- Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version
دووەم پەترۆس
دووەم نامەی پەترۆس
دووەم پەترۆس
دووەم پەترۆس
دووەم نامەی پەترۆس
لە شیمۆن پەترۆسی بەندە و نێردراوی عیسای مەسیحەوە،
بۆ ئەوانەی لە ڕێگەی ڕاستودروستی خودا و عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمانەوە باوەڕێکی بەهاداری وەک باوەڕی ئێمەیان دەستکەوتووە.
با لە ڕێگەی ناسینی خودا و عیسای خاوەن شکۆمانەوە، نیعمەت1:2 نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت. و ئاشتیتان بۆ زیاد بێت.
هەڵبژاردن و بانگەوازێک بۆ گەشەکردن
هێزە خوداییەکەی مەسیح هەموو ئەو شتانەی پێ بەخشیوین کە بۆ ژیان و لەخواترسی پێویستە، ئەمەش لە ڕێگەی ئەو ناسینەی کە هەمانە بۆ ئەو خودایەی کە بانگی کردین بۆ شکۆ و چاکییەکەی. خودا بەهۆی هەموو ئەمانەوە بەڵێنە بەهادار و گەورەکانی پێداین، تاکو ئێوە بەهۆی ئەم بەڵێنانەوە بتوانن لەو گەندەڵییەی جیهان دەرباز بن کە لە ئارەزووی خراپدایە و بەشدار بن لە سروشتی خودایی.
هەر لەبەر ئەمەش، تێبکۆشن تاکو لە باوەڕتان چاکە بکەوێتەوە، لە چاکەش، زانیاری، لە زانیاریش بەسەرخۆدا زاڵبوون، لە بەسەرخۆدا زاڵبوونیش دانبەخۆداگرتن، لە دانبەخۆداگرتنیش لەخواترسی، لە لەخواترسیش هەست و سۆزی هاوبەش، لە هەست و سۆزی هاوبەشیش خۆشەویستی، چونکە ئەگەر ئەوانەتان تێدابێت و زیاد بکات، واتان لێدەکات بۆ ناسینی عیسای مەسیحی پەروەردگارمان تەمبەڵ و بێ بەرهەم نەبن. بەڵام ئەوەی ئەمانەی نەبێت، ئەوا کوێر و کەمبینە، لە یادی چووە کە گوناهە کۆنەکانی پاک بووەتەوە.
خوشکان، برایان، هەر بۆیە زیاتریش تێبکۆشن بۆ چەسپاندنی هەڵبژاردن و بانگەوازەکەتان، چونکە ئەگەر ئەمانەتان کرد ئەوا هەرگیز ناکەون، هەروەها پێشوازییەکی گەرمتان لێ دەکرێت بۆ چوونە ناو شانشینی هەتاهەتایی عیسای مەسیحی پەروەردگار و ڕزگارکەرمان.
لەبەر ئەوە بەردەوام دەمەوێ ئەم شتانەتان بەبیر بهێنمەوە، هەرچەندە دەیانزانن و لەو ڕاستییەی ئێستادا چەسپاون. باوەڕم وایە هەتا لەم جەستەیەدا بم، ئەرکی خۆمە بەبیرتان بهێنمەوە، چونکە دەزانم بە زوویی ئەم جیهانە بەجێدەهێڵم، هەروەک چۆن عیسای مەسیحی پەروەردگارمان بۆی دەرخستم. هەروەها تێدەکۆشم تاکو دوای دەرچوونم هەردەم ئەم شتانەتان وەبیربێتەوە.1:15 مەبەستی ئەوەیە کە بەر لە کۆچکردنی نووسراو بەجێدەهێڵێت، هەروەها بەگوێرەی دەقەکان مزگێنی بەپێی نووسینی مەرقۆس بە سەرپەرشتی پەترۆس نووسراوە.
