- Biblica® Open Kurdi Sorani Standard Version یەکەم پاشایان یەکەم پاشایان یەکەم پاشایان یەکەم پاشایان یەکەم پاشایان یاخیبوونی ئەدۆنیا داودی پاشا پیر بوو و تەمەنی گەورە بوو، هەرچەندە بە جلوبەرگ دایاندەپۆشی گەرم نەدەبووەوە. ئینجا خزمەتکارەکانی پێیان گوت: «با بەدوای کچێکی پاکیزەدا بگەڕێین و بیهێنین بۆ پاشای گەورەمان، تاکو خزمەتی پاشا بکات و بایەخی پێبدات، لە باوەشیدا پاڵ بکەوێت، هەتا پاشای گەورەمان گەرم بێتەوە.» ئینجا لە هەموو ناوچەکانی ئیسرائیل بەدوای کچێکی جواندا گەڕان، ئەبیشەگی شونێمییان دۆزییەوە و بۆ پاشایان هێنا. کچەکە زۆر جوان بوو، چاودێری پاشای دەکرد و خزمەتی دەکرد، بەڵام پاشا لەگەڵی جووت نەبوو. ئەدۆنیای کوڕی داود کە لە حەگیسی ژنی بوو، ڕاست بووەوە و گوتی: «من دەبمە پاشا.» گالیسکە و ئەسپ سواری بۆ خۆی ئامادە کرد، لەگەڵ پەنجا پیاو کە لەپێشیەوە ڕایاندەکرد. باوکی هیچ کاتێک سەرزەنشتی نەکردبوو و پێی بڵێت: «بۆچی وات کردووە؟» هەروەها زۆر قۆز بوو. لەدوای ئەبشالۆم لەدایک ببوو. ئەدۆنیا لەگەڵ یۆئابی کوڕی چەرویا و ئەبیاتاری کاهین قسەی کرد، ئەوانیش پشتگیرییان کرد. بەڵام سادۆقی کاهین و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و ناتانی پێغەمبەر و شیمعی و ڕێعی و پاڵەوانەکانی داود، لەگەڵ ئەدۆنیا نەبوون. ئیتر ئەدۆنیا لەلای بەردی زۆحەلەت ئەوەی لەتەنیشتی کانی ڕۆگێلە، مەڕ و مانگا و گوێرەکەی قەڵەوی سەربڕی. هەموو براکانی، واتا کوڕەکانی پاشا، لەگەڵ هەموو پیاوانی یەهودا کە خزمەتکاری پاشا بوون بانگهێشتی کردن. بەڵام ناتانی پێغەمبەر و بەنایا و پاڵەوانەکان و سلێمانی برای بانگهێشت نەکرد. پاشان ناتان بە بەتشەبەعی دایکی سلێمانی گوت: «نەتبیستووە کە ئەدۆنیای کوڕی حەگیس بووەتە پاشا و داودی گەورەشمان بەمە نازانێت؟ ئێستاش وەرە ئامۆژگارییەکی باشت بکەم، تاکو گیانی خۆت و گیانی سلێمانی کوڕت بپارێزیت. بڕۆ ژوورەوە بۆ لای داودی پاشا و پێی بڵێ: ”ئەی پاشای گەورەم، ئایا تۆ سوێندت بۆ کەنیزەکەت نەخوارد و گوتت، کە سلێمانی کوڕت لەدوای خۆت دەبێتە پاشا، ئەو لەسەر تەختەکەت دادەنیشێت؟ ئیتر بۆچی ئەدۆنیا بووەتە پاشا؟“ لەو کاتەدا کە تۆ هێشتا لەوێ قسە لەگەڵ پاشا دەکەیت، من لەدوای تۆوە دێمە ژوورە و پشتگیری لە قسەکەت دەکەم.» پاش ئەوە بەتشەبەع چوو بۆ لای پاشا لە ژووری نوستنەکەی، پاشا زۆر پیر ببوو، ئەبیشەگی شونێمیش خزمەتی پاشای دەکرد. بەتشەبەع بەچۆکدا هات و کڕنۆشی بۆ پاشا برد. پاشاش پێی گوت: «چیت دەوێ؟» ئەویش پێی گوت: «گەورەم تۆ سوێندت بە یەزدانی پەروەردگارت خوارد بۆ کەنیزەکەت و گوتت کە سلێمانی کوڕت لەدوای خۆت دەبێتە پاشا، ئەو لەسەر تەختەکەت دادەنیشێت. ئەی پاشای گەورەم، بەڵام وا ئەدۆنیا بووەتە پاشا، تۆش لەوە بێئاگای. ئەو گا و دابەستە و مەڕێکی زۆری سەربڕیوە، هەموو کوڕەکانی پاشا و ئەبیاتاری کاهین و یۆئابی فەرماندەی گشتی سوپای بانگهێشت کردووە، بەڵام سلێمانی خزمەتکاری تۆی بانگهێشت نەکردووە. ئەی پاشای گەورەم، هەموو ئیسرائیل چاوەڕێی تۆ دەکەن بۆ ئەوەی پێیان ڕابگەیەنیت کێ لەدوای پاشای گەورەم لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت. ئەگینا کاتێک پاشای گەورەم لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، من و سلێمانی کوڕم بە تاوانبار هەژمارد دەکرێین.» هێشتا ئەو قسەی لەگەڵ پاشا دەکرد، ناتانی پێغەمبەر هات. بە پاشایان ڕاگەیاند و گوتیان: «ناتانی پێغەمبەر لێرەیە.» ئینجا چووە ژوورەوە بۆ بەردەم پاشا، کڕنۆشی بۆ پاشا برد و سەری خستە سەر زەوی. ناتان گوتی: «پاشای گەورەم، ئایا تۆ ڕاتگەیاندووە کە ئەدۆنیا لەپاش تۆ دەبێتە پاشا، ئەو لەسەر تەختەکەت دادەنیشێت؟ ئەو ئەمڕۆ چووە خوارەوە، گا و دابەستە و مەڕێکی زۆری سەربڕیوە. هەموو کوڕانی پاشا و سەرکردەکانی سوپا و ئەبیاتاری کاهینی بانگهێشت کردووە. ئێستا لەبەردەمی ئەو دەخۆن و دەخۆنەوە و دەڵێن: ”بژی ئەدۆنیای پاشا!“ بەڵام منی خزمەتکارت و سادۆقی کاهین و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و سلێمانی خزمەتکاری تۆی بانگهێشت نەکردووە. ئایا ئەم کارە لەلای پاشای گەورەمەوەیە؟ ئەی بە خزمەتکارانی خۆتت نەفەرمووە کێ لەدوای پاشای گەورەم لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت؟» داود سلێمان دەکاتە پاشا داودی پاشا وەڵامی دایەوە و گوتی: «بەتشەبەعم بۆ بانگ بکەن.» ئەویش هاتە ژوورەوە بۆ لای پاشا، لەبەردەم پاشا ڕاوەستا. ئینجا پاشا سوێندی خوارد: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی گیانی منی لە هەموو تەنگانەیەک دەرباز کرد، ئەمڕۆ هەروەک ئەوە دەکەم کە چۆن بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سوێندم بۆ خواردی و گوتم، کە سلێمانی کوڕت لەپاش من دەبێتە پاشا، ئەو لە شوێنی من لەسەر تەختەکەم دادەنیشێت.» بەتشەبەع سەری دانەواند و کڕنۆشی بۆ پاشا برد و گوتی: «بژی داودی پاشای گەورەم، بۆ هەتاهەتایە!» داودی پاشا گوتی: «سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر و بەنایای کوڕی یەهۆیاداعم بۆ بانگ بکەن.» ئەوانیش هاتنە ژوورەوە بۆ بەردەم پاشا. پاشا پێی گوتن: «خزمەتکارەکانی گەورەتان لەگەڵ خۆتان ببەن، سلێمانی کوڕم