- Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version
حزقیێل
حزقیێل
حزقیێل
حزقیێل
حزقیێل
گیانلەبەرەکان و شکۆمەندی یەزدان
لە پێنجی مانگی چواری ساڵی سییەم،1:1 دەشێت ساڵی سییەمی ژیانی حزقیێل بێت. کاتێک من لەسەر نۆکەندی کەڤار لەنێو ڕاپێچکراوەکان بووم، ئاسمان کرایەوە و خودا چەند بینینێکی بۆ ئاشکرا کردم. ئەمەش ساڵی پێنجەمی ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشا بوو.1:2 ساڵی پێنجەمی ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشا بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە ساڵی 593 پێش زایین.
لە پێنجی مانگدا، فەرمایشتی یەزدان بۆ حزقیێلی کاهین کوڕی بوزی هات، لە خاکی بابلییەکان لەسەر نۆکەندی کەڤار، لەوێش ڕۆحی یەزدان هاتە سەری.
جا تەماشام کرد بینیم ڕەشەبایەک لە باکوورەوە هات، هەورێکی گەورە کە ئاگرێکی تێدابوو دەبریسکایەوە و لە دەوروبەری ڕووناکی دەدرەوشایەوە. لە چەقی ناوەڕاستی ئاگرەکەش وەک دیمەنی کانزایەکی ئاگراوی بوو. لە هەورەکەشدا شێوەی چوار گیانلەبەر هەبوو، ئەمەش دیمەنیان بوو، لە شێوەدا لە دیمەنی مرۆڤێک دەچوو، بەڵام هەریەکە چوار ڕوخسار و چوار باڵی هەبوو. قاچەکانیان ڕێکوڕاست بوون و پێیەکانیان وەک پێی گوێرەکە وابوون، وەک بڕۆنزی لووسکراو دەبریقانەوە. لە خوار باڵەکانیانەوە لە هەر چوار لاوە دەستی مرۆڤیان هەبوو. هەر چوار گیانلەبەرەکە ڕوخسار و باڵیان هەبوو، باڵەکانیشیان هەریەکە و بەوەی تەنیشتیەوە لکابوو. لە کاتی ڕۆیشتندا هەریەکە ڕێک بەرەو پێشەوە دەڕۆیشت و لای نەدەدا.
ڕوخساری هەر چواریان بەم شێوەیە بوو: لەپێشەوە ڕوخساری مرۆڤ، لەلای ڕاست ڕوخساری شێر، لەلای چەپ ڕوخساری گا، لە پشتەوەش ڕوخساری هەڵۆ، ئەمە ڕوخساریان بوو. هەروەها باڵەکانیان بەرەو سەرەوە لێک کرابوونەوە، هەریەکە بە دوو باڵ بە گیانلەبەرەکەی دیکەوە لکابوو، بە دوو باڵەکەی دیکەش لەشی خۆیان دادەپۆشی. هەریەکەیان بەرەو پێشەوە دەڕۆیشت، ڕۆحی خودا دەچووە هەر شوێنێک ئەوانیش دەچوون، لە ڕۆیشتنیش لایان نەدەدا. هەروەها دیمەنی گیانلەبەرەکان وەک پشکۆی ئاگری داگیرساو یان وەک چەند مەشخەڵێک بوون. ئاگر لەنێوان گیانلەبەرەکاندا هاتوچۆی دەکرد، ئاگرەکەش ڕەوشەن بوو، لە ئاگرەکەوە بروسکە دەردەچوو. گیانلەبەرەکانیش وەک بروسکە دەهاتن و دەچوون.
تەماشای گیانلەبەرەکانم کرد کە هەریەکەیان چوار ڕووی هەبوو، لەلای هەر یەکێکیان چەرخێک هەبوو لەسەر زەوی. دیمەن و پێکهاتنی چەرخەکان بەم جۆرە بوون: هەر چواریان یەک شێوەیان هەبوو، وەک زەبەرجەد دەبریسکانەوە، پێکهاتنیشیان وەک ئەوەی چەرخ لەناو چەرخدا بێت. کاتێک کە دەڕۆیشتن، بە ئاراستەی هەر چوار لادا دەڕۆیشتن، چەرخەکان لە کاتی ڕۆیشتنی گیانلەبەرەکاندا لایان نەدەدا. هەروەها چێوەکانیان بەرز و ترسناک بوون، چێوەکانی هەر چواریان پڕ بوون لە چاو1:18 دەشێت مەبەست لە بەردی گرانبەها بێت، کە لە شێوەی چاودایە. لە هەر چواردەوریاندا.
کە گیانلەبەرەکان دەڕۆیشتن، چەرخەکان لەتەنیشتیانەوە دەڕۆیشتن. کاتێک گیانلەبەرەکان لەسەر زەوی بەرز دەبوونەوە، چەرخەکانیش لەگەڵیاندا بەرز دەبوونەوە. بۆ هەرکوێ ڕۆحی خودا دەڕۆیشت ئەوانیش دەچوون، چەرخەکانیش لەگەڵیاندا بەرز دەبوونەوە، چونکە ڕۆحی گیانلەبەرەکان لە چەرخەکاندا بوو. کە گیانلەبەرەکان دەجوڵانەوە، چەرخەکانیش دەجوڵانەوە، کە گیانلەبەرەکان دەوەستان ئەوانیش دەوەستان، کە گیانلەبەرەکان لەسەر زەوی بەرز دەبوونەوە چەرخەکانیش لەگەڵیاندا بەرز دەبوونەوە، چونکە ڕۆحی گیانلەبەرەکان لە چەرخەکاندا بوو.
لە سەرەوە بەسەر سەری گیانلەبەرەکانەوە شێوەی بۆشاییەک خۆی کێشا بووەوە، وەک دیمەنی بلوور دەبریسکایەوە و ترسناک بوو. لەژێر بۆشاییەکە باڵەکانیان بەرەو یەکتر درێژ ببوونەوە، هەروەها هەریەکە دوو باڵی دیکەی هەبوو کە لەشیانی دادەپۆشی. کە ڕۆیشتن گوێم لە دەنگی باڵەکانیان بوو وەک دەنگی هاژەی ئاوێکی زۆر بوو، وەک دەنگی خودای هەرە بەتوانا، وەک دەنگی هاتوهاواری سوپا. کاتێک کە ڕاوەستان باڵەکانیان شۆڕ کردەوە.
کاتێک کە ڕاوەستان و باڵەکانیان شۆڕکردەوە، دەنگێک لە بۆشاییەکەی سەر سەریانەوە هات. لەسەر بۆشاییەکەی سەر سەریان، شتێکی وەک تەختێکی پاشایەتی هەبوو، لە دیمەنی یاقووتی شین1:26 یاقووتی شین: دەشێت لاجیوەرد بێت. دەچوو، لە سەرووی هەموویەوە شێوەیەک وەک دیمەنی مرۆڤ لەسەر تەختەکە بوو. بینیم لە ناوقەدی بەرەو سەرەوە وەک دیمەنی کانزایەکی ئاگرین لەناوەوە و لە دەوروبەری، لە ناوقەدیشی بەرەو خوارەوە بە چەشنی ئاگر بوو، شەوقی دەدایەوە بۆ دەوروپشتی. وەک دیمەنی پەلکەزێڕینە لە هەوردا لە ڕۆژی باران، شەوقەکەش ئاوا بوو بۆ دەوروبەری.
ئەمە دیمەنی شێوەی شکۆمەندی یەزدان بوو. کاتێک بینیم بەسەر ڕوومدا کەوتم و گوێم لە دەنگێک بوو قسەی دەکرد.
بانگکردنی حزقیێل
پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، هەستە سەر پێیەکانت، قسەت لەگەڵ دەکەم.» کە قسەی بۆ دەکردم، ڕۆحی خودا هاتە ناوم و هەڵیستاندمەوە سەر پێیەکانم، گوێم لەوە بوو کە قسەی بۆ دەکردم.
پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، من بۆ لای نەوەی ئیسرائیل دەتنێرم، بۆ لای نەتەوەیەکی یاخی کە لە من یاخی بوون، ئەوان و باوکانیشیان هەتا ئەم ڕۆژەش لێم یاخی بوونە. ئەو گەلە کە بێ چاوەڕوون و کەللەڕەقن، من بۆ لای ئەوان دەتنێرم، پێیان دەڵێیت: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت.“ هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین، گوێ بگرن یان نەیگرن، دەزانن کە پێغەمبەرێکیان لەنێودا بووە. بەڵام تۆ ئەی کوڕی مرۆڤ، نە لە خۆیان و نە لە قسەکانیان مەترسە. مەترسە، هەرچەندە تۆ لەنێو بنەماڵەیەکی یاخی دادەنیشیت کە دەبنە دڕکوداڵ و دووپشک بۆت. لە قسەکانیان مەترسە و لێیان مەتۆقە. هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین، دەبێت بە فەرموودەکانی من لەگەڵیان بدوێیت، گوێ بگرن یان نەیگرن. ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆش گوێ لەوە بگرە کە پێت دەفەرمووم، وەک بنەماڵەی یاخیبوو یاخی مەبە. دەمت بکەرەوە و ئەوەی دەتدەمێ بیخۆ.»
کە تەماشام کرد دەستێک بۆ لام درێژکراوە و تۆمارێکی پێچراوی تێدایە. لەبەردەمم کردییەوە و لەناوەوە و لەپشتەوەشی لاوانەوە و گریان و واوەیلا نووسرابوون.
پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەوەی لەپێشتە بیخۆ، ئەم تۆمارە پێچراوەیە بخۆ و بڕۆ لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە.» منیش دەمم کردەوە و ئەو تۆمارەی دەرخواردم دا.
پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بیخۆ و هەناوت پڕ بکە لەو تۆمارەی کە دامە تۆ.» منیش خواردم و لە دەمم وەک هەنگوین شیرین بوو.
پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بڕۆ بۆ لای بنەماڵەی ئیسرائیل و بە فەرموودەکانی من لەگەڵیان بدوێ. بۆ لای گەلێکی قسە ئاڵۆز و زمان گران نەنێردراویت، بەڵکو بۆ لای بنەماڵەی ئیسرائیل، نەک بۆ لای چەند گەلێک کە زمانیان قورس و قسەیان ئاڵۆز بێت کە لە گفتوگۆیان تێنەگەیت، چونکە ئەگەر تۆم بۆ لای ئەوانە بناردایە گوێیان لێ دەگرتیت. بەڵام بنەماڵەی ئیسرائیل نایانەوێت گوێت لێ بگرن، چونکە نایانەوێت گوێ لە من بگرن، لەبەر ئەوەی هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل کەللەڕەق و دڵڕەقن. لەبەر ئەوە من ڕووی تۆم وەک ڕووی ئەوان چیڕ کردووە و کەللەی تۆ وەک کەللە ڕەقی ئەوان. ناوچەوانی تۆم وەک ئەڵماس لێکردووە، لە بەردەئەستێ ڕەقتر، جا لێیان مەترسە و مەتۆقە، هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین.»
ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، گوێ لە هەموو ئەو قسەیە بگرە کە من پێتی دەڵێم و لە دڵتدا هەڵیبگرە. بۆ لای ڕاپێچکراوەکان بڕۆ، بۆ لای هاونیشتیمانیانت و قسەیان لەگەڵ بکە. گوێ بگرن یان نەگرن، پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت.“»
ڕۆحی خودا هەڵیگرتم، کاتێک شکۆمەندی یەزدان لەو شوێنە بەرز دەبووەوە کە تێیدا ڕاوەستابوو لە پشتمەوە گرمەیەک بەرزبووەوە. دەنگی باڵی گیانلەبەرەکان کە هەریەکە و بەوەی تەنیشتی دەکەوت، هەروەها دەنگی چەرخەکان، وەک دەنگی گرمەیەکی گەورە بوون. جا ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و منی برد. هێزی یەزدانیش ناچاری کردم، منیش بە ڕۆحێکی تاڵ و تووڕەییەوە ڕۆیشتم. ئیتر هاتمە لای ئەو ڕاپێچکراوانەی لە تێلئاڤیڤ لەلای نۆکەندی کەڤار نیشتەجێ بوون. حەوت ڕۆژ بە سەرسوڕماوی لەوێ نیشتەجێ بووم.
دانانی حزقیێل بە چاودێر
دوای حەوت ڕۆژەکە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، من تۆم کردووە بە چاودێر بەسەر بنەماڵەی ئیسرائیلەوە، ئیتر وشەکە لە دەمی منەوە ببیستە و بە ناوی من ئاگاداریان بکەرەوە. کاتێک بە بەدکار دەڵێم: ”سزاکەت مردنە“ و تۆش بەدکارەکە ئاگادار نەکەیتەوە و قسە نەکەیت وەک ئاگادارکردنەوە بۆ بەدکار لە ڕێگا خراپەکانی بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێنێتەوە، ئەو بەدکارە بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام خوێنەکەی دەخەمە ئەستۆی تۆ. بەڵام ئەگەر تۆ بەدکارەکە ئاگادار بکەیتەوە و ئەویش واز لە بەدکاری و لە ڕێگا خراپەکەی نەهێنێت، ئەوا بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام تۆ خۆتت ڕزگار کردووە.
«ئەگەر کەسی ڕاستودروستیش لە ڕاستودروستی خۆی بگەڕێتەوە و تاوان بکات، کۆسپ دەخەمە ڕێگای و دەمرێت. لەبەر ئەوەی ئاگادارت نەکردەوە گوناهەکەی دەبێتە هۆی مردنی و ئەو ڕاستودروستییەی کە کردوویەتی لەیاد دەکرێت، خوێنەکەشی دەخەمە ئەستۆی تۆ. بەڵام ئەگەر تۆ کەسی ڕاستودروستەکەت ئاگادار کردەوە لەوەی ڕاستودروستەکە گوناه بکات و گوناهی نەکرد، ئەوا دەژیێت، چونکە ئاگادار کرایەوە و تۆش خۆتت ڕزگار کردووە.»
لەوێ هێزی یەزدان هاتە سەرم، ئەویش پێی فەرمووم: «هەستە بڕۆ دەشتاییەکە، لەوێ قسەت لەگەڵ دەکەم.» منیش هەستام و چوومە دەرەوە بەرەو دەشتاییەکە. ئەوەتا شکۆمەندی یەزدان لەوێ وەستاوە وەک ئەو شکۆمەندییەی لەسەر نۆکەندی کەڤار بینیم، ئیتر بەسەر ڕوومدا کەوتم.
ئینجا ڕۆحی خودا هاتە ناومەوە و هەڵیستاندمە سەر پێیەکانم، قسەی لەگەڵ کردم و پێی فەرمووم: «بڕۆ و لەناو ماڵەکەت دەرگا لەسەر خۆت دابخە. تۆ ئەی کوڕی مرۆڤ، بە گوریس دەتبەستنەوە و کۆت دەکرێیت، بۆ ئەوەی نەتوانیت بچیتە ناویان. منیش زمانت بە مەڵاشووتەوە دەنووسێنم و لاڵ دەبیت، بۆیان نابیت بە پیاوێکی سەرزەنشتکار، چونکە بنەماڵەیەکی یاخین. بەڵام کاتێک قسەت لەگەڵ دەکەم دەمت دەکەمەوە و پێیان دەڵێیت: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت.“ ئەوەی گوێ دەگرێت با گوێ بگرێت و ئەوەی گوێ ناگرێت با گوێ نەگرێت، چونکە بنەماڵەیەکی یاخین.
نیشانەی گەمارۆدانی ئۆرشەلیم
«ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ، خشتێک بۆ خۆت ببە و لەبەردەمی خۆتی دابنێ و وێنەی شاری ئۆرشەلیمی لەسەر بکێشە. گەمارۆی بدە: قوللە لە دەوری بنیاد بنێ، سەنگەر لە دەوری دروستبکە، لەشکر لە دەوری کۆبکەرەوە و مەنجەنیق لە دەوری دابنێ. ئینجا ساجێکی ئاسن بۆ خۆت ببە و بیکە بە شوورایەکی ئاسن لەنێوان خۆت و شارەکە، چاوی تێ ببڕە، جا لەژێر گەمارۆ دەبێت و گەمارۆی دەدەیت. ئەوە دەبێتە نیشانەیەک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
«ئینجا لەسەر تەنیشتی چەپەت ڕابکشێ و تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل بخە سەر خۆت، بە ژمارەی ئەو ڕۆژانەی ڕادەکشێی تاوانی ئەوان دەخەیتە ئەستۆی خۆت. منیش ساڵانی تاوانی ئەوانم بۆ کردووی بە ژمارەی ڕۆژەکان، لەبەر ئەوە سێ سەد و نەوەد ڕۆژ تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل دەخەیتە ئەستۆی خۆت.
«کاتێک تەواوت کرد، لەسەر لای ڕاستت ڕابکشێ، جا بۆ ماوەی چل ڕۆژ تاوانی بنەماڵەی یەهودا دەخەیتە ئەستۆی خۆت، هەر ڕۆژێک لە جیاتی ساڵێک. جا ڕووت لە گەمارۆی ئۆرشەلیم بکە و بازووی لێ هەڵبکە و پێشبینی لەسەر بکە. من بە گوریس دەتبەستمەوە بۆ ئەوەی لەم تەنیشتەوە خۆت وەرنەگەڕێنیتە سەر ئەو تەنیشت هەتا ڕۆژانی گەمارۆکەت تەواو دەکەیت.
«تۆش گەنم و جۆ و پاقلە و نیسک و هەرزن و ماش بۆ خۆت ببە و لەناو یەک دەفردا دایانبنێ، بۆ خۆت بیکە بە نانی ڕۆژانە بە ژمارەی ئەو ڕۆژانەی لەسەر تەنیشت ڕادەکشێیت، سێ سەد و نەوەد ڕۆژ لێی دەخۆیت. ئەو خواردنەش کە دەیخۆیت بە کێشانە دەبێت، هەر ڕۆژەی بیست شاقل4:10 نزیکەی 0,2 کیلۆگرام.، هەر جارێک کەمێکی دەیخۆیت. ئاویش بە پێوانە دەخۆیتەوە، یەک لەسەر شەشی هەینێک4:11 یەک لەسەر شەشی هەینێک: نزیکەی 0,6 لیتر.، هەر جارێک کەمێکی دەخۆیتەوە. کولێرەی جۆ دەخۆیت، لەسەر ئەو پیساییەی لە مرۆڤەوە دەردەچێت لەبەرچاویان دەیبرژێنیت.» یەزدان فەرمووی: «نەوەکانی ئیسرائیل بەم چەشنە نانی گڵاو دەخۆن لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆ لایان دەریاندەکەم.»
منیش گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست! هەرگیز خۆمم گڵاو نەکردووە. لە منداڵیمەوە هەتا ئێستا نە گۆشتی ئاژەڵی مردارەوەبوو و نە گۆشتی نێچیرم خواردووە. هیچ گۆشتێکی گڵاو نەچووەتە دەممەوە.»
ئەویش پێی فەرمووم: «تەماشا بکە، ڕیخی مانگام بۆت دانا لە جیاتی پیسایی مرۆڤ، جا نانەکەتی لەسەر دروستدەکەیت.»
هەروەها پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، من نان لە ئۆرشەلیم دەبڕم، جا نان بە کێشان و بە خەمەوە دەخۆن و ئاویش بە پێوانە و بە ترسەوە دەخۆنەوە. ئیتر نان و ئاویان کەم دەبێت و لە دیمەنی یەکتر دەتۆقن و بەهۆی تاوانەکەیانەوە لەناو دەچن.
«ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ، شمشێرێکی تیژ وەک گوێزانی سەرتاش بۆ خۆت ببە و بەسەر سەر و ڕیشتدا بیهێنە. تەرازووێک بۆ کێشان بۆ خۆت ببە مووەکە بەش بکە. کە ڕۆژانی گەمارۆکە تەواو دەبێت سێیەکی لە ناوەڕاستی شارەکەدا بە ئاگر بسووتێنە، سێیەکیشی ببە و لە دەوروبەری شارەکە بە شمشێر لێی بدە، سێیەکیشی بە بادا بکە، لەبەر ئەوەی من بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم. چەند تاڵێک مووی کەم بە ژمارە لێی ببە و بە دامێنی کراسەکەی خۆتەوە گرێی بدە. هەروەها هەندێکیشی ببە و فڕێیبدە ناو ئاگر و بە ئاگر بیسووتێنە. لەوەوە ئاگر دەردەچێت بۆ سەر هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل.
«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەمە ئۆرشەلیمە کە لە ناوەڕاستی نەتەوەکاندا داممەزراند، چەند خاکێکیش بە چواردەوریدا. جا لە نەتەوەکان و لە خاکەکانی دەوروبەری خراپتر لە حوکم و لە فەرزەکانم یاخی بوو، چونکە حوکمەکانی منیان ڕەتکردەوە و بە ڕێگای فەرزەکانی مندا نەڕۆیشتن.
«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو نەتەوانەی دەوروبەرتان زیاتر هاتوهەراتان کرد و بە ڕێگای فەرزەکانی مندا نەڕۆیشتن و بەپێی حوکمەکانی منتان نەکرد. تەنانەت بەپێی بنەماکانی نەتەوەکانی دەوروبەریشتان نەڕۆیشتن.
«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی ئۆرشەلیم، منیش لە دژی تۆم، لەبەرچاوی نەتەوەکان سزاکان بەسەرتدا دەسەپێنم. لەبەر هەموو بتە قێزەونەکانت، وات پێ دەکەم کە نەمکردووە، پاشان وەک ئەوە ناکەمەوە. لەبەر ئەوە لەناو تۆدا باوک کوڕ دەخوات و کوڕیش باوکی دەخوات، سزاکانم دەسەپێنم و هەموو پاشماوەکەت بە دەم هەموو بایەکەوە پەرتەوازە دەکەم. لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، لەبەر ئەوەی بە هەموو پەیکەرە گڵاو و وێنە قێزەونەکانت5:11 بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە گڵاوکردنی پەرستگای ئۆرشەلیم، بڕوانە [حزقیێل 8:3-16]. پیرۆزگای منت گڵاوکرد، پاڵپشتیت ناکەم و بە چاوی بەزەییەوە تەماشات ناکەم و دەستم لێت ناپارێزم. سێیەکت بە دەرد دەمرێت و بە قاتوقڕی لە ناوەڕاستی تۆدا لەناودەچن، سێیەکیشت بە شمشێر لە دەوروبەرت دەکوژرێن، سێیەکیشت بە دەم هەموو بایەکدا پەرتەوازە دەکەم و بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم.
«ئینجا تووڕەییم تەواو دەبێت و هەڵچوونم دادەمرکێتەوە و تۆڵەیان لێ ناکەمەوە. کاتێک هەڵچوونم هەڵڕشت دەزانن کە من یەزدانم لە کاتی دڵگەرمیم فەرمووم.
«وێران و ڕیسوات دەکەم لەنێو ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتدان، لەبەرچاوی هەموو ڕێبوارێک. جا ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتدان لێت دەتۆقن و دەبیتە مایەی ڕیسوایی و جنێو و ئاگادارکردنەوە، کە بە تووڕەیی و هەڵچوون و سەرزەنشتی توندەوە سزام بەسەرتدا سەپاند. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو. کە تیری کوشندەی قاتوقڕیم تێگرتن، ئەوەی بۆ وێرانی دەبێت، بۆ وێرانیتان دەیهاوێم. نانتان لێ دەبڕم و قاتوقڕیتان لەسەر زیاد دەکەم. کاتێک قاتوقڕی و دڕندەی خراپ دەنێرمە سەرتان، جەرگتان دەسووتێنن. دەرد و خوێن بەناوتدا تێدەپەڕێت و شمشێر بەسەرتدا دەهێنم.5:17 مەبەستی لە شاری ئۆرشەلیمە. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.»
فەرمایشتێک سەبارەت بە چیاکانی ئیسرائیل
هەروەها فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە چیاکانی ئیسرائیل بکە و پێشبینی لە دژی بکە. بڵێ: ”ئەی چیاکانی ئیسرائیل گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەست بگرن. یەزدانی باڵادەست بە چیاکان و بە گردەکان، بە شیوەکان و بە دۆڵەکان ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم شمشێرێکتان بەسەردا دەهێنم و نزرگەکانی سەر بەرزاییەکانتان لەناودەبەم. جا قوربانگاکانتان وێران دەبن و قوربانگاکانی بخوورتان دەشکێن و کوژراوەکانتان فڕێدەدەمە بەردەم بتەکانتان. لاشەکانی نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم بتەکانیان دادەنێم و ئێسکەکانتان لە دەوری قوربانگاکانتان بڵاو دەکەمەوە. لە هەموو نشینگەکانتان شارۆچکەکان چۆڵ دەبن، نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان کاول دەبن بۆ ئەوەی قوربانگاکانتان چۆڵ و وێران بن، بتەکانیشتان دەشکێن و نامێنن، قوربانگاکانی خۆرتان دەبڕێنەوە، دروستکراوەکانتان دەسڕێنەوە. خەڵکانێک لەنێوتان دەکوژرێن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
«”لەگەڵ ئەوەشدا پاشماوەتان لێ دەهێڵمەوە، کاتێک لەنێو خاک و نەتەوەکاندا پەرتەوازە دەبن و لە شمشێر دەرباز دەبن. دەربازبووانی ئەوان لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆیان ڕاپێچ کرابوون یادم دەکەنەوە و دێتەوە یادیان کە چۆن بەهۆی دڵە سۆزانییەکەیان و چاویان کە ئارەزووی بتیان دەکرد و بەهۆی بێوەفاییان بەرامبەر بە من دڵیان شکاندم. ئەو کاتە ڕقیان لە خۆیان دەبێتەوە لەبەر ئەو خراپەی کردوویانە و لەبەر هەموو نەریتە قێزەونەکانیان. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، لەخۆڕایی نەمفەرموو کە ئەم کارەساتەیان بەسەردا دەهێنم.
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە دەستت لێ بدە و بە پێیەکانت بکوتە و بڵێ، ’ئای بە داخەوە!‘ لەبەر هەموو ئەو نەریتە خراپ و قێزەونانەی بنەماڵەی ئیسرائیل، کە بەهۆیەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دەمرن. ئەوەی دوورە بە دەرد دەمرێت و ئەوەی نزیکە بە شمشێر دەکوژرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە و پارێزراوە بە قاتوقڕی دەمرێت. جا تووڕەییم بەسەریاندا هەڵدەڕێژم. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک کوژراوەکانیان لەنێو بتەکانیان لە چواردەوری قوربانگاکانیان دەکەون، لەسەر هەموو گردێکی بەرز، لەسەر لووتکەی هەموو چیاکان، لەژێر هەموو دارێکی سەوز و دار بەڕووێکی گەڵادار، لە هەر شوێنێک بخووری بۆنخۆشیان پێشکەش بە بتەکانیان دەکرد. دەستم بۆیان درێژ دەکەم و خاکەکە چۆڵ و کاول دەکەم، لە چۆڵەوانییەوە هەتا دیڤلە، لە هەموو نشینگەکانیان. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»
نزیکبوونەوەی کۆتایی
هەروەها فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، یەزدانی باڵادەست ئەمە بە خاکی ئیسرائیل دەفەرموێت:
«”کۆتایی! کۆتاییەکە هات!
هەر چوار لای خاکەکەی گرتەوە.
ئێستاش کۆتاییەکەت نزیک بووەتەوە،
تووڕەییم بەسەرتدا دەبارێنم.
بەگوێرەی ڕەفتارەکانت حوکمت بەسەردا دەدەم و
سزای هەموو نەریتە قێزەونەکانت دەدەمەوە.
جا چاوەکانم بەزەیی پێتدا نایەتەوە و
دەستم لێت ناپارێزم،
بەڵکو سزای ڕەفتارەکانت دەدەم،
سزای ئەو نەریتە قێزەونانەش دەدەم کە لەنێوتان دەکرێن.
ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“
«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”بەڵایەک دێت!
بەڵایەک لەمەوپێش لە وێنەی نەبووە!
کۆتاییەکە هات!
کۆتاییەکە هات!
ئاوڕی لێت دایەوە،
ببینە، وا هات!
ئەی دانیشتووی خاکەکە نۆرە گەیشتە سەرت،
کاتەکەی هات و ڕۆژەکە نزیک بووەتەوە،
لەسەر چیاکان هاتوهەرایە،
نەک هاواری خۆشی.
ئێستا بەم زووانە تووڕەیی خۆم بەسەر تۆدا دەبارێنم و
هەڵچوونی خۆم هەڵدەڕێژم،
بەپێی کردەوەکانت حوکمت بەسەردا دەدەم و
لەسەر هەموو نەریتە قێزەونەکان سزات دەدەم.
جا چاوەکانم بەزەیی پێتدا نایەتەوە و
دەستم لێت ناپارێزم،
بەڵکو سزای ڕەفتارەکانت دەدەم،
سزای ئەو نەریتە قێزەونانەش کە لەنێوتان دەکرێن.
ئیتر دەزانن کە من یەزدانم لێتان دەدەم.
«”ئەوەتا ڕۆژەکە!
ئەوەتا هات!
چەرخ سووڕایەوە،
داردەست گوڵی کرد،
لووتبەرزی چرۆی کرد!
ستەم بووە داردەستی خراپە،
نە خۆیان و نە سامانیان و
نە هاتوهەرایان دەمێنێت،
شکۆیان نامێنێت.
کاتەکە هاتووە!
ڕۆژەکە گەیشتووە!
ئینجا نە کڕیار دڵخۆش دەبێت و
نە فرۆشیار خەمبار دەبێت،
چونکە تووڕەیی لەسەر هەموو خەڵکەکەیە.
فرۆشیار تەمەنی هەرچەند بێت
فرۆشراو وەرناگرێتەوە،7:13 مەبەستی لەوەیە کە ساڵی یۆبیل نابینێت، بڕوانە [لێڤییەکان 25:25-28].
چونکە ئەو پەیامەی خودا
بۆ هەموو خەڵکەکەیە ناگەڕێتەوە،
مرۆڤیش لەبەر تاوانەکەی
ناتوانێت دەست بە ژیانییەوە بگرێت.
«”هەرچەندە فوو لە کەڕەنا بکەن و
هەموو چەک و ئازووقەیەک ئامادە بکەن،
بەڵام کەس ناچێتە جەنگ،
چونکە تووڕەییم لەسەر هەموو خەڵکەکەیە.
شمشێر لە دەرەوە و
دەرد و قاتوقڕیش لەناوەوە.
ئەوەی لە دەشتودەرە بە شمشێر دەمرێت،
ئەوەش لە شارە قاتوقڕی و دەرد دەیخوات.
ئەوانەی دەرباز دەبن
هەڵدێن بۆ چیاکان و
وەک کۆتری دۆڵەکان هەموویان دەگمێنن،
هەریەکە و لەبەر تاوانەکەی خۆی.
هەموو دەستەکان شل دەبن و
هەموو ئەژنۆکان دەبن بە ئاو.
جلوبەرگی گوش7:18 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە. دەپۆشن و
ترس دایاندەگرێت.
ڕیسوایی لەسەر ڕوخساریان دەبێت و
سەریان دەڕووتێتەوە.
«”زیوەکانیان فڕێدەدەنە سەر شەقامەکان و
زێڕیان دەبێتە گڵاوی.
زێڕ و زیویان ناتوانێت
لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان فریایان بکەوێت.
بەوانە تێر نابن و هەر برسی دەبن،
چونکە ئەو شتانە بۆیان بوون بە کۆسپی تاوان.
بە خشڵە جوانەکانیشیان کە مایەی شانازی بوون
لە دروستکردنی بتە گڵاوەکانیان بەکاریانهێنا،
وێنەی قێزەونیان دروستکرد.
لەبەر ئەوە بۆیان دەکەم بە مایەی گڵاوی.
دەیدەمە دەست بێگانەکان بۆ تاڵانی،
هەروەها دەیدەمە بەدکارانی زەوی بۆ دزی،
جا گڵاوی دەکەن.
ڕووی خۆم لێیان وەردەگێڕم و
شوێنی بەنرخم گڵاو دەکەن،
توندوتیژەکان دێنە ناویەوە،
ئەوێ گڵاو دەکەن.
«”زنجیر دروستبکە بۆ بەدیلگرتن!
چونکە خاکەکە پڕ بووە لە تاوانی خوێنڕشتن،
شارەکەش پڕ بووە لە ستەم.
جا دڕندەترینی نەتەوەکان دەهێنم و
دەست بەسەر ماڵەکانیاندا دەگرن،
شانازیکردنی بەهێزەکان لەناودەبەم،
پیرۆزگاکانیان گڵاو دەبێت.
لە کاتی تۆقینیان
داوای ئاشتی دەکەن و نییە.
بەڵا لەسەر بەڵا و
هەواڵ لەسەر هەواڵ دێت،
داوای بینین لە پێغەمبەر دەکەن،
فێرکردن لەلای کاهین نامێنێت،
ڕاوێژکردنیش لەلای پیران.
پاشا دەگریێت و
میر نائومێد دەبێت،
دەستی گەلی خاکەکەش دەلەرزێت.
بەگوێرەی ڕەفتاری خۆیان بەسەریاندا دەهێنمەوە و
بەگوێرەی حوکمەکانی خۆیان حوکمیان بەسەردا دەدەم.
ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»
گڵاوکردنی پەرستگا
ئەوە بوو لە پێنجی مانگی شەشی ساڵی شەشەم،8:1 مەبەست لەو ماوەیە لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشای یەهودا بۆ بابل، کە بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە حەڤدەی مانگی نۆ ساڵی 592ی پێش زایین. کاتێک لە ماڵی خۆم دانیشتبووم و پیرانی یەهوداش بەرامبەرم دانیشتبوون، لەوێ ڕۆحی یەزدانی باڵادەست هاتە سەرم. جا تەماشام کرد ئەوەتا شێوەیەکی وەک مرۆڤم بینی، وێنەکەی لە ناوقەدیەوە بەرەو خوارەوە ئاگر و لە ناوقەدیەوە بەرەو سەرەوە وەک وێنەی بریسکانەوە لە شێوەی کانزایەکی ئاگراوی بوو. شتێکی درێژکرد لە شێوەی دەست بوو، بە قژی سەرم منی گرت. ڕۆحی خودا لەنێوان زەوی و ئاسماندا هەڵیگرتم و لە چەند بینینێکدا منی هێنایە ئۆرشەلیم، بۆ داڵانی دەروازەکەی حەوشەی ناوەوە، ئەوەی ڕووەو باکوورە کە دیوەخانی ئەو پەیکەرەیە8:3 مەبەست لە پەیکەری ئەشێرەی خواژنە کەنعانییەکانە کە خوداوەندی زاوزێ بوو، خەڵکی لە دەوروبەری وەک جۆرێک لە پەرستن هەموو داوێنپیسییەکیان دەکرد. بڕوانە [دووەم پاشایان 21:7]. کە ئیرەیی8:3 ئیرەیی: واتای هەڵوێستی توندی خودا بەرامبەر بە بتپەرستی، چونکە خودا دەیەوێت تەنها ئەو بپەرسترێت. خودا دەجۆشێنێت. شکۆمەندی خودای ئیسرائیل لەوێ بوو، وەک ئەو بینینەی کە لە دەشتەکە بۆم ئاشکرا کرا.
ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، چاوت بەرەو ڕێگای باکوور هەڵبڕە.» چاوم بەرەو ڕێگای باکوور هەڵبڕی و ئەو پەیکەرەم بینی کە ئیرەیی خودا دەجۆشێنێت، لەلای دەرگای باکووری حەوشەی قوربانگاکە، بەرامبەر دەروازەی باکوور.
پاشان پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت چی دەکەن؟ ئەو قێزەونییە گەورانەی کە بنەماڵەی ئیسرائیل لێرە دەیکەن، بۆ ئەوەی لە پیرۆزگاکەم دوورم بخەنەوە؟ بەڵام هێشتا شتی قێزەونتریش دەبینیت.»
ئینجا منی هێنایە بەر دەرگای حەوشەکە، جا تەماشام کرد و کونێکم لە دیوارەکە بینی. پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئێستا دیوارەکە هەڵکۆڵە.» منیش دیوارەکەم هەڵکۆڵی و دەرگایەکم بینییەوە.
پێی فەرمووم: «بڕۆ ژوورەوە و ئەو نەریتە قێزەونە خراپانە ببینە کە لەوێ دەیکەن.» منیش چوومە ژوورەوە و سەیرم کرد، ئەوەتا شێوەی هەموو جۆرە خشۆکێک و گیانلەبەری گڵاو و هەموو بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل لەسەر دیوارەکە بە هەر چواردەوریدا وێنەی کێشراوە. حەفتا پیاو لە پیرانی بنەماڵەی ئیسرائیل لەبەردەمیان وەستابوون و یازەنیاهوی کوڕی شافانیش لە ناوەڕاستیان وەستابوو. هەرکەسێک بخووردانی خۆی بەدەستەوە بوو، بۆنی دووکەڵی بخووریش هەڵدەستا.
پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت پیرانی بنەماڵەی ئیسرائیل لە تاریکیدا چی دەکەن، هەرکەسە و لە نزرگەی بتەکەی خۆی؟ دەڵێن: ”یەزدان نامانبینێت، یەزدان خاکەکەی بەجێهێشتووە.“» ئینجا پێی فەرمووم: «هێشتا دەگەڕێیتەوە و کاری قێزەونتریش دەبینیت کە ئەوان دەیکەن!»
پاشان منی هێنایە داڵانی دەروازەی ماڵی یەزدان، ئەوەی ڕووەو باکوورە، ئەوەتا ژنان دانیشتوون و بۆ تەمووز8:14 تەمووز: خوداوەندی زاوزێی بابلییەکان و خوداوەندی جیهانی خوارەوە، واتا جیهانی مردووان. دەگریێن. پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەمەت بینی؟ هێشتا دەگەڕێیتەوە و کاری قێزەونتریش دەبینیت.»
ئینجا منی هێنایە حەوشەکەی ناوەوەی ماڵی یەزدان، ئەوەتا لەلای داڵانی پیرۆزگای یەزدان لەنێوان هەیوان و قوربانگاکە، نزیکەی بیست و پێنج پیاو پشتیان لە پەرستگای یەزدانە و ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتە، ڕووەو ڕۆژهەڵات کڕنۆشیان بۆ خۆر بردووە.
پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت؟ ئایا ئەو کردەوە قێزەونانەی بنەماڵەی یەهودا لێرە کردوویانە کەمە؟ سەرباری ئەوەش خاکەکەیان پڕکردووە لە ستەم و دەگەڕێنەوە بۆ پەستکردنم، ببینە چیلکە دار لە لووتیان نزیک دەکەنەوە8:17 هێمایەکی ئاشورییەکان بوو بۆ پەرستنی خوداوەندەکانیان.. لەبەر ئەوە من بە تووڕەییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکەم، چاوەکانم بەزەییان نایەتەوە و دەستم لێیان ناپارێزم. ئەگەر بە دەنگی بەرز لە گوێمدا هاوار بکەن گوێیان لێ ناگرم.»
کوشتنی بتپەرستان
ئینجا گوێم لێ بوو بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و فەرمووی: «پاسەوانانی شار بهێنن، هەرکەسە و چەکە لەناوبەرەکەی بە دەستییەوە بێت.» شەش پیاو لەلای دەروازەی سەرەوە هاتن کە ڕووەو باکوورە، هەریەکەشیان چەکە کوشندەکەی بە دەستییەوە بوو، پیاوێکیش کە کەتانی پۆشی بوو لە ناوەڕاستیان بوو، مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو. هاتنە ژوورەوە و لەتەنیشت قوربانگا بڕۆنزییەکە ڕاوەستان.
شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەو شوێنەی کە لێی بوو، لەسەر کەڕوبەکانەوە9:3 کەڕوب: بە واتای فریشتە هاتووە، بە تایبەتی ئەو دوو پەیکەرەی فریشتە کە لە زێڕی کوتراو دروستکرابوون و لە هەردوو لای قەپاغی کەفارەت لە پەرستگا دانرابوون. بڕوانە [پەیدابوون 3:24] و [دەرچوون 25:18]. هەستا، بەرەو بەردەرگای پەرستگاکە ڕۆیشت، جا بانگی ئەو پیاوەی کرد کە کەتانی پۆشیبوو و مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو، یەزدان پێی فەرموو: «بەناو شاری ئۆرشەلیمدا تێبپەڕە، نیشانە لە ناوچەوانی ئەو پیاوانە بدە کە دەناڵێنن و هەنسک هەڵدەکێشن لەبەر هەموو ئەو کارە قێزەونانەی کە لە ناوەڕاستی شارەکەدا دەکرێن.»
ئینجا گوێم لێ بوو بەوانەی فەرموو: «بەدوایدا بڕۆن و بەناو شارەکەدا تێبپەڕن و بکوژن. نە چاوەکانتان بەزەییان بێتەوە و نە دڵتان بسووتێ. پیر و گەنج و کچ و منداڵ و ئافرەتەکان لەناوببەن و بیانکوژن، بەڵام ئەو کەسەی نیشانەکەی پێوەیە لێی نزیک مەبنەوە. لە پیرۆزگاکەمەوە دەستپێبکەن.» ئەوانیش لەو پیرانەوە دەستیان پێکرد کە لەبەردەم ماڵەکە بوون.
پێی فەرموون: «ماڵەکە گڵاو بکەن و حەوشەکان پڕ بکەن لە کوژراو! بڕۆنە دەرەوە!» جا چوونە دەرەوە و لەناو شاردا کوشتاریان کرد. لەو کاتەدا کە ئەوان کوشتاریان دەکرد من مابوومەوە، منیش خۆمم بە زەویدا دا و هاوارم کرد و گوتم: «ئای! ئەی یەزدانی باڵادەست! ئایا تۆ هەموو پاشماوەی ئیسرائیل لەناودەبەیت بەوەی تووڕەیی خۆت بەسەر ئۆرشەلیمدا دەڕێژیت؟»
پێی فەرمووم: «تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل و یەهودا زۆر زۆر گەورەیە و خاکەکە پڕ بووە لە خوێن، شار پڕ بووە لە گەندەڵی، چونکە دەڵێن: ”یەزدان خاکەکەی بەجێهێشتووە و یەزدان نابینێت.“ لەبەر ئەوە منیش چاوەکانم بەزەییان نایەتەوە و دەستم لێیان ناپارێزم. کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە.»
ئینجا ئەو پیاوەی کەتانی لەبەربوو کە مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو، هەواڵی هێنایەوە و گوتی: «وەک ئەوەی فەرمانت پێکردم، جێبەجێم کرد!»
شکۆمەندی خودا پەرستگاکە بەجێدەهێڵێت
ئینجا سەیرم کرد لە سەرەوە بەسەر سەری کەڕوبەکانەوە شێوەی بۆشاییەک خۆی کێشا بووەوە، دیمەنی تەختێکی پاشایەتی هەبوو، وەک یاقووتی شین دەبینرا. یەزدان بە پیاوە کەتان پۆشەکەی فەرموو: «بڕۆ ناو چەرخەکانی ژێر کەڕوبەکان و مشتت پڕ بکە لە پشکۆی ئەو ئاگرەی لەنێوان کەڕوبەکانە و بەسەر شارەکەدا بڵاوی بکەرەوە.» ئەویش لەبەرچاوم چووە ناوەوە.
کەڕوبەکانیش لەلای ڕاستی10:3 لە باشووری پەرستگاکە. پەرستگاکە ڕاوەستابوون کە پیاوەکە چووە ژوورەوە، هەورێکیش حەوشەکەی ناوەوەی پڕکردەوە. شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر کەڕوبەکانەوە هەستا، بەرەو بەردەرگای پەرستگاکە ڕۆیشت، جا پەرستگاکە پڕ بوو لە هەورەکە و حەوشەکەش پڕ بوو لە بریسکەی شکۆمەندی یەزدان. دەنگی باڵی کەڕوبەکان لە خانەکانی دەرەوە دەبیسترا، وەک دەنگی خودای هەرە بەتوانا کە قسە بکات.
کاتێک کە فەرمانی بە پیاوە کەتان پۆشەکە کرد و فەرمووی: «ئاگر لەنێوان چەرخەکان، لەنێوان کەڕوبەکان ببە،» چووە ژوورەوە و لەتەنیشت چەرخێک ڕاوەستا. کەڕوبێک لەنێو کەڕوبەکانەوە دەستی بۆ ئاگرەکەی نێوان کەڕوبەکان درێژکرد، لێی هەڵگرت و خستییە ناو هەردوو مشتی پیاوە کەتان پۆشەکە، ئەویش وەریگرت و چووە دەرەوە. لە کەڕوبەکانەوە شتێکی وەک دەستی مرۆڤ لەژێر باڵەکانیەوە دەرکەوت.
تەماشام کرد، بینیم چوار چەرخ لەتەنیشت کەڕوبەکانە، هەر چەرخێک لەتەنیشت کەڕوبێکەوە بوو، دیمەنی چەرخەکان وەک دیمەنی زەبەرجەد بوو. هەر چواریان یەک شێوەیان هەبوو، وەک چەرخ لەناو چەرخ بێت. کاتێک کە دەڕۆیشتن، بە ئاراستەی هەر چوار لادا دەڕۆیشتن، لە ڕۆیشتنیشدا لایان نەدەدا، بەڵکو بۆ هەر لایەک یەکێک لە کەڕوبەکان ڕووی تێدەکرد ئەوانیش بەدوایدا دەچوون، لە ڕۆیشتندا لایان نەدەدا. هەموویان لاشەکانیان، پشت و دەست و باڵ و چەرخەکان پڕبوون لە چاو10:12 بڕوانە [1:18]. بە هەر چواردەوریدا بۆ هەر چوار چەرخەکە. گوێم لێ بوو چەرخەکان پێیان دەگوترا «چەرخی خولاوە». هەر کەڕوبێکیش چوار ڕووی هەبوو، ڕووی یەکەم ڕووی کەڕوب، ڕووی دووەم ڕووی مرۆڤ، ڕووی سێیەم ڕووی شێر و ڕووی چوارەم ڕووی هەڵۆ بوو.
ئینجا کەڕوبەکان بەرز بوونەوە، ئەمانە ئەو گیانلەبەرانەن کە لەلای نۆکەندی کەڤار بینیبووم. لەگەڵ ڕۆیشتنی کەڕوبەکان، چەرخەکانیش لەتەنیشتیانەوە ڕۆیشتن، کە کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە بۆ بەرزبوونەوە لە زەوی، چەرخەکان هەر لەتەنیشتیان مانەوە. کە کەڕوبەکان ڕادەوەستان ئەوانیش ڕادەوەستان، کە کەڕوبەکان بەرز دەبوونەوە ئەوانیش بەرز دەبوونەوە، چونکە گیانی گیانلەبەرەکان لەناو چەرخەکاندا بوو.
ئینجا شکۆمەندی یەزدان بەردەرگای پەرستگای بەجێهێشت و لەسەر کەڕوبەکان وەستا. لەبەرچاوم کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە و لەسەر زەوی بەرزبوونەوە، لە کاتی ڕۆیشتنیان چەرخەکانیشیان لەگەڵ بوو، لەلای داڵانی دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ماڵی یەزدان وەستان، شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر سەریان بوو.
ئەمانە ئەو گیانلەبەرانەن کە لەلای نۆکەندی کەڤار لەژێر خودای ئیسرائیل بینیبووم، زانیم کە ئەمانە کەڕوبن. هەریەکەیان چوار ڕوو و چوار باڵی هەبوو، لەبن باڵەکانیشەوە لە شێوەی دەستی مرۆڤیان هەبوو. شێوەی ڕووەکانیشیان، شێوەی ئەو ڕووانە بوو کە لەلای نۆکەندی کەڤار بینیم، دیمەنیان و خۆشیان. هەریەکە بەرەو پێش دەڕۆیشت.
سەپاندنی حوکمی یەزدان
ئینجا ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و منی هێنایە لای دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ماڵی یەزدان. بیست و پێنج پیاو لەبەر دەروازەکە بوون و لەنێویاندا دوو ڕابەری گەل، یازەنیاهوی کوڕی عەزور و پەلەتیای کوڕی بەنایام بینی. یەزدان پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەوانە ئەو پیاوانەن کە بیر لە بەدکاری دەکەنەوە، لەم شارە پیلان دادەڕێژن و ڕاوێژی خراپ پێشکەش دەکەن، دەڵێن: ”کاتەکە لەبار نییە بۆ دروستکردنی خانوو، شار مەنجەڵە و ئێمەش گۆشتەکەین.“ لەبەر ئەوە پێشبینی بکە لەسەریان، ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە!»
جا ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم و پێی فەرمووم: «بڵێ، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئێوە وا دەڵێن، بەڵام من دەزانم چی لەژێر سەرتانە. زۆرتان لەو شارە کوشتووە، کۆڵانەکانیتان پڕکرد لە کوژراو.
«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەوانەی ئێوە کوشتتان و فڕێتاندانە ناوەڕاستی شارەکە، ئەوان گۆشتن و شاریش مەنجەڵەکە، ئێوەش لە ناوەڕاستی دەردەکەم. ئێوە لە شمشێر دەترسن، شمشێرتان دەهێنمە سەر. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. لە شار دەرتاندەهێنم و دەتاندەمە دەست بێگانە، سزاتان دەدەم. بە شمشێر دەکوژرێن، لەسەر سنووری ئیسرائیل حوکمتان بەسەردا دەسەپێنم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. ئەم شارە بۆ ئێوە نابێت بە مەنجەڵ و ئێوەش نابن بە گۆشتەکەی ناوی، بەڵکو لەسەر سنووری ئیسرائیل حوکمتان بەسەردا دەسەپێنم. ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، چونکە ڕێگای فەرزەکانی منتان پەیڕەو نەکردووە و کارتان بە حوکمەکانی من نەکردووە، بەڵکو بەپێی بنەماکانی نەتەوەکانی دەوروبەری خۆتان ڕۆیشتن.»
کاتێک کە پێشبینیم دەکرد، پەلەتیای کوڕی بەنایا مرد. جا بەسەر ڕوومدا کەوتم و بە دەنگێکی بەرز هاوارم کرد و گوتم: «ئای یەزدانی باڵادەست! ئایا تۆ پاشماوەی ئیسرائیل بە تەواوی لەناودەبەیت؟»
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، دانیشتووانی ئۆرشەلیم سەبارەت بە براکانت، خزمەکانی خۆت و هەموو ڕاپێچکراوانی گەلی ئیسرائیل، گوتیان: ”ئەوان لە یەزدان دوور کەوتنەوە، لەبەر ئەوە یەزدان خاکەکەی بە میرات بە ئێمە بەخشی.“
بەڵێنی کۆکردنەوەی ئیسرائیل
«لەبەر ئەوە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەرچەندە بۆ ناو نەتەوەکانیش دوورم خستبنەوە و بەناو خاکەکاندا پەرتەوازەم کردبن، بۆ ماوەیەکی کەم بۆ ئەوان بووم بە پیرۆزگایەک لەو خاکانەی کە بۆی چوون.“
«لەبەر ئەوە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لەنێو گەلان کۆتان دەکەمەوە و لەناو ئەو خاکانەی تێیدا پەرتەوازە بوونە دەتانگەڕێنمەوە و خاکی ئیسرائیلتان پێدەدەمەوە.“
«بۆ ئەوێ دەگەڕێنەوە و هەموو وێنەیەکی قێزەون و بتێکی گڵاوی لێ دادەماڵن. یەک دڵیان دەدەمێ، ڕۆحێکی تازە دەخەمە ناویانەوە. ئەو دڵە بەردینەیان لێ دەکەمەوە و دڵێکی گۆشتینیان دەدەمێ، بۆ ئەوەی ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بپارێزن و کاری پێ بکەن، ببن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان. بەڵام ئەوانەی دڵیان بەدوای وێنەی قێزەون و بتی گڵاو کەوتووە، من کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
ئینجا کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە و چەرخەکانیش لەگەڵیان، شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر سەریان بوو. شکۆمەندی یەزدان لەسەر ناوەڕاستی شارەکە بەرزبووەوە و لەسەر ئەو کێوە ڕاوەستا کە لە ڕۆژهەڵاتی شارەکەیە. ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و لە بینیندا منی هێنایە خاکی بابلییەکان بۆ لای ڕاپێچکراوەکان.
لێرەدا ئەو بینینە لەبەرچاوم نەما، ئیتر هەموو ئەوەی یەزدان پیشانی دام بە ڕاپێچکراوەکانم ڕاگەیاند.
نیشانەی ڕاپێچکردن
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆ لەناو ماڵێکی یاخیدا نیشتەجێی، ئەوانەی چاویان هەیە بۆ ئەوەی ببینن، بەڵام نابینن، گوێیان هەیە بۆ ئەوەی ببیستن، بەڵام نابیستن، چونکە بنەماڵەیەکی یاخین.
«لەبەر ئەوە، ئەی کوڕی مرۆڤ، هەگبەی ڕاپێچکردن بۆ خۆت ئامادە بکە و بە ڕۆژ لەبەرچاویان بڕۆ، لەم شوێنەوە بۆ شوێنێکی دیکە لەبەرچاویان بڕۆ، بەڵکو تێبگەن، هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین. بە ڕۆژ لەبەرچاویان هەگبەکەت دەردەهێنیت، وەک هەگبەی ڕاپێچکراوان. ئێوارە لەبەرچاویان بڕۆ دەرەوە، وەک ئەوانەی ڕاپێچ دەکرێن. بە بەرچاویانەوە دیوار کون بکە و لە کونەکەوە هەگبەکە دەربهێنە. بە بەرچاویانەوە لەسەر شانت هەڵیبگرە، کاتێک کە تاریکی دادێت دەریبهێنە، دەموچاوت داپۆشە کە خاکەکە نەبینیت، چونکە تۆم کردووە بە نیشانەیەک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.»
منیش هەروەک ئەوەی فەرمانم پێ کرابوو وام کرد. هەگبەکەم وەک هەگبەی ڕاپێچکردن بە ڕۆژ دەرهێنا، ئێوارەش بە دەستی خۆم دیوارم کون کرد، کە تاریکی داهات لەبەرچاویان لەسەر شانم هەڵمگرت و هێنامە دەرەوە.
بۆ بەیانی فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا گەلی ئیسرائیلی یاخی لە تۆیان نەپرسی: ”ئەوە چی دەکەیت؟“
«پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەم سروشە12:10 فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت. سەبارەت بەو میرەیە کە لە ئۆرشەلیمە و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل و بۆ ئەوانەش کە لەوێن.“ بڵێ: ”من نیشانەم بۆ ئێوە.“
«من چیم کرد، ئاوایان پێ دەکرێت، بە دیل دەگیرێن و ڕاپێچ دەکرێن.
«ئەو میرەش کە لەنێویانە کە تاریکی داهات هەگبەکەی لەسەر شان هەڵدەگرێت و دەڕوات. دیوار کون دەکەن هەتا لێوەی بچنە دەرەوە. دەموچاوی دادەپۆشێت هەتا بە چاوی خۆی خاکەکە نەبینێت. منیش تۆڕی خۆمی بۆ دادەنێمەوە، دەکەوێتە تۆڕەکەمەوە، دەیهێنم بۆ بابل، خاکی کلدانییەکان، بەڵام نایبینێت و لەوێ دەمرێت. هەموو ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون بۆ یارمەتیدانی و هەموو لەشکرەکانی، بە دەم هەموو بایەکدا پەرتەوازەیان دەکەم و بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم.
«ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک بەناو نەتەوەکاندا پەرتیان دەکەم و بەنێو شانشینەکاندا پەرتەوازەیان دەکەم. چەند کەسێکی کەمیان لە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لێ دەهێڵمەوە، هەتا لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆ ناویان دەچن باسی هەموو نەریتە قێزەونەکانیان بکەن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بەدەم لەرزینەوە نانت بخۆ، بە ترس و خەمەوە ئاوت بخۆوە. بە گەلی خاکەکە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە دانیشتووانی ئۆرشەلیم و خاکی ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بە خەمەوە نانیان دەخۆن و بە واقوڕمانەوە ئاویان دەخۆنەوە، چونکە خاکەکەیان وێران دەبێت لەبەر پڕبوونی لە ستەمی هەموو دانیشتووانەکەی ناوی. شارە ئاوەدانەکان کاول دەکرێن و خاکەکە چۆڵ دەبێت، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم پەندە چییە کە لەسەر خاکی ئیسرائیل هەتانە، ئەوەی دەڵێت: ”ڕۆژگار درێژەی کێشا و هەموو بینینەکان نایەنە دی“؟ لەبەر ئەوە پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەم پەندە بەتاڵ دەکەمەوە و ئیتر لەناو ئیسرائیلدا نایکەن بە پەند.“ بەڵکو پێیان بڵێ: ”ڕۆژگار نزیک بووەوە، هەموو بینینێک دێتە دی، چونکە لەمەودوا هیچ بینینێکی بەتاڵ و فاڵگرتنەوەی زمان لووسی لەنێو بنەماڵەی ئیسرائیلدا نابێت. بەڵکو من یەزدانم، ئەوەی بمەوێت بیفەرمووم، دەیفەرمووم و دێتە دی. ئەی بنەماڵەی یاخی، لەمەودوا درێژە ناکێشێت، چونکە ئەوەی دەیفەرمووم لە سەردەمی خۆتان دەیهێنمە دی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، وا بنەماڵەی ئیسرائیل دەڵێن: ”ئەو بینینەی بۆی ئاشکرا کرا بۆ ڕۆژگارێکی زۆر لەدوای ئەمەیە و ئەو بۆ سەردەمە دوورەکان پێشبینی دەکات.“
«لەبەر ئەوە پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەمەودوا هیچ یەک لە وشەکانم درێژە ناکێشێت، ئەو وشەیەی فەرمووم دێتە دی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
قوڕبەسەر پێغەمبەرە درۆزنەکان
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە لەسەر پێغەمبەرەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی لەخۆیانەوە پێشبینی دەکەن: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن! یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: قوڕبەسەر ئەو پێغەمبەرە گێلانەی بەدوای ڕۆحی خۆیان کەوتوون و هیچیان نەبینیوە. ئەی ئیسرائیل، پێغەمبەرەکانتان وەک چەقەڵی ناو کەلاوەیان لێ هاتووە. سەرنەکەوتن کەلێنی دیوارێک بگرن، شوورایەکیشتان بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل بنیاد نەنایەوە بۆ ئەوەی لە جەنگ بەرگریتان لێ بکات لە ڕۆژی یەزدان13:5 ڕۆژی سزادانی گوناهباران و ڕزگارکردنی گەلی خودا.. ئەوانەی بینینیان بەتاڵ و فاڵگرتنەوەیان درۆ بوو، دەڵێن: ’سروشی یەزدانە‘ و هەرچەندەش یەزدان ئەوانی نەناردووە، کەچی چاوەڕێی هاتنەدی پێشبینییەکەیان بوون. ئایا بینینی بەتاڵتان بۆ ئاشکرا نەکرا و بە فاڵگرتنەوەی درۆ قسەتان نەکرد، کە دەڵێن: ’سروشی یەزدانە،‘ من قسەم نەکردووە؟
«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: چونکە بە بەتاڵی قسەتان کرد و بینینەکانتان درۆ بوون، لەبەر ئەوە من لە دژی ئێوەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. دەستیشم لە دژی ئەو پێغەمبەرانە دەبێت کە بینینەکانیان درۆ بوون، بینینیان بەتاڵە و فاڵگرتنەوەیان درۆیە. لەناو ئەنجومەنی گەلەکەم نابن و لەناو کتێبی بنەماڵەی ئیسرائیل ناویان نانووسرێت و ناچنە ناو خاکی ئیسرائیلەوە. ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.
«”لەبەر ئەوەی گەلەکەی منیان گومڕا کرد، دەڵێن: ’ئاشتی!‘ ئاشتیش نییە، هەروەها لەبەر ئەوەی ئەو دیوارە لاوازەی خەڵکی بنیادی دەنێن، ئەوان بە گەچ سواخی دەدەن، بەوانە بڵێ کە بە گەچ سواخی دەدەن: ’دەکەوێت!‘ بارانێکی بەخوڕ دەبارێت، ئەی تەرزە بەردینەکان ئێوەش دەبارن و بایەکی بەهێزیش کەلێنی تێدەکات. ئەوەتا کە دیوارەکە دەڕووخێت، ئایا پێتان ناڵێن: ’کوا ئەو گەچەی پێتان سواخ دابوو؟‘
«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە تووڕەییمدا بە بایەکی بەهێز کەلێنی تێدەکەم، لە هەڵچوونم بارانی بەخوڕ و تەرزەی بەردین دەنێرم بۆ لەناوبردنی. ئەو دیوارە دەڕووخێنم کە بە گەچ سواختان داوە، لەگەڵ زەوی تەختی دەکەم، بناغەکانی دەردەکەون. کاتێک دیوارەکە دەکەوێت، ئێوەش لەناویدا دەفەوتێن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. جا تووڕەیی خۆم دەڕێژم بەسەر دیوارەکە و ئەوانەی بە گەچ سواخیان داوە، پێتان دەڵێم: ’دیوارەکە و ئەوانەش کە بە گەچ سواخیان داوە نەماون، ئەو پێغەمبەرانەی ئیسرائیل کە پێشبینییان بۆ ئۆرشەلیم کرد و بینینی ئاشتییان ڕاگەیاند، هیچ ئاشتیش نەبوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.‘ “
«ئێستاش، ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە کچانی گەلەکەت بکە، ئەوانەی لە خۆیانەوە پێشبینی دەکەن، پێشبینی لەسەر ئەوان بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: قوڕبەسەر ئەو ژنانەی نوشتە لە شێوەی بازووبەند دەدورن بۆ مەچەکیان، نوشتە لە شێوەی سەرپۆش بۆ هەموو سەرێک دروستدەکەن، بۆ ڕاوکردنی گیانەکان. ئایا ئێوە دڵ و دەروونی گەلەکەم ڕاو دەکەن و خۆتان بە زیندووی دەهێڵنەوە؟ ئێوە لەلای گەلەکەم لەبەر مشتێک جۆ و هەندێک لەتە نان گڵاوم دەکەن. بە درۆکردنتان بۆ گەلەکەم کە گوێ لە درۆ دەگرن، ئێوە ئەو کەسانەی کە شایستەی مردن نەبوون کوشتووتانن و ئەوانەی شایستەی ژیان نەبوون بە زیندوویی هێشتووتتانەوە.
«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی نوشتەکانی ئێوەم کە لەسەر شێوەی بازووبەندە، کە وەک باڵندە مرۆڤی پێ ڕاو دەکەن، لەسەر بازووتان دەیدڕێنم و ئەو مرۆڤانەی وەک باڵندە ڕاویان دەکەن بەڕەڵایان دەکەم. سەرپۆشەکانتان دەدڕێنم و فریای گەلەکەم دەکەوم لە دەستتان، لەمەودوا لەناو دەستتان نابن بۆ ڕاوکردنیان، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. لەبەر ئەوەی بە درۆ دڵی ڕاستودروستتان خەمبار کرد کە من خەمبارم نەکردبوو، هەروەها خراپەکارتان هاندا هەتا لە ڕێگا خراپەکانی نەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بژیێت، هەر بۆیە لەمەودوا بینینی بەتاڵیان بۆ ئاشکرا ناکرێت و چیتر فاڵ ناگرنەوە، فریای گەلەکەی خۆم دەکەوم لە دەستتان، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»
حوکمی بتپەرستان
چەند پیاوێک لە پیرەکانی ئیسرائیل هاتنە لام و لەبەردەمم دانیشتن. ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم پیاوانە لە دڵەوە بتپەرستی دەکەن و کۆسپی تاوانکارییان لەبەردەمی خۆیان داناوە، جا ئایا لەلایەن ئەوانەوە هیچ پرسێکم پێ بکرێت؟ لەبەر ئەوە قسەیان لەگەڵ بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەرکەسێک لە بنەماڵەی ئیسرائیل لە دڵەوە بتپەرستی بکات و کۆسپی تاوانکاری لەبەر ڕووی خۆی دابنێت، ئینجا بێتە لای پێغەمبەرەکە، ئەوا من کە یەزدانم بەگوێرەی دڵسۆزییە زۆرەکەی بۆ بتەکانی وەڵامی دەدەمەوە. وا دەکەم بۆ ئەوەی دڵی بنەماڵەی ئیسرائیل بەدەستبهێنمەوە، چونکە هەموویان لەبەر بتەکانیان لە من هەڵگەڕانەوە.“
«لەبەر ئەوە بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: تۆبە بکەن! لە بتەکانتان بگەڕێنەوە و ڕووتان لە هەموو نەریتە قێزەونەکانتان وەربگێڕن.
«”ئەگەر هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل یان لەو نامۆیانەی لە ئیسرائیلن لە من دووربکەوێتەوە و لە دڵەوە بتپەرستی بکات و کۆسپی تاوانکاری لەبەردەمی خۆی دابنێت، ئینجا بێتە لای پێغەمبەرەکە هەتا پرس بە من بکات، من کە یەزدانم خۆم وەڵامی دەدەمەوە. ڕووی خۆم لەو کەسە وەردەگێڕم و دەیکەمە نیشانە و پەند. لەنێو گەلەکەم ڕیشەکێشی دەکەم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
«”ئەگەر پێغەمبەرەکە بە فریودراوی قسەیەکی کرد، من کە یەزدانم ئەو پێغەمبەرەم فریوداوە14:9 لەبارەی فریودانەوە بڕوانە [یەکەم پاشایان 22:19-28]. و دەستی بۆ درێژ دەکەم و لەنێو گەلەکەم دەیفەوتێنم. تاوانی خۆیان لە ئەستۆی خۆیان دەبێت، تاوانی پێغەمبەرەکەش وەک تاوانی داواکارەکە دەبێت. ئیتر جارێکی دیکە بنەماڵەی ئیسرائیل نە لە من گومڕا دەبن و نە گڵاو دەبن بەهۆی هەموو گوناهەکانیان، بەڵکو دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
دەربازبوون لە حوکمی یەزدان مەحاڵە
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەگەر هەر نەتەوەیەک دەرحەق بە من گوناه بکات، بەوەی ناپاکییەکم لەگەڵ بکات، منیش دەستم درێژ کردە سەری و نانیم بڕی و قاتوقڕیم ناردە سەری، مرۆڤ و ئاژەڵم لێی ڕیشەکێش کرد، هەرچەندە ئەم سێ پیاوەشی تێدابێت، نوح و دانیال و ئەیوب، ئەوان بە ڕاستودروستی تەنها خۆیان فریای خۆیان دەکەون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«ئەگەر گیانلەبەری دڕندە بەناو خاکی ئەو نەتەوەیەدا ڕەت بکەم و وەجاخکوێری بکەن و بەهۆی گیانلەبەرەکانەوە ببێتە چۆڵەوانی بەبێ ڕێبوار، بە گیانی خۆم، تەنانەت ئەگەر ئەم سێ پیاوەش لە ناوەڕاستیدا بێت، ئەوا فریای کوڕ و کچیان ناکەون، تەنها فریای خۆیان دەکەون و خاکەکەش دەبێتە چۆڵەوانی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«یان ئەگەر شمشێرم هێنایە سەر ئەو خاکە و فەرمووم: ”با شمشێر بەناو ئەم خاکەدا تێبپەڕێت،“ ئیتر مرۆڤ و ئاژەڵم لێی ڕیشەکێش کرد، بە گیانی خۆم، تەنانەت ئەگەر ئەم سێ پیاوەش لە ناوەڕاستیدا بێت، ئەوا فریای کوڕ و کچیان ناکەون، تەنها خۆیان دەرباز دەکەن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«یان ئەگەر دەردم ناردە سەر ئەو خاکە و بە خوێن تووڕەیی خۆم لێی دەربڕی، هەتا مرۆڤ و ئاژەڵی لێ ببڕمەوە، ئەگەر نوح و دانیال و ئەیوبیش لە ناوەڕاستی بوون، بە گیانی خۆم، ئەوان فریای کوڕ و کچێکیش ناکەون، بەڵکو بە ڕاستودروستییەکەیان فریای خۆیان دەکەون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی چەند زیاتر، کاتێک چوار حوکمە توندەکانم دەنێرمە سەر ئۆرشەلیم، شمشێر و قاتوقڕی و گیانلەبەری دڕندە و دەرد، هەتا مرۆڤ و ئاژەڵی لێ ببڕمەوە. بەڵام هەندێکیان ماونەتەوە و دەربازبوون، کوڕان و کچان کە لە شارەکەوە دەردەهێنرێن. ئەوەتا بۆ لاتان دێنە دەرەوە و ئێوەش تەماشای ڕەفتار و کردەوەیان دەکەن و دڵنەوایی دەکرێن لەبەر ئەو بەڵایەی بەسەر ئۆرشەلیمم هێنا. کە ڕەفتار و کردەوەی خراپیان دەبینن، ئەوا دڵنەوایی خۆتان دەکەن، چونکە ئەو کاتە دەزانن کە من بەبێ هۆ هەموو ئەوانەم تێیدا نەکرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
ئۆرشەلیم دار مێوێکی بێ کەڵکە
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە بەراورد لەگەڵ لقی هەر دارێک لەو دارانەی لە دارستاندان، لقی دار مێو چییە؟ ئایا دار لەم لقە دەبردرێت بۆ دروستکردنی هەر شتێک لە هەر کارێک، یان سنگۆلکەی دیواری لێ دروستبکەن بۆ ئەوەی کەلوپەلێکی پێدا هەڵبواسن؟ دوای ئەوەی دەبێت بە خۆراکی ئاگر و ئاگر لە هەردوو سەرەوە دەیخوات و ناوەڕاستەکەی دەسووتێنێت، ئایا ئیتر بە کەڵکی هیچ شتێک دێت؟ ئەو کاتەی کە ساغ بوو بە کەڵکی هیچ نەدەهات، دوای ئەوەی ئاگر خواردی و سووتا ئیتر چۆن بە کەڵک دێت؟
«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: وەک لقی دار مێو لەنێو لقەکانی دارستان، ئەوەی کردم بە خۆراکی ئاگر، ئاواش لە دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەکەم. ڕووی خۆم لەوان وەردەگێڕم. هەرچەندە لە ئاگر هاتوونەتە دەرەوە، بەڵام ئاگرەکە دەیانخوات. کاتێک ڕووی خۆم لەوان وەردەگێڕم، ئەوا ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. خاکەکە وێران دەکەم، چونکە ناپاکییان لەگەڵ کردم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
چیرۆکێک دەربارەی بێوەفایی ئۆرشەلیم
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئۆرشەلیم ڕووبەڕووی کارە قێزەونەکانی خۆی بکەرەوە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست بە ئۆرشەلیم ئەمە دەفەرموێت: ڕەچەڵەک و لەدایکبوونت لە خاکی کەنعان بوو. باوکت ئەمۆری بوو، دایکیشت حیتی. ئەو ڕۆژەی لەدایک بوویت ناوکت نەبڕاوە، بۆ پاکبوونەوە بە ئاو نەشوشترای، بە خوێ سوێر نەکرایت، قۆنداغ نەکرایت. هیچ چاوێک بە میهرەبانییەوە تەماشای نەکردیت و دڵی پێت نەسووتا هەتا یەکێک لەمانەت بۆ بکات، بەڵکو ئەو ڕۆژەی لەدایک بووی لەبەر بێزلێبوونەوە لە دەشتودەر فڕێدرایت.
«”من بەلاتدا تێپەڕیم و بینیم خەڵتانی خوێنی خۆت بوویت، کە لە خوێنی خۆتدا پاڵکەوتبوویت، پێم فەرموویت: ’بژی!‘ وەک ڕووەکی کێڵگە من خزمەتم کردیت بۆ ئەوەی پێ بگەیت، ئیتر گەشەت کرد و گەورە بوویت و گەیشتیت بە تەمەنی هەرزەکاری. مەمکەکانت بناغەیان دانا و مووی لەشت درێژبوو، ئەو کاتە تۆ ڕووتوقووت بوویت.
«”دیسان بەلاتدا تێپەڕیم و تۆم بینی، ئەوەتا تەمەنی دڵداریتە. ئینجا دامێنی کراسەکەم بەسەرتدا دا16:8 دەربڕینێک بۆ مارەبڕین. و ڕووتی تۆم داپۆشی و سوێندم بۆت خوارد و پەیمانم لەگەڵتدا بەست، لەبەر ئەوە تۆ بوویتە هی من. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«”بە ئاو تۆم شوشت و خوێنەکەتم لێت پاککردەوە، ئینجا بە زەیت چەورم کردیت. جلێکی نەخشێنراوم لەبەرکردیت و پێڵاوی پێستی مانگای دەریام16:10 مانگای دەریا: بڕوانە [دەرچوون 25:5]. لە پێ کردیت. کەوایەکی کەتانی ناسکم خستە سەر شانت و بە حەریر تۆم پۆشی. بە خشڵ تۆم ڕازاندەوە، بازنم لە دەستت کرد، ملوانکەم لە مل کردیت، خەزێمم لە لووتت کرد، گوارەشم لە گوێت کرد و تاجی جوانیم لە سەرت نا. جا بە زێڕ و زیو خۆتت ڕازاندەوە، کەتانی ناسک و حەریر و قوماشی نەخشێنراو بەرگت بوو. باشترین ئارد و هەنگوین و زەیتت خوارد. زۆر زۆر جوان بوویت، شیاوی ئەوە بوویت ببیتە شاژن. لەبەر جوانیت ناوبانگت لەنێو نەتەوەکان دەرکرد، چونکە بەهۆی شکۆمەندییەکەم کە پێم بەخشیبوویت جوانییەکەت تەواو بوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«”بەڵام تۆ پشتت بە جوانییەکەت و بە ناوبانگت بەست، لەشفرۆشیت کرد و لەشفرۆشییەکەتت بەسەر هەموو ڕێبوارێکدا ڕشت و جوانییەکەت بووە هی ئەو. لە جلوبەرگەکەی خۆتت برد و نزرگە ڕازاوەکانی سەر بەرزاییەکانت بۆ خۆت دروستکرد و لەسەری لەشفرۆشیت16:16 بە واتای لەشفرۆشی جەستەیی و ڕۆحیش دێت. بەو کەسە دەگوترێت کە لاف لێدەدات بەوەفایە بۆ یەزدان، بەڵام لە هەمان کاتدا ستایش و قوربانی بۆ خودایەکی دیکە دەکات. واتا لە بنەڕەتدا کەسەکە بێوەفایە لەگەڵ یەزدان، هەروەک چۆن ژن ناپاکی لە مێردەکەی بکات. کرد، شتێک کە نە بووە و نە دەبووایە ببێت. کەلوپەلی جوانییەکەت لە زێڕ و زیوەکەی من برد کە پێم دایت و لەوان بتی نێرینەت دروستکرد و تۆ لەشفرۆشیت لەگەڵ کردن. جلە نەخشێنراوەکانی خۆتت برد و ئەوانت پێ داپۆشی و زەیت و بخووری منت لەبەردەمیان دانا. هەروەها ئەو خواردنەی کە بە تۆم دا، لە باشترین ئارد و زەیت و هەنگوین، تۆ لەبەردەم ئەو بتانە وەک بخووری بۆنخۆش پێشکەشت کرد، ئەمەش ئەوەیە کە ڕوویداوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«”ئەو کوڕ و کچانەت برد کە بۆ منت ببوو، سەرت بڕین و بۆ بتەکانت کردە قوربانی، وەک خواردن پێشکەشی بتەکانت کردن. ئایا لەشفرۆشییەکەت بەس نەبوو؟ هاتیت و منداڵەکانی منیشت سەربڕی و بە ئاگر سووتاندنت بۆ بتەکان؟ لە هەموو نەریتە قێزەونەکانت و لەشفرۆشییەکەت، سەردەمی لاویێتیت بەبیر نەهاتەوە، ئەو کاتەی کە ڕووتوقووت بوویت و خەڵتانی خوێنی خۆت بوویت.