شایەتیی نەگۆڕی نێردراوان
کاتێک هاتنی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان و هێزەکەیمان پێ ناساندن، ئێمە بەدوای کۆمەڵە ئەفسانەیەکی زیرەکانەی هەڵبەستراو نەکەوتبووین، بەڵکو شایەتحاڵی پایەبەرزییەتی ئەو بووین. ڕێز و شکۆی لە خودای باوک وەرگرت کاتێک ئەم دەنگەی لە شکۆداری پایەبەرزەوە بۆ هات: «ئەمەیە کوڕی خۆشەویستم، ئەوەی زۆر پێی دڵشادم.»1:17 [مەتا 17:5] و [مەرقۆس 9:7] و [لۆقا 9:35]. ئێمەش گوێمان لەم دەنگە بوو کە لە ئاسمانەوە هات، کاتێک لە شاخی پیرۆز لەگەڵی بووین.
هەروەها پەیامی پێغەمبەرانمان هەیە کە بە تەواوی پشتی پێ دەبەسترێت، چاک دەکەن کە گرنگی پێ بدەن، هەروەک چۆن گرنگی بەو چرایە دەدەن کە لە شوێنێکی تاریکدا دەدرەوشێتەوە هەتا ئەو کاتەی ڕۆژ دەبێتەوە و ئەستێرەی بەیان لە دڵتاندا هەڵدێت. لە سەرووی هەموو شتێکەوە ئەمە بزانن، کە هیچ پێشبینییەک لە نووسراوە پیرۆزەکاندا بە لێکدانەوەی خودی پێغەمبەرەکە نەنووسراوە، چونکە هەرگیز پێشبینی بە خواستی مرۆڤ نەهاتووە، بەڵکو ڕۆحی پیرۆز ڕابەرایەتی مرۆڤەکانی کردووە، بۆ ئەوەی پەیامی خودا ڕابگەیەنن.
مامۆستا درۆزنەکان
بەڵام لەنێو گەلەکەدا پێغەمبەری درۆزن هەبوون، وەک لەنێوان ئێوەشدا مامۆستای درۆزن دەبێت، ئەوانەی بە نهێنی فێرکردنی چەوتی لەناوبەر دەهێننە ناوەوە، تەنانەت نکۆڵی لە مەسیحی باڵادەست دەکەن کە ئەوانی کڕییەوە، لەناوچوونێکی خێرا بەسەر خۆیاندا دەهێنن. زۆر کەسیش بەدوای بەڕەڵاییەکانیان دەکەون، لەبەر ئەوان کفر بە ڕێبازی ڕاستی دەکرێت. ئەو مامۆستایانەی بەهۆی چاوبرسیێتیانەوە، لە ڕێگەی چەند چیرۆکێکی هەڵبەستراوەوە بۆ سوودی خۆیان بەکارتاندەهێنن، تاوانبارکردنیان نزیک بووەتەوە و لەناوچوونیان بەلاوە نەنراوە.
خودا بەزەیی بەو فریشتانەدا نەهاتەوە کە گوناهیان کرد، بەڵکو فڕێیدانە دۆزەخ و لەنێو تاریکیدا بەندی کردن و بۆ ڕۆژی لێپرسینەوە هەڵیگرتن. هەروەها کە بەزەیی بە جیهانی کۆندا نەهاتەوە کاتێک لافاوی هێنایە سەر جیهانی خراپەکاران، بەڵکو نوحی ڕاگەیەنەری ڕاستودروستی لەگەڵ حەوت کەسی دیکە پاراست. کاتێک شارەکانی سەدۆم و عەمۆرای تاوانبار کرد بە تێکدانی تەواو و ئەوانی کردە خۆڵەمێش، کردنییە پەند بۆ داهاتووی خراپەکاران. کاتێک لوتی پیاوچاکی دەرباز کرد کە لە بەڕەڵایی بەدکاران بێزار بوو، چونکە ئەو پیاوچاکە کە لەنێویاندا دەژیا، کردەوە خراپەکانیانی دەبینی و دەبیست، ڕۆژ بە ڕۆژ گیانی ڕاستودروستی ئازار دەدرا. ئەگەر وابێت، یەزدان دەزانێت چۆن لەخواترسان لە تاقیکردنەوە دەرباز بکات و خراپەکاران هەتا ڕۆژی لێپرسینەوە لەژێر سزاداندا بهێڵێتەوە، بە تایبەتی ئەوانەی کەوتوونەتە دوای هەوەسی گڵاوی سروشتی دنیایی، سووکایەتی بە دەسەڵات دەکەن.
