- Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version دووەم پاشایان دووەم پاشایان دووەم پاشایان دووەم پاشایان دووەم پاشایان حوکمدانی ئەحەزیا لەلایەن یەزدانەوە پاش مردنی ئەحاڤ، مۆئاب لە ئیسرائیل یاخی بوو. ئەحەزیاش لە پەنجەرەی ژووری سەرەوەی کۆشکەکەی لە سامیرە کەوتە خوارەوە و بریندار بوو، چەند نێردراوێکی نارد و پێی گوتن: «بڕۆن پرسیار لە بەعل‌زەبوبی خوداوەندی عەقرۆن بکەن، ئایا لەم بریندارییەم چاک دەبمەوە؟» فریشتەی یەزدانیش بە ئەلیاسی تیشبی فەرموو: «هەستە سەربکەوە بۆ بینینی نێردراوەکانی پاشای سامیرە و پێیان بڵێ: ”ئایا لەبەر ئەوەی کە لە ئیسرائیل خودا نییە، ئێوە دەچن پرسیار لە بەعل‌زەبوبی خوداوەندی عەقرۆن دەکەن؟“ لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لەسەر ئەو نوێنە هەڵناستیتەوە کە لەسەری ڕاکشاویت، بە دڵنیاییەوە دەمریت!“» ئینجا ئەلیاس ڕۆیشت. کاتێک نێردراوەکان گەڕانەوە لای پاشا، پاشا لێی پرسین: «بۆچی گەڕانەوە؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوێک بەرەوپیرمان هات، پێی گوتین: ”بڕۆن و بگەڕێنەوە بۆ لای ئەو پاشایەی کە ئێوەی ناردووە و پێی بڵێن، ’یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئایا لەبەر ئەوەی کە لە ئیسرائیل خودا نییە، ئێوە دەچن پرسیار لە بەعل‌زەبوبی خوداوەندی عەقرۆن دەکەن؟ لەسەر ئەو نوێنە هەڵناستیتەوە کە لەسەری ڕاکشاویت، بە دڵنیاییەوە دەمریت!‘ “» پاشا لێی پرسین: «ئەو پیاوەی بەرەوپیرتان هات و ئەم قسانەی پێ گوتن، شێوەی چۆن بوو؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوێکی تووکن بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە کەمەری بەستبوو.» ئەویش گوتی: «ئەوە ئەلیاسی تیشبییە.» ئینجا فەرماندەیەکی لەگەڵ پەنجا سەربازەکەی ناردە لای ئەلیاس، ئەویش چوو بۆ لای ئەلیاس و بینی وا لەسەر لووتکەی کێوێک دانیشتووە، پێی گوت: «ئەی پیاوی خودا، پاشا دەڵێت، ”وەرە خوارەوە!“» ئەلیاسیش وەڵامی فەرماندەکەی دایەوە: «ئەگەر من پیاوی خودام، با ئاگر لە ئاسمانەوە بێتە خوارەوە و خۆت و پەنجا پیاوەکەت بسووتێنێت!» ئینجا ئاگر لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و خۆی و پەنجا پیاوەکەی سووتاند. دیسان فەرماندەیەکی دیکەی بە پەنجا سەربازەکەیەوە ناردە لای ئەلیاس، پێی گوت: «ئەی پیاوی خودا، پاشا دەڵێت: ”پەلە بکە و وەرە خوارەوە!“» ئەلیاسیش وەڵامی دایەوە و پێی گوتن: «ئەگەر من پیاوی خودام، با ئاگر لە ئاسمانەوە بێتە خوارەوە و خۆت و پەنجا پیاوەکەت بسووتێنێت!» ئینجا ئاگری خودا لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و خۆی و پەنجا پیاوەکەی سووتاند. بۆ جاری سێیەم فەرماندەیەکی لەگەڵ پەنجا سەربازەکەی نارد. فەرماندەکەی سێیەم سەرکەوت و چوو لەبەردەم ئەلیاس کەوتە سەر چۆک و لێی پاڕایەوە، پێی گوت: «ئەی پیاوی خودا، با ژیانی خۆم و ژیانی ئەم پەنجا خزمەتکارەت لەبەرچاو بەهادار بێت. ببینە، ئاگر لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و دوو فەرماندەکەی یەکەمی لەگەڵ سەربازەکانیان سووتاند. بەڵام ئێستا با ژیانی من لەبەرچاوت بەهادار بێت!» ئینجا فریشتەی یەزدان بە ئەلیاسی فەرموو: «لەگەڵی بڕۆ خوارەوە، لێی مەترسە.» ئەویش هەستا و لەگەڵی چووە خوارەوە بۆ لای پاشا. بە پاشای گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئایا لەبەر ئەوەی لە ئیسرائیل هیچ خودایەک نییە کە ڕاوێژی لەگەڵ بکەیت، نێردراوت نارد بۆ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ بەعل‌زەبوبی خوداوەندی عەقرۆن بکەن؟ لەبەر ئەوەی ئەمەت کرد، لەسەر ئەو نوێنە هەڵناستیتەوە کە لەسەری ڕاکشاویت. بە دڵنیاییەوە دەمریت!» ئینجا پاشا مرد، بەپێی فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی ئەلیاسەوە. لەبەر ئەوەی ئەحەزیا کوڕی نەبوو، یۆرام لە جێی ئەو بوو بە پاشا، لە ساڵی دووەمی پاشایەتی یەهۆرامی کوڕی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەحەزیا و ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. بەرزکردنەوەی ئەلیاس بۆ ئاسمان کاتێک یەزدان ویستی ئەلیاس لە گەردەلوولێکدا بۆ ئاسمان بەرز بکاتەوە، ئەلیاس و ئەلیشەع لە گلگالەوە بەڕێکەوتن. ئەلیاس بە ئەلیشەعی گوت: «لێرە بمێنەرەوە، چونکە یەزدان منی ناردووەتە بێت‌ئێل.» ئەلیشەعیش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی خۆت، بەجێت ناهێڵم.» ئینجا بەرەو بێت‌ئێل چوون. ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەرانی بێت‌ئێل هاتنە دەرەوە بۆ لای ئەلیشەع و لێیان پرسی: «دەزانیت ئەمڕۆ یەزدان گەورەکەت لە تۆ دەستێنێ؟» ئەویش گوتی: «بەڵێ دەزانم، بێدەنگ بن.» ئینجا ئەلیاس پێی گوت: «ئەلیشەع، لێرە بمێنەرەوە، چونکە یەزدان منی ناردووەتە ئەریحا.» ئەویش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی تۆ، بەجێت ناهێڵم.» ئینجا چوونە ئەریحا. ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەرانی ئەریحاش لە ئەلیشەع هاتنە پێشەوە و لێیان پرسی: «دەزانیت ئەمڕۆ یەزدان گەورەکەت لێ دەستێنێت؟» ئەویش گوتی: «بەڵێ دەزانم، بێدەنگ بن.» پاشان ئەلیاس پێی گوت: «لێرە بمێنەرەوە، چونکە یەزدان منی ناردووەتە ڕووباری ئوردون.» ئەویش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی تۆ، بەجێت ناهێڵم.» ئینجا هەردووکیان ڕۆیشتن. پەنجا ئەندامی کۆمەڵی پێغەمبەران ڕۆیشتن و لە دوورەوە لە بەرامبەر ئەلیاس و ئەلیشەع ڕاوەستان، ئەوانیش هەردووکیان لەسەر ڕووباری ئوردون ڕاوەستان. ئەلیاس کەواکەی گرت و پێچایەوە و بە کەوایەکە کێشای بە ئاوەکەدا. جا ئاوەکە شەق بوو، هەردووکیان بە وشکانیدا پەڕینەوە. کاتێک پەڕینەوە، ئەلیاس بە ئەلیشەعی گوت: «داوای چی دەکەیت هەتا بۆت بکەم، بەر لەوەی لێت جیا ببمەوە؟» ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «با دوو ئەوەندەی ڕۆحی تۆ بە میرات وەربگرم.» ئەلیاس گوتی: «داوای شتێکی گرانت کرد. ئەگەر منت بینی کاتێک لێت جیا دەبمەوە، ئەوا بۆ تۆ دەبێت، ئەگەر نا بۆت نابێت.» ئەوە بوو کاتێک دەڕۆیشتن و قسەیان دەکرد، لەناکاو گالیسکەیەکی ئاگرین و چەند ئەسپێکی ئاگرین هەردووکیانی لێک جیا کردەوە، ئەلیاس لە گەردەلوولێکدا بۆ ئاسمان سەرکەوت. ئەلیشەع ئەمەی بینی و هاواری کرد: «باوکە! باوکە! گالیسکەکەی ئیسرائیل و سوارەکانی!» ئیتر ئەلیشەع ئەلیاسی نەبینییەوە. ئینجا جلەکەی بەر خۆی دادڕی و کردی بە دوو پارچەوە. کەواکەی ئەلیاسی هەڵگرتەوە کە لێی کەوتبووە خوارەوە، گەڕایەوە و لەسەر کەناری ڕووباری ئوردون ڕاوەستا. ئینجا کەواکەی ئەلیاسی هەڵگرت، ئەوەی لێی کەوتبووە خوارەوە، بە کەوایەکە کێشای بە ئاوەکەدا و گوتی: «یەزدانی پەروەردگاری ئەلیاس لەکوێیە؟» کاتێک بە ئاوەکەیدا کێشا، ئاوەکە شەق بوو و ئەلیشەع پەڕییەوە. کاتێک ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەرانی ئەریحا، ئەوانەی لە بەرامبەری بوون بینییان، گوتیان: «ڕۆحی ئەلیاس لەسەر ئەلیشەع جێگیر بووە.» ئینجا بەرەوپیری چوون و کڕنۆشیان بۆ برد. پێیان گوت: «ئەوەتا خزمەتکارەکانت پەنجا پیاوی تواناداریان هەیە. لێیانگەڕێ با بچن بەدوای گەورەکەتدا بگەڕێن. لەوانەیە ڕۆحی یەزدان هەڵیگرتبێت و لەسەر کێوێک یاخود لەناو یەکێک لە دۆڵەکان داینابێت.» ئەلیشەع گوتی: «مەیاننێرن.» بەڵام زۆریان لێکرد هەتا شەرم دایگرت و گوتی: «بیاننێرن.» ئەوانیش پەنجا پیاویان نارد، سێ ڕۆژ بەدوایدا گەڕان و نەیاندۆزییەوە. کاتێک گەڕانەوە لای ئەلیشەع کە هێشتا لە ئەریحا مابووەوە، پێی گوتن: «پێم نەگوتن مەچن؟» سازگارکردنی ئاو پیاوانی شارەکە بە ئەلیشەعیان گوت: «ئەوەتا هەروەک گەورەم دەبینێت شوێنی شارەکە باشە، بەڵام ئاوەکە خراپە و خاکەکەشی بێ پیتە.» ئەویش گوتی: «قاپێکی نوێم بۆ بهێنن و خوێی تێ بکەن.» ئەوانیش بۆیان هێنا. ئینجا چووە دەرەوە بۆ سەرچاوەی ئاوەکە و خوێیەکەی فڕێدا ناوی و گوتی: «یەزدان دەفەرموێت: ”ئەم ئاوەم سازگار کرد و جارێکی دیکە نابێتە هۆکاری مردن و بێ بەروبوومی خاک.“» بەگوێرەی ئەو قسەیەیە کە ئەلیشەع کردی هەتا ئەمڕۆش ئاوەکە سازگارە. گاڵتەکردن بە ئەلیشەع ئینجا ئەلیشەع لەوێوە چوو بۆ بێت‌ئێل، کاتێک بە ڕێگاکەدا سەردەکەوت، کۆمەڵێک مێردمنداڵ لە شارەکەوە هاتنە دەرەوە و گاڵتەیان پێکرد، پێیان گوت: «کەچەڵ لێرە بڕۆ! کەچەڵ لێرە بڕۆ!» ئەویش ئاوڕی لەدوای خۆی دایەوە و تەماشای کردن، بە ناوی یەزدانەوە نەفرەتی لێکردن. ئیتر دوو ورچ لە دارستانەکە هاتنە دەرەوە و چل و دوو کوڕیان پارچەپارچە کرد. ئەلیشەع لەوێوە چوو بۆ کێوی کارمەل، ئینجا لەوێشەوە گەڕایەوە سامیرە. یاخیبوونی مۆئاب یۆرامی کوڕی ئەحاڤ لە هەژدەمین ساڵی پاشایەتی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا، بوو بە پاشای ئیسرائیل لە سامیرە، دوازدە ساڵ پاشایەتی کرد. ئەویش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەڵام نەک وەکو دایک و باوکی، ئەو بەردە تەرخانکراوەی3‏:2 بەردی بە ستوونی دانراو بۆ پەرستن. بڕوانە دواوتار 16‏:21‏-22.‏ بەعلی لەناوبرد کە باوکی دروستی کردبوو. لەگەڵ ئەوەش پەیوەست بوو بە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات و هەمان گوناهەکانی ئەوی کرد کە بەهۆیانەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، خۆی لێیان لانەدا. مێشای پاشای مۆئابیش خاوەنی مەڕوماڵات بوو، سەد هەزار بەرخ و خوری سەد هەزار بەرانی وەک سەرانە دەدایە پاشای ئیسرائیل. بەڵام پاش مردنی ئەحاڤ، پاشای مۆئاب لە پاشای ئیسرائیل یاخی بوو. دەستبەجێ یۆرام پاشا لە سامیرەوە بەڕێکەوت و هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە. هەروەها ئەو پەیامەی بۆ یەهۆشافاتی پاشای یەهودا نارد: «پاشای مۆئاب لێم یاخی بووە، ئایا لەگەڵم دێیت بۆ ئەوەی لە دژی مۆئاب بجەنگین؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «لەگەڵت دێم، من خۆم وەک تۆ و گەلەکەم وەک گەلەکەت و ئەسپەکانیشم وەک ئەسپەکانت.» لێی پرسی: «لە کام ڕێگاوە بچین؟» یۆرامیش وەڵامی دایەوە: «لە ڕێگای بیابانی ئەدۆم.» ئینجا پاشای ئیسرائیل لەگەڵ پاشای یەهودا و پاشای ئەدۆم بەڕێکەوتن. دوای ئەوەی سوپاکە حەوت ڕۆژەڕێ بە ڕێگایەکی ناڕاستەوخۆ بەردەوام بوو لە ڕۆیشتن، ئاو بۆ خۆیان و ئەو ئاژەڵانەی پێیان بوو نەما. پاشای ئیسرائیلیش گوتی: «ئاخ! لەبەر ئەوە یەزدان ئەم سێ پاشایەی بانگکردووە، هەتا بمانداتە دەستی پاشای مۆئاب؟» بەڵام یەهۆشافات گوتی: «ئایا لێرە هیچ پێغەمبەرێکی یەزدان نییە، هەتا لە ڕێگەی ئەوەوە پرس بە یەزدان بکەین؟» یەکێک لە ئەفسەرەکانی پاشای ئیسرائیل وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەلیشەعی کوڕی شافات لێرەیە، ئەوەی ئاوی بە دەستەکانی ئەلیاسدا دەکرد.» یەهۆشافات گوتی: «فەرمایشتی یەزدان لەلای ئەوە.» ئینجا پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافات و پاشای ئەدۆم چوونە خوارەوە بۆ لای ئەو. ئەلیشەع بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «چیمان بەیەکەوە هەیە؟ بڕۆ لای پێغەمبەرەکانی دایک و باوکت.» پاشای ئیسرائیلیش گوتی: «نەخێر، چونکە یەزدان ئەم سێ پاشایەی بانگکردووە هەتا ڕادەستی مۆئابمان بکات.» ئەلیشەعیش گوتی: «بە یەزدانی زیندووی سوپاسالار، ئەوەی دەیپەرستم، ئەگەر ڕێزی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا نەبووایە، نە ئاوڕم لێت دەدایەوە و نە سەیرم دەکردیت. بەڵام ئێستا مۆسیقاژەنێکم بۆ بهێنن.» ئەوە بوو کە مۆسیقاژەنەکە مۆسیقاکەی ژەند، ڕۆحی یەزدان هاتە سەر ئەلیشەع، گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەم دۆڵە پڕ دەکەم لە گۆمی ئاو، چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: نە با دەبینن و نە باران، بەڵام ئەم دۆڵە پڕ دەبێت لە ئاو، خۆتان و مەڕوماڵات و ئاژەڵەکانتان لێی دەخۆنەوە. ئەوەش لەلای یەزدان کارێکی ئاسانە، هەروەها مۆئابیشتان ڕادەست دەکات. ئێوەش هەموو شارێکی قەڵابەند و هەموو شارۆچکەیەکی سەرەکی سەرەوژێر دەکەن، هەموو دارێکی چاک دەبڕنەوە و هەموو کانیاوەکان کوێر دەکەنەوە، هەموو کێڵگەیەکی چاکیش بە بەرد تێکدەدەن.» بەیانیی ڕۆژی دواتر، لە کاتی پێشکەشکردنی قوربانیدا، لەناکاو لە ڕێگای ئەدۆمەوە ئاو هات و خاکەکە پڕ بوو لە ئاو. هەموو مۆئابیش بیستیان کە پاشاکان هاتوون لە دژیان بجەنگن، ئینجا هەموو ئەوەی توانای چەک هەڵگرتنی هەبوو، لە گەنجەوە هەتا پیر، بانگیان کردن و کۆیان کردنەوە، لەسەر سنوورەکە وەستان. کە بەیانی زوو لە خەو هەستان، خۆر لەسەر ئاوەکە دەدرەوشایەوە، مۆئابییەکانیش لەو بەرەوە تەماشایان کرد ئاوەکە وەک خوێن سوورە. گوتیان: «ئەمە خوێنە! پاشاکان لەنێو خۆیاندا بووەتە شەڕیان و یەکترییان کوشتووە. ئەی مۆئاب، ئێستاش با بەرەو تاڵانکردن بچین!» بەڵام کاتێک مۆئابییەکان بۆ ئۆردوگای ئیسرائیل هاتن، ئیسرائیلییەکان لێیان هەستان و لە مۆئابییەکانیان دا، لەبەردەمیان هەڵاتن. ئیسرائیلییەکانیش خاکەکەیان داگیر کرد و مۆئابییەکانیان کوشت. ئینجا شارۆچکەکانیان ڕووخاند، هەریەکە بەردێکی فڕێدایە ناو هەر کێڵگەیەکی چاک هەتا ئەوەی پڕیان کردنەوە، هەموو کانیاوەکانیان کوێر کردەوە، هەموو دارێکی چاکیان بڕییەوە، بە تەنها شاری قییر حەراسەت و تەلارەکانیان هێشتەوە، بەڵام قۆچەقانی3‏:25 بەردەقانی.‏ وەشێنەکان دەوریان گرت و لێیاندا. کاتێک پاشای مۆئاب بینی کە جەنگەکە لەسەری توند بووە، حەوت سەد شمشێر بە دەستی لەگەڵ خۆی برد بۆ ئەوەی ڕیزەکانی دوژمن بشکێنێت و بەرەو لای پاشای ئەدۆم بچێت، بەڵام شکستی هێنا. ئینجا کوڕە نۆبەرەکەی، ئەوەی لە جێی ئەو دەبوو بە پاشا، لەسەر شوورای شارەکە کردییە قوربانی سووتاندن. تووڕەییەکی گەورە لەسەر ئیسرائیل هەبوو، بۆیە پاشەکشەیان لێی کرد و گەڕانەوە خاکی خۆیان. زەیتی بێوەژنەکە ژنی پیاوێک لە کۆمەڵی پێغەمبەران هاواری بۆ ئەلیشەع کرد و گوتی: «گەورەم، تۆ دەزانیت کە مێردەکەم لە یەزدان دەترسا، بەڵام بە قەرزاری مرد. بەڵام ئێستا خاوەن قەرزەکەی هاتووە تاکو دوو کوڕەکەم بۆ خۆی بکاتە کۆیلە.» ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «چیت بۆ بکەم؟ پێم بڵێ لە ماڵەوە چیت هەیە؟» ئەویش گوتی: «کەنیزەکەت لە ماڵەوە جگە لە گۆزەیەک زەیت هیچی دیکەی نییە.» ئەلیشەعیش گوتی: «بڕۆ لە دەرەوە لە هەموو دراوسێکانت داوای قاپوقاچاغ بکە. قاپوقاچاغێکی زۆر بهێنە نەک کەم. پاشان بڕۆ ژوورەوە و دەرگا لەسەر خۆت و کوڕەکانت دابخە، زەیت لەناو هەموو قاپەکان بکە، ئەوەی پڕبوو لەلایەک دایبنێ.» ئەویش لەلای ڕۆیشت و دەرگاکەی لەسەر خۆی و کوڕەکانی داخست، ئەوان قاپەکانیان بۆی دەهێنایە پێشەوە و ئەویش تێی دەکردن. کاتێک قاپەکان پڕ بوون، بە کوڕەکەی گوت: «قاپێکی دیکەم بۆ بهێنە.» ئەویش وەڵامی دایەوە: «هیچ قاپێک نەماوە.» ئیتر زەیتەکە وەستا. ژنەکە چوو و بە پیاوەکەی خودای ڕاگەیاند، ئەویش گوتی: «بڕۆ زەیتەکە بفرۆشە و قەرزەکەت بدەرەوە، ئەوەش کە دەمێنێتەوە خۆت و کوڕەکانت پێی بژین.» زیندووبوونەوەی کوڕی شونێمییەکە ڕۆژێکیان ئەلیشەع چوو بۆ شونێم، لەوێ ژنێکی ناودار هەبوو، پێداگری کرد لەلای ئەو نان بخوات. ئیتر هەر کاتێک دەپەڕییەوە، دەچووە لای ئەو بۆ نانخواردن. ژنەکە بە مێردەکەی خۆی گوت: «من زانیومە ئەو پیاوەی کە هەمیشە بەلاماندا تێدەپەڕێت، پیاوێکی پیرۆزی خودایە. با ژوورێکی بچووک لە سەربان دروستبکەین، تێیدا جێیەکی نوستن و مێز و کورسی و چرایەکی بۆ دابنێین، بۆ ئەوەی ئەگەر هاتە لامان لەوێ بمێنێتەوە.» ڕۆژێک ئەلیشەع هاتە ئەوێ، چووە ژوورەکەی سەرەوە و لەوێ پاڵکەوت. ئینجا بە گێحەزیی خزمەتکاری گوت: «ئەو ژنە شونێمییەم بۆ بانگ بکە.» ئەویش بانگی کرد و ژنەکە لەبەردەم گێحەزی ڕاوەستا. ئەلیشەع بە گێحەزیی گوت: «پێی بڵێ: ”ئەوەتا تۆ ئەو هەموو زەحمەتییەت بۆ ئێمە کێشاوە. چۆن چاکەت بدەمەوە؟ هیچت هەیە هەتا لەبارەیەوە قسە لەگەڵ پاشا یاخود سەرکردەی سوپادا بکرێت؟“» ژنەکەش وەڵامی دایەوە: «من لەنێو کەسوکاری خۆمم و پێویستم بە هیچ نییە.» ئەلیشەعیش پرسی: «ئەی چی بۆ بکرێت؟» گێحەزیش گوتی: «منداڵی نییە و مێردەکەشی پیرە.» ئینجا ئەلیشەع گوتی: «بانگی بکە.» ئەویش بانگی کرد و لە بەردەرگاکە ڕاوەستا. ئەلیشەع پێی گوت: «ساڵی داهاتوو لەم کاتە کوڕێک لە باوەش دەگریت.» ژنەکە گوتی: «نەخێر گەورەم، ئەی پیاوی خودا، درۆ لەگەڵ کەنیزەکەت مەکە!» لەدوای ئەوە ژنەکە سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، لە ساڵی داهاتوو لە هەمان ئەو کاتەی کە ئەلیشەع پێی گوتبوو. کوڕەکە گەورە بوو، ڕۆژێک کوڕەکە چووە دەرەوە بۆ لای باوکی، کە لەلای دروێنەکەرەکان بوو. بە باوکی گوت: «ئای سەرم! ئای سەرم!» باوکیشی بە خزمەتکارەکەی گوت: «هەڵیبگرە و بیبە بۆ لای دایکی.» خزمەتکارەکەش هەڵیگرت و بردییەوە لای دایکی. هەتا نیوەڕۆ لەسەر ئەژنۆی دایکی دانیشت، ئینجا مرد. ئەویش چووە سەرەوە لەسەر جێی نوستنەکەی پیاوەکەی خودا داینا، دەرگاکەی لەسەر داخست و هاتە دەرەوە. ئینجا ژنەکە مێردەکەی بانگکرد و گوتی: «خزمەتکارێک و ماکەرێکم بۆ بنێرە، هەتا بە پەلە بچم بۆ لای پیاوەکەی خودا و بگەڕێمەوە.» ئەویش لێی پرسی: «بۆچی ئەمڕۆ دەچیتە لای؟ خۆ ئەمڕۆ نە جەژنی سەرەمانگە و نە شەممەیە.» ژنەکەش گوتی: «هیچ نییە.» کورتانی لە ماکەرەکە بەست و بە خزمەتکارەکەی گوت: «لێخوڕە و خێرا بڕۆ، لەبەر من خاو مەکەرەوە هەتا خۆم پێت نەڵێم.» ئینجا ڕۆیشت و لە کێوی کارمەل گەیشتە لای پیاوەکەی خودا. کاتێک پیاوەکەی خودا لە دوورەوە بینی بە گێحەزی خزمەتکاری گوت: «تەماشا، ئەوە شونێمییەکەیە. ئێستا بەرەوپیری ڕابکە و پرسیاری سەلامەتی خۆی و مێردەکەی و کوڕەکەی لێ بکە.» ژنەکەش گوتی: «باشین.» کاتێک ژنەکە لە چیاکە گەیشتە لای پیاوەکەی خودا، قاچەکانی گرت. گێحەزیش هاتە پێشەوە هەتا دووری بخاتەوە، بەڵام پیاوەکەی خودا گوتی: «لێیگەڕێ، چونکە زۆر دڵی تەنگە، یەزدان ئەو کارەی لێم شاردەوە و پێی ڕانەگەیاندم.» ئینجا ژنەکە گوتی: «ئایا من داوای کوڕم لە گەورەم کرد؟ نەمگوت، ”هەڵممەخەڵەتێنە؟“» ئەلیشەعیش بە گێحەزی گوت: «کەواکەت لە ناوقەدت ببەستە، گۆچانەکەم لەدەست بگرە و بە پەلە بڕۆ، ئەگەر چاوت بە یەکێک کەوت سڵاوی لێ مەکە، ئەگەر یەکێکیش سڵاوی لێکردیت، وەڵامی مەدەرەوە. گۆچانەکەم لەسەر دەموچاوی کوڕەکە دابنێ.» بەڵام دایکی کوڕەکە گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی تۆ، بەجێت ناهێڵم.» ئیتر ئەلیشەع هەستا و دوای کەوت. گێحەزی لەپێشیانەوە ڕۆیشت و گۆچانەکەی لەسەر دەموچاوی کوڕەکە دانا، بەڵام نە دەنگی هەبوو نە هەست. ئینجا گێحەزی گەڕایەوە بۆ لای ئەلیشەع و پێی ڕاگەیاند و گوتی: «کوڕەکە هەڵنەستایەوە.» کاتێک ئەلیشەع چووە ناو ماڵەکە، بینی کوڕەکە لەسەر جێگاکەی مردووە. جا چووە ژوورەوە و دەرگاکەی لەسەر خۆی و منداڵەکە داخست، لە یەزدان پاڕایەوە. پاشان چووە سەر جێگاکە و لەسەر کوڕەکە پاڵکەوت، دەمی خستە سەر دەمی و چاوەکانی لەسەر چاوەکانی و دەستەکانی لەسەر دەستەکانی. کە لەسەری درێژ بوو، جەستەی کوڕەکە گەرم داهات. ئینجا ئەلیشەع هەستا و لەناو ژوورەکە دەهات و دەچوو، چووەوە سەر جێگاکە و لەسەر کوڕەکە درێژبووەوە. کوڕەکە حەوت جار پژمی و چاوەکانی کردەوە. ئەلیشەع گێحەزیی بانگکرد و گوتی: «ئەو شونێمییە بانگ بکە.» ئەویش بانگی کرد، کاتێک هاتە ژوورەوە ئەلیشەع پێی گوت: «کوڕەکەت هەڵبگرە.» هات و خۆی هاویشتە بەر پێی، کڕنۆشی برد. پاشان کوڕەکەی هەڵگرت و چووە دەرەوە. مەرگ لەناو مەنجەڵ! ئەلیشەع گەڕایەوە گلگال، لەو ناوچەیە قاتوقڕی سەریهەڵدا. کاتێک کۆمەڵی پێغەمبەرەکان لەبەردەمی دانیشتبوون، بە خزمەتکارەکەی گوت: «مەنجەڵە گەورەکە بخە سەر ئاگر و خواردنێک بۆ کۆمەڵی پێغەمبەران ئامادە بکە.» یەکێک چووە دەرەوە بۆ ئەوەی گژوگیا لە کێڵگە بهێنێت، لەوێ بڕکێکی گوژاڵکی بینی و پڕ بە دامێنی لێی ڕنی. کاتێک کە گەڕایەوە، پارچەپارچەی کرد و خستییە ناو مەنجەڵەکەوە، هیچ کەسێکیش بەوەی نەزانی. ئینجا بۆ پیاوەکانیان تێکرد هەتا بیخۆن. ئەوە بوو کە خواردنەکەیان خوارد، هاواریان کرد و گوتیان: «ئەی پیاوی خودا، مەنجەڵەکە مەرگی تێدایە!» ئیتر نەیانتوانی بیخۆن. ئەلیشەعیش گوتی: «هەندێک ئارد بهێنن.» لەناو مەنجەڵەکەی کرد و گوتی: «بۆ خەڵکەکە تێ بکە، با بیخۆن.» ئیتر مەنجەڵەکە هیچ شتێکی خراپی تێدا نەما. ناندانی سەد پیاو پیاوێک لە بەعل‌شالیشاوە هات، بیست نانی جۆی یەکەمین بەرهەم و هەندێک گوڵەگەنمی نوێی لەناو توورەکەیەکدا بۆ پیاوی خودا هێنا. ئەلیشەعیش گوتی: «بیدە بە خەڵکەکە با بیخۆن.» خزمەتکارەکەی لێی پرسی: «چۆن ئەمە لەبەردەم سەد پیاو دابنێم؟» بەڵام ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «بیدە بە خەڵکەکە با بیخۆن، چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”دەخۆن و لەبەریشیان دەمێنێتەوە.“» ئینجا لەبەردەمیان داینا و خواردیان، لەبەریشیان مایەوە، هەروەک یەزدان فەرمووی. چاککردنەوەی نەعمان لە نەخۆشی گولی نەعمانی سەرکردەی سوپای پاشای ئارام پیاوێکی مەزن بوو لەلای گەورەکەی و سەر بڵند بوو، لەبەر ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی ئەوەوە ڕزگاریی بە ئارام بەخشی. ئەم پیاوە پاڵەوانێکی بەهێز بوو، بەڵام گەڕوگول5‏:1 گەڕوگول: نەک تەنها گولی، بەڵام ئەم وشەیە بۆ چەند نەخۆشییەکی جیاوازی پێست بەکارهاتووە.‏ بوو. چەند چەتەیەک لە ئارامییەکان بۆ تاڵان چووبوون و لە خاکی ئیسرائیلەوە کچێکی هەرزەکاریان لەگەڵ خۆیان هێنابووەوە، خزمەتی ژنەکەی نەعمانی دەکرد. کچە بە خانمەکەی گوت: «خۆزگە گەورەم پێغەمبەرەکەی سامیرەی دەبینی! ئەو لە گولییەکەی چاکی دەکردەوە.» نەعمان چوو بۆ لای گەورەکەی و قسەکەی کچە ئیسرائیلییەکەی پێ ڕاگەیاند. پاشای ئارامیش گوتی: «کەواتە بڕۆ، منیش نامەیەک بۆ پاشای ئیسرائیل دەنێرم.» ئینجا نەعمان ڕۆیشت، لەگەڵ دەستی دە تالنت5‏:5 دە تالنت: نزیکەی 340 کیلۆگرام.‏ زیو و شەش هەزار شاقل5‏:5 شەش هەزار شاقل: نزیکەی 70 کیلۆگرام.‏ زێڕ و دە قات جلی برد. نامەکەی بۆ پاشای ئیسرائیل هێنا، تێیدا نووسرابوو: «لەگەڵ ئەو نامەیە نەعمانی خزمەتکارم دەنێرمە لات، لە گولییەکەی چاکی بکەرەوە.» هەرکە پاشای ئیسرائیل نامەکەی خوێندەوە، جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی و گوتی: «ئایا من خودام هەتا بمرێنم و زیندوو بکەمەوە؟ بۆچی ئەمە پیاوێکی بۆ ناردووم تاکو لە گولییەکەی چاکی بکەمەوە؟ بزانن و سەیر بکەن چۆن شەڕم پێ دەفرۆشێت!» کاتێک ئەلیشەعی پیاوی خودا بیستییەوە پاشای ئیسرائیل جلەکانی لەبەر خۆیدا دادڕیوە، ناردی بۆ لای پاشا و گوتی: «بۆچی جلەکانت لەبەر خۆتدا دادڕیوە؟ با بێتە لای من و بزانێت کە پێغەمبەرێک لە ئیسرائیل هەیە.» ئینجا نەعمان بە ئەسپ و گالیسکەکانییەوە هات و لە بەردەرگای ماڵی ئەلیشەع وەستا. ئەلیشەعیش نێردراوێکی ناردە لای و گوتی: «بڕۆ لە ڕووباری ئوردون حەوت جار خۆت بشۆ، گۆشتەکەت چاک دەبێتەوە و پاک دەبیتەوە.» بەڵام نەعمان بە تووڕەییەوە ڕۆیشت و گوتی: «وام دانا کە دێتە دەرەوە بۆ لام و ڕادەوەستێت، بە ناوی یەزدانی پەروەردگاریەوە دەپاڕێتەوە و دەستی بەسەر شوێنەکەدا دەهێنێت و گەڕوگولییەکە چاک دەبێتەوە. ئایا ئەڤانا و پەڕپەڕ، دوو ڕووبارەکەی دیمەشق، لە هەموو ئاوەکانی ئیسرائیل چاکتر نین؟ ئایا نەمدەتوانی خۆمیان تێدا بشۆم و پاک ببمەوە؟» لەبەر ئەوە ئاوڕی دایەوە و بە تووڕەییەوە ڕۆیشت. خزمەتکارەکانی نەعمان هاتنە پێشەوە و پێیان گوت: «ئەی باوکمان، ئایا ئەگەر پێغەمبەرەکە شتێکی گەورەی پێت بگوتایە، نەتدەکرد؟ بەڵام چەند ئاسانترە کە گوتی: ”خۆت بشۆ و پاک ببەوە!“» ئیتر چووە خوارەوە و بەپێی قسەی پیاوەکەی خودا، حەوت جار خۆی لە ڕووباری ئوردون نوقوم کرد، گۆشتەکەی گەڕایەوە وەک گۆشتی کوڕێکی گەنج و پاک بووەوە. ئینجا نەعمان لەگەڵ هەموو لەشکرەکەی گەڕایەوە بۆ لای پیاوەکەی خودا. لەبەردەمی ڕاوەستا و گوتی: «ئێستا دەزانم کە لە هەموو جیهان هیچ خودایەک نییە بێجگە لە خودای ئیسرائیل. ئێستاش ئەم دیارییە لە خزمەتکارەکەت وەربگرە.» پێغەمبەرەکە وەڵامی دایەوە: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی دەیپەرستم، وەریناگرم.» ئینجا زۆری لێکرد هەتا وەریبگرێت، بەڵام ڕازی نەبوو. نەعمان گوتی: «ئەگەر وەریناگریت، کەواتە ڕێم پێبدە باری دوو هێستر خۆڵ لەگەڵ خۆم ببەم، لەبەر ئەوەی خزمەتکارەکەت جارێکی دیکە قوربانی سووتاندن و سەربڕاو بۆ هیچ خودایەکی دیکە بێجگە لە یەزدان ناکات. بەڵام با لە شتێک یەزدان لە خزمەتکارەکەت خۆشبێت: کاتێک گەورەکەم دەچێتە پەرستگای ڕیمۆن بۆ ئەوەی کڕنۆش ببات، پشت بە من دەبەستێت، دەبێ منیش لەگەڵ ئەو کڕنۆش ببەم، با یەزدان لەو شتەی خزمەتکارەکەت خۆشبێت.» ئەلیشەعیش گوتی: «بەخێر بچیت.» دوای ئەوەی نەعمان ڕۆیشت و کەمێک لێی دوور کەوتەوە، گێحەزیی خزمەتکاری ئەلیشەعی پیاوی خودا گوتی: «گەورەم ڕازی نەبوو ئەو شتە لە نەعمانی ئارامی وەربگرێت کە هێنا بووی، بەڵام بە یەزدانی زیندوو من بەدوایدا ڕادەکەم و شتێکی لێ وەردەگرم.» ئیتر گێحەزی دوای نەعمان کەوت، کاتێک نەعمان بینی بەدوایدا ڕادەکات، لە گالیسکەکە دابەزی و بەرەوپیری چوو و گوتی: «ها خێرە؟» گێحەزیش گوتی: «خێرە، گەورەم منی ناردووە بۆ ئەوەی پێت بڵێم: ”دوو گەنج لە کۆمەڵی پێغەمبەرانەوە هاتوونەتە لام، لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمەوە. تالنتێک5‏:22 تالنتێک: نزیکەی 34 کیلۆگرام.‏ زیو و دوو دەستە جلیان پێبدە.“» نەعمانیش گوتی: «فەرموو دوو تالنت زیو ببە.» زۆری لە گێحەزی کرد و دوو تالنت زیو لە دوو توورەکە لەگەڵ دوو قات جلی دایە دەست دوو خزمەتکاری خۆی، هەڵیانگرت و لەپێش گێحەزییەوە ڕۆیشتن. کە گەیشتنە گردەکە، گێحەزی شتەکانی لێ وەرگرتن و خستییە ماڵەوە، خزمەتکارەکانی بەڕێکرد و گەڕانەوە. کاتێک گێحەزی هات و لەبەردەم گەورەکەی ڕاوەستا، ئەلیشەع لێی پرسی: «ئەی گێحەزی، لەکوێ بوویت؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «خزمەتکارەکەت بۆ هیچ جێگایەک نەچووە.» بەڵام ئەلیشەع پێی گوت: «ئایا ڕۆحم لەگەڵتدا نەبوو کاتێک پیاوەکە لە گالیسکەکە دابەزی بۆ ئەوەی بەرەوپیرت بێت؟ ئێستا کاتی وەرگرتنی زیو و جلوبەرگە؟ یان وەرگرتنی باخی زەیتوون و ڕەز و مەڕ و مانگا و کۆیلە و کەنیزەیە؟ گەڕوگولییەکەی نەعمان هەتاهەتایە بە خۆت و نەوەکانتەوە دەنووسێت و لە کۆڵتان نابێتەوە.» ئیتر گێحەزی بە گەڕوگولی لەبەردەم ئەلیشەع چووە دەرەوە، وەک بەفر سپی بوو. سەرئاوخستنی تەورێک ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەران بە ئەلیشەعیان گوت: «ببینە، ئەو شوێنەی تێیدا لەگەڵ تۆ کۆبووینەتەوە بۆ ئێمە تەنگە. ڕێبدە با بچینە ڕووباری ئوردون، با هەریەکە و کاریتەیەک بهێنین. هەروەها با شوێنێک دروستبکەین تێیدا کۆببینەوە.» ئەویش گوتی: «بڕۆن.» یەکێکیان گوتی: «ڕازی بە و لەگەڵ خزمەتکارەکانت وەرە.» ئەلیشەعیش گوتی: «دێم.» ئینجا لەگەڵیان ڕۆیشت. گەیشتنە ڕووباری ئوردون دەستیان بە داربڕینەوە کرد. ئەوە بوو کاتێک یەکێکیان کاریتەی دەبڕییەوە، سەری تەورەکەی کەوتە ناو ئاوەکە، هاواری کرد: «ئای گەورەم، ئەوە ئەمانەتە!» پیاوەکەی خوداش گوتی: «کەوتە کوێ؟» ئەویش شوێنەکەی پیشان دا، ئەلیشەع چڵە دارێکی لێکردەوە و فڕێیدایە ئەوێ، سەری تەورەکەی سەر ئاو خست. ئینجا گوتی: «هەڵیبگرەوە.» ئەویش دەستی درێژکرد و هەڵیگرتەوە. کوێرکردنی لەشکری پاشای ئارام پاشای ئارام لە دژی ئیسرائیل دەجەنگا. دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەفسەرەکانی، شوێنی ئۆردوگاکەی دیاری کرد. ئینجا پیاوەکەی خودا ناردی بۆ لای پاشای ئیسرائیل و گوتی: «ئاگات لە خۆت بێت و لەو شوێنەوە نەپەڕیتەوە، چونکە ئارامییەکان لەوێ دادەبەزن.» پاشای ئیسرائیلیش ناردی بۆ پشکنینی ئەو شوێنەی کە پیاوەکەی خودا لێی ئاگاداری کردەوە. هۆشدارییەکانی ئەلیشەع بۆ پاشا بەردەوام بوون، ئیتر پاشا لەو شوێنانە بە وریاییەوە دەجوڵایەوە. پاشای ئارام لەمە هەڵچوو، ئەفسەرەکانی بانگکرد و لێی پرسین: «پێم بڵێن! کێ لە ئێمە لەگەڵ پاشای ئیسرائیلە؟» یەکێک لە ئەفسەرەکانی وەڵامی دایەوە: «کەسمان پاشای گەورەم، بەڵکو ئەلیشەع، ئەو پێغەمبەرەی کە لە ئیسرائیلە، تەنانەت پاشای ئیسرائیل لەو قسانەش ئاگادار دەکاتەوە کە لە ژووری نووستنەکەتدا دەیکەیت.» ئەویش گوتی: «بڕۆن و بزانن لەکوێیە، هەتا بنێرم و بیگرن.» ئینجا هەواڵیان نارد: «ئەو لە دوسانە.» پاشا ئەسپ و گالیسکە و لەشکرێکی گەورەی بۆ ئەوێ نارد. بە شەو هاتن و شارەکەیان گەمارۆ دا. بەیانی زوو کاتێک خزمەتکاری پیاوەکەی خودا لە خەو هەستا و چووە دەرەوە، بینی سوپایەک بە ئەسپ و گالیسکەوە شارەکەیان گەمارۆ داوە. خزمەتکارەکەی لە ئەلیشەعی پرسی: «ئای گەورەم، چی بکەین؟» ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «مەترسە، چونکە ئەوانەی لەگەڵ ئێمەن زۆرترن لەوانەی لەگەڵ ئەوانن.» ئینجا ئەلیشەع نزای کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، چاوی بکەرەوە با ببینێت.» یەزدانیش چاوی خزمەتکارەکەی کردەوە و بینی وا چیاکە پڕە لە ئەسپ و گالیسکەی ئاگرین لە چواردەوری ئەلیشەع. کاتێک دوژمن بەرەو لای هاتنە پێش، ئەلیشەع لە یەزدان پاڕایەوە و گوتی: «لەو گەلانە بدە و کوێریان بکە.» یەزدانیش بەگوێرەی پاڕانەوەکەی ئەلیشەع، لێیدان و کوێری کردن. ئەلیشەع پێی گوتن: «نە ئەمە ڕێگاکەیە و نە ئەمەش شارەکەیە. بەدوام بکەون، دەتانبەمە لای ئەو پیاوەی بەدوایدا دەگەڕێن.» ئیتر هەموویانی بردە سامیرە. لەدوای ئەوەی چوونە ناو سامیرە، ئەلیشەع گوتی: «ئەی یەزدان، چاوی ئەمانە بکەرەوە با ببینن.» یەزدانیش چاوی کردنەوە و بینییان وا لەناو سامیرەن. کاتێک پاشای ئیسرائیل ئەوانی بینی، بە ئەلیشەعی گوت: «ئایا بیانکوژم، باوکە؟ ئایا بیانکوژم؟» ئەویش گوتی: «مەیانکوژە. ئەگەر تۆ ئەوانە ناکوژیت کە بە شمشێر و کەوانەکەت بە دیلت گرتوون، ئیتر چۆن ئەمانە دەکوژیت؟ نان و ئاویان لەپێش دابنێ، با بخۆن و بخۆنەوە، ئینجا بچنەوە لای گەورەکەیان.» ئەویش خوانێکی گەورەی بۆ ئامادەکردن، خواردیان و خواردیانەوە، بەڕێی کردن و گەڕانەوە لای گەورەکەیان. ئیتر چەتەکانی ئارام وازیان لە هێرشکردنە سەر خاکی ئیسرائیل هێنا. برسیێتی لە کاتی گەمارۆی سامیرە پاش ماوەیەک، بەن‌هەدەدی پاشای ئارام هەموو سوپاکەی کۆکردەوە و جوڵاندی و سامیرەی گەمارۆ دا. لە شارەکە بووە هۆی قاتوقڕییەکی گەورە، گەمارۆکە درێژەی کێشا هەتا وای لێهات سەری کەرێک بە هەشتا شاقل زیو6‏:25 نزیکەی کیلۆگرامێک.‏ و چارەکە قاپێکی6‏:25 چارەکە قاپێک: نزیکەی 0,3 لیتر.‏ ڕیقنەی6‏:25 جیقنە‏ کۆتریش بە پێنج شاقل زیو6‏:25 نزیکەی 55 گرام.‏ دەفرۆشرا. کاتێک پاشای ئیسرائیل لەسەر شووراکە تێدەپەڕی، ژنێک هاواری لێکرد و گوتی: «ئەی پاشای گەورەم، یارمەتیم بدە!» ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەگەر یەزدان یارمەتیت نەدات، من بە چی یارمەتیت بدەم؟ بە جۆخینەکە6‏:27 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.‏ یان بە مەی گوشەرەکە؟» ئینجا پاشا لێی پرسی: «چیتە؟» ئەویش گوتی: «ئەم ژنە پێی گوتم: ”کوڕەکەت بهێنە با ئەمڕۆ بیخۆین و سبەینێش کوڕەکەی من دەخۆین.“ ئیتر کوڕەکەی خۆممان لێنا و خواردمان. بۆ ڕۆژی دواتر کە پێم گوت: ”کوڕەکەت بهێنە با بیخۆین،“ ئەو کوڕەکەی خۆی شاردەوە.» کاتێک پاشا گوێی لە قسەکانی ئەم ژنە بوو، جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی. کە بەسەر شووراکە تێدەپەڕی، خەڵک بینییان وا لە ژێرەوە بەرگی لە گوش6‏:30 ڕیشاڵێکی ڕووەکییە کە لەو سەردەمە بەرگی ماتەمی لێ دروستدەکرا.‏ دروستکراوی لەبەرە. پاشا گوتی: «با خودا توندترین سزام بدات، ئەگەر ئەمڕۆ سەری ئەلیشەعی کوڕی شافات نەپەڕێنم!» لەو کاتەدا ئەلیشەع لە ماڵەکەی خۆی دانیشتبوو، ڕیش سپییەکانیش لەلای دانیشتبوون. پاشا نێردراوێکی پێش خۆی ناردە لای، بەڵام بەر لەوەی نێردراوەکە بگاتە لای، ئەلیشەع بە پیرەکانی گوت: «بینیتان چۆن ئەو پیاوکوژە کەسێکی ناردووە هەتا سەرم بپەڕێنێت؟ ببینن، کاتێک پیاوەکە گەیشت، دەرگاکە دابخەن و نەهێڵن دەرگاکە بکاتەوە. من دڵنیام پاشا خۆی لەدوای ئەوەوە دێت.» هێشتا قسەی لەگەڵ دەکردن نێردراوەکە گەیشتە لای، لەدوای ئەویش پاشا گەیشت. پێی گوتن: «ئەو بەڵایە لەلایەن یەزدانەوەیە. ئیتر بۆچی زیاتر چاوەڕێی یەزدان بکەم؟» ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. یەزدان ئەمە دەفەرموێت: سبەینێ لەم کاتەدا، لە دەروازەی سامیرە پێوانەیەک7‏:1 پێوانەیەک: عیبری: سەئا‏، نزیکەی 7,3 لیتر.‏ لە باشترین ئارد بە شاقلێک و دوو پێوانە7‏:1 دوو پێوانە: عیبری: دوو سەئا‏، نزیکەی پازدە لیتر.‏ جۆ بە شاقلێک دەبێت.» ئەفسەرێک کە گەورە یاوەری پاشا بوو، بە پیاوەکەی خودای گوت: «هەتا ئەگەر یەزدان دەرگاکانی ئاسمانیش بکاتەوە، ئایا شتی وا ڕوودەدات؟» ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «تۆ بە چاوی خۆت دەیبینیت، بەڵام لێی ناخۆیت.» هەڵگرتنی گەمارۆی سامیرە چوار پیاوی گەڕوگول7‏:3 گەڕوگول: وشەی عیبری بۆ چەند نەخۆشییەکی جیاوازی پێست بەکاردەهێنرا، مەرج نییە تەنها بۆ گەڕوگولی بێت.‏ لە دەروازەی شارەکە بوون، بە یەکتریان گوت: «بۆ لێرە بمێنینەوە هەتا دەمرین؟ ئەگەر بڵێین: ”با بچینە ناو شارەکەوە،“ لە شارەکە قاتوقڕی هەیە و لەوێ دەمرین. ئەگەر لێرەش دانیشین، هەر دەمرین. ئێستا با بچینە ئۆردوگای ئارامییەکان و خۆمان ڕادەست بکەین، ئەگەر لێمان خۆشبوون ئەوا دەژین، ئەگەر بشمانکوژن ئەوا هەر دەمرین.» لە زەردەپەڕی ئێوارە هەستان بۆ ئەوەی بچنە ئۆردوگای ئارامییەکان. هاتن هەتا گەیشتنە قەراغی ئۆردوگای ئارامییەکان، کەسی لێ نەبوو، چونکە پەروەردگار وای کرد کە ئۆردوگای ئارامییەکان دەنگی گالیسکە و ئەسپ و سوپایەکی گەورە ببیستن، ئیتر بە یەکتریان گوتبوو: «ئەوەتا پاشای ئیسرائیل پاشاکانی حیتی و میسرییەکانی لە دژی ئێمە بەکرێ گرتووە هەتا لەگەڵمان بجەنگن!» لەبەر ئەوە هەستان و لە زەردەپەڕی ئێوارە هەڵاتن، وازیان لە چادر و ئەسپ و گوێدرێژەکانیان هێنا. ئۆردوگاکەیان وەک خۆی بەجێهێشت و بۆ دەربازکردنی ژیانی خۆیان هەڵاتن. ئەو گەڕوگولانه هەتا قەراغی ئۆردوگاکە هاتن، چوونە ناو چادرێک و خواردیان و خواردیانەوە. زێڕ و زیو و جلوبەرگیان برد و چوون شاردییانەوە. پاشان گەڕانەوە و چوونە ناو چادرێکی دیکە، لەوێش بردیان و چوون و شاردییانەوە. ئینجا بە یەکترییان گوت: «ئەوەی ئێمە دەیکەین ڕاست نییە. ئەمڕۆ ڕۆژی مژدەیە و ئێمەش لێی بێدەنگین. ئەگەر هەتا بەرەبەیان چاوەڕێ بکەین تووشی سزا دەبین. وەرن با ئێستا بچین و بە کۆشکی پاشای ڕابگەیەنین.» ئیتر هاتن و دەرگاوانی شارەکەیان بانگکرد و پێیان گوت: «ئێمە چووینە ناو ئۆردوگای ئارامییەکان، کەس لەوێ نەبوو، دەنگی کەسیش نەدەبیسترا، تەنها ئەسپ و گوێدرێژ بەستراونەتەوە، چادرەکانیش هەروەک خۆیان لەوێن.» دەرگاوانەکان جاڕیان دا، هەواڵەکەشیان بە کۆشکی پاشا ڕاگەیاند. پاشا شەو هەستا و بە ئەفسەرەکانی گوت: «من پێتان دەڵێم ئارامییەکان چییان لێکردووین. دەزانن ئێمە برسیمانە، لە ئۆردوگاکە چوونەتە دەرەوە و لە دەشتاییەکان خۆیان مەڵاس داوە، وا بیریان کردووەتەوە: ”بێگومان لە شارەکە دێنە دەرەوە، بە زیندوویی دەیانگرین و دەچینە ناو شارەکە.