سواری هێسترەکەی خۆم بکەن و بیبەنە خوارەوە بۆ گیحۆن. با سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر لەوێ وەک پاشای ئیسرائیل دەستنیشانی بکەن1‏:34 بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ‏ یان مەشیح‏، کە بە واتای چەورکردن بە زەیت دێت وەک دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریێتییەک و پێ سپاردنی لەلایەن خوداوە.‏، فوو بە کەڕەنادا بکەن و بڵێن: ”بژی سلێمانی پاشا!“ ئینجا لەدوای ئەوەوە سەربکەون، ئەویش دێت و لەسەر تەختەکەم دادەنیشێت، لە شوێنی من دەبێتە پاشا. من فەرمانم داوە ئەو ببێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل و یەهودا.» بەنایای کوڕی یەهۆیاداع وەڵامی پاشای دایەوە و گوتی: «ئامین! با یەزدان، خودای پاشای گەورەم ئەمە بکات. هەروەک چۆن یەزدان لەگەڵ پاشای گەورەم بوو، بەو شێوەیەش لەگەڵ سلێمانیش بێت، تەختەکەشی لە تەختی داودی پاشای گەورەم مەزنتر بکات!» ئیتر سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و کریتی و پەلەتییەکان1‏:38 کریتییەکان و پەلەتییەکان دوو لەشکری ڕاهێنراو بوون لەسەر مەشقی سەربازی.‏ چوونە خوارەوە، سلێمانیان سواری هێسترەکەی داودی پاشا کرد و بردیانە گیحۆن. سادۆقی کاهین قۆچە زەیتەکەی لە چادرەکەوە برد و سلێمانی پێ دەستنیشان کرد، ئینجا فوویان بە کەڕەنادا کرد، هەموو گەل گوتیان: «بژی سلێمانی پاشا!» هەموو گەل لەدوای ئەو سەرکەوتن. گەل شمشاڵیان لێدەدا و زۆر دڵخۆش بوون، زەوی لەبەر دەنگیان دەلەرزی. ئەدۆنیا و هەموو بانگهێشتکراوان، ئەوانەی لەگەڵی بوون، پاش ئەوەی لە خواردن بوونەوە گوێیان لە دەنگی ئەوان بوو. یۆئاب گوێی لە دەنگی کەڕەناکە بوو و گوتی: «ئەو دەنگە دەنگە چییە لە شارەوە دێت؟» کاتێک هێشتا قسەی دەکرد، یۆناتانی کوڕی ئەبیاتاری کاهین هات، ئەدۆنیاش گوتی: «وەرە، چونکە تۆ پیاوێکی چاکیت، دیارە مژدەی خۆشیت هێناوە.» یۆناتانیش وەڵامی دایەوە و بە ئەدۆنیای گوت: «بە پێچەوانەوە! داودی پاشای گەورەمان، سلێمانی کردە پاشا. پاشاش سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و کریتی و پەلەتییەکانی لەگەڵ ناردووە، سواری هێسترەکەی پاشایان کردووە. سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەریش لە گیحۆن بە پاشا دەستنیشانیان کردووە1‏:45 عیبری: چەوریان کردووە، بڕوانە یەکەم ساموئێل 12‏:5 و 15‏:1.‏، لەوێشەوە بە خۆشییەوە سەرکەوتوون و شار خرۆشاوە، ئەمە ئەو دەنگەیە کە گوێتان لێی دەبێت. هەروەها سلێمان لەسەر تەختی پاشایەتییەکە دانیشتووە. خزمەتکارانی پاشاش بۆ پیرۆزبایی لە داودی پاشای گەورەمان هاتن و گوتیان: ”با خوداکەت ناوی سلێمان لە ناوی تۆ ناودارتر بکات، تەختەکەشی لە تەختەکەی تۆ مەزنتر بکات!