«”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: قوڕبەسەر! قوڕبەسەر تۆ! دوای هەموو خراپەکانت، تۆ بۆ خۆت گومەز و نزرگەی بەرزت لە هەموو گۆڕەپانێکدا دروستکرد. لەسەر هەموو ڕێگایەک نزرگەی بەرزی خۆتت بنیاد نا و جوانییەکەتت گڵاوکرد، ناوگەڵت بۆ هەموو ڕێبوارێک کردەوە و لەشفرۆشیت زۆر کرد. لەگەڵ خەڵکی میسری دراوسێت کە هەوەسبازن لەشفرۆشیت کرد و بە زیادکردنی بەدڕەوشتییەکەت پەستت کردم. لەبەر ئەوە منیش دەستم بۆ ئێوە درێژ کرد و بەشە خاکەکەی تۆم کەم کردەوە و تۆم دایە دەست چاوبرسییەکان، ئەوانەی ڕقیان لێتە، کچانی فەلەستییەکان، کە شەرمیان لە ڕەفتاری تۆ دەکرد. بەڵام کە تێر نەبوویت، هاتیت و لەگەڵ ئاشورییەکانیشدا لەشفرۆشیت کرد، لەگەڵ ئەوەشدا هەر تێر نەبوویت. سەرەڕای ئەوەش لەشفرۆشییەکەتت هەتا خاکی بازرگانە بابلییەکان فراوان کرد، بەمەش هەر تێر نەبوویت.
«”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: دڵت چەند نەخۆشە، کە هەموو ئەم کارانەت کرد، وەک کردەوەی لەشفرۆشێکی بەڕەڵا. گومەزی خۆتت لەسەر هەموو ڕێگایەک بنیاد نا، نزرگەی بەرزیشت لە هەموو گۆڕەپانێک، بەڵام تۆ بە پێچەوانەی لەشفرۆشانەوە بوویت، چونکە کرێت ڕەت دەکردەوە.
«”ئەی ژنی بەدڕەوشت، ئەوەی کە لە جێی مێردەکەی بێگانان دەبات! هەموو لەشفرۆشێک کرێ وەردەگرێت، بەڵام تۆ دیاریت دایە هەموو دۆستەکانی خۆت، بەرتیلت دانێ هەتا لە هەموو لایەکەوە بێن و داوێنپیسیت لەگەڵ بکەن. جا لە لەشفرۆشییەکەتدا پێچەوانەی لەشفرۆشانی دیکە بوویت، چونکە بەدوای تۆ نەدەکەوتن بۆ لەشفرۆشی، بەڵکو تۆ کرێت دەدا و هیچ کرێیەک بە تۆ نەدەدرا، جا بە پێچەوانەوە بوویت.
«”جا ئەی لەشفرۆش، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی پەردەی شەرمی خۆتت دادڕی و لە لەشفرۆشییەکەت لەگەڵ دۆستانت ڕووتیت دەرکەوت، هەروەها لەبەر هەموو بتە قێزەونەکانت کەوا خوێنی منداڵەکانت پێشکەش بە ئەوان کرد، من هەموو دۆستانت کۆدەکەمەوە ئەوانەی بەچێژ بوویت بۆیان، لەگەڵ هەموو ئەوانەی خۆشت ویستن و هەموو ئەوانەی ڕقت لێیان بوو، هەموویان لەسەرت کۆدەکەمەوە و ڕووتیت بۆیان دەردەخەم، هەتا تەماشای هەموو ڕووتییەکەت بکەن. من حوکمی ژنە داوێنپیسەکان و خوێنڕێژەکانت بەسەردا دەدەم و خوێنی تووڕەیی تۆڵەسێنەر و دڵگەرمی هەڵچوونی خۆمتان بەسەردا دەهێنم. دەتدەمە دەستی دۆستەکانت، ئینجا گومەز و نزرگە بەرزەکانت دەڕووخێنن و جلەکانت لەبەر دادەکەنن. کەرەستەی خۆڕازاندنەوەکەت دەبەن و بە ڕووتوقووتی جێت دەهێڵن. چەتە دەهێننە سەرت و بەردبارانت دەکەن و بە شمشێرەکانیان لەتوپەتت دەکەن. خانووەکانت بە ئاگر دەسووتێنن و لەبەرچاوی زۆر ئافرەتان سزات دەدەن، لە لەشفرۆشی ڕات دەگرم و چیتر کرێ نادەیتە دۆستەکانت. دوای ئەوە تووڕەیی خۆم لەسەرت هێور دەکەمەوە، جا ئیرەییم لەسەرت نامێنێت و هێمن دەبمەوە و چیتر تووڕە نابم.
«”لەبەر ئەوەی سەردەمی لاویێتیت بەبیر نەهاتەوە، بەڵکو بە هەموو ئەمانە تووڕەت کردم، جا منیش بێگومان کردەوەکانت بەسەر خۆتدا دەهێنمەوە. ئایا لەسەر هەموو نەریتە قێزەونەکانت بێ شەرمیت نەکردووە؟ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«”هەموو ئەوانەی بە پەند دەدوێن، لەبارەی تۆوە پەندێک دەهێننەوە و دەڵێن: ’دایک چۆن بێت کچیش وایە.‘ تۆ کچی دایکی خۆتیت کە ڕقی لە مێرد و منداڵەکانییەتی، هەروەها تۆ خوشکی خوشکەکانی خۆتیت کە ڕقیان لە مێرد و منداڵەکانی خۆیان بوو. دایکت حیتی بوو و باوکت ئەمۆری. خوشکە گەورەکەت سامیرە بوو، کە لەگەڵ کچەکانی لای باکوورت نیشتەجێ بوو، خوشکە بچووکەکەشت سەدۆم بوو، کە لەگەڵ کچەکانی لای باشوورت نیشتەجێ بوو. تۆ بە ڕێگای ئەواندا ڕۆیشتیت و وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەوانت کرد، بەڵام وەک ئەوەی تەنها ئەوەندە کەم بێت، جا لە هەموو کارەکانت زووتر لەوان گەندەڵتر بوویت. یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، سەدۆمی خوشکت و کچەکانی هەرگیز وەک تۆ و کچەکانی تۆیان نەکرد.
«”ئەمە تاوانی سەدۆمی خوشکت بوو: خۆی و کچەکانی لووتبەرز، زۆرخۆر، بێ خەم و کەمتەرخەم بوون، یارمەتی هەژار و نەداریان نەدەدا. جا لە خۆیان بایی بوون و کارە قێزەونەکانیان لەبەردەمم ئەنجام دا، لەبەر ئەوە منیش هەروەک بینیت، ئەوانم داماڵی. سامیرەش بە نیوەی گوناهەکانی تۆ گوناهی نەکرد، بەڵکو لەوان زیاتر کاری قێزەونت کرد و بە هەموو ئەو گڵاوییانەی کە کردت وات کرد خوشکەکانت لە چاو تۆدا ڕاستودروست بن. ئەی ئەوەی خەریک بووی خوشکەکانت بێتاوان بکەیت، تۆش بەرگەی ئابڕووچوون بگرە. بە گوناهەکانت کە زیاتر لەوان پێیان گڵاو بوویت، خوشکەکانت لە تۆ ڕاستودروستترن، هەروەها شەرمەزاربە و دەست بە ئابڕووی خۆتەوە بگرە، چونکە وات کرد خوشکەکانت لە چاو تۆدا ڕاستودروست بن.
«”لەگەڵ ئەوەشدا ڕاپێچکراوان و بەختیاری سەدۆم و سامیرە و کچەکانیان دەگەڕێنمەوە، هەروەها ڕاپێچکراوان و بەختیاری تۆش لەنێو ئەواندا دەگەڕێنمەوە، بۆ ئەوەی بەرگەی ئابڕووچوونت بگریت و شەرمەزار بیت لە هەموو ئەوەی کردت کە دڵنەوایی ئەوانت کرد. خوشکەکانت، سەدۆم و کچەکانی و سامیرە و کچەکانی دەگەڕێنەوە دۆخی جارانیان. تۆ و کچەکانیشت دەگەڕێنەوە دۆخی جارانتان. لە ڕۆژی فیزلێدانت بە دەمتدا نەدەهات باسی سەدۆمی خوشکت بکەیت، بەر لە ئاشکرابوونی خراپەکاریت، وەک لە سەردەمی ڕیسوایی کچانی ئەدۆم و هەموو ئەوانەی دەوروبەری، کچانی فەلەستییەکان ئەوانەی لە هەموو لایەکەوە سووکایەتیت پێ دەکەن. خۆت ئەنجامی بێ شەرمی و نەریتە قێزەونەکانت دەگریتە ئەستۆ. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە شایستەی ڕەفتارەکەت هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەم، لەبەر ئەوەی بە شکاندنی پەیمانەکەم سووکایەتیت بە سوێندی من کرد. بەڵام من پەیمانەکەی خۆمت بەبیر دەهێنمەوە کە لە سەردەمی لاویێتیت لەگەڵ تۆدا گرێم دابوو، ئێستاش پەیمانێکی هەتاهەتاییت16:60 بڕوانە 37:26، [یەرمیا 31:31-34] و [ئیشایا 59:21] و [61:8]. لەگەڵ دەبەستم. ئینجا کردەوەکانی خۆت بیردەکەوێتەوە و شەرمەزار دەبیت کاتێک خوشکە گەورەکانت و خوشکە بچووکەکانت وەردەگریت، دەیانکەم بە کچی تۆ، بەڵام نەک بەگوێرەی پەیمانەکەی من لەگەڵ تۆ. بەم جۆرە من پەیمانی خۆم لەگەڵ تۆدا دەبەستم، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم. ئەو کاتەی کەفارەت بۆ هەموو کردەوەکانت دەکەم، ئینجا بیرت دەکەوێتەوە و شەرمەزار دەبیت، ئیتر لەبەر شەرمەزارییەکەت هەرگیز دەمت ناکەیتەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
دوو هەڵۆ و دار مێوێک
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، مەتەڵێک و پەندێک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل بهێنەوە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەڵۆیەکی مەزنی باڵ بەهێزی شاپەڕ درێژی پەڕپەڕی ڕەنگاوڕەنگ هاتە لوبنان. لەسەر لووتکەی دار ئورزێک نیشتەوە، بەرزترین چڵەکەشی قرتاند و هێنای بۆ خاکی بازرگانی و لە شاری بازرگانەکان چاندی.
«”هەروەها هەندێک تۆوی خاکەکەی ئێوەی برد و لە زەوییەکی بەپیتدا چاندی. بردی و لەدەم ئاوێکی زۆر وەک داری بی چاندی. ڕوا و بوو بە دار مێوێکی پەل بڵاو و قەد کورت، لقەکانی بەرەو لای هەڵۆکە سووڕانەوە، ڕەگەکەشی لەژێر خۆیدا بوو، جا بوو بە دار مێو و لقی دا و چڵ و چرۆی کرد.
«”هەڵۆیەکی دیکە هەبوو، زل و باڵەکانی بەهێز و پەڕی زۆر بوو. ئیتر دار مێوەکە لەو شوێنەی کە تێیدا چێنرابوو ڕەگی درێژ کردەوە بۆ لای هەڵۆکە، لقیشی بەرەو لای ئەو هاویشت بۆ ئەوەی ئاوی لێ وەربگرێت. ئەگەرچی لە کێڵگەیەکی باش و لە دەم ئاوی زۆردا چێنرابوو، هەتا لقەکانی نەشونما بکات و بەر بگرێت، ببێتە دار مێوێکی بڵاو.“
«بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئایا سەرکەوتوو دەبێت؟ ئایا لە ڕەگەوە هەڵناکێشرێت و بەرەکەی ناڕنرێت هەتا وشک بێت؟ هەموو گەڵای لقەکانی وشک دەبێت پێویست بە بازووێکی بەهێز و خەڵکێکی زۆر ناکات هەتا لە ڕەگەوە هەڵیبکێشن. ئەگەر بشچێنرێتەوە، ئایا گەشە دەکات؟ ئایا وەک ئەوەی بای ڕۆژهەڵات لێی دابێت بە تەواوی وشک نابێت؟ لەو شوێنەی لێی ڕواوە وشک نابێت؟“»
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «بە بنەماڵەی یاخی بڵێ: ”ئایا لەم پەندە تێگەیشتن؟ بڵێ: پاشای بابل هاتە ئۆرشەلیم و پاشای یەهودا و میرەکانی برد و لەگەڵ خۆی ڕاپێچی کردن بۆ بابل. ئینجا لە توخمی شاهانە کەسێکی هەڵبژارد و پەیمانێکی لەگەڵدا بەست و سوێندی دا. سەرەڕای ئەوەش، ڕابەرانی خاکەکەشی ڕاپێچ کرد بۆ ئەوەی پاشایەتییەکە سووک بێت و بەرز نەبێتەوە و پەیمانەکەی نەشکێت و جێگیر بێت. بەڵام پاشا لێی یاخی بوو بەوەی نێردراوانی خۆی بۆ میسر نارد بۆ ئەوەی ئەسپ و سوپایەکی گەورەی بداتێ. ئایا سەرکەوتوو دەبێت؟ ئایا ئەوەی ئەمە بکات دەرباز دەبێت؟ یان ئەوەی پەیمان بشکێنێت دەرباز دەبێت؟
«”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، لە شوێنی ئەو پاشایەی کە کردی بە پاشا، ئەوەی سووکایەتی بە سوێندەکەی کرد و پەیمانەکەی شکاند، لەلای ئەو لە ناوەڕاستی بابل دەمرێت. فیرعەونیش بە سوپای گەورە و خەڵکێکی بێشومارەوە ناتوانێ لە جەنگدا یارمەتی بدات، ئەو کاتەی سەنگەر لێ دەدرێت و قوللە بنیاد دەنرێت بۆ لەناوبردنی خەڵکێکی زۆر. ئەوەی سووکایەتی بە سوێند کرد و پەیمانی شکاند، دەستی دایە دەست و سەرەڕای ئەوەش هەموو ئەمانەی کرد، دەرباز نابێت.
«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، سزای دەدەم لەبەر ئەوەی سووکایەتی بە سوێندەکەم کرد و پەیمانەکەی منی شکاند. تۆڕی خۆمی بۆ دادەنێمەوە، بە داوی منەوە دەبێت و دەیهێنمە بابل و لەسەر ئەو ناپاکییەی لە منی کرد لەوێ حوکمی بەسەردا دەسەپێنم. هەموو لەشکرە ڕاکردووەکەی بە شمشێر دەکوژرێن و ئەوانەش کە دەمێننەوە بەرەو ڕووی هەموو بایەک پەرتەوازە دەبن، جا ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: منیش لە لووتکەی دار ئورزێک لقێک دەبەم و دەیڕوێنم، چڵێک لە چڵەکانی لێ دەکەمەوە و لەسەر کێوێکی بەرزی سەرکەش دەیڕوێنم. لە چیای بەرزی ئیسرائیل دەیڕوێنم، جا لقی لێ دەڕوێت و بەر دەگرێت و دەبێت بە دار ئورزێکی گەورە، هەموو جۆرە باڵندەیەک لەناوی نیشتەجێ دەبێت، هەموو باڵدارێک لەژێر سێبەری لقەکانی نیشتەجێ دەبێت. ئەو کاتە هەموو درەختەکانی دەشتودەر دەزانن کە من یەزدانم ئەوەی داری بەرز نزم دەکاتەوە و داری نزم بەرز دەکاتەوە، ئەوەی سەوزەکەش وشک دەکات و چرۆ بە دارە وشکەکە دەکات.
«”من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم.“»
ئەو گیانەی گوناه بکات، ئەو دەمرێت
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «بۆچی ئەم پەندە بەسەر خاکی ئیسرائیلدا هەڵدەدەن و دەڵێن:
«”باوکان بەرسیلەیان خوارد،
ددانی منداڵەکان ئاڵ دەبنەوە“؟
«یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، ئیتر بۆتان نابێت ئەم پەندە لە ئیسرائیلدا بهێننەوە و بڵێن، چونکە هەموو گیانێک هی منە، گیانی باوک وەک گیانی منداڵ، هەردووکیان هی منن. ئەو کەسەی گوناه بکات، هەر ئەو کەسە دەمرێت.
«گریمان ئەگەر پیاوێکی ڕاستودروست هەبێت و
دادوەری و ڕاستودروستی بکات:
لە نزرگەی سەر چیاکان نەخوات و
چاوی بۆ بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل هەڵنەبڕێت؛
ژنی کەسێکی دیکە گڵاو نەکات و
لەگەڵ ئافرەت جووت نەبێت لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی؛
ستەم لە کەس نەکات،
بەڵکو بارمتەی قەرزدار بگەڕێنێتەوە؛
ماڵی کەس زەوت نەکات،
بەڵکو نانی خۆی بداتە برسی و
جل بکاتە بەر ڕووت؛
پارە بە سوو نەدات و
نرخی شتومەک گران نەکات؛
دەستی لە ستەمکاری بگێڕێتەوە و
لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤدا دڵسۆزانە دادوەری بکات.
فەرزەکانم پەیڕەو بکات و
بە ڕەوایی حوکمەکانم بەجێبهێنێت.
ئەوا ئەو پیاوە ڕاستودروستە،
بێگومان دەژیێت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«گریمان ئەگەر کوڕێکی هەبێت، توندوتیژی یان خوێنڕێژی بکات، یان یەکێکی دیکە لەم کارانەی کە باوکی نەیکردووە:
«لە نزرگەی سەر چیاکان بخوات،
ژنی کەسێکی دیکە گڵاو بکات،
ستەم لە هەژار و نەدار بکات،
شتی خەڵکی زەوت بکات،
قەرز نەداتەوە،
چاوی بۆ بتەکان هەڵببڕێت،
کاری قێزەون ئەنجام بدات،
پارە بە سوو بدات و نرخی شتومەک گران بکات.
ئایا دەژیێت؟ ناژیێت! لەبەر ئەوەی هەموو ئەم کارە قێزەونانەی کردووە، بێگومان دەکوژرێت، خوێنی لە ملی خۆی دەبێت.
«بەڵام گریمان ئەگەر ئەو کوڕەش کوڕێکی بوو و هەموو گوناهەکانی باوکی بینی کە کردی و وەک ئەوی نەکرد:
«لە نزرگەی سەر چیاکان نەخوات،
چاوی بۆ بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل هەڵنەبڕێت،
ژنی کەسێکی دیکە گڵاو نەکات،
ستەم لە کەس نەکات،
داوای بارمتە نەکات و
هیچ شتێک زەوت نەکات،
بەڵکو نانی خۆی بداتە برسی و
جل بکاتە بەر ڕووت،
دەستی لە ستەمکاری بگێڕێتەوە،
سوو وەرنەگرێت و نرخی شتومەک گران نەکات،
بەڵکو حوکمەکانم بەجێبهێنێت و فەرزەکانم پەیڕەو بکات.
ئەو بە تاوانی باوکی نامرێت، بێگومان دەژیێت. بەڵام باوکی لەبەر ئەوەی ستەمی کردووە و ماڵی براکەی زەوت کردووە و ئەوەی باش نییە لەنێو گەلەکەی کردوویەتی، ئەو بە تاوانی خۆی دەمرێت.
«ئێوە دەڵێن: ”بۆچی کوڕ تاوانی باوکی هەڵناگرێت؟“ کە کوڕ ڕاستودروستی و دادپەروەری ئەنجام داوە، هەموو فەرزەکانی منی بەجێهێناوە و کاری پێ کردووە، لەبەر ئەوە بێگومان دەژیێت. ئەو کەسەی گوناه دەکات، هەر ئەو کەسە دەمرێت. کوڕ تاوانی باوکی هەڵناگرێت و باوکیش تاوانی کوڕەکەی هەڵناگرێت. کەسی ڕاستودروست ڕاستییەکەی بۆ خۆیەتی و کەسی خراپەکاریش خراپەکەی بۆ خۆیەتی.
«بەڵام ئەگەر خراپەکار لە هەموو گوناهەکانی کە کردوویەتی گەڕایەوە، هەموو فەرزەکانی منی بەجێهێنا و دادوەری و ڕاستودروستی ئەنجام دا، بێگومان دەژیێت و نامرێت. هەموو یاخیبوونەکانی کە کردوویەتی باس ناکرێن، بەو کردارە ڕاستودروستانەی کە کردوویەتی دەژیێت. یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: ئایا من بە مردنی خراپەکار دڵخۆش دەبم؟ ئایا شادمان نیم کە لە ڕەفتارەکانی بگەڕێتەوە و بژیێت؟
«لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر مرۆڤی ڕاستودروستیش لە ڕاستودروستییەکەی گەڕایەوە و تاوان ئەنجام بدات و وەک هەموو کردەوە قێزەونەکانی خراپەکار بکات، ئایا دەژیێت؟ هەموو ئەو کردارە ڕاستودروستانەی کە کردوویەتی باس ناکرێن. بەو ناپاکییەی کە کردوویەتی و بەو گوناهەی کە ئەنجامی داوە دەمرێت.
«ئێوەش دەڵێن: ”ڕێگای پەروەردگار دادپەروەرانە نییە.“ ئێستا ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن: ئایا ڕێگای من دادپەروەرانە نییە؟ یان ڕێگاکانی ئێوە دادپەروەرانە نین؟ ئەگەر کەسی ڕاستودروست لە ڕاستودروستییەکەی خۆی بگەڕێتەوە و تاوان ئەنجام بدات، ئەوا بەهۆیەوە دەمرێت، بەهۆی ئەو تاوانەی کە ئەنجامی داوە دەمرێت. بەڵام ئەگەر خراپەکار لە خراپەکەی کە کردوویەتی بگەڕێتەوە، دادوەری و ڕاستودروستی ئەنجام بدات، ئەوا ژیانی خۆی دەپارێزێت. لەبەر ئەوەی هەموو یاخیبوونەکانی خۆی کە کردبووی بینی و لێیان گەڕایەوە، ئەوا بێگومان دەژیێت و نامرێت. بنەماڵەی ئیسرائیلیش دەڵێن: ”ڕێگای پەروەردگار دادپەروەرانە نییە.“ ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا ڕێگاکانی من دادپەروەرانە نین؟ یان ڕێگاکانی ئێوە دادپەروەرانە نین؟
«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، دادگاییتان دەکەم، هەریەکەتان بەگوێرەی ڕەفتاری خۆی. تۆبە بکەن و لە هەموو یاخیبوونەکانتان بگەڕێنەوە و تاوان نابێت بە کۆسپ لە ڕێگاتان. هەموو یاخیبوونەکانتان کە پێی یاخیبوون فڕێبدەن، دڵێکی تازە و ڕۆحێکی تازە بۆ خۆتان بەدەستبهێنن. ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، بۆچی بمرن؟ چونکە من بە مردنی هیچ کەسێک دڵخۆش نابم، جا تۆبە بکەن و بژین! ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
لاوانەوەیەک بۆ میرانی ئیسرائیل
«تۆش بۆ میرانی ئیسرائیل بلاوێنەوە و بڵێ:
«”دایکت چ شێرێک بوو
لەناو شێران!
لەنێو جوانە شێران پاڵی دایەوە و
بەچکەکانی خۆی بەخێو کرد.
یەکێک لە بەچکەکانی خۆی پێگەیاند،
بوو بە شێرێکی بە توانا.
فێری ڕاوکردنی نێچیر بوو،
مرۆڤیشی خوارد.
کە نەتەوەکان هەواڵیان بیست،
چاڵیان بۆ هەڵکەند و گرتیان،
بۆ خاکی میسر
بە تەوق هێنایان.
«”کاتێک دایکەکە بینی کە ئاواتەکەی نەهاتە دی،
ئیتر ئومێد بڕ بوو،
هات و یەکێکی دیکەی لە بەچکەکانی گرت و
کردی بە شێرێکی بە توانا.
لەنێو شێران کەوتە هاتوچۆ،
چونکە بووە شێرێکی بە توانا.
فێری ڕاوکردنی نێچیر بوو،
مرۆڤیشی خوارد.
قەڵاکانی ئەوانی تێکشکاندن و
شارۆچکەکانی کاول کردن،
خاکەکە و هەرچی تێیدایە
لەبەر دەنگی نەڕەی تۆقین.
نەتەوەکان لە هەرێمەکانی دەوروبەری
لە دژی کۆبوونەوە.
تۆڕیان هەڵدایە سەری،
ئەویش کەوتە چاڵەکەیانەوە.
بە تەوقەوە خستیانە ناو قەفەزەوە،
هێنایانە لای پاشای بابل.
بردیانە ناو زیندان،
تاکو ئیتر لەسەر چیاکانی ئیسرائیل
نەڕەی نەبیسترێت.
«”دایکت وەک دار مێوێک بوو لە ڕەزەکەی تۆدا،
کە لەدەم ئاو چێنرا.
لەبەر زۆری ئاو،
چڕ و بەردار بوو.
لقی بەهێزی هەبوو،
کە گونجاوە بۆ داردەستی فەرمانڕەوایان.
باڵای کرد و هەڵکشا
بەناو لقە پڕگەڵاکاندا،
لە بەرزی و زۆری چڵەکانی
دەرکەوت و بینرا.
بەڵام بە ڕق و قینەوە هەڵکێشرا و
فڕێدرایە سەر زەوی.
بای ڕۆژهەڵات لێیدا و وشکی کرد،
بەرەکەی هەڵوەراند،
لقە بەهێزەکانی وشک بوون و
ئاگر هەڵیانیلووشی.
ئێستا وا لە چۆڵەوانیدا چێنراوە،
لە خاکێکی وشک و تینوودا.
لە یەکێک لە لقە گەورەکانییەوە
ئاگری گرت و بەرەکەی هەڵلووشی.
ئێستا هیچ لقێکی بەهێزی نەماوە
کە بۆ داردەستی فەرمانڕەوایان گونجاو بێت.“
ئەمە لاوانەوەیە و لە کاتی شینگێڕان دەگوترێتەوە.»
ئیسرائیل لە یەزدان یاخی بوو
ئەوە بوو لە دەی مانگی پێنجی ساڵی حەوتەم،20:1 مەبەست لەو ماوەیە لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشای یەهودا بۆ بابل، کە بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە چواردەی مانگی هەشت ساڵی 591ی پێش زایین. کەسانێک لە پیرانی ئیسرائیل هاتن بۆ پرسیارکردن لە یەزدان، جا لەبەردەممدا دانیشتن.
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەگەڵ پیرانی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئایا ئێوە هاتوون هەتا پرسیار لە من بکەن؟ بە گیانی خۆم! ناهێڵم ئێوە پرسیارم لێ بکەن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“
«ئایا حوکمیان دەدەیت؟ ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا تۆ حوکم دەدەیت؟ ڕووبەڕووی نەریتە قێزەونەکانی باوباپیرانی خۆیان بکەرەوە، پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەو ڕۆژەی ئیسرائیلم هەڵبژارد سوێندم بۆ بنەماڵەی یاقوب خوارد، لە خاکی میسردا خۆمم پێیان ناساند، سوێندم بۆ خواردن و فەرمووم: ’من یەزدانی پەروەردگارتانم.‘ لەو ڕۆژەدا سوێندم بۆ خواردن کە لە خاکی میسر دەریاندەهێنم و دەیانبەم بەرەو خاکێک کە خۆم بەدوایدا گەڕابووم بۆیان، شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، باشترینی هەموو خاکەکانە. پێم فەرموون: ’هەریەکە لە ئێوە با ئەو وێنە قێزەونانەی کە سەرنجی ڕاکێشاون و خۆشتان دەوێن، لە خۆتان دووربخەنەوە و بە بتەکانی میسر خۆتان گڵاو مەکەن. من یەزدانی پەروەردگارتانم.‘
«”بەڵام لێم یاخی بوون و نەیانویست گوێم لێ بگرن، کەسیان وێنە گڵاوەکانی بەرچاوی فڕێنەدا کە سەرنجی ڕاکێشابوون، وازیان لە بتەکانی میسر نەهێنا. لەبەر ئەوە بیرم لەوە دەکردەوە، تووڕەیی خۆمیان بەسەردا ببارێنم و لە ناوەڕاستی خاکی میسردا هەڵچوونی خۆمیان پێدا هەڵبڕێژم.“ بەڵام ئەوەی من کردم لە پێناوی ناوی خۆم بوو، هەتا ناوم گڵاو نەبێت لەبەرچاوی ئەو نەتەوانەی لەنێویاندان، ئەوانەی لەبەرچاویان خۆمم بۆ دەرخستن بەوەی لە خاکی میسر دەرمهێنان. جا لە خاکی میسر دەرمهێنان و ئەوانم هێنایە چۆڵەوانی. فەرزەکانی خۆمم پێدان و حوکمەکانی خۆمم پێ ناساندن، ئەوانەی ئەگەر مرۆڤ پەیڕەویان بکات بەهۆیانەوە دەژیێت. هەروەها ڕۆژی شەممەم بۆ دیاری کردن، هەتا ببێتە نیشانەیەک لەنێوان من و ئەوان، بۆ ئەوەی بزانن کە من یەزدانم، ئەوەی پیرۆزیان دەکات.
«”لەگەڵ ئەوەشدا بنەماڵەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی لێم یاخی بوون. ڕێگای فەرزەکانی منیان پەیڕەو نەکرد و حوکمەکانی منیان ڕەتکردەوە، ئەو حوکمانەی ئەگەر مرۆڤ پەیڕەویان بکات بەهۆیانەوە دەژیێت، هەروەها بە هیچ جۆرێک پیرۆزی شەممەکانی منیان ڕانەگرت. لەبەر ئەوە فەرمووم لە چۆڵەوانیدا من تووڕەیی خۆم بەسەریاندا دەبارێنم بۆ کۆتایی پێهێنانیان. بەڵام ئەوەی کردم لە پێناوی ناوی خۆم بوو، هەتا گڵاو نەبێت لەبەرچاو ئەو نەتەوانەی لەبەرچاویان دەرمهێنان. هەروەها لە چۆڵەوانیدا سوێندم بۆ خواردن کە نەیانهێنم بۆ ئەو خاکەی کە پێم دابوون، ئەوەی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت و باشترینی هەموو خاکەکانە، لەبەر ئەوەی حوکمەکانی منیان ڕەتکردەوە و ڕێگای فەرزەکانی منیان پەیڕەو نەکرد، بەڵکو شەممەکانی منیان گڵاوکرد، چونکە دڵیان دوای بتەکانیان کەوت. لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانم بەزەیی پێیاندا هاتەوە لە لەناوبردنیان، جا کۆتاییم پێ نەهێنان. لە چۆڵەوانی بە ڕۆڵەکانی ئەوانم فەرموو: ’بە ڕێگای فەرزی باوکانتاندا مەڕۆن و حوکمەکانیان مەپارێزن و بە بتەکانیان خۆتان گڵاو مەکەن. من یەزدانی پەروەردگاری خۆتانم، ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بپارێزن و کاریان پێ بکەن. شەممەکانیشم پیرۆز ڕابگرن، جا دەبێت بە نیشانەیەک لەنێوان من و ئێوەدا، تاوەکو ئێوە بزانن کە من یەزدانی پەروەردگاری خۆتانم.‘
«”ڕۆڵەکانیشیان لێم یاخی بوون، ڕێگای فەرزەکانی منیان پەیڕەو نەکرد و حوکمەکانی منیان نەپاراست هەتا کاری پێ بکەن، ئەوانەی ئەگەر﴿ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بە هۆیانەوە دەژیێت،﴾20:21 بڕوانە [لێڤییەکان 18:5] هەروەها شەممەکانی منیان گڵاوکرد. جا فەرمووم، تووڕەیی خۆم دەرببڕم، هەتا لە چۆڵەوانی هەڵچوونی خۆمیان پێدا هەڵبڕێژم. بەڵام دەستم هەڵگرت و ئەوەی کردم لە پێناوی ناوی خۆم بوو، هەتا لەبەرچاو ئەو نەتەوانە گڵاو نەبێت کە لەبەرچاویان دەرمهێنان. هەروەها لە چۆڵەوانی سوێندم بۆ خواردن کە بەناو نەتەوەکاندا پەرتیان بکەم و بەسەر خاکەکاندا بڵاویان بکەمەوە، چونکە گوێڕایەڵی حوکمەکانی من نەبوون، بەڵکو فەرزەکانی منیان ڕەتکردەوە و شەممەکانی منیان گڵاوکرد و چاویان بەدوای بتەکانی باوکیانەوە بوو. هەروەها من ئەو فەرزانەم پێدان کە باش نین و ئەو حوکمانەی کە پێی ناژین20:25 بڕوانە [ڕۆما 1:24-32]، ڕێم دا کە خۆیان گڵاو بکەن، بەوەی کە هەموو نۆبەرەیەکی خۆیان کرد بە دیاری و بە ئاگر سووتاندیانن، بۆ ئەوەی بیانتۆقێنم تاوەکو بزانن کە من یەزدانم.“
«ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوە لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەمەشدا باوکانتان کفریان لە دژی من کرد کە ناپاکییان کرد: کاتێک ئەوانم هێنایە ئەو خاکەی سوێندم بۆ خواردبوون کە بیدەمە ئەوان، جا هەر گردێکی بەرز و هەر دارێکی پڕ گەڵایان بینی، لەوێ قوربانییەکانیان سەربڕی، لەوێ پێشکەشکراوەکانیان پێشکەش کرد کە مایەی تووڕەبوونی منە. لەوێ بخوورە بۆنخۆشەکانیان پێشکەش کرد، لەوێ شەرابی پێشکەشکراویان پێشکەش کرد. پێم فەرموون: ئەم نزرگەی سەر بەرزاییە چییە کە بۆی دێن؟“» جا لەو ڕۆژەوە ناوی لێنرا، باما20:29 واتا نزرگەی سەر بەرزایی..
دادگاییکردن و گەڕاندنەوە
«لەبەر ئەوە بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئایا ئێوەش بە ڕێگای باوکانتاندا دەڕۆن، بە وێنە قێزەونەکانیان خۆتان گڵاو دەکەن و لەشفرۆشی دەکەن؟ بە پێشکەشکردنی دیارییەکانتان و سووتاندنی منداڵەکانتان و بە هەموو بتەکانتان هەتا ئەمڕۆش گڵاو دەبن. ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا ڕێ بدەم ئیتر ئێوە پرسیارم لێ بکەن؟ بە گیانی خۆم ناهێڵم ئێوە پرسیارم لێ بکەن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«”ئەوەی بە خەیاڵتاندا دێت هەرگیز نایەتە دی، کە دەڵێن: ’وەک نەتەوەکان دەبین، وەک هۆزەکانی زەوی، دار و بەرد دەپەرستین.‘ یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، من بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز و بە تووڕەیی دەربڕینم فەرمانڕەوایەتیتان دەکەم. من بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز و تووڕەییەکی دەربڕدراوەوە لەنێو گەلان دەرتاندەهێنم و لەو خاکانەوە کۆتان دەکەمەوە کە تێیدا پەرتەوازە بوون. دەتانهێنمە چۆڵەوانی خاکی گەلانی دیکە و لەوێ ڕووبەڕوو دادگاییتان دەکەمەوە. وەک چۆن باوباپیرانتانم لە چۆڵەوانی خاکی میسر دادگایی کرد، ئاواش ئێوە دادگایی دەکەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. واتان لێ دەکەم بەژێر داردەستدا تێبپەڕن و دەتانهێنمە ناو بەندی پەیمانەوە. ئەوانەی لەنێوتان هەڵگەڕاونەتەوە و لە من یاخین ڕیشەکێشیان دەکەم. هەرچەندە لە خاکی ئاوارەییان دەریاندەهێنم، بەڵام ناچنە ناو خاکی ئیسرائیلەوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
«”ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە ئێوە ئەمە دەفەرموێت: بڕۆن و هەریەکەتان بتەکانی خۆی بپەرستێت! بەڵام دوای ئەوە بە قسەم دەکەن. ئیتر ناوی پیرۆزیشم بە دیاری و بتەکانتان گڵاو ناکەن، چونکە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل لە کێوی پیرۆزیم، لە کێوی بەرزی ئیسرائیل، لەوێ لە خاکەکە دەمپەرستن، منیش لەوێ لێتان ڕازی دەبم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. لەوێ داوای پێشکەشکراو و پەسەندترین دیاریتان لێ دەکەم، لەگەڵ هەموو قوربانییە پیرۆزەکانتان. ئێوە وەک بخووری بۆنخۆش لەلای من پەسەند دەبن، کاتێک لەنێو گەلان دەرتاندەهێنم و لەو خاکانەی کە تێیدا پەرشوبڵاو بوونەتەوە کۆتان دەکەمەوە و لەبەرچاوی نەتەوەکان بە ئێوە پیرۆزی خۆم دەردەخەم. ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک دەتانهێنم بۆ خاکی ئیسرائیل، بۆ ئەو خاکەی کە سوێندم خواردبوو بیدەمە باوباپیرانتان. لەوێ ڕەفتاری خۆتان و هەموو کردەوەکانتان کە پێی گڵاو ببوون دێتەوە یادتان، لەبەر هەموو ئەو خراپانەی کە ئەنجامتان داوە قێز لە خۆتان دەکەنەوە. ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، کاتێک لەبەر ناوی خۆم هەڵسوکەوتتان لەگەڵدا دەکەم، نەک بە پێی کارە خراپەکانتان و نەریتە گەندەڵەکانتان، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
پێشبینی لەسەر باشوور
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووی خۆت لە باشوور بکە و بەرەو باشوور جاڕبدە، پێشبینی لەسەر ئەو دارستانە بکە کە لە باشوورە. بە دارستانی باشوور بڵێ، ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم ئاگرت تێ بەردەدەم، جا هەموو دارێکی تەڕ و هەموو دارێکی وشک لەناو تۆدا دەخوات. کڵپەی گڕەکەی ناکوژێتەوە و لە باشوورەوە هەتا باکوور هەموو ڕوخسارێک دەسووتێت. جا هەموو مرۆڤ دەبینن کە من یەزدانم ئاگرم تێی بەرداوە و ناکوژێتەوە.“»
منیش گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوان بە من دەڵێن: ”ئایا ئەو تەنها بە نموونە نادوێت؟“»
بابلی شمشێری خودا
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە ئۆرشەلیم بکە و لە دژی پیرۆزگاکەی جاڕبدە. پێشبینی لەسەر خاکی ئیسرائیل بکە و بە خاکی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی تۆم، شمشێرەکەم لە کێلانەکەیەوە21:3 کالانەکەیەوە. هەڵدەکێشم و کەسی ڕاستودروست و خراپەکار لە تۆ دەبڕمەوە. لەبەر ئەوەی کەسی ڕاستودروست و خراپەکار لە تۆ دەبڕمەوە، شمشێرەکەم لە کێلانەکەی دێتە دەرەوە بۆ سەر هەموو مرۆڤێک، لە باشوورەوە هەتا باکوور. ئەو کاتە هەموو مرۆڤێک دەزانێت کە من یەزدانم، شمشێرەکەی خۆمم لە کێلانەکەیەوە هەڵکێشاوە و تازە ناگەڕێتەوە.“
«لەبەر ئەوە ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆ بناڵێنە! بە دڵشکاوی و خەمبارییەوە لەبەرچاویان بناڵێنە. ئەگەر لە تۆیان پرسی: ”بۆچی دەناڵێنیت؟“ تۆش بڵێ: ”لەبەر هەواڵەکە، چونکە هات. هەموو دڵێک دەتوێتەوە، هەموو دەستێک شل دەبێت، هەموو ڕۆحێک کۆڵ دەدات، هەموو ئەژنۆیەک دەلەرزێت.“ ئەوەتا دێت و دەبێت، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بڵێ، ”پەروەردگار ئەمە دەفەرموێت: بڵێ:
«”شمشێرێک، شمشێرێک تیژکراوەتەوە،
هەروەها مشتوماڵ کراوە،
بۆ سەربڕین تیژکراوەتەوە،
مشتوماڵ کراوە بۆ ئەوەی وەک بریسکە بدرەوشێتەوە!
