیکە.‏، لەبەر ئەوەی گوتی: «یەزدان نەگبەتی منی بەدی کردووە، بێگومان ئێستا مێردەکەم منی خۆشدەوێ.» دیسان سکی پڕ بوو، کوڕێکی دیکەی بوو و گوتی: «یەزدان بیستوویەتی خۆشەویست نیم، بۆیە ئەمەشی پێدام.» ناوی لێنا شیمۆن29‏:33 شیمۆن بە واتای ئەوەی گوێ دەگرێت دێت.‏. جارێکی دیکەش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو و گوتی: «وا ئەم جارە ئیتر مێردەکەم پێمەوە پەیوەست دەبێت، چونکە سێ کوڕم بۆی بووە.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا لێڤی29‏:34 وشەی لێڤی لە ڕووی دەنگەوە لە وشەی (پەیوەست)ی عیبری نزیکە.‏. دیسان سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو و گوتی: «ئەم جارە ستایشی یەزدان دەکەم.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا یەهودا29‏:35 وشەی یەهودا لە ڕووی دەنگەوە لە وشەی (ستایش)ی عیبری نزیکە.‏. ئیتر لە سککردن وەستا. کاتێک ڕاحێل بینی هیچ منداڵێکی بۆ یاقوب نەبوو، بەغیلی بە خوشکەکەی خۆی برد، بە یاقوبی گوت: «منداڵم پێبدە، ئەگینا دەمرم!» یاقوب لە ڕاحێل تووڕە بوو و گوتی: «ئایا من لە جێی خودام کە لە بەرهەمی سک بێبەشی کردوویت؟» ئەویش گوتی: «ئەوەتا بیلهەی کەنیزەم. سەرجێیی لەگەڵ بکە هەتا لەسەر چۆکم منداڵی ببێت، ئیتر لەوەوە منیش کوڕم دەبێت.» جا بیلهەی کەنیزەی خۆی دایێ تاکو ببێتە ژنی. یاقوبیش سەرجێیی لەگەڵی کرد. بیلهەش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بۆ یاقوب بوو. ڕاحێل گوتی: «خودا پشتگیری کردم و گوێی لە داواکەم گرت، هەروەها گوێی لە دەنگم بوو و کوڕێکی پێدام.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا دان30‏:6 دان لە عیبری بە واتای پشتگیری یان ئەستۆپاکی دێت لەلایەن دادوەرەوە.‏. دیسان بیلهە، کەنیزەکەی ڕاحێل سکی کرد و کوڕی دووەمی بۆ یاقوب بوو. ئینجا ڕاحێل گوتی: «بە زۆرانبازی خودا، زۆرانبازیم لەگەڵ خوشکەکەم کرد و بردیشمەوە.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا نەفتالی. کاتێک لێئە بینی وا لە سککردن وەستاوە، پەلی زیلپەی کەنیزەکەی خۆی گرت و دایە یاقوب هەتا ببێتە ژنی. زیلپەی کەنیزەی لێئە کوڕێکی بۆ یاقوب بوو. لێئە گوتی: «بەختێکی باش!» ئیتر ناوی لێنا گاد. زیلپەی کەنیزەی لێئە کوڕی دووەمی بۆ یاقوب بوو. لێئەش گوتی: «خۆزگە بە من دەخوازرێت! لەبەر ئەوەی کچان خۆزگەم پێ دەخوازن.» ئیتر ناوی لێنا ئاشێر30‏:13 ئاشێر لە عیبری بە واتای شاد دێت.‏. لە ڕۆژانی دروێنەی گەنمدا، ڕەئوبێن چوو هەندێک گیائادەمەی30‏:14 گیائادەمە: جۆرە ڕووەکێکە، وایاندەزانی یارمەتیت دەدات بۆ سکپڕبوون.‏ لە کێڵگە بینییەوە و بۆ لێئەی دایکی هێنایەوە. ڕاحێلیش بە لێئەی گوت: «هەندێک لە گیائادەمەی کوڕەکەتم بدەرێ.» بەڵام لێئە گوتی: «ئایا بە لاتەوە کەمە مێردەکەت بردووم؟ ئایا گیائادەمەی کوڕەکەشم دەبەیت؟» ڕاحێلیش گوتی: «دەی باشە با لە جیاتی گیائادەمەی کوڕەکەت ئەمشەو لەلای تۆ بێت.» کاتێک یاقوب دەمەو ئێوارە لە کێڵگە گەڕایەوە، لێئە بۆ پێشوازیکردنی چووە دەرەوە و گوتی: «دەبێت ئەمشەو بێیتە لای من، چونکە بە گیائادەمەی کوڕەکەم بە کرێم گرتوویت.» ئەویش ئەو شەوە سەرجێیی لەگەڵی کرد. خودا گوێی لە لێئە بوو، ئیتر سکی پڕ بوو، کوڕی پێنجەمی بۆ یاقوب بوو. ئینجا لێئە گوتی: «خودا پاداشتی ئەوەی دامەوە کە کەنیزەکەی خۆمم دایە پیاوەکەم.» ئیتر ناوی لێنا یەساخار30‏:18 یەساخار لە وشەی (پاداشت) لە زمانی عیبری نزیکە.‏. دیسان لێئە سکی کرد و کوڕی شەشەمینی بۆ یاقوب بوو. ئینجا لێئە گوتی: «خودا خەڵاتێکی باشی کردم. ئێستا مێردەکەم ڕێزم لێ دەگرێت، چونکە شەش کوڕم بۆی بوو.» ناوی لە کوڕەکەش نا زەبولون. دوای ئەمە کچێکیشی بوو، ناوی لێنا دینە. خودا ڕاحێلی هاتەوە یاد30‏:22 بڕوانە 8‏:1.‏؛ گوێی لێ گرت و منداڵدانی کردەوە. ئیتر سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو و گوتی: «خودا سووکایەتییەکەی لەسەر لابردم.» ناوی لێنا یوسف، چونکە گوتی: «یەزدان کوڕێکی دیکەشم بۆ زیاد دەکات.» زۆربوونی مەڕەکانی یاقوب لەدوای ئەوەی ڕاحێل یوسفی بوو، یاقوب بە لابانی گوت: «بمنێرەوە و دەگەڕێمەوە شوێن و زەوی خۆم. ژنەکانم و منداڵەکانیشم بدە دەستم کە لە پێناویاندا خزمەتم کردوویت، ئیتر دەڕۆم. خۆشت دەزانیت چەندە خزمەتم کردوویت.» بەڵام لابان پێی گوت: «خۆزگە پەسەند دەبووم لەبەرچاوت. فاڵم گرتووەتەوە کە یەزدان لەبەر تۆ بەرەکەتداری کردووم.» ئینجا گوتی: «کرێی خۆتم بۆ دیاری بکە تاکو پێت بدەم.» یاقوبیش پێی گوت: «تۆ خۆت دەزانیت چۆن خزمەتم کردوویت و مەڕوماڵاتەکەت لەلای من چۆن بووە، چونکە پێش هاتنی من ئەوەی هەتبوو کەم بوو، بەڵام دوای هاتنم زۆر زیادی کرد و یەزدانیش بەرەکەتداری کردیت. بەڵام ئێستا کەی کار بۆ ماڵەکەی خۆشم بکەم؟» ئەویش گوتی: «چیت بدەمێ؟» یاقوبیش گوتی: «هیچم مەدەرێ، بەڵام ئەگەر تەنها ئەم کارەم لەگەڵ بکەیت، ئەوا سەرلەنوێ شوانی و پاسەوانی مەڕەکانت دەکەم. ئەمڕۆ لێمگەڕێ بەناو هەموو مێگەلەکانتدا تێپەڕم، هەرچی مەڕ و بزنی خاڵدار و بەڵەک و هەرچی بەرخی ڕەش لەناویاندا هەیە جیای دەکەمەوە. ئەوانە کرێیەکەی من دەبن. سبەینێش ڕاستودروستی من دەسەلمێنێت، کاتێک بۆ کرێیەکەم دێمە پێشت، هەرچی خاڵدار و بەڵەک نەبێت لەناو بزنەکان و ڕەش نەبێت لەناو بەرخەکان، لەلای من بە دزراو دادەنرێت.» لابانیش گوتی: «باشە، تۆ چۆن دەڵێیت، با وابێت.» هەر هەمان ڕۆژ هەموو تەگە30‏:35 نێری، سابرێن.‏ خەتدار و بەڵەکەکان و هەموو بزنە خاڵدار و بەڵەکەکانی جیا کردەوە، هەموو ئەوانەی سپیێتییان تێدا هەبوو، لەگەڵ هەموو ڕەشەکان لەنێوان بەرخەکان دایە دەست کوڕەکانی. ئینجا ماوەی سێ ڕۆژە ڕێی خستە نێوان خۆی و یاقوبەوە، لە کاتێکدا یاقوب چاودێری مەڕەکانی دیکەی لابانی دەکرد. یاقوب چڵی سەوزی لە دار بی و بادەم و چنار هێنا و لە شوێنی هێڵەکان توێکڵەکانیانی پاک کرد و سپیێتییەکەی ژێریانی دەرخست و خەتی سپی لەسەر کێشان. ئینجا چڵە دارە پاککراوەکانی لەناو ئاخوڕەکانی ئاو خواردنەوە دانا، بە جۆرێک کە کاتێک مەڕەکان بۆ ئاو خواردنەوە دەهاتن، ڕێک لەبەردەمیدا بوو، ئەمەش بۆ ئەوە بوو هەتا لە کاتی هاتنیان بۆ ئاو خواردنەوە بە بەران بێن، مەڕەکان لەلای چڵەکان بەرانیان گرت و بەرخی خەتدار و خاڵدار و بەڵەکیان بوو. ئینجا یاقوب بەرخەکانی جیا کردەوە، بەڵام ڕووی مەڕەکانی خۆی لە مەڕە خەتدار و ڕەشەکانی لابان کرد. بەم شێوە بۆ خۆی مێگەلی دانا و لەگەڵ مەڕەکانی لابان داینەنان. هەر کاتێک مەڕە بەهێزەکان دەهاتنە ئەوەی بەران بگرن، یاقوب لەپێش چاویان چڵە دارەکانی لەناو حەوزەکان دادەنا بۆ ئەوەی لەناو چڵە دارەکاندا بەران بگرن. بەڵام کاتێک مەڕەکان لاواز دەبوون چڵە دارەکانی دانەدەنا. بەو شێوەیە لاوازەکان بۆ لابان بوون و بەهێزەکانیش بۆ یاقوب. ئینجا پیاوەکە تەواو دەوڵەمەند بوو. بووە خاوەنی مەڕێکی زۆر، لەگەڵ کەنیزە و خزمەتکار و وشتر و گوێدرێژ. ڕاکردنی یاقوب لەلای لابان یاقوب گوێی لە کوڕەکانی لابان بوو کە دەیانگوت: «هەموو ئەوەی هی باوکمان بوو یاقوب بردی و لە ڕێگەی ماڵ و سامانی باوکمانەوە ئەم هەموو سامانەی پێکەوە نا.» هەروەها یاقوب بینی کە هەڵسوکەوتی لابان بەرامبەری گۆڕاوە و وەک جاران نەماوە. یەزدان بە یاقوبی فەرموو: «بگەڕێوە بۆ خاکی باوکانت و بۆ لای کەسوکارەکەت، منیش لەگەڵت دەبم.» یاقوبیش بەدوای ڕاحێل و لێئەدا ناردی کە بێن بۆ لای بۆ ئەو لەوەڕگایەی مەڕوماڵاتەکەی لێیە. پێی گوتن: «دەبینم باوکتان بەرامبەر بە من گۆڕاوە و وەک جاران نەماوە، بەڵام خودای باوکم لەگەڵ من بووە. خۆتان دەزانن کە من بە هەموو توانامەوە خزمەتی باوکتانم کردووە، کەچی باوکتان هەڵیخەڵەتاندم و دە جار کرێیەکەی منی گۆڕی. بەڵام خودا ڕێی پێنەدا کە خراپەم لەگەڵ بکات. کاتێک دەیگوت: ”بزنە خاڵدارەکان کرێی تۆ دەبن،“ ئەوا هەموو بزنەکان کاریلەی خاڵداریان دەبوو. بەڵام کاتێک ڕای خۆی دەگۆڕی و دەیگوت: ”بزنە خەتدارەکان کرێی تۆ دەبن،“ ئەوا هەموو بزنەکان کاریلەی خەتداریان دەبوو. خودا مەڕوماڵاتی باوکتانی برد و دایە من. «لە کاتی پەڕینی ئاژەڵەکاندا خەونێکم دیت کە تێیدا چاوم هەڵبڕی و بینیم کە ئەو تەگانەی کە لە بزنەکان دەپەڕن خەتدار و خاڵدار و بەڵەکن. فریشتەی خوداش لە خەونەکە پێی فەرمووم: ”یاقوب.“ منیش گوتم: ”ئەوەتام.“ ئەویش فەرمووی: ”چاو هەڵبڕە و بڕوانە، وا هەموو ئەو تەگانەی لەگەڵ بزنەکان جووت دەبن خەتدار و خاڵدار و بەڵەکن. هەموو ئەوەم بینیوە کە لابان بە تۆی کردووە. من خودای بێت‌ئێلم، ئەو شوێنەی تێیدا بەردێکت بە ستوونی ڕاگیر کرد و زەیتت بەسەریدا کرد، لەوێ نەزرت بۆ کردم. ئێستاش هەستە و لەم خاکە بڕۆ دەرەوە و بگەڕێوە بۆ خاکی لەدایکبوونەکەت.“» ئینجا ڕاحێل و لێئە وەڵامیان دایەوە و پێیان گوت: «ئایا لە ماڵی باوکمان بەش و میراتمان هەیە؟ مەگەر لای ئەو بە بێگانە دانەنراوین؟ نە تەنها ئێمەی فرۆشت، بەڵکو ئەو پارەیەشی خوارد کە پێمان درابوو. هەموو ئەو سامانەی خودا لە باوکمانی برد بۆ ئێمە و منداڵەکانمانە. ئێستاش هەرچی خودا پێی فەرموویت بیکە.» ئیتر یاقوب هەستا و منداڵەکانی و ژنەکانی سواری وشترەکان کرد. هەموو مەڕوماڵات و ئەو شتانەی لە پەدان ئارام دەستی کەوتبوو دایە پێش خۆی و بەرەو خاکی کەنعان بۆ لای ئیسحاقی باوکی کەوتە ڕێ. کاتێک لابان بۆ بڕینەوەی مەڕەکانی چووبوو، ڕاحێل بتەکانی31‏:19 عیبری: تەرافیم‏ جۆرێک بت بووە لەناو ماڵ، لە شێوەی مرۆڤدا بووە.‏ باوکی دزی. هەروەها یاقوبیش لابانی ئارامی هەڵخەڵەتاند، چونکە پێی ڕانەگەیاند کە ڕادەکات. ئیتر بە هەموو ئەو شتانەوە کە هەیبوو هەڵات، لە ڕووباری فورات پەڕییەوە و ڕووی کردە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد. لابان دوای یاقوب دەکەوێت ڕۆژی سێیەم بە لابان ڕاگەیەنرا کە یاقوب هەڵاتووە. ئەویش پیاوەکانی لەگەڵ خۆی برد و بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ دوای کەوت، هەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد پێی گەیشتەوە. خودا لە شەودا هاتە خەونی لابانی ئارامی و پێی گوت: «وریا بە! نە بە چاک و نە بە خراپ هیچ بە یاقوب نەڵێیت.» کاتێک لابان گەیشتە یاقوب، یاقوب لە چیاکە چادرەکەی هەڵدابوو، لابانیش لەگەڵ پیاوەکانی لە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد چادریان هەڵدا. لابان بە یاقوبی گوت: «ئەمە چییە کردووتە؟ هەڵتخەڵەتاندووم و کچەکانی منیشت وەک ڕاپێچکراو داوەتە پێش خۆت. بۆچی بەدزییەوە ڕاتکرد و هەڵتخەڵەتاندم؟ بۆچی ئاگادارت نەکردمەوە بۆ ئەوەی بە شادی و گۆرانییەوە، بە دەف و بە قیسارەوە بەڕێت بکەم؟ تەنانەت ڕێگات پێنەدام کە نەوە و کچەکانم ماچ بکەم. تۆ ڕەفتارێکی گێلانەت کرد. لە دەسەڵاتمدایە خراپتان پێ بکەم، بەڵام خودای باوکتان دوێنێ پێی گوتم: ”وریابە! نە بە چاک و نە بە خراپ هیچ بە یاقوب نەڵێیت.“ ئێستاش وا ڕۆیشتی، چونکە تامەزرۆی ماڵی باوکتی، بەڵام بۆچی بتەکانی منت دزی؟» یاقوبیش وەڵامی دایەوە و بە لابانی گوت: «ترسام نەوەک بە زۆرەملێ کچەکانتم لێ بستێنیتەوە. بەڵام ئەوەی کە بتەکانتی لەلا دەبینیتەوە، نابێت بژیێت. لەبەردەم کەسوکاریشماندا ببینە چی تۆم لەلایە، بیبە بۆ خۆت.» بەڵام یاقوب نەیدەزانی کە ڕاحێل بتەکانی دزیوە. ئیتر لابان چووە ناو هەر یەک لە چادرەکانی یاقوب و لێئە و هەردوو کەنیزەکەوە، بەڵام هیچی نەدۆزییەوە. ئینجا لە چادرەکەی لێئە هاتە دەرەوە و چووە ناو چادرەکەی ڕاحێل. ڕاحێل بتەکانی بردبوو و خستبوویە ناو کورتانی وشترەکەوە و لەسەریان دانیشتبوو. لابان بە تەواوی ناو چادرەکەی پشکنی، بەڵام هیچی نەدۆزییەوە. ڕاحێل بە باوکی گوت: «گەورەم، تووڕە مەبە کە ناتوانم لەبەردەمت هەستم، چونکە خوێنلێچوونی ژنان و سووڕی مانگانەم هەیە.» ئەویش پشکنینی خۆی کرد، بەڵام بتەکانی نەدۆزییەوە. یاقوب تووڕە بوو، بۆیە بەگژ لاباندا چوو و پێی گوت: «تاوانم چییە؟ چ گوناهێکم کردووە کە ئاوا گڕت گرت و بەدوامدا هاتیت؟ ئەوا هەموو شتەکانم گەڕایت، چ شتێکی ماڵەکەی خۆتت تێدا دۆزییەوە؟ ئا لێرە بیخەرە بەردەم پیاوەکانم و پیاوەکانت، با ئەوان دادوەری نێوان هەردووکمان بکەن. «ئەوە بیست ساڵە من لەگەڵ تۆم، نە مەڕەکانت بەریان خست، نە بزنەکانیشت، نە منیش لە بەرانی مێگەلەکەی تۆم خوارد. ئەوانەی دەبوونە نێچیری ئاژەڵ بۆم نەدەهێنایتەوە، بەڵکو لەسەر من دەکەوتن. لە منت داوا دەکردەوە، ئەگەر بە ڕۆژ بدزرابوونایە یان بە شەو. بە ڕۆژ گەرما دەیخواردم و بە شەویش سەرما. خەویش لە چاوم بڕابوو. ئەوا بیست ساڵە لە ماڵەکەی تۆم، چواردە ساڵ لەبری دوو کچەکەت خزمەتم بۆ کردیت و شەش ساڵیش لەبری مەڕەکانت، دە جاریش کرێیەکەی منت گۆڕی. ئەگەر خوداکەی باوکم، خودای ئیبراهیم و ئەوەی ئیسحاق لێی دەترسا لەگەڵ من نەبووایە، ئەوا بە دڵنیاییەوە بە دەستی بەتاڵ بەڕێت دەکردم. بەڵام خودا ڕوانییە ڕەنجکێشیم و ماندووبوونی دەستم، دوێنێ شەو سەرزەنشتی کردیت.» لابانیش وەڵامی یاقوبی دایەوە و گوتی: «کچەکان کچی خۆمن و منداڵەکانیشیان منداڵی خۆمن، مەڕەکانیش مەڕی خۆمن، هەرچییەکیش تۆ دەیبینیت هی منە. بەڵام ئەمڕۆ چی بکەم لە کچەکانم و لەو منداڵانەی بوویانە؟ ئێستاش وەرە با من و تۆ پەیمانێک ببەستین تاکو ببێتە شایەتییەک لەنێوانماندا.» یاقوبیش بەردێکی هێنا و بە ستوونی داینا. ئینجا یاقوب بە پیاوەکانی خۆی گوت: «بەرد کۆبکەنەوە.» ئەوانیش بەردیان هێنا و کەڵەکەیان کرد و لە تەنیشت کەڵەکە بەردەکە نانیان خوارد. لابان ئەوێی ناو نا «یەگەر ساهەدوتا»، یاقوبیش ناوی لێنا گەلعید31‏:47 وشەی ئارامی (یەگەر ساهەدوتا) و وشەی عیبری (گەلعید) بە واتای کەڵەکەبەردی شایەتیی. لە کەلتوری ئەو سەردەم وا باو بووە لە کاتی بەستی پەیمان و ڕێککەوتندا بەردیان لە جێگایەکدا کەڵەکە کردووە وەک هێمایەک بۆ یادەوەری و بە زیندوو هێشتنەوەی پەیمان و بەڵێنەکەیان.‏. لابان گوتی: «ئەمڕۆ ئەم کۆمەڵە بەردە شایەتی نێوان من و تۆن.» بۆیە ناونرا گەلعید. هەروەها ناویش نرا میچپا31‏:49 میچپا بە واتای قوللەی چاودێری دێت.‏، چونکە لابان گوتی: «با یەزدان چاودێری نێوان من و تۆ بکات، کاتێک لەبەرچاوی یەکتر ون دەبین. ئەگەر بەدڕەفتاری لەگەڵ کچەکانم بکەیت یان ژنیان بەسەربهێنیت، هەرچەندە کەسمان لەگەڵ نییە، بەڵام خودا شایەتی نێوان من و تۆیە.» هەروەها لابان بە یاقوبی گوت: «تەماشای ئەم کۆمەڵە بەرد و ستوونە بکە کە لەنێوان خۆم و خۆت دامنا. ئەم کەڵەکە بەرد و ستوونە شایەتن کە من لەم کەڵەکە بەردە تێناپەڕم بۆ ئەوەی خراپەت لەگەڵ بکەم، تۆش لەم کەڵەکە بەرد و ستوونە تێناپەڕیت بۆ ئەوەی خراپەم لەگەڵ بکەیت. با خودای ئیبراهیم و ناحۆر و باوکیان دادوەری لەنێوانمان بکات.» ئیتر یاقوب بە ناوی ئەو خودایە سوێندی خوارد کە ئیسحاقی باوکی لێی دەترسا. ئینجا یاقوب لەو ناوچە شاخاوییەدا قوربانی سەربڕی و کەسوکاری بانگهێشتی نانخواردن کرد. ئەوانیش نانیان خوارد و لە کێوەکە شەویان بەسەربرد. لابان بەرەبەیان لە خەو هەستا و کچەزاکانی و کچەکانی ماچکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کردن. ئیتر لابان بەرەو شوێنی خۆی گەڕایەوە. خۆئامادەکردنی یاقوب بۆ دیداری عیسۆ یاقوبیش بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت و فریشتەکانی خودا بەرەوپیری هاتن. کاتێک یاقوب ئەوانی بینی، گوتی: «ئەمە لەشکری خودایە.» ئیتر ئەو شوێنەی ناو نا مەحەنەیم32‏:2 مەحەنەیم: واتا (دوو ئۆردوگا).‏. یاقوب لەپێش خۆیەوە نێردراوی ناردە لای عیسۆی برای بۆ خاکی سێعیر لە وڵاتی ئەدۆم. فەرمانی پێدان و گوتی: «ئاوا بە عیسۆی گەورەم ڕادەگەیەنن: ”یاقوبی خزمەتکارت دەڵێت ئاوارەی لای لابان بووم و هەتا ئێستاش لەلای ئەو نیشتەجێ بووم. بووشم بە خاوەنی گا و گوێدرێژ، مەڕ و بزن، خزمەتکار و کەنیزە. ئەوا ناردیشمە لای گەورەی خۆم هەتا پێی ڕابگەیەنم، بۆ ئەوەی لەبەرچاوی تۆ پەسەند بم.“» نێردراوەکان گەڕانەوە لای یاقوب و گوتیان: «چووینە لای عیسۆی برات. وا بە چوار سەد پیاوەوە دێت بۆ لات.» بەمە یاقوب ترسێکی گەورەی لێ نیشت و پەرێشان بوو. ئەو کەسانەی لەگەڵی بوون لەگەڵ مەڕ و مانگا و وشترەکان دابەشی کردن بۆ دوو لەشکر. گوتی: «ئەگەر عیسۆ هاتە سەر لەشکرێکیان و لێیدا، ئەوا لەشکرەکەی دیکە دەمێنێتەوە بۆ دەربازبوون.» ئینجا یاقوب لە خودا پاڕایەوە و گوتی: «ئەی خودای ئیبراهیم و ئیسحاقی باوکم، ئەو یەزدانەی کە پێی فەرمووم: ”بگەڕێوە خاکی خۆت و بۆ لای کەسوکارەکەت، باش دەبم لەگەڵت.“ من شایستەی ئەو هەمووە خۆشەویستییە نەگۆڕ و دڵسۆزییە نیم کە لەگەڵ خزمەتکارەکەی خۆتدا کردووتە. بە خۆم و گۆچانەکەمەوە لەم ڕووباری ئوردونە پەڕیمەوە، بەڵام ئێستا بوومەتە دوو لەشکر. لە چنگی عیسۆی برام فریام بکەوە، چونکە دەترسم بێت و هێرش بکاتە سەر من و دایک و منداڵەکان. بەڵام تۆ خۆت فەرمووت: ”باش دەبم لەگەڵت و نەوەکەت وەک لمی دەریا لێ دەکەم، کە لەبەر زۆری لە ژماردن نەیێت.“» ئیتر ئەو شەوەی لەوێ بەسەربرد، لەوەشی لەگەڵ دەستی خۆیدا هێنابووی، ئەم دیارییانەی بۆ عیسۆی برای هەڵبژارد: دوو سەد بزن و بیست تەگە، دوو سەد مەڕ و بیست بەران، سی وشتری مێی شیردەر بە بەچکەکانیانەوە، چل مانگا و دە گا لەگەڵ بیست ماکەر و دە نێرەکەر. هەموو ئەمانەی مێگەل مێگەل بە جیا دایە دەست خزمەتکارەکانی و پێی گوتن: «پێشم بکەون و بواریش بخەنە نێوان مێگەلەکانەوە.» فەرمانیشی بەوەی یەکەمیان دا و گوتی: «ئەگەر عیسۆی برام پێت گەیشت و لێی پرسیت: ”سەر بە کێیت و بۆ کوێ دەچیت، ئەوەی لەپێشتەوەیە هی کێیە؟“ دەڵێیت: ”هی یاقوبی خزمەتکارتن. دیارییە و نێردراوە بۆ عیسۆی گەورەم، خۆی لەدوای ئێمەوە دێت.“» هەروەها فەرمانی دا بە دووەمیان و سێیەمیان و هەموو ئەوانەی بەدوای مێگەل و گاگەلەکاندا دەڕۆیشتن، پێی گوتن: «ئێوەش کاتێک عیسۆتان بینی، هەمان شتی پێ بڵێن. هەروەها بیرتان نەچێت بڵێن: ”یاقوبی خزمەتکارت لەدوای ئێمە دێت.“» یاقوب بیری کردەوە و گوتی: «بەم دیارییەی کە لەپێش خۆمەوە دەینێرم ئاشتی دەکەمەوە، دوای ئەمە ڕووبەڕووی دەبمەوە، بەڵکو قبوڵم بکات.» ئیتر دیارییەکان پێش خۆی کەوتن، بەڵام خۆی ئەو شەوەی لە ئۆردوگاکە بەسەربرد. زۆرانبازی یاقوب لەگەڵ خودا یاقوب ئەو شەوە هەستا و هەردوو ژنەکەی و هەردوو کەنیزەکەی و هەر یازدە کوڕەکەی هەڵگرت و لە تەنکاییەکەی ڕووباری یەبۆق پەڕییەوە. دوای ئەوەی کە ئەوانی لە جۆگەکە پەڕاندەوە، هەموو ئەوەشی کە هەیبوو ناردە ئەوبەرەوە. ئیتر یاقوب هەر خۆی مایەوە، پیاوێکیش هەتا بەرەبەیان زۆرانبازی لەگەڵ کرد. کە بینی دەرەقەتی نایەت، لەلای سەرەوەی ئێسکی ڕانی دا و ڕانی یاقوب لە زۆرانبازیەکەدا لەجێ چوو. ئینجا فەرمووی: «بەرمدە، وا بەرەبەیان دەرکەوت.» بەڵام یاقوب گوتی: «ئەگەر بەرەکەتدارم نەکەیت بەرت نادەم.» پیاوەکە لێی پرسی: «ناوت چییە؟» یاقوب وەڵامی دایەوە: «یاقوب.» ئینجا پیاوەکە پێی فەرموو: «لەمەودوا ئیتر ناوت بە یاقوب ناهێنرێت، بەڵکو بە ئیسرائیل32‏:28 ئیسرائیل ناوێکی عیبرییە بە واتای تێکۆشان لەگەڵ خودا دێت.‏، چونکە لەگەڵ خودا و مرۆڤدا تێکۆشایت و سەرکەوتیت.» یاقوبیش پێی گوت: «تکایە، ناوی خۆتم پێ بڵێ.» بەڵام ئەو فەرمووی: «بۆچی پرسیار لە ناوم دەکەیت؟» ئیتر لەوێ بەرەکەتداری کرد. ئیتر یاقوب ناوی لەو شوێنە نا پەنیێل32‏:30 واتا ڕووی خودا.‏، چونکە گوتی: «ڕوو بە ڕوو خودام بینی و گیانیشم دەرباز بوو.» کاتێک لە پەنیێل دەپەڕییەوە خۆری لێ هەڵهات، لەبەر ڕانی دەشەلی. هەر لەبەر ئەوەشە کە نەوەی ئیسرائیل هەتا ئەمڕۆش ئەو ماسوولکە ژێیە ناخۆن کە لەلای سەرەوەی ئێسکی ڕانە و گرژ دەبێتەوە، چونکە سەرەوەی ئێسکی ڕانی یاقوب، نزیک لەو ماسوولکە ژێیەی گرژ دەبێتەوە ئازاری پێ گەیشت. دیداری یاقوب و عیسۆ یاقوب چاوی هەڵبڕی و بینی وا عیسۆ و چوار سەد پیاو دێن، ئیتر منداڵەکانی بەسەر لێئە و ڕاحێل و هەردوو کەنیزەکەیدا دابەش کرد. هەردوو کەنیزەکەی و منداڵەکانیانی خستە پێشەوە، ئینجا لێئە و منداڵەکانی لە پشتیانەوە، ڕاحێل و یوسفیشی خستە دواوە. خۆیشی پێشیان کەوت و هەتا لە براکەی نزیک بووەوە حەوت جار کڕنۆشی برد. بەڵام عیسۆ بە ڕاکردن بەرەو ڕووی یاقوب هات و باوەشی پێداکرد، ماچی کرد و پێکەوە گریان. ئینجا عیسۆ سەری هەڵبڕی و چاوی بە ژن و منداڵەکان کەوت، پرسی: «ئەمانە چی تۆن؟» یاقوبیش گوتی: «ئەو منداڵانەن کە نیعمەتی خودان بۆ خزمەتکارەکەت.» ئیتر هەردوو کەنیزەکە و منداڵەکانیان هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد، دوای ئەوان لێئە و منداڵەکانی هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد، پاشان یوسف و ڕاحێلیش هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد. عیسۆ لە یاقوبی پرسی: «ئەو هەموو مەڕوماڵاتەی پێم گەیشتن بۆ چیت بوو؟» ئەویش گوتی: «بۆ ئەوەی لەبەرچاوت پەسەند بم، گەورەم.» بەڵام عیسۆ گوتی: «برام من زۆرم هەیە، ئەوەی هەتە بۆ خۆتی هەڵبگرە.» یاقوب گوتی: «نەخێر، ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، ئەوا دیارییەکەم لێ وەربگرە. ئێستا کە لێم ڕازیت، بینینی ڕووی تۆ وەک بینینی ڕووی خودا وایە. دیارییەکەشم وەربگرە کە بۆت هێنراوە، خودا لەگەڵم میهرەبان بووە و هەموو شتێکم هەیە.» لەبەر ئەوەی یاقوب پێداگریی کرد، عیسۆ دیارییەکانی قبوڵ کرد. ئینجا عیسۆ گوتی: «با بکەوینە ڕێ و بڕۆین، خۆشم پێشت دەکەوم.» بەڵام یاقوب پێی گوت: «گەورەی خۆم دەزانێت کە منداڵەکان ناسکن، ئەو مەڕ و مانگایانەشم کە پێیە شیر دەدەنە بەچکەکانیان. ئەگەر بۆ یەک ڕۆژیش ئاژەڵەکان ماندوو بکەم، ئەوا هەموویان دەمرن. بۆیە با گەورەم پێش خزمەتکارەکەی بپەڕێتەوە، منیش بەپێی مەڕوماڵاتەکە و منداڵەکان لەسەرخۆ دەکەومە ڕێ، هەتا دەگەمە لای گەورەم لە سێعیر.» عیسۆش گوتی: «کەوابێت هەندێک لەو خەڵکەی لەگەڵمن لەلات بەجێدەهێڵم.» یاقوبیش گوتی: «ئاخر چ پێویست دەکات؟ هەر ئەوەندەم بەسە جێی ڕەزامەندی گەورەم بم.» ئیتر هەر ئەو ڕۆژە عیسۆ بە ڕێی خۆیدا گەڕایەوە بۆ سێعیر. یاقوبیش کەوتە ڕێ بۆ سوکۆت. لەوێ خانووێکی بۆ خۆی بنیاد نا و سایەبانیشی بۆ مەڕوماڵات دروستکرد. هەر لەبەر ئەوەش ئەو شوێنە ناونرا سوکۆت33‏:17 سوکۆت واتا پەناگاکان.‏. دوای هاتنی لە پەدان ئارامەوە، یاقوب بە سەلامەتی گەیشتە شاری شەخەم کە لە خاکی کەنعانە. ئیتر لەبەردەم شارەکە چادری هەڵدا. ئەو پارچە زەوییەشی کە چادرەکەی تێدا هەڵدا، بە سەد پارچە زیو لە کوڕانی حەمۆری باوکی شەخەمی کڕی. هەر لەوێش قوربانگایەکی بنیاد نا و ناوی لێنا «ئێل ئێلۆهی ئیسرائیل33‏:20 بە واتای خودای ئیسرائیل خودایە.‏». دینە و شەخەمییەکان دینەی کچی یاقوب کە لە لێئە بوو، چووە دەرەوە بۆ ئەوەی چاوی بە کچانی ئەو ناوچەیە بکەوێت. کاتێک شەخەمی کوڕی حەمۆری حیڤی، کە میری ئەو ناوچەیە بوو، چاوی پێی کەوت، گرتی و لاقەی کرد. دڵیشی چووە سەر دینەی کچی یاقوب، ئەو کچەی خۆشویست و بە نەرمی قسەی لەگەڵ کرد. شەخەم لەگەڵ حەمۆری باوکی قسەی کرد و پێی گوت: «ئەم کچەم بۆ بخوازە تاکو ببێتە ژنم.» یاقوب بیستی کە داوێنی دینەی کچی پیسکراوە، لەو کاتەدا کوڕەکانی لەگەڵ مەڕوماڵاتەکەی لە دەشتودەر بوون. ئیتر یاقوبیش هەتا هاتنەوە دەنگی نەکرد. حەمۆری باوکی شەخەم چووە دەرەوە بۆ لای یاقوب بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ بکات. کاتێک کوڕەکانی یاقوب بیستیانەوە چی ڕوویداوە، یەکسەر لە دەشتودەر هاتنەوە. زۆر ناڕەحەت و تووڕە بوون، چونکە شەخەم بە لاقەکردنی کچی یاقوب، کارێکی ئابڕووبەرانەی لەگەڵ ئیسرائیل34‏:7 ئیسرائیل: بۆ یەکەم جار ئەم ناوە نوێیە لە یاقوب نرا (بڕوانە32‏:28) دواجار گوێزرایەوە بۆ نەوەکانی یاقوب.