“ پاشا لەسەر قەرەوێڵەکەی کڕنۆشی برد. پاشا گوتی: ”ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەوەی ئەمڕۆ کەسێکی پێداوم کە لەسەر تەختەکەم دانیشێت و چاوەکانیشم دەیبینێت.“» لێرەدا هەموو ئەوانەی ئەدۆنیا بانگی کردبوون تۆقین و هەستان، هەریەکە بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت. ئەدۆنیاش لە سلێمان ترسا، هەستا و چوو دەستی بە قۆچەکانی قوربانگاکەوە گرت. ئینجا بە سلێمان ڕاگەیەنرا: «ئەوەتا ئەدۆنیا لە سلێمانی پاشا دەترسێت، دەستی بە قۆچەکانی قوربانگاکەوە گرتووە و دەڵێت: ”با ئەمڕۆ سلێمانی پاشا سوێندم بۆ بخوات کە خزمەتکارەکەی بە شمشێر ناکوژێت.“» سلێمانیش گوتی: «ئەگەر پیاوێکی چاک بێت، تاڵە مووێکی قژی ناکەوێتە سەر زەوی، بەڵام ئەگەر خراپەی تێدا بینرا، ئەوا دەکوژرێت.» ئینجا سلێمانی پاشا ناردی و ئەدۆنیایان لە قوربانگاکەوە هێنایە خوارەوە، ئەویش هات و کڕنۆشی بۆ سلێمانی پاشا برد، سلێمانیش پێی گوت: «بڕۆوە ماڵەکەی خۆت.» ڕاسپاردەکانی داود بۆ سلێمان کاتێک تەمەنی داود لە مردن نزیک بووەوە، داود ئەرکی بە سلێمانی کوڕی سپارد و گوتی: «من بەو ڕێگایەدا دەڕۆم کە هەموو گیانێکی زیندووی سەر زەوی پێیدا دەڕوات، جا بەهێزبە و مەردبە. ئەوە بەجێبهێنە کە پێویستە بۆ یەزدانی پەروەردگارت بەجێبهێنرێت: ڕێگاکانی ئەو بگرەبەر، فەرز و فەرمان و حوکم و یاساکانی بەجێبهێنە، هەروەک لە تەوراتی موسادا نووسراوە، بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بیت لە هەر شتێک کە دەیکەیت و بۆ هەرکوێیەک کە دەڕۆیت. ئەمە بکە تاوەکو یەزدان ئەو بەڵێنەی خۆی بهێنێتە دی کە بە منی دا: ”ئەگەر نەوەکانت ڕەوشتی خۆیان بپارێزن، بەوەی بە دڵسۆزی و بە هەموو دڵ و هەموو گیانیانەوە دۆستایەتیم بکەن، لەسەر تەختی ئیسرائیل پیاو لە تۆ نابڕێتەوە.“ «هەروەها تۆ خۆت ئەوە دەزانیت کە یۆئابی کوڕی چەرویا پێی کردم، چی بە دوو فەرماندەی گشتی سوپای ئیسرائیل کرد، ئەبنێری کوڕی نێر و عەماسای کوڕی یەتەر. لە کاتی ئاشتی ئەوانی کوشت، بەو خوێنە پشتێنەکەی کەمەری و پێڵاوەکانی پێی سوور کرد. ئینجا بە دانایی خۆت بکە و مەهێڵە بە ئارامییەوە مووە سپییەکانی بۆ ناو جیهانی مردووان شۆڕ ببێتەوە. «بەڵام چاکە لەگەڵ کوڕانی بەرزیلەیی گلعادی بکە، با لەنێو ئەوانە بن کە لەسەر خوانەکەت نان دەخۆن، چونکە کاتێک لە دەست ئەبشالۆمی برات هەڵاتم پشتیوانییان لێکردم. «لەبیرت بێت شیمعی کوڕی گێرای بنیامینی خەڵکی بەحوریم لەگەڵ تۆدایە، ئەو ڕۆژەی کە بۆ مەحەنەیم چووم ئەو بە توندی نەفرەتی لێکردم. کاتێک بۆ پێشوازیکردنم هاتە خوارەوە بۆ ڕووباری ئوردون، بە یەزدان سوێندم بۆ خوارد2‏:8 سوێندم بۆ خوارد: بڕوانە دووەم ساموئێل 19‏:22‏.