- Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version
دووەم سالۆنیکی
دووەم نامەی پۆڵس بۆ کڵێسای سالۆنیکی
دووەم سالۆنیکی
دووەم سالۆنیکی
دووەم نامەی پۆڵس بۆ کڵێسای سالۆنیکی
لە پۆڵس و سیلا1:1 یۆنانی: سیلوانۆس. و تیمۆساوسەوە،
بۆ کڵێسای سالۆنیکییەکان کە لەگەڵ خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆدا بوونەتە یەک1:1 بوونەتە یەک لە زمانی یۆنانیدا (لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆدا) بەکارهاتووە.:
با نیعمەت1:2 نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت. و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
سوپاس و نوێژکردن
خوشکان، برایان، دەبێت هەردەم لەبەر ئێوە سوپاسی خودا بکەین، وەک شایستەیە، چونکە باوەڕتان زۆر گەشە دەکات و خۆشەویستی هەر یەکێکتان و هەمووان بۆ یەکتری زیاد دەکات، بۆیە ئێمە خۆمان لە کڵێساکانی خودا شانازیتان پێوە دەکەین، بەهۆی دانبەخۆداگرتن و باوەڕتان لەو هەموو چەوسانەوە و ناخۆشییانەی کە بەرگەی دەگرن.
ئەمە بەڵگەیە کە حوکمی خودا دادپەروەرانەیە، تاکو شیاوی شانشینی خودا بن، ئەوەی کە لە پێناویدا ئازار دەچێژن. لەبەر ئەوەی خودا دادپەروەرە، ئەوانەی تەنگتان پێ هەڵدەچنن بە تەنگانە سزایان دەداتەوە، هەروەها ئێوە کە لە تەنگانەن، لەگەڵ ئێمە حەسانەوەتان دەبێت. ئەوە کاتێک ڕوودەدات کە عیسای خاوەن شکۆ لە ئاسمان لەگەڵ فریشتە بە تواناکانیدا لە گڕی ئاگردا دەردەکەوێت. سزای ئەوانە دەدات کە خودا ناناسن و گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیلی عیسای خاوەن شکۆمان نابن، ئەوانە بە لەناوچوونی هەتاهەتایی سزا دەدرێن، دوور لە ئامادەبوونی مەسیح و شکۆی تواناکەی، کاتێک لەو ڕۆژەدا دێتەوە، تاکو لەلایەن گەلە پیرۆزەکەیەوە ستایش بکرێت1:10 بڕوانە [زەبوورەکان 89:7]. و ببێتە جێی سەرسامی لەنێو هەموو ئەوانەی باوەڕیان هێناوە، چونکە لەلای ئێوە شایەتییەکەمان باوەڕی پێ کرا.
هەردەم نزاتان بۆ دەکەین، تاکو خودامان واتان لێ بکات شایانی بانگەوازەکەی بن، هەموو ئارەزووێک بۆ چاکە و ئەو کردارەی لە باوەڕەوە سەرچاوە دەگرێت بە هێزەوە تەواوی بکات، بۆ ئەوەی ناوی عیسای خاوەن شکۆمان بەهۆی ئێوەوە شکۆدار بێت و ئێوەش بەهۆی ئەوەوە شکۆدار بن، بەگوێرەی نیعمەتی خودامان و عیسای مەسیحی باڵادەست.
مرۆڤی سەرپێچی
ئیتر خوشکان و برایان، دەربارەی هاتنەوەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان و کۆبوونەوەمان لەگەڵیدا، داواتان لێ دەکەین خێرا بیرتان نەهەژێت و نەترسن لەوەی کە دەڵێن ڕۆژی یەزدان هاتووە، بە پشتبەستن بە بینینی ڕۆحی، پەیامی زارەکی، یان بە نامەیەک کە دەڵێن گوایە لە ئێمەوەیە. بە هیچ شێوەیەک کەس هەڵتاننەخەڵەتێنێ، چونکە ئەو ڕۆژە نایەت ئەگەر پێشتر هەڵگەڕانەوە2:3 هەڵگەڕانەوە: پۆڵس بە سروشی خودا (وەحی) دەڵێ بەر لە هاتنی مەسیح لە هەموو جیهاندا هەڵگەڕانەوەیەکی گەورە بەرامبەر خودا دەبێت. نەیەت و مرۆڤی سەرپێچی2:3 مرۆڤی سەرپێچی: ئەم هەڵگەڕانەوەیەی بەر لە هاتنی مەسیح بە سەرپەرشتی کەسێک دەبێت. (بڕوانە [دانیال 7:25]؛ [8:25] و [ئاشکراکردن 13:5].)، واتا کوڕی وێرانبوو2:3 کوڕی وێرانبوو: مەبەستی ئەوەیە کە چارەنووسی ئاگر دەبێت، بڕوانە [یۆحەنا 17:12]. دەرنەکەوێت، ئەوەی بەرهەڵستی دەکات و بەسەر هەموو ئەوەی پێی دەگوترێ خودا یان پەرستراو خۆی بەرز دەکاتەوە، تەنانەت لە پەرستگای خودا دادەنیشێت و بانگەشەی خودایەتی دەکات.