‏ کردبوو؛ کارێکی نەشیاو بوو. بەڵام حەمۆر قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «شەخەمی کوڕم دڵی بە کچەکەتانەوەیە. تکایە بیدەنێ ببێتە ژنی. ژن و ژنخوازیمان لەگەڵ بکەن، کچەکانی خۆتانمان بدەنێ و کچەکانی ئێمە بۆ خۆتان ببەن. دەتوانن لەناومان نیشتەجێ بن؛ خاکەکەمان لەبەردەمتانە. تێیدا نیشتەجێ بن و کڕین و فرۆشتنی تێدا بکەن و موڵکتان تێیدا هەبێت.» ئینجا شەخەم بە باوک و براکانی دینەی گوت: «لێم ڕازی بن، ئەوەی پێم دەڵێن دەیدەم. مارەیی و دیارییەکان هەرچەند بێت، ئەوەی داوای بکەن دەیدەم. تەنها کچەکەم بدەنێ با ببێتە ژنم.» کوڕانی یاقوب بە فێڵبازی وەڵامی شەخەم و حەمۆری باوکیان دایەوە و قسەیان کرد، چونکە داوێنی دینەی خوشکیان پیسکرابوو. پێیان گوتن: «ئێمە ناتوانین کاری وا بکەین، خوشکەکەی خۆمان بدەینە پیاوێکی خەتەنەنەکراو، چونکە بۆ ئێمە ڕیسواییە. تەنها بەم مەرجە لەگەڵتان ڕێک دەکەوین: دەبێت وەک ئێمەتان لێبێت، ئەوەش بە خەتەنەکردنی هەموو نێرینەکانتان. ئیتر کچی خۆمان دەدەینە ئێوە و کچی ئێوەش دەبەین. لەنێویشتان نیشتەجێ دەبین و پێکەوە دەبینە یەک گەل. بەڵام ئەگەر ئێوە بە قسەتان نەکردین و خۆتان خەتەنە نەکرد، ئەوا کچەکەی خۆمان دەبەین و دەڕۆین.» قسەکانیان جێگەی پەسەندی حەمۆر و شەخەمی کوڕی بوو. کوڕە لاوەکە کە لە ماڵی باوکی لە هەمووان ڕێزدارتر بوو، لە ئەنجامدانی کارەکە دوا نەکەوت، چونکە کچەکەی یاقوبی خۆشدەویست. ئیتر حەمۆر و شەخەمی کوڕی هاتنە بەر دەروازەی شارەکەیان و قسەیان بۆ خەڵکی شارەکەی خۆیان کرد و گوتیان: «ئەم پیاوانە ئاشتیخوازن لەگەڵمان، با لە خاکەکەمان نیشتەجێ بن و کڕین و فرۆشتنی تێدا بکەن، زەوییەکی پانوبەرین لەبەردەمیانە. کچیان ببنە ژنمان و کچی خۆمانیان دەدەینێ. بەڵام ئەم پیاوانە تەنها بەو مەرجە لەگەڵمان ڕێک دەکەون کە لەناومان نیشتەجێ بن و وەکو یەک گەل پێکەوە بژین، ئەگەر بێتو هەموو نێرینەکانمان خەتەنە بکرێن، هەروەک چۆن خۆیان خەتەنە کراون. ئایا ئەگەر لەگەڵیان ڕێک بکەوین و لەنێومان نیشتەجێ بن، ماڵ و سامان و هەموو ئاژەڵ و ماڵاتەکانیان نابن بە هی ئێمە؟» هەموو ئەوانەی لە دەروازەی شارەکەی هاتنە دەرەوە بە گوێی حەمۆر و شەخەمی کوڕیان کرد. ئیتر هەموو نێرینەیەک لە شارەکە خەتەنە کرا. لە ڕۆژی سێیەمدا، لە کاتێکدا ئەوان هێشتا ئازاریان مابوو، هەردوو کوڕەکەی یاقوب، شیمۆن و لێڤی، دوو براکەی دینە، دەستیان دایە شمشێرەکانیان و بە نهێنی هێرشیان کردە سەر شارەکە و هەرچی نێرینە هەبوو، کوشتیان. بە شمشێرەکەیان حەمۆر و شەخەمی کوڕیان کوشت. دینەی خوشکیشیان لە ماڵی شەخەم هەڵگرت و ڕۆیشتن. ئیتر کوڕانی یاقوب هاتنە سەر کوژراوەکان و شارەکەیان تاڵان کرد، چونکە داوێنی خوشکەکەیانیان پیس کردبوو. هەرچی مەڕ و مانگا و گوێدرێژیان هەبوو لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی لە شار و دەشتودەر هەیانبوو، هەموویان برد. هەرچی سامانیان هەبوو بە تاڵان بردیان، تێکڕای ژن و منداڵیان ڕاپێچ کرد، هەرچیش لە ماڵەکان بوو بردیان. ئینجا یاقوب بە شیمۆن و لێڤی گوت: «ئێوە تووشی گۆبەندتان کردم بەوەی کە منتان لەلای کەنعانییەکان و پریزییەکان ناحەز کرد کە خەڵکی ئەم خاکەن. ئێمە ژمارەیەکی کەمین، ئەگەر گەلەکۆمەم لێ بکەن و لێم بدەن، خۆم و ماڵەکەم لەناودەچین.» بەڵام ئەوان گوتیان: «ئەی دەبێت خوشکەکەمان وەک لەشفرۆشێک هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ؟» گەڕانەوەی یاقوب بۆ بێت‌ئێل ئینجا خودا بە یاقوبی فەرموو: «هەستە و بڕۆ بۆ بێت‌ئێل و لەوێ نیشتەجێ بە. هەر لەوێش قوربانگایەک بۆ خودا دروستبکە، کە بۆت دەرکەوت کاتێک کە لە دەست عیسۆی برات هەڵدەهاتی.» ئیتر یاقوب بە خاووخێزانەکەی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون گوت: «هەموو ئەو خوداوەندە بێگانانە لە خۆتان دابماڵن کە پێتانە، ئینجا خۆتان پاک بکەنەوە و جلەکانیشتان بگۆڕن. با هەستین و بەرەو بێت‌ئێل سەربکەوین، لەوێ قوربانگایەک بۆ خودا دروستدەکەم کە لە ڕۆژی تەنگانەمدا بە دەنگمەوە هات و لەو ڕێگایەی گرتبوومە بەر لەگەڵم بوو.» ئەوانیش هەموو ئەو خوداوەندە بێگانانەی کە پێیان بوو لەگەڵ گوارەکانی گوێچکەیان دایانە یاقوب، یاقوبیش لەژێر دار بەڕووەکە کە لەلای شەخەمە لەژێر گڵ شاردییەوە. ئینجا بەڕێکەوتن و ترسی خوداش باڵی کێشا بەسەر شارۆچکەکانی دەوروبەریان، ئیتر کەس دوای کوڕانی یاقوب نەکەوت. یاقوب خۆی و هەموو ئەو خەڵکەی لەگەڵی بوو هاتنە لوز کە بێت‌ئێلە لە خاکی کەنعان. لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا، شوێنەکەشی ناو نا ئێل بێت‌ئێل35‏:7 ئێل بێت‌ئێل واتا خودای بێت‌ئێل.‏، چونکە لەو شوێنەدا و لە کاتی هەڵاتنی لەدەست براکەی، خودای بۆ دەرکەوت. دەڤۆرای دایەنی ڕڤقە مرد، لەژێر دار بەڕووەکەی خوار بێت‌ئێل نێژرا. ئەو شوێنەش ناونرا ئەلۆن باکوت35‏:8 ئەلۆن باکوت بە واتای دار بەڕووی شیوەن و گریان دێت.‏. کاتێک لە پەدان ئارام گەڕایەوە، دیسان خودا بۆ یاقوب دەرکەوت و بەرەکەتداری کرد. خودا پێی فەرموو: «ناوت یاقوبە، بەڵام لە ئێستا بەدواوە بە یاقوب ناو نابرێیت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیسرائیل.» ئیتر ناوی لێنا ئیسرائیل. ئینجا خودا پێی فەرموو: «من خودای هەرە بەتوانام، بەردار بە و زۆر بە. نەتەوەیەک و کۆمەڵێک نەتەوە لە تۆوە دەبن، پاشایانیش لە پشتی تۆوە دەردەچن. ئەو خاکەش کە دام بە ئیبراهیم و ئیسحاق، هەروەها دەیدەمە تۆ و نەوەکەت لەدوای خۆت.» ئیتر خودا لەو شوێنە بەرزبووەوە کە قسەی لەگەڵ یاقوب کرد. یاقوبیش ستوونێکی بەردینی لەو شوێنە ڕاگیر کرد کە خودا قسەی لەگەڵ کردبوو، ئینجا شەرابی پێشکەشکراو و زەیتی بەسەردا کرد. یاقوب ئەو شوێنەی ناو نا بێت‌ئێل کە تێیدا خودا قسەی لەگەڵدا کرد. مردنی ڕاحێل و ئیسحاق ئینجا هەموویان لە بێت‌ئێلەوە بەڕێکەوتن. کاتێک ماوەیەکی کەمیان مابوو بگەنە ئەفرات، ڕاحێل کەوتە سەر منداڵبوون، منداڵبوونێکی دژوار. لەبەر ئەوەی منداڵبوونەکەی دژوار بوو، مامانەکە پێی گوت: «مەترسە، چونکە ئەم منداڵەشت کوڕە.» ئەوە بوو لەگەڵ دواهەناسەی، لەبەر ئەوەی دەمرد، کوڕەکەی ناو نا بەن‌ئۆنی35‏:18 بەن‌ئۆنی: واتا کوڕی ناخۆشیم.‏. بەڵام باوکی ناوی لێنا بنیامین35‏:18 بنیامین: واتا کوڕی دەستەڕاستم.‏. ئیتر ڕاحێل مرد و لە ڕێی ئەفرات نێژرا کە بێت‌لەحمە. یاقوب ستوونێکی لەسەر گۆڕەکەی ڕاگیر کرد، کە هەتا ئەمڕۆش ئەوە ستوونی گۆڕەکەی ڕاحێلە. ئیسرائیل بەڕێکەوتەوە و چادرەکەی لە پشت مگدەل عێدەرەوە هەڵدا. کاتێک ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا دەژیا، ڕەئوبێن چوو لەگەڵ بیلهەی کەنیزەی باوکی سەرجێیی کرد. ئەمەش بەرگوێی ئیسرائیل کەوتەوە. یاقوب دوازدە کوڕی هەبوو: کوڕەکانی لێئە: ڕەئوبێن، نۆبەرەکەی یاقوب. شیمۆن، لێڤی، یەهودا، یەساخار و زەبولون. کوڕەکانی ڕاحێل: یوسف و بنیامین کوڕەکانی بیلهەی کەنیزەی ڕاحێل: دان و نەفتالی. کوڕەکانی زیلپەی کەنیزەی لێئە: گاد و ئاشێر. ئەمانە کوڕەکانی یاقوبن، کە لە پەدان ئارام لەدایک بوون. یاقوب هاتە مەمرێ بۆ لای ئیسحاقی باوکی لە نزیک قیریەت ئەربەع، کە حەبرۆنە، ئەو شوێنەی کە ئیبراهیم و ئیسحاق تێیدا ئاوارە بوون. ئیسحاق سەد و هەشتا ساڵ ژیا. ئینجا دواهەناسەی دا و مرد، بە پیری و تێر لە ژیان خواردوو چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی. عیسۆ و یاقوبی کوڕی ناشتیان. نەوەکانی عیسۆ ئەمانەش نەوەکانی عیسۆن کە ئەدۆمە. ئەمانە ژنەکانی عیسۆن کە لە کەنعانییەکانی خواست: عادای کچی ئێلۆنی حیتی و ئۆهۆلیبامەی کە کچی عەنای و کچەزای چیبعۆنی حیڤی بوو، هەروەها باسمەت کە کچی ئیسماعیل و خوشکی نەبایۆت بوو. عادا ئەلیفازی بۆ عیسۆ بوو. باسمەتیش ڕەعوئێلی بوو. ئۆهۆلیبامەش یەعوش و یەعلام و قۆرەحی بوو. ئەمانەن کوڕانی عیسۆ کە لە خاکی کەنعان لەدایک بوون. ئینجا عیسۆ ژن و کوڕ و کچەکانی هەڵگرت لەگەڵ هەموو کەسانی ماڵەکەی و ئاژەڵی ماڵی و هەموو ئاژەڵەکانی دیکە و هەرچییەکی هەبوو، ئەوەی لە خاکی کەنعان دەستی کەوتبوو، چووە زەوییەکی دیکە، دوور لە یاقوبی برای. سامانەکەیان ئەوەندە زۆر بوو کە نەتوانن پێکەوە نیشتەجێ بن؛ لەبەر زۆری مەڕوماڵاتیان، ئەو خاکەی تێیدا ئاوارە بوون نەیدەتوانی بیانگرێتە خۆی. ئیتر عیسۆ کە ئەدۆمە، لە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیر نیشتەجێ بوو. ئەمانە نەوەکانی عیسۆن لە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیر کە باوکی ئەدۆمییەکانە: ئەمانەش ناوی کوڕەکانی عیسۆن: ئەلیفازی کوڕی عادای ژنی عیسۆ و ڕەعوئێلی کوڕی باسمەتی ژنی عیسۆ. کوڕەکانی ئەلیفاز: تێمان، ئۆمار، چەفۆ، گەعتام و قەنەز. تیمنەع کەنیزەی ئەلیفازی کوڕی عیسۆ بوو، لە ئەلیفازەوە عەمالێقی بوو. ئەوانە کوڕەزای عادای ژنی عیسۆ بوون. کوڕەکانی ڕەعوئێل: نەحەت، زەرەح، شەمما و میزا. ئەمانە کوڕەزای باسمەتی ژنی عیسۆ بوون. ئەمانەش کوڕەکانی ئۆهۆلیبامەی ژنی عیسۆن کە کچی عەنای کوڕی چیبعۆنە و بۆ عیسۆی ببوون: یەعوش، یەعلام و قۆرەح. ئەمانەش میرانی نەوەی عیسۆن: کوڕانی ئەلیفازی نۆبەرەی عیسۆ: میر تێمان، میر ئۆمار، میر چەفۆ، میر قەنەز، میر قۆرەح، میر گەعتام و میر عەمالێق. ئەوانە میرانی نەوەی ئەلیفاز لە خاکی ئەدۆم و کوڕەزای عادا بوون. کوڕەکانی ڕەعوئێلی کوڕی عیسۆ: میر نەحەت، میر زەرەح، میر شەمما و میر میزا. ئەوانە میرانی نەوەی ڕەعوئێل لە خاکی ئەدۆم و کوڕەزای باسمەتی ژنی عیسۆ بوون. کوڕەکانی ئۆهۆلیبامەی ژنی عیسۆ: میر یەعوش، میر یەعلام و میر قۆرەح. ئەوانە میرانی نەوەی ئۆهۆلیبامەی ژنی عیسۆی کچی عەنا بوون. ئەوانە بوون کوڕانی عیسۆ کە خۆی ئەدۆمە، ئەوانەش میرەکانیان بوون. ئەمانەش کوڕەکانی سێعیری حۆرین کە خەڵکی ناوچەکە بوون: لۆتان، شۆڤاڵ، چیبعۆن، عەنا، دیشۆن، ئێچەر و دیشان. ئەمانەش میرانی حۆرییەکانن، کوڕانی سێعیر لە خاکی ئەدۆم. کوڕەکانی لۆتان: حۆری و هۆمام. تیمنەعیش خوشکی لۆتان بوو. کوڕەکانی شۆڤاڵ: عەلڤان، مانەحەت، عێبال، شەفۆ و ئۆنام. کوڕەکانی چیبعۆن: ئەییا و عەنا. ئەمە ئەو عەنایەیە کە لە چۆڵەوانیدا کانیاوی گەرمی دۆزییەوە، کاتێک خەریکی لەوەڕاندنی گوێدرێژەکانی چیبعۆنی باوکی بوو. نەوەکانی عەنا: دیشۆن لەگەڵ ئۆهۆلیبامەی کچی عەنا. کوڕەکانی دیشۆن: حەمدان، ئەشبان، یەتران و کران. کوڕەکانی ئێچەر: بلهان، زەعەڤان و عەقان. کوڕەکانی دیشان: عوچ و ئەران. ئەمانەش میرەکانی حۆرییەکانن: میر لۆتان، میر شۆڤاڵ، میر چیبعۆن، میر عەنا، میر دیشۆن، میر ئێچەر و میر دیشان. ئەوانە بوون میرانی حۆرییەکان، بەگوێرەی خێڵەکانیان، لە خاکی سێعیر. سەرۆکەکانی ئەدۆم ئەمانەش ئەو پاشایانەن کە لە خاکی ئەدۆم پاشایەتییان دەکرد، پێش ئەوەی هیچ پاشایەکی ئیسرائیلی پاشایەتی بکات. بەلەعی کوڕی بەعۆر بوو بە پاشای ئەدۆم. ناوی شارەکەشی دینهابە بوو. کە بەلەع مرد، یۆڤاڤی کوڕی زەرەحی خەڵکی بۆزرا وەک پاشا جێگەی گرتەوە. کە یۆڤاڤ مرد، حوشامی خەڵکی خاکی تێمانییەکان وەک پاشا جێگەی گرتەوە. کە حوشام مرد، هەدەدی کوڕی بەدەد کە لە وڵاتی مۆئاب شکستی بە میدیان هێنا، وەک پاشا جێگەی گرتەوە. ناوی شارەکەشی عەڤیت بوو. کە هەدەد مرد، سەمڵەی خەڵکی مەسرێقە وەک پاشا جێگەی گرتەوە. کە سەمڵە مرد، شائوولی خەڵکی ڕەحۆبۆت، ئەو شارەی لە کەناری ڕووبار بوو، وەک پاشا جێگەی گرتەوە. کە شائوول مرد، بەعل‌حانانی کوڕی عەکبۆر وەک پاشا جێگەی گرتەوە. کە بەعل‌حانانی کوڕی عەکبۆر مرد، هەدەد وەک پاشا جێگەی گرتەوە. ناوی شارەکەشی پاعوو بوو، ژنەکەشی ناوی میهێتەبێل بوو، کچی مەترێدی کچی مێزاهاب بوو. ئەمانەش ناوی میرەکانی نەوەی عیسۆن، بەپێی خێڵ و ناوچە و ناوەکانیان: تیمنەع، عەلڤا، یەتێت، ئۆهۆلیبامە، ئێلە، پینۆن، قەنەز، تێمان، میبسار، مەگدئێل و عیرام. ئەمانە میرەکانی ئەدۆم بوون، بەپێی نشینگەکانیان لە خاکی موڵکی خۆیان. ئەوە عیسۆی باوکی ئەدۆمییەکان بوو. خەونەکانی یوسف یاقوب لە خاکی ئاوارەیی باوکی، لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو. ئەمە چیرۆکی نەوەکانی یاقوبە. یوسف کە هەرزەکارێکی تەمەن حەڤدە ساڵان بوو، لەگەڵ براکانی کە دەکاتە کوڕەکانی بیلهە و زیلپەی دوو ژنەکەی باوکی، شوانایەتی مەڕەکانی دەکرد. یوسف هەڵسوکەوتە خراپەکانی ئەمانی بە باوکی ڕاگەیاند. ئیسرائیلیش یوسفی لە هەموو کوڕەکانی دیکەی خۆشتر دەویست، چونکە ئەو منداڵەی لە پیریدا ببوو، کەوایەکی درێژی ڕەنگاوڕەنگیشی بۆ دروستکرد. کە براکانی بینییان باوکیان ئەوی لە هەموویان خۆشتر دەوێت، ڕقیان لێی دەبووەوە و سڵاویان لێی نەدەکرد. یوسف خەونێکی بینی و بۆ براکانی گێڕایەوە، ئیتر زیاتر ڕقیان لێی بووەوە. پێی گوتن: «گوێ لەم خەونە بگرن کە بینیومە: لە خەونەکەم لەناو کێڵگە خەریکی مەڵۆ37‏:7 پڕی باوەشێک لە دەغڵی دووراو.‏ کۆکردنەوە بووین، لەناکاو مەڵۆیەکەی من ڕاست بووەوە و وەستا، مەڵۆیەکانی ئێوەش دەوریان دا و کڕنۆشیان بۆ برد.» براکانی پێیان گوت: «ئایا حەز دەکەیت ببیتە پاشامان؟ ئایا فەرمانڕەوایەتیمان دەکەیت؟» ئیتر لەبەر قسە و خەونەکانی، زیاتر ڕقیان لێ بووەوە. ئینجا خەونێکی دیکەی بینی و بۆ براکانی گێڕایەوە و گوتی: «گوێ بگرن، خەونێکی دیکەم بینیوە، بینیم خۆر و مانگ و یازدە ئەستێرە کڕنۆشیان بۆم بردووە.» کە ئەمەی بۆ باوکی و براکانی گێڕایەوە، باوکی سەرزەنشتی کرد و پێی گوت: «ئەمە چ خەونێکە کە تۆ بینیوتە؟ ئایا من و دایکت و براکانت بێین و کڕنۆشت بۆ ببەین؟» براکانیشی بەغیلییان پێ برد، بەڵام باوکی ئەم شتەی لە دڵی خۆیدا هێشتەوە. فرۆشتنی یوسف لەلایەن براکانییەوە براکانی یوسف بۆ لەوەڕاندنی مەڕەکانی باوکیان، چوون بۆ دەوروبەری شەخەم. ئیسرائیلیش بە یوسفی گوت: «تۆ دەزانیت کە براکانت لە دەوروبەری شەخەم خەریکی لەوەڕاندنن. وەرە با بتنێرمە لایان.» ئەویش گوتی: «باشە.» ئینجا پێی گوت: «بڕۆ و بزانە براکانت سەلامەتن و مەڕەکانیش سەلامەتن، ئینجا وەرەوە و هەواڵم بدەرێ.» ئیتر یوسفی لە دۆڵی حەبرۆنەوە نارد. کە یوسف چوو بۆ شەخەم، پیاوێک بینییەوە و بینی وا لە چۆڵەوانی ون بووە، پرسیاری لێکرد: «ئەوە بەدوای چیدا دەگەڕێیت؟» ئەویش گوتی: «بەدوای براکانمدا دەگەڕێم. پێم بڵێ لەکوێ خەریکی لەوەڕاندنی مەڕەکانن؟» پیاوەکەش گوتی: «لێرە ڕۆیشتن، چونکە گوێم لێیان بوو گوتیان: ”با بچینە دوسان37‏:17 دوسان: شارۆچکەیەک بووە لە باکووری شەخەم.