“» یەکێک لە ئەفسەرەکانی وەڵامی دایەوە: «کەواتە، با هەندێک پیاو پێنج ئەسپ ببەن لەوانەی کە لە شارەکە ماوەتەوە. چارەنووسیان لە نەوەی ئیسرائیل خراپتر نابێت کە خەریکە لەناو شار دەمرن. با بیاننێرین تاکو بزانین چی ڕوویداوە.» ئیتر دوو گالیسکەیان بە ئەسپەوە دەستنیشان کرد و پاشا ئەوانی نارد بۆ ئەوەی شوێنی سوپای ئارام بکەون. پاشا فەرمانی کرد و گوتی: «بڕۆن و بزانن چی ڕوویداوە.» ئەوانیش بەدوایاندا بەرەو ڕووباری ئوردون چوون، بینییان هەموو ڕێگاکە پڕە لە جلوبەرگ و قاپوقاچاغ، ئەوەی ئارامییەکان لە پەلەپەلیان فڕێیان داوە. نێردراوەکان گەڕانەوە و بە پاشایان ڕاگەیاند. پاشان گەل چوونە دەرەوە و ئۆردوگای ئارامییەکانیان تاڵان کرد، پێوانەیەک لە باشترین ئارد بووە شاقلێک و دوو پێوانە جۆ بووە شاقلێک، هەروەک یەزدان فەرمووی. ئەو ئەفسەرەی کە گەورە یاوەری پاشا بوو، پاشا لەسەر دەروازەکەی دانا، گەلیش لە دەروازەکە پێشێلیان کرد و مرد، هەروەک پیاوەکەی خودا پێی گوت کاتێک پاشا چووە ماڵی. ئەوە ڕوویدا کە پیاوەکەی خودا بە پاشای گوت: «سبەینێ ئەم کاتە لە دەروازەی سامیرە دوو پێوانە جۆ بە شاقلێک و پێوانەیەک باشترین ئاردیش بە شاقلێک دەبێت.» ئەفسەرەکەش بە پیاوەکەی خودای گوت: «هەتا ئەگەر یەزدان دەرگاکانی ئاسمانیش بکاتەوە، ئایا شتی وا ڕوودەدات؟» پیاوی خوداش گوتبووی: «تۆ بە چاوی خۆت دەیبینیت، بەڵام لێی ناخۆیت.» ئیتر ڕێک وای بەسەرهات، گەل لە دەروازەکە پێشێلیان کرد و مرد. گەڕاندنەوەی کێڵگەکەی شونێمییەکە ئەلیشەع بەو ژنەی گوتبوو کە کوڕەکەی بۆ زیندوو کردبووەوە: «لەگەڵ خێزانەکەتان بڕۆن و لە هەرکوێیەک دەتوانن ماوەیەک بمێننەوە، چونکە یەزدان بڕیاری داوە قاتوقڕی بێتە سەر ئەم خاکە، حەوت ساڵ درێژە دەکێشێت.» ژنەکەش گوێڕایەڵی قسەی پیاوەکەی خودا بوو. خۆی و خێزانەکەی ڕۆیشتن و حەوت ساڵ لە خاکی فەلەستییەکان مانەوە. لە کۆتایی حەوت ساڵەکە ژنەکە لە خاکی فەلەستییەکان گەڕایەوە، هانای بۆ پاشا برد بۆ بەدەستهێنانەوەی ماڵ و کێڵگەکەی. پاشاش قسەی لەگەڵ گێحەزی خزمەتکاری پیاوەکەی خودا دەکرد، پێی دەگوت: «باسی هەموو ئەو کارە گەورانەم بۆ بکە کە ئەلیشەع ئەنجامی دا.» لەو کاتەی گێحەزی باسی ئەوەی بۆ پاشا دەکرد کە چۆن ئەلیشەع مردووی زیندوو کردووەتەوە، ئەو ژنەی کە ئەلیشەع کوڕەکەی بۆ زیندوو کردبووەوە لەبەر ماڵەکەی و کێڵگەکەی هاواری بۆ پاشا هێنا. گێحەزیش گوتی: «پاشای گەورەم، ئەوە ژنەکەیە، ئەوەش کوڕەکەیەتی کە ئەلیشەع زیندووی کردەوە.» پاشاش دەربارەی ئەوە لە ژنەکەی پرسی، ئەویش ئەوەی بۆ گێڕایەوە. ئینجا پاشا کاربەدەستێکی لەگەڵ نارد و گوتی: «هەموو ئەوەی هی ئەوە بۆی بگەڕێنەوە، لەگەڵ داهاتی کێڵگەکەی لەو ڕۆژەوەی کە زەوییەکەی بەجێهێشتووە هەتا ئێستا.» کوشتنی بەن‌هەدەد لەلایەن حەزائێلەوە ئەلیشەع هاتە دیمەشق و بەن‌هەدەدی پاشای ئارامیش نەخۆش بوو. کاتێک پێی ڕاگەیەنرا «پیاوەکەی خودا هاتووەتە ئێرە،» پاشا بە حەزائێلی گوت: «دیارییەک لەگەڵ دەستت ببە و بەرەوپیری پیاوەکەی خودا بڕۆ، لە ڕێگەی ئەوەوە پرسیار لە یەزدان بکە، بزانە ئایا لەم نەخۆشییەم چاک دەبمەوە؟» حەزائێلیش لەگەڵ خۆی باری چل وشتری لە هەموو بەروبوومە باشەکانی دیمەشق بە دیاری برد و چووە پێشوازی ئەلیشەع و لەبەردەمی ڕاوەستا و گوتی: «کوڕەکەت، بەن‌هەدەدی پاشای ئارام، منی بۆ لای تۆ ناردووە و دەڵێت: ”ئایا لەم نەخۆشییەم چاک دەبمەوە؟“» ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «بڕۆ و پێی بڵێ: ”بە دڵنیاییەوە چاک دەبیتەوە.“ بەڵام یەزدان پیشانی داوم کە دەمرێت!» چاوی تێبڕی هەتا حەزائێل شەرم دایگرت، ئینجا پیاوەکەی خودا دەستی بە گریان کرد. حەزائێل پرسیاری کرد: «گەورەم بۆچی دەگریێت؟» ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «چونکە زانیم چ خراپەیەک بەسەر نەوەی ئیسرائیلدا دەهێنیت. ئاگر لە قەڵاکانیان بەردەدەیت، گەنجەکانیان بە شمشێر دەکوژیت، منداڵەکانیان وردوخاش دەکەیت، ورگی سکپڕەکانشیان دەدڕێنیت.» حەزائێلیش گوتی: «گەورەم، سەگێکی وەک من چۆن دەتوانێ کاری وا گەورە بکات؟» ئەلیشەعیش وەڵامی دایەوە: «یەزدان پیشانی دام کە تۆ دەبیتە پاشای ئارام.» پاشان حەزائێل لەلای ئەلیشەع ڕۆیشت و گەڕایەوە لای گەورەکەی. کاتێک بەن‌هەدەد لێی پرسی: «ئەلیشەع چی پێ گوتی؟» حەزائێل وەڵامی دایەوە: «پێی گوتم، بە دڵنیاییەوە چاک دەبیتەوە.» بەڵام ڕۆژی پاشتر، جاجمەکەی برد و لە ئاوی هەڵکێشا و دای بەسەر دەموچاوی پاشادا و هەناسەی لێ بڕی، هەر بۆیە پاشا مرد. ئیتر حەزائێل لە جێی ئەو بوو بە پاشا. پاشایەتی یەهۆرام لە یەهودا لە ساڵی پێنجەمی یۆرامی کوڕی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا، یەهۆرامی کوڕی یەهۆشافات بوو بە پاشای یەهودا. تەمەنی سی و دوو ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، هەشت ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. هەمان ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیل و بنەماڵەی ئەحاڤی گرتەبەر، چونکە کچەکەی ئەحاڤ ژنی بوو. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد. لەگەڵ ئەوەشدا، یەزدان لەبەر داودی بەندەی خۆی، نەیدەویست یەهودا لەناوببات، چونکە بەڵێنی بە داود دابوو کە بۆ هەتاهەتایە چرایەک دەداتە خۆی و نەوەکانی. لە سەردەمی پاشایەتی یەهۆرام، ئەدۆم لە یەهودا یاخی بوو، پاشایەکیان بۆ خۆیان دانا. ئیتر یەهۆرام بە هەموو گالیسکەکانییەوە پەڕییەوە چاعیر. لەوێ ئەدۆمییەکان ئابڵوقەیان دان، بەڵام شەو خۆی و سەرکردەی گالیسکەکانی هەستان و ئابڵوقەکەیان شکاند و دەرباز بوون، لەشکرەکەش هەڵاتن و گەڕانەوە چادرەکانیان. هەتا ئێستاش ئەدۆم لە یەهودا یاخییە. هەر لەو کاتەدا لیڤناش یاخی بوو. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆرام و هەموو کارەکانی کە کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. یەهۆرام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، لە شاری داود لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا. ئیتر ئەحەزیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. پاشایەتی ئەحەزیا لە ساڵی دوازدەیەمینی یۆرامی کوڕی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل، ئەحەزیای کوڕی یەهۆرام بوو بە پاشای یەهودا. ئەحەزیا گەنجێکی بیست و دوو ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکی ناوی عەتەلیای کچەزای عۆمری پاشای ئیسرائیل بوو. هەمان ڕێچکەی بنەماڵەی ئەحاڤی گرتەبەر، هەروەک بنەماڵەی ئەحاڤ لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، چونکە زاوای ماڵی ئەحاڤ بوو. ئەحەزیا لەگەڵ یۆرامی کوڕی ئەحاڤ چووە جەنگ لە دژی حەزائێلی پاشای ئارام لە ڕامۆتی گلعاد، ئارامییەکان یۆرامیان پێکا. ئیتر یۆرام پاشا گەڕایەوە هەتا لە یەزرەعیل لەو برینانەی چاک بێتەوە کە ئارامییەکان لە ڕامۆت لە کاتی شەڕکردنی لە دژی حەزائێلی پاشای ئارام پێکابوویان. لەدوای ئەوە ئەحەزیای کوڕی یەهۆرامی پاشای یەهوداش چوو بۆ یەزرەعیل هەتا چاوی بە یۆرامی کوڕی ئەحاڤ بکەوێت، چونکە نەخۆش بوو. دەستنیشانکردنی یێهو وەک پاشای ئیسرائیل ئەلیشەع پێغەمبەر ئەندامێکی لە کۆمەڵی پێغەمبەرەکان بانگکرد و پێی گوت: «کەواکەت لە ناوقەدت ببەستە و گۆزەیەک زەیت لەگەڵ دەستت هەڵبگرە و بڕۆ ڕامۆتی گلعاد. کە گەیشتییە ئەوێ بەدوای یێهوی کوڕی یەهۆشافاتی کوڕی نیمشیدا بگەڕێ، لەنێو براکانی هەڵیبستێنە و بە تەنها لە ژوورەکەوە بیبە بۆ ژوورێکی دیکە. پاشان گۆزە زەیتەکە بگرە و بەسەر سەریدا بکە و بڵێ، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”وەک پاشای ئیسرائیل دەستنیشانم کردیت.“ ئینجا دەرگاکە بکەرەوە و هەڵبێ و چاوەڕێ مەکە!» ئیتر گەنجە خزمەتکارەکەی پێغەمبەرەکە چوو بۆ ڕامۆتی گلعاد. کاتێک گەیشت، بینی وا ئەفسەرەکانی سوپا پێکەوە دانیشتوون. گوتی: «ئەی سەرکردە، قسەیەکم بۆ تۆ پێیە.» یێهو لێی پرسی: «بۆ کامەمان؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «بۆ تۆ، ئەی سەرکردە.» یێهو هەستا و چووە ماڵەکە. پێغەمبەرەکە زەیتەکەی کرد بە سەری یێهودا و پێی گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وای فەرمووە: ”وەک پاشا دەستنیشانم کردوویت بۆ گەلی یەزدان، بۆ ئیسرائیل. لە بنەماڵەی ئەحاڤی گەورەشت دەدەیت، تۆڵەی خوێنی بەندە پێغەمبەرەکانم و خوێنی هەموو بەندەکانی یەزدان لە ئیزابێل دەکەمەوە. هەموو بنەماڵەی ئەحاڤ لەناودەبردرێت. هەموو نێرینەیەک لە ئەحاڤ، کۆیلە و ئازاد، لە ئیسرائیل ڕیشەکێش دەکەم. بنەماڵەی ئەحاڤیش وەک بنەماڵەی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات و بنەماڵەی بەعشای کوڕی ئاحییا لێ دەکەم. ئیزابێلیش لەو پارچە زەوییەی کە لە یەزرەعیلە سەگ دەیخوات و کەسیش نابێت بینێژێت.“» ئینجا دەرگاکەی کردەوە و هەڵات. کاتێک یێهو چووە دەرەوە بۆ لای برا ئەفسەرەکانی، لێیان پرسی: «خێرە، ئەو شێتە بۆ چی هاتە لات؟» یێهو وەڵامی دایەوە: «ئێوە پیاوەکە دەناسن و دەشزانن چ قسەیەک دەکات.» ئەوانیش گوتیان: «ئەوە ڕاست نییە! ئینجا پێمان بڵێ.» یێهو گوتی: «ئەوەی پێ گوتم: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: دەستنیشانم کردوویت بە پاشای ئیسرائیل.“» هەریەکە و بە پەلە کەواکەی داکەند و لەژێر پێی یێهو لەسەر پلەکانی پێپلیکانەکە ڕایانخست. فوویان بە کەڕەنادا کرد و هاواریان کرد، «یێهو پاشایە!» کوشتنی یۆرام و ئەحەزیا ئیتر یێهوی کوڕی یەهۆشافاتی کوڕی نیمشی پیلانی لە دژی یۆرام گێڕا. یۆرام خۆی و هەموو ئیسرائیل بەرگرییان لە ڕامۆتی گلعاد دەکرد لە دژی حەزائێل پاشای ئارام. بەڵام یۆرام پاشا گەڕابووەوە یەزرەعیل، هەتا لەو برینانە چاک بێتەوە کە لەلایەن ئارامییەکانەوە بریندار کرا، لە کاتی جەنگ لە دژی حەزائێلی پاشای ئارام. ئینجا یێهو گوتی: «ئەگەر حەز دەکەن بمکەنە پاشا، مەهێڵن کەس لە شارەکە دەربازبێت و بچێت لە یەزرەعیل ڕایبگەیەنێت.» ئینجا یێهو سواری گالیسکە بوو و چوو بۆ یەزرەعیل، چونکە یۆرام لەوێ لەناو جێگا کەوتبوو، هەروەها ئەحەزیای پاشای یەهودا بۆ سەردانی یۆرام چووبوو. ئێشکگرێک لەسەر قوللەکەی یەزرەعیل ڕاوەستابوو چاوی بە سەربازەکانی یێهو کەوت کاتێک بەرەو پێش دەهاتن، گوتی: «من کۆمەڵێک سەرباز دەبینم.» یۆرامیش گوتی: «سوارێک ببە و بینێرە بۆ بینینیان، با لێیان بپرسێ: ”ئایا بۆ ئاشتی هاتوون؟“» ئیتر ئەسپ سوارەکە چوو بۆ بینینی و گوتی: «پاشا دەڵێت: ”ئایا بۆ ئاشتی هاتوون؟“» یێهو گوتی: «بۆچی باسی ئاشتی دەکەی؟ بەدوام بکەوە.» ئینجا ئێشکگرەکە بە پاشای ڕاگەیاند: «نێردراوەکە گەیشتە لایان، بەڵام نەگەڕایەوە.» پاشان ئەسپ سوارێکی دیکەی نارد و هات بۆ لایان و گوتی: «پاشا دەڵێت: ”ئایا بۆ ئاشتی هاتوون؟“» یێهو گوتی: «بۆچی باسی ئاشتی دەکەی؟ بەدوام بکەوە.» دیسان ئێشکگرەکە ڕایگەیاند: «گەیشتە لایان، بەڵام نەگەڕایەوە. لێخوڕینەکە وەک لێخوڕینی یێهوی کوڕی نیمشی وایە، چونکە شێتانە لێدەخوڕێت.» یۆرام فەرمانی دا: «گالیسکەکەم بۆ ببەستن.» گالیسکەکەی بەسترا. یۆرامی پاشای ئیسرائیل و ئەحەزیای پاشای یەهودا هەریەکە بە گالیسکەکەی خۆیان چوونە دەرەوە بەرەوپیری یێهو. لەناو ئەو زەوییەی کە هی ناڤۆتی یەزرەعیلی بوو تووشی بوون. کاتێک یۆرام یێهوی بینی، لێی پرسی: «یێهو، ئایا بۆ ئاشتی هاتوویت؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «هەتا بتپەرستی و جادووگەری ئیزابێلی دایکت بەردەوام بێت، چۆن ئاشتی فەراهەم دەبێت؟» یۆرام ڕووی وەرگێڕا و هەڵات، هاواری بۆ ئەحەزیا کرد: «ئەحەزیا، ناپاکییە!» یێهوش کەوانەکەی ڕاکێشا و تیرێکی لەنێو شانەکانی یۆرام دا. تیرەکە لە دڵییەوە هاتە دەرەوە، لەناو گالیسکەکەی کەوت. یێهو بە بیدقەری ئەفسەری گالیسکەکانی گوت: «هەڵیبگرە و فڕێیبدە ناو کێڵگەکەی ناڤۆتی یەزرەعیلی. لەبیرت بێت کاتێک من و تۆ پێکەوە بەدوای ئەحاڤی باوکیدا سواری گالیسکە بووین، یەزدان ئەم سروشەی9‏:25 فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.‏ سەبارەت بەو ڕاگەیاند: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: دوێنێ خوێنی ناڤۆتی یەزرەعیلی و کوڕەکانیم بینی، لەم زەوییەدا تۆڵەت لێ دەکەمەوە، ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“9‏:26 بڕوانە یەکەم پاشایان 21‏:19.‏ ئێستاش بەپێی فەرمایشتی یەزدان هەڵیبگرە و فڕێیبدە ناو کێڵگەکە.» کاتێک ئەحەزیای پاشای یەهودا ئەمەی بینی، بە ڕێگای بێت‌هەگان هەڵات. یێهو ڕاوی نا و گوتی: «ئەویش بکوژن!» ئەوانیش لە هەورازەکەی گور ئەوەی لەلای یەڤلەعامە لەناو گالیسکەکەی لێیاندا. بەڵام بۆ مەگیدۆ هەڵات و لەوێ مرد. خزمەتکارەکانیشی بەرەو ئۆرشەلیم تەرمەکەیان سواری گالیسکەیەک کرد و لەوێ لە گۆڕەکەیدا لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داود ناشتیان. لە ساڵی یازدەیەمینی پاشایەتی یۆرامی کوڕی ئەحاڤ، ئەحەزیا ببوو بە پاشای یەهودا. کوشتنی ئیزابێل ئینجا یێهو هاتە یەزرەعیل، ئیزابێلیش ئەمەی بیستەوە و کلی لە چاوەکانی کرد، پرچی ڕێکخست و لە پەنجەرەکەوە تەماشای خوارەوەی کرد. کە یێهو لە دەروازەکەوە هاتە ژوورەوە، لێی پرسی: «ئەی زیمری، بکوژی گەورەکەت، ئایا بۆ ئاشتی هاتوویت؟» ئەویش چاوی بۆ لای پەنجەرەکە هەڵبڕی و گوتی: «کێ لەگەڵ منە، کێ؟» دوو سێ کاربەدەستیش تەماشای ئەویان کرد لە خوارەوە. یێهو گوتی: «فڕێیبدەنە خوارەوە!» ئەوانیش فڕێیان دایە خوارەوە، ئەویش بە ئەسپەکانی پێشێلی کرد و هەندێک لە خوێنەکەی بە دیوارەکە و ئەسپەکانی پرژا. پاشان یێهو هاتە ژوورەوە و خواردی و خواردیەوە، ئینجا گوتی: «ئاگاداری ئەو ژنە نەفرەت لێکراوە بن و بینێژن، چونکە کچی پاشایە.» بەڵام کاتێک چوون بینێژن، جگە لە کەللەسەری و پێیەکانی و لەپی دەستی هیچی دیکەیان نەدۆزییەوە. گەڕانەوە و بە یێهویان ڕاگەیاند. ئەویش گوتی: «ئەمە فەرمایشتی یەزدانە کە لە ڕێگەی ئەلیاسی تیشبی خزمەتکاریەوە فەرمووی، لە پارچە زەوییەکەی یەزرەعیل سەگ گۆشتی ئیزابێل دەخۆن.9‏:36 سەگ گۆشتی ئیزابێل دەخۆن: بڕوانە یەکەم پاشایان 21‏:23.‏ لاشەکەی ئیزابێلیش وەک زبڵ دەبێت لەسەر کێڵگەی زەوییەکەی یەزرەعیل، هەتا نەڵێن ”ئەمە ئیزابێلە.“» کوشتنی ماڵی ئەحاڤ ئەحاڤ حەفتا کوڕی لە سامیرە هەبوو. جا یێهو چەند نامەیەکی نووسی و ناردی بۆ کاربەدەستانی یەزرەعیل لە سامیرە، بۆ پیران و پەروەردەکارانی شازادەکانی ئەحاڤ و گوتی: «ئێوە کوڕەکانی گەورەکەتان و گالیسکە و ئەسپتان لەلایە، شاری قەڵابەند و چەکتان هەیە. بە گەیشتنی ئەم نامەیە لە کوڕانی گەورەکەتان چاکترین و شایستەترینیان هەڵبژێرن، لەسەر تەختی باوکی دایبنێن. ئینجا بۆ ماڵی گەورەکەتان بجەنگن.» بەڵام ئەوان زۆر زۆر ترسان و گوتیان: «دوو پاشا لەبەردەمی نەوەستان، ئێمە چۆن لەبەردەمی بوەستین؟» ئیتر سەرپەرشتیاری کۆشک و فەرمانڕەوای شارەکە و پیران و پەروەردەکارانی شازادەکانی ئەحاڤ پەیامێکیان بۆ یێهو نارد و گوتیان: «ئێمە خزمەتکاری تۆین و هەموو ئەوەی پێمانی بڵێی دەیکەین. ئێمە کەس ناکەینە پاشا، ئەوەی پێت باشە بیکە.» ئینجا یێهو نامەی دووەمی بۆ ناردن و گوتی: «ئەگەر ئێوە لەگەڵ مندان و گوێڕایەڵی من دەبن، کەللەسەری کوڕەکانی گەورەکەتان بهێنن و سبەینێ لەم کاتەدا وەرنە لام لە یەزرەعیل.» لەو کاتەدا حەفتا شازادە لەگەڵ گەورە پیاوانی شارەکە بوون، ئەوانەی کە پەروەردەیان دەکردن. کاتێک نامەکەیان پێگەیشت، کوڕەکانی پاشایان برد و هەر حەفتایان سەربڕین، کەللەسەرەکانیان لەناو چەند سەبەتەیەکدا دانا و ناردیان بۆ لای یێهو لە یەزرەعیل. کاتێک نێردراوەکە هات بە یێهوی ڕاگەیاند: «کەللەسەری کوڕەکانی پاشایان هێناوە.» ئەویش گوتی: «بە دوو کۆمەڵ کەڵەکەیان بکەن و هەتا بەیانی لە دەروازەی شارەکە دایانبنێن.» بەیانی یێهو چووە دەرەوە. لەبەردەم هەموو گەل ڕاوەستا و گوتی: «ئێوە بێتاوانن. ئەوە من لە گەورەکەم یاخی بووم و کوشتم، ئەی کێ هەموو ئەمانەی کوشت؟ لەبەر ئەوە بزانن کە هیچ وشەیەک لە فەرمایشتی یەزدان ناشکێت، کە لەسەر ماڵی ئەحاڤ فەرموویەتی. یەزدانیش ئەوەی کرد کە لە ڕێگەی ئەلیاسی بەندەیەوە فەرمووی.» ئینجا یێهو لە یەزرەعیل هەموو پاشماوەی ماڵی ئەحاڤی کوشت، هەروەها هەموو گەورە پیاو و دۆستی نزیک و کاهینەکانی لەناوبرد و کەسی بە زیندوویی نەهێشتەوە. پاشان یێهو هەستا و بەرەو سامیرە چوو. لە ڕێگادا، لە بێت‌عێقەدی شوانەکان، تووشی چەند خزمێکی ئەحەزیای پاشای یەهودا بوو، جا گوتی: «ئێوە کێن؟» ئەوانیش گوتیان: «ئێمە خزمەکانی ئەحەزیاین و هاتووینەتە خوارەوە هەتا سڵاو لە بنەماڵەی پاشا و شاژنی دایک بکەین.» ئەویش گوتی: «بە زیندوویی بیانگرن!» ئەوانیش بە زیندوویی گرتیانن و لەلای بیرەکەی بێت‌عێقەد سەریان بڕین کە چل و دوو کەس بوون. کەسیان بە زیندوویی نەهێشتەوە. دوای ئەوەی لەوێ ڕۆیشت، تووشی یەهۆنادابی کوڕی ڕێکاب بوو کە هاتبوو پێشوازی لێبکات. یێهو سڵاوی لێکرد و پێی گوت: «ئایا تۆش دڵسۆزی منیت، هەروەک من دڵسۆزی تۆم؟» یەهۆنادابیش وەڵامی دایەوە: «بەڵێ.» یێهو گوتی: «کەواتە، دەستتم بدەرێ.» ئینجا دەستی دایێ و یێهو سەری خستە ناو گالیسکەکە. یێهو گوتی: «لەگەڵم وەرە و دڵگەرمیم بۆ یەزدان ببینە.» ئینجا لەگەڵ خۆی سواری گالیسکەکەی کرد. کاتێک یێهو هاتە سامیرە، هەموو پاشماوەی بنەماڵەی ئەحاڤی لە سامیرە کوشت، لەناوی بردن، بەپێی فەرمایشتی یەزدان کە بە ئەلیاسی فەرموو. کوشتنی خزمەتکارەکانی بەعل ئینجا یێهو هەموو گەلی کۆکردەوە و پێی گوتن: «ئەحاڤ کەمێک خزمەتی بەعلی کرد، بەڵام یێهو خزمەتی زیاتری دەکات. ئێستاش هەموو پێغەمبەرەکانی بەعل و هەموو ئەوانەی دەیپەرستن و هەموو کاهینەکانیم بۆ بانگ بکەن. کەس بزر نەبێت، چونکە قوربانییەکی گەورە بۆ بەعل دەکەم. ئەوەی خۆی بدزێتەوە دەکوژرێت.» بەڵام یێهو ئەم فێڵەی بۆ بەعل‌پەرستەکان بەکارهێنا بۆ ئەوەی لەناویان ببات. ئینجا یێهو گوتی: «بانگەوازی کۆبوونەوەیەکی پیرۆز بکەن بۆ بەعل.» ئەوانیش بانگەوازیان کرد. یێهو بەناو هەموو ئیسرائیلدا بانگەوازی کرد، هەموو بەعل‌پەرستەکان هاتن، کەس نەما نەیەت. هاتنە پەرستگای بەعل و پەرستگای بەعلیان پڕکرد، لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر. ئینجا یێهو بە لێپرسراوی جلوبەرگەکانی گوت: «جلوبەرگ بۆ هەموو بەعل پەرستەکان بهێنە دەرەوە.» ئەویش جلوبەرگی بۆ هێنانە دەرەوە. پاشان یێهو و یەهۆنادابی کوڕی ڕێکاب هاتنە ناو پەرستگای بەعل و بە بەعل‌پەرستەکانی گوت: «بگەڕێن و ببینن نەوەک یەکێک لە بەندەکانی یەزدان لێرە لەگەڵتان بێت، تەنها بەعل پەرستان لێرە بمێننەوە.» ئیتر کە چوونە ژوورەوە بۆ ئەوەی قوربانی سووتاندن بکەن، هەشتا پیاو لە دەرەوە دانرابوون کە یێهو ئاگاداری کردبوونەوە: «ئەگەر یەک پیاو لەو پیاوانەی کە بە دەستی ئێوەم داوە دەرباز بێت، ئەوا گیانی ئێوە لە جیاتی گیانی ئەو دەبێت.» کاتێک یێهو لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندن بووەوە، بە پاسەوانە تایبەتەکان و ئەفسەرەکانی گوت: «بڕۆنە ژوورەوە و بیانکوژن، مەهێڵن کەس دەرباز بێت.» ئەوانیش بە شمشێر هەموویان کوشت. ئینجا پاسەوانە تایبەتەکان و ئەفسەرەکان فڕێیان دانە دەرەوە و بەرەو نزرگەی ناوەوەی پەرستگای بەعل ڕۆیشتن. کۆڵەکەکانی پەرستگای بەعلیان هێنایە دەرەوە. دوای ئەوەی سووتاندیانن، تێکیان شکاندن و پەرستگای بەعلیان ڕووخاند و کردیانە زبڵدان، هەتا ئێستاش شوێنەواری ماوە. ئیتر یێهو پەرستنی بەعلی لە ئیسرائیل نەهێشت، هەرچەندە لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، پەرستنی دوو گوێرەکە زێڕینەکە لە بێت‌ئێل و لە دان. پاشان یەزدان بە یێهوی فەرموو: «چونکە ئەوەی من پێم ڕاست بوو تۆ کردت، هەموو ئەوەی کە لە دڵم بوو دەرهەق بە ماڵی ئەحاڤ کردت، هەتا چوارەمین نەوەت لەسەر تەختی ئیسرائیل دادەنیشێت.» بەڵام یێهو ڕەچاوی ئەوەی نەکرد کە بە هەموو دڵییەوە بەپێی فێرکردنەکانی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بڕوات، لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات. لەو سەردەمەدا یەزدان دەستی بە بچووک کردنەوەی خاکی ئیسرائیل کرد، جا حەزائێل لەو سنوورانەی ئیسرائیلەوە لێی دان کە لە ڕۆژهەڵاتی بەری ئەوبەری ڕووباری ئوردون بوو (هەرێمی گاد و ڕەئوبێن و مەنەشە،) لە عەرۆعێر ئەوەی لەسەر دەربەندی ئەرنۆنە و لە گلعاد و باشان. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یێهو و هەموو کارەکانی و پاڵەوانیەتییەکەی کە کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. یێهو لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە سامیرە ناشتیان. ئیتر یەهۆئاحازی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. ئەو ماوەیەی کە یێهو لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد، بیست و هەشت ساڵ بوو. عەتەلیا و یۆئاش کاتێک عەتەلیای دایکی ئەحەزیاش کە بینی کوڕەکەی مردووە، هەستا و هەموو ڕەچەڵەکی شاهانەی لەناوبرد. بەڵام یەهۆشەڤەعی کچی یەهۆرام پاشا و خوشکی ئەحەزیا، یۆئاشی کوڕی ئەحەزیای برد و ڕفاندی پێش کوشتنی شازادەکان. ئەو و دایەنەکەی لە ژووری نوستن دانا بۆ ئەوەی لە عەتەلیا بیشارێتەوە، جا یۆئاش نەکوژرا. ماوەی شەش ساڵ لەگەڵ دایەنەکە بە نهێنی لە پەرستگای یەزدان بوو، لە کاتێکدا عەتەلیا فەرمانڕەوای خاکەکە بوو. لە ساڵی حەوتەم یەهۆیاداع ناردی بەدوای فەرماندەی یەکەی سەدان، پاسەوانەکان و پاسەوانە تایبەتەکان، هێنانی بۆ لای خۆی لە پەرستگای یەزدان، پەیمانێکی لەگەڵدا بەستن، لە پەرستگای یەزدان سوێندی دان و کوڕەکەی پاشای پیشان دان. ئینجا فەرمانی پێ کردن و گوتی: «ئەمە ئەو کارەیە کە ئێوە دەیکەن، ئێوە کە بە سێ تیپ لە ڕۆژی شەممە دەست بە پاسەوانی دەکەن، سێیەکتان لە کۆشکی شاهانە، سێیەکیش لە دەروازەی سوڕ و سێیەکیش لە دەروازەکەی پشت پاسەوانە تایبەتەکان، کە بە نۆرە پاسەوانی پەرستگاکە دەکەن. ئێوەش کە لەناو ئەو دوو تیپەی دیکە کە بە ئاسایی لە ڕۆژی شەممە ئەرکی پاسەوانیێتییان لە ئەستۆ نییە، پێویستە هەر هەمووتان لە پێناوی پاشا پاسەوانیێتی پەرستگای یەزدان بکەن. چواردەوری پاشا بگرن، هەرکەسە و چەکەکەی لە دەست بێت، ئەوەی بێتە ناو ڕیزەکانتانەوە دەکوژرێت. لەگەڵ پاشا بن بۆ هەرکوێیەک بچێت.» فەرماندەکانی یەکەی سەدانیش ئەوەیان کرد کە یەهۆیاداعی کاهین فەرمانی پێ کردن. هەر یەکێک پیاوەکانی خۆی برد و هاتنە لای یەهۆیاداعی کاهین، ئەوانەی لە ڕۆژی شەممە لەسەر ئەرکەکانیانن و ئەوانەش کە لەسەر ئەرک نین. کاهینەکەش ڕم و قەڵغانەکانی داودی پاشا کە لە پەرستگای یەزدان بوون دایە فەرماندەی یەکەی سەدان. پاسەوانە تایبەتەکان هەریەکە چەک بە دەست لە دەوری پاشا ڕاوەستان، لە نزیک قوربانگا و پەرستگا، لەلای باشووری پەرستگاکەوە هەتا لای باکوور. ئینجا یەهۆیاداع کوڕەکەی پاشای هێنایە دەرەوە و تاجەکەی لەسەر سەری دانا، وێنەیەکی پەیمانەکەی دایێ و کردیانە پاشا. دەستنیشانیان کرد و چەپڵەیان بۆ لێدا و گوتیان: «بژی پاشا!» کاتێک عەتەلیا گوێی لە دەنگی پاسەوانە تایبەتەکان و خەڵکەکە بوو، هاتە لای ئەو خەڵکەی لە پەرستگای یەزدان بوون. تەماشای کرد وا پاشا هەروەک چۆن نەریتە، لەلای کۆڵەکەکە ڕاوەستاوە، سەرکردەکان و کەڕەنا لێدەرەکان لەلای پاشان، هەموو گەلی خاکەکە دڵخۆشن و کەڕەنا لێ دەدەن. ئینجا عەتەلیا جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی و هاواری کرد: «ناپاکییە! ناپاکییە!» یەهۆیاداعی کاهینیش فەرمانی بە فەرماندەی یەکەی سەدان و ئەفسەرانی لەشکر کرد و پێی گوتن: «بیبەنە دەرەوەی ڕیزەکان و ئەوەش کە بەدوای کەوت بە شمشێر بیکوژن.» چونکە پێشتر کاهینەکە گوتبووی، «نابێت لەناو پەرستگای یەزدان بکوژرێت.» ئیتر گرتیان و لەسەر ڕێگای هاتنە ژوورەوەی ئەسپەکان بۆ کۆشکی پاشا کوژرا. یەهۆیاداعیش پەیمانی لەنێوان یەزدان لە لایەک و پاشا و گەل لە لایەکی دیکەوە بەست تاکو ببنە گەلی یەزدان. هەروەها پەیمانیشی لەنێوان پاشا و گەل بەست. ئینجا هەموو گەلی خاکەکە هاتنە ناو پەرستگای بەعل و تێکیاندا و قوربانگا و بتەکانیان بە تەواوەتی شکاند، مەتانی کاهینی بەعلیان لەبەردەم قوربانگاکان کوشت. یەهۆیاداعی کاهینیش چەند ئەفسەرێکی لەسەر پەرستگای یەزدان دانا. پاشان فەرماندەی سەدان و پاسەوان و پاسەوانە تایبەتەکان و هەموو گەلی خاکەکەی برد و پاشایان لە پەرستگای یەزدانەوە هێنایە خوارەوە، بە ڕێگای دەروازەی پاسەوانە تایبەتەکاندا چوونە ژوورەوە بۆ کۆشکی پاشا، پاشاش چووە شوێنی خۆی و لەسەر تەختی پاشایەتی دانیشت. هەموو گەلی خاکەکەش دڵخۆش بوون و شارەکە حەوایەوە، لەبەر ئەوەی عەتەلیایان لە نزیک کۆشکی پاشا بە شمشێر کوشت. یۆئاش کە بوو بە پاشا، کوڕێکی حەوت ساڵان بوو. یۆئاش پەرستگا چاک دەکاتەوە لە ساڵی حەوتەمی پاشایەتی یێهو، یۆئاش بوو بە پاشا و چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکی ناوی چیڤیا بوو، خەڵکی بیری شابەع بوو. یۆئاش لەبەرچاوی یەزدان ئەوەی ڕاست بوو کردی لە هەموو ئەو ماوەیەی کە یەهۆیاداعی کاهین فێری دەکرد. بەڵام نزرگەکانی سەر بەرزایی12‏:3 ئاماژەیە بۆ ئەو جێگایە بەرزانەی کە لەلایەن خودا هەڵنەبژێردرابوو، بەڵام گەل ڕێوڕەسمی پەرستنیان لێ ئەنجام دەدا. بڕوانە دواوتار 12‏:5.‏ تێکنەدران و گەل هێشتا لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند. یۆئاش بە کاهینەکانی گوت: «هەموو زیوە پیرۆزکراوەکانی هاتووەتە ناو پەرستگای یەزدان، زیوی داهاتەکان و زیوە نەزرکراوەکان12‏:4 نەزر: داوا لە خودا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کارێک و پابەند دەکرێت بە مەرجێکەوە. ئەگەر خودا ئەو کارە بکات، ئەوا دەرئەنجام ئەمیش ئەو کارە ئەنجام دەدات کە پێیەوە پابەندی کردووە. بڕوانە سەرژمێری 21‏:2.‏ و زیوە بەخشراوەکان کۆبکەنەوە. با هەر کاهینێک لە یەکێک لە خەزنەدارەکان زیو وەربگرێت، هەر داڕووخاوییەکیان لە پەرستگا بینییەوە چاکی بکەنەوە.» بەڵام لە ساڵی بیست و سێیەمی یۆئاشی پاشا هێشتا کاهینەکان داڕووخاوییەکانی پەرستگاکەیان چاک نەکردبووەوە. لەبەر ئەوە یۆئاشی پاشا یەهۆیاداعی کاهین و کاهینەکانی دیکەی بانگکرد و لێی پرسین: «بۆچی داڕووخاوی پەرستگاکەتان چاک نەکردووەتەوە؟ ئێستاش بۆ پێداویستییەکانی خۆتان زیو لە خەزنەدارەکان وەرمەگرن، بەڵکو دایبنێن بۆ چاککردنەوەی داڕووخاوییەکانی پەرستگاکە.» ئینجا کاهینەکان ڕازی بوون لەسەر ئەوەی زیو لە گەل وەرنەگرن و خۆشیان داڕووخاوییەکانی پەرستگاکە چاکنەکەنەوە. ئینجا یەهۆیاداعی کاهین سندوقێکی هێنا و کونێکی لە سەرەکەی کرد و لە نزیک قوربانگاکە داینا، لەلای ڕاستی شوێنی هاتنە ژوورەوەی خەڵکەکە بۆ ناو پەرستگای یەزدان. کاهینەکانیش ئەوانەی چاودێری دەروازەکەیان دەکرد، هەموو ئەو زیوەی هاتبووە پەرستگای یەزدانەوە تێیدا دایاننا. ئەوە بوو کاتێک بینییان زیوەکە لە سندوقەکە زۆر بووە، خامەی نهێنی12‏:10 ڕازپۆش.‏ پاشا و سەرۆک کاهین سەرکەوتن و ئەو زیوەی لە پەرستگای یەزدان بوو ژماردیان و لە کیسەیان کرد. ئینجا زیوە ژمێردراوەکەیان دایە دەست ئەوانەی بە کارەکە هەڵدەستان، سەرپەرشتیارانی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش خەرجیان کرد بۆ ئەوانەی لە پەرستگای یەزدان کاریان دەکرد: دارتاش، بیناساز، بەنا، نەقاڕەکان. هەروەها بۆ کڕینی دار و بەردی بڕاو بۆ چاککردنەوەی داڕووخاوی پەرستگای یەزدان و بۆ هەموو ئەوەی خەرج دەکرێت لە نۆژەنکردنەوەی پەرستگاکە. بەڵام بۆ پەرستگای یەزدان تەشتی زیو، مەقەست، تاس12‏:13 کاهین ئەم تاسانەی بۆ پرژاندنی خوێنی قوربانی بەکاردەهێنا، وەک هێمایەک بۆ کەفارەتی گوناهەکانی خەڵک. بڕوانە دەرچوون 29‏:20 و زەکەریا 9‏:15؛ 14‏:20 و عیبرانییەکان 9‏:13.‏ و کەڕەنا دروستنەکران، نە هیچ کەلوپەلێکی زێڕ و زیو، لەو زیوەی هاتبووە ناو پەرستگای یەزدانەوە. بەڵکو درانە ئەوانەی کە بە کارەکە هەڵدەستان و پەرستگای یەزدانیان پێ چاک دەکردەوە. لەو پیاوانەشیان نەدەکۆڵییەوە کە زیوەکەیان دەدانە دەست هەتا بیدەنە ئەوانەی کە بە کارەکە هەڵدەستان، چونکە بە دەستپاکییەوە کاریان دەکرد. بەڵام زیوی قوربانی تاوان و زیوی قوربانی گوناه، نەخرایە ناو پەرستگای یەزدانەوە، بەڵکو بۆ کاهینەکان بوو. لەو کاتە حەزائێلی پاشای ئارام چوو هێرشی کردە سەر گەت و گرتی. ئینجا ڕووی لە ئۆرشەلیم کرد هەتا هێرشی بکاتە سەر. یۆئاشی پاشای یەهوداش هەموو شتە تەرخانکراوەکانی یەهۆشافات و یەهۆرام و ئەحەزیای باوباپیرانی، پاشایانی یەهودا، لەگەڵ شتە پیرۆزکراوەکانی خۆی و هەموو زێڕی ناو گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشای برد و ناردنی بۆ حەزائێلی پاشای ئارام، ئەویش لە ئۆرشەلیم کشایەوە. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆئاش و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون. پاشان کاربەدەستەکانی هەستان و پیلانێکیان گێڕا، لە بێت‌میلۆ کە لەسەر ڕێگای سیڵایە یۆئاشیان کوشت. هەردوو خزمەتکارەکەی، یۆزاڤادی کوڕی شیمەعات و یەهۆزاڤادی کوڕی شۆمێر لێیاندا. یۆئاش کوژرا و لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داود نێژرا. ئیتر ئەمەسیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. پاشایەتی یەهۆئاحاز لە ساڵی بیست و سێیەمی پاشایەتی یۆئاشی کوڕی ئەحەزیای پاشای یەهودا، یەهۆئاحازی کوڕی یێهو بۆ ماوەی حەڤدە ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، لێی لا نەدا. ئیتر تووڕەیی یەزدان بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا، ماوەیەکی درێژ لەژێر دەسەڵاتی حەزائێلی پاشای ئارام و بەن‌هەدەدی کوڕی هێشتنییەوە. ئینجا یەهۆئاحاز لە یەزدان پاڕایەوە و یەزدانیش گوێی لێ گرت، چونکە بینی چۆن پاشای ئارام ئیسرائیل دەچەوسێنێتەوە. یەزدان ڕزگارکەرێکی دایە ئیسرائیل، لەژێر دەستی ئارامییەکان ڕزگار بوون و وەک جاران لەناو ماڵەکانیان نیشتەجێ بوون. بەڵام خۆیان لە گوناهەکانی بنەماڵەی یارۆڤعام لانەدا، هەمان گوناهی ئەویان کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، لەسەری بەردەوام بوون، هەروەها ستوونە ئەشێراکەش13‏:6 ستوونە ئەشێرا: هێمای خواژنە. بڕوانە یەکەم پاشایان 11‏:5.‏ لە سامیرە لە جێی خۆی ماوە. یەهۆئاحاز سوپای بۆ نەمابووەوە، جگە لە پەنجا سوار و دە گالیسکە و دە هەزار پیادە، چونکە پاشای ئارام لەناویبردبوون و وەک خۆڵی ژێر پێی لێکردبوون. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆئاحاز و هەموو ئەوەی کردی و هەموو دەستکەوتەکانی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. یەهۆئاحاز لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە سامیرە ناشتیان. ئیتر یەهۆئاشی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. پاشایەتی یەهۆئاش لە ساڵی سی و حەوتەمی پاشایەتی یۆئاشی پاشای یەهودا، یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحاز بۆ ماوەی شازدە ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، لە هیچ یەکێک لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، بەڵکو لەسەریان بەردەوام بوو. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆئاش و هەموو ئەوەی کردی و پاڵەوانییەکەی کە چۆن لە دژی ئەمەسیای پاشای یەهودا جەنگا لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. یەهۆئاش لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و یارۆڤعام لەسەر تەختەکەی دانیشت، یەهۆئاشیش لە سامیرە نێژرا، لەگەڵ پاشاکانی ئیسرائیل. ئەلیشەعیش نەخۆش کەوت بەو نەخۆشییەی کە پێی مرد، جا یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل چووە خوارەوە بۆ لای و لەسەری گریا و گوتی: «باوکە ڕۆ! باوکە ڕۆ! ئەی گالیسکەی ئیسرائیل و سوارەکانی!» ئەلیشەعیش پێی گوت: «کەوانێک و چەند تیرێک هەڵگرە.» ئەویش کەوانێک و چەند تیرێکی هەڵگرت. بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «دەستت لەسەر کەوانەکە دابنێ.» ئەویش دەستی دانا، ئەلیشەعیش دەستی خستە سەر دەستی پاشا. ئینجا گوتی: «پەنجەرەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات بکەوە.» ئەویش کردییەوە. ئەلیشەع گوتی: «بیهاوێ!» ئەویش هاویشتی. ئەلیشەع گوتی: «ئەمە تیری سەرکەوتنە لە یەزدانەوە، تیری سەرکەوتنە بە سەر ئارام، لە ئەفێق بە تەواوی ئارامییەکان لەناودەبەیت.» هەروەها گوتی: «تیرەکان ببە.» پاشاکەش بردنی، ئینجا ئەلیشەع بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «لە زەوییەکە بدە.» ئەویش سێ جار لێیدا و وەستا. جا پیاوەکەی خودا لێی تووڕە بوو و گوتی: «دەبووایە پێنج یان شەش جار لە زەوییەکەت بدایە، ئینجا بە تەواوی لە ئارامت دەدا هەتا لەناودەچوون، ئێستاش تەنها سێ جار لە ئارام دەدەیت.» پاشان ئەلیشەع مرد و ناشتیان. چەتەکانی مۆئاب هەموو بەهارێک دەهاتنە ناو خاکەکە. جارێکیان کاتێک هەندێک ئیسرائیلی پیاوێکیان دەناشت، لەناکاو کۆمەڵێک چەتەیان بینی، ئیتر تەرمی پیاوەکەیان فڕێدایە ناو گۆڕەکەی ئەلیشەع. جا کە پیاوەکە بەر ئێسقانەکانی ئەلیشەع کەوت، زیندوو بووەوە و هەستایەوە سەر پێیەکانی. حەزائێلی پاشای ئارامیش بە درێژایی سەردەمی یەهۆئاحاز ئیسرائیلی چەوساندەوە. بەڵام یەزدان لەگەڵیان میهرەبان و بە بەزەیی بوو، لەبەر پەیمانەکەی لەگەڵ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب ئاوڕی لێ دانەوە. هەتا ئەم کاتە نەیدەویست ڕیشەکێشیان بکات و دووریان بخاتەوە. پاشان حەزائێلی پاشای ئارام مرد و بەن‌هەدەدی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. ئینجا یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحاز گەڕایەوە و بە جەنگ شارۆچکەکانی لە دەست بەن‌هەدەدی کوڕی حەزائێل وەرگرتەوە، ئەوەی لە دەستی یەهۆئاحازی باوکی بردبووی، یەهۆئاش سێ جار بەزاندی و شارۆچکەکانی ئیسرائیلی گەڕاندەوە. پاشایەتی ئەمەسیا لە یەهودا لە ساڵی دووەمی پاشایەتی یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی پاشای ئیسرائیل، ئەمەسیای کوڕی یۆئاش بوو بە پاشای یەهودا. کاتێک بوو بە پاشا تەمەنی بیست و پێنج ساڵ بوو، بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکیشی ناوی یەهۆعەدین بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو. ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، بەڵام نەک وەکو داودی باپیرە گەورەی، بەڵکو وەک هەموو ئەوەی یۆئاشی باوکی کردی ئەویش کردی. لەگەڵ ئەوەش نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران، هێشتا گەل لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند. کاتێک جڵەوی پاشایەتییەکە لە دەستی جێگیر بوو، سزای مردنی بەسەر ئەو کاربەدەستانەدا سەپاند کە پاشای باوکیان کوشتبوو. بەڵام کوڕی بکوژەکانی نەکوشت، بەگوێرەی ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، کە یەزدان فەرمانی داوە و فەرموویەتی: «باوک لە جیاتی کوڕ ناکوژرێت و کوڕ لە جیاتی باوک ناکوژرێت، هەر یەکێک لەسەر گوناهی خۆی دەکوژرێت.»14‏:6 لەسەر گوناهی خۆی دەکوژرێت: بڕوانە دواوتار 24‏:16.‏ ئەوە بوو لە دۆڵی خوێ14‏:7 دۆڵی خوێ: دەکەوێتە باشووری دەریای مردوو.‏ دە هەزار کەسی لە ئەدۆم کوشت و بە جەنگ سەلەعی گرت و ناوی لێنا یۆقتئێل، هەتا ئەمڕۆش ئەوە ناویەتی. پاشان ئەمەسیا نێردراوی ناردە لای یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی کوڕی یێهوی پاشای ئیسرائیل و پێی گوت: «وەرە، با ڕووبەڕوو شەڕ بکەین.» یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی ئەمەسیای پاشای یەهودای دایەوە و گوتی: «دڕکی لوبنانی ناردی بۆ لای دار ئورزی لوبنانی و گوتی: ”کچەکەت بدە بە کوڕەکەم تاکو ببێتە ژنی.“ ئینجا ئاژەڵێکی کێوی لە لوبنان بەسەر دڕکەکەدا ڕۆیشت و پانی کردەوە. تۆ ئەدۆمت شکاند، ئێستا لەخۆبایی بوویت. بەڕێزبە و لە ماڵی خۆت بمێنەوە! بۆچی بەڵا بەسەر خۆتدا دەهێنیت؟ ئینجا دەکەویت، خۆت و یەهوداش لەگەڵت.» بەڵام ئەمەسیا گوێی نەگرت، لەبەر ئەوە یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل هێرشی برد، لەگەڵ ئەمەسیای پاشای یەهودا لە بێت‌شەمەشی یەهودا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە. لە ئەنجامدا یەهودا بەرامبەر بە ئیسرائیل تێکشکان، هەرکەسە و بەرەو ماڵەکەی خۆی هەڵات. ئەمەسیای پاشای یەهودا، کوڕی یۆئاشی کوڕی ئەحەزیا، لەلایەن یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلەوە لە بێت‌شەمەش بە دیل گیرا. پاشان یەهۆئاش چوو بۆ ئۆرشەلیم و شوورای ئۆرشەلیمی لە دەروازەی ئەفرایمەوە هەتا دەروازەی گۆشەکە وێران کرد، کە چوار سەد باڵ14‏:13 چوار سەد باڵ: نزیکەی 180 مەتر.‏ بوو. هەموو زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکانی ناو پەرستگای یەزدان و ناو گەنجینەکانی کۆشکی پاشای برد، هەروەها چەندین بارمتەی گرت و گەڕایەوە سامیرە. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆئاش، ئەوەی کردی و پاڵەوانییەکەی کە نواندی، چۆن لە دژی ئەمەسیای پاشای یەهودا جەنگا، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. یەهۆئاش لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە سامیرە لەگەڵ پاشاکانی ئیسرائیلدا نێژرا. ئیتر یارۆڤعامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. ئەمەسیای کوڕی یۆئاشی پاشای یەهوداش لەدوای مردنی یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی پاشای ئیسرائیل، پازدە ساڵ ژیا. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەمەسیا لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون. لە ئۆرشەلیم پیلانیان لە دژی گێڕا و هەڵات بۆ لاخیش، ئینجا چەند پیاوێکیان بەدوایدا ناردە شاری لاخیش و لەوێ کوشتیان. بە ئەسپ هێنرایەوە ئۆرشەلیم و لەوێ لە شاری داود لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا. پاشان هەموو گەلی یەهودا عەزەریای14‏:21 هەروەها بە ناوی (عوزیا)ش هاتووە.‏ گەنجی شازدە ساڵانیان برد و لە جێی ئەمەسیای باوکی کردیانە پاشا. ئەو بەندەری ئێلەتی بنیاد ناوە و گەڕاندییەوە سەر یەهودا، پاش ئەوەی ئەمەسیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە. پاشایەتی یارۆڤعامی دووەم لە ساڵی پازدەیەمینی پاشایەتی ئەمەسیای کوڕی یۆئاشی پاشای یەهودا، یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل ماوەی چل و یەک ساڵ لە سامیرە پاشایەتی کرد. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، لە هیچ یەکێک لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات. ئەو بوو کە سنوورەکانی ئیسرائیلی گەڕاندەوە، لە دەروازەی حەماتەوە هەتا دەریای مردوو، بەپێی فەرمایشتی یەزدان کە لە ڕێگەی بەندەکەیەوە، لە ڕێگەی یونسی کوڕی ئەمیتەیەوە فەرمووبووی، ئەو پێغەمبەرەی خەڵکی گەت حێفەر بوو. یەزدان زەلیلیی تاڵی کۆیلە و ئازادی ئیسرائیلی بینی، کەس نییە یارمەتی ئیسرائیل بدات. یەزدانیش نەیفەرمووبوو کە ناوی ئیسرائیل لەژێر ئاسماندا دەسڕێتەوە، جا بە دەستی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاش ڕزگاری کردن. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یارۆڤعام و هەموو ئەوەی کردی و پاڵەوانییەکەی، چۆن جەنگا و چۆن دیمەشق و حەماتی گەڕاندەوە سەر ئیسرائیل، کە پێشتر سەر بە یەهودا بوون، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. یارۆڤعام لەگەڵ باوباپیرانی، لەگەڵ پاشاکانی ئیسرائیل سەری نایەوە. ئیتر زەکەریای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. پاشایەتی عەزەریا لە یەهودا لە ساڵی بیست و حەوتەمی پاشایەتی یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل، عەزەریای15‏:1 هەروەها بە ناوی (عوزیا)ش هاتووە.‏ کوڕی ئەمەسیا بوو بە پاشای یەهودا. گەنجێکی شازدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، پەنجا و دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکیشی ناوی یەخۆلیاهو بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو. بە هەمان شێوەی ئەمەسیای باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، تەنها ئەوە نەبێت نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران و گەل هێشتا لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند. یەزدان پاشای تووشی گەڕوگولی15‏:5 گەڕوگول: نەک تەنها گولی، بەڵام ئەم وشەیە بۆ چەند نەخۆشییەکی جیاوازی پێست بەکارهاتووە.‏ کرد و هەتا ئەو ڕۆژەی مرد چاکنەبووەوە، ئیتر لە ماڵێکی جیاکراوە نیشتەجێ بوو، یۆتامی کوڕی پاشاش سەرپەرشتیاری کۆشکەکە بوو، فەرمانڕەوایەتی گەلی خاکەکەی دەکرد. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی عەزەریا و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون. عەزەریا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە نزیکی باوباپیرانی لە شاری داود ناشتیان. ئیتر یۆتامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. پاشایەتی زەکەریا لە ئیسرائیل لە ساڵی سی و هەشتەمی پاشایەتی عەزەریای پاشای یەهودا، زەکەریای کوڕی یارۆڤعام شەش مانگ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد هەروەک چۆن باوباپیرانی کردیان و لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات. شەلومی کوڕی یاڤێش پیلانی لە دژی زەکەریا گێڕا، لەبەردەم گەل لێیدا و کوشتی، لە جێی ئەو بوو بە پاشا. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی زەکەریاش، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. ئیتر فەرمایشتەکەی یەزدان کە بە یێهوی فەرموو هاتە دی، کە فەرمووی: «هەتا چوارەمین نەوەت لەسەر تەختی ئیسرائیل دادەنیشێت.» پاشایەتی شەلوم شەلومی کوڕی یاڤێش لە ساڵی سی و نۆیەمی عوزیای15‏:13 (عەزەریا)شی پێ دەگوترێت.‏ پاشای یەهودا بوو بە پاشا و یەک مانگ لە سامیرە پاشایەتی کرد. ئینجا مەنەحێمی کوڕی گادئی لە تیرزەیەوە سەرکەوت و هاتە سامیرە، لە سامیرە لە شەلومی کوڕی یاڤێشی دا و کوشتی، لە جێی ئەو بوو بە پاشا. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی شەلوم و ئەو پیلانەی کە گێڕای، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. لەو کاتەدا مەنەحێم لە تیرزەیەوە هێرشی کردە سەر تیفسەح و دەوروبەری و هەموو ئەوەی تێیدا بوو، چونکە دەروازەی شارەکەیان بۆی نەکردەوە. تیفسەحی وێران کرد و سکی هەموو ژنە سکپڕەکانیشی هەڵدڕی. پاشایەتی مەنەحێم لە ساڵی سی و نۆیەمی عەزەریای پاشای یەهودا، مەنەحێمی کوڕی گادئی دە ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بە درێژایی ماوەی حوکمڕانییەکەی لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات. پاشان پولی15‏:19 پول: واتا تگلەت پلەسەر. بڕوانە ئایەتی 29.‏ پاشای ئاشور هاتە سەر خاکەکە و مەنەحێمیش هەزار تالنت15‏:19 هەزار تالنت: نزیکەی 34 تەن.‏ زیوی دایە پول، هەتا پاڵپشتی بکات بۆ ئەوەی جڵەوی پاشایەتییەکەی بگرێتە دەست. مەنەحێم ئەم بڕە زیوەی بەسەر ئیسرائیلدا سەپاند، بەسەر هەموو بە توانا و دەوڵەمەندەکان، هەتا بدرێتە پاشای ئاشور، پەنجا شاقل زیو15‏:20 پەنجا شاقل زیو: نزیکەی 0,6 کیلۆگرام.‏ لەسەر هەر پیاوێک، جا پاشای ئاشور گەڕایەوە و لەوێ لە خاکەکە نەمایەوە. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی مەنەحێم و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. مەنەحێم لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، ئیتر پەقەحیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. پاشایەتی پەقەحیا لە ساڵی پەنجایەمی عەزەریای پاشای یەهودا، پەقەحیای کوڕی مەنەحێم بوو بە پاشا، دوو ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. پەقەحیا لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد و لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات. یەکێک لە ئەفسەرەکانی، بە ناوی پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو، پیلانی لە دژی گێڕا. پەنجا پیاوی گلعادی لەگەڵ خۆی برد، لە سامیرە لەناو قەڵای کۆشکی پاشا پەقەحیای کوشت، هەروەها ئەرگۆڤ و ئەریەشی لەگەڵی کوشت. ئیتر پەقەح پەقەحیای کوشت و لە جێی ئەو بوو بە پاشا. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی پەقەحیا و هەموو ئەوەی کردی، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. پاشایەتی پەقەح لە ساڵی پەنجا و دووەمی عەزەریای پاشای یەهودا، پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو بوو بە پاشا، بیست ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. ئەویش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد و لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات. لە سەردەمی پەقەحی پاشای ئیسرائیل، تگلەت پلەسەری پاشای ئاشور هات، عییۆن، ئابێلی بێت‌مەعکا، یانۆوەح، قەدەش، حاچۆر، گلعاد، جەلیل و هەموو خاکی نەفتالی داگیر کرد و خەڵکەکەی ڕاپێچی ئاشور کرد. ئینجا هۆشێیەعی کوڕی ئێلە پیلانی لە دژی پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو گێڕا. هێرشی کردە سەری و کوشتی، لە ساڵی بیستەمینی یۆتامی کوڕی عوزیا لە جێی ئەو بوو بە پاشا. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی پەقەح و هەموو ئەوەی کردی، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. پاشایەتی یۆتام لە یەهودا لە ساڵی دووەمی پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهوی پاشای ئیسرائیل، یۆتامی کوڕی عوزیا بوو بە پاشای یەهودا. کاتێک بوو بە پاشا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکیشی یەروشای کچی سادۆق بوو. بە هەمان شێوەی عوزیای باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، تەنها ئەوە نەبێت نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران، گەل هێشتا لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند. یۆتام بوو کە دەروازەی سەرەوەی پەرستگای یەزدانی بنیاد ناوە. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆتام و ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون. لەو ڕۆژانەدا یەزدان دەستی بە ناردنی ڕەچینی پاشای ئارام و پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو کرد بۆ سەر یەهودا. ئیتر یۆتام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داودی باپیرە گەورەی لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا، ئاحازی کوڕیشی لە جێی ئەو بوو بە پاشا. پاشایەتی ئاحاز لە ساڵی حەڤدەیەمی پاشایەتی پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو، ئاحازی کوڕی یۆتام بوو بە پاشای یەهودا. ئاحاز گەنجێکی بیست ساڵان بوو کاتێک بوو بە پاشا، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. بە پێچەوانەی داودی باپیرە گەورەی، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگاری ڕاست بوو نەیکرد. هەمان ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیلی گرتەبەر، تەنانەت کوڕەکەشی کردە قوربانی سووتاندن، وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەی کرد کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردن. هەروەها لە نزرگەکانی سەر بەرزایی و لەسەر گردەکان و لەژێر هەموو دارێکی سەوزدا قوربانی سەربڕی و بخووری سووتاند. پاشان ڕەچینی پاشای ئارام و پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهوی پاشای ئیسرائیل بۆ جەنگ سەرکەوتنە ئۆرشەلیم و ئاحازیان گەمارۆ دا، بەڵام نەیانتوانی بەسەریدا زاڵ بن. لەو کاتەدا ڕەچینی پاشای ئارام ئێلەتی بۆ ئارامییەکان گەڕاندەوە و پیاوانی یەهودای لە ئێلەت دەرکرد. ئەدۆمییەکانیش هاتنە ئێلەت و لەوێ نیشتەجێ بوون هەتا ئەمڕۆ. ئاحاز نێردراوی ناردە لای تگلەت پلەسەری پاشای ئاشور و گوتی، «من خزمەتکار و لەژێر فەرمانی تۆم، سەربکەوە و لە دەستی پاشای ئارام و پاشای ئیسرائیل ڕزگارم بکە کەوا لێم ڕاست بوونەتەوە.» هەروەها ئاحاز ئەو زێڕ و زیوەی لەناو پەرستگای یەزدان و لەناو گەنجینەکانی کۆشکی پاشادا بوو بردی و بە دیاری بۆ پاشای ئاشوری نارد. پاشای ئاشوریش بە قسەی کرد و هێرشی کردە سەر دیمەشق و داگیری کرد. خەڵکەکەی ڕاپێچی قییر کرد، ڕەچینیشی کوشت. پاشان ئاحاز پاشا چوو بۆ دیمەشق بۆ ئەوەی چاوی بە تگلەت پلەسەری پاشای ئاشور بکەوێت. ئەو لە دیمەشق قوربانگایەکی بینی، ئیتر نەخشەی قوربانگاکە و بیناسازییەکەی بە هەموو وردەکاری دروستکردنەوە، بۆ ئوریای کاهینی نارد. ئوریای کاهینیش قوربانگایەکی بنیاد نا هەروەک ئەوەی ئاحازی پاشا لە دیمەشقەوە ناردی، ئوریای کاهین ئەوەی کرد هەتا ئاحازی پاشا لە دیمەشق هاتەوە. کاتێک پاشا لە دیمەشق هاتەوە و قوربانگاکەی بینی، لێی نزیک بووەوە و پێشکەشکراوەکانی لەسەر پێشکەش کرد. قوربانی سووتاندنەکەی و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی لەسەر سووتاند، شەرابە پێشکەشکراوەکەی ڕشت، خوێنی قوربانی هاوبەشییەکەی16‏:13 قوربانی هاوبەشی: ئەم قوربانییە هاودەمی قوربانی سووتاندن بوو. تەنها یەک کەس هەڵدەستا بە دابینکردنی ئەم قوربانییە، بەڵام لەگەڵ خەڵکی دیکە بەشی زۆری ئەم قوربانییەیان لەبەردەم خودا دەخوارد وەک هێمایەک بۆ پێکەوە ژیان. بڕوانە لێڤییەکان 7‏:11‏-15.‏ خۆی بەسەر قوربانگاکە پرژاند. قوربانگا بڕۆنزییەکەی بەردەم یەزدانیش، ئەوەی لەبەردەم پەرستگاکە بوو لەنێوان قوربانگاکە و پەرستگای یەزدان، بردی لەلای باکووری قوربانگا نوێیەکە داینا. ئینجا ئاحاز پاشا فەرمانی بە ئوریای کاهین کرد و پێی گوت: «لەسەر قوربانگا نوێیە گەورەکە، قوربانی سووتاندنی بەیانییان و پێشکەشکراوی دانەوێڵەی ئێواران، قوربانی سووتاندنی پاشا، پێشکەشکراوی دانەوێڵەکانی، قوربانی سووتاندنی هەموو خەڵکی خاکەکە و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکانیان لەسەری دەسووتێنیت. هەروەها شەرابە پێشکەشکراوەکەیان و خوێنی هەموو قوربانی سووتاندنێک و هەموو قوربانی سەربڕاوێکی لەسەر دەپرژێنیت. بەڵام من قوربانگا بڕۆنزییەکە بەکاردەهێنم بۆ داواکردنی ڕێنمایی لە خودا.» ئوریای کاهینیش هەمان ئەوەی کرد کە ئاحازی پاشا فەرمانی پێ کرد. پاشان ئاحاز پاشا تەختەداری عەرەبانەکانی ئاو گواستنەوەشی بڕییەوە و دەستشۆرەکەی لەسەری لابرد، حەوزە بڕۆنزییەکەشی16‏:17 کۆگای ئاو بووە، هەروەها پێی گوتراوە دەریا، بڕوانە دەرچوون 30‏:17‏-21.‏ لەسەر گایە بڕۆنزییەکان هێنایە خوارەوە کە لە ژێری بوون و لەسەر جێگایەکی بەردڕێژکراو دانا. بەڵام ئاحاز لە پێناو ڕەزامەندی پاشای ئاشور کەپری شەممەی لادا کە لەناو پەرستگای یەزدان دروستکرابوو، ئەو دەروازەیەشی داخست کە پاشا لێیەوە دەهاتە ژوورەوە. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئاحاز و ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون. ئاحاز لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داود نێژرا. ئیتر حەزقیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. هۆشێیەعی دواهەمین پاشای ئیسرائیل لە ساڵی دوازدەیەمی ئاحازی پاشای یەهودا، هۆشێیەعی کوڕی ئێلە لە سامیرە بوو بە پاشا، ماوەی نۆ ساڵ پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەڵام نەک وەکو پاشاکانی ئیسرائیل، ئەوانەی کە لەپێش خۆی بوون. شەلمەنەسەری پاشای ئاشور هێرشی کردە سەری. پێشتر هۆشێیەع ملکەچی بوو و سەرانەی دەدایێ، بەڵام پاشای ئاشور ناپاکی لە هۆشێیەع بینی، لەبەر ئەوەی چەند نێردراوێکی بۆ سۆی17‏:4 دەشێت (سۆ) کورتکراوەی ناوی پاشا ئۆسۆرکۆنی چوارەم بێت، کە لە ساڵی 730 یەوە هەتا 715 پ. ز. لە میسر پاشایەتی کرد.‏ پاشای میسر ناردبوو، هەروەها ئەو سەرانەی کە ساڵانە دەیدایە پاشای ئاشور ڕایگرتبوو. ئیتر شەلمەنەسەر گرتی و زیندانی کرد. پاشای ئاشور هێرشی کردە سەر هەموو خاکەکە و سەر سامیرە، سێ ساڵ گەمارۆی دا. لە ساڵی نۆی پاشایەتی هۆشێیەع، پاشای ئاشور سامیرەی داگیر کرد و خەڵکی ئیسرائیلی ڕاپێچی ئاشور کرد، لە حەلەح و گۆزانی کەناری ڕووباری خابوور و شارۆچکەکانی مادی نیشتەجێی کردن. بە دیل گرتنی ئیسرائیل بەهۆی گوناهەوە هەموو ئەمانە ڕوویدا، لەبەر ئەوەی خەڵکی ئیسرائیل گوناهیان کردبوو بەرامبەر بە یەزدانی پەروەردگاریان، ئەوەی لە خاکی میسرەوە لەژێر دەستی فیرعەونی پاشای میسر دەریهێنان. بەڵام خودای دیکەیان17‏:7 بڕوانە دواوتار 6‏:14.‏ پەرست و بەدوای بەجێهێنانی نەریتی ئەو گەلانە کەوتن کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردبوون، پەیڕەویان لە کار و کردەوەی پاشاکانی ئیسرائیل کرد. نەوەی ئیسرائیل بە نهێنی چەند کارێکیان لە دژی یەزدانی پەروەردگاریان کرد کە ڕاست نەبوون. لە قوللەکانی چاودێرییەوە هەتا شارە قەڵابەندەکان لە هەموو شارۆچکەکان نزرگەی سەر بەرزاییان بنیاد نا. لەسەر هەموو گردێکی بەرز و لەژێر هەموو دارێکی سەوز بەردی تەرخانکراو و ستوونە ئەشێراکانیان بۆ خۆیان دامەزراند. لەوێ لەسەر هەموو نزرگەکانی سەر بەرزایی بخووریان سووتاند، وەک ئەو گەلانەی یەزدان لەپێشیان ڕایماڵین، بە کارە خراپەکانیان یەزدانیان پەست کرد. ئەو بتانەیان پەرست کە یەزدان پێی فەرمووبوون، «ئەم شتە نەکەن.» یەزدانیش لە ڕێگەی هەموو پێغەمبەران و ڕاگەیەنەرانی پەیامی خودا ئیسرائیل و یەهودای ئاگادار کردەوە، فەرمووی: «لە ڕێگا خراپەکانتان بگەڕێنەوە و فەرمان و فەرزەکانم بەجێبهێنن، بەگوێرەی تەواوی ئەو تەوراتەی کە باوباپیرانی ئێوەم پێی ڕاسپارد، ئەوەی لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانمەوە بۆم ناردن.» بەڵام گوێیان نەگرت و وەک باوباپیرانیان کەللەڕەقییان کرد، ئەوانەی بڕوایان بە یەزدانی پەروەردگاریان نەکرد. فەرزەکانی ئەویان ڕەتکردەوە، هەروەها ئەو پەیمانەی کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستبووی و ئەو ئاگادارکردنەوانەی کە پێیدان ڕەتیان کردەوە. دوای بتی پووچ کەوتن و پووچ بوون. بەدوای ئەو گەلانەی دەوروبەریان کەوتن، کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوون، «وەک ئەوان نەکەن.» وازیان لە هەموو فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاریان هێنا و بۆ خۆیان دوو گوێرەکەی لەقاڵبدراویان دروستکرد و ستوونە ئەشێرایەکیان دروستکرد، کڕنۆشیان بۆ هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان برد و بەعلیان پەرست. کوڕ و کچەکانیان وەک قوربانی سووتاند. فاڵیان گرتەوە و جادووگەرییان کرد، خۆیان فرۆشت بۆ ئەنجامدانی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان خراپ بوو، ئیتر پەستیان کرد. لەبەر ئەوە یەزدان زۆر لە ئیسرائیل تووڕە بوو و لەبەردەمی خۆی دووری خستنەوە. تەنها هۆزی یەهودای هێشتەوە، تەنانەت یەهوداش فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاریان بەجێنەگەیاند. نەریتەکانی ئیسرائیلیان پەیڕەو کرد کە دایانهێنابوو. لەبەر ئەوە یەزدان هەموو وەچەی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە، زەلیلی کردن و ڕادەستی تاڵانکەرانی کردن، هەتا ئەوەی لەبەردەم خۆی دووری خستنەوە. کاتێک خودا ئیسرائیلی لە بنەماڵەی داود جیا کردەوە، یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتیان کردە پاشای خۆیان. یارۆڤعام ئیسرائیلی لە شوێنکەوتنی یەزدان دوورخستەوە و بووە هۆی ئەوەی کە ئەوان گوناهێکی گەورە بکەن. نەوەی ئیسرائیلیش هەموو ئەو گوناهانەی یارۆڤعامیان پەیڕەو کرد کە کردنی و خۆیان لێی لانەدا، هەتا ئەوەی یەزدان ئیسرائیلی لەبەردەم خۆی دوورخستەوە، هەروەک چۆن لە ڕێگەی هەموو بەندە پێغەمبەرەکانییەوە فەرمووبووی. ئیتر ئیسرائیل لە خاکەکەی خۆیانەوە ڕاپێچی ئاشور کران، هەتا ئەمڕۆش هەر لەوێن. نیشتەجێکردنی خەڵکی بێگانە لە سامیرە ئینجا پاشای ئاشور خەڵکی لە بابل و کووتا و عەڤا و حەمات و سفەرڤەیمەوە هێنا و لە شارۆچکەکانی سامیرە لە جێی نەوەی ئیسرائیل نیشتەجێی کردن. سامیرە بووە موڵکیان و لە شارۆچکەکانی نیشتەجێ بوون. لە سەرەتای حەوانەوەیان لەوێ، لە یەزدان نەترسان، ئیتر یەزدان شێری ناردە سەریان و لێی دەکوشتن. هەواڵیان گەیاندە پاشای ئاشور و گوتیان: «ئەو گەلانەی ڕاپێچت کردوون و لە شارۆچکەکانی سامیرە نیشتەجێت کردوون، داواکارییەکانی خوداوەندی خاکەکە نازانن، ئەویش شێری ناردووەتە سەریان و لێیان دەکوژێت، چونکە نازانن داواکارییەکانی خوداوەندی خاکەکە چییە.» پاشای ئاشور فەرمانی دا و گوتی: «یەکێک لەو کاهینانەی کە لەوێوە ڕاپێچتان کردوون بینێرنە ئەوێ، با بچێت و لەوێ نیشتەجێ بێت، یاساکانی خوداوەندی خاکەکەیان فێر بکات.» ئیتر یەکێک لەو کاهینانەی کە لە سامیرەوە ڕاپێچیان کردبوون هات و لە بێت‌ئێل نیشتەجێ بوو، فێری کردن کە چۆن یەزدان بپەرستن. لەگەڵ ئەوەش هەر گەلە لەو شارۆچکەیەی کە تێیدا نیشتەجێ ببوون بتیان بۆ خۆیان دروستکرد و لە نزرگەکانی سەر بەرزایی کە سامیرەییەکان دروستیان کردبوون دایاننان. جا خەڵکی بابل سوکۆت بەنۆتیان دروستکرد، خەڵکی کووتا نێرگەلیان دروستکرد، خەڵکی حەمات ئەشیمایان دروستکرد؛ عەڤییەکان نیڤحەز و تەرتاقیان دروستکرد، سفەرڤییەکانیش کوڕەکانی خۆیان دەسووتاند وەک قوربانی بۆ ئەدرەمەلەخ و عەنەمەلەخ، دوو خوداوەندی شاری سفەرڤەیم بوون. یەزدانیان دەپەرست و لەنێوان خۆشیاندا کاهینیان بۆ نزرگەی بەرزاییەکان دەستنیشان دەکرد، هەتا لە نزرگەکانی سەر بەرزایی قوربانییەکانیان بکەن. یەزدانیان دەپەرست، بەڵام خوداوەندەکانی خۆشیان دەپەرست، وەک نەریتی ئەو گەلانەی کە لێیەوە ڕاپێچ کرابوون. هەتا ئەمڕۆش لەسەر هەمان نەریتی پێشوویان دەڕۆن. نە یەزدان دەپەرستن، نە ئەو فەرز و حوکم و فێرکردن و فەرمانانەی بەجێدەهێنن کە یەزدان دایە نەوەی یاقوب، کە ناوی لێنا ئیسرائیل. کاتێک یەزدان پەیمانی لەگەڵ بەستن و فەرمانی پێ کردن و فەرمووی: «لە خودای دیکە مەترسن و کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن و قوربانییان بۆ سەر مەبڕن. بەڵکو دەبێت یەزدان بپەرستن، ئەوەی بە توانایەکی مەزن و دەستێکی بەهێزەوە لە خاکی میسر دەریهێنان، کڕنۆش بۆ ئەو ببەن و قوربانی بۆ ئەو سەرببڕن. بەردەوام فەرز و حوکم و فێرکردن و فەرمانەکان کە بۆی نووسین بەجێی بهێنن. خودای دیکە مەپەرستن. ئەو پەیمانەش کە لەگەڵتان بەستم لە یادی مەکەن، خودای دیکە مەپەرستن، بەڵکو یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن، ئەو لە دەست هەموو دوژمنەکانتان فریاتان دەکەوێت.» بەڵام گوێیان نەگرت، بەڵکو وەک نەریتی پێشوویان کرد. ئەو گەلانە یەزدانیان دەپەرست، لە هەمان کاتیشدا خزمەتی بتەکانی خۆیان دەکرد. هەروەها کوڕەکانیان و کوڕی کوڕەکانیشیان وەک باوباپیرانیان دەکەن، هەتا ئەمڕۆش. پاشایەتی حەزقیا لە ساڵی سێیەمی پاشایەتیی هۆشێیەعی کوڕی ئێلەی پاشای ئیسرائیل، حەزقیای کوڕی ئاحاز بوو بە پاشای یەهودا. گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی ئەبیای کچی زەکەریا بوو. بە هەمان شێوەی داودی باپیرە گەورەی، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی. ئەو نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکدا، بەردە تەرخانکراوەکانی شکاند و ستوونە ئەشێراکانی بڕییەوە. مارە بڕۆنزییەکەی وردوخاش کرد، ئەوەی موسا دروستی کرد، چونکە هەتا ئەو ڕۆژانەش نەوەی ئیسرائیل بخووریان بۆ دەسووتاند و ناویان لێ نابوو نەحوشتان. حەزقیا پشتی بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بەست، لەنێو هەموو پاشاکانی یەهودا کەس وەک ئەو نەبوو، چ ئەوانەی پێش خۆی و چ ئەوانەی دوای خۆی. ڕێگەی یەزدانی گرتە بەر و لێی لانەدا. فەرمانەکانی پاراست، کە یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو. یەزدان لەگەڵی بوو، لە هەموو ئەو کارانەی دەیکرد سەرکەوتنی بەدەستدەهێنا، هەروەها لە پاشای ئاشور یاخی بوو، ملکەچی نەبوو. فەلەستییەکانیشی هەتا غەزە و سنوورەکانی بەزاند، لە قوللەی چاودێرەکانەوە هەتا شاری قەڵابەند. لە ساڵی چوارەمی حەزقیا پاشا، کە دەکاتە ساڵی حەوتەمی هۆشێیەعی کوڕی ئێلەی پاشای ئیسرائیل، شەلمەنەسەری پاشای ئاشور لە دژی سامیرە لەشکری جوڵاند و گەمارۆی دا. ئاشورییەکان لەدوای سێ ساڵ سامیرەیان گرت. لە ساڵی شەشەمی حەزقیا کە دەکاتە ساڵی نۆیەمی هۆشێیەعی پاشای ئیسرائیل، سامیرە داگیر کرا. ئینجا پاشای ئاشور ئیسرائیلی ڕاپێچی ئاشور کرد و لە حەلەح و گۆزانی کەناری ڕووباری خابوور و شارۆچکەکانی مادی داینان. ئەمە ڕوویدا، چونکە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگاری خۆیان نەبوون، بەڵکو پەیمانەکەیان شکاند و هەموو ئەو شتانەی کە موسای بەندەی یەزدان فەرمانی پێ کرد، نە گوێیان لێ گرت و نە کاریشیان پێ کرد. لە ساڵی چواردەیەمی حەزقیا پاشا، سەنحێریبی پاشای ئاشور هێرشی کردە سەر هەموو شارە قەڵابەندەکانی یەهودا و داگیری کردن. لەبەر ئەوە حەزقیا پاشای یەهودا پەیامی بۆ پاشای ئاشور نارد لە لاخیش و گوتی: «من هەڵەیەکی گەورەم کرد. لەلای من بکشێوە، ئەوەی لەسەرم دەیسەپێنی دەیدەم.» پاشای ئاشور سێ سەد تالنت18‏:14 سێ سەد تالنت: نزیکەی 10 تەن.‏ زیو و سی تالنت18‏:14 سی تالنت: نزیکەی یەک تەن.‏ زێڕی لەسەر حەزقیای پاشای یەهودا سەپاند. حەزقیاش هەموو زیوەکانی ناو پەرستگای یەزدان و ناو گەنجینەکانی کۆشکی پاشای دایێ. لەو کاتە حەزقیا پاشای یەهودا ئەو زێڕەی داڕنی کە پەرستگای یەزدان و چوارچێوەی دەرگاکانی پێ ڕووپۆش کردبوو، دایە پاشای ئاشور. هەڕەشەی سەنحێریب لە ئۆرشەلیم پاشای ئاشور فەرماندەی گشتی و سەرۆکی دیوان و فەرماندەی ناوچەکەی بە سوپایەکی گەورەوە لە لاخیشەوە ناردە سەر حەزقیای پاشا لە ئۆرشەلیم. کاتێک سەرکەوتن و هاتن لەلای ئاوباری گۆمەکەی سەرەوە ڕاوەستان، کە لەسەر ڕێگای شوێنی جلشۆرینەکەیە، بانگی پاشایان کرد، ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیا سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی18‏:18 ڕازپۆش.‏ و یۆئاحی تۆمارکار کوڕی ئاساف چوونە دەرەوە بۆ لایان. فەرماندەی ناوچەکە پێی گوتن: «بە حەزقیا بڵێن: «”پاشای گەورە، پاشای ئاشور دەڵێت: تۆ پشتت بە چی بەستووە؟ تۆ دەڵێیت کە پلان و هێزت هەیە بۆ جەنگ، بەڵام ئەوە قسەی پووچە. ئێستاش پشتت بە کێ بەستووە تاکو لێم یاخی بیت؟ پشتت بەو قامیشە شکاوە بەستووە، بە میسر، ئەوەی کە هەرکەسێک خۆی بەسەردا بچەمێنێتەوە لەپی دەستی بریندار دەبێت و کونی دەکات! فیرعەونی پاشای میسر ئاوایە بۆ هەموو ئەوانەی پشتی پێ دەبەستن. ئەگەر پێشم بڵێن: ’پشتمان بە یەزدانی پەروەردگارمان بەستووە.‘ ئایا ئەوە ئەو نەبوو کە حەزقیا نزرگەکانی سەر بەرزایی و قوربانگاکانی تێکدا و بە یەهودا و ئۆرشەلیمی گوت: ’دەبێت لەبەردەم ئەم قوربانگایە کڕنۆش ببەن کە لە ئۆرشەلیمە‘؟ «”ئێستاش گرەو لەگەڵ پاشای ئاشوری گەورەم بکە، من دوو هەزار ئەسپت دەدەمێ، ئەگەر تۆ بتوانیت بۆ خۆت سوار لەسەریان دابنێیت! ئیتر چۆن دەتوانیت تاکە ئەفسەرێک لە خزمەتکارە بچووکەکانی گەورەکەم ببەزێنیت، تەنانەت ئەگەر پشت بە میسریش ببەستیت بۆ گالیسکە و سوار؟ لە کۆتاییدا ئایا من بەبێ فەرمانی یەزدان هاتووم بۆ سەر ئەم شوێنە هەتا وێرانی بکەم؟ یەزدان خۆی پێی فەرمووم: بەسەر ئەو خاکەدا بدە و وێرانی بکە.“» ئینجا ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیا و شەڤنا و یۆئاح بە فەرماندەی ناوچەکەیان گوت: «تکایە لەگەڵ خزمەتکارەکانت بە زمانی ئارامی قسە بکە، چونکە لێی تێدەگەین، لەبەرچاوی خەڵکەکەی سەر شووراکە بە عیبری قسەمان لەگەڵ مەکە.» بەڵام فەرماندەکە وەڵامی دانەوە: «ئایا گەورەم تەنها بۆ لای گەورەکەت و تۆی ناردووم هەتا ئەم قسانە بکەم؟ ئایا بۆ لای ئەو پیاوانەی سەر شووراکەی نەناردووم، هەتا لەگەڵ ئێوە پیسایی خۆیان بخۆن و میزی خۆیان بخۆنەوە؟» ئینجا فەرماندەکە وەستا و بە دەنگێکی بەرز بە زمانی عیبری هاواری کرد و گوتی: «گوێ لە قسەی پاشای گەورە بگرن، پاشای ئاشور! پاشا ئاوا دەڵێت: مەهێڵن حەزقیا فریوتان بدات، چونکە ناتوانێت لە دەستم ڕزگارتان بکات. مەهێڵن حەزقیا واتان لێ بکات پشت بە یەزدان ببەستن و بڵێت: ”بێگومان یەزدان فریامان دەکەوێت و ئەم شارە ناداتە دەست پاشای ئاشور.“ «گوێ لە حەزقیا مەگرن، چونکە پاشای ئاشور دەڵێت، ڕازی بن بە ملکەچبوون بۆ من، وەرنە دەرەوە بۆ لام. با هەرکەسە لە مێوەکەی خۆی و لە دار هەنجیرەکەی خۆی بخوات و ئاو لە ئەمباراوەکەی خۆی بخواتەوە، هەتا ئەو کاتەی دێم و دەتانبەمە خاکێکی وەک خاکەکەی خۆتان، خاکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ، خاکی نان و ڕەزەمێو، خاکی دار زەیتوون و هەنگوین. ژیان هەڵبژێرن نەک مردن! «گوێ لە حەزقیا مەگرن، چونکە فریوتان دەدات کە دەڵێت: ”یەزدان ڕزگارمان دەکات.“ ئایا خوداوەندی هیچ نەتەوەیەک توانی خاکەکەی خۆی لە دەست پاشای ئاشور ڕزگار بکات؟ کوان خوداوەندەکانی حەمات و ئەرپاد؟ کوان خوداوەندەکانی سفەرڤەیم و هێنەع و عیڤا؟ ئایا فریای سامیرە کەوتن لە دەستم؟ کام لە هەموو خوداوەندەکانی ئەو خاکانە توانی خاکەکەی خۆی لە دەستی من ڕزگار بکات؟ ئیتر چۆن یەزدان فریای ئۆرشەلیم دەکەوێت لە دەستی من؟» بەڵام گەل بێدەنگ بوون و بە یەک وشەش وەڵامیان نەدایەوە، چونکە پاشا فەرمانی کردبوو: «وەڵامی نەدەنەوە.» ئینجا ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیای سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی و یۆئاحی کوڕی ئاسافی تۆمارکار هاتنە لای حەزقیا و جلەکانیان دادڕی بوو، قسەکانی فەرماندەی ناوچەکەیان پێی ڕاگەیاند. پێشبینی ڕزگاربوونی ئۆرشەلیم کاتێک حەزقیای پاشا گوێی لەمە بوو، جلەکانی لەبەر خۆیدا دادڕی و بەرگی لە گوش دروستکراوی پۆشی و چووە ناو پەرستگای یەزدان. ئینجا ئەلیاقیمی سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی و کاهینانی باڵا کە هەموویان جلوبەرگی گوشیان پۆشیبوو ناردیانە لای ئیشایا پێغەمبەری کوڕی ئامۆچ، پێیان گوت: «حەزقیا دەڵێت، ئەمڕۆ ڕۆژی تەنگانە و سەرزەنشت و سووکایەتییە، وەک کاتێک کە کۆرپە لە سکی دایکیدا ئامادەیە بێتە دەرەوە، بەڵام دایکەکەی هێزی پاڵدانی نییە بۆ ئەوەی منداڵەکەی ببێت. بەڵکو یەزدانی پەروەردگارت گوێی لە هەموو قسەکانی فەرماندەی ناوچەکە بێت، کە گەورەکەی، پاشای ئاشور ناردی، تاکو سووکایەتی بە خودای زیندوو بکات، با یەزدانی پەروەردگارت سەرزەنشتی بکات لەسەر ئەو قسانەی یەزدانی پەروەردگارت گوێی لێبوو. ئیتر نوێژ بکە لە پێناوی ئەوانەی ماونەتەوە.» کاتێک خزمەتکارەکانی حەزقیای پاشا هاتنە لای ئیشایا، ئیشایاش پێی گوتن: «بە گەورەکەتان بڵێن: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لەو قسانە مەترسە کە گوێت لێیان بوو، کە خزمەتکارەکانی پاشای ئاشور کفریان بەرامبەر بە من کرد. گوێ بگرە! من وای لێ دەکەم هەواڵێک ببیستێت و بگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی، لەوێش بە شمشێر لەناوی دەبەم.“» کاتێک فەرماندەی ناوچەکە بیستییەوە کە پاشای ئاشور لاخیشی بەجێهێشتووە، کشایەوە، بینی پاشای ئاشور لە دژی لیڤنا دەجەنگێت. سەنحێریب دەربارەی تیرهاقای پاشای کوش19‏:9 ناوچەیەکە لە سەرووی ڕووباری نیل.‏ هەواڵی پێگەیشت کە لە میسرەوە لە دژی ئەو سوپای جوڵاندووە. ئیتر دیسان نێردراوی بۆ لای حەزقیا نارد و گوتی: «بە حەزقیای پاشای یەهودا بڵێن: ڕێگا مەدە خوداوەندەکەت ئەوەی کە پشتت پێی بەستووە فریوت بدات بەوەی کە دەڵێت: ”ئۆرشەلیم ناکەوێتە دەست پاشای ئاشور.“ بە دڵنیاییەوە تۆ خۆت بیستووتە کە پاشاکانی ئاشور چییان بە هەموو خاکەکان کردووە، بە تەواوی لەناویانبردوون. ئایا تۆ دەرباز دەبیت؟ ئایا خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانە فریای ئەوان کەوتن، ئەو نەتەوانەی باوباپیرانم لەناویانبردن، خوداوەندەکانی گۆزان و حەڕان و ڕەچەف و نەوەی عەدەن ئەوەی لە تێل‌ئەسار بوو؟ کوان پاشای حەمات و پاشای ئەرپاد و پاشای شارەکانی سفەرڤەیم، هێنەع و عیڤا؟» نوێژی حەزقیا حەزقیا نامەکەی لە دەستی نێردراوەکان وەرگرت و خوێندییەوە. ئینجا سەرکەوت بۆ پەرستگای یەزدان، لەبەردەم یەزدان ڕایخست. حەزقیا نوێژی بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، تۆ لەسەر تەخت لەنێوان کەڕوبەکان دانیشتوویت،19‏:15 لەنێوان کەڕوبەکان: جووتێک پەیکەری بوونەوەری ئاسمانی باڵدارە، لە شێوەی ئاژەڵ و مرۆڤدایە، بۆ پارێزگاریکردن لە سندوقی پەیمان دانرابوو، بڕوانە دەرچوون 25‏:22 و عیبرانییەکان 9‏:5.