«”ئایا دڵمان بە داردەستی کوڕەکەم21:10 ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ داردەستەکەی یەهودا، بڕوانە [پەیدابوون 49:10]. خۆش بێت؟ شمشێر سووکایەتی بە هەموو داردەستێک دەکات.
«”شمشێر مشتوماڵ کراوە و دانراوە
بۆ ئەوەی بە دەست بگیردرێت.
ئەم شمشێرە تیژکراوەتەوە و مشتوماڵ کراوە
تاکو بدرێتە دەست پیاوکوژ.
ئەی کوڕی مرۆڤ، هاوار و واوەیلا بکە،
چونکە بەسەر گەلەکەم و
بەسەر هەموو میرانی ئیسرائیلەوەیە.
فڕێدەدرێنە بەر شمشێرەکە،
لەگەڵ گەلەکەم.
لەبەر ئەوە سنگی خۆت بکوتە.
«”بێگومان کاتی تاقیکردنەوە دێت. لەبەر ئەوە چییە ئەگەر داردەستەی یەهودا، کە شمشێر سووکایەتی پێی دەکات، نەمێنێت؟ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“
«لەبەر ئەوە ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە،
دەست بەناو دەستی خۆتدا بدە.
با بە چواردەوریاندا
شمشێر دووبارە و سێبارە ڕابوەشێنرێت،
شمشێری سەربڕینە،
شمشێری کوشتاری گەورەیە.
بۆ توانەوەی دڵ و
بۆ زۆرکردنی کوژراوان،
لەبەر ئەوە لەسەر هەموو دەروازەکانیان
شمشێری سەربڕینم داناوە.
ئای! لەو شمشێرە دروستکراوە بۆ ئەوەی وەک هەورە بروسکە ببریسکێتەوە،
ئەو بۆ سەربڕین مشتوماڵ کراوە.
ئەی شمشێر، لای ڕاست ببڕە،
ئینجا لای چەپ،
بۆ هەر لایەک ڕووی تێدەکەیت!
منیش دەست بەناو دەستی خۆمدا دەدەم،
تووڕەیی خۆم هێدی دەکەمەوە.
من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.»
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، دوو ڕێگا بۆ خۆت دیاری بکە بۆ هاتنی شمشێری پاشای بابل، هەردووکیان لە یەک خاکەوە دەستپێبکەن، تابلۆیەکی ڕێنمایی دابنێ، لە سەرەتای سەر ڕێگاکە بەرەو شار دایبنێ. ڕێگایەک دیاری بکە با شمشێرەکە بێتە سەر ڕەبەی پایتەختی عەمۆنییەکان و بۆ سەر یەهودا لە ئۆرشەلیمی قەڵابەند، چونکە پاشای بابل لەسەر دووڕیانەکە دەوەستێت، لەسەر گۆشەی هەردوو ڕێگاکە، فاڵ دەگرێتەوە هەتا بزانێت بە چ ئاراستەیەکدا بڕوات، بە هەڵدانی تیر، تیروپشک دەکات؛ بە پرسین و ڕاوێژکردن لەگەڵ بتەکانی؛ بە پشکنینی جگەری ئاژەڵێکی سەربڕاو. تیروپشک بە دەستی ڕاستی بۆ ئۆرشەلیم هەڵدەدات بۆ مەنجەنیق دانان، فەرمانی کوشتن و نەعرەتە کێشانی جەنگ، بۆ مەنجەنیق دانان بۆ شکاندنی دەروازەکان، بۆ لێدانی سەنگەر و قوللە بنیادنان. لەبەرچاوی ئەوانەی سوێندیان بۆ خواردووە کە دڵسۆزبن بۆی وەک فاڵگرتنەوەیەکی درۆ دەبێت، بەڵام ئەو تاوانەکەیان دەهێنێتەوە یادیان تاکو بە دیلیان بگرێت.
«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”ئێوە تاوانەکەی خۆتان هێنایەوە یاد، چونکە یاخیبوونەکانتان ڕوون و ئاشکرایە و گوناهەکانتان لە هەموو کردەوەکانتاندا دەرکەوتووە، لەبەر ئەوە بە دیل دەگیرێن.
«”تۆش ئەی بەدکاری گڵاو، میری ئیسرائیل، ڕۆژت هاتووە، کاتی هاتووە سزادانت گەیشتووەتە بەرزترین پلە. یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: مێزەرەکە دابگرە، تاجەکە هەڵبگرە، بارودۆخەکە بەم شێوەیە نامێنێتەوە، بەڵکو بێ پلەوپایە بەرز دەکرێتەوە و پایەدار نزم دەکرێتەوە. کاولگە! کاولگە! ئەم شانشینە کاولگەیە! هەروەها نۆژەن ناکرێتەوە، هەتا ئەو پاشایە دێت کە مافی خۆیەتی، منیش دەیدەمە ئەو.“
«ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆش پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست لەبارەی عەمۆنییەکان و سووکایەتیکردنەکەیان ئەمە دەفەرموێت:
«”شمشێر21:28 مەبەست لە شمشێری نەبوخودنەسری پاشای بابلە.، شمشێر
بۆ سەربڕین هەڵکێشراوە،
مشتوماڵ کراوە بۆ لەناوبردن،
بریسکە دەداتەوە وەک بروسکە.
بە پێچەوانەی ئەو بینینە پووچانە و
فاڵگرتنەوە درۆیانەی کە سەبارەت بە تۆ کراون،
شمشێرەکە لەسەر ملی
کوژراوە خراپەکارەکان دادەنرێت،
ئەوانەی ڕۆژیان هات،
کاتیان هاتووە سزادانیان گەیشتووەتە بەرزترین پلە.
«”شمشێرەکە بگەڕێنەوە کێلانەکەی خۆی.
لە نیشتیمانی دایکت
حوکمت بەسەردا دەدەم،
لەو شوێنەی بەدیهێنرایت.
تووڕەیی خۆم بەسەر تۆدا دەبارێنم و
بە ئاگری هەڵچوونم فووت لێ دەکەم،
دەتدەمە دەست کەسانێکی گڕگرتووی
شارەزا لە فەوتاندن.
دەبیت بە سووتەمەنی ئاگر،
خوێنت لە ناوەڕاستی خاکەکەدا دەڕژێت.
ئیتر یادت ناکرێتەوە،
چونکە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.“»
گوناهەکانی ئۆرشەلیم
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
«ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا حوکم دەدەیت، حوکم بەسەر شارە خوێنڕێژەکە دەدەیت؟ بەڵکو شارەکە ڕووبەڕووی نەریتە قێزەونەکانی خۆی بکەرەوە. بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی ئەو شارەی کە لە ناوەڕاستیدا خوێن دەڕێژێت، نەهامەتی بەسەر خۆیدا دەهێنێت، بە دروستکردنی بت خۆی گڵاو دەکات، بەو خوێنەی ڕشتت تاوانبار بوویت، خۆتت گڵاوکرد بەو بتانەی دروستت کردوون. بەو جۆرە ڕۆژگاری خۆتت کورت کردەوە و کۆتاییت بەسەر خۆتدا هێنا، لەبەر ئەوە لەلای نەتەوەکان تۆم کرد بە شورەیی، جێگای تانە و تەشەری هەموو خاکەکان. ئەی شاری بەد ناو، ئەی پڕ لە ئاژاوە، ئەوەی لێت نزیکە و ئەوەی لێت دوورە گاڵتەت پێ دەکات.
«”سەیر بکە چۆن هەریەکە لەو میرانەی ئیسرائیل کە لەناو تۆدان دەسەڵاتی خۆی بۆ خوێنڕشتن بەکاردەهێنێت. لەناو تۆدا سووکایەتییان بە دایک و باوک کردووە. لەناو تۆدا بە ستەم هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئاوارەدا کردووە. لەناو تۆدا هەتیو و بێوەژنیان چەوساندووەتەوە. تۆ سووکایەتیت بە شتە پیرۆزکراوەکانی من کردووە و شەممەکانی منت گڵاو کردووە. لەناو تۆدان پیاوانی دووزمان و بوختانکەر بۆ خوێنڕشتن، لەناو تۆدان ئەوانەی لە نزرگەی سەر چیاکان دەخۆن و بەدڕەوشتی ئەنجام دەدەن. لەناو تۆدان ئەوانەی کە ناموسی باوکیان دەبەن، لەناو تۆدان ئەوانەی کە دەست درێژ دەکەنە سەر ژن لە کاتی گڵاوییەکەی22:10 ژنی گڵاو: بڕوانە [لێڤییەکان 15:19-24]. بەهۆی خوێنلێچوونی مانگانەی. پیاو لەگەڵ ژنی نزیکەکەی کاری قێزەونی ئەنجام دەدات، پیاوی دیکەش بووکی خۆی بە بەدڕەوشتی گڵاو دەکات. لەناو تۆدا مرۆڤ دەست درێژ دەکاتە سەر خوشکی خۆی، کچی باوکی. لەناو تۆدان ئەوانەی کە بەرتیل وەردەگرن بۆ خوێنڕشتن، هەروەها تۆ سوو و قازانج لە گرانکردنی نرخی شتومەک وەردەگریت. بە ستەم نزیکەکانی خۆتت ڕووتاندووەتەوە، سەرەڕای هەموو ئەمانەش منت لەبیر کردووە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«”لەبەر ئەو خوێنەی لەناو تۆدا ڕژا، سەیر بکە مشتم دەوەشێنم لەو قازانجە ناڕەوایەی کردووتە. ئایا دڵت بەرگە دەگرێت یان دەستت بەهێز دەبێت لەو ڕۆژانەی هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەم؟ من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم. بەنێو نەتەوەکان پەرتەوازەت دەکەم، بەسەر خاکەکاندا بڵاوت دەکەمەوە، گڵاوییەکانت لێ دادەماڵم. ئەو کاتەی لەبەرچاوی نەتەوەکان خۆتت گڵاو کردووە، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم.“»
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بنەماڵەی ئیسرائیل بۆم بوون بە خڵت، هەموویان مس و تەنەکە و ئاسن و قورقوشمن لە ناوەڕاستی کوورە بەجێماون، بوون بە خڵتی زیو. لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی ئێوە هەموو بوون بە خڵت، من لەناو ئۆرشەلیم کۆتان دەکەمەوە. وەک چۆن زیو و مس و ئاسن و قورقوشم و تەنەکە لەناو کوورەدا کۆ دەکرێنەوە، فوو بە ئاگرەکەی ژێریدا دەکرێت هەتا بێتە جۆش و بیتوێنێتەوە، منیش بە هەمان شێوە بە تووڕەیی و هەڵچوونی خۆم لەناو شارەکە کۆتان دەکەمەوە و داتاندەنێم و دەتانتوێنمەوە. جا کۆتان دەکەمەوە و لەناو ئاگری تووڕەییم فووتان لێ دەکەم و لەناویدا دەتوێنەوە. وەک زیو چۆن لەناو کوورەدا دەتوێنرێتەوە، ئێوەش بە هەمان شێوە لەناویدا دەتوێنەوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، تووڕەیی خۆمم بەسەرتاندا ڕژاندووە.“»
دیسان فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێی بڵێ: ”تۆ ئەو خاکەی کە پاک نەبوویتەوە، لە ڕۆژی تووڕەییدا بارانی لێ نەباریوە.“ پیلانگێڕی میرەکانی لە ناوەڕاستیدایە وەک شێر دەنەڕێنێت و نێچیرەکەی لەتوپەت دەکات. مرۆڤ دەخۆن، گەنجینە دەبڕن و شتی گرانبەها دەبەن، لە ناوەڕاستیدا بێوەژن زۆر دەکەن. کاهینەکانی سەرپێچی فێرکردنەکانی من دەکەن و شتە پیرۆزکراوەکانی من گڵاو دەکەن، جیاوازی لەنێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو ناکەن، جیاوازی لەنێوان گڵاو و پاک ناکەن و چاو لە شەممەکانم دەپۆشن، جا لەنێویاندا گڵاو بووم. کاربەدەستەکانی ناوی وەک گورگن، نێچیر لەتوپەت دەکەن و خوێن دەڕێژن و خەڵک دەکوژن بۆ ئەوەی بە ناڕەوایی قازانج بەدەستبهێنن. پێغەمبەرەکانیان کارە خراپەکانیان بۆ دادەپۆشن و بە بینینی پووچ و فاڵگرتنەوەی درۆ بە گەچ بۆیان سواخ دەدەن و دەڵێن: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت،“ لەگەڵ ئەوەی یەزدان هیچ قسەی نەکردووە. گەلی خاکەکە ستەمکاری و تاڵانی دەکەن، هەژار و نەدار و نامۆش دەچەوسێننەوە و لە دادپەروەری بێبەشیان دەکەن، هەژار و نەداریان چەوساندەوە و بە ناڕەوا ستەمیان لە ئاوارە کرد.
«لەنێویاندا بەدوای پیاوێکدا گەڕام شووراکە بنیاد بنێتەوە و لە پێناوی خاکەکە لە کەلێنی شووراکەوە لەبەردەمم ڕابوەستێت، بۆ ئەوەی وێرانی نەکەم، بەڵام دەستم نەکەوت. لەبەر ئەوە هەڵچوونی خۆمیان بەسەردا هەڵدەڕێژم، بە ئاگری تووڕەییم لەناویان دەبەم، کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
دوو خوشکی داوێنپیس
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، دوو ئافرەت هەبوون، کچی یەک دایک بوون، بە هەرزەکاری لە میسر لەشفرۆشیان کرد، لەوێ ختووکەی مەمکیان درا و گۆی مەمکی پاکیزەییان دەستبازی پێ کرا. گەورەکەیان ناوی ئۆهۆلا بوو و خوشکەکەشی ئۆهۆلیڤا. ئەوان هی من بوون و کوڕ و کچیان بوو، ناوەکانیشیان، ئۆهۆلا سامیرەیە و ئۆهۆلیڤا ئۆرشەلیمە.
«ئۆهۆلا لەگەڵ ئەوەی هی من بوو لەشفرۆشی کرد و هەوەسبازی لەگەڵ دۆستانی کرد، لەگەڵ پاڵەوانەکانی ئاشور، ئەوانەی جلی مۆریان پۆشیوە، فەرمانڕەوا و پارێزگارەکان، هەموویان گەنجی هەوەسدار و ئەسپ سوارن. لەشی خۆی بە هەموو هەڵبژاردەکانی نەوەی ئاشور فرۆشت، بە هەموو ئەوانەی هەوەسبازی لەگەڵ کردن گڵاو بوو، بە هەموو بتەکانیان. وازی لە لەشفرۆشییەکەی میسریش نەهێنا، چونکە بە هەرزەکاری لەگەڵی جووت بوون و دەستبازییان بە گۆی مەمکی پاکیزەیی کرد و هەوەسی خۆیان بەسەریدا ڕشت.
«لەبەر ئەوە دامە دەست دۆستەکانی، دەست نەوەی ئاشور کە بە عەشقی بۆیان سووتا بوو. ئەوان ڕووتییەکەیان دەرخست، کوڕ و کچەکانیان برد و ئەویشیان بە شمشێر کوشت. جا بۆ ژنان بوو بە پەند، حوکمی بەسەردا درا و جێبەجێ کرا.
«ئۆهۆلیڤای خوشکی ئەمەی بینی، لەگەڵ ئەوەشدا گەندەڵی و هەوەسبازییەکەی و لەشفرۆشییەکەی زیاتر بوو لە لەشفرۆشی خوشکەکەی. هەوەسی چووە سەر نەوەی ئاشور، فەرمانڕەوا و پارێزگارەکان، پاڵەوانەکان، کە نایابترین جلیان لەبەردایە، ئەسپ سوارن و هەموو گەنجی هەوەسدارن. بینیم ئەویش گڵاو بوو، هەردووکیان یەک ڕێگایان گرتبووە بەر.
«بەڵام ئۆهۆلیڤا لەشفرۆشییەکەی زیاتر کرد، کاتێک لەسەر دیوارێک وێنەی پیاوە بابلییەکانی بینی کە بە سووری ئاڵ وێنەیان کێشرابوو، پشتێن بە ناوقەدیانەوە و مێزەرەکانیان بەسەر سەریانەوە شۆڕ بووەتەوە. هەموویان بە ڕوخسار لە فەرماندە دەچن، لە شێوەی بابلییەکان کە کلدان خاکی لەدایکبوونیانە. هەرکە چاوی پێیان کەوت، هەوەسی چووە سەریان، نێردراوی بۆ لایان نارد بۆ خاکی کلدانییەکان. نەوەکانی بابلیش بۆ ناو نوێنی خۆشەویستی بۆی هاتن و بە هەوەسبازی خۆیان گڵاویان کرد. پاش ئەوەی پێیان گڵاو بوو پشتی لێکردن. لەشفرۆشی و ڕووتی خۆی بەدەرخست، جا پشتم لێکرد، وەک چۆن پشتم لە خوشکەکەشی کردبوو. کاتێک ڕۆژانی هەرزەکاری بەبیر هاتەوە کە تێیدا لە خاکی میسر لەشی خۆی فرۆشت لەشفرۆشی خۆی زیاتر کرد. هەوەسی چووە سەر هەوەسبازەکانیان، ئەوانەی ئەندامی نێرینەیان وەک هی نێرەکەرە و پەڕینیان وەک پەڕینی ئەسپە. بیری بەدڕەوشتی سەردەمی هەرزەکاریت کرد کە میسرییەکان دەستبازییان بە گۆی مەمکت دەکرد لەبەر مەمکی هەرزەکاریت.
«ئەی ئۆهۆلیڤا، لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من دۆستەکانی خۆت لێ هاندەدەم، ئەوانەی پشتت لێکردن، لە هەموو لایەکەوە دەیانهێنمە سەرت، نەوەکانی بابل و هەموو کلدانییەکان، پەقۆد و شوەع و قوەع، هەموو نەوەی ئاشوریش لەگەڵیان، گەنجە هەوەسدارەکان، هەموویان فەرمانڕەوا و پارێزگارن، فەرماندە و پاڵەوانن، هەموو ئەسپ سوارن. جا بە کۆمەڵی نەتەوەکانەوە دێنە سەرت، بە چەک و گالیسکە و عەرەبانەوە، بە قەڵغانی گەورە و بچووک و بە کڵاوی ئاسنینەوە دەورەت دەگرن. منیش سزاکەت دەدەمە دەست ئەوان و بە حوکمەکانی خۆیان سزات دەدەن. ئیرەییەکەم لە دژی تۆ دەبێت، بە تووڕەییەوە هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەن، لووت و گوێت دەبڕن و پاشماوەکەت بە شمشێر دەکوژرێت. کوڕ و کچەکانت دەبەن و پاشماوەکەت بە ئاگر هەڵدەلووشرێت. هەروەها جلت لەبەر دادەماڵن و کەرەستەی ڕازاندنەوەکەت دەبەن. کۆتایی بە بەدڕەوشتی و لەشفرۆشییەکەت دەهێنم کە لە خاکی میسرەوە دەستت پێکرد. ئینجا چاوت بەرز ناکەیتەوە بۆیان و ئیتر میسرت لەبیر نابێت.
«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئۆهۆلیڤا من خەریکم دەتدەمە دەست ئەوانەی ڕقت لێیان بووەوە، بە دەست ئەوانەی پشتت لێکردن، جا بە قینەوە هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەن، هەموو بەری ڕەنجت دەبەن و بە ڕووتوقووتی بەجێت دەهێڵن، بێ شەرمی لەشفرۆشیت و بەدڕەوشتی و هەوەسبازییەکەت ئاشکرا دەکرێت. ئەمەیان بەسەرت هێناوە، چونکە بەدوای نەتەوەکانەوە هەوەسبازیت کرد و بە بتەکانیان خۆتت گڵاوکرد. ڕێگای خوشکت گرتەبەر، لەبەر ئەوە جامەکەی ئەو دەدەمە دەستی تۆ.
«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«تۆ لە جامی خوشکت دەخۆیتەوە،
کە قووڵ و بەرینە،
جامەکەش دەبێتە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی پێکردن،
چونکە زۆر دەگرێت.
پڕ دەبیت لە مەستی و خەم،
چونکە جامی سامیرەی خوشکتە،
جامی واقوڕمان و وێرانییە.
جا دەیخۆیتەوە هەتا چۆڕبڕی دەکەیت،
پاشان پارچەپارچەی دەکەیت و
مەمکی خۆت لەتوکوت دەکەیت،
چونکە من قسەم کرد، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: چونکە منت لەبیر کرد و پشت گوێت خستم، لەبەر ئەوە بەرگەی بەدڕەوشتی و لەشفرۆشییەکەت بگرە.»
هەروەها یەزدان پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا حوکم بەسەر ئۆهۆلا و ئۆهۆلیڤا دەدەیت؟ بەڵکو ڕووبەڕووی نەریتە قێزەونەکانی خۆیان بکەرەوە، چونکە لەشی خۆیان فرۆشت و دەستیان بە خوێنە، لەگەڵ بتەکانیان داوێنپیسییان کرد، هەروەها ئەو کوڕانەی کە بۆ منیان بوو وەک خۆراک بۆ بتەکانیان بە ئاگر سووتاندیانن. هەروەها ئەمەشیان بە من کرد: لەو ڕۆژەدا پیرۆزگاکەی منیان گڵاوکرد و شەممەکانی منیان پیس کرد. کە ڕۆڵەکانی خۆیان بۆ بتەکانیان سەربڕی، ئەو ڕۆژە بۆ پیرۆزگاکەم هاتن تاوەکو گڵاوی بکەن. لەوێ لە ناوەڕاستی ماڵەکەمدا ئەوەیان ئەنجام دا.
«تەنانەت نێردراویان نارد بۆ ئەوەی چەند پیاوێک لە دوورەوە بێن، کاتێک هاتن، ئۆهۆلیڤا، تۆ خۆتت بۆیان شوشت و کلت لە چاوان کرد و بە خشڵ خۆتت ڕازاندەوە. لەسەر سەکۆیەکی نایاب لەبەردەم مێزێکی ئامادەکراو دادەنیشتیت و بخوور و زەیتی منت لەسەر دادەنا.
«دەنگی کۆمەڵێک بیسترا کە لە دەوروبەری ڕایاندەبوارد، لەگەڵ خەڵکێکی زۆروبۆر. سەبئییەکان لە چۆڵەوانییەوە هێنرابوون، ئەوانەی بازنیان کردە دەستی ئەو دووانە و تاجی جوانیان خستە سەر سەریان. ئینجا سەبارەت بەوەی لە داوێنپیسی ماندوو بوو، فەرمووم: ”ئێستا با بۆ لەشفرۆشی بەکاریبهێنن، چونکە ئەو تەنها لەشفرۆشێکە.“ جا لەگەڵی جووت بوون، وەک ئەوەی لەگەڵ لەشفرۆشێک جووت ببن. ئاوا لەگەڵی جووت بوون، لەگەڵ ئۆهۆلا و ئۆهۆلیڤا، دوو ژنە لەشفرۆشەکە. لەبەر ئەوەی داوێنپیسن و دەست بە خوێنن، دادوەرانی ڕاستودروست حوکمیان دەدەن، حوکمی داوێنپیس و حوکمی خوێنڕێژ، چونکە داوێنپیسن و دەست بە خوێنن.
«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: چەتە دەهێنمە سەریان و دەیاندەمە دەست تۆقین و تاڵان. چەتەکان بەردبارانیان دەکەن، بە شمشێرەکانیان لەتوپەتیان دەکەن، کوڕ و کچەکانیان سەردەبڕن، خانووەکانیان بە ئاگر دەسووتێنن.
«جا کۆتایی بە بەدڕەوشتی دەهێنم لە خاکەکە، هەموو ژنان پەندی لێ وەردەگرن و وەک بەدڕەوشتییەکەی ئێوە ناکەن. بەدڕەوشتییەکەی خۆتان بەسەر خۆتان دەگێڕنەوە، گوناهی بتەکانتان هەڵدەگرن. ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.»
نموونەی مەنجەڵ
لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەم24:1 بەپێی ساڵنامەی یەهودا بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە پێنجی مانگی یەک ساڵی 587ی پێش زایین. بڕوانە [دووەم پاشایان 25:1]. فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم بەروارە تۆمار بکە، هەر ئەم ڕۆژە، چونکە هەر لەم ڕۆژەدا بوو پاشای بابل گەمارۆی ئۆرشەلیمی دا. پەندێک بۆ بنەماڵەی یاخیبوو بهێنەوە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”مەنجەڵ لەسەر ئاگر دابنێ،
دایبنێ و ئاوی تێ بکە.
پارچە گۆشتەکانی تێدا کۆبکەرەوە،
هەموو پارچە چاکەکان، ڕان و شان،
پڕی بکە لە ئێسکی هەڵبژاردە.
باشترین مەڕی مێگەل ببە و
دار لەژێر مەنجەڵی ئێسکەکانی کۆبکەرەوە،
بە تەواوی بیکوڵێنە،
با ئیسکەکانیشی لەناویدا بکوڵێن.
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”قوڕبەسەر شارە خوێنڕێژەکە،
ئەو مەنجەڵەی ژەنگەکەی خۆی تێدایە،
ژەنگەکەی لێ دەرنەچوو!
پارچەپارچە دەریبهێنن،
تیروپشکی لەسەر مەکەن.
«”لەبەر ئەوەی ئەو خوێنەی ڕشتوویەتی لە ناوەڕاستیدایە،
چونکە لەسەر بەردی ڕووت دایناوە،
نەیڕشتە سەر زەوی،
تاکو بە خۆڵ دایپۆشێت.
بۆ هەڵچوونی تووڕەیی و بۆ تۆڵەسەندنەوە
خوێنەکەی ئەوم لەسەر بەردێکی ڕووت دانا،
تاکو دانەپۆشرێت.
«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”قوڕبەسەر شارە خوێنڕێژەکە!
هەروەها منیش کەڵەکە دارەکەی گەورە دەکەم.
دار زۆر بکە و ئاگری تێبەردە،
گۆشتەکە پێ بگەیەنە،
بە تەواوی بەهاراتی پێوە بکە،
لێگەڕێ با ئێسکەکان بسووتێنێت.
دوای ئەوە مەنجەڵەکە بە بەتاڵی لەسەر پشکۆیەکان دابنێ،
با گەرم بێت و مسەکەی بسووتێت،
جا پیسییەکەی تێیدا دەتوێتەوە و
ژەنگەکەی نامێنێت.
ڕەنجیان بە خەسار چوو،
ژەنگە زۆرەکەی لانەدرا،
تەنانەت بە ئاگریش.
«”جا پیسییەکەت بەدڕەوشتییە. لەبەر ئەوەی هەوڵم دا پاکت بکەمەوە بەڵام پاک نەبوویتەوە، هەر لە پیسییەکەت پاک نابیتەوە هەتا تووڕەیی خۆمت بەسەردا دانەمرکێنمەوە.
«”من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، دێتە دی و دەیکەم. نە دەستت لێ دەپارێزم و نە دڵم پێت دەسووتێت و نە پاشگەز دەبمەوە. بەگوێرەی ڕەفتار و کردەوەکانت حوکمت دەدەن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
مردنی ژنی حزقیێل
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، من خەریکم بە لێدانی گورزێک ئەوەی چاوت ئارەزووی دەکات لێتی دەستێنم، جا مەلاوێوە و مەگریێ و فرمێسک مەڕێژە. بە کپی ئاخ هەڵکێشە، شیوەن مەگێڕە بۆ مردوو. مێزەر لە خۆت بپێچە، با پێڵاوەکانت لە پێتدا بن و سمێڵت دامەپۆشە و نانی ماتەم مەخۆ.»
بۆ بەیانی قسەم لەگەڵ گەل کرد و بۆ ئێوارە ژنەکەم مرد، ڕۆژی دواتریش چۆن فەرمانم پێ کرابوو وام کرد.
ئینجا گەل لێیان پرسیم: «ئایا پێمان ناڵێیت، ئەمەی تۆ دەیکەیت پەیوەندی چییە بە ئێمەوە؟»
منیش وەڵامم دانەوە: «فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم پیرۆزگای خۆم گڵاو دەکەم، ئەو قەڵایەی شانازی پێوە دەکەن، ئارەزووی چاوتان و خۆشی گیانتانە. کوڕ و کچەکانتان، ئەوانەی بەجێتان هێشتن بە شمشێر دەکوژرێن. من چیم کرد ئێوەش بە هەمان شێوە دەکەن، سمێڵتان داناپۆشن و نانی ماتەم ناخۆن. مێزەرەکانتان بە سەرتانەوە و پێڵاوەکانتان لە پێتان دەبێت، شیوەن ناگێڕن و ناگریێن، بەڵکو بە تاوانەکانتانەوە دەفەوتێن و بۆ یەکتری دەنوزێنەوە. حزقیێل بۆ ئێوە دەبێتە نیشانە. هەموو ئەوەی کردی ئێوەش دەیکەن. کاتێک ئەمە ڕوودەدات، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.“
«تۆش، ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەو ڕۆژەی کە قەڵاکەیان لێ دەستێنمەوە، کە شادی و شانازییانە، ئارەزووبەخشی چاوانیانە و خۆشی دڵیانە، هەروەها کوڕ و کچیشیان لێ دەستێنمەوە، هەر لەو ڕۆژەدا، دەربازبووێک دێت بۆ لات وەک هەواڵدەرێک. لەو ڕۆژەدا زمانت بۆ دەربازبووەکە دەکرێتەوە قسە دەکەیت و چیتر لاڵ نابیت. بۆیان دەبیت بە نیشانە، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
پێشبینییەک لەسەر عەمۆن
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە عەمۆنییەکان بکە و پێشبینییان لەسەر بکە، بە عەمۆنییەکان بڵێ: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەست بگرن، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی گوتت ’هۆیها!‘ لەسەر پیرۆزگاکەم چونکە گڵاو بوو، لەسەر خاکی ئیسرائیل چونکە وێران بوو، لەسەر بنەماڵەی یەهوداش چونکە بە دیلی ڕاپێچ کران، لەبەر ئەوە منیش دەتدەمە دەست خەڵکی ڕۆژهەڵات داگیرت بکەن، جا خێوەتگاکانیان لەنێو تۆدا دادەمەزرێنن و نشینگەکانیان لەنێو تۆدا دادەنێن. ئەوان میوەکەت دەخۆن و هەر ئەوانیش شیرەکەت دەخۆنەوە. ڕەبە دەکەم بە مۆڵگای وشتر و خاکی عەمۆنییەکانیش بە پشتیری25:5 پشتیر: گەوڕ، شوێنێکی تایبەت بووە بە پەروەردەکردنی ئاژەڵ. مەڕ، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی بە دەست چەپڵەت لێدا و پێت دا بە زەویدا و بە هەموو قینی دڵتەوە بە ڕووخاندنی ئیسرائیل دڵخۆش بوویت، لەبەر ئەوە منیش دەستم بۆت درێژ دەکەم، وەک دەستکەوت دەتدەمە دەست نەتەوەکان. لەنێو گەلان ڕیشەکێشت دەکەم، لە خاکەکان لەناوت دەبەم. وێرانت دەکەم، جا دەزانیت کە من یەزدانم.“»
پێشبینییەک لەسەر مۆئاب
«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی مۆئاب و سێعیر دەڵێن، ’ببینە بنەماڵەی یەهودا وەک هەموو نەتەوەکانە،‘ هەر لەبەر ئەوە من لەلای شارۆچکەکانییەوە سنووری مۆئاب دەکەمەوە، لە شارۆچکەکانی ئەوپەڕییەوە، کە جوانترینی خاکەکەن، بێتیەشیمۆت و بەعلمەعۆن و قیریاتەیم. مۆئاب لەگەڵ عەمۆنییەکان دەدەمە دەست خەڵکی ڕۆژهەڵات، بۆ ئەوەی ئیتر ناوی عەمۆنییەکان لەنێو نەتەوەکان نەهێنرێت. مۆئاب سزا دەدەم، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»
فەرموودەیەک سەبارەت بە ئەدۆم
«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی ئەدۆم تاوانێکی گەورەی کرد، بەوەی تۆڵەی لە بنەماڵەی یەهودا سەندەوە، هەر لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دەستم بۆ سەر ئەدۆم درێژ دەکەم و مرۆڤ و ئاژەڵی لێ ڕیشەکێش دەکەم. لە تێمانەوە بۆ دیدان بە شمشێر دەکوژرێن و خاکەکەش دەکەمە چۆڵەوانی. بە دەستی ئیسرائیلی گەلەکەم تۆڵە لە ئەدۆم دەکەمەوە، جا ئەوەی بە ئەدۆمی دەکەن بەگوێرەی تووڕەیی و هەڵچوونی من دەبێت، ئەو کاتە تۆڵەی من دەزانن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
پێشبینییەک لەسەر فەلەستیە
«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی فەلەستییەکان بە دڵێکی پڕ لە قینەوە تۆڵەیان لە یەهودا سەندەوە و کاریان کرد بۆ وێرانی و دوژمندارییەکی هەتاهەتایی، هەر لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم دەست بۆ سەر فەلەستییەکان درێژ دەکەم و کریتییەکان ڕیشەکێش دەکەم و پاشماوەی دانیشتووانی کەناری دەریا لەناودەبەم. تۆڵەی مەزنیان لێ دەکەمەوە و بە تووڕەیی سزایان دەدەم، جا دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک تۆڵەی خۆمیان لێ وەردەگرمەوە.“»
فەرمایشتێک سەبارەت بە پاشایەتی سور
لە یەکی مانگی یازدەی ساڵی دوازدەیەم،26:1 مەبەست لەو ماوەیە لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشای یەهودا بۆ بابل، کە بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە سێی مانگی دوو ساڵی 585ی پێش زایین. فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوەی سور دەربارەی ئۆرشەلیم گوتی: ”هۆیها! دەروازەکەی ڕوو لە گەلان شکا، دەرگاکانی کەوتنە سەر پشت، وێرانبوونی ئەو قازانجی منە.“ لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی سور، من لە دژی تۆم، هەروەک دەریا شەپۆلەکانی بەرز دەکاتەوە، من چەندین نەتەوە دەهێنمە سەرت. جا ئەوان شووراکانی سور دەڕووخێنن و قوللەکانی تێکدەدەن، منیش خۆڵەکەی لەسەر ڕادەماڵم و دەیکەم بە بەردی ڕووت. دەبێتە شوێنێک بۆ بڵاوکردنەوەی تۆڕ لەناو دەریا، چونکە من قسەم کرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. سور دەبێتە دەستکەوت بۆ نەتەوەکان و شارۆچکەکانی دەوروبەری بە شمشێر وێران دەبن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.
«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە باکوورەوە نەبوخودنەسری پاشای بابل دەهێنمە سەر سور، پاشای پاشایان، بە ئەسپ و گالیسکە و سوار و لەشکرێکی مەزنەوە. جا شارۆچکەکانی دەوروبەرت بە شمشێر وێران دەکات، سەنگەرت لە دەور لێدەدەن و قوللەت لەسەر بنیاد دەنێت، سەنگەرت لە دەور لێدەدات و قەڵغانت لێ هەڵدەگرێت. مەنجەنیق دەخاتە سەر شووراکانت و بە چەکەکانی قوللەکانت دەڕووخێنێت. لە زۆری ئەسپەکانی تۆزیان داتدەپۆشێت. لە دەنگی ئەسپ سوار و عەرەبانە و گالیسکەکان شووراکانت دەلەرزن، کاتێک دێتە ناو دەروازەکانتەوە، وەک چوونەناو شارێکی پڕ کەلێن. بە سمی ئەسپەکانی هەموو شەقامەکانت دەپەستێتەوە، گەلەکەت بە شمشێر دەکوژێت، کۆڵەکە بەهێزەکانت دەکەونە سەر زەوی. سامانت تاڵان دەکەن، بازرگانیت زەوت دەکەن، شووراکانت دەڕووخێنن، خانووە جوانەکانت تێکدەدەن، بەرد و دار و خۆڵت دەخەنە ناو دەریاوە. دەنگی ناسازی گۆرانییەکانت کۆتایی پێ دەهێنم، چیتر دەنگی قیسارەکانت نابیسترێنەوە. دەتکەمە بەردی ڕووت و دەبیتە شوێنی بڵاوکردنەوەی تۆڕەکان. جارێکی دیکە بنیاد نانرێیتەوە، چونکە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«یەزدانی باڵادەست بە سور ئەمە دەفەرموێت: ئایا ناوچەکانی کەناری دەریا لەگەڵ دەنگی کەوتنت، لەگەڵ هاواری بریندار و کەوتنی کوژراوان لە ناوەڕاستی تۆدا نالەرزن؟ هەموو میرانی کەناری دەریا لەسەر تەختەکانیان دادەبەزن و کەواکانیان دادەماڵن و کراسە نەخشینەکانیان دادەکەنن، بەرگی تۆقین دەپۆشن و لەسەر زەوی دادەنیشن و هەموو چرکەیەک دەلەرزن، واقیان لێت وڕدەمێنێت. شینت بۆ دەگێڕن و پێت دەڵێن:
«”ئەی شارە بەناوبانگەکە، چۆن لەناوچوویت؟
چۆن هێزە دەریاییەکەت لەناوچوو؟
بەهێز بوویت لە دەریا،
خۆت و دانیشتووانەکەت،
هەموو ئەوانەی کە لەوێدا دەژیان
تۆ ترس و تۆقینت هێنایە سەریان.