‏.“» یوسفیش بەدوای براکانیدا چوو، ئەوانی لە دوسان بینییەوە. بەڵام لە دوورەوە بینییان و پێش ئەوەی لێیان نزیک بێتەوە، پیلانیان بۆی دانا بۆ ئەوەی بیکوژن. ئیتر بە یەکتریان گوت: «وا خاوەنی خەونەکان دێت! دەی با ئێستا بیکوژین و فڕێیبدەینە یەکێک لەم ئەمباراوانە و دەڵێین گیاندارێکی دڕندە خواردی. ئینجا با ببینین خەونەکانی چییان لێدێت.» کە ڕەئوبێن گوێی لەمە بوو، هەوڵی دا لە دەستیان ڕزگاری بکات. بۆیە گوتی: «با نەیکوژین!» ئینجا ڕەئوبێن پێی گوتن: «خوێن مەڕێژن. فڕێیبدەنە ناو ئەم ئەمباراوە کە لە چۆڵەوانییە بەڵام دەستی لێ مەدەن.» ڕەئوبێن ئەمەی گوت بۆ ئەوەی لە دەستیان فریای بکەوێت و بیگەڕێنێتەوە لای باوکی. ئیتر کە یوسف هاتە لای براکانی، کەوا درێژە ڕەنگینەکەیان لەبەری دادڕاند، ئینجا بردیان و فڕێیاندایە ناو ئەمباراوەکە، کە بەتاڵ بوو و ئاوی تێدا نەبوو. دوای ئەوەی کە دانیشتن بۆ نانخواردن، چاویان هەڵبڕی و بینییان وا کاروانی ئیسماعیلییەکان لە گلعادەوە دێت، کە وشترەکانیان باری بەهارات و هەتووان37‏:25 هەتووان: مەرهەم و ئازارشکێن.‏ و موڕیان37‏:25 موڕ: ئاوێکی بۆن خۆشە لە گەڵای جۆرە گوڵێک دەردەچێت.‏ پێیە و بەرەو میسر دەڕۆن. ئینجا یەهودا بە براکانی گوت: «چ سوودێکی هەیە براکەی خۆمان بکوژین و خوێنەکەی بشارینەوە؟ وەرن با بە ئیسماعیلییەکانی بفرۆشین و دەستی لێ نەدەین، چونکە برامانە و لە گۆشت و خوێنمانە.» براکانیشی بە قسەیان کرد. کاتێک بازرگانە میدیانییەکان گەیشتن، براکانی یوسفیان لە ئەمباراوەکە هێنایە دەرەوە و بە بیست شاقل زیو37‏:28 نزیکەی 230 گرام.‏ بە ئیسماعیلییەکانیان فرۆشت. ئەوانیش یوسفیان بۆ میسر برد. ئینجا ڕەئوبێن گەڕایەوە لای ئەمباراوەکە و سەیری کرد یوسف لە ئەمباراوەکە نەبوو، ئیتر جلەکانی بەری خۆی دادڕی. گەڕایەوە لای براکانی و گوتی: «کوڕەکە لەوێ نەماوە! من بۆ کوێ بچم؟» ئەوانیش گیسکێکیان سەربڕی و کەواکەی یوسفیان هێنا و لە خوێنیان هەڵکێشا. ئینجا کەوا ڕەنگینەکەیان بۆ باوکیان هێنایەوە و گوتیان: «ئەمەمان دۆزیوەتەوە، لێی وردبەرەوە و بزانە کەوای کوڕەکەتە یان نا؟» ئەویش لێی ورد بووەوە و گوتی: «کەوای کوڕەکەمە! گیاندارێکی دڕندە خواردوویەتی، یوسفی پارچەپارچە کردووە.» ئیتر یاقوب جلەکانی بەری خۆی دادڕی و جلوبەرگی گوشی37‏:34 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.‏ پۆشی و ماوەیەکی زۆر شیوەنی بۆ کوڕەکەی گێڕا. ئینجا هەموو کوڕ و کچەکانی هەستان چوونە لای بۆ دڵدانەوەی، بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە دڵی بدرێتەوە و گوتی: «بە لاواندنەوە دادەبەزمە لای کوڕەکەم بۆ ناو جیهانی مردووان37‏:35 عیبری: شیۆل‏، ئەو شوێنەیە کە لەدوای مردن ڕۆحی مرۆڤ دەچێتە ئەوێ هەتا ڕۆژی لێپرسینەوە.‏.» ئیتر باوکی دایە پڕمەی گریان بۆی. هەر لەو ماوەیەدا میدیانییەکان لە میسر یوسفیان فرۆشت بە پۆتی‌فەر، کە کاربەدەستی فیرعەون و سەرۆکی پاسەوانەکان بوو. یەهودا و تامار یەهودا لەو سەردەمەدا براکانی بەجێهێشت و چوو بۆ لای پیاوێکی عەدولامی کە ناوی حیرە بوو. لەوێ یەهودا چاوی بە کچی پیاوێکی کەنعانی کەوت بە ناوی شوەع. ئیتر ئەو کچەی خواست و لەگەڵی نوست. ئەویش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو ناوی لێنا ئێر. جارێکی دیکە سکی پڕ بووەوە، کوڕێکی دیکەی بوو ناوی لێنا ئۆنان. دیسان سکی پڕ بووەوە، کوڕێکی دیکەی بوو ناوی لێنا شالەح. کاتێک یەهودا لە کەزیب38‏:5 کەزیب: شارۆچکەیەک بووە 5 کیلۆمەتر باشووری عەدولام.‏ بوو، ئەم کوڕەی بوو. یەهودا ژنێکی بۆ ئێری کوڕە نۆبەرەی خۆی هێنا، ناوی تامار بوو. بەڵام ئێری کوڕە نۆبەرەی یەهودا لەبەردەم یەزدان بەدکار بوو، یەزدانیش لەناوی برد. ئینجا یەهودا بە ئۆنانی گوت: «ژنی براکەت بخوازەوە و سەرجێیی لەگەڵ بکە، بە ئەرکی برایەتی هەستە و نەوە بۆ براکەت بخەرەوە.» بەڵام ئۆنان دەیزانی کە منداڵەکە نابێتە هی خۆی، بۆیە هەر کاتێک سەرجێیی لەگەڵ ژنی براکەی دەکرد، تۆوەکەی خۆی دەڕژاندە سەر زەوی، بۆ ئەوەی نەوە بۆ براکەی نەخاتەوە. ئەم کردارەی ئەو بەلای یەزدانەوە کارێکی خراپ بوو، ئیتر ئەویشی مراند. یەهودا بە تاماری بووکی خۆی گوت: «لە ماڵی باوکت بە بێوەژنی دابنیشە، هەتا شالەحی کوڕم گەورە دەبێت.» لەبەر ئەوەی بیری کردەوە و گوتی: «نەوەک ئەمیشیان وەک دوو براکەی بمرێت.» تاماریش چوو لە ماڵی باوکی دانیشت. دوای ماوەیەکی زۆر کچەکەی شوەع کە ژنی یەهودا بوو مرد. پاش ئەوەی خەم و پەژارەیی لە دڵی یەهودا ڕەوییەوە، لەگەڵ حیرەی عەدولامی چوو بۆ تیمنا، بۆ لای ئەوانەی خوری مەڕەکانیان بۆ دەبڕییەوە. کاتێک بە تاماریان ڕاگەیاند: «وا خەزوورت هاتووە بۆ تیمنا، بۆ بڕینەوەی خوری مەڕەکانی،» ئەویش جلوبەرگی بێوەژنیی داکەند و ڕووی خۆی داپۆشی و خۆی پێچایەوە. پاشان لەبەر دەروازەی عێینەیم دانیشت، کە لەسەر ڕێگای تیمنایە، چونکە بینی وا شالەح گەورە بووە، کەچی ئەمیان نەدایێ ببێتە ژنی. کە یەهودا تاماری بینی، وایزانی لەشفرۆشە، چونکە ڕووی خۆی داپۆشیبوو. ئیتر لەسەر ڕێگاکە لایدا بەلای ئەودا و پێی گوت: «وەرە با سەرجێییت لەگەڵ بکەم،» چونکە نەیزانی ئەوە بووکەکەیەتی. ئەویش پێی گوت: «چیم پێدەدەیت بۆ ئەوەی سەرجێییم لەگەڵ بکەیت؟» ئەویش گوتی: «لە ماڵاتەکەم گیسکێکت بۆ دەنێرم.» ئەمیش گوتی: «ئەی شتێکم وەک بارمتە دەدەیتێ هەتا دەینێریت؟» ئەویش گوتی: «چ بارمتەیەکت بدەمێ؟» ئەمیش گوتی: «مۆر و قەیتان و گۆچانەکەی دەستت.» ئەویش ئەمانەی دایێ و سەرجێیی لەگەڵی کرد، ئیتر سکی لێی پڕبوو. ئینجا هەستا و ڕۆیشت، ڕووپۆشەکەی لە خۆی کردەوە و جلوبەرگی بێوەژنی لەبەرکردەوە. هەر لەو ماوەیەدا یەهودا گیسکەکەی بە هاوڕێ عەدولامییەکەیدا نارد بۆ ئەوەی بارمتەکە لە دەست ژنەکە وەربگرێتەوە. بەڵام ئەو نەیبینییەوە. ئیتر پرسیاری لە خەڵکی ئەو ناوە کرد و گوتی: «ئەرێ ئەو ئافرەتە لەشفرۆشەی38‏:21 بەپێی باوەڕی ئایینی کەنعانی بۆ بەردارکردنی کێڵگە لەگەڵ لەشفرۆشی نزرگە جووت دەبوون. هەندێک لە نەوەی ئیسرائیل ئەم باوەڕەی کەنعانییەکانیان پەیڕەو کردووە. بڕوانە دواوتار 23‏:17‏-18.‏ لە نزرگە لە کەناری ڕێی عێینەیم بوو لەکوێیە؟» ئەوانیش گوتیان: «ئەم ناوە هیچ ئافرەتێکی لەشفرۆشی لێ نەبووە.» ئەویش گەڕایەوە لای یەهودا و پێی گوت: «نەمبینییەوە. خەڵکەکەی ئەو ناوەش گوتیان: ”هیچ ئافرەتی لەشفرۆش لەو ناوەدا نییە.“» یەهوداش گوتی: «با بۆ خۆی هەڵیانبگرێت نەوەک ڕیسوا بین. ئەوەتا ئەم گیسکەم بۆ ناردووە، بەڵام تۆ ئەوت نەبینییەوە.» نزیکەی سێ مانگ دوای ئەوە بە یەهودا ڕاگەیەنرا و گوترا: «تاماری بووکت لەشفرۆشی کردووە، بەهۆی ئەو لەشفرۆشییەوە سکیشی پڕە.» یەهوداش گوتی: «بیهێننە دەرەوە بۆ ئەوەی بسووتێنرێت!» ئەوە بوو کە هێنرایە دەرەوە، ناردییە لای خەزووری و گوتی: «سکم لەو پیاوە پڕە کە خاوەنی ئەمانەیە.» هەروەها گوتی: «وردبەرەوە و بزانە ئەم مۆر و قەیتان و گۆچانە هی کێیە؟» یەهوداش ئەوانی ناسییەوە و گوتی: «ئەو لە من ڕاستودروستترە، لەبەر ئەوەی نەمداوە بە شالەحی کوڕم.» دوای ئەمە ئیتر سەرجێیی لەگەڵی نەکردەوە. کە هاتە سەر منداڵبوون، دووانەیەک38‏:27 جمک‏ لە سکی بوو. لە کاتی منداڵبوونی یەکێکیان دەستی هێنایە دەرەوە، مامانەکەش دەزووێکی سووری لە دەستی بەست و گوتی: «ئەمەیان یەکەم جار هاتە دەرەوە.» بەڵام کە دەستی کێشایەوە دواوە، براکەی هاتە دەرەوە، مامانەکەش گوتی: «ئەوە بۆ هەڵتکوتا، دەک هەڵبکوترێتە سەرت!» ئەمەیان ناونرا پێرێز38‏:29 پێرێز: واتا هەڵکوتان.‏. لەدوای براکەی، کە دەزووە سوورەکە بە دەستییەوە بوو، هاتە دەرەوە. ئەمەشیان ناونرا زەرەح38‏:30 زەرەح: واتا سوورە یان بریقەدار.‏. یوسف و ژنی پۆتی‌فەر یوسف بەرەو خوار بردرا بۆ میسر. لەوێ پیاوێکی میسری بە ناوی پۆتی‌فەر کە کاربەدەستی فیرعەون و سەرۆکی پاسەوانەکانی بوو، لە ئیسماعیلییەکانی کڕی کە هێنابوویان بۆ میسر. یەزدان لەگەڵ یوسف بوو، بۆیە بووە پیاوێکی سەرکەوتوو. ئەو لە ماڵی گەورە میسرییەکەیدا دەژیا. کاتێک گەورەکەی بینی کە یەزدانی لەگەڵدایە و دەست بداتە هەر کارێکیش یەزدان سەرکەوتووی دەکات، یوسف لەبەرچاوی پەسەند بوو و خزمەتی کرد. پۆتی‌فەریش کردی بە گەورە لێپرسراوی ماڵەکەی و هەرچییەکی هەبوو دایە دەست ئەم. ئیتر لەو کاتەوە کە ئەمی کرد بە گەورە لێپرسراوی ماڵەکەی و هەرچی کە هەیبوو، یەزدان لەبەر یوسف ماڵی ئەو میسرییەی بەرەکەتدار کرد. بەرەکەتەکەی یەزدانیش بۆ هەموو ئەو شتانە بوو کە هی پۆتی‌فەر بوو، چ لەناو ماڵەکەی و چ لە دەشتودەر. ئیتر هەرچییەکی هەبوو بۆ یوسفی بەجێهێشت، ئاگاداری هیچی خۆشی نەبوو، تەنها ئەو نانە نەبێت کە دەیخوارد. یوسفیش ڕوخسار جوان و بەژن ڕێک بوو. دوای ماوەیەک ژنی گەورەکەی چاوی بڕییە یوسف و پێی گوت: «وەرە سەرجێییم لەگەڵ بکە.» بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە و بە ژنی گەورەکەی گوت: «تەماشا بکە، گەورەم ئاگای لە هیچ شتێکی ماڵەکەی نییە، هەرچییەکیشی هەیە بە منی سپاردووە. کەسیش لە ماڵەکەدا لە من گەورەتر نییە. هیچیشی لێ قەدەغە نەکردووم، تەنها تۆ نەبێت، چونکە تۆ ژنی ئەویت. ئیتر چۆن دەبێت بەدکارییەکی ئاوا گەورە بکەم و گوناه بەرامبەر بە خودا بکەم؟» هەرچەندە ڕۆژانە ئەم داوایەی لە یوسف دەکرد، بەڵام ئەو ڕەتی دەکردەوە کە لەگەڵی سەرجێیی بکات یان لەگەڵی بێت. ڕۆژێکیان یوسف بۆ ئەنجامدانی کارەکانی هاتە ناو ماڵەکە، لەکاتێکدا هیچ کام لە خزمەتکاران لە ماڵ نەبوون. ژنەکە کەواکەی یوسفی گرت و گوتی: «سەرجێییم لەگەڵ بکە!» بەڵام یوسف کەواکەی لە دەستی ئەو بەجێهێشت و هەڵات و چووە دەرەوە. کە بینی وا کەواکەی لە دەستی ئەم بەجێهێشت و هەڵاتە دەرەوە، بانگی کەسانی ماڵەکەی کرد و پێی گوتن: «سەیر بکەن، پیاوێکی عیبرانی بۆ هێناوین دەستبازیمان لەگەڵ بکات. بۆم هاتووەتە ژوورەوە هەتا لاقەم بکات، بەڵام من بە دەنگی بەرز قیژاندم. ئیتر کە گوێی لێبوو دەنگم هەڵبڕی و قیژاندم، کەواکەی لەلام بەجێهێشت و هەڵات و چووە دەرەوە.» کەواکەی ئەوی لەلای خۆی دانا هەتا گەورەکەی گەڕایەوە ماڵەوە. ئیتر هەمان قسەی بۆ ئەویش گێڕایەوە و پێی گوت: «ئەو خزمەتکارە عیبرانییەی کە تۆ بۆت هێناین، بۆم هاتە ژوورەوە بۆ ئەوەی دەستبازیم لەگەڵ بکات. بەڵام کە دەنگم هەڵبڕی و قیژاندم، کەواکەی لەلام بەجێهێشت و هەڵاتە دەرەوە.» کاتێک گەورەکەی ئەو قسەیەی لە ژنەکەی خۆی بیست کە پێی گوت: «خزمەتکارەکەت ئاوای پێکردم،» تووڕەیی جۆشا. ئینجا گەورەکەی یوسفی هێنا و خستییە زیندانەوە، ئەو شوێنەی زیندانییەکانی پاشای لێ بەند کرابوون. ئیتر لەوێ لە زیندان مایەوە. بەڵام یەزدان لەگەڵ یوسف بوو و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆی بەسەردا کێشا و لەبەرچاو کارگێڕی زیندانەکە پەسەندی کرد. ئیتر کارگێڕی زیندانەکە هەموو ئەو زیندانییانەی خستە ژێر دەستی یوسف کە لە زیندانەکەدا بوون، کردیشی بە لێپرسراوی هەموو کارەکانی ئەوێ. کارگێڕی زیندانەکەش سەیری هیچ شتێکی نەدەکرد کە بە دەست یوسف بووایە، چونکە یەزدان لەگەڵ یوسف بوو و هەموو کارەکانیشی سەردەخست. ساقیی40‏:1 ساقی: شەراب تێکەر.‏ پاشای میسر و نانەواکەی دوای ماوەیەک ساقیی پاشای میسر و نانەواکەی هەڵەیان بەرامبەر بە پاشای میسری گەورەیان کرد. جا فیرعەون لە دوو کاربەدەستەکەی، واتا لە سەرۆکی ساقییەکان و سەرۆکی نانەواکان تووڕە بوو. ئیتر هەردووکیانی خستە ئەو زیندانەی کە لەناو ماڵی سەرۆکی پاسەوانەکان بوو، هەمان ئەو شوێنەی کە یوسفی تێدا زیندانی کرابوو. سەرۆکی پاسەوانەکانیش کاروباری ئەوانی بە یوسف سپارد، ئەویش خزمەتی کردن. ئیتر ماوەیەک لە زیندانەکەدا مانەوە. ئینجا ساقیی پاشای میسر و نانەواکەی کە زیندانی کرابوون، هەردووکیان لە یەک شەودا خەونیان بینی. خەوی هەریەکەیان لێکدانەوەیەکی تایبەت بە خۆی هەبوو. کاتێک بەیانی یوسف هاتە لایان، هەردووکیانی بە ماتومەلوولی بینی. ئەویش پرسیاری لە هەردوو کاربەدەستەکەی فیرعەون کرد کە لەگەڵ خۆی لە زیندانی ماڵی گەورەکەیدان، گوتی: «بۆچی ئەمڕۆ ڕووتان خەمگینە؟» وەڵامیان دایەوە: «هەردووکمان خەونمان بینیوە، بەڵام کەس نییە بۆمان لێکبداتەوە.» یوسفیش پێی گوتن: «ئایا لێکدانەوە هی خودا نییە؟ خەونەکانتانم بۆ بگێڕنەوە.» سەرۆکی ساقییەکان خەونەکەی بۆ یوسف گێڕایەوە و گوتی: «لە خەونمدا دار مێوێک لەبەردەمم بوو. سێ چڵ بە دار مێوەکەوە بوو، هەرکە چرۆیان کرد، گوڵیان گرت و هێشووەکانیان پێگەیشتن و بوونە ترێ. جامەکەی فیرعەونیشم بەدەستەوە بوو، ترێیەکەم هێنا و گوشیمە ناو جامەکەی فیرعەون و جامەکەم دایە دەستی.» یوسفیش پێی گوت: «ئەمە لێکدانەوەکەیەتی: سێ چڵەکە سێ ڕۆژن. لە ماوەی سێ ڕۆژیشدا، فیرعەون سەرت بەرز دەکات و دەتگەڕێنێتەوە شوێنەکەی خۆت. جامەکەی فیرعەونیش دەدەیتەوە دەست خۆی، هەروەک جاری جاران کە ساقی بوویت. بەڵام کاتێک هەموو شتێکت بە باشی بەرەو پێش چوو، منت بێتەوە یاد، چاکەیەکم لەگەڵ بکە و لەلای فیرعەون ناوم بهێنە و لەم زیندانە دەرمبهێنە. من لە خاکی عیبرانییەکانەوە دزراوم و لێرەش بێ ئەوەی هیچم کردبێت خراومەتە زیندانەوە.» کە سەرۆکی نانەواکان بینی باشی لێکدایەوە، بە یوسفی گوت: «منیش لە خەونمدا سێ سەبەتە نانی سپی لەسەر سەرم بوو. سەبەتەکەی سەرەوەیان هەموو جۆرە خواردنێکی فیرعەونی تێدابوو لەوانەی نانەوا دروستیان دەکات، بەڵام باڵندەکان لەسەر سەبەتەکەی سەر سەرمەوە دەیانخوارد.» یوسفیش وەڵامی دایەوە: «ئەمە لێکدانەوەکەیەتی: سێ سەبەتەکە سێ ڕۆژن. لە ماوەی سێ ڕۆژیشدا، فیرعەون سەرت لێدەکاتەوە و تەرمەکەت لە داردا دەدات و باڵندەش گۆشتەکەت دەخۆن.» ئەوە بوو لە ڕۆژی سێیەم کە ڕۆژی لەدایکبوونی فیرعەون بوو، فیرعەون خوانێکی بۆ هەموو دەستوپێوەندەکانی سازکرد. سەری سەرۆکی ساقییەکان و سەری سەرۆکی نانەواکانی لەنێو دەستوپێوەندەکانی بڵند کرد. سەرۆکی ساقییەکانی گەڕاندەوە بۆ مەیگێڕییەکەی خۆی، ئەویش جامی دایەوە دەستی فیرعەون. بەڵام سەرۆکی نانەواکانی لە دار دا، وەک چۆن یوسف بۆی لێکدابوونەوە. سەرۆکی ساقییەکانیش یوسفی بیر نەکەوتەوە، بەڵکو لە یادی کرد. خەونەکانی فیرعەون ئەوە بوو لەدوای دوو ساڵ، فیرعەون خەونی بینی، کە لەلای ڕووباری نیل ڕاوەستاوە، لە ڕووبارەکەوە حەوت مانگای جوان و گۆشتن هاتنە دەرەوە و لە مێرگەکەدا کەوتنە لەوەڕان. لەدوای ئەوان حەوت مانگای دیکەی لەڕولاواز و ناشیرین لە ڕووبارەکە هاتنە دەرەوە و لەلای ئەو مانگایانە لە کەناری ڕووبارەکە ڕاوەستان. ئینجا مانگا لەڕولاواز و ناشیرینەکان حەوت مانگا جوان و گۆشتنەکانیان خوارد. فیرعەون بە ئاگا هاتەوە. لەدوای ئەوە نوستەوە و دیسان خەونی بینییەوە. لە خەونیدا حەوت گوڵەگەنمی قەڵەو و جوانی بینی کە لە لاسکێکەوە دەرهاتوون. لەدوای ئەمانەوە حەوت گوڵەگەنمی باریک و سووتاو بە بای ڕۆژهەڵات ڕواون. ئینجا گوڵەگەنمە باریکەکان حەوت گوڵەگەنمە قەڵەو و پڕەکانیان قووت دا. ئیتر فیرعەون بەئاگا هاتەوە و زانی کە خەونە. بۆ بەیانییەکەی فیرعەون دڵگران بوو، ئیتر ناردی بەدوای هەموو جادووگەران و دانایانی میسردا و خەونەکەی خۆی بۆ گێڕانەوە، بەڵام هیچیان نەیانتوانی بۆی لێکبدەنەوە. ئینجا سەرۆکی ساقییەکان قسەی لەگەڵ فیرعەون کرد و گوتی: «من ئەمڕۆ هەڵەکانی خۆم دێتەوە یاد. جارێک فیرعەون لە دوو خزمەتکارەکەی خۆی تووڕە بوو، من و سەرۆکی نانەواکانی خستە زیندانی ماڵی سەرۆکی پاسەوانەکان. من و ئەو لە یەک شەودا خەونمان بینی، خەونی هەریەکەمان لێکدانەوەیەکی جیاوازی هەبوو لەگەڵ ئەوی دیکەمان. لەوێش کوڕێکی عیبرانیمان لەگەڵ بوو کە خزمەتکاری سەرۆکی پاسەوانەکان بوو. خەونەکانمان بۆ ئەو گێڕایەوە، ئەویش هەردوو خەونەکەی بۆ لێکداینەوە. ئیتر ئەو چۆنی بۆ لێکداینەوە ئاوا ڕوویدا. ئەوە بوو من گەڕامەوە شوێنەکەی خۆم و ئەویش کوژرا.» بۆیە فیرعەون ناردی بەدوای یوسفدا و خێرا لە زیندانەوە هێنایان. لەدوای ئەوەی تراشی کرد و جلەکانی گۆڕی، هاتە بەردەم فیرعەون. فیرعەون بە یوسفی گوت: «خەونێکم بینیوە و کەس نییە لێکی بداتەوە. هەروەها دەربارەی تۆ بیستوومە کە کاتێک خەونێکت بۆ دەگێڕنەوە، دەتوانیت لێکی بدەیتەوە.» یوسف لە وەڵامی فیرعەوندا گوتی: «ئەوە من نیم، بەڵکو خودایە کە وەڵامی دڵنیاکەرەوە دەداتە فیرعەون.» ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «لە خەونمدا لەسەر کەناری ڕووباری نیل ڕاوەستابووم، بینیم لە ڕووبارەکەوە حەوت مانگای گۆشتن و جوان هاتنە دەرەوە و لە مێرگەکەدا کەوتنە لەوەڕان. لەدوای ئەوان حەوت مانگای دیکە هاتنە دەرەوە کە زۆر لەڕولاواز و ناشیرین بوون. لە هەموو خاکی میسر مانگای ناشیرینی وەک ئەوانم نەبینیبوو. ئینجا مانگا لەڕولاواز و ناشیرینەکان، حەوت مانگا قەڵەوەکەی یەکەم جاریان خوارد. بەڵام تەنانەت دوای ئەوەی ئەوانیان خوارد، پێیانەوە دیار نەبوو کە شتی وایان خواردووە، بەڵکو هەروەک یەکەم جار ڕوخساریان ناشیرین بوو. ئیتر بە ئاگا هاتم. «دیسان لە خەونمدا بینیم حەوت گوڵەگەنمی پڕ و جوان لە لاسکێکەوە دەرهاتوون. لەدوای ئەوان حەوت گوڵەگەنمی وشک و باریک و سووتاو بە بای ڕۆژهەڵات ڕواون. گوڵەگەنمە باریکەکان حەوت گوڵەگەنمە جوانەکەیان قووت دا. ئەمەم بە جادووگەرەکان گوت، بەڵام کەسیان نەیانتوانی بۆم لێکبدەنەوە.» یوسفیش بە فیرعەونی گوت: «خەونەکانی فیرعەون یەکە و لە یەک دەچن. ئەوەی خودا بە تەمایە بیکات بە فیرعەونی ڕاگەیاند. حەوت مانگا جوانەکە حەوت ساڵن. حەوت گوڵەگەنمە جوانەکەش هەر حەوت ساڵن. یەک خەونە. حەوت مانگا لەڕولاواز و ناشیرینەکان کە دووەم جار هاتنە دەرەوە، ئەوە حەوت ساڵن. حەوت گوڵەگەنمە باریک و سووتاوەکە بە بای ڕۆژهەڵات، دەبنە حەوت ساڵی قاتوقڕی. «ئەمەش ئەوەیە کە بە فیرعەونم گوت: خودا بە فیرعەونی نیشان داوە کە بە تەمایە چی بکات. حەوت ساڵ تێروتەسەلییەکی مەزن لە هەموو خاکی میسر دەبێت. بەڵام بەدوای ئەودا حەوت ساڵی قاتوقڕی دێت کە هەموو ئەو تێروتەسەلییە لەبیر دەباتەوە کە لە خاکی میسر بووە. قاتوقڕی خاکەکە دەفەوتێنێت. ئیتر تێروتەسەلی خاکەکە لەبیر دەچێتەوە، چونکە ئەو قاتوقڕییەی بەدوایدا دێت زۆر سەخت دەبێت. هۆکاری ئەوەش کە خەونەکە بە دوو شێوە بۆ فیرعەون دووبارە کراوەتەوە، ئەوەیە کە ئەو کارە لەلای خوداوە بڕیاری لەسەر دراوە و بە زوویی ئەنجامی دەدات. «ئێستاش با فیرعەون پیاوێکی وردبین و دانا بدۆزێتەوە و بەسەر خاکی میسرەوە دایبنێت. با فیرعەون چەند سەرپەرشتیارێک لەسەر زەوی دابنێت بۆ وەرگرتنی پێنج یەکی دانەوێڵەی خاکی میسر لە هەر حەوت ساڵی تێروتەسەلییەکە. پێویستە هەموو خواردنی ئەو ساڵە باشانەی کە دێن کۆبکەنەوە و لەژێر دەسەڵاتی فیرعەوندا گەنم لە ئەمبار بکەن و بۆ مەبەستی خواردن لە شارۆچکەکان هەڵیانبگرن. ئەم خۆراکە دەبێتە ئازووقەی خاکەکە بۆ ئەو حەوت ساڵە قاتوقڕییەی کە لە خاکی میسردا دەبێت. بەو شێوەیە خاکەکە بە قاتوقڕی لەناو ناچێت.» فیرعەون و هەموو دەستوپێوەندەکەی ئەم قسانەیان پێ باش بوو. فیرعەون بە دەستوپێوەندەکەی گوت: «ئایا کەسێکی وەک ئەم پیاوەمان دەست دەکەوێت کە ڕۆحی خودای تێدابێت؟» ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «لەبەر ئەوەی خودا هەموو ئەمانەی بۆ تۆ ئاشکرا کردووە، لە تۆ وردبینتر و داناتر بوونی نییە. تۆ دەبیتە لێپرسراوی کۆشکەکەی من، هەروەها هەموو گەلەکەشم لە دەمی تۆوە ڕاسپاردە وەردەگرن. من تەنها لە تەختی پاشایەتی لە تۆ گەورەتر دەبم.» یوسف وەک لێپرسراوی خاکی میسر ئیتر فیرعەون بە یوسفی گوت: «ئەوا تۆم کردە لێپرسراوی هەموو خاکی میسر.» ئینجا فیرعەون ئەو ئەنگوستیلەیەی لە دەستی خۆی داکەند کە مۆری شاهانەی پێوە بوو و لە دەستی یوسفی کرد، هەروەها جلوبەرگی کەتانی ناسکی لەبەری کرد و تەوقێکی زێڕیشی لە ملی کرد. پاشان سواری گالیسکەی جێگرەکەی کرد و لەپێشیەوە بانگەوازیان کرد: «بە چۆکدا بێن!» ئیتر کردییە لێپرسراوی هەموو خاکی میسر. ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «من فیرعەونم، بەڵام بەبێ قسەی تۆ کەس لە هەموو خاکی میسر، نە دەستی و نە پێی بەرز ناکاتەوە.» فیرعەون ناوی لە یوسف نا سافنەت پەعنێح، هەروەها ئاسنەتی کچی پۆتی‌فەرەعی کاهینی ئۆنی کچی پێدا هەتا ببێتە ژنی. ئیتر یوسف چووە دەرەوە بۆ سەر خاکی میسر. یوسف تەمەنی سی ساڵ بوو کاتێک دەستی کرد بە خزمەتکردنی فیرعەونی پاشای میسر. یوسف لەلای فیرعەون چووە دەرەوە و بە هەموو خاکی میسردا تێپەڕی. زەوی لە حەوت ساڵی تێروتەسەلییەکەدا، بەروبوومێکی زۆری دا. یوسف هەموو خۆراکی ئەو حەوت ساڵەی خاکی میسری کۆکردەوە. لە هەموو شارێکدا ئەو خۆراکانەی دانا کە لە کێڵگەکانی دەوروبەری کۆ دەکردەوە. یوسف وەک لمی دەریا گەنمی کۆکردەوە، ئەوەندە زۆر بوو کە ئیتر وازی لە هەژماردکردنیان هێنا، چونکە لە ژماردن نەدەهاتن. پێش هاتنی ساڵانی قاتوقڕییەکە، یوسف لە ئاسنەتی کچی پۆتی‌فەرەعی کاهینی ئۆن دوو کوڕی بوو. یوسف کوڕە نۆبەرەکەی ناو نا مەنەشە41‏:51 وشەی مەنەشە‏ لە ڕووی دەنگەوە لە وشەی (لەبیربردنەوە)ی عیبری نزیکە.‏ و گوتی: «ئەم ناوەم لێنا، چونکە خودا هەموو ماندووبوونم و هەموو ماڵی باوکمی لەبیر بردمەوە.» دووەمیشیانی ناو نا ئەفرایم41‏:52 بە واتای دیسان بەرهەمدارە‏ و گوتی: «ئەم ناوەم لێنا، چونکە خودا لە خاکی زەلیلیمدا بەرداری کردم.» حەوت ساڵە تێروتەسەلییەکەی خاکی میسر، کۆتایی پێهات. ئینجا هەروەک یوسف گوتبووی، حەوت ساڵی قاتوقڕییەکە دەستی پێکرد. قاتوقڕی هەموو زەوی گرتبووەوە، بەڵام لە هەموو خاکی میسردا نان هەبوو. کاتێک قاتوقڕییەکە کاریگەری لە هەموو میسر کرد، خەڵکەکە هاواریان بۆ فیرعەون برد بۆ نان. فیرعەونیش بە هەموو میسرییەکانی گوت: «بڕۆنە لای یوسف، ئەوەی ئەو پێتان دەڵێت بیکەن.» قاتوقڕییەکە تەواوی ڕووی خاکەکەی گرتەوە، ئینجا یوسف هەموو ئەمبارەکانی کردەوە و بە میسرییەکانی فرۆشت. قاتوقڕییەکە لە خاکی میسردا توندتر بوو. خەڵکی لە هەموو لایەکی جیهانەوە هاتن بۆ میسر تاکو گەنم لە یوسف بکڕن، چونکە قاتوقڕییەکە لە هەموو شوێنێکدا توند بوو. براکانی یوسف بۆ میسر دەچن کاتێک یاقوب زانی کە لە میسر گەنم هەیە، بە کوڕەکانی خۆی گوت: «بۆ سەیری یەکتری دەکەن؟» گوتی: «بیستوومە لە میسر گەنم هەیە. بڕۆن و لەوێ بۆمان بکڕن، بۆ ئەوەی بژین و نەمرین.» ئیتر دە برای یوسف بەرەو خوار چوون بۆ کڕینی گەنم لە میسر. بەڵام یاقوب بنیامینی برای یوسفی لەگەڵ براکانی نەنارد، چونکە گوتی نەوەک تووشی بەڵایەک بێت. ئیتر کوڕانی ئیسرائیل هاتن بۆ کڕینی گەنم لەگەڵ ئەو خەڵکەی کە دەهاتن، چونکە لە خاکی کەنعان قاتوقڕی هەبوو. یوسف خۆی دەسەڵاتداری خاکی میسر بوو، هەر خۆشی گەنمی بە هەموو گەل دەفرۆشت. بۆیە کاتێک براکانی یوسف گەیشتنە میسر، کڕنۆشیان بۆ برد و سەریان خستە سەر زەوی. هەرکە یوسف تەماشای براکانی کرد، یەکسەر ئەوانی ناسییەوە، بەڵام خۆی لێ گۆڕین و بە ڕەقی قسەی لەگەڵ کردن و لێی پرسین: «لەکوێوە هاتوون؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «لە خاکی کەنعانەوە بۆ خۆراک کڕین.» هەرچەندە یوسف براکانی خۆی ناسییەوە، بەڵام ئەوان ئەمیان نەناسییەوە. ئینجا یوسف ئەو خەونانەی هاتەوە یاد کە بە ئەوانییەوەی بینیبوو، پێی گوتن: «ئێوە سیخوڕن! بۆ ئەوە هاتوون تاکو خاڵی لاوازی خاکەکە ببینن.» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «نەخێر گەورەم، بەڵکو خزمەتکارەکانت بۆ ئەوە هاتوون خۆراک بکڕن. ئێمە هەموومان کوڕی پیاوێکین، کەسانێکی سەرڕاستین، خزمەتکارەکانت سیخوڕ نین.» ئەویش پێی گوتن: «نەخێر، بەڵکو هاتوون تاکو خاڵی لاوازی خاکەکە ببینن.» بەڵام ئەوان گوتیان: «خزمەتکارەکانت دوازدە بران. ئێمە کوڕی پیاوێکین لە خاکی کەنعان. ئەمڕۆ بچووکەکەمان لەلای باوکمانە، یەکێکیشمان بێ سەروشوێنە.» یوسفیش پێی گوتن: «ئەوەیە کە پێم گوتن، ئێوە سیخوڕن. بەمە تاقی دەکرێنەوە: بە گیانی فیرعەون، لێرە ناچنە دەرەوە هەتا برا بچووکەکەتان نەیەت بۆ ئێرە. یەکێک لە خۆتان بنێرن تاکو براکەتان بهێنێت. ئێوەش لێرە بەند دەکرێن بۆ ئەوەی قسەکەتان تاقی بکرێتەوە و بزانرێت ئاخۆ ڕاستتان گوتووە. ئەگەر نا، ئەوا بە گیانی فیرعەون ئێوە سیخوڕن.» ئیتر هەموویانی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ زیندانی کرد. لە ڕۆژی سێیەم یوسف پێی گوتن: «ئەمە بکەن و بژین، من کەسێکی لەخواترسم. ئەگەر ئێوە سەرڕاستن، با یەکێک لە براکانتان لێرە زیندانی بکرێت و ئەوانی دیکەشتان بڕۆن و گەنم ببەنەوە بۆ ماڵ و خێزانە برسییەکانتان. بەڵام دەبێت برا بچووکەکەتانم بۆ بهێنن، ئینجا ڕاستی قسەکانتان دەردەکەوێت و نامرن.» ئەوانیش بەم جۆرەیان کرد. بە یەکتریشیان گوت: «بەڕاستی ئێمە بەهۆی براکەمانەوەیە وا ئێستا سزا دەدرێین. کاتێک لێمان پاڕایەوە بینیمان چەند پەرێشان بوو، بەڵام گوێمان لێی نەگرت، لەبەر ئەوەشە ئەم تەنگانەیەمان بەسەرهاتووە.» ڕەئوبێنیش وەڵامی دانەوە: «ئەی پێم نەگوتن گوناه بەرامبەر بەو کوڕە مەکەن؟ بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت! ئێستا داوای خوێنەکەی دەکرێت.» ئەوان نەیاندەزانی کە یوسف لە قسەکانیان تێدەگات، چونکە لە ڕێگەی وەرگێڕەوە قسەی لەگەڵ دەکردن. ئیتر لێیان جیا بووەوە و دەستی بە گریان کرد، بەڵام دوای ئەوە گەڕایەوە لایان و کەوتەوە قسەکردن لەگەڵیان. ئینجا شیمۆنی لێسەندن و لەپێش چاویان بەستییەوە. دوای ئەوە یوسف فەرمانی دا جەواڵەکانیان پڕ بکرێت لە گەنم و زیوی هەریەکەشیان بخرێتەوە هەگبەکەی خۆی و ئازووقەشیان پێبدرێت بۆ ڕێگا. ئیتر وایان بۆ کرا. گەنمەکەیان لە گوێدرێژەکانیان بارکرد و لەوێ ڕۆیشتن. لەو شوێنەی بۆ مانەوەی شەو لێی ڕاوەستان، یەکێکیان هەگبەکەی خۆی کردەوە بۆ ئەوەی ئالیک بداتە گوێدرێژەکەی، بینی زیوەکەی وا لە دەمی هەگبەکەیەتی. بە براکانی خۆی گوت: «زیوەکەم بۆ گەڕێنراوەتەوە، وا لە هەگبەکەمدایە.» ئەوانیش دڵەکوتێیان تێکەوت و بە ترس و لەرزەوە بە یەکتریان گوت: «ئەمە چییە خودا بە ئێمەی کردووە؟» ئینجا هاتنە لای یاقوبی باوکیان لە خاکی کەنعان، هەرچییەکیان بەسەرهاتبوو بۆیان گێڕایەوە و گوتیان: «ئەو پیاوەی گەورەی خاکەکەیە بە ڕەقییەوە قسەی لەگەڵ کردین و وای دەزانی ئێمە سیخوڕیی بەسەر خاکەکەوە دەکەین. بەڵام ئێمە پێمان گوت: ”ئێمە سەرڕاستین و سیخوڕ نین. ئێمە دوازدە برای کوڕی باوکێکین. یەکێکمان نەماوە و بچووکەکەشمان ئەمڕۆ لەلای باوکمانە لە خاکی کەنعان.“ «ئەو پیاوەش کە گەورەی خاکەکەیە پێی گوتین: ”بەمەدا دەزانم ئێوە سەرڕاستن: با یەکێک لە براکانتان لەلای من بمێنێتەوە و ئەوەی بۆ ماڵ و خێزانە برسییەکانتان پێویستە بیبەن و بڕۆن. ئینجا برا بچووکەکەتانم بۆ بهێنن. ئیتر بەوەدا دەزانم کە ئێوە سیخوڕ نین و کەسانێکی سەرڕاستن. ئەو کات براکەتان پێدەدەمەوە و دەشتوانن لە خاکەکەدا بازرگانی بکەن.“» کاتێک هەگبەکانیان بەتاڵ دەکرد، کیسەی زیوی هەریەکەیان لە هەگبەکەی خۆیدا بوو! ئیتر خۆیان و باوکیان کە کیسەی زیوەکانیان بینی، ترسیان لێ نیشت. یاقوبی باوکیشیان پێی گوتن: «منتان لە منداڵەکانم بێبەش کرد. یوسف نەما و شیمۆنیش نەما، ئێستاش بنیامین دەبەن. هەمووی بەسەر مندا شکاوەتەوە.» ڕەئوبێن بە باوکی گوت: «ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە هەردوو کوڕەکەم بکوژە. بیدە دەستی من، خۆم بۆتی دەهێنمەوە.» بەڵام یاقوب گوتی: «کوڕی من لەگەڵ ئێوە نایەت، چونکە براکەی مردووە و ئەویش بە تەنها ماوەتەوە. ئەگەر لەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن تووشی شتێک بێت، ئەوا سەری سپیم بە خەمەوە دەنێنە ناو جیهانی مردووانەوە.» گەشتی دووەم بۆ میسر قاتوقڕی لە خاکەکە درێژەی کێشا و هەر سەخت بوو. کاتێک لە خواردنی گەنمەکە بوونەوە کە لە میسرەوە هێنابوویان، باوکیان پێی گوتن: «بگەڕێنەوە و هەندێک خۆراکمان بۆ بکڕن.» بەڵام یەهودا پێی گوت: «ئەو پیاوە بە تەواوی ئاگاداری کردینەوە و گوتی: ”ئەگەر براکەتان لەگەڵ نەبێت، چاوتان بە چاوم ناکەوێت.“ ئەگەر براکەمان لەگەڵ بنێریت ئەوا بەرەو خوار دەچین و خۆراکت بۆ دەکڕین. بەڵام ئەگەر ناینێریت ئەوا بەرەو خوار ناچین، چونکە پیاوەکە پێی گوتین: ”چاوتان بە چاوم ناکەوێت، ئەگەر براکەتان لەگەڵ نەبێت.“» ئیسرائیلیش لێی پرسین: «بۆچی خراپەتان لەگەڵ کردم بەوەی بە پیاوەکەتان ڕاگەیاند برایەکی دیکەشتان هەیە؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوەکە دەربارەی خۆمان و کەسوکارمان پرسیاری لێکردین و گوتی: ”ئایا باوکتان ماوە؟ برای دیکەتان هەیە؟“ ئێمەش بەپێی ئەم قسانە پێمان ڕاگەیاند. ئایا دەمانزانی کە پێمان دەڵێت: ”براکەتان بۆ ئێرە بهێنن“؟» یەهودا بە ئیسرائیلی باوکی گوت: «کوڕەکە لەگەڵ من بنێرە، هەڵدەستین و دەڕۆین، ئیتر ئێمە و تۆ و منداڵەکانمان دەژین و نامرین. خۆم دەستەبەری سەلامەتی دەبم، لە دەستی من داوای دەکەیتەوە. ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە و لەبەردەمت ڕام نەگرت ئەوا هەتاهەتایە بەرامبەر بە تۆ تاوانبارم، چونکە ئەگەر ئاوا دوانەکەوتباین، ئێستا ئەمە دووەم جار بوو هاتبووینەوە.» ئیسرائیلی باوکیشیان پێی گوتن: «ئەگەر وایە، ئەوا ئەمە بکەن: لە باشترین بەرهەمی زەوی بخەنە ناو جەواڵەکانتان و بە دیاری بۆ پیاوەکەی ببەن، وەک هەندێک هەتووان، هەنگوین، بەهارات، موڕ43‏:11 مۆر: بڕوانە 37‏:25.‏، بستە و بادەم. دوو هێندەش زیو لەگەڵ دەستتان ببەن، ئەو زیوەش کە لە دەمی هەگبەکانتان گەڕێنرابووەوە لەگەڵ دەستی خۆتان بیبەنەوە، لەوانەیە هەڵەیان کردبێت. براکەتان ببەن و هەستن بگەڕێنەوە لای پیاوەکە. خودای هەرە بەتوانا وا بکات ئەو پیاوە بەزەیی هەبێت بەرامبەرتان، تاکو واز لە براکەی دیکەتان و بنیامین بهێنێت. منیش ئەگەر لە منداڵان بێبەش بووم، ئەوا لێیان بێبەشم.» پیاوەکانیش ئەو دیارییانە و دوو هێندە زیویشیان لەگەڵ دەستی خۆیان هەڵگرت و بنیامینیان برد و بەرەو خوار چوون بۆ میسر و لەبەردەم یوسف ڕاوەستان. کاتێک یوسف بنیامینی لەگەڵیان بینی، بە سەرکاری ماڵەکەی گوت: «ئەم پیاوانە ببە ماڵەوە و ئاژەڵێکیش سەر ببڕە و ئامادەی بکە، چونکە بۆ نیوەڕۆ لەگەڵ خۆم نان دەخۆن.» ئیتر سەرکارەکە بەو جۆرەی کە یوسف فەرمانی پێ کردبوو، پیاوەکانی بردەوە بۆ ماڵی یوسف. پیاوەکان ترسان کاتێک برانە ماڵی یوسف و گوتیان: «ئێمەیان بەهۆی ئەو زیوەی جاری یەکەم خرابووەوە ناو هەگبەکانمان هێناوەتە ژوورەوە. دەیەوێت پەلامارمان بدات و بکەوێتە سەرمان و بمانکاتە کۆیلە و گوێدرێژەکانمان ببات.» ئیتر لە سەرکاری ماڵەکەی یوسف چوونە پێشەوە و لەناو دەرگای ماڵەکە قسەیان لەگەڵ کرد. پێیان گوت: «ئەی گەورەم، تکایە، ئێمە یەکەم جار بۆ کڕینی خۆراک هاتینە ئێرە. بەڵام کە لە شوێنی شەومانەوەکەمان ڕاوەستاین، هەگبەکانمان کردەوە، بینیمان زیوی هەریەکەمان لە دەمی هەگبەکەی بوو، بە کێشی تەواوی خۆی، ئێمەش لەگەڵ دەستی خۆمان هێنامانەوە. هەروەها زیوی دیکەشمان لەگەڵ دەستی خۆمان هێناوە بۆ ئەوەی خۆراک بکڕین. ناشزانین کێ زیوەکانمانی خستبووە ناو هەگبەکانمان.» ئەویش پێی گوتن: «نیگەران مەبن، مەترسن. خوداکەی ئێوە و خوداکەی باوکتان هەگبەکانتانی کردە گەنجینە، من زیوەکانی ئێوەم وەرگرتووە.» ئینجا شیمۆنی بۆ هێنانە دەرەوە. پیاوەکە ئەوانی هێنایە ژوورەوە بۆ ماڵەکەی یوسف و ئاوی دانێ هەتا پێیان بشۆن و ئالیکی دایە گوێدرێژەکانیان. ئەوانیش دیارییەکەیان ئامادە کرد بۆ کاتی گەیشتنی یوسف لە دەمەو نیوەڕۆ، چونکە بیستبوویان ئەوان لەوێ نان دەخۆن. کە یوسف گەڕایەوە ماڵ، کڕنۆشیان بۆ برد و ئەو دیارییانەیان پێشکەش کرد کە لەگەڵ دەستی خۆیان هێنابوویان بۆ ماڵەکە. ئەویش هەواڵی پرسین و گوتی: «باوکە پیرەکەتان چۆنە کە بۆتان باسکردم؟ ئایا هێشتا ماوە؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «خزمەتکاری خۆت باوکی ئێمە باشە و هێشتاش زیندووە.» ئیتر بۆی نوشتانەوە و کڕنۆشیان بۆی برد. ئەویش چاوی هەڵبڕی و سەیری بنیامینی برای کوڕی دایکی خۆی کرد و گوتی: «ئەمەیە برا بچووکەکەتان کە بۆتان باسکردم؟» ئینجا گوتی: «کوڕم، خودا میهرەبان بێت لەگەڵت.» ئیتر یوسف بە پەلە ئەوێی بەجێهێشت، چونکە هەناوی گڕی گرت بۆ براکەی و داوای شوێنێکی کرد کە تێیدا بگریێت. ئینجا چووە ژوورەکەی خۆی و لەوێ گریا. پاشان دەموچاوی شوشت و هاتە دەرەوە، دانی بەخۆیدا گرت و گوتی: «نان بهێنن.» ئەوانیش بە جیا خواردنیان بۆ ئەم هێنا و بۆ براکانیشی بە جیا، هەروەها بۆ میسرییەکانیشیان بە جیا هێنا کە لای ئەو نانیان دەخوارد. میسرییەکان نەیاندەتوانی لەگەڵ عیبرانییەکان پێکەوە نان بخۆن، چونکە لەلای میسرییەکان کارێکی قێزەون بوو. پیاوەکان بەپێی تەمەنیان لەبەردەمی دانیشتبوون، لە نۆبەرەکەیانەوە هەتا بچووکەکەیان، بە سەرسامیشەوە دەیانڕوانییە یەکتری. کاتێک لە سەر خوانەکەی یوسف خواردن دابەش کرا، بەشەکەی بنیامین پێنج ئەوەندەی بەشی هەر یەکێکی دیکەیان بوو. ئیتر لەگەڵی خواردیانەوە و کەیف خۆش بوون43‏:34 خەیاڵبوون حاڵەتی پێش سەرخۆشبوونە.‏. جامە زیوەکەی نێو هەگبەکە ئینجا یوسف فەرمانی دا بە سەرکاری ماڵەکەی خۆی و گوتی: «هەگبەی پیاوەکان پڕ بکەن لە خۆراک، ئەوەندەی لە توانایاندایە هەڵیبگرن، زیوی هەریەکەشیان بخەوە دەمی هەگبەکەی. جامەکەی خۆشم، جامە زیوەکە، لە دەمی هەگبەی بچووکەکەیان دابنێ لەگەڵ نرخی گەنمەکەی.» ئەویش بەپێی قسەکەی یوسف کارەکەی ئەنجام دا. کە ڕۆژ بووەوە، پیاوەکان خۆیان و گوێدرێژەکانیان ڕۆیشتن. هێشتا زۆر لە شار دوور نەکەوتبوونەوە، کە یوسف بە سەرکاری ماڵەکەی خۆی گوت: «هەستە و دوای ئەو پیاوانە بکەوە، کە پێیان گەیشتیت، پێیان بڵێ: ”بۆچی بە خراپە پاداشتی چاکەتان دایەوە؟ ئایا ئەمە ئەو جامە نییە کە گەورەکەم تێیدا دەخواتەوە و فاڵی پێ دەگرێتەوە؟ کارێکی خراپتان کردووە.“» ئەویش پێیان گەیشتەوە و ئەم قسانەی پێ گوتن. بەڵام ئەوان پێیان گوت: «بۆچی گەورەمان قسەی وا دەکات؟ دوور بێت لە خزمەتکارەکانت شتی وا بکەن. ئێمە تەنانەت ئەو زیوەی لە دەمی هەگبەکانمان دۆزیبوومانەوە، لە خاکی کەنعانەوە بۆمان هێنایتەوە. ئیتر چۆن لە ماڵی گەورەکەت زیو یان زێڕ دەدزین؟ لەلای هەرکام لە خزمەتکارەکانت دۆزرایەوە، ئەوە دەمرێت. ئێمەش دەبینە کۆیلەی گەورەی خۆمان.» ئەویش گوتی: «باشە، ئێستا بەپێی قسەکەی خۆتان دەبێت. ئەوەی لەلای دەدۆزرێتەوە دەبێتە کۆیلەی من. ئێوەش بێتاوان دەبن.» ئیتر هەریەکەیان خێرا هەگبەکەی خۆی داگرتە سەر زەوی و هەریەکەیان هەگبەکەی خۆی کردەوە. ئەویش کەوتە پشکنین، لە گەورەکەیانەوە دەستی پێکرد و لە بچووکەکەیان تەواو بوو. ئیتر جامەکەی لە هەگبەکەی بنیامین دۆزییەوە! ئەوانیش جلەکانی بەری خۆیان دادڕی و گوێدرێژەکانیان بارکردەوە و گەڕانەوە بۆ شارەکە. کاتێک یەهودا و براکانی هاتنە ناو ماڵەکەی یوسف، هێشتا یوسف لەوێ بوو، ئیتر کڕنۆشیان بۆ برد. یوسفیش پێی گوتن: «ئەم کارە چییە ئێوە کردووتانە؟ ئایا نەتاندەزانی پیاوێکی وەک من فاڵ دەگرێتەوە؟» یەهوداش وەڵامی دایەوە: «چی بە گەورەی خۆم بڵێین؟ قسەی چی بکەین و بە چی پاکانەی خۆمان بکەین؟ خودا تاوانی خزمەتکارەکانتی دەرخستووە. ئێستاش ئێمە کۆیلەی گەورەی خۆمانین، ئێمە و ئەوەی جامەکەش لە دەستی گیراوە.» بەڵام یوسف گوتی: «لە من دوور بێت شتی وا بکەم! ئەو پیاوەی جامەکەی لە دەست گیراوە ئەو دەبێتە کۆیلەم. ئێوەش بە سەلامەتی سەربکەونەوە بۆ لای باوکتان.» ئینجا یەهودا لێی چووە پێشەوە و گوتی: «گەورەم، تکایە، با خزمەتکاری خۆت قسەیەک بۆ گەورەکەی بکات. لە خزمەتکاری خۆت تووڕە مەبە، هەرچەندە تۆ وەک خودی فیرعەونیت. گەورەم لە خزمەتکارانی خۆی پرسی: ”ئایا باوک یان براتان هەیە؟“ ئێمەش بە گەورەمان گوت: ”باوکێکی پیرمان هەیە لەگەڵ کوڕە بچووکەکەی کە لە تەمەنی پیریدا بۆی بووە. برای ئەو کوڕە مردووە و ئێستا خۆی بە تەنها بۆ دایکی ماوەتەوە. باوکیشی خۆشی دەوێت.“ «تۆش بە خزمەتکارانی خۆتت گوت: ”بۆم بهێنن تاکو بە چاوی خۆم بیبینم.“ ئێمەش بە گەورەمان گوت: ”کوڕەکە ناتوانێت باوکی بەجێبهێڵێت، چونکە ئەگەر باوکی بەجێبهێڵێت باوکی دەمرێت.“ بەڵام تۆ بە خزمەتکارەکانی خۆتت گوت: ”ئەگەر برا بچووکەکەتان لەگەڵتان بەرەو خوار نەیەت، ئەوا چاوتان بە چاوم ناکەوێتەوە.“ ئەوە بوو کاتێک گەڕاینەوە لای باوکمان کە خزمەتکاری ئێوەیە، قسەکانی گەورەی خۆممان پێی ڕاگەیاند. «پاشان باوکمان پێی گوتین: ”بگەڕێنەوە و هەندێک خواردنمان بۆ بکڕن.“ بەڵام ئێمە گوتمان: ”ناتوانین بەرەو خوار بچین. تەنها مەگەر ئەو کاتەی برا بچووکەکەمان لەگەڵ بێت، ئینجا بەرەو خوار دەچین، چونکە ناتوانین چاومان بە پیاوەکە بکەوێت ئەگەر برا بچووکەکەمان لەگەڵ نەبێت.“ «خزمەتکارەکەت، باوکمان پێی گوتین: ”ئێوە دەزانن ژنەکەم دوو کوڕی بۆم بووە، یەکێکیان لەلای من ڕۆیشت، گوتم، ’هەبێت و نەبێت پارچەپارچە کراوە.‘ هەتا ئێستاش چاوم پێ نەکەوتووەتەوە. خۆ ئەگەر ئەمەشیان لەبەردەمم ببەن و بەڵایەکی بەسەربێت، ئەوا مووە سپییەکانم بە خەم و پەژارەوە دەنێنە ناو جیهانی مردووانەوە.“ «ئێستاش ئەگەر بەبێ کوڕەکە بچمەوە بۆ لای باوکم کە خزمەتکاری ئێوەیە و گیانی پەیوەستە بە گیانی ئەمەوە، ببینێت کوڕەکە دیار نییە، بۆ خۆی دەمرێت. ئێمەی خزمەتکارانیشت سەری سپی باوکمان کە خزمەتکاری ئێوەیە بە خەم و پەژارەوە دادەگرینە ناو جیهانی مردووانەوە، چونکە خزمەتکارەکەی ئێوە دەستەبەری سەلامەتی کوڕەکەی کردووە لەلای باوکم. گوتوومە: ”ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە ئەوا هەتاهەتایە تاوانبارم بەرامبەر بە باوکم!“ «ئێستاش با خزمەتکاری خۆت لە جیاتی کوڕەکە بمێنێتەوە و ببێتە کۆیلەی گەورەی خۆم، کوڕەکەش لەگەڵ براکانی بگەڕێتەوە. چۆن بگەڕێمەوە لای باوکم ئەگەر کوڕەکەم لەگەڵ نەبێت؟ تکایە مەهێڵە ئەم مەینەتییە ببینم کە بەسەر باوکمدا دێت.» خۆدەرخستنی یوسف ئیتر یوسف نەیتوانی خۆی ڕابگرێت لەبەردەم هەموو ئەوانەی لەلای ڕاوەستابوون، هاواری کرد: «هەمووان لەلام بڕۆنە دەرەوە!» ئیتر کەسی لێ نەمابوو کاتێک خۆی بە براکانی ناساند. بە دەنگێکی وا بەرز گریا کە میسرییەکان گوێیان لێبوو، ماڵی فیرعەونیش ئەمەی بیست. یوسف بە براکانی گوت: «من یوسفم. ئایا باوکم هێشتا ماوە؟» بەڵام براکانی نەیانتوانی وەڵامی بدەنەوە، چونکە لە یوسف تۆقیبوون. ئینجا یوسف بە براکانی گوت: «لێم وەرنە پێشەوە.» ئەوانیش هاتنە پێشەوە، ئەمیش گوتی: «من یوسفی براتانم کە بە میسرتان فرۆشت. ئێستاش نە نیگەران بن و نە لۆمەی خۆتان بکەن کە منتان بە ئێرە فرۆشتووە، چونکە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکی بوو کە خودا منی پێش ئێوە نارد. ئەمە دوو ساڵە لە خاکەکە قاتوقڕی هەیە، بۆ پێنج ساڵی دیکەش نە کێڵان دەبێت و نە دروێنە. بەڵام خودا منی پێش ئێوە نارد بۆ دابینکردنی پاشەڕۆژتان لە زەوی، بۆ ژیان بۆتان، بۆ دەربازبوونێکی مەزن. «ئێستاش ئێوە نین کە منتان بۆ ئێرە نارد، بەڵکو خودایە منی کردووەتە باوک بۆ فیرعەون و گەورەی هەموو ماڵەکەی و فەرمانڕەوای هەموو خاکی میسر. پەلە بکەن و بڕۆنە لای باوکم و پێی بڵێن: ”یوسفی کوڕت دەڵێت خودا منی کردووە بە گەورەی هەموو میسر. بەرەو خوار وەرە بۆ لام و ڕامەوەستە. لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ دەبیت و لە من نزیک دەبیت، خۆت و کوڕەکانت و کوڕی کوڕەکانت و ڕانە مەڕەکەت و گاگەلەکەت و هەرچییەکت هەیە. لەوێ خۆم بەخێوت دەکەم، چونکە قاتوقڕییەکە هێشتا پێنج ساڵی ماوە. ئەگینا خۆت و ماڵەکەت و هەرچیشت هەیە هەژار دەبن.“ «وا بە چاوی خۆتان دەبینن و بنیامینی براشم دەمبینێت کە بەڕاستی ئەوە منم قسەتان لەگەڵ دەکەم. بە باوکم ڕابگەیەنن کە من لە میسر خاوەنی چ شکۆ و دەسەڵاتێکم، هەروەها باسی هەموو ئەو شتانەشی بۆ بکەن کە بینیوتانە. بە پەلەش باوکم بۆ ئێرە بهێنن.» ئینجا باوەشی بە بنیامیندا کرد و گریا. بنیامینیش ئەوی لە ئامێز گرت و گریا. ئینجا هەموو براکانی ماچکرد و لەگەڵیان گریا. لەدوای ئەوە براکانی قسەیان لەگەڵی کرد. کاتێک ماڵی فیرعەون هەواڵی هاتنی براکانی یوسفیان بیست، فیرعەون و دەستوپێوەندەکەی دڵخۆش بوون. فیرعەون بە یوسفی گوت: «بە براکانت بڵێ: ”ئەمە بکەن: وڵاخەکانتان بار بکەن و بڕۆن بۆ خاکی کەنعان. باوکتان و خانەوادەکانتان هەڵبگرن و وەرن بۆ لای من. منیش باشترین خاکی میسرتان دەدەمێ و دەتوانن لە پیت و فەڕی زەوییەکە بخۆن.“ «هەروەها فەرمانت پێکراوە کە پێیان بڵێی، ”ئەمە بکەن: لە خاکی میسرەوە عەرەبانە ببەن بۆ ژن و منداڵەکانتان، باوکیشتان سەربخەن و وەرن. با چاویشتان لەدوای کەلوپەلەکانتان نەبێت، چونکە چاکی هەموو خاکی میسر بۆ ئێوە دەبێت.“» کوڕەکانی ئیسرائیلیش بەم جۆرەیان کرد. یوسفیش لەسەر فەرمانی فیرعەون، عەرەبانەی پێ دان، هەروەها ئازووقەشی بۆ ڕێگا پێ دان. قاتێک جلی بە هەریەکەیان دا، بەڵام سێ سەد شاقل زیو45‏:22 نزیکەی 5,3 کیلۆگرام.‏ و پێنج قات جلی بە بنیامین دا. ئەمانەشی بۆ باوکی نارد: دە گوێدرێژی بارکراو لە خێروبێری میسر، لەگەڵ دە ماکەری بارکراو لە گەنم و نان و خۆراک بۆ گەشتەکەی باوکی. ئینجا براکانی بەڕێ کرد و پێش ڕۆیشتنیان پێی گوتن: «لە ڕێگا بەگژ یەکدا مەچن!» ئەوانیش لە میسرەوە چوون و هاتنەوە خاکی کەنعان بۆ لای یاقوبی باوکیان. پێیان ڕاگەیاند و گوتیان: «یوسف هێشتا زیندووە، خۆی فەرمانڕەوای هەموو خاکی میسرە!» یاقوبیش بوورایەوە، چونکە بڕوای پێ نەکردن. بەڵام کاتێک هەموو ئەو قسانەی یوسفیان پێ گوت کە پێی گوتبوون، هەروەها چاویشی بەو عەرەبانانە کەوت کە یوسف ناردبوونی بۆ ئەوەی بیهێننە میسر، ڕۆحی یاقوبی باوکیان ژیایەوە. ئیسرائیل گوتی: «بەسە! یوسفی کوڕم هێشتا ماوە، دەچم و پێش ئەوەی بمرم دەیبینم.» چوونی یاقوب بۆ میسر ئیتر ئیسرائیل بە هەرچییەکەوە کە هەیبوو کۆچی کرد، هاتە بیری شابەع و قوربانی بۆ خودای ئیسحاقی باوکی سەربڕی. خودا بە شەو لە بینینێکدا بە ئیسرائیلی فەرموو: «یاقوب! یاقوب!» ئەویش گوتی: «ئەوەتام.» فەرمووی: «من خودام، خودای باوکتم. مەترسە لە چوونت بۆ میسر، چونکە لەوێ دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن. من لەگەڵ تۆ دێمە میسر، بێگومان خۆشم دەتگەڕێنمەوە. یوسفیش دەستی خۆی دەنێتە سەر چاوەکانت.» ئیتر یاقوب بیری شابەعی بەجێهێشت، کوڕەکانی ئیسرائیلیش یاقوبی باوکیان و منداڵەکانیان و ژنەکانیان هەڵگرت و سواری ئەو عەرەبانانەیان کردن کە فیرعەون بۆ هەڵگرتنی ئەو ناردبووی. هەروەها یاقوب و هەموو نەوەکانی، لەگەڵ خۆیان مەڕوماڵاتەکەیان و ئەو کەلوپەلانەی لە خاکی کەنعان دەستیان کەوتبوو، هەڵگرت و هاتنە میسر. کوڕ و کوڕەزا و کچ و کچەزاکانی، هەموو نەوەکەی لەگەڵ خۆی هێنایە میسر. ئەمانەش ناوی کوڕەکانی ئیسرائیلن کە هاتنە میسر، واتا یاقوب و نەوەکانی: ڕەئوبێن کوڕە نۆبەرەی یاقوب. کوڕەکانی ڕەئوبێن: حەنۆک، پەڵو، حەسرۆن و کەرمی. کوڕەکانی شیمۆن: یەموئێل، یامین، ئۆهەد، یاکین و چۆحەر، هەروەها شائوول کە لە ژنێکی کەنعانی بوو. کوڕەکانی لێڤی: گێرشۆن، قەهات و مەراری. کوڕەکانی یەهودا: ئێر، ئۆنان، شالەح، پێرێز و زەرەح، بەڵام ئێر و ئۆنان لە خاکی کەنعان مردن. کوڕەکانی پێرێزیش ئەمانە بوون: حەسرۆن و حامول. کوڕەکانی یەساخار: تۆلاع، پوڤە، یاشوڤ و شیمرۆن. کوڕەکانی زەبولون: سەرەد، ئێلۆن و یەحلئێل. ئەمانە کوڕەکانی لێئەن کە بۆ یاقوبی بوون لە پەدان ئارام، لەگەڵ دینەی کچیشی. هەموو کوڕ و کچەکانی سی و سێ کەس بوون. کوڕەکانی گاد: چیفۆن، حەگی، شونی، ئەچبۆن، عێری، ئەرۆدی و ئەرئێلی. کوڕەکانی ئاشێر: یمنە، یەشڤە، یەشڤی و بەریعە لەگەڵ سەرەحی خوشکیان. کوڕەکانی بەریعە: حەڤەر و مەلکیێل. ئەمانەش کوڕەکانی زیلپە بوون کە لابان دابووی بە لێئەی کچی. ئەویش ئەمانەی بۆ یاقوب خستەوە کە شازدە کەس بوون. دوو کوڕەکەی ڕاحێلی ژنی یاقوب: یوسف و بنیامین. لە خاکی میسریش، مەنەشە و ئەفرایم بۆ یوسف لەدایک بوون لە ئاسنەتی کچی پۆتی‌فەرەعی کاهینی ئۆن. کوڕەکانی بنیامین: بەلەع، بەکەر، ئەشبێل، گێرا، نەعمان، ئێحی، ڕۆش، موپیم، حوپیم و ئەرد. ئەمانە کوڕەکانی ڕاحێلن کە بۆ یاقوبی بوون. هەموویان چواردە کەس بوون. کوڕەکەی دان: حوشیم. کوڕەکانی نەفتالی: یەحزئێل، گۆنی، یێچەر و شلێم. ئەمانە کوڕەکانی بیلهە بوون کە لابان دابووی بە ڕاحێلی کچی. ئەویش ئەمانەی بۆ یاقوب بوو. هەموویان حەوت کەس بوون. هەموو ئەوانەی لەگەڵ یاقوب هاتنە میسر و لە پشتی ئەوەوە دەرچووبوون، جگە لە ژنانی کوڕەکانی، شەست و شەش کەس بوون. بە هەردوو کوڕەکەی یوسفەوە کە لە میسر لەدایک ببوون، سەرجەمی کەسانی ماڵی یاقوب کە هاتنە میسر، حەفتا46‏:27 بڕوانە دەرچوون 1‏:5.‏ کەس بوون. یاقوب یەهودای لەپێش خۆیەوە نارد بۆ لای یوسف هەتا بەرەو گۆشەن ڕێنمایی بکات. ئینجا هاتنە ناوچەی گۆشەن. یوسف گالیسکەکەی خۆی بەستەوە و بەرەو گۆشەن هەڵکشا بۆ پێشوازیکردنی ئیسرائیلی باوکی. کە بینی دەستی لە ملی کرد و بۆ ماوەیەک گریا. ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «ئێستا با بمرم، لەدوای ئەوەی ڕووی تۆم بینی و زانیم هێشتا زیندوویت.» ئینجا یوسف بە براکانی و ماڵی باوکی گوت: «دەچم و بە فیرعەون ڕادەگەیەنم، پێی دەڵێم: ”براکانم و ماڵی باوکم کە لە خاکی کەنعان بوون، هاتنە لام. پیاوەکانیش شوانی مەڕن، چونکە خاوەن ماڵاتن، جا مەڕ و مانگاکانیان و هەرچییان هەیە هێناویانە.“ ئینجا ئەگەر فیرعەون بانگی کردن و گوتی: ”کارتان چییە؟“ دەڵێن: ”خزمەتکارانت خاوەن ماڵاتن، لە منداڵیمانەوە هەتا ئێستا، خۆمان و باوباپیرانمان،“ بۆ ئەوەی لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ ببن، چونکە میسرییەکان قێزیان لە هەموو شوانێکی مەڕ دەبێتەوە.» یوسف چوو و بە فیرعەونی گوت: «باوکم و براکانم، بە ڕانە مەڕ و مانگایان و هەرچی هەیانە، لە خاکی کەنعانەوە هاتوون، ئێستا ئەوان لە خاکی گۆشەنن.» لەنێو براکانی پێنج پیاوی برد و لەبەردەم فیرعەون ڕایگرتن. فیرعەونیش لە براکانی پرسی: «کارتان چییە؟» ئەوانیش بە فیرعەونیان گوت: «خزمەتکارانت شوانی مەڕن، خۆشمان و باوباپیرانیشمان.» هەروەها بە فیرعەونیان گوت: «هاتووین بۆ ئەوەی ماوەیەک لەم خاکە نیشتەجێ بین، چونکە لەوەڕگا نەماوە بۆ مەڕەکانی خزمەتکارانت، لەبەر ئەوەی قاتوقڕییەکە لە خاکی کەنعان سەختە، ئێستاش ڕێگا بدە با خزمەتکارانت لە خاکی گۆشەن نیشتەجێ بن.» فیرعەون لەگەڵ یوسف قسەی کرد و پێی گوت: «باوکت و براکانت هاتوون بۆ لای تۆ. خاکی میسر لەبەردەمتە، باوکت و براکانت لە باشترین خاک نیشتەجێ بکە. با لە خاکی گۆشەن نیشتەجێ بن. ئەگەر زانیشت لەنێویان کەسانی بە توانا هەیە، ئەوا بیانکە بە سەرکاری ئەو ماڵاتەی هی خۆمن.» ئینجا یوسف یاقوبی باوکی هێنایە ژوورەوە و بە فیرعەونی ناساند. یاقوبیش داوای بەرەکەتی بۆ فیرعەون کرد. فیرعەون بە یاقوبی گوت: «تەمەنت چەند ساڵە؟» یاقوبیش بە فیرعەونی گوت: «سەد و سی ساڵە گەڕۆکم. تەمەنم کەم و سەخت بووە، هێشتا تەمەنم تەمەنی گەڕۆکی باوباپیرانمی تێنەپەڕاندووە.» ئیتر یاقوب داوای بەرەکەتی بۆ فیرعەون کرد و لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە. ئینجا یوسف بەپێی فەرمانی فیرعەون باوکی و براکانی لە خاکی میسر نیشتەجێ کرد و لە باشترین زەوی لە خاکی میسر، کە دەکاتە خاکی ڕەعمسێس، موڵکی پێدان. هەروەها یوسف خۆراکی بۆ باوک و براکانی و هەموو ماڵی باوکیشی بەپێی ژمارەی منداڵەکانیان دابین کرد. یوسف و برسیێتییەکە لە هەموو خاکەکەدا نان نەبوو، چونکە قاتوقڕییەکە زۆر سەخت بوو. خاکی میسر و کەنعان بەهۆی قاتوقڕییەکەوە لە کەڵک کەوتبوون. یوسف هەموو ئەو زیوەی کۆکردەوە کە خەڵکی میسر و کەنعان گەنمیان پێ دەکڕی. ئینجا زیوەکەی هێنایە ماڵی فیرعەون. کاتێک کە زیو لە خاکی میسر و لە خاکی کەنعان نەما، هەموو میسرییەکان هاتنە لای یوسف و گوتیان: «نانمان بۆ پێبدە! بۆچی لەبەردەمت بمرین؟ زیوەکان تەواو بوو.» یوسفیش پێی گوتن: «ئەگەر زیو تەواو بووە، ماڵاتەکانتان بهێنن. لە جیاتی ماڵاتەکانتان، نانتان دەدەمێ.» ئینجا ماڵاتەکانیان بۆ یوسف هێنا. ئەویش لە بەرامبەر ئەسپ، مەڕ، بزن، چێڵ و گوێدرێژەکانیان نانی پێدان. ئیتر بە درێژایی ئەو ساڵە لە بەرامبەر هەموو ماڵاتەکانیان نانی دان. کە ئەو ساڵە تەواو بوو، بۆ ساڵی دووەم هاتنەوە بۆ لای و پێیان گوت: «لە گەورەمانی ناشارینەوە زیوەکانمان تەواو بوون، ماڵاتەکانیشمان لەلای گەورەمانە، ئیتر هیچ لەپێش گەورەمان نەماوە تەنها لەشمان و زەوییەکەمان نەبێت. بۆچی خۆمان و زەوییەکەشمان لەپێش چاوت بمرین؟ بە نان خۆمان و زەوییەکەمان بکڕە، ئیتر خۆمان و زەوییەکەشمان دەبینە کۆیلەی فیرعەون. تۆویشمان بدەرێ بۆ ئەوەی بژین و نەمرین، با زەوییەکەشمان نەبێتە چۆڵەوانی.» یوسفیش هەموو خاکی میسری بۆ فیرعەون کڕی. خەڵکی میسر تەواوی کێڵگەکانیان فرۆشت، لەبەر ئەوەی قاتوقڕییەکە زۆر سەخت بوو لەسەریان. ئیتر خاکەکە بووە هی فیرعەون. یوسف خەڵکەکەشی لەم سەری میسرەوە هەتا ئەو سەری کردە کۆیلە. تەنها زەوی کاهینەکانی نەکڕی، چونکە کاهینەکان لەلایەن فیرعەونەوە بەشە خۆراکیان هەبوو، ئیتر بەشە خۆراکەکەی خۆیان دەخوارد کە فیرعەون دەیدانێ. لەبەر ئەوە زەوییەکەی خۆیان نەفرۆشت. ئینجا یوسف بە خەڵکەکەی گوت: «ئێستا کە خۆتان و زەوییەکەتانم بۆ فیرعەون کڕیوە، ئەوە تۆو، بڕۆن و لە زەوی بیچێنن. بەڵام لە کاتی خەرماندا پێنج یەکی خەرمانەکەتان دەدەنە فیرعەون. چوار بەشەکەی دیکە بۆ خۆتان دەبێت، بۆ بنەتۆ47‏:24 واتا تۆوی چاندن.