ئایا لە یادتان نییە کە لەلاتان بووم ئەمانەم پێ دەگوتن؟ ئێستاش دەزانن چی بەربەستە، تاکو لە کاتی خۆیدا ئاشکرا بکرێت. ئێستا هێزی سەرپێچی بە نهێنیی کار دەکات، بەڵام تەنها هەتا ئەو کاتەی بەربەست لەسەر ڕێ لادەچێت2:7 ئەو بەربەستانەی لە ئایەتەکانی 1 هەتا 4 باسکراوە خودا لە جیهان لایدەدات.. ئەوسا سەرپێچیکار2:8 بڕوانە [2:3]. ئاشکرا دەکرێت، ئەوەی عیسای خاوەن شکۆ بە هەناسەی دەمی لەناوی دەبات و بە دەرکەوتنی هاتنەوەی کۆتایی پێ دەهێنێت. هاتنەوەی سەرپێچیکار پەیوەستە بە کارەکانی شەیتانەوە. ئەو هەموو جۆرە پەرجوو و نیشانە و کارێکی سەرسوڕهێنەری درۆیین بەکاردەهێنێت، هەروەها بۆ چەواشەکردنی لەناوچووان هەموو بەدکارییەک بەکاردەهێنێت، چونکە خۆشەویستی ڕاستییان ڕەتکردەوە، ئەوەی ڕزگاریان دەکات. لەبەر ئەم هۆیە خودا چەواشەی بەهێزیان بۆ دەنێرێت بۆ ئەوەی باوەڕ بە درۆ بکەن، تاکو هەموو ئەوانەی باوەڕ بە ڕاستی ناکەن و حەزیان لە ناڕەواییە، تاوانبار بکرێن.
بەڵام ئەی خوشک و برایانی خۆشەویستی مەسیحی خاوەن شکۆ، ئێمە دەبێت هەردەم لەبەر ئێوە سوپاسی خودا بکەین، چونکە خودا ئێوەی بە یەکەمین بەرهەم هەڵبژاردووە تاکو بەهۆی پیرۆزکردنتان لەلایەن ڕۆحی پیرۆزەوە و باوەڕتان بە ڕاستییەکە، ڕزگارتان بێت. بۆ ئەمەش خودا لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەکەی ئێمەوە بانگی کردن، بۆ دەستکەوتنی شکۆی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.
کەواتە خوشکان و برایان، چەسپاو بن و دەست بگرن بەو نەریتەی لە ئێمەوە فێربوون، چ بە وشە بێت یان بە نامە.
با عیسای مەسیحی پەروەردگارمان خۆی لەگەڵ خودای باوکمان، ئەوەی خۆشیویستین و دڵنەوایی هەتاهەتایی و هیوایەکی باشی بە نیعمەت پێداین، ورەتان بەرز بکاتەوە و لە هەموو کردار و قسەیەکی چاک بتانچەسپێنێت.
داوای نوێژکردن
لە کۆتاییدا ئەی خوشکان و برایانم، نوێژمان بۆ بکەن، تاکو پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ بە خێرایی بڵاوبێتەوە و شکۆدار بێت، هەروەک ئەوەی لەلای ئێوە ڕوویدا، هەروەها تاکو لە کەسانی بەد و خراپ ڕزگارمان بکات، چونکە هەمووان باوەڕیان نییە. بەڵام مەسیحی خاوەن شکۆ دڵسۆزە، ئەوەی دەتانچەسپێنێت و لە شەیتان دەتانپارێزێت. بەهۆی مەسیحی خاوەن شکۆوە متمانەمان بە ئێوە هەیە کە ئەوەی ڕامانسپاردوون دەیکەن و بەردەوام دەبن لەسەری. با عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ خۆشەویستی خودا و دانبەخۆداگرتنی خۆی بخاتە دڵتانەوە.
ئاگاداری بۆ تەمبەڵەکان
ئێستاش خوشکان، برایان، بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە ڕاتاندەسپێرین کە لە هەر خوشک یان برایەک دوور بکەونەوە کە بە تەمبەڵی ژیان بەڕێ دەکات و بەگوێرەی ئەو فێرکردنە ناڕوات کە لە ئێمەوە وەریگرتووە. ئێوە خۆتان دەزانن کە دەبێت چۆن لاسایی ئێمە بکەنەوە، چونکە کاتێک لەلاتان بووین تەمبەڵ نەبووین، بەخۆڕایی نانی کەسمان نەخواردووە، بەڵکو شەو و ڕۆژ بە ڕەنج و ماندووبوون کارمان کردووە، تاکو نەبینە بار بۆ کەستان. ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی مافمان3:9 ماف بۆ وەرگرتنی یارمەتی وەک خزمەتکارێک. نییە، بەڵکو بۆ ئەوەی خۆمان بکەین بە نموونە بۆ ئێوە تاکو لاساییمان بکەنەوە. تەنانەت کاتێک لەلاتان بووین ئەم ڕاسپاردەیەمان پێدان: «ئەوەی کار نەکات، ناخوات.»
ئێمە بیستوومانە هەندێکتان بە تەمبەڵی دەژین و کار ناکەن و خۆتان لە کاروباری کەسانی دیکەدا هەڵدەقورتێنن. بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە ئامۆژگاری و فەرمان بەو کەسانە دەکەین کە بە هێمنی کار بکەن و نانی خۆیان بخۆن. خوشک و برایان، ئێوەش لە چاکەکاری ماندوو مەبن.
ئەگەر کەسێک گوێڕایەڵی ئەو ڕاسپاردانە نەبوو کە لەم نامەیەدا هاتووە، دیاری بکەن و تێکەڵی مەبن تاکو شەرمەزار بێت. بە دوژمنی دامەنێن، بەڵکو وەک برایەک ئاگاداری بکەنەوە.
سڵاوی کۆتایی
با مەسیحی پەروەردگاری ئاشتی خۆی لە هەموو کات و دۆخێکدا ئاشتیتان بداتێ. با مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ هەمووتان بێت.
من پۆڵسم، ئەم سڵاوە دەستخەتی خۆمە. ئەمەش نیشانەیەکی ڕاستیی هەموو نامەکانی منە، من بەم شێوەیە نامە دەنووسم.
با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵ هەمووتان بێت.