چاونەترس و کەللەڕەقن، ناترسن لەوەی بوختان بە فریشتەکان2:10 یۆنانی: شکۆداران. بکەن، هەرچەندە فریشتەکان لەوان بە تواناتر و بەهێزترن، بەڵام لەبەردەم یەزداندا حوکمی بوختانکردنیان بەسەردا نادەن. بەڵام ئەو خراپەکارانە کفر لە شتێک دەکەن کە لێی تێناگەن، ئەوانە وەک ئاژەڵی بەستەزمانن کە لەدایک بوون بۆ ئەوەی ڕاوبکرێن و بکوژرێن، بە گەندەڵی خۆیان لەناودەچن.
کرێی خراپەکارییەکانیان وەردەگرن. وا دادەنێن چێژوەرگرتن لەوەیە کە بە درێژایی ڕۆژ سەڵتەنەت لێبدەن، ئەوانە لەکە و کەموکوڕی ئێوەن، کاتێک بەشداری لە خوانەکانتان دەکەن چێژ لە فێڵەکانیان وەردەگرن. چاویان پڕە لە داوێنپیسی و لە گوناه ناوەستن، دەروونە لەرزۆکەکان هەڵدەخەڵەتێنن، دڵیان بە چاوبرسی ڕاهێنراوە، ئەوانە ڕۆڵەی نەفرەتن. لە ڕێگای ڕاستی لایانداوە و چەواشە کراون، دوای ڕێبازی بەلعامی کوڕی بەعۆر2:15 بڕوانە [سەرژمێری 22:5–24:25]. کەوتن، ئەوەی حەزی لە کرێی خراپەکاری بوو، بەڵام سەرزەنشتی سەرپێچییەکەی وەرگرت، گوێدرێژی بێزمان بە دەنگی مرۆڤانە هاتە دوان و سەرشێتی ئەو پێغەمبەرەی ڕاگرت.
ئەوانە کانی بێ ئاون، هەورن بە گەردەلوول دەبردرێن، ئەوپەڕی تاریکاییان بۆ هەڵگیراوە. چونکە کە بە قسەی گەورە و پووچ دەدوێن، بە ئارەزووەکانی سروشتی دنیایی و بە بەڕەڵایی، ئەوانە هەڵدەخەڵەتێنن کە تازە هەڵاتوون لە دەست ئەو کەسانەی لە گومڕاییدا دەژین. بەڵێنی ئازادییان پێدەدەن، کەچی خۆیان کۆیلەی گەندەڵین، چونکە مرۆڤ کۆیلەی هەر شتێکە بەسەریدا زاڵ بێت. ئەگەر بەهۆی ناسینی ڕزگارکەرمان عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لە گڵاوی جیهان هەڵاتبن، بەڵام دیسان لەو گڵاوییە بئاڵێنەوە و بەسەریاندا زاڵ بێت، ئەو کاتە کۆتاییان لە سەرەتایان خراپتر دەبێت، چونکە باشتر بوو ڕێگای ڕاستودروستییان نەناسیبووایە، لەوەی ناسییان و دوایی لەو ڕاسپاردە پیرۆزەی پێیان درا هەڵگەڕانەوە. ئەو پەندە ڕاستەیان لەسەر دەچەسپێت: ﴿سەگ گەڕایەوە سەر ڕشانەوەکەی،﴾2:22 [پەندەکان 26:11]. هەروەها: «بەرازی شوشتراو گەڕایەوە ناو چڵپاو.»
ڕۆژی یەزدان
خۆشەویستان، ئەمە دووەمین نامەیە بۆتان دەنووسم، تێیاندا بە یادتان دەهێنمەوە تاکو بیری پاکتان بوروژێنم، هەروەها تاکو وتەکانی پێغەمبەرە پیرۆزەکان بێنەوە یادتان، هەروەها ڕاسپاردەی مەسیحی خاوەن شکۆ و ڕزگارکەرمان کە لە ڕێگەی نێردراوانتان دراون.