‏ و بۆ خۆراکی خۆتان و ئەوانەی لە ماڵەکانتانن و بۆ خۆراکی منداڵەکانتان.» ئەوانیش گوتیان: «تۆ ئێمەت بە زیندوویی هێشتەوە. ئەگەر گەورەمان لێمان ڕازی بێت، ئێمە کۆیلەی فیرعەونین.» ئیتر یوسف ئەمەی لەسەر خاکی میسر کردە یاسا، کە هەتا ئەمڕۆش پێنج یەکی بەرهەمی کشتوکاڵ بۆ فیرعەونە. ئەم یاسایە تەنها زەوی کاهینەکانی نەگرتەوە، چونکە نەبووە هی فیرعەون. نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ بوون. لەوێ بوونە خاوەن موڵک و گەشەیان کرد، زۆریش زیادیان کرد. یاقوب حەڤدە ساڵ لە خاکی میسر ژیانی بردە سەر. هەموو تەمەنی یاقوب بووە سەد و چل و حەوت ساڵ. کە کاتی مردنی ئیسرائیل نزیک بووەوە، یوسفی کوڕی بانگکرد و پێی گوت: «ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم ئەوا دەستت بخەرە ژێر ڕانمەوە و چاکە و وەفاداریم لەگەڵ بکە، لە میسر مەمنێژە، بەڵکو کاتێک لەگەڵ باوباپیرانم ڕادەکشێم، لە میسرەوە هەڵمبگرە و لە گۆڕستانی ئەواندا بمنێژە.» ئەمیش گوتی: «داواکارییەکەت جێبەجێ دەکەم.» ئەویش پێی گوت: «سوێندم بۆ بخۆ.» یوسفیش سوێندی بۆ خوارد. ئیسرائیلیش لەسەر قەرەوێڵەکەی کڕنۆشی برد. مەنەشە و ئەفرایم ئەوە بوو دوای ئەمانە بە یوسف گوترا: «باوکت نەخۆشە.» ئەویش مەنەشە و ئەفرایمی کوڕی لەگەڵ خۆی برد. بە یاقوب ڕاگەیەنرا و گوترا: «وا یوسفی کوڕت هاتووە بۆ لات.» ئیسرائیلیش هێزی دایە بەرخۆی و لەسەر قەرەوێڵەکە دانیشت. ئینجا یاقوب بە یوسفی گوت: «خودای هەرە بەتوانام لە لوزی خاکی کەنعان بۆ دەرکەوت و بەرەکەتداری کردم. پێی فەرمووم: ”وا من بەردارت دەکەم و ژمارەت زۆر دەکەم و دەتکەمە چەندین نەتەوە. ئەم خاکەش بە موڵکی هەتاهەتایی لەدوای خۆت دەدەمە نەوەکەت.“ «ئێستاش دوو کوڕەکەت کە پێش هاتنی من بۆ لات بۆ خاکی میسر بۆت لەدایک بوون، بۆ من دەبن. واتا ئەفرایم و مەنەشە وەک ڕەئوبێن و شیمۆن دەبن بۆم. بەڵام منداڵەکانی دیکەت کە لەدوای ئەمانەوە لەدایک دەبن، دەبنە هی تۆ و لەژێر ناوی دوو براکەیان بەشە میراتیان دەبێت. کاتێک لە پەدان دەگەڕامەوە، لە ڕێگا لە خاکی کەنعان کە هێندەم نەمابوو بگەمە ئەفرات، ڕاحێل مرد، هەر لەوێ لەسەر ڕێگای ئەفرات ناشتم،» واتا لە بێت‌لەحم. ئینجا ئیسرائیل دوو کوڕەکەی یوسفی بینی و گوتی: «ئەمانە کێن؟» یوسفیش بە باوکی گوت: «ئەوانە دوو کوڕەکەی منن کە خودا لێرە پێی بەخشیوم.» ئەمیش گوتی: «بیانهێنە لام تاکو داوای بەرەکەتیان بۆ بکەم.» هەردوو چاوی ئیسرائیل بەهۆی پیرییەوە کز ببوون و پەکی بینینیان کەوتبوو. بۆیە یوسف هەردووکیانی هێنایە لای، ئەویش ماچی کردن و باوەشی پێدا کردن. ئینجا ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «چاوەڕوان نەبووم ڕووی تۆ ببینم، کەچی ئێستا خودا نەوەکەی تۆشی نیشان دام.» یوسف هەردووکیانی لەنێوان ئەژنۆی دەرهێنا و لەبەردەمی کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی. ئینجا یوسف دەستی دایە هەردووکیان، ئەفرایمی لەلای ڕاستی خۆی بەرامبەر دەستی چەپی ئیسرائیل و مەنەشەشی لەلای چەپی خۆی بەرامبەر دەستی ڕاستی ئیسرائیل و لێ نزیک کردنەوە. بەڵام ئیسرائیل دەستی ڕاستی خۆی درێژکرد و خستییە سەر سەری ئەفرایم، کە بچووکەکەیان بوو، دەستی چەپیشی خستە سەر سەری مەنەشە، دەستەکانی ژیرانە دانا، چونکە مەنەشە نۆبەرەکە بوو. ئینجا داوای بەرەکەتی بۆ یوسف کرد و گوتی: «ئەو خودایەی کە باوانم دۆستایەتییان لەگەڵی48‏:15 بڕوانە 5‏:22.‏ کرد، ئیبراهیم و ئیسحاق، ئەو خودایەی کە شوانایەتی48‏:15 شوانایەتی: بڕوانە زەبوورەکان 23.‏ کردووم لە بوونمەوە هەتا ئەمڕۆ، ئەو فریشتەیەی لە هەموو خراپەیەک منی کڕییەوە، ئەم دوو کوڕە بەرەکەتدار بکات. با بە ناوی خۆم و بە ناوی باوانم ئیبراهیم و ئیسحاقەوە ناوببرێن، با لەناو خاکەکەش زۆر زیاد بن.» کە یوسف بینی باوکی دەستی ڕاستی خستووەتە سەر سەری ئەفرایم، ئەوەی پێ ناخۆش بوو، ئیتر دەستی باوکی گرت تاکو لەسەر سەری ئەفرایمەوە بیخاتە سەر سەری مەنەشە. یوسف بە باوکی گوت: «ئاوا نا، باوکە، چونکە ئەمە نۆبەرەکەیە، دەستی ڕاستی خۆت بخەرە سەر سەری.» بەڵام باوکی ڕازی نەبوو و گوتی: «دەزانم کوڕی خۆم، دەزانم. هەروەها ئەویش دەبێتە نەتەوەیەک و مەزنیش دەبێت. بەڵام برا بچووکەکەی لەو مەزنتر دەبێت و نەوەشی دەبێتە چەندین نەتەوە.» ئیتر لەو ڕۆژەدا داوای بەرەکەتی بۆ کردن و گوتی: «بە ناوی تۆوە نەوەی ئیسرائیل داوای ئەم بەرەکەتە دەکات: ”خودا وەک ئەفرایم و مەنەشەت لێ بکات.“» بەو شێوەیە ئەفرایمی خستە پێش مەنەشە. ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «ئەوا دەمرم، بەڵام خودا لەگەڵتان دەبێت و دەتانگەڕێنێتەوە خاکی باوباپیرانتان. منیش بەشێک زیاتر لە بەشی براکانت دەدەمە تۆ، ئەوەی بە شمشێرەکەم و کەوانەکەم لە چنگی ئەمۆرییەکان وەرمگرت.» یاقوب داوای بەرەکەت بۆ کوڕەکانی دەکات ئینجا یاقوب کوڕەکانی خۆی بانگکرد و گوتی: «کۆببنەوە تاکو پێتان بڵێم کە لە ڕۆژانی داهاتوودا چیتان بەسەردێت. «ئەی کوڕانی یاقوب، کۆببنەوە و گوێ بگرن، گوێ لە ئیسرائیلی باوکتان بگرن. «ڕەئوبێن، تۆ نۆبەرەکەی منیت، هێزی منیت و یەکەم توانامیت، سەری شانازی و سەری هێزی. هەڵچوو وەک ئاو، باڵادەست نابیت، چونکە چوویتە سەر پێخەفەکەی باوکت، گڵاوت کرد، سەرکەوتیتە سەر نوێنەکەم. «شیمۆن و لێڤی بران، بە چەکی توندوتیژی چەکدارن.49‏:5 ‏مەبەست لە توندوتیژی شیمۆن و لێڤییە بەرامبەر بە خەڵکی شەخەم. بڕوانە 34‏:25.‏ من ناچمە ناو کۆڕی ڕاوێژیان، سەنگینی من یەک ناگرێتەوە لەگەڵ کۆمەڵەکەیان، چونکە لە کاتی تووڕەبوونیاندا مرۆڤیان کوشت و لە خۆشیشیاندا گایان لە پێ خست. نەفرەت لە تووڕەییان کەوا توندە، لە هەڵچوونیان کەوا سەختە. لەناو یاقوب بەشیان دەکەم و لەناو ئیسرائیل بڵاوەیان پێ دەکەم. «یەهودا49‏:8 وشەی (یەهودا) لە ڕووی دەنگەوە لە وشەی (ستایش)ی عیبری نزیکە.‏، براکانت ستایشی تۆ دەکەن، دەستت لەسەر پشتەملی دوژمنانت دەبێت، کوڕانی باوکیشت کڕنۆشت بۆ دەبەن. بەچکە شێرە یەهودا، لەسەر نێچیر گەڕایتەوە، کوڕی خۆم. خۆی نوشتاندەوە، خۆی مات دا، وەک شێر، وەک شێرە مێ، کێ هەڵیدەستێنێت؟ داردەستەکە لە یەهودا دانابڕێت، گۆچانی فەرمانکردنیش لەنێوان قاچەکانی، هەتا ئەو کەسە دێت کە خاوەنیەتی،49‏:10 پێشبینییەکە بۆ هاتنی مەسیح.‏ گەلان هەر بۆ ئەو ملکەچ دەبن. نێرەکەرەکەی بە دار مێو دەبەستێتەوە و ماکەرەکەی بە باشترین لقە مێوەوە. جلەکانی لەناو شەراب دەشوات و پۆشاکەکەی لەناو خوێنی ترێ. چاوەکانی لە شەراب تۆخترن و ددانەکانی لە شیر سپیترن. «زەبولون لە کەناری دەریا نیشتەجێ دەبێت، دەبێتە بەندەری کەشتییەکان، سنووریشی هەتا سەیدا دەبێت. «یەساخار نێرەکەرێکی زەبەلاحە و لەنێوان دوو هەگبە مات بووە. بینی شوێنێکی باشە بۆ پشوودان و زەوییەکەی دڵگیرە، شانی دەچەمێتەوە بۆ بار و دەبێتە کۆیلەی کاری زۆرەملێ. «دان دادوەری گەلەکەی خۆی دەکات، وەک یەکێک لە هۆزەکانی ئیسرائیل. دان مارێک دەبێت لەسەر ڕێگا، مارێکی ژەهراوی لەسەر ڕێڕەو، بە پاژنەی ئەسپەوە دەدات و سوارەکەی بەرەو دواوە بەردەبێتەوە. «ئەی یەزدان، چاوەڕێی ڕزگاریی تۆم. «چەتە پەلاماری گاد دەدەن، بەڵام ئەو دەگاتە پاژنەی پێیان و پەلاماریان دەدات. «لە ئاشێر نانی چەور دەبێت، ئەو خواردنی چەور و بەتام دەداتە پاشایان. «نەفتالی ئاسکێکی دەرپەڕیوە و بەچکەی جوانی دەبێت. «یوسف مێوێکی بەردارە، مێوێکی بەردارە لەسەر کانیاو، چڵەکانی بەسەر دیوارێکدا هەڵگەڕاون. تیرئەندازان دڕندانە پەلاماریان دا و ڕمیان تێگرت و هەراسانیان کرد. بەڵام کەوانەکەی بە توندوتۆڵی مایەوە، بازووەکانی دەستی لێزان بوون، بە دەستی توانادارەکەی یاقوب، بە ناوی شوانەکە، تاشەبەردەکەی ئیسرائیل49‏:24 ڕەوانبێژی لێکچواندنە، مەبەستی یەزدانە.‏، بەهۆی خوداکەی باوکتەوە کە یارمەتیت دەدات، بەهۆی هەرە بەتواناوە کە بەرەکەتدارت دەکات، بە بەرەکەتەکانی ئاسمان لە سەرەوە و بەرەکەتەکانی ئەو قووڵاییەی ماتە لە ژێرەوە، بەرەکەتەکانی هەردوو مەمک و منداڵدان. بەرەکەتەکانی باوکت مەزنترن لە بەرەکەتەکانی چیای هەتاهەتایی، لە بەخشندەیی گردە دێرینەکان. با بەسەر سەری یوسفەوە بن، بەسەر ناوچەوانی جیاکراوە لە براکانی. «بنیامین گورگێکی دڕندەیە، بەیانییان نێچیر دەخوات و ئێوارانیش دەستکەوت دابەش دەکات.» هەموو ئەمانە دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیلن. ئەمەش ئەوە بوو کە باوکیان پێی گوتن و داوای بەرەکەتی بۆ کردن، هەریەکەیان بەپێی بەرەکەتەکەی خۆی داوای بەرەکەتی بۆ کردن. مردنی یاقوب ئینجا فەرمانی پێدان و پێی گوتن: «من دەچمە پاڵ گەلەکەی خۆم. لەلای باوباپیرانم بمنێژن، لەو ئەشکەوتەی لەناو کێڵگەکەی عەفرۆنی حیتییە، کە لە کێڵگەکەی مەخپێلەیە و ڕووەو مەمرێیە لە خاکی کەنعان، ئەوەی ئیبراهیم لەگەڵ کێڵگەکەدا لە عەفرۆنی حیتی کڕی تاکو بیکات بە گۆڕستان. ئیبراهیم و سارای ژنی لەوێ نێژراون، ئیسحاق و ڕڤقەی ژنیشی لەوێ نێژراون، هەر لەوێش لێئەم ناشت. کێڵگەکە و ئەشکەوتەکەی ناوی لە حیتییەکان کڕدرابوون.» کاتێک یاقوب لە ڕاسپاردنی کوڕەکانی تەواو بوو، هەردوو پێی خۆی خستەوە سەر قەرەوێڵەکە و دواهەناسەی دا و چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی. یوسف خۆی دا بەسەر ڕووی باوکیدا و بەسەریدا گریا و ماچی کرد. ئینجا یوسف فەرمانی دا بە خزمەتکارە پزیشکەکانی کە باوکی مۆمیا بکەن. پزیشکەکانیش ئیسرائیلیان مۆمیا کرد. مۆمیاکردنەکە چل ڕۆژی پێچوو، چونکە بەوەندە ڕۆژە کارەکە تەواو دەبوو. میسرییەکانیش حەفتا ڕۆژ بۆی گریان. کە ڕۆژانی گریان بەسەرچوو، یوسف لەگەڵ ماڵی فیرعەون قسەی کرد و گوتی: «ئەگەر جێی ڕەزامەندیتانم، ئەوا قسە لەگەڵ فیرعەون بکەن و پێی بڵێن، کە باوکم سوێندی داوم و گوتوویەتی: ”وا من دەمرم، لەو گۆڕەدا بمنێژن کە لە خاکی کەنعان بۆ خۆمم هەڵکەندووە.“ ئێستاش ڕێگام بدە کە بچم باوکم بنێژم و بگەڕێمەوە.» فیرعەونیش پێی گوت: «بڕۆ و بەو جۆرەی سوێندی داویت، باوکت بنێژە.» ئیتر یوسف بۆ ناشتنی باوکی چوو. لەگەڵی هەموو خزمەتکارانی فیرعەون، پیرانی ماڵەکەی و هەموو پیرانی خاکی میسر چوون، لەگەڵ تێکڕای ماڵی یوسف و براکانی و ماڵی باوکی. تەنها منداڵەکان و ڕانە مەڕ و گاگەلیان لە خاکی گۆشەن بەجێهێشت. کۆمەڵێکی زۆر گالیسکە و ئەسپ سواریش لەگەڵی چوون. ئینجا گەیشتنە سەر جۆخینەکەی50‏:10 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.‏ ئاتاد، کە لەوبەری ڕووباری ئوردونە، لەوێ شیوەنێکی زۆر گەورە و توندیان گێڕا. یوسف حەوت ڕۆژ ماتەمی بۆ باوکی دانا. کاتێک کەنعانییەکانی دانیشتووی ئەو خاکە ئەم ماتەمەیان لەسەر جۆخینەکەی ئاتاد بینی، گوتیان: «ئەمە ماتەمێکی گەورەی میسرییەکانە.» لەبەر ئەوە ناونرا ئابێل میسرایم50‏:11 ئابێل میسرایم واتا ماتەمی میسرییەکان.‏ کە لەوبەری ڕووباری ئوردونە. کوڕەکانی یاقوبیش چۆنی ڕاسپاردبوون ئاوایان بۆ کرد. جا کوڕەکانی هەڵیانگرت و بردیان بۆ خاکی کەنعان و لە ئەشکەوتەکەی ئەو کێڵگەیەی لە مەخپێلە ناشتیان، ئەوەی کە ڕووەو مەمرێیە و ئیبراهیم لەگەڵ کێڵگەکە لە عەفرۆنی حیتی کڕی تاکو بیکات بە گۆڕستان. ئیتر یوسف و براکانی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بۆ ناشتنی باوکی چوون، دوای ناشتنی باوکی گەڕانەوە بۆ میسر. یوسف دڵنەوایی براکانی دەداتەوە کاتێک براکانی یوسف بینییان باوکیان مرد، گوتیان: «نەکات یوسف قینمان لێ هەڵبگرێت و هەموو ئەو خراپەیەی بەرامبەری کردوومانە بەسەرمانی بهێنێتەوە.» ئیتر پەیامیان بۆ یوسف نارد و گوتیان: «باوکت پێش مردنی ڕایسپاردووین و گوتوویەتی: ”ئاوا بە یوسف دەڵێن: داواکارم لێت لە تاوانی براکانت و گوناهەکەیان ببوریت، چونکە خراپەیان لەگەڵت کرد.“ ئێستاش لە تاوانی بەندەکانی خودای باوکت خۆشبە.» کاتێک پەیامەکەیان گەیشت، یوسف دەستی بە گریان کرد. دوای ئەوە براکانی هاتن و لەبەردەمیدا کەوتن و گوتیان: «ئەوەتاین، ئێمە کۆیلەی تۆین.» بەڵام یوسف پێی گوتن: «مەترسن. ئایا من لە جێی خودام؟ مەبەستی ئێوە خراپە بوو بۆم، بەڵام خودا کردی بە چاکە تاکو وەک ئەمڕۆ بکات، بۆ بە زیندوو هێشتنەوەی خەڵکێکی زۆر. ئێستاش مەترسن. من خۆتان و منداڵەکانتان بەخێو دەکەم.» ئیتر دڵنەوایی کردن و قسەی دڵخۆشکەرەی بۆ کردن. مردنی یوسف یوسف خۆی و ماڵی باوکی لە میسر نیشتەجێ بوون. یوسف سەد و دە ساڵ ژیا و منداڵەکانی ئەفرایمیشی بینی، کە دەکاتە نەوەی سێیەم. هەروەها ئەوەندە ژیا کە منداڵەکانی ماکیری کوڕی مەنەشەی بینی ناوی ئەویان وەرگرتووە. ئینجا یوسف بە براکانی گوت: «من دەمرم، بەڵام خودا خۆی بەسەرتان دەکاتەوە و لەم خاکەوە دەتانباتەوە ئەو خاکەی کە بە سوێند بەڵێنی داوە بیداتە ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب.» ئیتر یوسف نەوەی ئیسرائیلی سوێند دا و گوتی: «بێگومان خودا بەسەرتان دەکاتەوە، دەبێت ئێوەش لێرەوە ئێسقانەکانم ببەنەوە.» دوای ئەوە یوسف لە تەمەنی سەد و دە ساڵیدا مرد. ئیتر مۆمیایان کرد و لە میسر خرایە تابووتەوە.