‏ تۆ بە تەنها خودای هەموو شانشینەکانی زەویت، تۆ ئاسمان و زەویت دروستکرد. ئەی یەزدان، گوێ شل بکە و ببیستە، ئەی یەزدان، چاوەکانت بکەرەوە و ببینە، گوێ لە پەیامەکەی سەنحێریب بگرە کە ناردوونی، هەتا سووکایەتی بە خودای زیندوو بکات. «ئەی یەزدان، ئەوە ڕاستە کە پاشاکانی ئاشور ئەم نەتەوانە و خاکەکانیان وێران کردووە. خوداوەندەکانیشیان لێ فڕێدانە ناو ئاگرەوە و لەناویانبردن، چونکە ئەوانە خودا نەبوون، بەڵکو تەنها دار و بەرد و دەستکردی مرۆڤ بوون. ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، لە دەستی ئەو ڕزگارمان بکە، تاکو هەموو شانشینەکانی زەوی بزانن کە بە تەنها تۆ، ئەی یەزدان، خودایت.» پێشبینی ڕووخانی پاشایەتی سەنحێریب ئینجا ئیشایای کوڕی ئامۆچ ناردی بۆ لای حەزقیا و گوتی: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: گوێم لە نوێژەکەت بوو سەبارەت بە سەنحێریبی پاشای ئاشور. ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان لەسەر ئەو فەرموویەتی: «”سییۆنی کچە19‏:21 دەربڕینێکی خوازەیە بۆ پایتەخت، مەبەست لە هەموو دانیشتووانی شارەکەیە.‏ پاکیزە19‏:21 پاکیزە: مەبەست لە وڵاتێکە کە داگیر نەکراوە.‏ بێزت لێ دەکاتەوە و گاڵتەت پێ دەکات. ئۆرشەلیمی کچ، کە تۆ هەڵدێیت پێت پێدەکەنێت. سووکایەتی و کفرت بە کێ کرد؟ دەنگت بەسەر کێدا بەرز کردەوە و چاوەکانت بە فیزەوە هەڵدەبڕیت؟ لەسەر خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل! لەسەر دەستی نێردراوەکانت سووکایەتیت بە پەروەردگار کرد. هەروەها دەڵێیت: ’بە زۆری گالیسکەکانمەوە من سەرکەوتمە سەر بەرزایی چیاکان، هەتا ئەوپەڕی لوبنان. بەرزترین دار ئورز و باشترین دار سنەوبەرم بڕییەوە. چوومە ئەوپەڕی سنوورەکانی، ناو چڕی دارستانەکانی. من لە خاکی بێگانەکان چەندین بیرم لێدا و ئاوم لێیان خواردەوە. بە بنی پێیەکانم هەموو لقەکانی نیلم کوێر کردەوە.‘ «”ئەی گوێت لێ نەبووە؟ من لەمێژە دیاریم کردووە، لە ڕۆژگاری کۆنەوە نەخشەم کێشاوە، ئێستاش دەیهێنمە دی، کە تۆ بێیت شارە قەڵابەندەکان بڕووخێنیت، هەتا ببنە وێرانەیەک لە کەڵەکە بەرد. دانیشتووانەکانیان بێ دەسەڵاتن، ڕەنگ زەرد و شەرمەزار بوون، بوونە گیای کێڵگە، ڕووەکی سەوز، گژوگیای سەربان، هەڵبزڕکاو بەر لەوەی گەشە بکات. «”بەڵام من هەستان و دانیشتنت و کاتی هاتوچۆکەت دەزانم، هەروەها هەڵچوونت لە دژی من. لەبەر ئەوەی هەڵچوونت لێم و خۆبەزلزانیت گەیشتنە گوێم، قولاپەکەم دەخەمە لووتت و لغاوەکەم لە لێوەکانت و بەو ڕێگایەدا دەتنێرمەوە کە لێوەی هاتوویت.“ «ئەی حەزقیا، ئەمەش نیشانەیە بۆ تۆ: «ئەم ساڵ دەغڵی خۆڕسک دەخۆن، ساڵی دووەم ئەوەی لەوەوە بەردەگرێت، بەڵام لە ساڵی سێیەم دەکێڵن و دەدورنەوە و مێو دەچێنن و لە بەرەکەی دەخۆن. ئەوانەی لە بنەماڵەی یەهودا دەرباز بوون و ماونەتەوە، جارێکی دیکە لە ژێرەوە ڕەگ دادەکوتن و لە سەرەوەش بەر دەگرن. لە ئۆرشەلیمەوە پاشماوەیەک بڵاو دەبنەوە و دەربازبووانیش لە کێوی سییۆنەوە، دڵگەرمی یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەکات. «لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی پاشای ئاشورەوە ئەمە دەفەرموێت: «نایەتە ناو ئەم شارەوە و تیرێکیش بۆ ئەوێ ناهاوێژێت. بە قەڵغانیشەوە لێی نایەتە پێشەوە و سەنگەریشی لێ ناگرێت. نایەتە ناو ئەم شارەوە، بەو ڕێگایەدا دەگەڕێتەوە کە پێیدا هاتووە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. بەرگری لەم شارە دەکەم و دەیپارێزم، لە پێناوی خۆم و لە پێناوی داودی بەندەم.» ئیتر لەو شەوەدا فریشتەی یەزدان هات و سەد و هەشتا و پێنج هەزار کەسی لەناو ئۆردوگای ئاشور کوشت، بەیانی زوو کە هەستان بینییان هەموویان لاشەی مردوون. ئینجا سەنحێریبی پاشای ئاشور دەستی کێشایەوە و ڕۆیشت، گەڕایەوە و لە نەینەوا مایەوە. لەدوای ئەوە، کاتێک سەنحێریب لە پەرستگای نیسرۆخی خوداوەندی کڕنۆشی بردبوو، هەردوو کوڕەکەی، ئەدرەمەلەک و سەرئەچەر، بە شمشێر لێیاندا و ڕایانکرد بۆ خاکی ئارارات. ئیتر ئێسەرحەدۆنی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. نەخۆشکەوتنی حەزقیا لەو ڕۆژانەی20‏:1 ڕووداوەکانی بەشی بیست لەپێش ڕووداوەکانی بەشەکانی 19‏–20 ڕوویانداوە.‏ حەزقیا نەخۆش کەوت، لە سەرە مەرگ بوو، ئیشایا پێغەمبەر کوڕی ئامۆچ هات بۆ لای و پێی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: وەسیەت بۆ ماڵەکەت بکە، چونکە دەمریت و ناژیت.» حەزقیا ڕووی لە دیوارەکە کرد و نوێژی بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئای یەزدان، ئەوەت لەیاد بێت کە چۆن بە دڵسۆزی و پڕ بە دڵ دۆستایەتیم کردیت، ئەوەی پێت باش بوو کردم.» ئینجا حەزقیا بەکوڵ گریا. بەر لەوەی ئیشایا هەیوانی کۆشکەکە بەجێبهێڵێت، فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی: «بگەڕێوە و بە حەزقیای فەرمانڕەوای گەلەکەم بڵێ: ”یەزدان، پەروەردگاری داودی باپیرە گەورەت ئەمە دەفەرموێت: گوێم لە پاڕانەوەکەت بوو و فرمێسکەکانتم بینی، ئێستا چاکت دەکەمەوە و لە ڕۆژی سێیەم دەچیتە پەرستگای یەزدان. پازدە ساڵ لە تەمەنت زیاد دەکەم و لە دەستی پاشای ئاشور فریای خۆت و ئەم شارەش دەکەوم، لە پێناوی خۆم و لە پێناوی داودی بەندەم بەرگری لەم شارە دەکەم.“» ئینجا ئیشایا گوتی: «نیوەلمەکێک20‏:7 نیوەنمەک.‏ لە هەنجیر دروستبکەن.» ئەوانیش هێنایان و خستیانە سەر دومەڵەکە و چاک بووەوە. حەزقیا لە ئیشایای پرسی بوو: «ئەو نیشانەیە چییە کە یەزدان چاکم دەکاتەوە و لە ڕۆژی سێیەم دەچمە پەرستگای یەزدان؟» ئیشایا وەڵامی دایەوە: «یەزدان ئەو شتە دەکات کە پێشتر بەڵێنی پێدابووی. ئەمە لەلایەن یەزدانەوە نیشانەیە بۆت: ئایا دەتەوێ سێبەر دە پلە بچێتە پێش یان دە پلە بگەڕێتەوە دواوە؟»20‏:9 پلەبەندییەک ڕێکخراوە بۆ زانینی کات بەگوێرەی خۆر.‏ حەزقیاش گوتی: «بۆ سێبەر ئاسانە دە پلە بچێتە پێش. کەواتە وا بکە دە پلە بگەڕێتەوە دواوە.» ئینجا ئیشایای پێغەمبەر نزای بۆ یەزدان کرد و ئەویش دە پلە سێبەری گەڕاندەوە دواوە، بەپێی پلەبەندییەکەی ئاحاز پێی هاتە خوارەوە. نێردراوانی بابل لەو کاتەدا مەرۆدەخ بەلەدانی کوڕی بەلەدانی پاشای بابل نامە و دیاری بۆ حەزقیا نارد، چونکە بیستی کە حەزقیا نەخۆش کەوتووە. حەزقیا پێشوازی لێکردن و هەموو ماڵ و سامانەکەی پیشان دان، لە زێڕ و زیو و بۆن و زەیتی چاک و جبەخانەکەی و هەموو ئەو شتانەی کە لە گەنجینەکانی بوون. هیچ شتێک لە کۆشکەکەی و لە شانشینەکەی نەمایەوە کە حەزقیا پیشانیان نەدات. ئینجا ئیشایا پێغەمبەر هاتە لای حەزقیای پاشا و لێی پرسی: «ئەو پیاوانە چییان گوت و لەکوێوە هاتوونەتە لات؟» حەزقیاش وەڵامی دایەوە: «لە خاکێکی دوورەوە، لە بابلەوە هاتوون.» ئیشایا لێی پرسی: «چییان لە کۆشکەکەت بینی؟» حەزقیاش وەڵامی دایەوە: «هەموو شتەکانی ناو کۆشکەکەمیان بینی، لە گەنجینەکانم هیچ نەمایەوە کە پیشانیان نەدەم.» ئینجا ئیشایا بە حەزقیای گوت: «گوێ لە پەیامی یەزدان بگرە، یەزدان دەفەرموێت: بێگومان سەردەمێک دێت هەموو ئەوەی لە کۆشکەکەتدایە و هەموو ئەوەی باوباپیرانت هەتا ئەمڕۆ پاشەکەوتیان کردووە بۆ بابل بار دەکرێن، هیچ شتێک بەجێناهێڵدرێت. لە نەوەکانیشت، ئەوانەی لە تۆ دەبن، ئەوانەی بۆت لەدایک دەبن، لێیان دەبردرێت و لە کۆشکی پاشای بابل دەبنە کاربەدەستی خەسێنراو.» حەزقیا وەڵامی ئیشایای دایەوە و گوتی: «ئەو پەیامەی یەزدان کە بە منت دا، پەیامێکی باشە،» چونکە لەبیری خۆیدا گوتی: «ئایا ئاشتی و ئاسوودەیی لە ماوەی پاشایەتی خۆمدا نابێت؟» ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی حەزقیا، هەموو دەستکەوتەکانی و چۆن گۆمەکە و جۆگەکەی20‏:20 کەناڵێکی ئاوگواستنەوەی بە درێژایی 520 مەتر لە بەرد لەژێر زەوی دروستکردووە. سەرچاوەی ئاوەکەی لە کانی گیحۆن بووە لە دەرەوەی شوورای شاری ئۆرشەلیم، ئاوەکەی بۆ گۆمی سیلوام ڕاکێشاوە.‏ دروستکرد و ئاوی هێنایە ناو شارەکەوە لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون. حەزقیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، ئیتر مەنەشەی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. پاشایەتی مەنەشە مەنەشە کوڕێکی دوازدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، پەنجا و پێنج ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکیشی حەفچیڤا بوو. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەی کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردبوون. جا گەڕایەوە و ئەو نزرگانەی سەر بەرزایی بنیاد ناوە کە حەزقیای باوکی وێرانی کردبوون، هەروەها چەند قوربانگایەکی بەعلی دانا و ستوونە ئەشێرایەکی دروستکرد، وەک ئەوەی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل دروستی کردبوو، کڕنۆشی بۆ هەموو هێزەکانی ئاسمان برد و ئەوانی پەرست. چەند قوربانگایەکیشی لە پەرستگای یەزدان بنیاد نا، ئەوەی یەزدان فەرمووی، «ناوی خۆم لە ئۆرشەلیم دادەنێم.» لە هەردوو حەوشەکەی پەرستگای یەزدان قوربانگای بۆ هەموو هێزەکانی ئاسمان بنیاد نا. کوڕەکەشی وەک قوربانی سووتاند، بەختی خوێندەوە و فاڵی گرتەوە، نێوانگر21‏:6 نێوانگر: لێرە بەو واتایە دێت، کەسێکە کە گوایە هۆی پەیوەندی ڕێکخەرە لەنێوان خەڵکی مردوو و زیندوودا.‏ و ڕۆح ئامادەکاری21‏:6 ڕۆح ئامادەکار بەو کەسە دەگوترێت کە ڕۆح ئامادە دەکات. بڕوانە یەکەم ساموئێل 28‏:3؛ 8‏–9‏.‏ بەکارهێنا، لەبەرچاوی یەزدان خراپەی زیاتریشی کرد بۆ پەستکردنی. ئەو ستوونە ئەشێرایەش کە دروستی کرد و نەخشی لەسەر هەڵکەند، لەناو ئەو پەرستگایە داینا کە یەزدان لەبارەیەوە بە داود و سلێمانی کوڕی فەرمووبوو: «لەم پەرستگایە و لە ئۆرشەلیم ئەوەی لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵمبژاردووە بۆ هەتاهەتایە ناوی خۆمی تێدا دادەنێم. جارێکی دیکە وا ناکەم ئیسرائیل ئەو خاکە بەجێبهێڵێت کە بۆ باوباپیرانیان دیاریم کرد، تەنها ئەگەر ئاگاداربن لە جێبەجێکردنی هەموو ئەوەی فەرمانم پێ کردوون، لەگەڵ هەموو ئەو تەوراتەی کە موسای بەندەم فەرمانی پێ کردوون.» بەڵام ئەوان گوێیان نەگرت. مەنەشە گومڕای کردن، تاکو لەو گەلانە خراپتر بکەن کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا قڕی کردن. یەزدان لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانییەوە فەرمووی: «مەنەشەی پاشای یەهودا ئەم کردەوە قێزەونانەی کردووە، خراپتریشی کرد لە هەموو ئەوەی ئەمۆرییەکانی پێش خۆی کردیان، بەهۆی بتەکانییەوە یەهوداشی تووشی گوناه کرد. لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وای فەرموو: ”ئەوەتا من بەڵایەک بەسەر ئۆرشەلیم و یەهودا دەهێنم کە هەرکەس بیبیستێتەوە گوێی بزرنگێتەوە. هەمان گوریس کە بۆ پێوانەی سامیرە و هەمان شاووڵ کە بۆ پێوانی ماڵی ئەحاڤ بەکارمهێنا بەسەر ئۆرشەلیمدا ڕایدەکێشمەوە. هەروەک چۆن یەکێک قاپێک دەسڕێتەوە و سەرەونخوونی دەکات ئاوا ئۆرشەلیم دەسڕمەوە. پاشماوەی میراتەکەم ڕەت دەکەمەوە و دەیاندەمە دەست دوژمنەکانیان، دەبنە دەستکەوت و تاڵانی بۆ هەموو دوژمنانیان، چونکە لەو ڕۆژەوەی کە باوباپیرانیان لە میسرەوە هاتوونەتە دەرەوە لەبەرچاوی من خراپەیان کرد، هەتا ئەمڕۆش پەستم دەکەن.“» هەروەها مەنەشە خوێنێکی بێتاوانی زۆر زۆری ڕشت، تاکو ئۆرشەلیمی پڕکرد، لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر، بێجگە لەو گوناهەی کە وای لە یەهودا کرد لەبەرچاوی یەزدان خراپە بکەن. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی مەنەشە و هەموو ئەوەی کردی و گوناهەکانی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون. مەنەشە لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە باخچەی کۆشکەکەی، لە باخچەی عوزە نێژرا. ئیتر ئامۆنی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. پاشایەتی ئامۆن ئامۆن گەنجێکی بیست و دوو ساڵان بوو کاتێک بوو بە پاشا، دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی مەشولەمەتی کچی حاروچی خەڵکی یۆتڤا بوو. ئەمیش وەک مەنەشەی باوکی لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد. هەموو ئەو ڕێگایانەی گرتەبەر کە باوکی پەیڕەوی کردبوون، ئەو بتانەی پەرست کە باوکی دەیپەرستن، کڕنۆشی بۆ بردن. وازی لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆی هێنا و ڕێبازی یەزدانی پەیڕەو نەکرد. پاشان خزمەتکارەکانی ئامۆن پیلانیان لە دژی گێڕا و پاشایان لە کۆشکەکەی خۆی کوشت. ئینجا گەلی خاکەکە هەموو پیلانگێڕەکانی ئامۆن پاشایان کوشت، هەروەها یۆشیای کوڕییان لە جێی ئەو کردە پاشا. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئامۆن و ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون. ئامۆن لە گۆڕەکەی خۆی لە باخچەی عوزە نێژرا. ئیتر یۆشیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. دۆزینەوەی پەڕتووکی تەورات یۆشیا کوڕێکی هەشت ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سی و یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی یەدیدای کچی عەدایای خەڵکی بۆچقەت بوو. یۆشیا ئەوەی ڕاست بوو لەبەرچاوی یەزدان کردی، بە تەواوی ڕێبازەکەی داودی باپیرە گەورەی پەیڕەو کرد، بەلای ڕاست و چەپدا لای نەدا. لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتییەکەی، پاشا شافانی خامەی نهێنی کوڕی ئەچەلیاهوی کوڕی مەشولامی ناردە پەرستگای یەزدان و گوتی: «بڕۆ لای حیلقیای سەرۆکی کاهین، با ئەو زیوە بژمێرێت کە خراوەتە ناو پەرستگای یەزدانەوە، ئەوەی دەرگەوانەکان لەنێو گەل کۆیان کردووەتەوە. با بدرێتە دەست سەرپەرشتیارەکانی کارەکەی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش بیدەنە ئەو کرێکارانەی داڕووخاوییەکانی پەرستگای یەزدان چاک دەکەنەوە، دارتاش و وەستا و نەقاڕەکان. با دار و بەردی تاشراو بۆ نۆژەنکردنەوەی پەرستگاکە بکڕن. بەڵام هیچ لێپێچینەوەیەکیان لەگەڵ نەکرێت سەبارەت بەو زیوەی خرایە دەستیان، چونکە بە دەستپاکییەوە کار دەکەن.» ئینجا حیلقیای سەرۆک کاهین بە شافانی خامەی نهێنی گوت: «لە پەرستگای یەزدان پەڕتووکی تەوراتم دۆزیوەتەوە.» حیلقیا پەڕتووکەکەی دایە شافان و ئەویش خوێندییەوە. پاشان شافانی خامەی نهێنی پەڕتووکەکەی بۆ لای پاشا برد و پێی ڕاگەیاند: «کاربەدەستەکانت زیوی ناو پەرستگاکەیان بەتاڵ کرد و دایانە دەست کرێکار و سەرپەرشتیارانی پەرستگای یەزدان.» هەروەها شافانی خامەی نهێنی بە پاشای ڕاگەیاند و گوتی: «حیلقیای کاهین پەڕتووکێکی دامێ.» ئینجا شافان لەبەردەم پاشا خوێندییەوە. کاتێک پاشا گوێی لە وشەکانی پەڕتووکی تەورات بوو، جلەکانی لەبەر خۆی دادڕی. ئینجا پاشا فەرمانی بە حیلقیای کاهین و ئەحیقامی کوڕی شافان و عەکبۆری کوڕی میخایو و شافانی خامەی نهێنی و عەسایای خزمەتکاری پاشا کرد و گوتی: «بڕۆن و لە جیاتی من و ئەم گەلە و لە جیاتی هەموو یەهودا پرسیار لە یەزدان بکەن، سەبارەت بە پەیامی ئەم پەڕتووکەی کە دۆزراوەتەوە، چونکە ئەو تووڕەییەی یەزدان کە بەسەرماندا گڕی گرتووە مەزنە، لەبەر ئەوەی باوباپیرانمان گوێیان لە وشەکانی ئەم پەڕتووکە نەگرت بۆ ئەوەی هەموو ئەوەی لەسەرمان نووسراوە پەیڕەوی بکەن.» ئینجا حیلقیای کاهین و ئەحیقام و عەکبۆر و شافان و عەسایا چوونە لای حولدای پێغەمبەر کە ژنی شەلومی کوڕی تیقڤای کوڕی حەرحەسی لێپرسراوی جلوبەرگەکانی پەرستگا بوو، ئەو لە گەڕەکی دووەمی ئۆرشەلیم دەژیا، ئیتر قسەیان لەگەڵی کرد. حولدایش پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بەو پیاوە بڵێن کە ئێوەی بۆ لای من ناردووە، ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من وا بەڵا بەسەر ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەی دەهێنم، بەپێی هەموو ئەوەی لەو پەڕتووکە نووسراوە کە پاشای یەهودا خوێندییەوە. لەبەر ئەوەی وازیان لێ هێنام و بخووریان بۆ خوداکانی دیکە سووتاند، هەتا بە هەموو کارەکانی دەستیان پەستم بکەن، تووڕەییم بەسەر ئەم شوێنەدا گڕ دەگرێت و ناکوژێتەوە.“ بەڵام بە پاشای یەهودا ئەوەی ئێوەی ناردووە پرسیار لە یەزدان بکەن بڵێن، ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بەو وشانەی گوێت لێ بوو ئەوە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی کاتێک گوێت لە پەیامەکەم بوو لە دژی ئێوە کە ئەم شوێنە وێران دەکەم و دانیشتووانەکەی دەبنە مایەی نەفرەت، لەبەردەم یەزدان دڵت نەرم بوو و خۆتت نزم کردەوە، جلەکانت لەبەر خۆتدا دادڕی و لەبەردەمم گریایت، هەروەها منیش گوێم لێت بوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. لەبەر ئەوە من وا دەتخەمە پاڵ باوباپیرانت، جا بە ئاشتییەوە لە گۆڕەکەت دەنرێیت. ئەو هەموو کارەساتە بە چاوی خۆت نابینی کە من بەسەر ئەم شوێنەی دەهێنم.