گەلانی کەناری دەریاکان
لە ڕۆژی کەوتنت دەلەرزن،
دوورگەکانی ناو دەریا
لەبەر نەمانت دەوروژێن.“
«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک وەک شارە بێ ئاوەدانییەکان دەتکەمە شارێکی وێران، کاتێک قووڵایی دەریاکان دەهێنمە سەرت و ئاوە زۆرەکان داتدەپۆشن، لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان تۆش دەخەمە ناوی، بۆ لای ئەو گەلانەی کە لەمێژەوە مردوون و لە نزماییەکانی زەوی داتدەنشێنم. لە کاولگە هەتاهەتاییەکان لەگەڵ ئەوانەی کە دەچنە نێو جیهانی مردووان، بۆ ئەوەی لە خاکی زیندوواندا ئاوەدان نەبیت و نەدرەوشێیتەوە. دەتکەمە کارەسات و ئیتر بوونت نابێت، بەدواتدا دەگەڕێن و چیتر نادۆزرێیتەوە، هەتاهەتایە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
شیوەنێک بۆ سور
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، شیوەنێک بۆ سور بگێڕە. بە سور بڵێ: ئەی نیشتەجێ لەلای گەرووی دەریا، ئەوەی لە زۆربەی کەنارەکان بازرگانی لەگەڵ گەلان دەکات، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”ئەی سور، تۆ گوتت
’من تەواو جوانم.‘
سنوورەکانت لەناو جەرگەی دەریاکان،
بنیادنەرانت جوانی تۆیان تەواو کرد.
هەموو تەختە دارەکانیان
لە دار سنەوبەری سنیر27:5 سنیر: دەگەڕێتەوە بۆ چیای حەرمۆن. بڕوانە [دواوتار 3:9]. بۆت دروستکرد.
لە لوبنانەوە دارێکی ئورزیان هێنا
تاکو داری ئاڵات بۆ دروستبکەن.
لە دار بەڕووەکانی باشان
سەوڵەکانی تۆیان دروستکرد.
تەختەداری درێژی کەشتییەکەت لە داری سەروون لە کەنارەکانی قوبرسەوە هێنراون،
بە عاج ڕازاوەن.
کەتانی نەخشێنراوی میسر
چارۆکەکەتە هەتا بۆت ببێتە ئاڵا.
قوماشی مۆر و ئەرخەوانی لە کەنارەکانی ئەلیشایەوە
چەترت بوون.
خەڵکی سەیدا و ئەرڤاد
سەوڵیان بۆ لێدەدایت.
ئەی سور، پیاوە داناکانت کە لەناوتدا بوون،
ئەوان کەشتیوانت بوون.
پیرانی جوبەیل27:9 شاری جوبەیل شارێکی کۆنە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 7000 لەمەوپێش، ئەمرۆ بە دووری 38 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری بەیروت. و داناکانی لەسەر پشتی تۆ بوون،
کون و کەلێنەکانیان بۆت پڕ دەکردەوە.
هەموو کەشتییەکانی دەریا و کەشتیوانەکانیان هاتنە تەنیشتت،
بۆ بازرگانیکردن بە کەلوپەلەکانت.
«”پیاوانی فارس و لوود و پووت
لە ڕیزی سوپاکەت جەنگاوەرت بوون،
قەڵغان و کڵاوی ئاسنینیان لەسەر شووراکانت هەڵواسی،
ئەوانە شکۆیان بە تۆ بەخشی.
نەوەی ئەرڤاد لەگەڵ سوپاکەت
بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت بوون،
گەمادییەکان لەناو قوللەکانت بوون،
قەڵغانەکانیان بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت هەڵواسی،
ئەوانە جوانی تۆیان تەواو کرد.
«”تەرشیش بەهۆی دەوڵەمەندی و زۆری کاڵاکانت بازرگانی لەگەڵ دەکردیت، زیو و ئاسن و تەنەکە و قورقوشمی بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
«”یۆنان و توبال و مەشەک بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، کۆیلە و کەلوپەلی بڕۆنزیان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
«”دانیشتووانی بێتتۆگەرما ئەسپ و ئەسپی سواری و هێستریان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
«”خەڵکی ڕودس27:15 دوورگەیەکە لە دەریای سپی ناوەڕاست. بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زۆر لە کەنارەکان بازاڕی فرۆشتنی کاڵاکانی تۆ بوون، لە جیاتی نرخەکەی عاج و داری ئەبەنوسیان پێدەدایت.
«”ئارامییەکان لەبەر زۆری کارە دەستکردەکانت بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، بەردە پیرۆزە،27:16 بەردە پیرۆزە: بەردێکی شینی سەوزباوە. قوماشی ئەرخەوانی، کاری ئەتەمین27:16 نەخشاندنی قوماش بە دەست.، کەتانی ناسک، مەرجان و یاقووتیان27:16 یاقووت: گەوهەری سووری تێر. بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
«”یەهودا و خاکی ئیسرائیل بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، گەنمی مینیت و شیرینەمەنی و هەنگوین و زەیت و مەرهەمی هەتووانیان27:17 ئازارشکێن. بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
«”دیمەشق بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بەهۆی زۆری کارە دەستکردەکانت و فرەیی سامانەکەت، شەرابی حەلبۆن و خوری چاحەریان لەگەڵت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
«”دانییەکان و یۆنانییەکان لە ئوزال ئاڵوگۆڕیان بە کاڵاکانت دەکرد، ئاسنی کوتراو و کاسیا27:19 دارێکە بۆ بۆنخۆشی بەکاردێت. و قامیشی بۆنخۆشیان لەگەڵ کەلوپەلەکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
«”دیدان بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بۆ زینی لباد، بۆ سواربوون.
«”عەرەبستان و هەموو میرەکانی قێدار بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، لە بەرخ و بەران و نێری، بەمە بازرگانییان لەگەڵ کردیت.
«”بازرگانەکانی شەبا و ڕەعما بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زێڕ و هەموو جۆرە بۆنێکی خۆش و بەردە گرانبەهاکانیان لە باشترین جۆر لەگەڵ کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
«”حەڕان و کەنێ و عەدەن و بازرگانەکانی شەبا و ئەشوور و کیلمەد بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت. ئەوانە لە بازاڕەکانت بە جل و بەرگی جوان، قوماشی مۆر، کاری ئەتەمین، بەڕەی چنراو و ڕەنگین بە دەزووی ڕستراو و پتەو بازرگانییان لەگەڵ کردیت.
«”کەشتییەکانی تەرشیش کاڵاکانت بار دەکەن.
لە باری گران لەناو جەرگەی دەریاکان پڕیت.
ئەوانەی سەوڵت بۆ لێدەدەن
بۆ ناو ئاوە زۆرەکان دەتبەن،
بەڵام بای ڕۆژهەڵات لەناو
جەرگەی دەریاکان تێکتدەشکێنێت.
سامان و کاڵا و کەلوپەلەکانت،
کەشتیوان و دەریاوان و وەستاکانت،
ئاڵوگۆڕکەران بە کەلوپەلەکەت، هەموو جەنگاوەرەکانت کە لەناو تۆدان،
هەموو سەرنشینەکانت کە لە ناوەڕاستی تۆن،
لە ڕۆژی ژێر ئاو کەوتنت
دەکەونە ناو جەرگەی دەریاوە.
لە دەنگی هاواری کەشتیوانەکانت
کەنارەکان دەلەرزن.
هەموو سەوڵلێدەر و کەشتیوانە بە ئەزموونەکان و
کەشتیوانە ئاساییەکانی دەریا،
لە کەشتییەکانیان دادەبەزن و
لەسەر کەنار ڕادەوەستن،
دەنگیان بۆت بەرز دەکەنەوە و
بە تاڵییەوە دەقیژێنن،
خۆڵ دەکەن بەسەر سەری خۆیاندا و
لەناو خۆڵەمێش خۆیان دەگەوزێنن.
بۆ تۆ پرچی سەریان دەتاشن و
جلوبەرگی گوش دەپۆشن.
بە تاڵی گیانەوە گریانێکی تاڵ
بۆت دەگریێن.
لە کاتی گریانیان لاوانەوەیەک بەرز دەکەنەوە،
بۆت دەلاوێننەوە:
’کێ وەک سور لەناو جەرگەی دەریا
بێدەنگی نواند؟‘
کاتێک کاڵاکانت بە دەریاکاندا ناردە دەرەوە،
گەلانێکی زۆرت تێر کرد.
بە زۆری سامان و کەلوپەلەکانت
پاشایانی زەویت دەوڵەمەند کرد.
کاتێک لە دەریاکان تێکشکایت
لەناو قووڵایی ئاوەکان،
کەرەستە و هەموو سەرنشینەکەت
لەگەڵت نوقوم بوون.
هەموو دانیشتووانی کەنارەکان
واقیان لێت وڕدەمێنێت،
پاشاکانیان موچڕکەیان پێدا دێت،
ڕوخساریان دەشێوێت.
بازرگانانی نێو گەلان فیکەت بۆ لێ دەدەن،
کۆتاییەکەت ترسناک دەبێت و
ئیتر بۆ هەتاهەتایە نامێنیت.“»
فەرمایشتێک سەبارەت بە پاشای سور
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە سەرۆکی سور بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”لەبەر لەخۆباییبوونەکەت گوتت:
’من خوداوەندێکم،
لەسەر تەختی خوداوەندیێتی دادەنیشم
لەناو جەرگەی دەریاکان.‘
بەڵام تۆ مرۆڤیت نەک خوداوەند،
هەرچەندە وا بزانیت وەک خوداوەندێک دانایت.
ئایا تۆ لە دانیال داناتری؟
هیچ نهێنییەک لێت ناشاردرێتەوە؟
بە دانایی و تێگەیشتنت سامانت بۆ خۆت دەست کەوت،
زێڕ و زیوت لە گەنجینەکانت کۆکردەوە.
بەهۆی شارەزایی زۆرت لە بازرگانی
سامانەکەتت زیاد کرد،
جا لەبەر دەوڵەمەندییەکەت
لەخۆبایی بوویت.
«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”وا دەزانیت کە دانایت،
کە دانایی خوداوەندت هەیە،
هەر لەبەر ئەوەش من بێگانە دەهێنمە سەرت،
دڕندەترینی نەتەوەکان،
شمشێرەکانیان هەڵدەکێشنە سەر جوانی و داناییەکەت،
شکۆ درەوشاوەکەت دەبڕن.
لەناو جەرگەی دەریاکان
بە مردنی خوێناوی دەمریت،
شۆڕت دەکەنەوە ناو جیهانی مردووان.
ئایا لەبەردەم بکوژەکانت
دەڵێیت: ’من خوداوەندم‘؟
نەخێر، بەڵکو تۆ لەناو دەستی ئەوانە دایت کە دەتدەنە بەر شمشێر،
تەنها مرۆڤیت، نەک خوداوەند.
بە مردنی خەتەنەنەکراوان دەمریت،
بە دەستی بێگانان.
من بەڵێنم دا، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بۆ پاشای سور بلاوێنەوە و پێی بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”تۆ نموونەی تەواوەتی بوویت،
پڕ لە دانایی و جوانی تەواو بوویت.
لە عەدەنی بەهەشتی خودا بوویت،
هەموو بەردێکی گرانبەها تۆی دەڕازاندەوە:
یاقووت28:13 یاقووت: گەوهەری سووری تێر.، یاقووتی زەرد، زمروود،
زەبەرجەد، بەردی عاشقبەند، یەشب،
یاقووتی شین، بەردە پیرۆزە28:13 بەردە پیرۆزە: بەردێکی شینی سەوزباو. و زمروودی سەوز.
چواردەوری بەردە گرانبەهاکەت بە زێڕ نەخشێنرا بوو،
لە ڕۆژی بەدیهێنانت ئامادە کران.
تۆ کەڕوبی دەستنیشانکراو بوویت بۆ پاسەوانی،
ئەم ئەرکەم بە تۆ سپاردبوو.
تۆ لەسەر کێوی پیرۆزی خودا بوویت،
بەناو بەردە ئاگرینەکاندا هاتوچۆت دەکرد.
تۆ لە کردەوەکانت تەواو بوویت،
لە ڕۆژی بەدیهێنانتەوە
هەتا ئەو ڕۆژەی خراپەت تێدا بەدیکرا.
بەهۆی فراوانبوونی بازرگانییەکەت،
پڕ بوویت لە ستەم و
گوناهت کرد.
لەبەر ئەوە ئەی کەڕوبی پاسەوان،
وەک گڵاوییەک لە کێوی خوداوە فڕێمدایت،
لەناو بەردە ئاگرینەکاندا دەرمکردیت.
لەبەر جوانییەکەت لەخۆبایی بوویت،
لە پێناوی شکۆی خۆت داناییەکەتت بە گەندەڵی بەکارهێنا.
لەبەر ئەوە فڕێمدایتە سەر زەوی،
تۆم کرد بە دیمەنێک بۆ ئەوەی پاشایان تەماشات بکەن.
لەبەر زۆری تاوانەکانت و ناپاکیت لە بازرگانییەکەت
پیرۆزگاکانی خۆتت گڵاوکرد.
لەبەر ئەوە ئاگرێکم داگیرساند لە تۆوە دەرچوو،
تۆی هەڵلووشی،
دەتکەمە خۆڵەمێش لەسەر زەوی،
لەبەرچاوی هەموو ئەوانەی سەیریان دەکردیت.
هەموو ئەوانەی لەنێو گەلان تۆیان ناسی
واقیان لێت وڕدەمێنێت،
چونکە بوویتە پەند و
ئیتر بۆ هەتاهەتایە نامێنیت.“»
فەرمایشتێک سەبارەت بە سەیدا
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووی خۆت لە سەیدا بکە و پێشبینی لەسەر بکە، بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”ئەی سەیدا، من لە دژی تۆم و
لە ناوەڕاستی تۆدا شکۆمەندی خۆم دەردەخەم.
کاتێک سزای ئەو دەدەم و
پیرۆزی خۆم دەردەخەم،
ئەو کاتە دەزانن کە من یەزدانم.
دەرد دەنێرمە سەری و
خوێن بەناو کۆڵانەکانیدا دەڕوات.
لە هەموو لایەکەوە شمشێر دێتە سەری و لە ناوەڕاستیدا کوژراوەکان دەکەون،
کە لە هەموو لایەکەوە دێتە سەری،
ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.
«”لەمەودوا ئەو گەلانەی کە لە دەوروبەری بنەماڵەی ئیسرائیلن، ئەوانەی سووکایەتییان پێ دەکەن بۆیان نابنە چقڵی چەقیو و دڕکی بە ئازار. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک بنەماڵەی ئیسرائیل کۆدەکەمەوە، لەنێو ئەو گەلانەی کە بۆ ناویان پەرتەوازە بوون، لەبەرچاوی نەتەوەکان پیرۆزی خۆم لەنێویاندا دەردەخەم. ئیتر لە خاکەکەی خۆیاندا نیشتەجێ دەبن، ئەوەی دام بە یاقوبی بەندەی خۆم. ئینجا بە ئاسوودەیی تێیدا نیشتەجێ دەبن و خانوو بنیاد دەنێن و ڕەز دەچێنن. کاتێک سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە لە دەوروبەریان سووکایەتییان پێ کردن، بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبن. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، خودای ئەوانم.“»
فەرمایشتێک سەبارەت بە میسر
حوکم بەسەردادانی فیرعەون
لە دوازدەی مانگی دەی ساڵی دەیەم،29:1 مەبەست لەو ماوەیە لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشای یەهودا بۆ بابل، کە بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە حەوتی مانگی یەکی ساڵی 587ی پێش زایین. فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە فیرعەونی پاشای میسر بکە و پێشبینی لەسەر هەموو میسر بکە. قسە بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”ئەی فیرعەونی پاشای میسر، من لە دژی تۆم،
ئەی تیمساحە گەورە ڕاکشاوەکە لەناو لقەکانی نیل،
ئەوەی گوتی، ’ڕووباری نیل هی منە و
من بۆ خۆم دروستم کردووە.‘
قولاپ لە شەویلگەت دەکەم،
ماسی چەمەکانت بە پوولەکەکانتەوە دەلکێنم.
بە هەموو ئەو ماسییانەوە کە بە پوولەکەکانتەوە لکاون،
لە ناوەڕاستی چەمەکانت دەرتدەهێنم.
لە چۆڵەوانی بەجێت دەهێڵم،
خۆت و هەموو ماسی چەمەکانت.
لە دەشتودەر دەمریت،
نە خڕدەکرێیتەوە و نە هەڵدەگیرێیتەوە.
تۆ دەکەمە خۆراکی
گیانلەبەری زەوی و باڵندەی ئاسمان.
ئەو کاتە هەموو دانیشتووانی میسر دەزانن کە من یەزدانم.
«”تۆ گۆچانی قامیش بوویت بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل. کە تۆیان بە دەست گرت، شەق شەق بوویت و ناو شانی ئەوانت دڕی، کە خۆیان بەسەرتدا دا، شکایت و پشتی ئەوانیشت شکاند.
«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من شمشێرێکت دەهێنمە سەر، مرۆڤ و ئاژەڵت لێ ڕیشەکێش دەکەم. خاکی میسر دەبێت بە کاولگە و چۆڵەوانی، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.
«”لەبەر ئەوەی گوتت، ’ڕووباری نیل هی منە و من دروستم کردووە،‘ لەبەر ئەوە من لە دژی تۆ و چەمەکانی تۆم، خاکی میسر دەکەم بە کەلاوەی کاول و چۆڵ، لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان و هەتا سنووری کوش. نە پێی مرۆڤی تێدا ڕەت دەبێت و نە پێی ئاژەڵ، بۆ چل ساڵ کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت. خاکی میسر دەکەم بە چۆڵەوانی نێو خاکە چۆڵەکان، شارەکانیشی بۆ ماوەی چل ساڵ لەناو شارە کاولەکان چۆڵ دەبێت، میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرت دەکەم و لەنێو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە.
«”لەگەڵ ئەوەشدا یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لە کۆتایی چل ساڵەکە میسرییەکان لەو گەلانە کۆدەکەمەوە کە تێیاندا پەرشوبڵاو بوون. ڕاپێچکراوەکانی میسر دەگەڕێنمەوە بۆ شانشینی باشووری میسر29:14 واتا باشووری میسر.، بۆ نیشتیمانی دایکیان دەیانگەڕێنمەوە و لەوێ دەبن بە پاشایەتییەکی نزم و بێ نرخ. بێ نرخترین پاشایەتی دەبێت، ئیتر بەسەر نەتەوەکاندا بەرز نابێتەوە. لاوازیان دەکەم بۆ ئەوەی بەسەر نەتەوەکاندا زاڵ نەبن. لەمەودوا میسر نابێت بە پاڵپشتی بنەماڵەی ئیسرائیل، بەڵکو تاوانەکەیان دێتەوە یادیان، کاتێک ڕوویان لە میسر کرد، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.“»
پاداشتی نەبوخودنەسر
لە یەکی مانگی یەکی ساڵی بیست و حەوتەم،29:17 مەبەست لەو ماوەیە لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشای یەهودا بۆ بابل، کە بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە بیست و شەشی مانگی چواری ساڵی 571ی پێش زایین. فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، نەبوخودنەسری پاشای بابل لەشکرەکەی خۆی لە جەنگێکی قورسدا لە دژی سور بەکارهێنا، هەتا ئەوەی هەموو سەرێک ڕووتایەوە و هەموو شانێک داماڵرا، بەڵام نە خۆی و نە لەشکرەکەی لەو جەنگەی کە ڕابەرایەتی کرد هیچ پاداشتێکیان لە سور دەست نەکەوت. لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خاکی میسر دەدەمە نەبوخودنەسری پاشای بابل، جا سامانەکەی دەبات، دەیدزێت و تاڵانی دەکات، دەبێتە کرێ بۆ لەشکرەکەی. خاکی میسرم بە ئەو دا وەک پاداشت بۆ ماندووبوونەکەی، چونکە ئەو و سوپاکەی لە پێناوی مندا جەنگان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«لەو ڕۆژەدا هێزی بنەماڵەی ئیسرائیل دەگەڕێنمەوە، دەمی تۆش لەنێویان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
شیوەنێک بۆ میسر
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”واوەیلا بکەن،
’ئای بۆ ئەو ڕۆژە!‘
چونکە ڕۆژەکە نزیکە،
ڕۆژەکەی یەزدان نزیکە،
ڕۆژێکی بە هەورە،
کاتی وێرانبوونی نەتەوەکان دەبێت.
شمشێرێک دێتە سەر میسر،
ترس دێتە سەر کوش.
کاتێک کوژراوان لە میسر دەکەون،
سامانەکەی دەبردرێت و
بناغەکانی دەڕووخێنرێت.
کوش و لیبیا، لوود و هەموو عەرەبستان، کووب و نەوەکانی خاکی پەیمان، لەگەڵ میسر بە شمشێرەکە دەکەون.
«”یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”هاوپەیمانانی میسر دەشکێن و
هێزەکەی لەدەست دەدات کە مایەی شانازییەتی،
خەڵکەکەشی لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان
بە شمشێرەکە دەکوژرێن.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«”وەک خاکەکانی دەوروبەریان چۆڵ دەبن،
شارەکانیان لە ڕیزی شارە کاولەکان دەبن.
بەوە دەزانن کە من یەزدانم،
کاتێک ئاگر لە میسر بەردەدەم و
هەموو یارمەتیدەرانی تێکدەشکێنرێن.
«”لەو ڕۆژەدا، نێردراوان بە سواری کەشتی لەلای منەوە دێن بۆ تۆقاندنی کوشی لەخۆڕازی، ئینجا لە ڕۆژی سزادانی میسر ترس دێتە سەریان، چونکە ئەوەتا دێت.
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”من ئاپۆرەی سوپای میسر لەناودەبەم،
بە دەستی نەبوخودنەسری پاشای بابل.
ئەو بە خۆی و بە لەشکرەکەیەوە دڕندەترینی نەتەوەکانن،
بۆ کاولکردنی خاکەکە دەهێنرێن،
جا شمشێرەکانیان بۆ سەر میسر هەڵدەکێشن،
خاکەکە پڕ دەکەن لە کوژراو.
چەمەکانی نیل وشک دەکەم و
خاکەکە دەفرۆشم بە خراپەکاران،
بە دەستی بێگانان
خاکەکە و هەرچی تێیدایە کاولی دەکەم.
من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”بتەکان لەناودەبەم و
کۆتایی بە پەیکەرەکانی نێو مەمفیس دەهێنم،
لەمەودوا هیچ میرێک لە خاکی میسر هەڵناکەوێت،
ترس دەخەمە سەر خاکی میسر.
پاشایەتی باشووری میسر تێکدەدەم و
ئاگر لە چۆعەن بەردەدەم و
لە شاری تیب سزا دەسەپێنم.
تووڕەیی خۆم بەسەر شاری پەلوزیوم دەبارێنم،
قەڵاکەی میسر،
ئاپۆرەی سوپای تیب ڕیشەکێش دەکەم.
ئاگر لە میسر بەردەدەم،
پەلوزیوم ئێشی پێ دەگات.
تیب تەفروتونا دەبێت،
مەمفیسیش هەموو ڕۆژێک لە تەنگانەدا دەبێت.
گەنجەکانی ئۆن و پیڤەسەت
بە شمشێر دەکوژرێن،
ئەو دوو شارەش ڕاپێچ دەکرێن.
لە تەحپەنحێس ڕۆژ تاریک دادێت
کاتێک نیرەکانی30:18 مەبەستی لە بارگرانییە. میسر دەشکێنم،
شانازی هێزی نامێنێت.
هەورێک میسر دادەپۆشێت،
شارۆچکەکانی ڕاپێچ دەکرێن.
لە میسر سزا دەسەپێنم،
ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»
شکاندنی هێزەکانی فیرعەون
لە حەوتی مانگی یەکی ساڵی یازدەیەمین،30:20 مەبەست لەو ماوەیە لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشای یەهودا بۆ بابل، کە بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە بیست و نۆی مانگی چواری ساڵی 587ی پێش زایین. فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، من بازووی فیرعەونی پاشای میسرم شکاند. یەکناگرێتەوە، نە بە پەلیکە دار و نە بە پێچانەوەی، بۆ ئەوەی بەهێز بێت و شمشێر بەدەستەوە بگرێتەوە. لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی فیرعەونی پاشای میسرم. هەردوو بازووی دەشکێنم، ساغەکە و شکاوەکە، شمشێر لە دەستی بەردەدەمەوە. میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرت دەکەم و بەناو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە. هەردوو بازووی پاشای بابل توند دەکەم و شمشێری خۆم دەدەمە دەستییەوە. هەردوو بازووی فیرعەونیش دەشکێنم و لەبەردەمی وەک نوزانەوەی بریندار دەنوزێتەوە. بازووەکانی پاشای بابل توند دەکەم، بەڵام بازووەکانی فیرعەون دەکەون. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک شمشێری خۆم دەدەمە دەست پاشای بابل و بەسەر خاکی میسردا هەڵیدەکێشێت. میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرتەوازە دەکەم و بەناو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
فیرعەون وەک دار ئورزێکی لوبنان ڕیشەکێش دەکرێت
لە یەکی مانگی سێی ساڵی یازدەیەمین،31:1 مەبەست لەو ماوەیە لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشای یەهودا بۆ بابل، کە بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە بیست و یەکی مانگی شەشی ساڵی 587ی پێش زایین. فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە فیرعەونی پاشای میسر و ئاپۆرەی سوپاکەی بڵێ:
«”لە گەورەییدا بە کێ خۆت بەراورد دەکەیت؟
سەیر بکە ئاشور دار ئورزێک بوو لە لوبنان،
چڵەکانی جوان و سێبەرەکەی پڕ بوو،
باڵای بەرز بوو،
لووتکەی گەیشتە هەور.
ئاو گەشەیان پێ کرد،
کانیاوە هەڵقوڵاوەکان گەورەیان کرد،
جۆگەکانی بە دەوریدا ڕۆیشتن،
ئاوبارەکانی نارد
بۆ هەموو دارەکانی دەشتودەر.
لەبەر ئەوە لە هەموو دارەکانی دەشتودەر
باڵای بەرزتر بوو،
لەبەر زۆری ئاو چڵەکانی زۆر بوون و
لقەکانی درێژ بوون،
چرۆیان کرد.
هەموو باڵندەکانی ئاسمان
لەناو چڵەکانی هێلانەیان کرد،
هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر
لەژێر لقەکانی زاوزێیان کرد،
لەژێر سێبەرەکەیدا
نەتەوە گەورەکان نیشتەجێ بوون.
بە چڵە درێژەکانی
لە جوانیدا بێ وێنە بوو،
چونکە ڕەگەکەی
لەسەر ئاوێکی زۆر بوو.
دار ئورزی باخچەی خودا
پێی نەدەگەیشتەوە،
دار سنەوبەر لەگەڵ چڵەکانی بەراورد نەدەکرا،
چنار وەک لقەکانی ئەو نەبوو.
هیچ دارێکی باخچەی خودا
لە جوانیدا لەو نەدەچوون.
بە زۆری لقەکانی جوانم کرد،
هەتا هەموو دارەکانی عەدەن،
ئەوانەی لە باخچەی خودان
بەغیلییان پێی دەبرد.
«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی دار ئورزەکە باڵای بەرزبووەوە، لووتکەی گەیشتە هەورەکان، بە بەرزییەکەی دڵی لەخۆبایی بوو، دامە دەست ڕابەری نەتەوەکان، بەگوێرەی خراپەکانی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکات. من دەرمکرد و بێگانەکان کە دڕندەترینی نەتەوەکانن، بڕییانەوە و بەجێیان هێشت. چڵەکانی لەسەر چیاکان و لە هەموو دۆڵێک کەوتن، لقەکانیشی لەلای هەموو شیوەکانی خاکەکە شکێنرابوون. هەموو گەلانی زەوی لەژێر سێبەرەکەی لاچوون و بەجێیان هێشت. هەموو باڵندەکانی ئاسمان لەسەر قەدە کەوتووەکەی نیشتنەوە و هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر لەنێو لقەکانی بوون. لەبەر ئەوە نابێت هیچ دارێکی دیکە کەوا لە کەناری ئاوە هەرگیز بە لووتبەرزییەوە بەرز بێتەوە، لووتکەی بگاتە هەور، هیچ دارێکی دیکەی تێر ئاو باڵای ناگاتە ئەو بەرزییە. بەڵکو چارەنووسی هەموویان مردنە، لەنێو ئادەمیزادان دەخرێنە ژێر زەوی، لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان.
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو ڕۆژەی دار ئورزەکە کەوتە نێو جیهانی مردووان، من سەرچاوەی ئاوەکانی ژێر زەویم بە خەم داپۆشی. جۆگەکانیم گرتەوە، ئاوە زۆرەکان بڕان. بۆ ئەو لوبنانم بە بەرگی ماتەم پۆشی، لەبەر ئەویش هەموو دارەکانی دەشتودەر سیس بوون. کاتێک لە گۆڕم نا لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان، لە دەنگی کەوتنی ئەو نەتەوەکانم ڕاچڵەکاند، جا هەموو دارەکانی عەدەن، هەڵبژێردراو و هەرەباشەکانی لوبنان، هەموو دارێکی تێر ئاو، لە دنیای خوارەوە دڵنەوایی کران. هەروەها ئەوانەی کە لە سایەیدا دەژیان، واتا هاوپەیمانەکانی لەنێو نەتەوەکان، لەگەڵیدا شۆڕبوونەوە ناو جیهانی مردووان و چوونە پاڵ کوژراوان بە شمشێر.
«”کام داری عەدەن لە شکۆمەندی و گەورەیی بە تۆ بەراورد دەکرێ؟ لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ دارەکانی عەدەن دەکەویتە قووڵایی زەوی و لەنێو خەتەنەنەکراو و کوژراوان بە شمشێر ڕادەکشێیت.
«”ئەمە فیرعەون و هەموو ئاپۆرەی سوپاکەیەتی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
شیوەنێک بۆ فیرعەون
لە یەکی مانگی دوازدەی ساڵی دوازدەمین32:1 مەبەست لەو ماوەیە لەدوای ڕاپێچکردنی یەهۆیاکینی پاشای یەهودا بۆ بابل، کە بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە سێی مانگی سێی ساڵی 585ی پێش زایین. فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، شیوەنێک بۆ فیرعەونی پاشای میسر بگێڕە و پێی بڵێ:
«”لە شێری نێو نەتەوەکان دەچیت،
تۆ وەک تیمساحی ناو ڕووبارە گەورەکەیت،
دڕ بە چەمەکانت دەدەیت،
بە پێیەکانت ئاوەکەت شڵەقاند و
چەمەکانی ئەوانت لێڵ کرد.
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”تۆڕی خۆم بەسەرتدا هەڵدەدەم
لەگەڵ چەندین گەل،
ئەوان ڕاتدەکێشنە ناو تۆڕەکەم.
لەسەر زەوی بەجێت دەهێڵم،
لەسەر ڕووی دەشتودەر فڕێتدەدەم،
هەموو باڵندەی ئاسمان لەسەرت دەنیشێنمەوە،
هەموو گیانلەبەرانی زەویت پێ تێر دەکەم.
گۆشتت بەسەر چیاکاندا بڵاو دەکەمەوە و
دۆڵەکان لە کەلاکت پڕ دەکەم.
خاک بە لافاوی خوێنت ئاو دەدەم
هەتا چیاکان،
شیوەکانیش لە تۆ پڕ دەبن.
کە تۆ دەکوژێنمەوە، ئاسمان دادەپۆشم،
ئەستێرەکانی تاریک دەکەم.
بە هەور خۆر دادەپۆشم و
مانگیش ڕووناکییەکەی نادرەوشێتەوە.
هەموو ڕووناکییەکانی ئاسمانت
لێ تاریک دەکەم،
تاریکی بەسەر خاکەکەتدا دەهێنم.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«”گەلانێکی زۆر خەمبار دەکەم،
کاتێک لەنێو نەتەوەکان دەتشکێنم،
لەو خاکانەی ئاشنایان نەبوویت.
وا لە گەلانێکی زۆر دەکەم واقیان لێت وڕبمێنێت،
لەبەر تۆ پاشاکانیان موچڕکەیان پێدا دێت،
کاتێک شمشێرەکەم لەبەردەمیان ڕادەوەشێنم.
لەو ڕۆژەی تۆ دەکەویت،
هەموو ساتێک دەلەرزن و لە گیانی خۆیان دەترسن.
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”شمشێری پاشای بابل
دێتە سەرت.
وا دەکەم بە شمشێری پاڵەوانان،
ئەوانەی دڕندەترینی هەموو نەتەوەکانن
ئاپۆرەی سوپاکەت بکەوێت.
جا شانازی میسر دەشکێنم،
هەموو ئاپۆرەی جەماوەرەکەی لەناودەچێت.
هەموو مەڕوماڵاتەکانی لەناودەبەم
لەلای ئاوە زۆرەکان،
لەمەودوا نە پێی مرۆڤ دەیشڵەقێنێت و
نە سمی گاوگۆتاڵ لێڵی دەکات.
ئینجا وا دەکەم ئاوەکەی ڕوون بێت و
جۆگەکانی وەک زەیت بڕۆن.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
کاتێک خاکی میسر وێران دەکەم و
لە هەرچی تێیدایە چۆڵی دەکەم،
کاتێک لە هەموو دانیشتووانەکەی دەدەم،
ئینجا دەزانن کە من یەزدانم.“
«ئەمە شیوەنێکە دەیگێڕن، کچانی نەتەوەکان ئەم شیوەنە دەگێڕن، بۆ میسر و بۆ هەموو ئاپۆرەی گەلەکەی دەیگێڕن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
شۆڕبوونەوەی میسر بۆ ناو جیهانی مردووان
پازدەی مانگی یەکی ساڵی دوازدەمین،32:17 بەپێی ساڵنامەی بابلی بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە بیست و حەوتی مانگی چواری ساڵی 586ی پێش زایین. فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، واوەیلا بۆ ئاپۆرەی گەلی میسر بکە، بۆ ئەو و کچانی نەتەوە گەورەکان، بیاننێرە بۆ دنیای خوارەوە لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان. پێیان بڵێ: ”ئایا ئێوە لەوان جوانترن؟ بڕۆن و لەگەڵ خەتەنەنەکراوان ڕابکشێن.“ لە ناوەڕاستی کوژراوان بە شمشێر دەکەون، شمشێرەکە ئامادەیە؛ میسر دەگرن و لەگەڵ هەموو ئاپۆرەی سوپاکەی دەیبەن. ڕابەرە پاڵەوانەکان لە ناوەڕاستی جیهانی مردووان سەبارەت بە میسر و هاوپەیمانەکانی دەڵێن: ”ئەوانە هاتوون لەگەڵ خەتەنەنەکراوان ڕابکشێن، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون.“
«پاشای ئاشور و هەموو سوپاکەی لەوێ کەوتوون، گۆڕەکانیان لەو چواردەورەن، هەموو ئەوانەی بە شمشێر کوژراون. لە ژێرەوەی جیهانی مردووان گۆڕی سوپاکە لە چواردەوری گۆڕی پاشاکەیە، هەموو ئەوانەی ترسیان خستە خاکی زیندووان، بە شمشێر کوژراون.
«پاشای ئیلام لەوێیە، گۆڕی هەموو سوپاکەی لە چواردەوری گۆڕەکەی ئەون. هەموویان کوژراون، بە شمشێر کەوتوون. هەموو ئەوانەی ترسیان خستە خاکی زیندووان بە خەتەنەنەکراوی چوونە دنیای خوارەوە، لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان ئابڕوویان چوو. لەنێو کوژراوان جێگایەکیان پێیدا، گۆڕی هەموو سوپاکەی لە چواردەوری گۆڕەکەین. هەموویان بە خەتەنەنەکراوی بە شمشێر کوژراون. لەبەر ئەوەی ئەوان ترسیان خستبووە خاکی زیندووان، ئابڕوویان چوو لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان، لەنێو کوژراوان ڕاکشاون.
«پاشای مەشەک و پاشای توبال لەوێن، هەموو سوپاکەیان لە دەوری گۆڕەکانیانن. لەبەر ئەوەی ئەوان ترسیان خستبووە خاکی زیندووان، هەموویان بە خەتەنەنەکراوی بە شمشێر کوژراون. ئایا لەگەڵ پاڵەوانانی دیکەی خەتەنەنەکراو کە کوژراون پاڵناخرێن، ئەوانەی بە چەکە جەنگییەکانیانەوە لە گۆڕ نران، ئەوانەی شمشێرەکانیان لەژێر سەریان دانراوە؟ سزای تاوانەکانیان لەسەر ئێسکیان دەبێت، ئەوانەی لە خاکی زیندووان پاڵەوانەکانیان تۆقاندووە.
«تۆش، ئەی فیرعەون، لەنێو خەتەنەنەکراوان دەشکێیت و ڕادەکشێیت، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون.
«پاشای ئەدۆمیش لەگەڵ هەموو میرەکانی لەوێن، ئەوانەی وێڕای بەتواناییان لەگەڵ خەتەنەنەکراوان ڕادەکشێن، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون لە گۆڕ نران، دەچنە نێو جیهانی مردووان.
«میرانی باکوور هەموویان و هەموو سەیدائییەکان لەوێن. هەرچەندە لە ڕابردوودا بە تواناکەیان خەڵکیان تۆقاندووە، بەڵام بە ئابڕووچوونەوە لەگەڵ کوژراوان ئەسپەردە کراون، بە خەتەنەنەکراوی لەگەڵ کوژراوان بە شمشێر ڕاکشان و ئابڕوویان چوو لەگەڵ ئەوانەی لە گۆڕ نران.