‏ و گوتم: ”بە شمشێر ناتکوژم.“ بەڵام ئێستا بێتاوانی مەکە. تۆ پیاوێکی دانایت و دەزانیت چی لێ دەکەیت، مووە سپییەکانی بە خوێنەوە بخەرە ناو جیهانی مردووان.» ئینجا داود لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود نێژرا. ئەو ماوەیەش کە داود پاشایەتی ئیسرائیلی کرد چل ساڵ بوو، حەوت ساڵ لە حەبرۆن و سی و سێ ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. ئیتر سلێمان لەسەر تەختەکەی داودی باوکی دانیشت و پاشایەتییەکەی بە باشی چەسپا و جێگیر بوو. جێگیربوونی پاشایەتییەکە لە دەستی سلێمان. پاشان ئەدۆنیای کوڕی حەگیس چوو بۆ لای بەتشەبەعی دایکی سلێمان و ئەویش لێی پرسی: «ئایا بۆ ئاشتی هاتوویت؟» وەڵامی دایەوە: «بۆ ئاشتی.» پاشان پێی گوت: «قسەیەکم لەگەڵت هەیە.» ئەویش گوتی: «فەرموو.» ئینجا گوتی: «تۆ دەزانیت پاشایەتییەکە هی من بوو، هەموو ئیسرائیل ڕوویان لە من کرد هەتا ببمە پاشا، بەڵام پاشایەتییەکە گواسترایەوە و بووە هی براکەم، چونکە لەلایەن یەزدانەوە بووە هی ئەو. ئێستاش یەک داواکاریم لێت هەیە، ڕەتی مەکەرەوە.» ئەویش پێی گوت: «فەرموو.» گوتی: «بە سلێمانی پاشا بڵێ، چونکە ئەو قسەی تۆ ڕەت ناکاتەوە، با ئەبیشەگی شونێمیم پێبدات ببێتە ژنم.» بەتشەبەعیش گوتی: «باشە، من دەربارەی تۆ قسە لەگەڵ پاشا دەکەم.» ئینجا بەتشەبەع چووە ژوورەوە بۆ لای سلێمانی پاشا بۆ ئەوەی دەربارەی ئەدۆنیا قسەی لەگەڵ بکات. پاشا بۆ پێشوازیکردنی هەستا، کڕنۆشی بۆ برد و لەسەر تەختەکەی دانیشتەوە، تەختێکیشی بۆ شاژنی دایک دانا، ئەویش لەلای ڕاستیەوە دانیشت. گوتی: «داواکارییەکی بچکۆلەم لێت هەیە و قسەکەم ڕەت مەکەرەوە.» پاشاش پێی گوت: «دایکە، داوا بکە، چونکە من قسەی تۆ ڕەت ناکەمەوە.» ئەویش گوتی: «ئەبیشەگی شونێمی بدە ئەدۆنیای برات، هەتا ببێتە ژنی.» سلێمان پاشاش وەڵامی دایکی دایەوە و گوتی: «بۆچی داوای ئەبیشەگی شونێمی بۆ ئەدۆنیا دەکەیت؟ واتا داوای پاشایەتییەکەی بۆ دەکەی، چونکە ئەو برامە و لە من گەورەترە، پاشایەتییەکە بۆ ئەو و ئەبیاتاری کاهین و یۆئابی کوڕی چەرویا بێت!» ئینجا سلێمانی پاشا سوێندی بە یەزدان خوارد و گوتی: «با خودا توندترین سزام بدات، ئەگەر ئەدۆنیا بە ژیانی باجی ئەم داواکارییە نەدات! ئێستاش، بە یەزدانی زیندوو ئەوەی جێگیری کردم و لەسەر تەختی داودی باوکم داینام، ئەوەی