“» ئەوانیش وەڵامەکەیان بۆ پاشا بردەوە. پەیمان نوێکردنەوەی یۆشیا ئینجا پاشا ناردی و هەموو پیرانی یەهودا و ئۆرشەلیمی کۆکردەوە. لەگەڵ هەموو گەلی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم، کاهین و پێغەمبەرەکان و هەموو گەل لە گەورەوە هەتا بچووک چوونە پەرستگای یەزدان. لەبەردەمیان تەواوی وشەکانی پەڕتووکی پەیمانی خوێندەوە، ئەوەی لە پەرستگای یەزدان دۆزرایەوە. پاشا لەلای کۆڵەکەکە ڕاوەستا و لەبەردەم یەزدان پەیمانی دا23‏:3 ئەم پەیمان بەستنە وەک نوێکردنەوەی پەیمانە کۆنەکەیە کە یەزدان لەگەڵ موسا و گەلەکەی بەستبووی، بڕوانە دەرچوون 24‏:3‏-8.‏ کە دوای یەزدان بکەوێت و بە هەموو دڵ و گیانییەوە فەرمان و یاسا و فەرزەکانی بەجێبهێنێت، بۆ ئەوەی وشەکانی ئەم پەیمانەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە پەیڕەو بکرێت، هەموو گەلیش پابەندی پەیمانەکە بوون. ئینجا پاشا فەرمانی دا بە حیلقیای سەرۆک کاهین و کاهینەکانی کۆمەڵی دووەم و دەرگاوانەکان کە هەموو ئەو قاپوقاچاغانەی بۆ بەعل و ئەشێرا و هەموو هێزەکانی ئاسمان دروستکراون، لە پەرستگای یەزدان ببەنە دەرەوە و لە دەرەوەی ئۆرشەلیم لە کێڵگەکانی دۆڵی قدرۆن بیانسووتێنن و خۆڵەمێشەکەشی ببەنە بێت‌ئێل. کاهینە بتپەرستەکانیشی نەهێشت کە پاشاکانی یەهودا دایاننابوون تاکو لە نزرگەکانی سەر بەرزایی و لە شارۆچکەکانی یەهودا و دەوروبەری ئۆرشەلیم بخوور بسووتێنن، ئەوانەی بۆ بەعل و خۆر و مانگ و کەلووەکان و هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان بخووریان دەسووتاند. ئەو ستوونە ئەشێرایەشی لە پەرستگای یەزدانەوە بردە دۆڵی قدرۆن لە دەرەوەی ئۆرشەلیم و لەوێ سووتاندی، کوتای هەتا بووە خۆڵ، خۆڵەکەشی بەسەر گۆڕی مردووانی خەڵکەکە بە با کرد. ماڵی پیاوە لەشفرۆشەکانیشی ڕووخاند کە لەناو پەرستگای یەزدان بوون، ئەوەی کە ژنان لەوێ پەردەیان بۆ بتە ئەشێراکە دەچنی. یۆشیا هەموو کاهینەکانی لە شارۆچکەکانی یەهوداوە هێنا و ئەو نزرگانەی سەر بەرزایی گڵاوکرد کە کاهینەکان لەوێ بخووریان دەسووتاند، لە گەڤەعەوە هەتا بیری شابەع. نزرگەکانی دەروازەکانیشی ڕووخاند، ئەوەی لە بەردەم دەروازەی یەشوعی فەرمانڕەوای شارەکە بوو کە دەکەوتە لای چەپی دەروازەی شارەکە. هەرچەندە کاهینی نزرگەکانی سەر بەرزایی بۆیان نەبوو بچنە قوربانگای یەزدان لە ئۆرشەلیم، بەڵام لەگەڵ براکانیان نانی فەتیرەیان خوارد. ئینجا تۆفەتی دۆڵی بەن‌هینۆمی گڵاوکرد بۆ ئەوەی کەس کوڕەکەی یان کچەکەی بۆ مۆلەخ23‏:10 خوداوەندێکی کەنعانییە بتپەرستەکان بووە، بۆ پەرستنی هەستاون بە تێپەڕاندنی منداڵەکانیان بەناو ئاگردا. بڕوانە دووەم پوختەی مێژوو 28‏:3.‏ وەک قوربانی نەسووتێنێت. ئەو پەیکەری ئەسپانەش کە پاشاکانی پێشووی یەهودا بۆ خۆر تەرخانیان کردبوو، لە دەروازەی پەرستگای یەزدان ڕایماڵین. لە حەوشەکەی نزیک ژوورەکەی ناتان‌مەلەخی کاربەدەست بوون. پاشان یۆشیا گالیسکە تەرخانکراوەکانیشی بە ئاگر سووتاند، کە بۆ پەرستنی خۆر بەکاردەهێنران. ئەو قوربانگایانەشی تێکدا کە پاشاکانی یەهودا لە سەربانی ژووری سەرەوەی ئاحاز دروستیان کردبوو، هەروەها ئەو قوربانگایانەی کە مەنەشە لە هەردوو حەوشەکەی پەرستگای یەزدان بنیادی نابوون. پاشا لەوێش دووری خستنەوە، وردوخاشی کردن و دار و بەردەکەیان لە دۆڵی قدرۆن بە با کرد. ئەو نزرگانەی سەر بەرزاییش کە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیمن لەلای باشووری گردی گەندەڵین، ئەوانەی کە سلێمانی پاشای ئیسرائیل بنیادی نان بۆ عەشتۆرەتی خواژنە قێزەونی سەیدائییەکان و کەمۆشی خوداوەندی قێزەونی مۆئابییەکان و مۆلەخی خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان، پاشا هەموویانی گڵاوکرد. یۆشیا بەردە تەرخانکراوەکانی شکاند و ستوونە ئەشێراکانی بڕییەوە، شوێنەکانی بە ئێسکی خەڵک پڕکردەوە. هەروەها ئەو قوربانگایەی لە بێت‌ئێلە، ئەو نزرگەیەی سەر بەرزایی کە یارۆڤعامی کوڕی نەڤات دروستی کرد، ئەوەی بەهۆیەوە ئیسرائیلی تووشی گوناه کرد، یۆشیا ئەو قوربانگایە و ئەو نزرگەیەی سەر بەرزاییشی ڕووخاند، نزرگەکەی سووتاند و کوتای هەتا بووە خۆڵ، ستوونە ئەشێراکەشی سووتاند. ئینجا یۆشیا ئاوڕی دایەوە و ئەو گۆڕانەی بینی کە لەوێ لە چیاکە بوون، ناردی و ئێسکەکانی لە گۆڕەکانەوە برد و لەسەر قوربانگاکە سووتاندنی و گڵاوی کرد، بەپێی ئەو فەرمایشتەی یەزدان کە پیاوەکەی خودا بانگەوازی پێی کرد، ئەوەی بانگەوازی بەم فەرمایشتە کرد. ئینجا پاشا پرسیاری کرد: «ئەو کێلی گۆڕە چییە لەوێ دەیبینم؟» پیاوانی شارەکەش گوتیان: «ئەوە گۆڕی ئەو پیاوەی خودایە کە لە یەهوداوە هات و هەموو ئەو شتانەی ڕاگەیاند کە تۆ لە دژی قوربانگاکەی بێت‌ئێل کردت.» پاشا گوتی: «لێیگەڕێن، کەس ئێسکەکانی نەجوڵێنێت.» جا وازیان لە ئێسکەکانی ئەو هێنا لەگەڵ ئێسکەکانی ئەو پێغەمبەرەی کە لە سامیرەوە هاتبوو. هەروەها یۆشیا هەموو نزرگەکانی سەر بەرزایی کە شارۆچکەکانی سامیرە بوون، ئەوانەی پاشاکانی ئیسرائیل بۆ پەستکردنی یەزدان دروستیان کردبوو، تێکی دان و هەموو ئەوەی پێکردن کە لە بێت‌ئێل کردبووی. هەموو کاهینەکانی نزرگەکانی سەر بەرزاییش کە لەوێ بوون لەسەر قوربانگاکان سەری بڕین، ئێسکی مرۆڤی لەسەر قوربانگاکان سووتاند و پاشان گەڕایەوە ئۆرشەلیم. پاشا فەرمانی بە هەموو گەل دا و گوتی: «جەژنی پەسخە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن، وەک ئەوەی لەم پەڕتووکی پەیمانەدا نووسراوە.» جەژنی پەسخەی ئاوا نەکراوە، نە لە سەردەمی ڕابەران کە دادوەریێتی ئیسرائیلیان کردووە و نە لە هەموو سەردەمەکانی پاشاکانی ئیسرائیل و پاشاکانی یەهودا. بەڵام لە ساڵی هەژدەیەمینی یۆشیای پاشا ئەم جەژنەی پەسخە لە ئۆرشەلیم بۆ یەزدان گێڕدرا. هەروەها یۆشیا هەموو نێوانگر و ڕۆح ئامادەکار و پەیکەر و بت و هەموو پەیکەرە قێزەونەکان کە لە خاکی یەهودا و لە ئۆرشەلیم دەبینران لەناوی بردن، بۆ ئەوەی دەقی ئەو فێرکردنانە پەیڕەو بکات کە لەناو ئەو پەڕتووکە نووسراون کە حیلقیای کاهین لە پەرستگای یەزدان دۆزییەوە. هیچ پاشایەک لەپێش خۆی وەکو یۆشیا نەبوو، کە بە هەموو دڵ و گیان و هێزییەوە بگەڕێتەوە لای یەزدان، بەپێی هەموو تەوراتی موسا، لەپاش ئەویش کەسی وەک خۆی نەبوو. بەڵام گڕی تووڕەییە مەزنەکەی یەزدان دانەمرکایەوە، چونکە تووڕەییەکەی بەسەر یەهوداوە گڕی گرتبوو بەهۆی هەموو ئەو کارانەی کە مەنەشە یەزدانی پێ پەست کردبوو. ئیتر یەزدان فەرمووی: «هەروەها یەهوداش لەبەردەمم لادەبەم، هەروەک چۆن ئیسرائیلم لابرد، ئەم شارەش کە هەڵمبژارد، ئۆرشەلیم، لەگەڵ ئەو پەرستگایە ڕەت دەکەمەوە کە گوتم: ”ناوی من لەوێ دەبێت“23‏:27 بڕوانە یەکەم پاشایان 8‏:29.‏ ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆشیا و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون. لە سەردەمی پاشایەتیی یۆشیا، نێخۆی فیرعەونی میسر چوو لەلای ڕووباری فورات یارمەتی پاشای ئاشور بدات. یۆشیا پاشا چوو بەرەنگاری بێتەوە، بەڵام نێخۆ لە مەگیدۆ ڕووبەڕووی بووەوە و کوشتی. خزمەتکارەکانی بە مردوویی لە مەگیدۆوە خستیانە ناو گالیسکەوە و هێنایانە ئۆرشەلیم، لە گۆڕەکەی خۆیدا ناشتیان. ئینجا گەلی خاکەکە یەهۆئاحازی کوڕی یۆشیایان برد و دەستنیشانیان کرد، لە جێی باوکی کردیانە پاشا. پاشایەتی یەهۆئاحاز یەهۆئاحاز گەنجێکی بیست و سێ ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سێ مانگ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی حەموتەلی کچی یەرمیا بوو، خەڵکی لیڤنا بوو. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، هەروەک ئەوەی باوباپیرانی کردیان. جا نێخۆی فیرعەون لە ڕیڤلە لە خاکی حەمات بەندی کرد، تاکو لە ئۆرشەلیم پاشایەتی نەکات. هەروەها سەرانەی بەسەر یەهودا سەپاند، سەد تالنت زیو23‏:33 کەمێک زیاتر لە 3,4 تەنی زیو دەبوو.‏ و تالنتێک زێڕ23‏:33 تالنتێک: نزیکەی 3,4 کیلۆگرام.‏. هەروەها نێخۆی فیرعەون ئەلیاقیمی کوڕی یۆشیای لە جێی یۆشیای باوکی کردە پاشا و ناوەکەی گۆڕی بۆ یەهۆیاقیم، یەهۆئاحازیشی بردە میسر و لەوێ مرد. یەهۆیاقیم بۆ ئەوەی زێڕ و زیوەکە بداتە فیرعەون کە داوای لێی کردبوو باجی خستە سەر خاکەکە بۆ کۆکردنەوەی زێڕ و زیو لە خەڵکەکە بەگوێرەی توانایان، ئەو زێڕ و زیوە بدەنە نێخۆی فیرعەون. پاشایەتی یەهۆیاقیم یەهۆیاقیم گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی زەڤیدای کچی پەدایا بوو، خەڵکی ڕومە بوو. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، هەروەک ئەوەی باوباپیرانی کردیان. لە سەردەمی پاشایەتیی یەهۆیاقیم نەبوخودنەسری پاشای بابل هێرشی کردە سەری، یەهۆیاقیم سێ ساڵ ملکەچی بوو، بەڵام پاشان هەڵگەڕایەوە و لێی یاخی بوو. جا یەزدان چەتەکانی بابلی و ئارامی و مۆئابی و عەمۆنییەکانی ناردە سەری، ئەوانی ناردە سەر یەهودا تاکو بەپێی ئەو وشەیەی یەزدان کە لەسەر دەستی بەندە پێغەمبەرەکانی فەرمووبووی لەناوی ببەن. بێگومان ئەوەش بەپێی فەرمانی یەزدان بوو لەسەر یەهودا، بۆ ئەوەی بەهۆی گوناهەکانی مەنەشەوە لەبەردەمی خۆی لایانببات، بەهۆی هەموو ئەوەی کردی. هەروەها بەهۆی ئەو خوێنە بێتاوانەی کە ڕشتی و ئۆرشەلیمیشی پڕکرد لە خوێنی بێتاوان، ئینجا یەزدان نەیویست بیبەخشێت. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆیاقیم و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون. یەهۆیاقیم لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، ئیتر یەهۆیاکینی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. پاشای میسریش جارێکی دیکە لە خاکەکەی خۆی دەرنەچوو، چونکە پاشای بابل لە دۆڵی میسرەوە هەتا ڕووباری فوراتی داگیر کردبوو، هەموو ئەو خاکەی کە هی پاشای میسر بوو. پاشایەتی یەهۆیاکین یەهۆیاکین گەنجێکی هەژدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سێ مانگ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکیشی ناوی نەحوشتای کچی ئەلناتان بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو. ئەمیش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، هەروەک هەموو ئەوەی باوکی کردبووی. لەو کاتەدا ئەفسەرەکانی نەبوخودنەسری پاشای بابل چوونە سەر ئۆرشەلیم و شارەکەیان گەمارۆ دا. ئینجا نەبوخودنەسری پاشای بابل خۆی هاتە سەر شارەکە، لە کاتێکدا ئەفسەرەکانی گەمارۆیان دابوو. یەهۆیاکینی پاشای یەهودا لەگەڵ دایکی و خزمەتکارەکانی و میرەکانی و کاربەدەستانی خۆیان ڕادەستی پاشای بابل کرد. لە ساڵی هەشتەمی پاشایەتی نەبوخودنەسر پاشای بابل، یەهۆیاکینی دەستگیر کرد. پاشان نەبوخودنەسر هەموو گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشای بەتاڵ کرد، هەموو ئەو قاپوقاچاغە زێڕینانەشی برد کە سلێمانی پاشای ئیسرائیل لە پەرستگای یەزدان دروستی کردبوون، هەروەک یەزدان فەرمووی. هەموو ئۆرشەلیم، بگرە هەموو ئەفسەر و جەنگاوەر و پیشەوەر و ئاسنگەرەکانی ڕاپێچ کرد، کە دە هەزار ڕاپێچکراو بوون. کەس نەمایەوە جگە لە ڕەشوڕووتەکانی گەلی خاکەکە. نەبوخودنەسر یەهۆیاکینیشی ڕاپێچی بابل کرد، لەگەڵ دایکی پاشا و ژنەکانی پاشا و کاربەدەستەکانی و ڕابەرانی خاکەکە، لە ئۆرشەلیم بە دیلی گرتن و بۆ بابل ڕاپێچی کردن. هەروەها پاشای بابل هەموو جەنگاوەرە توانادارەکانی دەستگیر کرد کە ژمارەیان حەوت هەزار بوو، هەروەها پیشەوەر و زێڕنگەرە شارەزاکانیش هەزار کەس بوون، هەموو پاڵەوانەکانی جەنگی ڕاپێچی بابل کرد. پاشای بابل مەتەنیای مامی یەهۆیاکینی لە جێیەکەی کردە پاشا و ناوەکەشی گۆڕی بۆ سدقیا. پاشایەتی سدقیا سدقیا گەنجێکی بیست و یەک ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکی ناوی حەموتەلی کچی یەرمیای خەڵکی لیڤنا بوو. ئەمیش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک هەموو ئەوەی یەهۆیاقیم کردی. لەبەر تووڕەیی یەزدان بوو کە ئەمانە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا ڕوویدا، هەتا ئەوەی لەبەردەم خۆیدا دەریکردن. کەوتنی ئۆرشەلیم ئەوە بوو سدقیا لە پاشای بابل یاخی بوو. ئیتر لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەمی25‏:1 بەپێی ساڵنامەی یەهودا بەرامبەر بە ساڵنامەی ئێستا دەکاتە پێنجی مانگی یەک ساڵی 587ی پێش زایین. بڕوانە حزقیێل 24‏:1.‏ پاشایەتی سدقیا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هەموو سوپاکەی بەرەو ئۆرشەلیم جوڵاند و لەوێ ئۆردوگای دامەزراند، لە چواردەوری قوللەی بنیاد نا. هەتا ساڵی یازدەیەمی پاشایەتی سدقیا شارەکە لەژێر گەمارۆدا بوو. لە نۆی مانگی چواردا قاتوقڕی لە شارەکە هێندە سەخت بوو کە نان نەبوو گەلی خاکەکە بیخۆن. ئینجا شوورای شارەکە شکێنرا و هەموو جەنگاوەرەکان بە شەو بە ڕێگای دەروازەکەی نێوان دوو شووراکەی بەرامبەر باخچەی پاشادا هەڵاتن، هەرچەندە بابلییەکان لە چواردەوری شارەکە بوون. پاشا و ئەوانەی لەگەڵی بوون بە ڕێگای عەراڤادا25‏:4 عەراڤا شیوێک بوو لە دەریاچەی جەلیلەوە هەتا دەریای مردوو.‏ هەڵاتن، بەڵام سوپای بابلییەکان بەدوای پاشا کەوتن، لە دەشتی ئەریحا پێی گەیشتن. هەموو سوپاکەی پەرتەوازە بوو، جا پاشایان بە دیل گرت. بردیانە لای پاشای بابل لە ڕیڤلە، لەوێ دادگاییان کرد. کوڕەکانی سدقیایان لەبەرچاوی خۆی کوشت، پاشان هەردوو چاویشیان دەرهێنا و بە زنجیری بڕۆنز کۆتیان کرد و بردیانە بابل. لە حەوتی مانگی پێنجی ساڵی نۆزدەیەمی نەبوخودنەسری پاشای بابل، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی ئیمپراتۆر کە کاربەدەستی پاشای بابل بوو، هاتە ئۆرشەلیم. پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و هەموو ماڵەکانی ئۆرشەلیم و هەموو تەلارە گرنگەکانی سووتاند. شووراکانی چواردەوری ئۆرشەلیمیش لەلایەن سوپای بابلییەکانەوە ڕووخێنران، ئەوانەی لەگەڵ فەرماندەی پاسەوانانی پاشا بوون. پاشماوەی گەلیش ئەوانەی لە شارەکە مابوونەوە و ئەوانەی چووبوونە پاڵ پاشای بابل لەگەڵ پاشماوەی خەڵکەکە، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ڕاپێچی کردن. بەڵام فەرماندەی پاسەوانانی پاشا هەندێک لە خەڵکی ڕەشوڕووتی لە خاکەکە هێشتەوە بۆ کارکردن لە ڕەزەمێو و کێڵگەکان. کۆڵەکە بڕۆنزییەکان و عەرەبانەکانی ئاوگواستنەوە و حەوزە بڕۆنزییەکە کە لە پەرستگای یەزدان بوون، بابلییەکان پارچەپارچەیان کردن، بڕۆنزەکەشیان بۆ بابل بارکرد. هەروەها مەنجەڵ و خاکەناز، مەقەست، قاپەکان و هەموو ئەو قاپوقاچاغە بڕۆنزانەی لە خزمەتی پەرستگا بەکاردەهات. فەرماندەی پاسەوانانی پاشا هەموو ئەو شتانەی برد کە لە زێڕ و زیو دروستکرابوون، بخووردان و تاسیشی برد. بڕۆنزی دوو کۆڵەکەکە و حەوزەکە و عەرەبانەکانی ئاوگواستنەوە کە سلێمان بۆ پەرستگای یەزدان دروستی کردبوون، لە کێش نەدەهات. هەر کۆڵەکەیەک هەژدە باڵ25‏:17 هەژدە باڵ: نزیکەی 8,1 مەتر.‏ درێژییەکەی بوو. تاجێکی بڕۆنز لەسەر کۆڵەکەکە بوو، بەرزی تاجەکە سێ باڵ25‏:17 سێ باڵ: نزیکەی 1,4 مەتر.‏ بوو، کەتیبە و هەنارەکانیش لەسەر تاجەکە و لە چواردەوری هەمووی لە بڕۆنز بوون. بۆ هەر یەکێک لە کۆڵەکەکان هەمان شت هەبوو لەگەڵ کەتیبەکەی. فەرماندەکەی پاسەوانانی پاشا سەرایای سەرۆک کاهین و سەفەنیای کاهینی دووەم و سێ دەرگاوانەکەی گرت. لە شارەکەش ئەو ئەفسەرەی گرت کە لێپرسراوی جەنگاوەرەکان بوو، پێنج ڕاوێژکاری پاشاشی گرت. هەروەها خامەی نهێنی25‏:19 ڕازپۆشێک تایبەت بوو بە ناونووسینی پیاوانی ئیسرائیل بۆ سەربازی.‏ سوپاسالاری گرت، ئەوەی بەرپرسی بە سەربازکردن بوو، لەگەڵ شەست پیاو کە لە شارەکە بەرچاو کەوتن. نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ئەوانەی بردە ڕیڤلە، بۆ لای پاشای بابل. پاشای بابلیش لە ڕیڤلە لە خاکی حەمات کوشتنی. ئینجا یەهودا لە خاکەکەی خۆی ڕاپێچ کرا. بەڵام ئەو خەڵکەی لە خاکی یەهودا مانەوە، ئەوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل هێشتنییەوە، گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافانی کرد بە لێپرسراویان. کاتێک هەموو سەرلەشکرەکان خۆیان و پیاوەکانیان بیستیان کە پاشای بابل گەدەلیاهوی کردووە بە فەرمانڕەوا، هاتنە میچپا بۆ لای گەدەلیاهو، ئەوانیش ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ و یۆحانانی کوڕی قارێیەح و سەرایای کوڕی تەنحومەتی نەتۆفایی و یازەنیاهوی کوڕی مەعکاتی، خۆیان و پیاوەکانیان. گەدەلیاهوش سوێندی بۆ ئەوان و پیاوەکانیان خوارد، پێی گوتن: «لە کاربەدەستانی بابلییەکان مەترسن، لە خاکەکە نیشتەجێ بن و خزمەتی پاشای بابل بکەن، ئەوەی باشە بۆتان دەبێت.» بەڵام لە مانگی حەوت ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆی کوڕی ئەلیشاماع کە لە ڕەچەڵەکی شاهانە بوو، لەگەڵ دە پیاو هات و گەدەلیاهویان کوشت، هەروەها ئەو پیاوانەی یەهودا و ئەو بابلییانەشیان کوشت کە لە میچپا لەگەڵی بوون. ئینجا هەموو گەل لە بچووکەوە هەتا گەورە و سەرکردەکانی سوپا هەستان و چوونە میسر، چونکە لە بابلییەکان ترسان. ئازادکردنی یەهۆیاکین لە ساڵی سی و حەوتەمینی ڕاپێچکردنی یەهۆیاکین، ئەڤیل مەرۆدەخ بوو بە پاشای بابل. هەر لەو ساڵە لە بیست و حەوتی مانگی دوازدە یەهۆیاکینی پاشای یەهودای لە زیندان ئازاد کرد. بە باشی قسەی لەگەڵ کرد و کورسییەکەی لە سەرووی کورسی ئەو پاشایانەوە دانا کە لە بابل لەگەڵی بوون. ئیتر یەهۆیاکین بەرگی زیندانییەکەی گۆڕی و بە درێژایی ماوەی ژیانی بەردەوام لەسەر خوانی پاشا نانی دەخوارد. بە درێژایی ئەو ماوەیەی ژیانی ڕۆژ بە ڕۆژ بژێوی ڕۆژانەی لەلایەن پاشاوە پێدەدرا.