«فیرعەون و هەموو سوپاکەی سەبوورییان دێتەوە، کاتێک هەموو ئەوانە دەبینن کە بە شمشێر کوژراون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. هەرچەندە ترسی ئەوم خستە خاکی زیندووان، بەڵام فیرعەون و هەموو سوپاکەی لەنێو خەتەنەنەکراوان ڕادەکشێن، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
نوێکردنەوەی چاودێریێتی حزقیێل
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، قسە لەگەڵ هاونیشتیمانیانت بکە و پێیان بڵێ: ”ئەگەر شمشێر بۆ سەر خاکێک بهێنم و ئەگەر گەلی خاکەکە پیاوێک لەنێو خۆیان ببەن و بیکەن بە چاودێر، کاتێک ببینێت شمشێرەکە بۆ سەر خاکەکە دێت، فوو بە کەڕەنادا دەکات و گەلەکە ئاگادار دەکاتەوە. ئەگەر یەکێک گوێی لە دەنگی کەڕەناکە بوو و وریای خۆی نەبوو، ئینجا شمشێرەکە هات و ژیانی برد، خوێنی لە ئەستۆی خۆی دەبێت. لەبەر ئەوەی گوێی لە دەنگی کەڕەناکە بوو و وریای خۆی نەبوو، خوێنی لە ئەستۆی خۆی دەبێت، ئەگەر وریای خۆی بووایە خۆی دەرباز دەکرد. بەڵام ئەگەر چاودێرەکە ببینێت وا شمشێرەکە دێت، فووی بە کەڕەنادا نەکرد و گەلەکەی ئاگادار نەکردەوە، شمشێرەکەش هات و کەسێکی لەوان کوشت، ئەو کەسە بەهۆی تاوانەکانی کە کردوویەتی گیان دەسپێرێت، بەڵام من خوێنەکەی دەخەمە ئەستۆی چاودێرەکە.“
«ئەی کوڕی مرۆڤ، من تۆم کردووە بە چاودێر بەسەر بنەماڵەی ئیسرائیلەوە، ئیتر وشەکە لە دەمی منەوە ببیستە و بە ناوی من ئاگاداریان بکەرەوە. کاتێک بە بەدکار دەڵێم: ”ئەی بەدکار، سزاکەت مردنە!“ و تۆش بەدکارەکە ئاگادار نەکەیتەوە کە لە ڕەفتارەکەی بگەڕێتەوە، ئەوا ئەو بەدکارە بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام خوێنەکەی دەخەمە ئەستۆی تۆ. بەڵام ئەگەر تۆ بەدکارەکە ئاگادار بکەیتەوە و ئەویش واز لە بەدکاری و لە ڕێگا خراپەکەی نەهێنێت، ئەوا بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام تۆ خۆتت ڕزگار کردووە.
«ئەی کوڕی مرۆڤ، قسە لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل بکە و بڵێ: ”ئێوە بەم جۆرە دەدوێن: ’یاخیبوون و گوناهەکانمان لەسەر خۆمانن و بەوانە لەناودەچین. ئیتر ئێمە چۆن بژین؟‘ “ پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، من بە مردنی خراپەکار دڵخۆش نابم، بەڵکو بەوەی خراپەکار لە ڕەفتارەکەی بگەڕێتەوە و بژیێت. بگەڕێنەوە! لە ڕێگا خراپەکانتان بگەڕێنەوە! ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، بۆچی بمرن؟“
«ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوە بە هاونیشتیمانیانت بڵێ: ”ڕاستودروستی کەسی ڕاستودروست لە کاتی یاخیبوونی فریای ناکەوێت، خراپەکاریش لە کاتی گەڕانەوەی لە خراپەکەی، بەهۆی خراپەکەی لەناو ناچێت. کەسی ڕاستودروست لە کاتی گوناهەکەی ناتوانێت بە ڕاستودروستییەکەی بژیێت.“ ئەگەر بە کەسی ڕاستودروستم فەرموو: ”بێگومان تۆ دەژیت،“ جا ئەگەر پشتی بە ڕاستودروستییەکەی بەست و خراپەی کرد، هەموو ڕاستودروستییەکەی لەیاد دەکرێت، بەڵکو خراپەکەی دەبێتە هۆی مردنی. ئەگەر بە خراپەکارم فەرموو: ”سزاکەت مردنە!“ جا ئەگەر لە گوناهەکەی گەڕایەوە و بە ڕاستودروستی و دادپەروەری کاری کرد، ئەگەر خراپەکارەکە بارمتە یان هەر شتێکی دزیوە گەڕاندییەوە و ڕێگای فەرزەکانی ژیانی گرتەبەر، بەبێ ئەوەی خراپە بکات، ئەوا بێگومان دەژیێت و نامرێت. هەموو گوناهەکانی کە کردوویەتی لەیاد دەکرێن. بە ڕاستودروستی و دادپەروەری کاری کردووە، بێگومان دەژیێت.
«هاونیشتیمانیانت دەڵێن: ”ڕێگای پەروەردگار ڕاست نییە.“ بەڵکو ئەوان ڕێگای خۆیان ڕاست نییە. کاتێک کەسی ڕاستودروست لە ڕاستودروستییەکەی بگەڕێتەوە و خراپە بکات، ئەوا پێی دەمرێت. کاتێکیش خراپەکار لە خراپەکەی بگەڕێتەوە و بە ڕاستودروستی و دادپەروەری کار بکات، ئەوا پێیان دەژیێت. ئێوەش دەڵێن: ”ڕێگای پەروەردگار ڕاست نییە!“ ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، من هەریەکەتان بەپێی ڕێگاکانی خۆی حوکمی دەدەم.»
هۆیەکانی ڕووخاندنی ئۆرشەلیم
لە ساڵی دوازدەمینی ڕاپێچکردنمان، لە پێنجی مانگی دە،33:21 دەکاتە هەشتی مانگی یەکی ساڵی 585ی پێش زایین. لە ئۆرشەلیمەوە دەربازبووێک بۆ لام هات و گوتی: «شارەکە کەوت.» ئێوارەی پێش گەیشتنی دەربازبووەکە، ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم، دەمی کردمەوە، جا کە بەیانی هات بۆ لام دەمم کرابووەوە و چیتر لاڵ نەبووم.
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، دانیشتووانی کەلاوەکانی خاکی ئیسرائیل قسە دەکەن و دەڵێن: ”ئیبراهیم تەنها کەسێک بوو، بەڵام دەستی بەسەر خاکەکەدا گرت. ئێمە زۆرین و خاکەکە بە ئێمە دراوە کە دەستی بەسەردا بگرین.“ لەبەر ئەوە پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: گۆشت بە خوێنەوە دەخۆن، چاوتان بۆ بتەکانتان هەڵدەبڕن و خوێن دەڕێژن، ئایا دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؟ پشت بە شمشێری خۆتان دەبەستن، شتی قێزەون دەکەن، هەریەکەتان بە ژنی کەسێکی دیکە گڵاو بوو. ئایا دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؟“
«پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، ئەوانەی لە کەلاوەکانن بە شمشێر دەکوژرێن، ئەوانەی لەسەر ڕووی دەشتودەرن دەیانکەمە خۆراکی گیانلەبەران، ئەوانەی لە قەڵا و لە ئەشکەوتەکانن بە دەرد دەمرن. خاکەکە دەکەم بە وێرانە و چۆڵەوانی، کۆتایی بە شانازی هێزی دێت، چیاکانی ئیسرائیل دەبن بە وێرانەی بێ ڕێبوار. جا دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک خاکەکە دەکەم بە وێرانە و چۆڵەوانی، لەسەر هەموو کارە قێزەونەکانیان کە کردوویانە.“
«ئەی کوڕی مرۆڤ، هاونیشتیمانیانت لەپاڵ دیوارەکان و لە بەردەرگای ماڵەکان لەبارەی تۆوە دەدوێن، هەریەکە لەگەڵ براکەی، بە یەکتر دەڵێن: ”وەرن با گوێ لەو قسەیە بگرین کە لەلایەن یەزدانەوە هاتووە.“ هەروەک هەموو کات، گەلەکەم بۆ لات دێن، لەبەردەمت دادەنیشن و گوێ لە قسەکانت دەگرن، بەڵام کاری پێ ناکەن، چونکە تەنها بە دەم پەرۆشی خۆیان بۆ خودا دەردەبڕن، بەڵام بە دڵ بەدوای قازانجی ناڕەوایی خۆیان کەوتوون. لە ڕاستیدا تۆ بۆ ئەوان وەک کەسێکی دەنگ خۆشیت کە باش مۆسیقا دەژەنێت و گۆرانی خۆشەویستی دەڵێتەوە، جا گوێ لە قسەکانت دەگرن و کاری پێ ناکەن.
«کەی ئەمە بە ئەنجام گەیشت، بێگومان دەشگاتە ئەنجام، ئەو کاتە دەزانن کە پێغەمبەرێک لەنێویان بوو.»
یەزدان دەبێتە شوانی ئیسرائیل
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەسەر شوانەکانی ئیسرائیل پێشبینی بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: قوڕبەسەر شوانەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی هەر خەریکی خۆیانن، ئایا نابێت شوانەکان مێگەل بلەوەڕێن؟ ئێوە چەورییەکەی دەخۆن و خورییەکەی لەبەر دەکەن و کامەشیان قەڵەوە سەری دەبڕن، بەڵام مێگەل نالەوەڕێنن. لاوازتان بەهێز نەکرد، نەخۆشتان تیمار نەکرد، شکاوتان نەگرتەوە، دەرکراوتان نەگەڕاندەوە و بەدوای ونبوودا نەگەڕان، بەڵکو توندوتیژی خۆتان بەسەریاندا سەپاند. جا بەبێ شوان پەرتەوازە بوون و بە پەرتەوازەیی بە نێچیری هەموو ئاژەڵێکی کێوی بوون. مێگەلی من بەسەر هەموو چیا و گردێکی بەرزدا وێڵ بوون، بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرتەوازە بوون و کەسیش نەبوو لێیان بپرسێت و بەدوایاندا بگەڕێت.
«”لەبەر ئەوە ئەی شوانەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن: یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، لەبەر ئەوەی مێگەلی من بەبێ شوان بوو بە تاڵانی، هەتا ببێتە نێچیری هەموو ئاژەڵێکی کێوی، هەروەها شوانەکانم لە مێگەلی منیان نەپرسی، هەر خەریکی خۆیان بوون و مێگەلی منیان نەلەوەڕاند، ئەی شوانەکان لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن: یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی شوانەکانم و داوای مێگەلی خۆم لە دەستیان دەکەم، لە لەوەڕاندنی مێگەلەکەم ڕایاندەگرم، لەمەودوا شوانەکان خەریکی خۆیان نابن، فریای مێگەلی خۆم دەکەوم لەناو دەمیان، ئیتر نابێت بە خۆراکیان.
«”چونکە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من بەدوای مێگەلی خۆمدا دەگەڕێم و بەسەریان دەکەمەوە، وەک چۆن شوان مێگەلە پەرتەوازەکەی خۆی بەسەردەکاتەوە کاتێک لەنێویان دەبێت، ئاوا منیش مێگەلی خۆم بەسەردەکەمەوە و فریایان دەکەوم لە هەموو ئەو شوێنانەی کە لە ڕۆژی تەمومژدا بۆی پەرتەوازە بوون. لەنێو گەلان دەریاندەهێنم و لە خاکەکان کۆیان دەکەمەوە، دەیانهێنمەوە خاکی خۆیان، لەسەر چیاکانی ئیسرائیل و لە شیوەکان و لەناو هەموو ئاوەدانییەکانی خاکەکە دەیانلەوەڕێنم. لە لەوەڕگایەکی چاک دەیانلەوەڕێنم و پاوەنیان لە چیای بەرزی ئیسرائیل دەبێت و لەوێ لە پاوەنە باشەکان کاوێژ دەکەن، لە لەوەڕگا بەپیتەکان لەسەر چیاکانی ئیسرائیل دەلەوەڕێن. من مەڕی خۆم دەلەوەڕێنم هەتا کاوێژ دەکەن، یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت، بەدوای ونبوودا دەگەڕێم، دەرکراو دەگەڕێنمەوە، شکاو دەگرمەوە، نەخۆش بەهێز دەکەم، قەڵەو و بەهێز لەناودەبەم و بە دادپەروەری شوانایەتییان دەکەم.
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئێوەش ئەی مێگەلەکەم، سەیر بکەن، من لەنێوان مەڕێک و مەڕێکی دیکە دادوەری دەکەم، لەنێوان بەران و نێرییەکان. ئایا بەس نییە بەلاتانەوە لە لەوەڕگای باش بلەوەڕێن، لەوەڕگاکانی دیکەش بە پێ دەپەستنەوە؟ ئایا بەس نییە کە لە ئاوە سازگارەکان بخۆنەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە بە پێتان دەیشڵەقێنن هەتا مێگەلی من لە پێپەستی ئێوە بخوات و لە ئاوی شڵەقاوی پێیەکانتان بخواتەوە؟
«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمەیان پێ دەفەرموێت: من لەنێوان مەڕی قەڵەو و مەڕی لاواز دادوەری دەکەم. لەبەر ئەوەی ئێوە هەموو مەڕە لاوازەکان بە کەلەکەتان بەلاوە دەنێن و بە شانیشتان پاڵیان پێوە دەنێن و بە قۆچتان لێیان دەدەن هەتا دووریان بخەنەوە و پەرتەوازەیان بکەن، من فریای مێگەلی خۆم دەکەوم و لەمەودوا نابێت بە تاڵانی، دادوەریش لەنێوان مەڕێک و مەڕێکی دیکەدا دەکەم. یەک شوانی بۆ دادەنێم، کە داودی بەندەمە، ئەو دەیلەوەڕێنێت و ئەو دەبێت بە شوانی. من یەزدانم دەبم بە خودایان و داودی بەندەشم لەنێویاندا دەبێت بە سەرۆک، من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.
«”پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ دەبەستم و ئاژەڵە دڕندەکان لە خاکەکە دادەماڵم، جا بە ئاسوودەیی لە چۆڵەوانی نیشتەجێ دەبن و لەناو دارستانەکان دەنوون. ئەوان و دەوروبەری گردەکەم بەرەکەتدار دەکەم و لە کاتی خۆیدا بارانیان بەسەردا دەبارێنم و بارانی بەرەکەت دەبێت. درەختی دەشتودەر بەری خۆی دەدات، زەویش بەروبوومی خۆی دەدات و لە خاکەکەیان ئاسوودە دەبن. کاتێک بەندی نیرەکەیان دەشکێنم و لە دەستی ئەوانە ڕزگاریان دەکەم کە کردبوونیان بە کۆیلە، ئەو کاتە دەزانن کە من یەزدانم. لەمەودوا نابن بە تاڵانی نەتەوەکان و گیانلەبەرەکانی خاکەکە نایانخۆن، بەڵکو بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبن و کەس نایانترسێنێت. نەمامێکیان بۆ دەڕوێنم بۆ ناوبانگ، لەمەودوا لە خاکەکەدا نابنە نێچیری قاتوقڕی و چیتر نابنە مایەی تانە و تەشەری نەتەوەکان. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگاریانم و لەگەڵیاندام، بنەماڵەی ئیسرائیلیش گەلی منن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. ئێوەش ئەی مەڕەکانم، مەڕەکانی لەوەڕگاکەم، ئێوە مرۆڤن و من خودای ئێوەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
فەرمایشتێک سەبارەت بە ئەدۆم
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە کێوی سێعیر بکە و پێشبینی لەسەر بکە و پێی بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی کێوی سێعیر، من لە دژی تۆم و دەستم درێژ دەکەم بۆ سەرت، چۆڵ و وێرانت دەکەم. شارۆچکەکانت کاول دەکەم، تۆش چۆڵ دەبیت، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم.
«”لەبەر ئەوەی لەمێژە دوژمنایەتیت لە دڵە و لە کاتی تەنگانەی ئیسرائیلییەکان کە سزادانیان گەیشتبووە لووتکە، بە ناپاکی ئەوانت دایە دەست شمشێر، لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، من ئامادەت دەکەم خوێنت بڕژێت، خوێنڕشتن ڕاوت دەنێت، چونکە ڕقت لە خوێنڕشتن نەبوو، لەبەر ئەوە خوێنڕشتن ڕاوت دەنێت. کێوی سێعیر دەکەم بە وێرانە و چۆڵەوانی، هاتوچۆی تێدا ڕیشەکێش دەکەم. چیاکانت لە کوژراو پڕ دەکەم، گرد و دۆڵ و هەموو شیوەکانت کوژراوی بە شمشێر تێیدا دەکەون. دەتکەمە وێرانەی هەتاهەتایی و شارۆچکەکانت ئاوەدان نابن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
«”لەبەر ئەوەی گوتت، ’ئەم دوو نەتەوەیە و ئەم دوو خاکە بۆ من دەبن و ئێمە داگیریان دەکەین، ئەگەر یەزدانیش لەوێ بێت،‘ یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: لەبەر ئەوە بە گیانی خۆم، لەسەر تووڕەیی و بەغیلییەکەت سزات دەدەم، ڕەفتارت لەگەڵ دەکەم هەروەک چۆن تۆ بە قینەوە ڕەفتارت لەگەڵ ئەواندا کرد، خۆمیان پێ دەناسێنم کاتێک حوکمت دەدەم. جا دەزانیت کە من یەزدانم و گوێم لە هەموو قسە سووکەکانت بوو، کە لە دژی چیاکانی ئیسرائیل کردت، کە گوتت: ’وێران کران و پێمان دران ببن بە خۆراکمان.‘ بە دەمتان خۆتان بەسەر مندا گەورە کرد و قسەی زۆرتان لە دژی من کرد، من گوێم لێبوو. یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک هەموو زەوی دڵخۆشە، من وێرانت دەکەم. وەک چۆن تۆ دڵخۆش بوویت بە میراتەکەی بنەماڵەی ئیسرائیل چونکە بوو بە وێرانە، بە هەمان شێوەت پێ دەکەم. ئەی کێوی سێعیر، وێران دەبیت، تۆ و سەراپا هەموو ئەدۆم، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»
ئاوات بۆ چیاکانی ئیسرائیل
«ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بۆ چیاکانی ئیسرائیل بکە و بڵێ: ”هۆ چیاکانی ئیسرائیل گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دوژمن سەبارەت بە ئێوە گوتی: ’هۆیها! نزرگەی بەرزاییە دێرینەکان بوونە موڵکی ئێمە.‘ “ لەبەر ئەوە پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی لە هەموو لایەکەوە وێرانیان کردن و ڕاویان نان، هەتا ئێوە ببنە موڵکی پاشماوەی ئەو نەتەوانەی کە ماونەتەوە و لەسەر هەموو زمانێک بوون و خەڵک زەمی کردن، لەبەر ئەوە ئەی چیاکانی ئیسرائیل، گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەست بگرن، یەزدانی باڵادەست قسە بۆ چیا و گردەکان، شیو و دۆڵەکان، کەلاوە چۆڵەکان و شارۆچکە بەجێماوەکان دەکات کە بوونە مایەی تاڵانی و سووکایەتی پێکردن لەلایەن ئەو نەتەوانەی کە لە دەوروبەرتان ماونەتەوە. یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە ئاگری ئیرەیی خۆمدا، لە دژی پاشماوەی ئەو نەتەوانەی کە ماونەتەوە و لە دژی هەموو ئەدۆم قسەم کرد، چونکە بەوپەڕی خۆشی و قینی دڵیانەوە خاکەکەی منیان کردە موڵکی خۆیان بۆ تاڵانکردنی لەوەڕگاکانی.“ لەبەر ئەوە پێشبینی لەسەر خاکی ئیسرائیل بکە و بە چیا و گردەکان، بە شیو و دۆڵەکان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دڵگەرمی و لە تووڕەیی خۆمدا قسەم کرد، لەبەر ئەوەی کەوتنە بەر تانە و تەشەری نەتەوەکان. لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خۆم سوێند دەخۆم کە ئەو نەتەوانەی کە لە دەوروبەرتانن خۆیان بکەونە بەر تانە و تەشەر.
«”بەڵام ئەی چیاکانی ئیسرائیل، ئێوە لقەکانی خۆتان دەڕوێنن و بەروبوومی خۆتان بۆ ئیسرائیلی گەلی من دەگرن، چونکە هاتنیان نزیکە. من بۆ ئێوەم و ئاوڕتان لێ دەدەمەوە، جا دەکێڵدرێن و دەچێنرێن و خەڵکتان لەسەر زۆر دەکەم، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل، جا شارۆچکەکان ئاوەدان دەکرێنەوە و کەلاوەکان بنیاد دەنرێنەوە. خەڵک و ئاژەڵتان لەسەر زۆر دەکەم، جا زۆر دەبن و بە بەروبووم دەبن و وەک دۆخی جارانتان خەڵکتان تێدا نیشتەجێ دەکەم، زیاتر لە پێشینانتان بۆتان باش دەبم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. وا لە ئیسرائیلی گەلی خۆم دەکەم بەسەرتاندا بێن و بچن، جا دەتانخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان و دەبن بە میراتیان و چیتر ئێوە لە ڕۆڵەکانیان بێبەش ناکەن.
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی بە ئێوە دەڵێن، ’ئێوە مرۆڤ دەخۆن و نەتەوەکەی خۆتان لە ڕۆڵەکانیان بێبەش دەکەن،‘ لەبەر ئەوە چیتر ئێوە مرۆڤ ناخۆن و چیتر جەرگی نەتەوەکەی خۆتان ناسووتێنن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. وا دەکەم ئەو گاڵتەجاڕییەی کە نەتەوەکان پێتان دەکەن چیتر ئێوە نەیبیستن، هەروەها چیتر تانە و تەشەری گەلان هەڵناگرن و چیتر نابنە هۆی کەوتنی نەتەوەکەتان. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
بەڵێنی گەڕانەوە
هەروەها فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، کاتێک بنەماڵەی ئیسرائیل لە خاکی خۆیاندا نیشتەجێ بوون، بە ڕەفتار و کردەوەکانیان خۆیان گڵاوکرد. ڕەفتاریان لەبەرچاوی من وەک خوێنلێچوونی مانگانەی ئافرەتێک بوو. جا تووڕەیی خۆمم بەسەریاندا ڕژاند، لەبەر ئەو خوێنەی لەسەر خاکەکە ڕژاندیان و بە بتەکانیان گڵاویان کرد. بەناو نەتەوەکاندا پەرتەوازەم کردن و بەناو خاکەکاندا بڵاو بوونەوە. بەگوێرەی ڕەفتار و کردەوەکانیان حوکمم دان. جا چوونە هەرکوێیەک لەنێو نەتەوەکان ناوی پیرۆزی منیان زڕاند، چونکە سەبارەت بەوان گوتراوە: ”ئا ئەمانەن گەلی یەزدان، کە لە خاکەکەی ئەوەوە دەرکراون.“ جا من خەمی ناوی پیرۆزی خۆمم خوارد، ئەوەی کە بنەماڵەی ئیسرائیل زڕاندیان لەنێو ئەو نەتەوانەی کە بۆی چوون.
«لەبەر ئەوە بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، من لەبەر ئێوە ئەمە ناکەم، بەڵکو لەبەر ناوی پیرۆزی خۆم کە لەنێو نەتەوەکان بۆ هەرکوێیەک چوون زڕاندتان. جا پیرۆزی ناوی گەورەی خۆم دەردەخەم کە لەنێو نەتەوەکان زڕێنراوە، ئەوەی ئێوە لە ناوەڕاستیان زڕاندتان، جا نەتەوەکان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک لەبەرچاویان لە ئێوەدا پیرۆزی خۆم دەردەخەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«”لەنێو نەتەوەکان دەتانبەم و لە هەموو خاکەکانەوە کۆتان دەکەمەوە و دەتانهێنمەوە خاکەکەتان. ئاوێکی پاکتان بەسەردا دەپرژێنم و لە هەموو گڵاوییەکانتان پاک دەبنەوە، لە هەموو بتەکانتان پاکتان دەکەمەوە. دڵێکی نوێتان دەدەمێ و ڕۆحێکی نوێ دەخەمە ناوتانەوە، ئەو دڵە بەردینەتان لێ دەکەمەوە و دڵێکی گۆشتینتان دەدەمێ. ڕۆحی خۆم دەخەمە ناوتانەوە، واتان لێ دەکەم کە ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بەجێبهێنن و کاریان پێ بکەن. لەو خاکەدا نیشتەجێ دەبن کە بە باوباپیرانتانم دابوو، دەبن بە گەلی من، منیش دەبمە خودای ئێوە. لە هەموو گڵاوییەکانتان ڕزگارتان دەکەم. بانگی دانەوێڵە دەکەم، زۆری دەکەم و قاتوقڕی نانێرمە سەرتان. بەری دار و بەروبوومی کێڵگە زۆر دەکەم، بۆ ئەوەی لەمەودوا لەنێو نەتەوەکان بەهۆی قاتوقڕییەوە ئابڕووتان نەچێت. ئەو کاتە ڕێگا خراپەکانی خۆتان و کردەوە ناپەسەندەکانی خۆتان دێتەوە یادتان، لەبەر تاوان و لەسەر نەریتە گڵاوەکانتان قێزتان لە خۆتان دەبێتەوە. با لەلاتان زانراو بێت، لەبەر ئێوە نایکەم. جا ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، لە ڕەفتارەکانتان شەرمەزار و ڕیسوا بن! ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەو ڕۆژەی لە هەموو تاوانەکانتان پاکتان دەکەمەوە، لە شارۆچکەکان نیشتەجێتان دەکەم و کەلاوەکانتان بنیاد دەنرێنەوە. خاکە وێرانەکە دەکێڵدرێت، لە جیاتی ئەوەی لەبەرچاوی هەموو ڕێبوارێک وێرانە بوو. جا دەڵێن: ’ئەم خاکە وێرانە وەک باخچەی عەدەنی لێ هاتووە، ئەو شارانەش کە کاول و چۆڵ و ڕووخێنراو بوون، ئێستا قەڵابەند و ئاوەدانن.‘ ئیتر ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتان ماونەتەوە دەزانن کە من یەزدانم، ڕووخاوەکەم بنیاد ناوە و چۆڵکراوەکەم چاندەوە. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم.“
«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دوای ئەمە لەلایەن بنەماڵەی ئیسرائیلەوە داوام لێ دەکرێت و منیش لە پێناوی ئەوان ئەنجامی دەدەم، وەک مەڕ خەڵکەکەیان زۆر دەکەم، وەک مێگەلی تەرخانکراو، وەک مێگەلی ئۆرشەلیم لە جەژنەکانی خۆیدا، شارە کاولەکان بە هەمان شێوە بە تەواوەتی ئاوەدان دەبن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
دۆڵی ئێسکە وشکەکان
ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم، جا یەزدان بە ڕۆحی خۆی منی هێنایە دەرەوە و لە ناوەڕاستی دۆڵێک داینام، ئەویش پڕ بوو لە ئێسک. منی بەناو ئێسکەکاندا برد، بینیم کە زۆر وشک بوون و لە زۆریشدا ڕووی دۆڵەکەیان داپۆشیبوو. لەو کاتەدا لێی پرسیم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا ئەم ئێسکانە زیندوو دەبنەوە؟»
منیش گوتم: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ دەزانیت.»
پێی فەرمووم: «پێشبینی لەسەر ئەم ئێسکانە بکە و پێیان بڵێ: ”ئەی ئێسکە وشکەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن: یەزدانی باڵادەست ئەمە بەم ئێسکانە دەفەرموێت: من گیانتان دەکەم بە بەردا و زیندوو دەبنەوە. دەمارتان دەدەم بەسەردا، بە گۆشت داتاندەپۆشم، پێستتان بەسەردا هەڵدەکێشم، گیانتان بە بەردا دەکەم و زیندوو دەبنەوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»
منیش چۆن فەرمانم پێ کرابوو بەم جۆرە پێشبینیم کرد. لە کاتی پێشبینیکردندا، گوێم لە دەنگێک بوو، لەناکاو خشەخشێک هات، ئێسکەکان لێک نزیکبوونەوە، هەر ئێسکە و بۆ لای ئێسکەکەی خۆی. سەیرم کرد، ئەوەتا دەمار و گۆشت دایپۆشین و پێست لە سەرەوە بەسەریدا هەڵکێشرا، بەڵام هیچ گیانیان تێدا نەبوو.
ئینجا پێی فەرمووم: «پێشبینی بۆ ڕۆح بکە، ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بە ڕۆح بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی ڕۆح، وەرە لە هەر چوار لاوە هەڵبکە، لەو لایانەی کە بای لێ هەڵدەکات، فوو بەناو ئەم کوژراوانەدا بکە هەتا زیندوو ببنەوە.“» منیش بەو جۆرەی فەرمانی پێ کردم پێشبینیم کرد، ڕۆحیان بە بەردا هات و زیندوو بوونەوە و هەستانە سەرپێ، لەشکرێکی زۆر گەورە بوون.
ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم ئێسکانە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلن، کە دەڵێن: ”ئێسکمان وشک بوو و ئومێدمان نەما و بڕاینەوە.“ لەبەر ئەوە پێشبینی بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی گەلەکەم، من گۆڕەکانتان دەکەمەوە و لە گۆڕەکانتان دەرتاندەهێنم، دەتانهێنمە خاکی ئیسرائیل. ئەی گەلەکەم، ئەو کاتە ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک گۆڕەکانتان دەکەمەوە و ئێوە لە گۆڕەکانتان دەردەهێنم. ڕۆحی خۆم دەکەم بە بەرتاندا و زیندوو دەبنەوە و لە خاکی خۆتان داتاندەنێم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»
یەک گەل لە سایەی یەک پاشادا
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، داردەستێک ببە و لەسەری بنووسە: ”داردەستی یەهودا و نەوەکانی ئیسرائیل و ئەوانەی کە لەگەڵیدا یەکیانگرتووە.“ هەروەها داردەستێکی دیکەش ببە و لەسەری بنووسە: ”داردەستی یوسف، واتا داردەستی ئەفرایم و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل کە لەگەڵیدا یەکیانگرتووە.“ بۆ ئەوەی لەناو دەستت ببن بە یەک، لێکیان نزیک بکەوە وەک ئەوەی یەک داردەست بن.
«کاتێک هاونیشتیمانیانت لێت دەپرسن: ”پێمان ناڵێیت مەبەستت چییە لەمە؟“ پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من داردەستەکەی یوسف و هۆزەکانی ئیسرائیل کە لەگەڵ ئەودا یەکیانگرتووە، کە ئێستا لە دەستی ئەفرایمە، دەبەم و داردەستەکەی یەهوداش دەخەمە پاڵی و دەیانکەمە یەک، جا لە دەستمدا دەبنە یەک داردەست.“ ئەو دوو داردەستەی کە لەسەریانت نووسیوە لەبەرچاوی ئەوان هەڵبگرە. پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من نەوەی ئیسرائیل دەردەهێنم لەناو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ ناویان چوون. لە هەموو لایەکەوە کۆیان دەکەمەوە، دەیانهێنمەوە خاکەکەی خۆیان. لەناو خاکەکە لەسەر چیاکانی ئیسرائیل دەیانکەمە یەک گەل. تەنها یەک پاشا پاشایەتی بەسەر هەموویانەوە دەکات، چیتر نابنە دوو گەل و دابەش نابن بۆ دوو پاشایەتی. لەمەودوا بە بتەکانیان و بە وێنە قێزەونەکانیان و بە هیچ یاخیبوونێکیان گڵاو نابن، چونکە من لە هەموو گوناهەکانیان و هەڵگەڕانەوەکانیان ڕزگاریان دەکەم و پاکیان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەبن بە گەلی من، منیش دەبم بە خودای ئەوان.
«”داودی بەندەشم دەبێتە پاشایان، بە هەموویان یەک شوانیان دەبێت، ئەوانیش ڕێگای حوکمەکانم پەیڕەو دەکەن و فەرزەکانم بەجێدەهێنن و کاریان پێ دەکەن. لەو خاکەدا نیشتەجێ دەبن کە دامە یاقوبی بەندەم، ئەوەی باوباپیرانتان تێیدا نیشتەجێ بوون. جا خۆیان و منداڵ و نەوەکانیان بۆ هەتاهەتایە تێیدا نیشتەجێ دەبن، داودی بەندەشم بۆ هەتاهەتایە دەبێتە میریان. پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ دەبەستم کە بۆیان دەبێتە پەیمانێکی هەتاهەتایی. جێگیریان دەکەم و ژمارەیان زۆر دەکەم، بۆ هەتاهەتایە پیرۆزگای خۆم لە ناوەڕاستیان دادەنێم. نشینگەکەم لەناویان دەبێت، من دەبم بە خودای ئەوان، ئەوانیش دەبن بە گەلی من. جا نەتەوەکان دەزانن کە من یەزدانی پیرۆزکەری ئیسرائیلم، کە پیرۆزگاکەم بۆ هەتاهەتایە لە ناوەڕاستیاندا دەبێت.“»
فەرمایشتێک سەبارەت بە گۆگ
فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووی خۆت لە گۆگ بکە لە خاکی ماگۆگ، ئەو کە سەرۆکی میرانی مەشەک و توبالە، پێشبینی لەسەر بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی گۆگی سەرۆکی میرانی مەشەک و توبال، من لە دژی تۆم. ڕووت وەردەگێڕم و ئەڵقە دەکەمە شەویلگەت و خۆت و هەموو سوپاکەت دەردەکەم، بە ئەسپ و ئەسپ سوارەوە، هەموویان چەکدارن، ئاپۆرەیەکی مەزن بە قەڵغانی گەورە و بچووکەوە، هەموو شمشێر بەدەستن. فارس و کوش و پووت، هەریەکە بە قەڵغان و کڵاوی ئاسنینەوە لەگەڵیان دەبن. هەروەها گۆمەر و هەموو لەشکرەکانی، بێتتۆگەرماش لەوپەڕی باکوور بە هەموو لەشکرەکەیەوە، گەلانێکی زۆر لەگەڵ تۆدا دەبن.
«”لە سەرپێ بە و خۆت ئامادە بکە، تۆ و هەموو ئاپۆرەی سوپاکەت کە لێت کۆبوونەتەوە، ببە سوپاسالاریان. لەدوای ڕۆژانێکی زۆر بۆ جەنگ بانگ دەکرێیت، لە ساڵانی داهاتوودا هێرش دەبەیتە سەر ئەو خاکەی کە لەدوای جەنگ ئاوەدان بووەتەوە، خاکێک کە گەلەکەی لە چەند نەتەوەیەکی زۆر کۆکرانەوە، بۆ ئەوەی هەموو بە ئارامی لە چیاکانی ئیسرائیلدا نیشتەجێ بن، کە ماوەیەکی دوورودرێژ وێرانە بوون. تۆش خۆت و لەشکرەکانت و گەلانێکی زۆر کە لەگەڵ تۆن سەردەکەون، وەک گەردەلوول بەرەو پێش دەچیت، دێیت و وەک هەورێک زەوی دادەپۆشیت.
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو ڕۆژەدا شتی خراپ بەبیرتدا دێت و پیلان دەگێڕیت. دەڵێیت: ’دەچمە سەر خاکێک کە گوندەکانی بێ شووران؛ هێرش بۆ سەر خەڵکێکی ئاشتیخواز و ئاسوودە دەبەم، هەموو بەبێ شوورا نیشتەجێن، نە دەروازە و نە شمشیرەیان38:11 شمشیر، پارچە دارێک بووە لە جیاتی قوفڵ لە دواوەی دەرگا بە شێوەی ئاسۆیی دانراوە بۆ داخستنی دەرگا. هەیە. تاڵانی و ڕاووڕووت دەکەم، دەستدرێژی دەکەمە سەر شارە کاولە ئاوەدانکراوەکان و ئەو گەلەی کە لەنێو نەتەوەکانەوە کۆکراونەتەوە، کە لە چەقی خاکەکەدا نیشتەجێن، کە خاوەن ئاژەڵ و سەروەت و سامانن.‘ شەبا و دیدان و بازرگانەکانی تەرشیش و هەموو بەچکە شێرەکانی پێت دەڵێن: ’ئایا بۆ ڕاووڕووت و تاڵانی هاتوویت؟ ئایا ئاپۆرەی سوپاکەتت کۆکردەوە بۆ بردنی زێڕ و زیو، بۆ ئەوەی دەست بەسەر ئاژەڵ و کەلوپەلدا بگریت، بۆ ڕاووڕووتێکی گەورە؟‘ “
«ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوە پێشبینی بکە و بە گۆگ بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو ڕۆژەدا، کاتێک ئیسرائیلی گەلم بە ئاسوودەیی نیشتەجێن، ئایا ئاگات لێ نییە؟ لە شوێنی خۆتەوە لەوپەڕی باکوورەوە دێیت، گەلانێکی زۆرت لەگەڵە، هەموو ئەسپ سوارن، ئاپۆرەیەکی خەڵک و لەشکرێکی زۆر. وەک هەورێک زەوی داپۆشێت، سەردەکەویتە سەر ئیسرائیلی گەلم. ئەی گۆگ، لە ڕۆژانی داهاتوودا، دەتهێنمە سەر خاکەکەم هەتا نەتەوەکان بمناسن، کاتێک لەبەرچاویان لە ڕێگەی تۆوە پیرۆزی خۆم دەردەخەم!
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئایا تۆ ئەوەی کە لە ڕۆژگاری کۆندا لەسەر زمانی بەندەکانم، پێغەمبەرانی ئیسرائیلەوە باسم کردیت؟ ئەوانەی لەو ڕۆژگارانەدا بۆ ساڵانێک پێشبینییان کرد، کە من تۆ دەهێنمە سەریان. لەو ڕۆژەدا، لە ڕۆژی هاتنی گۆگ بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، تووڕەییم دێتە جۆش. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. لە ئیرەیی خۆم و لە ئاگری تووڕەییمدا، قسەم کرد کە لەو ڕۆژەدا بوومەلەرزەیێکی گەورە لە خاکی ئیسرائیلدا دەبێت. جا ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و گیانلەبەرانی دەشتودەر و خشۆکەکان کە لەسەر زەوی دەخشێن و هەموو ئەو خەڵکەی لەسەر ڕووی زەوین لەبەردەمی من دەلەرزن. چیاکان سەرەوژێر دەکرێن، هەڵدێرەکان دەڕووخێن، هەموو شووراکان دەکەونە سەر زەوی. لە هەموو چیاکانم بانگی شمشێر دەکەم بۆ سەر گۆگ، جا شمشێری هەریەکەیان لە دژی براکەی دەبێت. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. بە دەرد و خوێن سزای دەدەم، بارانی بە لێشاو و تەرزەی بەردین و ئاگر و گۆگرد دەبارێنم، بەسەر خۆی و لەشکرەکەی و ئەو گەلە زۆرەی کە لەگەڵیدان. بەم شێوەیە گەورەیی و پیرۆزیم دەردەخەم، لەلای زۆربەی نەتەوەکان خۆم دەناسێنم، ئەو کاتە دەزانن کە من یەزدانم.“
«ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی لەسەر گۆگ بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی گۆگی سەرۆکی میرانی مەشەک و توبال، من لە دژی تۆم. ئاراستەت وەردەگێڕم و دەتبەم. لەوپەڕی باکوورەوە سەرت دەخەم و دەتهێنمە چیاکانی ئیسرائیل. ئینجا لە کەوانەکەت دەدەم کە لە دەستی چەپتە، تیرەکانت لە دەستی ڕاستت بەردەدەمەوە. خۆت و هەموو سوپاکەت و ئەو گەلانەی لەگەڵتدان لەسەر چیاکانی ئیسرائیل دەکوژرێن، دەتکەمە خۆراکی هەموو جۆرە باڵندەیەکی گۆشتخۆر و گیانلەبەرانی دەشتودەر. لەسەر ڕووی دەشتودەر دەکەویت، چونکە من قسەم کرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. ئاگر دەنێرمە سەر ماگۆگ و سەر ئەوانەی بە ئاسوودەیی لە کەنارەکان نیشتەجێن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.