پێش هەموو شتێک پێویستە ئەوە بزانن کە لە کۆتایی زەمانەدا خەڵکی گاڵتەجاڕ دێن و گاڵتە دەکەن، دوای ئارەزووە خراپەکانیان دەکەون، دەڵێن: «کوانێ بەڵێنی هاتنەوەی؟ لەو کاتەوەی باوباپیرانمان مردوون، لە سەرەتای بەدیهێنانەوە هەموو شتێک وەک خۆیەتی.» بە ئەنقەست ئەوە پشتگوێ دەخەن کە لە کۆنەوە بە فەرمایشتی خودا ئاسمان دروست بووە و زەویش لە ئاو و بە ئاوەوە پەیدابووە. هەروەها بەهۆی ئەم ئاوەشەوە بوو کە جیهانی ئەو کات ژێر ئاو کەوت و لەناوچوو. بەڵام زەوی و ئاسمانی ئێستا بە هەمان فەرمایشت بۆ ئاگر هەڵگیراون، بۆ ڕۆژی لێپرسینەوە و لەناوچوونی خراپەکاران پارێزراون.
بەڵام خۆشەویستان تەنها ئەم شتەتان لەیاد نەچێت، ڕۆژێک لەلای یەزدان وەک هەزار ساڵە و هەزار ساڵیش وەک ڕۆژێکە. یەزدان سەبارەت بە بەڵێنەکەی خاو نییە، وەک هەندێک بە خاوی دەزانن، بەڵام لەگەڵمان پشوو درێژە، نایەوێت کەس لەناوبچێت، بەڵکو دەیەوێت هەمووان بۆ تۆبەکردن بێن.
بەڵام هاتنی ڕۆژی یەزدان وەک هاتنی دز وایە، تێیدا بە دەنگێکی بەرز ئاسمان نامێنێت، بە سووتان توخمەکان لەناودەچن، زەوی و ئەو کارانەی تێیدایە نامێنێت.
کە هەموو ئەو شتانە لەناوبچن، ئیتر پێویستە ئێوە چ جۆرە کەسانێک بن؟ دەبێت بە پیرۆزی و لەخواترسی بژین، چاوەڕوانی ڕۆژی خودا دەکەن و پەلە لە هاتنی دەکەن، چونکە تێیدا ئاسمان بە ئاگر لەناودەچێت، توخمەکانیش بە سووتان دەتوێنەوە. بەڵام بەگوێرەی بەڵێنەکەی، ئێمە چاوەڕوانی ئاسمانی نوێ و زەوی نوێین، کە ڕاستودروستی تێیدا نیشتەجێیە.
خۆشەویستان، کە چاوەڕێی ئەو شتە دەکەن، تێبکۆشن بۆ ئەوەی بێ لەکەیی و بێ گلەیی لە ئاشتیدا لەلای ئەو بدۆزنەوە. بزانن کە پشوودرێژی پەروەردگارمان هەلێکە بۆ ڕزگاری، وەک پۆڵسی برای خۆشەویستمان بەگوێرەی ئەو داناییەی خودا پێیداوە بۆی نووسین. ئەو لە هەموو نامەکانیدا لەبارەی ئەم شتانەوە دواوە، ئەوەی هەندێک شتی تێدایە گرانە بۆ تێگەیشتن کە نەزان و نەچەسپاوەکان، وەک نووسراوە پیرۆزەکانی دیکە3:16 مەبەستی ئەوەیە کە نامەکانی پۆڵس وەک تەورات و زەبوورە.، بۆ لەناوچوونی خۆیان دەیشێوێنن.
بۆیە خۆشەویستان، چونکە ئێوە لەپێشدا دەزانن، ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک بە خراپەی سەرپێچیکاران چەواشە بن و لە چەسپاوی خۆتان بکەون. بەڵکو لە نیعمەت و ناسینی عیسای مەسیحی ڕزگارکەر و پەروەردگارماندا گەشە بکەن.
شکۆی ئێستا و هەتاهەتایە بۆ ئەوە. ئامین.