«”ناوی پیرۆزیشم لەنێو ئیسرائیلی گەلم دەناسێنم، چیتر ناهێڵم ناوی پیرۆزم بزڕێنرێت، جا نەتەوەکان دەزانن کە من یەزدانم، خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلم. دێت و بەڕێوەیە، ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە باسم کرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«”دانیشتووانی شارۆچکەکانی ئیسرائیل دەردەچن، چەک دەسووتێنن و ئاگریان تێبەر دەدەن: قەڵغانی گەورە و بچووک، کەوان و تیر، کوتەک و ڕم. حەوت ساڵ بۆ سووتەمەنی بەکاریاندەهێنن. نە چیلکەیەک لە دەشتودەر کۆدەکەنەوە و نە لە دارستانەکان دار دەبڕن، چونکە چەک بۆ سووتەمەنی بەکاردەهێنن. ئەوانە تاڵان دەکەن کە تاڵانیان کردن و دەستکەوتی ئەوانە دەبەن کە دەستکەوتیان بردن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«”لەو ڕۆژەدا شوێنێک دەکەمە گۆڕ بۆ گۆگ لە ئیسرائیل، لە دۆڵی عەڤاریم39:11 واتا ڕێبواران. لە ڕۆژهەڵاتی دەریای مردوو39:11 دەریای مردوو: عیبری دەریا.. دەبێتە ڕێگرێک لەسەر ڕێگای ڕێبواران، گۆگ و هەموو ئاپۆرەی سوپاکەی لەوێ دەنێژن. لەبەر ئەوە ناوی لێ دەنێن دۆڵی ئاپۆرەی گۆگ.
«”بنەماڵەی ئیسرائیل حەوت مانگ لە گۆڕیان دەنێن، هەتا خاکەکە پاک بکەنەوە. هەموو گەلی خاکەکە خەریکی لەگۆڕنان دەبن، ئەو ڕۆژەش کە من شکۆدار دەکرێم لەبیریان ناچێتەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«”هەندێک پیاو هەڵدەبژێرن کە بە بەردەوامی بە خاکەکەدا تێبپەڕن، بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی کە مردووەکان دەنێژن، هەتا ئەوانەی کە لەسەر ڕووی زەوییەکە کوژراون و ماونەتەوە لە گۆڕیان بنێن بۆ پاککردنەوەی خاکەکە. دوای تەواوبوونی حەوت مانگەکە دەست بە پشکنین دەکەن. کاتێک بە خاکەکەدا تێدەپەڕن، ئەگەر یەکێک ئێسکێکی مرۆڤی بینی نیشانەیەکی لەتەنیشت دادەنێت، هەتا گۆڕهەڵکەنەکان لە دۆڵی ئاپۆرەی گۆگ لە گۆڕی بنێن، نزیکی شارۆچکەیەک لەوێیە کە ناوی هەمۆنایە39:16 هەمۆنا: واتا ئاپۆرەی سوپا.. بەم شێوە خاکەکە پاک دەکەنەوە.“
«ئەی کوڕی مرۆڤ، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: تۆ بە هەموو باڵدارێک و هەموو گیانلەبەرێکی دەشتودەر بڵێ: ”کۆببنەوە و وەرن، لە هەموو لایەکەوە لە قوربانییەکەم خڕبنەوە، ئەوەی من لەسەر چیاکانی ئیسرائیل بۆ ئێوەم سەربڕیوە، قوربانییەکی گەورەیە، هەتا گۆشت بخۆن و خوێن بخۆنەوە. گۆشتی پاڵەوانەکان دەخۆن و خوێنی میرانی زەوی دەخۆنەوە، بەران و بەرخ و نێری و گا، هەموو لە دابەستەکانی باشانن. پیو39:19 پیو: واتا بەز. دەخۆن هەتا تێر دەبن و خوێن دەخۆنەوە هەتا سەرخۆش دەبن لەو قوربانییەی بۆ ئێوەم سەربڕیوە. جا ئێوە لەسەر خوانەکەم لە گۆشتی ئەسپ و سوار و پاڵەوانەکان و هەموو جۆرێکی جەنگاوەران تێر دەبن.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«شکۆمەندی خۆم لەنێو نەتەوەکان پیشان دەدەم، هەموو نەتەوەکان حوکمەکەم دەبینن کە جێبەجێم کرد و کە دەستم خستە سەریان. جا لەو ڕۆژە بەدواوە بنەماڵەی ئیسرائیل دەزانن کە من یەزدانم و خودای ئەوانم. هەموو نەتەوەکانیش دەزانن کە بنەماڵەی ئیسرائیل لەبەر تاوانی خۆیان بە دیل گیران و ڕاپێچ کران، چونکە ناپاکییان لەگەڵ کردم. منیش ڕووی خۆمم لێیان وەرگێڕا و ئەوانم دایە دەست دوژمنەکانیانەوە، هەموو بە شمشێر کوژران. بەگوێرەی گڵاوی و یاخیبوونەکانی خۆیان لەگەڵیان جوڵامەوە و ڕووی خۆمم لێیان وەرگێڕا.
«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئێستا ڕاپێچکراوەکانی یاقوب دەگەڕێنمەوە، بەزەییم بە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلدا دێتەوە، بۆ ناوی پیرۆزی خۆم دڵگەرم دەبم. جا ڕیسوایی خۆیان هەڵدەگرن لەگەڵ هەموو ناپاکییەکەیان کە لەگەڵ من ناپاکییان پێکرد، کاتێک بە ئاسوودەیی و بەبێ ترس لە خاکەکەی خۆیان نیشتەجێ بوون. ئەو کاتەی لەنێو گەلان لە خاکی دوژمنەکانیانەوە کۆیان دەکەمەوە و دەیانهێنمەوە، لەبەرچاوی نەتەوەکان پیرۆزی خۆم لەنێویاندا دەردەخەم. ئەوسا دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگاریانم، چونکە هەرچەندە بۆ ناو نەتەوەکان ڕاپێچم کردن، بەڵام پاشان کۆیان دەکەمەوە و دەیاننێرمەوە خاکەکەی خۆیان، چیتر کەسیان لەوێ بەجێناهێڵم. چیتر ڕووی خۆمیان لێ وەرناگێڕم، چونکە ڕۆحی خۆم بەسەر بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەڕێژم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
چواردەوری پەرستگایەکی نوێ
لە ساڵی بیست و پێنجەمی ڕاپێچکردنمان، لە سەرەتای ساڵ، لە دەی مانگی یەکی ساڵی چواردەیەم لەپاش لێدانی شارەکە،40:1 بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە بیست و هەشتی مانگی چواری ساڵی 573ی پێش زایین. لە هەمان ڕۆژ ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم و بۆ ئەوێی بردم. خودا لە چەند بینینێکیدا منی هێنایە خاکی ئیسرائیل و لەسەر کێوێکی زۆر بڵند داینام، لەلای باشوورەوە چەند تەلارێک لە شێوەی شارێکدا بوو. کاتێک منی هێنایە ئەوێ، ئەوەتا پیاوێک دیمەنی وەک بڕۆنز وابوو، پەتێکی کەتان و قامیشێکی پێوانەی بە دەستەوە بوو، لەبەر دەروازەکە وەستابوو. پیاوەکە پێی گوتم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە چاوەکانت سەیر بکە و بە گوێیەکانت ببیستە و مێشکت بخەرە سەر هەموو ئەوەی پیشانی تۆی دەدەم، چونکە لەبەر ئەوەی پیشانت بدرێت تۆ بۆ ئێرە هێنراویت. هەموو ئەوەی دەیبینیت بە بنەماڵەی ئیسرائیلی ڕابگەیەنە.»
دەروازەی ڕۆژهەڵات هەتا خانەکانی دەرەوە
شوورایەکم بینی کە دەوری تەواوی پەرستگاکەی دابوو. قامیشێکی پێوانەش کە درێژییەکەی شەش باڵی درێژ40:5 دوو پێوانە هەبووە بۆ باڵ، باڵی ئاسایی کە دوو بست و نیو بووە، واتا نیو مەتر، باڵی درێژ کە باڵێک و چوار پەنجە بووە، واتا 0,6 مەتر. لە بەشەکانی 40–48 (باڵ) مەبەستی لە باڵی درێژە. بوو کە هەر باڵێک، باڵێک و چوار پەنجە بوو. جا ئەستوورایی شووراکەی پێوا کە یەک قامیش بوو و بەرزاییەکەشی یەک قامیش.
ئینجا هاتە لای ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە. بەسەر پێپلیکانەکانیدا سەرکەوت و بەردەروازەکەی پێوا، درێژییەکەی یەک قامیش بوو. قوژبنەکانی پاسەوانیش یەک قامیش درێژی بوو، یەک قامیشیش پانی، ئەستوورایی دیواری نێوان قوژبنەکانیش پێنج باڵ بوو. بەردەروازەکەش لەلای هەیوانی دەروازەکە و لە ژوورەوە یەک قامیش بوو.
ئینجا هەیوانی دەروازەکەی پێوا، درێژییەکەی هەشت باڵ بوو، ئەستوورایی هەر دینگەیەکیشی دوو باڵ بوو، هەیوانی دەروازەکەش ڕووەو پەرستگاکە بوو.
قوژبنەکانی دەروازەی لای ڕۆژهەڵاتیش، لە هەر لایەک سێ قوژبن هەبوون، هەرسێکیان هەمان پێوانە بوون. ڕووبەری دیوارەکانی نێوانیشیان لە هەر لایەک وەک یەک بوون. ئینجا پانی داڵانی دەروازەکەی پێوا، دە باڵ بوو، درێژایی دەروازەکەش سێزدە باڵ بوو. لێواری بەردەم قوژبنەکانیش لە هەر لایەک یەک باڵ بوو، قوژبنەکانیش درێژی و پانییەکەی شەش باڵ بوون. ئینجا دەروازەکەی پێوا، لە بنمێچی قوژبنێکەوە بۆ بنمێچی قوژبنەکەی بەرامبەری. دووری لەنێوان دەلاقەی دیواری پشتی قوژبن و دەلاقەکەی بەرامبەری بیست و پێنج باڵ بوو. ڕووبەری ناوبڕەکانیشی هەتا هەیوانی بەرامبەر حەوشەی دەروازەکەی پێوا، درێژایی شەست باڵ بوو. دووری نێوان داڵانی دەروازەکە و کۆتایی هەیوانەکەی پەنجا باڵ بوو. ڕووی ناوەوەی ستارەی سەر قوژبن و ناوبڕە و هەیوانەکەش دەلاقەدار بوو، ڕووی ناوبڕەکانیش نەخشی دار خورما هەبوو.
خانەکانی دەرەوە
ئینجا منی هێنایە خانەکانی دەرەوە. بینیم چەند ژوورێک و شۆستەیەک بە چواردەوری حەوشەکەدا دروستکرابوون. بە درێژایی شۆستەکە سی ژوور هەبوو. شۆستەکە لەلای دەروازەکان بوو، بەرامبەر بە درێژایی دەروازەکانیش شۆستەکەی خوارەوە بوو. ئینجا ئەو دوورییەی پێوا، کە لەنێوان دیوی ناوەوەی دەروازەکەی خوارەوە و دیوی دەرەوەی حەوشەکەی ناوەوە بوو، سەد باڵ بوو بەلای ڕۆژهەڵات و بەلای باکوور.
دەروازەی ڕووەو باکوور
ئینجا درێژی و پانی دەروازەکەی ڕووەو باکووری پێوا، کە دەروازەیەک بوو بۆ خانەکانی دەرەوە. قوژبنەکانیشی لە هەر لایەک سێ بوون، ناوبڕەکان و هەیوانەکەشی وەک پێوانەی دەروازەکەی یەکەم بوو، درێژییەکەی پەنجا باڵ و پانییەکەی بیست و پێنج باڵ بوو. دەلاقەکانی و هەیوانەکەی و نەخشە دار خورماکەی هەمان پێوانەی ئەو دەروازەیە بوو کە ڕووەو ڕۆژهەڵات بوو. بە حەوت پایە بۆی سەردەکەوتن و هەیوانەکەشی بەرامبەریان بوو. دەروازەی حەوشەکەی ناوەوەش بەرامبەر دەروازەی باکوور بوو، هەروەک دەروازەی ڕۆژهەڵات، لە دەروازەیەکەوە بۆ دەروازەیەک پێوای، سەد باڵ بوو.
دەروازەی ڕووەو باشوور
ئینجا منی بەرەو باشوور برد. بینیم دەروازەیەکی ڕووەو باشوور هەبوو، دینگەکان و هەیوانەکەی پێوا، هەمان پێوانە بوون. دەروازەکەش دەلاقەی تێدابوو، هەیوانەکەشی وەک ئەو دەلاقانەی لە چواردەوری هەبوو. درێژی پەنجا باڵ و پانی بیست و پێنج باڵ بوو. پێپلیکانەکەشی حەوت پایە بوو، هەیوانەکەشی لەبەردەمی بوو، لە هەردوو لای دەروازەکە لە هەردوو ڕووی ناوبڕەکان نەخشی دار خورما هەبوون. حەوشەکەی ناوەوەش دەروازەیەکی بەرەو باشوور هەبوو، لە دەروازەوە بۆ دەروازە ڕووەو باشوور پێوای، سەد باڵ بوو.
دەروازەی حەوشەکەی ناوەوە
ئینجا لە دەروازەکەی باشوورەوە منی هێنایە حەوشەکەی ناوەوە. دەروازەکەی باشووری پێوا، هەمان پێوانەی دەروازەکانی دیکەی بوو. قوژبنەکانی و ناوبڕەکانی نێوانیان و هەیوانەکەی هەمان پێوانەی ئەوانەی دیکە بوون. لە دەروازەکە و لە هەیوانەکەشی دەلاقە بە چواردەوریدا هەبوون. درێژی دەروازەکە پەنجا باڵ و پانی بیست و پێنج باڵ بوو. لە هەر سێ لاوە هەیوانەکان بیست و پێنج باڵ درێژایی و پێنج باڵ پانی بوون. هەیوانەکەشی ڕووەو خانەکانی دەرەوە بوو، لەسەر دینگەکانیشی نەخشی دار خورما هەبوون، پێپلیکانەکەشی لەسەر هەشت پایە بوون.
ئینجا منی هێنایە ناو حەوشەکەی ناوەوە بەرەو ڕۆژهەڵات. دەروازەکەی پێوا، هەمان پێوانەی دەروازەکانی دیکە بوو. قوژبنەکانی و ناوبڕەکانی نێوانیان و هەیوانەکەی هەمان پێوانەی ئەوانەی دیکە بوون. لە دەروازەکە و لە هەیوانەکەشی دەلاقە بە چواردەوریدا هەبوون. درێژی دەروازەکە پەنجا باڵ و پانی بیست و پێنج باڵ بوو. هەیوانەکەشی ڕووەو خانەکانی دەرەوە بوو، لەسەر دینگەکانیشی نەخشی دار خورما لە هەردوو لای هەبوون، بە هەشت پایە بۆی سەردەکەوت.
ئینجا منی هێنایە دەروازەکەی باکوور و پێوای، هەمان پێوانەی دەروازەکانی دیکە بوو. قوژبن و ناوبڕەکانی و هەیوانەکەی و ئەو دەلاقانەی لە چواردەوری بوون، درێژی دەروازەکە پەنجا باڵ بوو، پانی بیست و پێنج باڵ بوو. هەیوانەکەشی ڕووەو خانەکانی دەرەوە بوو، لەسەر دینگەکانیشی نەخشی دار خورما لە هەردوو لای هەبوون، بە هەشت پایە بۆی سەردەکەوت.
ژوورەکانی ئامادەکردنی قوربانی
لەلای هەیوانی هەر دەروازەیەکی ناوەوە ژوورێک و داڵانێک40:38 مەبەستی لە (مدخل)ی عەرەبییە. هەبوو، لەوێ قوربانی سووتاندنیان دەشوشت. لە هەیوانی دەروازەکەش دوو مێز لە هەر لایەکی هەبوون، بۆ ئەوەی قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان لەسەریان سەرببڕدرێن. لە دیوی دەرەوەی هەیوانی دەروازەکە، لە نزیکی پێپلیکانەکەی لای داڵانی دەروازەی باکوور، لە هەر لەلایەکی پێپلیکانەکە دوو مێز هەبوون. چوار مێز لێرە و چوار مێز لەوێ لەلای دەروازەکە، هەشت مێز قوربانییان لەسەر سەردەبڕان. چوار مێزی دیکەش بۆ قوربانی سووتاندنەکان هەبوون لە بەردی تاشراو بوون، درێژییەکەیان باڵ و نیوێک و پانییەکەشیان باڵ و نیوێک بوون، بەرزاییەکەشیان یەک باڵ بوو. ئەو کەرەستانەی لەسەر دادەنرا کە قوربانی سووتاندن و قوربانی دیکەیان پێ سەردەبڕی. قولاپەکانیش چوار پەنجە بوون، لە دیوی ناوەوە بە چواردەوریدا قاییم کرابوون، مێزەکانیش بۆ گۆشتی قوربانییەکان بوون.
ژوورەکانی کاهینانی بەرپرس
لە حەوشەکەی ناوەوە، لە دەرەوەی دەروازەکەی، دوو ژوور هەبوون، یەکێکیان لەلای دەروازەکەی باکوور، ڕووی لە باشوور بوو. ئەوەی دیکە لەلای دەروازەکەی باشوور، ڕووی لە باکوور بوو. پێی فەرمووم: «ئەو ژوورەی ڕووی لە باشوورە هی کاهینەکانە، کە بەرپرسیارن لە پارێزگاریکردنی پەرستگا. ئەو ژوورەش کە ڕووی لە باکوورە هی ئەو کاهینانەیە کە بەرپرسیارن لە پارێزگاریکردنی قوربانگا. ئەوان نەوەی سادۆقن، کە لەنێو نەوەی لێڤی تەنها ئەوان بۆیان هەیە لە یەزدان نزیک ببنەوە بۆ خزمەتکردنی.»
پاشان حەوشەکەی بەردەم پیرۆزگای پێوا، درێژی سەد باڵ و پانیشی سەد باڵ بوو، چوارگۆشە بوو، قوربانگاکەش لەبەردەم پیرۆزگاکە بوو.
پیرۆزگا نوێیەکە
ئینجا منی هێنایە هەیوانی پیرۆزگاکە، دینگەکانی هەیوانەکەی پێوا، ئەستوورایی هەر لایەک پێنج باڵ بوو. پانی بەردەرگاکەش چواردە باڵ بوو، ناوبڕەکانی هەر لایەک سێ باڵ بوون. پانی هەیوانەکە بیست باڵ بوو، درێژییەکەشی دوازدە باڵ. لە پێپلیکانەکەوە بۆی سەردەکەوت، لە هەردوو لای دینگەکان کۆڵەکە هەبوون، یەکێک لەم بەر و یەکێکی دیکە لەو بەر.
ئینجا پیاوەکە منی هێنایە شوێنی پیرۆز و دینگەکانی پێوا، ئەستوورایی دینگەکان لە هەر لایەکەوە شەش باڵ بوو. پانی بەردەرگاکەش دە باڵ، ناوبڕەکانیشی لە هەر لایەک پێنج باڵ بوو. هەروەها شوێنە پیرۆزەکەی پێوا، درێژییەکەی چل باڵ و پانییەکەی بیست باڵ بوو.
پاشان چووە ناو شوێنی هەرەپیرۆز، دینگەکانی بەردەرگاکەی پێوا، پانی هەریەکەیان دوو باڵ بوو. پانی بەردەرگاکەش شەش باڵ، ناوبڕەکانیشی لە هەر لایەک حەوت باڵ بوو. شوێنە هەرەپیرۆزەکەی پێوا، درێژییەکەی بیست باڵ، پانییەکەشی تەریب بوو لەگەڵ شوێنە پیرۆزەکە و بیست باڵ بوو، پێی فەرمووم: «ئەمە شوێنە هەرەپیرۆزەکەیە.»
کە ئەستوورایی دیواری پیرۆزگاکەی پێوا شەش باڵ بوو. پانی ژوورە لاتەنیشتەکانیشی پێوا کە لە سێ لای پیرۆزگاکە هەبوون، هەر یەکێکیان چوار باڵ بوو. ژوورە لاتەنیشتەکانیش بە سێ نهۆم هەبوون، لە هەر نهۆمێکیش سی ژوور هەبوون. بنچینەی ژوورەکان لەسەر دیواری پیرۆزگاکە خۆی دروستنەکرابوون، بەڵکو لەسەر لێواری دیواری ژوورەکان کە بۆ پتەوکردنی ژوورەکان دروستکرا بوون. ئەگەر لە نهۆمێکەوە بۆ نهۆمێک سەربکەوتبووای، ژوورە لاتەنیشتەکان بەرینتر دەبوون، بەپێی لێوارەکە لە نهۆمێکەوە بۆ نهۆمێک لە سێ لای پیرۆزگاکە. پێپلیکانەیەکیش هەبوو، لە خوارەوە بۆ سەرەوە و بە نهۆمی ناوەڕاستدا تێدەپەڕی.41:7 بڕوانە [یەکەم پاشایان 6:5-8].
بینیم لە چواردەوری پیرۆزگاکە بادلۆیەکی بەرز هەبوو، کە بناغەی ژوورە لاتەنیشتەکان بوو، درێژییەکەشی بەقەد درێژی قامیشێک بوو، شەش باڵ درێژی بوو. ئەستوورایی دیواری ژوورە لاتەنیشتەکان لە دیوی دەرەوە پێنج باڵ بوو. حەوشەیەک هەبوو لەنێوان ژوورە لاتەنیشتەکانی پیرۆزگاکە و ژوورەکانی کاهینان، پانییەکەی بیست باڵ بوو بە دەوری پیرۆزگاکەدا. دەروازەی ژوورە لاتەنیشتەکان لە کۆڵانێکەوە یەکێکی ڕووەو باکوور و یەکێکیشی ڕووەو باشوور بوو. پانی بادلۆکە لە دەوری پیرۆزگاکە پێنج باڵ بوو.
ئەو بینایەش کە لەبەردەم شوێنە جیاکراوەکە بوو، لە لایەکەوە ڕووەو ڕۆژئاوا، پانی حەفتا باڵ بوو. ئەستوورایی دیواری بیناکەش پێنج باڵ بوو بە چواردەوریدا، درێژییەکەشی نەوەد باڵ بوو.
پیرۆزگاکەشی پێوا، سەد باڵ درێژ بوو، شوێنە جیاکراوەکە و بیناکە و دیوارەکانی سەد باڵ درێژ بوون. ڕووی پەرستگا و شوێنە جیاکراوەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات پانییەکەی سەد باڵ بوو.
ئینجا درێژی بیناکە و هۆڵەکانی پێوا، بیناکەش لەبەردەم شوێنە جیاکراوەکە لە پشتی پیرۆزگاکە بوو، لە لایەکەوە بۆ لایەکەی دیکە، سەد باڵ بوو.
شوێنی پیرۆز و هەرەپیرۆز و ڕووی هەیوانەکە بە لای حەوشەکەدا، لەگەڵ بەردەرگاکان و کڵاوڕۆژنە41:16 وەک پەنجەرەیە، دەلاقەیەکە بۆ هاتوچۆی هەوا و گێڕانەوەی تیشکی خۆر. کەتیبەدارەکان و هۆڵەکانی چواردەوری سێ نهۆمەکە، بەرامبەر بەردەرگاکە لە هەموو لایەکەوە تەختەی لێ درابوو. لە زەوییەکەوە هەتا کڵاوڕۆژنەکە، کڵاوڕۆژنەکەش داپۆشرابوو. لە سەرەوە، ناوبەناو لەسەر دیوی دەرەوەی داڵانەکەی شوێنی هەرەپیرۆز، دیوارەکە بە چواردەوری شوێنی پیرۆز و هەرەپیرۆز، نەخشی کەڕوبەکان و دار خورمای لەسەر کرابوو. دار خورمایەک لەنێوان کەڕوبێک و کەڕوبێکی دیکە، هەر کەڕوبێکیش دوو ڕووی هەبوو، ڕووێکی مرۆڤ ڕووەو دار خورمایەک و ڕووی جوانە شێرێک ڕووەو دار خورمایەکی دیکە. کە هەموو چواردەوری پیرۆزگاکە بەم شێوەیە نەخشێنرابوو. هەروەها دیواری شوێنی پیرۆزیش لە زەوییەوە هەتا سەر داڵانەکە بە کەڕوب و دار خورماکان نەخشێنرابوون.
چوارچێوەی دەرگای شوێنە پیرۆزەکەش لاکێشەیی بوو، هەروەها ئەو چوارچێوەیەی کە لەپێشی شوێنی هەرەپیرۆزەکە بوو هەمان شێوەی هەبوو. قوربانگاکە لە دار دروستکرابوو، بەرزی سێ باڵ بوو، درێژی و پانییەکەی دوو باڵ بوون، گۆشە و بنکە و دیوارەکانی لە دار بوون. پیاوەکە پێی گوتم: «ئەمە ئەو مێزەیە کە لەبەردەم یەزدانە.» شوێنی پیرۆز و شوێنی هەرەپیرۆزیش دەرگایەکی دوو دەری هەبوو. هەر دەروازەیەکیش دوو دەری بوو، لە ناوەڕاستەوە دەکرانەوە. کەڕوب و دار خورما لەسەر ڕووی دەرگاکانی شوێنی پیرۆزیش نەخشێنرا بوون، بە هەمان شێوە دیوارەکانیش نەخشێنرابوون، تارمەیەکی دارینیش لەپێش هەیوانەکە هەبوو. لەسەر دیواری لاتەنیشتەکانی هەیوانەکە و ژوورە لاتەنیشتەکانی پیرۆزگاکە دەلاقەی کەتیبەدار هەبوو کە لایەکانی بە نەخشی دار خورما ڕازێنرابووەوە.
ژووری کاهینان
ئینجا بە ڕێگای لای باکوور منی هێنایە خانەکانی دەرەوە، بردمییە ئەو ژوورانەی کە بەرامبەر شوێنە جیاکراوەکەن، ژوورەکانی بەرامبەر بیناکە لەلای باکوور. درێژی ئەو تەلارە کە دەرگاکەی ڕووی لە باکوور بوو سەد باڵ، پانییەکەشی پەنجا باڵ بوو. لەو بەشەی کە دووری لە حەوشەکەی ناوەوە بیست باڵ بوو، هەروەها لەو بەشەی کە بەرامبەر شۆستەی خانەکانی دەرەوە بوو، هۆڵ بەرامبەر هۆڵ بوو لە هەر سێ نهۆمەکە. بەرامبەر بە ژوورەکانیش ڕێڕەوێک هەبوو، پانییەکەی دە باڵ و درێژییەکەی سەد باڵ بوو، بەرەو حەوشەکەی ناوەوە و دەرگای ژوورەکانیش ڕووەو باکوور بوون. شوێنی ژوورەکان بەر هۆڵەکان کەوتبوون، لەبەر ئەوە ژوورەکانی سەرەوە لە ژوورەکانی ناوەڕاست و خوارەوەی بیناکە تەسکتر بوون. بیناکە سێ نهۆم بوو، ژوورەکانی نهۆمی سێیەم کۆڵەکەیان نەبوو وەک کۆڵەکەی حەوشەکان، لەبەر ئەوە زەمینەکەیان لە نهۆمی خوارەوە و ناوەڕاست کەمتر بوو. ئەو دیوارەش لە دەرەوە بوو لەگەڵ ژوورەکان ڕووەو خانەکانی دەرەوە بۆ بەردەم ژوورەکان، درێژییەکەی پەنجا باڵ بوو. درێژی ژوورەکان لەلای خانەکانی دەرەوە پەنجا باڵ بوو، بەڵام درێژی لای پیرۆزگاکە سەد باڵ بوو. لەژێر ئەم ژوورانەشەوە داڵانێک هەبوو لەلای ڕۆژهەڵاتەوە، ئەوەی لە خانەکانی دەرەوە بۆی دەهاتنە ژوورەوە.
ژوورەکان بە درێژایی دیواری حەوشەکە بوون بەرەو باشوور لەبەردەم شوێنە جیاکراوەکە و بەرامبەر بیناکە. لەبەردەمی ژوورەکان ڕێڕەوێک هەبوو، وەک داڵانەکانی ئەو ژوورانەی کە بەرەو باکوور بوون، هەمان درێژی و پانی و شوێنی چوونەدەرەوە و شێوە و دەرگایان هەبوو. وەک داڵانی ژوورەکانی ڕووەو باشووریش، داڵانێک لە سەرەتای ڕێڕەوەکەی بەرامبەر دیوارەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات هەبوو، کە لەوێوە بۆی دێتە ژوورەوە.
پێی فەرمووم: «ژوورەکانی باکوور و ژوورەکانی باشوور کە بەرامبەر بە شوێنە جیاکراوەکەن ژوورە تەرخانکراوەکانن، کە کاهینەکان ئەوانەی لە یەزدان نزیک دەبنەوە پێشکەشکراوە هەرەپیرۆزەکان دەخۆن. پێشکەشکراوی هەرەپیرۆز وەکو پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان لەوێ دادەنێن، چونکە شوێنەکە پیرۆزە. کاتێک کاهینەکان دەچنە ژوورەوە، نابێت لە شوێنی پیرۆزەوە بچنە دەرەوە بۆ خانەکانی دەرەوە، هەتا جلەکانیان کە خزمەتی پێ دەکەن لەوێی دادەنێن، چونکە جلەکانیان تەرخانکراون، ئینجا جلێکی دیکە لەبەر دەکەن و دەچنە پێشەوە بۆ ئەو شوێنەی گەل لێی کۆدەبنەوە.»
کە پێوانەی دیوی ناوەوەی پەرستگای تەواو کرد منی هێنایە دەرەوە بەرەو ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە و چواردەورەکەی پێوا، لای ڕۆژهەڵاتی بە قامیشی پێوانەکە پێوا، پێنج سەد باڵ42:16 لێرە مەبەست لە باڵی ئاساییە، کە نزیکەی نیو مەتر بوو. بوو. لای باکووریشی پێوا، پێنج سەد باڵ بە قامیشی پێوانە. لای باشووریشی پێوا، پێنج سەد باڵ بە قامیشی پێوانە. ئینجا بەلای ڕۆژئاوا سووڕایەوە و پێنج سەد باڵی بە قامیشی پێوانە پێوا. لە هەر چوار لاوە پێوای، شوورایەکی بە چواردەوری بوو کە پێنج سەد باڵ درێژییەکەی و پێنج سەد باڵ پانییەکەی بوو، بۆ جیاکردنەوە لەنێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو.
گەڕانەوەی شکۆمەندی خودا بۆ پەرستگاکە
ئینجا منی بردە لای ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە. بینیم شکۆمەندی خودای ئیسرائیل لە ڕێگای ڕۆژهەڵاتەوە دەهات و دەنگی وەک دەنگی ئاوێکی زۆر بوو، خاکەکەش لەبەر شکۆمەندییەکەی دەدرەوشایەوە. بینینەکە وەک ئەو بینینە بوو کە لە کاتی هاتنی بۆ وێرانکردنی شارەکە بۆم ئاشکرا کرابوو، هەروەها وەک ئەو بینینە بوو کە لەلای نۆکەندی کەڤار بۆم ئاشکرا کرابوو، ئەو کاتە بەسەر ڕوومدا کەوتم. شکۆمەندی یەزدان لە ڕێگای ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە بۆ ناو پەرستگاکە هات. ئینجا ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و منی بردە حەوشەکەی ناوەوە و بینیم شکۆمەندی یەزدان پیرۆزگاکەی پڕکردووە.
گوێم لێ بوو لە پیرۆزگاکەوە قسەی لەگەڵ کردم و پیاوێکیش لەتەنیشتمەوە ڕاوەستابوو. پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەمە شوێنی تەختی من و شوێنی بنی پێمە، کە لەنێو نەوەکانی ئیسرائیل بۆ هەتاهەتایە نیشتەجێ دەبم. لەمەودوا بنەماڵەی ئیسرائیل ناوی پیرۆزم گڵاو ناکەن، نە خۆیان و نە پاشاکانیان، نە بە لەشفرۆشی و نە بە تەرمی پاشاکانیان لە نزرگەکانی سەر بەرزایی. کاتێک ئەوان بەردەرگاکەیان لای بەردەرگاکەم و چوارچێوەی دەرگاکەیان لای چوارچێوەی دەرگاکەم دانا، لەنێوان من و ئەواندا تەنها دیوارێک هەبوو، جا ناوی پیرۆزی منیان بە نەریتە قێزەونەکانیان گڵاوکرد. منیش بە تووڕەیی خۆم لەناوم بردن. ئێستا با لەشفرۆشی و تەرمی پاشاکانیان لە من دووربخەنەوە، ئەو کاتە منیش بۆ هەتاهەتایە لەناویان نیشتەجێ دەبم.
«ئەی کوڕی مرۆڤ، دەربارەی پەرستگاکە بە بنەماڵەی ئیسرائیل ڕابگەیەنە، با لە تاوانەکانی خۆیان شەرمەزار بن و با نەخشەکە بپێون. ئەگەر هاتوو لە هەرچی کردوویانە شەرمەزارییان کێشا، ئەوسا وێنەی پەرستگا، نەخشە و شوێنی چوونەدەرەوە و شوێنی چوونەژوورەوە، هەموو شێوە و فەرزەکان و فێرکردنەکانییان بۆ باس بکە. ئەمە لەبەرچاویان بنووسە، با هەموو نەخشە و هەموو فەرزەکانی بەجێبهێنن و کاری پێ بکەن.
«ئەمە فێرکردنی پەرستگاکەیە: لەسەر لووتکەی کێوەکە، هەموو چواردەوری پەرستگاکە دەبێتە شوێنێکی زۆر پیرۆز، ئەمە فێرکردنی پەرستگاکەیە.
قوربانگاکە
«ئەمەش پێوانەکانی قوربانگاکەیە بە پێوانەی باڵی درێژ، باڵی درێژیش باڵێک و چوار پەنجەیە43:13 چوار پەنجەیە: نزیکەی هەشت سەنتیمەتر.. قووڵایی ئاوەڕۆکەی باڵێکە و پانییەکەشی باڵێک و کەنارەکەشی هەتا لێوەکەی چواردەوری بستێکە43:13 بستێک: نزیکەی 22 سەنتیمەتر.. ئەمەش بەرزی قوربانگاکەیە: بنکەکەی لە زەوی ئاوەڕۆکەوە هەتا لێواری خوارەوە دوو باڵ و پانییەکەشی یەک باڵ بوو، لە لێوارە بچووکەکەی ژێرەوە هەتا لێوارە گەورەکەی سەرەوەش چوار باڵ و پانییەکەشی یەک باڵ بوو. بەرزی ئاگردانی قوربانگاکەش چوار باڵ بوو، لە ئاگردانی قوربانگاکەشەوە بۆ سەرەوە چوار قۆچ هاتبوونە دەرەوە. ئاگردانی قوربانگاکەش دوازدە باڵ درێژی و دوازدە باڵ پانی بوو، شێوەی چوارگۆشەیی بوو. لێوارەکەی سەرەوەش چوار گۆشە بوو، چواردە باڵ درێژ و چواردە باڵ پان بوو، کەنارەکەی چواردەوریشی نیو باڵ بوو و ئاوەڕۆکەشی بە دەوریدا یەک باڵ بوو، پێپلیکانەکانیشی ڕووەو ڕۆژهەڵات بوو.»
پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەمانە فەرزەکانی پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندن و پرژاندنی خوێن لەسەر قوربانگاکەیە، ئەو ڕۆژەی کە بنیاد دەنرێت. جوانەگایەک43:19 لەو کاتەوەی کە گوێرەکەی نێر لە شیر دەبڕدرێتەوە پێی دەگوترێت (نۆبەن) یان (جوانەگا). بۆ قوربانی گوناه بە کاهینە لێڤییەکان دەدەیت، ئەوانەی لە نەوەی سادۆقن، کە لە من نزیک دەبنەوە بۆ خزمەتکردنم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. لە خوێنەکەی دەبەیت و لە هەر چوار قۆچی قوربانگاکە و هەر چوار گۆشەی لێوارەکەی سەرەوەی دەدەیت و لە کەنارەکەشی دەدەیت بە هەر چواردەوریدا، بەم شێوەیە پاکی دەکەیتەوە و کەفارەتی بۆ دەکەیت. جوانەگاکەی قوربانی گوناه دەبەیت و لە شوێنی دیاریکراو لە پەرستگاکە لە دەرەوەی پیرۆزگاکە دەیسووتێنیت.
«لە ڕۆژی دووەم گیسکێکی نێری ساغ پێشکەش دەکەیت، ساغ بێت، دەکرێت بە قوربانی گوناه و قوربانگەکە بە خوێنەکەی پاک دەکەنەوە وەک چۆن بە خوێنی جوانەگاکە پاکیان کردەوە. کە لە پاککردنەوەکە تەواو بوویت، جوانەگایەکی ساغ و بەرانێکی ساغی مێگەل پێشکەش دەکەیت. لەبەردەم یەزدان پێشکەشیان دەکەیت و کاهینەکان خوێیان پێوە دەکەن و دەیانکەن بە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان.
«حەوت ڕۆژ، هەر ڕۆژە گیسکێکی نێرینە دەکەیت بە قوربانی گوناه و جوانەگایەکی ساغ و بەرانێکی ساغی مێگەل دەکەیت بە قوربانی. کاهینەکان حەوت ڕۆژ لەسەر قوربانگاکە کەفارەتی بۆ دەکەن و پاکی دەکەنەوە، بەم شێوەیە تەرخانی دەکەن. کە ئەم ڕۆژانە تەواو بوون، لە ڕۆژی هەشتەم بەسەرەوە کاهینەکان لەسەر قوربانگاکە قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشیتان43:27 قوربانی هاوبەشی: ئەم قوربانییە هاودەمی قوربانی سووتاندن بوو. تەنها یەک کەس هەڵدەستا بە دابینکردنی ئەم قوربانییە، بەڵام لەگەڵ خەڵکی دیکە بەشی زۆری ئەم قوربانییەیان لەبەردەم خودا دەخوارد وەک هێمایەک بۆ پێکەوە ژیان. بڕوانە [لێڤییەکان 7:11-15]. پێشکەش دەکەن، منیش لێتان ڕازی دەبم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
میرەکە، لێڤی و کاهینەکان
ئینجا پیاوەکە منی هێنایەوە بۆ ڕێگای دەروازەی دەرەوەی پیرۆزگا کە ڕووەو ڕۆژهەڵات بوو، دەرگاکانی داخرا بوون. یەزدان پێی فەرمووم: «ئەم دەروازەیە بە داخراوی دەمێنێتەوە، ناکرێتەوە و کەس پێیدا ناچێتە ژوورەوە، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پێیدا چووە ژوورەوە، جا داخراو دەبێت. تەنها میری فەرمانڕەوا خۆی تێیدا دادەنیشێت بۆ ئەوەی لەبەردەم یەزدان نان بخوات. لە ڕێگای هەیوانی دەروازەکەوە دێتە ژوورەوە و لە هەمان ڕێگاوە دەچێتە دەرەوە.»
ئینجا پیاوەکە لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە منی هێنایە بەردەم پیرۆزگاکە، منیش تەماشام کرد ئەوەتا شکۆمەندی یەزدان پیرۆزگاکەی پڕکردووە. جا بەسەر ڕوومدا کەوتم.
یەزدانیش پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە چاوت ببینە، هەموو ئەوەی دەیفەرمووم بە گوێیەکانت بیبیستە و مێشکت بخەرە سەر هەموو فەرزەکانی پەرستگای یەزدان و هەموو فێرکردنەکانی. هەروەها مێشکت بخەرە سەر شوێنی چوونە ژوورەوەی پەرستگاکە و سەر هەموو شوێنەکانی چوونە دەرەوەی پیرۆزگاکە. بە یاخیبووەکان، بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئێوە هەموو ئەو نەریتە قێزەونانەی خۆتان بەسە. سەرەڕای ئەوەش بێگانە بە دڵ و لەش خەتەنەنەکراوەکانتان هێنایە ناو پیرۆزگای من، بۆ ئەوەی لەناو پەرستگای مندا بن و پیسی بکەن، ئەو کاتەی کە پیو44:7 پیو: واتا بەز، لێرە و لە ئایەتی 15. و خوێن دەکرێنە قوربانی و وەک خواردن پێشکەش بە من دەکرێن. بەو هەموو نەریتە قێزەونانەتان پەیمانی منتان شکاند. ئەرکی خۆتان بۆ شتە پیرۆزکراوەکانی من بەجێنەگەیاند، بەڵکو کەسانی دیکەتان دانا لە جێی خۆتان بۆ پارێزگاریکردنی پیرۆزگاکەم. یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: نابێت هیچ بێگانەیەکی دڵ و لەش خەتەنەنەکراو بێتە ناو پیرۆزگای من، تەنانەت ئەوانەی کە لەنێو ئیسرائیلییەکانیشدا نیشتەجێن.
«”بەڵکو لێڤییەکان کە لە من دوور کەوتنەوە کاتێک نەوەی ئیسرائیل گومڕابوون، لە سایەی بتەکانیانەوە ئەوانیش گومڕا بوون، تاوانی خۆیان لە ئەستۆی خۆیان دەگرن. لە پیرۆزگاکەم دەبن بە خزمەتکار و بە پاسەوانی دەروازەکانی پەرستگا و خزمەتکارانی پەرستگا. ئەوان قوربانی سووتاندن و قوربانی سەربڕاو بۆ گەل سەردەبڕن و ئەوان لەبەردەمیان ڕادەوەستن بۆ ئەوەی خزمەتیان بکەن. بەڵام لەبەر ئەوەی لەبەردەم بتەکانیان خزمەتی گەلیان کرد و بوون بە کۆسپی تاوانکاری بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل، لەبەر ئەوە سوێندم خواردووە کە تاوانی خۆیان لە ئەستۆی خۆیان دەبێت. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. لە من نزیک نابنەوە بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن و لە هیچ یەکێک لە شتە پیرۆزکراوەکانم یان پێشکەشکراوە هەرەپیرۆزەکانم نزیک نابنەوە، بەڵکو دەبێت شەرمەزاری نەریتە قێزەونەکانیان هەڵبگرن. لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسیاریێتی پارێزگاری پەرستگا بۆ هەموو خزمەتێک و بۆ هەموو ئەوەی تێیدا دەکرێت دەدەم بە ئەوان.
«”بەڵام کاهینە لێڤییەکانی نەوەی سادۆق، ئەوانەی بە دڵسۆزییەوە ئەرکی پارێزگاری پیرۆزگاکەی منیان لە ئەستۆ گرت، کاتێک نەوەی ئیسرائیل لە من گومڕابوون، ئەوان لە من نزیک دەبنەوە بۆ خزمەتکردنم و لەبەردەمم ڕادەوەستن هەتا پیو و خوێن بۆ من بکەن بە قوربانی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. ئەوانە دێنە ناو پیرۆزگاکەم و لە مێزەکەم نزیک دەکەونەوە بۆ ئەوەی خزمەتم بکەن و پارێزگاری لە نەریتەکەم بکەن.
«”کاتێک دێنە ناو دەروازەکانی حەوشەکەی ناوەوە، جلی کەتان لەبەر دەکەن، لە کاتی خزمەتکردن لە دەروازەکانی حەوشەکەی ناوەوە لەناو پەرستگاکە نابێت جلی خورییان لەبەردا بێت. با مێزەری کەتان بەسەریانەوە بێت و دەرپێی کەتان لەبەر بکەن، شتێک بە ناوقەدیانەوە نەبەستن کە ئارەقەی پێ بکەن. کاتێک دەچن بۆ لای گەل لە خانەکانی دەرەوە، جلی خزمەتکردن دادەکەنن و لە ژوورە تەرخانکراوەکان دایدەنێن، ئینجا جلی دیکە لەبەر دەکەن نەوەک گەل دەستیان بەر جلە تەرخانکراوەکانیان بکەوێت.
«”پرچی سەریان نە بە موس دەتاشن و نە دەیهێڵنەوە، بەڵکو بە ڕێکوپێکی کورتی دەکەنەوە. کاهین کە چووە ناو حەوشەکەی ناوەوە نابێت شەراب بخواتەوە. نابێت بێوەژن و ژنی تەڵاقدراو بهێنن، بەڵکو دەبێت کچی پاکیزە لە نەوەی ئیسرائیل یان بێوەژنی کاهینێک بهێنن. جیاوازی نێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو، گڵاو و پاک بە گەلەکەم پیشان دەدەن و فێریان دەکەن.
«”لە ناکۆکیدا ئەوان دەبن بە ناوبژیوان و بەپێی حوکمەکانم حوکم دەدەن، لە جەژنەکان فێرکردن و فەرزەکانم بەجێدەهێنن، هەروەها شەممەکانم پیرۆز ڕادەگرن.
«”کاهین لە مرۆڤی مردوو نزیک نابێتەوە نەوەک گڵاو بێت. بەڵام ئەگەر مردووەکە باوک یان دایک یان کوڕ یان کچ یان براکەی بێت، یان خوشکەکەی کە شووی نەکردبێت، ئەوا دەتوانێت خۆی گڵاو بکات. پاش پاکبوونەوەی حەوت ڕۆژی بۆ دەژمێرن. لە ڕۆژی چوونە ناو پیرۆزگاوە بۆ ناو حەوشەکەی ناوەوە، بۆ ئەوەی لە پیرۆزگا خزمەت بکات، قوربانییەکەی گوناهی پێشکەش دەکات. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«”هیچ میراتێک بۆ کاهین نابێت بێجگە لە من، لە ئیسرائیل هیچ موڵکیان نادەنێ، من موڵکی ئەوان دەبم. پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان و هەموو ئەوەی لە ئیسرائیلدا کە بۆ یەزدان تەرخانکراوە44:29 لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان. بۆ ئەوانە. لە هەموو یەکەمین بەرهەم و پیتاکە پیرۆزەکان، باشترینیان بۆ کاهین دەبن. هەروەها یەکەم هەویرتان بە کاهینەکان دەدەن، بۆ ئەوەی بەرەکەت بکەوێتە ماڵتان. کاهینەکان نە گۆشتی ئاژەڵی مردارەوەبوو و نە گۆشتی نێچیر دەخۆن، نە باڵندە و نە ئاژەڵ.
نوێکردنەوەی ماف و ڕێوەڕەسم
«”کاتێک خاکەکە وەک میرات دابەش دەکەن، پارچەیەک لە خاکەکە زەوییەکی تەرخانکراو دەبێت و پێشکەش بە یەزدانی دەکەن، درێژی بیست و پێنج هەزار باڵ45:1 بیست و پێنج هەزار باڵ: نزیکەی 12 کیلۆمەتر، لێرە و لە ئایەتی 3، 5، 6، 20، 21. و پانی بیست هەزار باڵ دەبێت. هەموو سنووری چواردەوری تەرخان دەکرێت. لەمە پارچەیەکی چوار گۆشە بۆ پیرۆزگا دەبێت، پێنج سەد باڵ بە پێنج سەد باڵ و پەنجا باڵیش لە چواردەوری زەوییەکی کراوە دەبێت. لەم پێوانەیە بە درێژی بیست و پێنج هەزار باڵ و پانی دە هەزار باڵ دەپێویت،45:3 دە هەزار باڵ: نزیکەی 5 کیلۆمەتر، لێرە و لە ئایەتی 5، 9، 10، 13، 18. پیرۆزگاکە و شوێنە هەرەپیرۆزەکەشی لەناویدا دەبێت. بەشە تەرخانکراوەکەی خاکەکە بۆ کاهینەکان دەبێت کە خزمەتی پیرۆزگا دەکەن، ئەوانەی نزیک دەبنەوە بۆ پەرستنی یەزدان، هەروەها شوێنی تێدا دەبێت بۆ ماڵەکانیان و شوێنی تایبەتیش بۆ پەرستگا. بیست و پێنج هەزار باڵیش بە درێژی و دە هەزار باڵ بە پانی بۆ لێڤییەکان کە خزمەتی پەرستگا دەکەن، وەک شارۆچکە بۆ نیشتەجێبوونیان دەبێتە موڵک.
«”بە شارەکەش پارچەیەک زەوی دەدەن وەک موڵکی خۆی، پێنج هەزار باڵ45:6 پێنج هەزار باڵ: نزیکەی 4،2 کیلۆمەتر، لێرە و لە [48:15]. پانی و بیست و پێنج هەزار باڵ درێژی دەبێت بە تەریبی بەشە تەرخانکراوەکە، جا بۆ هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل دەبێت.
«”بەشە زەوی میریش لەلای ڕۆژهەڵات و لەلای ڕۆژئاوا بە تەریبی بەشە تەرخانکراوەکە و موڵکی شارەکە دەبێت. لە سنووری ڕۆژهەڵاتی بەشە تەرخانکراو و موڵکی شارەکەوە درێژ دەبێتەوە بۆ دەریای مردوو، هەروەها لە سنووری ڕۆژئاوای بەشە تەرخانکراو و موڵکی شارەکەشەوە درێژ دەبێتەوە بۆ دەریای سپی ناوەڕاست. ئەم بەشە زەوییە لە خاکی ئیسرائیلدا بۆ میر دەبێت بە موڵک، لەمەودوا میرەکانم ستەم لە گەلەکەم ناکەن و بەگوێرەی هۆزەکانیان زەوییەکە بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەدەن.
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی میرانی ئیسرائیل ئیتر بەسە! تاڵانی و توندوتیژی لەنێو خۆتان مەهێڵن و دادوەری و ڕاستودروستی جێبەجێ بکەن. واز بهێنن لە ستەمکردن لە گەلەکەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. تەرازووی تەواو و ئێفەی45:10 یەک ئێفە پێوانەی وشکە نزیکەی بیست و دوو لیترە. تەواو و بەتی45:10 یەک بەت پێوانەی شلەمەنییە نزیکەی بیست و دوو لیترە. تەواویان بۆ بەکاربهێنن. ئێفە و بەت یەک ئەندازەیان هەبێت، با بەت دەیەکی حۆمەر و ئێفە دەیەکی حۆمەر بێت. ئەندازەیان بەپێی حۆمەر دەبێت. شاقلیش بیست جیرە دەبێت، شەست شاقل دەکاتە یەک مەنا، لەلای ئێوە وا دەبێت.
دیارییە پێشکەشکراو و ڕۆژە تەرخانکراوەکان
«”لەسەر ئەم بنچینەیەش دیارییە تایبەتییەکانتان پێشکەش دەکەن: یەک لە شەستی دروێنەی گەنم و جۆیەکەت، فەرزی زەیتی زەیتوونیش لە سەدا یەکی بەرهەمی دار زەیتوونەکانتان دەدەن. بەگوێرەی بەت بیانپێوە: دە بەت حۆمەرێکە، یەک حۆمەریش دەکاتە یەک کۆر. هەروەها لە هەر مێگەلێکی دوو سەد سەر مەڕی لە لەوەڕگا باشەکانی ئیسرائیل مەڕێک دەبەن، دەیانکەنە پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی بۆ کەفارەت بۆ گەل. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. ئەمە دیاری تایبەتە بە میری فەرمانڕەوای ئیسرائیل، کە لەسەر هەموو گەلی خاکەکە فەرز دەبێت. لە سەرەمانگ و ڕۆژانی شەممە و هەموو جەژنەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل دەبێت میر قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب دابین بکات، هەر ئەویش قوربانی گوناه و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی دابین دەکات، هەموو ئەمانەش بۆ کەفارەتکردنە بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لە مانگی یەک، لە یەکی مانگدا، جوانەگایەکی ساغ دەبەیت و پیرۆزگا پاک دەکەیتەوە. کاهین لە خوێنی قوربانی گوناهەکە دەبات و لە چوارچێوەی دەروازەی پیرۆزگا و لە هەر چوار گۆشەکەی لێواری سەرەوەی قوربانگا و لە چوارچێوەی دەروازەکانی حەوشەکەی ناوەوەی دەدات. هەروەها لە حەوتی مانگیشدا بە هەمان شێوە دەکەیت بۆ هەرکەسێک کە بەبێ ئەنقەست یان بە نەزانی گوناهی کرد، بەم جۆرە کەفارەت بۆ پەرستگاکە دەکەن.
«”لە چواردەی مانگی یەکدا، ئەمە ڕۆژی پەسخەیە45:21 پەسخە: عیبری پەسەح، واتا تێپەڕبوون یاخود لێخۆشبوون.، بۆ ئێوە دەبێت بە جەژن، حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن. لەو ڕۆژەدا میر بۆ خۆی و بۆ هەموو گەلی خاکەکە جوانەگایەک دەکات بە قوربانی گوناه. هەروەها میر لە حەوت ڕۆژەکەی جەژنیشدا قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان دەکات، حەوت جوانەگا و حەوت بەرانی ساغ هەموو ڕۆژێکی ئەو حەوت ڕۆژە، هەر ڕۆژەش گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناهە. پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەش یەک ئێفە بۆ هەر جوانەگایەک و یەک ئێفە بۆ هەر بەرانێک و بۆ هەر ئێفەیەکیش یەک هەین45:24 نزیکەی چوار لیتر. زەیت پێشکەش دەکات.
«”ئەو جەژنەی کە لە پازدەی مانگی حەوتدا دەستپێدەکات، حەوت ڕۆژ دەبێت، هەروەها بە هەمان شێوە میر هەڵدەستێت بە دابینکردنی قوربانی گوناه، قوربانی سووتاندن، پێشکەشکراوی دانەوێڵە و زەیت.
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دەروازەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات لە حەوشەکەی ناوەوە شەش ڕۆژی کارکردن داخراو دەبێت، تەنها لە ڕۆژی شەممە و لە سەرەمانگ دەکرێتەوە. میر لە ڕێگای هەیوانی دەروازەکە لە دەرەوە دێتە ژوورەوە و لەلای نیرگەی دەروازەکە دەوەستێت و کاهینەکان قوربانی سووتاندنەکە و قوربانییەکانی هاوبەشی دەکەن، ئەویش لەلای بەردەرگاکە کڕنۆش دەبات و پاشان دەچێتە دەرەوە، بەڵام دەروازەکە هەتا ئێوارە داناخرێت. گەلی خاکەکەش لە ڕۆژانی شەممە و لە سەرەمانگەکان لەبەر دەرکی ئەم دەروازەیە لەبەردەم یەزدان کڕنۆش دەبەن. ئەو قوربانی سووتاندنەی میر بۆ یەزدانی پێشکەش دەکات لە ڕۆژی شەممەدا شەش بەرخی نێری ساغ و بەرانێکی ساغە، پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەشی یەک ئێفەیە بۆ بەرانەکە و بۆ بەرخەکانیش پێشکەشکراوی دانەوێڵە ئەوەندەی بەخشینی دەستی و یەک هەین زەیتیش بۆ ئێفەیەک. لە سەرەمانگانیشدا، جوانەگایەکی ساغ و شەش بەرخ و بەرانێکی ساغ پێشکەش دەکات. میر پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەش ئێفەیەک بۆ جوانەگاکە دابین دەکات، لەگەڵ ئێفەیەک بۆ بەرانەکە، بۆ بەرخەکانیش بەگوێرەی ئەوەی لە دەستی دێت، بۆ هەر ئێفەیەکیش یەک هەین زەیت دابین دەکات. کاتێک میر دێتە ژوورەوە، لە ڕێگای هەیوانی دەروازەکەوە دێتە ناوەوە، هەروەها لە هەمان ڕێگاشەوە دەچێتە دەرەوە.
«”کاتێک لە جەژنەکان گەلی خاکەکە دێنە ژوورەوە بۆ بەردەم یەزدان، ئەوەی لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە بۆ کڕنۆش بردن دێتە ژوورەوە، لە ڕێگای دەروازەی باشوورەوە دەچێتە دەرەوە؛ ئەوەی لە ڕێگای دەروازەی باشوورەوە دێتە ژوورەوە لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە دەچێتە دەرەوە. کەس بەو ڕێگایەدا ناگەڕێتەوە کە پێدا هاتە ژوورەوە، بەڵکو لە ڕێگاکەی بەرامبەرییەوە دەچێتە دەرەوە. گەل بە یاوەری میر دێنە ژوورەوە و هەروەها دەچنە دەرەوە. لە جەژن و جەژنە دیاریکراوەکان پێشکەشکراوی دانەوێڵە ئێفەیەک بۆ جوانەگا و ئێفەیەک بۆ بەران دەبێت، بۆ بەرخەکانیش هەرکەسێک بەگوێرەی توانای خۆی و بۆ هەر ئێفەیەکیش یەک هەین زەیت.
«”ئەگەر میر بە خواستی خۆی لە پێناوی خودا بەخشینێکی ئازادی دا، قوربانی سووتاندن یان قوربانی هاوبەشی بێت، ئەوا ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە بۆی دەکرێتەوە. وەک ئەوەی لە ڕۆژانی شەممەدا دەیکات، میر قوربانی سووتاندنەکەی یان قوربانییە هاوبەشییەکانی دەکات، پاشان دەچێتە دەرەوە و لەدوای چوونەدەرەوەکەی دەروازەکە دادەخرێت.
«”هەموو ڕۆژێک سەر لە بەیانی بەرخێکی یەک ساڵەی ساغ دەکەیتە قوربانی سووتاندن. هەموو بەیانییەک لەگەڵ بەرخەکە پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بۆ دەکەیت، شەش یەکی ئێفەیەک و زەیتەکەشی سێ یەکی هەینێک بۆ تەڕکردنی ئاردە سفرەکە، قوربانی خۆراکە بۆ یەزدان، فەرزێکی هەتاهەتایی بەردەوامە. هەموو بەیانییەک بە بەردەوامی بەرخەکە و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکە و زەیتەکە دەکەنە قوربانی سووتاندن.
«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەگەر میر دیارییەکی دایە یەکێک لە کوڕەکانی، ئەوا وەک میرات بۆ نەوەکانی دەمێنێتەوە، موڵکی خۆیانە بە میرات. بەڵام ئەگەر دیارییەکی دایە یەکێک لە کۆیلەکانی خۆی، ئەوا هەتا ساڵی ئازادکردنی بۆ کۆیلەکەی دەبێت، پاشان بۆ میرەکە دەگەڕێتەوە، بەڵام میراتەکەی خۆی تەنها بۆ کوڕەکانی دەبێت. میر لە میراتی گەل نابات، بەوەی لە موڵکی خۆیان دەریانبکات. لە موڵکی خۆی میرات بە کوڕەکانی دەدات، بۆ ئەوەی گەلەکەم کەس لە موڵکی خۆی بێبەش نەبێت.“»
ئینجا لەو دەرگایەی لەتەنیشت دەروازەکە بوو منی هێنایە ئەو ژوورە تەرخانکراوانەی ڕووەو باکوور کە هی کاهینەکان بوون. شوێنێکی نیشاندام لە کۆتایی ڕۆژئاوای ژوورەکان. پێی فەرمووم: «ئەمە ئەو شوێنەیە کە کاهینەکان تێیدا قوربانی تاوان و قوربانی گوناه دەکوڵێنن و لێرە پێشکەشکراوی دانەوێڵە دەکەن بە نان، نەوەک بیبەنە خانەکانی دەرەوە و گەل پیرۆز بکەن.»
ئینجا بردمییە خانەکانی دەرەوە و بەسەر هەر چوار گۆشەکەی حەوشەکەدا و بینیم لە هەر گۆشەیەک چێشتخانەیەک هەبوو. لە هەر چوار گۆشەکەی خانەکانی دەرەوە چێشتخانە هەبوون، هەر یەکێکیان درێژییەکەی چل باڵ و پانییەکەی سی باڵ بوو. هەر چوار چێشتخانەکە لە ئەندازەدا یەکسان بوون. بە چواردەوری هەر چێشتخانەیەکدا لێوارێکی بەردینی هەبوو، لە دامێنی لێوارەکەش ئاگردان بوو. پێی فەرمووم: «ئەمانە چێشتخانەن کە خزمەتکارەکانی پەرستگا قوربانییەکانی گەلی تێدا لێدەنێن.»
ڕووبارێک لە پەرستگاوە دەچێتە دەرەوە
پاشان پیاوەکە منی هێنایەوە شوێنی هاتنە ژوورەوە بۆ پەرستگاکە و بینیم ئاو لەژێر سەکۆی دەروازەی پەرستگاکەوە هەڵدەقوڵێت و بەرەو ڕۆژهەڵات دەڕوات، چونکە پەرستگاکە ڕووەو ڕۆژهەڵات بوو. ئاوەکان لەژێر لای ڕاستی پەرستگاکە لە باشووری قوربانگاکە بەرەو خوار دەڕۆیشتن. ئینجا لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە منی بردە دەرەوە، لە دەرەوە منی بە ڕێگاکەدا سووڕاندەوە هەتا دەروازەکەی دەرەوە لەو ڕێگایەی ڕووی بەرەو ڕۆژهەڵاتە و ئەوەتا ئاو بەلای باشووردا دەڕوات.
کاتێک پیاوەکە بەرەو ڕۆژهەڵات چووە دەرەوە گوریسێکی پێوانەشی بە دەستەوە بوو و هەزار باڵی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکەش هەتا هەردوو قولەپێ بوو. دووبارە هەزار باڵی دیکەی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکە تاکو هەردوو ئەژنۆ بوو. پاشان هەزاری دیکەی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکە هەتا ناوقەد بوو. بە هەمان شێوە هەزاری دیکەی پێوا و بینیم ڕووبارێکە کە نەمتوانی بپەڕمەوە، چونکە ئاوەکە هەستابوو. ئاوی مەلەکردن بوو، ڕووبارێک بوو کە بواری پەڕینەوەی لێ نەبوو. لێی پرسیم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت؟»
ئینجا بردمی و منی هێنایەوە کەناری ڕووبارەکە. کە گەڕامەوە ئەوەتا لە کەناری ڕووبارەکە لێرە و لەوێ داری زۆری لێ بوون. پێی فەرمووم: «ئەم ئاوە دەردەچێت بەرەو هەرێمی ڕۆژهەڵات و دادەبەزێت بۆ عەراڤا47:8 شیوێک بوو لە دەریاچەی جەلیلەوە هەتا دەریای مردوو. و ئینجا دەچێت بۆ دەریای مردوو. کە دێتە ناو دەریاکە، ئاوی دەریای مردوو سازگار دەکات. بۆ هەرکوێ ڕووبارەکە بچێت، کۆمەڵی زیندەوەران لەوێ دەژین و ماسیش زۆر زۆر دەبێت، چونکە ئەم ئاوە دەڕژێتە ناو ئاوە سوێرەکان و سازگاریان دەکات و هەموو ئەوەی ڕووبارەکەی بۆ بێت دەژیێت. لە کانی گەدی هەتا کانی عەگلەیم ماسیگرەکان لەسەر کەنارەکانی ڕادەوەستن و چەند شوێنێک دەبێت بۆ تۆڕ هەڵدان، ماسییەکانی جۆراوجۆر دەبن وەک ماسییەکانی دەریای سپی ناوەڕاست47:10 دەریای سپی ناوەڕاست: عیبری دەریای مەزن، لێرە و لە ئایەتی 15و 19و 20. جۆرەکانی زۆر زۆر دەبێت. بەڵام گۆم و زۆنگاوەکانی سازگار نابن، بە سوێری دەمێننەوە بۆ خوێگرتن. لەسەر کەناری ڕووبارەکە لێرە و لەوێ هەموو دارێکی میوە دەڕوێت کە بەرەکانیان دەخورێت و گەڵاکانی وشک نابن و بەری لێ نابڕێت، بەڵکو هەموو مانگێک بەری تازە دەگرێت، چونکە ئاوەکەی لە پیرۆزگاوە دەردەچێت و بەرەکەی بۆ خواردن و گەڵاکانی بۆ دەرمان دەبن.»
سنوورەکانی خاکەکە
یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «بەپێی ئەم سنوورە خاکەکە وەک میرات دابەش دەکەن بەسەر دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل، یوسفیش دوو بەشی بەردەکەوێت، بۆتان دەبێت بە میرات، هەریەکە بەقەد براکەی، سوێندم خوارد بیدەمە باوباپیرانی ئێوە و ئەم خاکە دەبێتە میراتتان.
«ئەمە سنووری خاکەکەیە:
«لەلای باکوور لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە، لە ڕێگای حەتلۆن دەروازەی حەمات تێ دەپەڕێت هەتا دەگاتە چەداد و بێرۆتا و سیڤرەیم کە لەنێوان سنووری دیمەشق و سنووری حەماتە و حەچەر هەتیخۆن کە لەسەر سنووری حەورانە. سنووریش لە دەریاوە هەتا حەچەر عێینان درێژ دەبێتەوە، بە باکووری شاری دیمەشقدا دەڕوات هەتا باشووری هەرێمی حەمات. ئەمە شێوەی سنووری باکوور دەبێت.
لای ڕۆژهەڵاتیش لە دیمەشقەوە هەتا حەوران دەپێون، پاشان کەناری ڕووباری ئوردون کە لەنێوان گلعاد و خاکی ئیسرائیلە، هەروەها دەریای مردوو هەتا تامار. ئەمە لای ڕۆژهەڵاتە.
لای باشووریش، سنوورەکە لە تامارەوە هەتا مێرگی مەریبای قادێش دەڕوات، پاشان بە درێژایی دۆڵی میسر هەتا دەریای سپی ناوەڕاست، ئەمەش لای باشوورە.
لای ڕۆژئاواش، دەریای سپی ناوەڕاست لە سنوورەکەوە هەتا بەرامبەر دەروازەی حەمات، ئەمەش لای ڕۆژئاوایە.
«ئەم زەویانە بەپێی هۆزەکانی ئیسرائیل بۆ خۆتان بەش دەکەن. بە تیروپشک میراتەکە دابەش دەکەن بۆ خۆتان و بۆ ئەو نامۆیانەشی لەنێوتان نیشتەجێ بوون کە لەنێوتان منداڵیان دەبێت، لەناو نەوەی ئیسرائیل وەک هاوڵاتی هەژمارد دەکرێن، لەناو هۆزەکانی ئیسرائیل میراتتان لەگەڵ بەش دەکەن. نامۆکە لە سنووری هەر هۆزێک نیشتەجێ دەبێت، لەوێش میراتی دەدەنێ.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
دابەشکردنی خاکەکە
«ئەمانەش هۆزەکانن، کە بەم شێوە بەپێی ناوەکانیان ڕێکخران:
«لەلای سنووری باکوور، یەک بەش بۆ دان دەبێت، بەلای ڕێگای حەتلۆن هەتا دەروازەی حەمات؛ حەچەر عێینان و سنووری باکووری دیمەشق بەلای حەمات بەشێک لە سنووری دان دەبن، لەلای ڕۆژهەڵاتەوە بۆ لای ڕۆژئاوا.
لەسەر سنووری دان، لەلای ڕۆژهەڵاتەوە بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ ئاشێر بەشێک دەبێت.
لەسەر سنووری ئاشێر، لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ نەفتالی بەشێک دەبێت.
لەسەر سنووری نەفتالی، لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ مەنەشە بەشێک دەبێت.
لەسەر سنووری مەنەشە، لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ ئەفرایم بەشێک دەبێت.
لەسەر سنووری ئەفرایم لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ ڕەئوبێن بەشێک دەبێت.
لەسەر سنووری ڕەئوبێن لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ یەهودا بەشێک دەبێت.
«لەسەر سنووری یەهودا لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا ئەو دیارییە تایبەت دەبێت کە پێشکەشی دەکەن، بیست و پێنج هەزار باڵ48:8 بیست و پێنج هەزار باڵ: نزیکەی 12 کیلۆمەتر، لێرە و لە ئایەتی 9، 10، 13، 15، 20، 21. بە پانی و درێژییەکەشی وەک یەکێک لە بەشی هۆزەکان لەلای ڕۆژهەڵاتەوە بۆ لای ڕۆژئاوا، پیرۆزگاش لە ناوەڕاستی دەبێت.
«ئەو بەشەش کە بۆ یەزدانی تەرخان دەکەن، بیست و پێنج هەزار باڵ درێژی و دە هەزار48:9 دە هەزاریش: نزیکەی 5 کیلۆمەتر، لێرە و لە ئایەتی 10، 13، 18. باڵیش پانی دەبێت. ئەمە دەبێتە بەشی تەرخانکراوی کاهینەکان: لەلای باکوورەوە بیست و پێنج هەزار باڵ بە درێژی و لەلای ڕۆژئاواشەوە دە هەزار باڵ بە پانی و لای ڕۆژهەڵاتیش دە هەزار باڵ بە پانی و لەلای باشووریش بیست و پێنج هەزار باڵ بە درێژی دەبێت، پیرۆزگای یەزدانیش لە ناوەڕاستیدا دەبێت. ئەم بەشە بۆ کاهینە تەرخانکراوەکان لە نەوەی سادۆق دەبێت، بۆ ئەوانەی ئەرکەکانی منیان بەجێهێنا، ئەوانەی گومڕا نەبوون کاتێک نەوەی ئیسرائیل گومڕا بوون هەروەک چۆن لێڤییەکان گومڕا بوون. ئەمە بۆیان دەبێت بە دیارییەکی تایبەت لە بەشە تەرخانکراوی زەوییەکە، بەشێکی زۆر پیرۆز لەتەنیشت سنووری لێڤییەکان.
«بەشە زەوی لێڤییەکانیش بە تەریبی سنووری زەوی کاهینەکان دەبێت، بیست و پێنج هەزار باڵ بە درێژی و دە هەزاریش بە پانی، هەموو درێژییەکەی بیست و پێنج هەزار باڵ و پانییەکەشی دە هەزار باڵ دەبێت. نە لێی دەفرۆشن و نە دەیگۆڕن و نە یەکەم بەری زەوییەکە بە کەسی دیکە دەدەن، چونکە تەرخانکراوە بۆ یەزدان.
«ئەو زەوییەی ماوەتەوە کە پانییەکەی پێنج هەزار باڵ و درێژییەکەی بیست و پێنج هەزار باڵە بۆ هەموو دانیشتووانی شارەکە دەبێت بۆ نیشتەجێبوون و لەوەڕگا، شارەکەش لە ناوەڕاستیدا دەبێت. ئەمەش پێوانەکانییەتی، لای باکوور چوار هەزار و پێنج سەد48:16 چوار هەزار و پێنج سەد: نزیکەی 2،2 کیلۆمەتر، لێرە و لە ئایەتی 16، 30، 32، 33، 34. باڵ و لای باشوور چوار هەزار و پێنج سەد باڵ و لای ڕۆژهەڵات چوار هەزار و پێنج سەد باڵ و لای ڕۆژئاوا چوار هەزار و پێنج سەد باڵ. بۆ شارەکەش لەوەڕگا دەبێت بەرەو باکوور دوو سەد و پەنجا باڵ48:17 دوو سەد و پەنجا باڵ: نزیکەی 120 مەتر.، بەرەو باشوور دوو سەد و پەنجا، بەرەو ڕۆژهەڵات دوو سەد و پەنجا، بەرەو ڕۆژئاوا دوو سەد و پەنجا باڵ. ئەوەی لە درێژییەکە دەمێنێتەوە تەریب بە بەشە تەرخانکراوەکە، دە هەزار باڵ ڕووەو ڕۆژهەڵات و دە هەزار باڵ ڕووەو ڕۆژئاوا، بەروبوومەکەی دەبێت بە خواردن بۆ کرێکارانی شارەکە. کرێکارەکانی شارەکەش کە لە زەوییەکە کار دەکەن، لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل دەبن. هەموو بەشەکە چوارگۆشەیی دەبێت، ئەندازەی هەر لایەکی بیست و پێنج هەزار باڵە. بەشە تەرخانکراوەکە لەگەڵ موڵکی شارەکە تەرخان دەکەن.
«ئەوەی دەمێنێتەوە لەم لا و لەو لای بەشە تەرخانکراوەکە و موڵکی شارەکەش بۆ میر دەبێت. سنووری زەوی میرەکە بەرەو ڕۆژهەڵات لە بیست و پێنج هەزار باڵەکەی بەشە تەرخانکراوەکەوە هەتا سنووری ڕۆژهەڵات دەبێت، بەرەو ڕۆژئاواش لە بیست و پێنج هەزار باڵەکەوە هەتا دەریای سپی ناوەڕاست. هەردوو ناوچەکەی تەریب بە بەشی هۆزەکان موڵکی میر دەبن، بەشە تەرخانکراوەکەش لەگەڵ پیرۆزگای پەرستگاکەش لە ناوەڕاستیان دەبێت. ئیتر موڵکی لێڤییەکان و موڵکی شارەکەش لە ناوەڕاستی بەشی میرەکە دەبن. بەشی میرەکە لەنێوان سنووری یەهودا و سنووری بنیامین دەبێت.
«سەبارەت بە ئەو هۆزانەش کە ماونەتەوە:
«لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ بنیامین بەشێک دەبێت:
لەسەر سنووری بنیامین لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ شیمۆن بەشێک دەبێت.
لەسەر سنووری شیمۆن لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ یەساخار بەشێک دەبێت.
لەسەر سنووری یەساخار لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ زەبولون بەشێک دەبێت.
لەسەر سنووری زەبولون لەلای ڕۆژهەڵات بۆ لای ڕۆژئاوا بۆ گاد بەشێک دەبێت.
سنووری گاد لەلای باشوور بەرەو باشوور دەبێت، سنوورەکەش لە تامارەوە بۆ مێرگی مەریبای قادێش، لە دۆڵی میسرەوە هەتا دەریای سپی ناوەڕاست48:28 دەریای سپی ناوەڕاست: عیبری دەریای مەزن..
«ئەمە ئەو خاکەیە کە بە میرات بەسەر هۆزەکانی ئیسرائیلدا دابەشی دەکەن و ئەمەش بەشەکانیان دەبێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
دەروازەکانی شارە نوێیەکە
«ئەمانەش دەروازەی چوونە دەرەوەن بۆ شارەکە:
«ئەندازەی لایەکی شارەکە ڕووەو باکوور چوار هەزار و پێنج سەد باڵە، دەروازەکانی شارەکەش بە ناوی هۆزەکانی ئیسرائیلەوە دەبن، سێ دەروازە ڕووەو باکوور، دەروازەی ڕەئوبێن و دەروازەی یەهودا و دەروازەی لێڤی.
لەلای ڕۆژهەڵاتیش کە چوار هەزار و پێنج سەد باڵە، سێ دەروازە دەبێت: دەروازەی یوسف، دەروازەی بنیامین و دەروازەی دان.
لای باشووریش کە چوار هەزار و پێنج سەد باڵە، سێ دەروازە دەبێت: دەروازەی شیمۆن، دەروازەی یەساخار و دەروازەی زەبولون.
لای ڕۆژئاواش کە چوار هەزار و پێنج سەد باڵە، سێ دەروازە دەبێت: دەروازەی گاد، دەروازەی ئاشێر و دەروازەی نەفتالی.
«چێوەکەش هەژدە هەزار باڵ دەبێت.
«ناوی شارەکەش لەو ڕۆژەوە دەبێتە: یەزدان لەوێیە.»