هەروەک چۆن بەڵێنی دابوو ئاوا ماڵی بۆ دروستکردم، ئەمڕۆ ئەدۆنیا دەمرێت!» سلێمانی پاشا فەرمانی بە بەنایای کوڕی یەهۆیاداع کرد، ئەویش بەسەر ئەدۆنیایدا دا و مرد. ئینجا پاشا بە ئەبیاتاری کاهینی گوت: «بڕۆ بۆ کێڵگەکانت لە عەناتۆت، چونکە تۆ شایانی سزای مردنیت، بەڵام من ئەمڕۆ ناتکوژم، چونکە تۆ سندوقی یەزدانی باڵادەستت لەپێش داودی باوکم هەڵدەگرت، تۆ لە هەموو ماندووبوونەکانی باوکم بەشدار بوویت.» جا سلێمان ئەبیاتاری لە کاهینیێتی بۆ یەزدان دەرکرد، بۆ هێنانەدی فەرمایشتی یەزدان، ئەوەی لە شیلۆ2‏:27 بڕوانە یەکەم ساموئێل 2‏:33‏.‏ دەربارەی بنەماڵەی عێلی گوتبووی. کاتێک هەواڵەکە گەیشتە یۆئاب، هەڵات بۆ ناو چادری یەزدان و دەستی بە قۆچەکانی قوربانگاکەوە گرت، چونکە دەستی لەگەڵ ئەدۆنیا تێکەڵ کردبوو، نەک ئەبشالۆم. بە سلێمانی پاشا ڕاگەیەنرا کە یۆئاب هەڵاتووە بۆ ناو چادری یەزدان و وا لەتەنیشت قوربانگاکەیە. ئینجا سلێمان بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی نارد و پێی گوت: «بڕۆ و بیکوژە!» بەنایاش هاتە ناو چادری یەزدان و پێی گوت: «پاشا دەڵێت: ”وەرە دەرەوە!“» ئەویش گوتی: «نەخێر، بەڵکو لێرە دەمرم.» بەنایاش وەڵامی بۆ پاشا گەڕاندەوە و گوتی یۆئاب ئاوای گوت و ئاوا وەڵامی دامەوە. پاشاش فەرمانی بە بەنایا کرد: «ئەوە بکە کە گوتی، بیکوژە و بینێژە، ئەو خوێنە بێتاوانە لەسەر خۆم و ماڵی باوکم لاببە کە یۆئاب ڕشتی. یەزدان خوێنی خۆی خستە ئەستۆی خۆی، لەبەر ئەوەی هێرشی کردە سەر دوو پیاوی لە خۆی ڕاستودروستتر و چاکتر، بەبێ زانیاری داودی باوکم ئەوانی بە شمشێر کوشت. ئەوانیش ئەبنێری کوڕی نێری فەرماندەی گشتی سوپای ئیسرائیل و عەماسای کوڕی یەتەری فەرماندەی گشتی سوپای یەهودا بوون. با هەتاهەتایە خوێنەکەیان لە ئەستۆی یۆئاب و نەوەکانی بێت، بۆ داود و نەوەکانی و ماڵەکەی و تەختەکەشی هەتاهەتایە لەلایەن یەزدانەوە ئاشتییان بۆ دەبێت.» لەبەر ئەوە بەنایای کوڕی یەهۆیاداع چوو بەسەر یۆئابی دادا و کوشتی، لە ماڵەکەی خۆی لە دەشتودەر ناشتی. پاشاش بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی لە جێی یۆئاب لەسەر سوپا دانا، هەروەها پاشا سادۆقی کاهینی لە جێی ئەبیاتار دانا. ئینجا پاشا بەدوای شیمعیدا نارد، بانگی کرد و پێی گوت: «لە ئۆرشەلیم ماڵێک بۆ خۆت بنیاد بنێ و لەوێ نیشتەجێ بە، لەوێوە بۆ ئەم لا و ئەو لا دەرمەچو. باش بزانە، ئەو ڕۆژەی بچیتە دەرەوە و لە دۆڵی قدرۆن بپەڕیتەوە ئەوا بێگومان دەمریت، خوێنی خۆشت لە ئەستۆی خۆت دەبێت.» شیمعیش بە پاشای گوت: «ئەم قسەیە باشە، ئەوەی پاشای گەورەم گوتی، خزمەتکارەکەت وا دەکات.» ئیتر شیمعی ماوەیەکی درێژ لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوو. بەڵام سێ ساڵ دوای ئەوە، دوو کۆیلەی شیمعی بۆ لای ئاخیشی کوڕی مەعکای پاشای گەت هەڵاتن. جا بە شیمعییان ڕاگەیاند، «وا دوو کۆیلەکەت لە گەتن.» شیمعیش هەستا و کورتانی لە گوێدرێژەکەی بەست و چوو بۆ گەت بۆ لای ئاخیش، بۆ گەڕان بەدوای کۆیلەکانی. شیمعی چوو هەردوو کۆیلەکەی لە گەتەوە هێنایەوە. ئینجا بە سلێمان ڕاگەیەنرا کە شیمعی لە ئۆرشەلیمەوە چووە بۆ گەت و گەڕاوەتەوە. پاشاش ناردی و شیمعی بانگکرد، پێی گوت: «ئەی من بە یەزدان سوێندم نەدایت، ئاگادارم نەکردیتەوە و گوتم: ”باش بزانە ئەو ڕۆژەی کە لێرە بچیتە دەرەوە و بە ئەم لا و ئەو لا بڕۆیت، دڵنیابە کە دەمریت“؟ تۆش پێت گوتم: ”ئەم قسەیە باشە و گوێڕایەڵی دەبم.“ ئەی بۆچی سوێندەکەی یەزدانت نەپاراست لەگەڵ ئەو فەرمانەی فەرمانم پێکردیت؟» هەروەها پاشا بە شیمعی گوت: «تۆ هەموو ئەو خراپەیە دەزانیت کە دڵت دەیزانێت، ئەوەی دەرهەق بە داودی باوکی منت کرد، یەزدانیش خراپەکەت بەسەر خۆتدا دەهێنێتەوە. بەڵام سلێمانی پاشا بەرەکەتدار دەکرێت و تەختی داودیش هەتاهەتایە لەبەردەم یەزدان جێگیر دەبێت.» ئینجا پاشا فەرمانی بە بەنایای کوڕی یەهۆیاداع کرد، ئەویش چووە دەرەوە و بەسەر شیمعی دادا و مرد. پاشایەتییەکەش لە دەستی سلێمان جێگیر بوو. داواکردنی دانایی لەلایەن سلێمانەوە سلێمان خزمایەتی لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر کرد و کچەکەی فیرعەونی هێنا. کچەکەی بردە شاری داود هەتا ئەو کاتەی لە بنیادنانی کۆشکەکەی و پەرستگای یەزدان و شووراکەی چواردەوری ئۆرشەلیم بووەوە. لەو کاتە گەل لە نزرگەکانی سەر بەرزاییدا3‏:2 مەبەست لە هەموو ئەو شوێنە بەرزانەیە کە گەل قوربانی لێ دەکرد، هەرچەندە ئەو شوێنە لەلایەن یەزدانەوە هەڵنەبژێردرابوو. بڕوانە دواوتار 12‏:5.‏ قوربانییان سەردەبڕی، چونکە هەتا ئەو ڕۆژانە پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدان دروستنەکرابوو. سلێمانیش خۆشەویستی بۆ یەزدان دەربڕی بەوەی بەپێی فەرزەکانی داودی باوکی دەڕۆیشت، تەنها ئەوە نەبێت کە لە نزرگەکانی سەر بەرزاییدا قوربانی سەردەبڕی و بخووری دەسووتاند. پاشا چوو بۆ گبعۆن هەتا لەوێ قوربانی سەر ببڕێت، چونکە ئەوە گرنگترین نزرگەی سەر بەرزایی بوو، سلێمان هەزار قوربانی سووتاندنی سەرخستە سەر ئەو قوربانگایە. لە گبعۆن یەزدان لە خەونی شەودا بۆ سلێمان دەرکەوت، خودا پێی فەرموو: «داوا بکە چیت پێ بدەم؟» سلێمانیش گوتی: «تۆ لەگەڵ خزمەتکارەکەت، لەگەڵ داودی باوکم چاکەی گەورەت کردووە، بەو شێوەیەی لەبەردەمت هەڵسوکەوتی کرد، بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی و دڵڕاستی لەگەڵت. جا ئەم چاکە گەورەیەت بۆ لەبەرچاو گرت و کوڕێکت پێیدا هەتا لەسەر تەختەکەی دابنیشێت وەک ئەمڕۆ. «ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ خزمەتکارەکەتت کردووە بە پاشا لە جێی داودی باوکم، منیش مێردمنداڵێکی بچووکم و شارەزاییم لە ڕابەرایەتیکردن نییە. خزمەتکارەکەشت لەنێو گەلەکەتدایە ئەوەی هەڵتبژاردووە و ئەو گەلەش گەلێکی زۆرن و لە زۆریدا لە ژمارە نایەن. ئینجا دڵێکی تێگەیشتووم پێبدە بۆ ئەوەی فەرمانڕەوایەتی گەلەکەت بکەم، تاکو جیاوازی بکەم لەنێوان چاکە و خراپە، چونکە کێ دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە گەورەیەت بکات؟» ئەم قسەیە لەلای پەروەردگار باش بوو، کە سلێمان داوای ئەم شتەی کرد. ئینجا خودا پێی فەرموو: «لەبەر ئەوەی نە ڕۆژگاری زۆرت داوا کرد و نە دەوڵەمەندی بۆ خۆت و نە مەرگی دوژمنەکانت، بەڵکو دانایی لە جێبەجێکردنی دادپەروەریدا، ئەوا من بەپێی داواکارییەکەی تۆ دەکەم. دڵێکی وا دانات پێ دەبەخشم شت لێک جیا بکاتەوە، کە کەس لەمەوبەر وەک تۆ نەبووبێت و لە داهاتووشدا کەسێکی وەک تۆ هەڵناکەوێت. هەروەها ئەوەی داواشت نەکردبوو پێم بەخشیت، دەوڵەمەندی و پایەداری بە جۆرێک کە بە درێژایی ژیانت هیچ پیاوێک لەناو پاشایان وەک تۆی نەبێت. جا ئەگەر بە ڕێگای مندا بڕۆیت بەوەی وەک داودی باوکت فەرز و فەرمانەکانم بەجێبهێنیت، درێژە بە ڕۆژگارت دەدەم.» کە سلێمان هەستا، زانی خەونە، هاتە ئۆرشەلیم و لەبەردەم سندوقی پەیمانی پەروەردگار ڕاوەستا و قوربانی سووتاندنی سەرخست و قوربانی هاوبەشی3‏:15 قوربانی هاوبەشی: ئەم قوربانییە هاودەمی قوربانی سووتاندن بوو. تەنها یەک کەس هەڵدەستا بە دابینکردنی ئەم قوربانییە، بەڵام لەگەڵ خەڵکی دیکە بەشی زۆری ئەم قوربانییەیان لەبەردەم خودا دەخوارد وەک هێمایەک بۆ پێکەوە ژیان. بڕوانە لێڤییەکان 7‏:11‏-15.‏ پێشکەش کرد، خوانێکی بۆ هەموو خزمەتکارەکانی ساز کرد. بڕیاردانی دانا لەو کاتەدا دوو ژنی لەشفرۆش هاتنە لای پاشا و لەبەردەمی ڕاوەستان. یەکێک لە ژنەکان گوتی: «ئەی گەورەم، تکایە، من و ئەم ژنە لە یەک ماڵ دەژین و من لەو ماڵە منداڵم بوو. ئەوە بوو لە ڕۆژی سێیەمی لەدایکبوونی منداڵەکەم ئەم ژنەش منداڵێکی بوو، هەردووکمان بە تەنها بووین و لە ماڵەکە هیچ کەسێکی دیکەمان لەگەڵ نەبوو، تەنها هەردووکمان لە ماڵەکە بووین. «شەوێ کوڕەکەی ئەم ژنە مرد، لەبەر ئەوەی خۆی بەسەریدا دابوو. ئیتر لە نیوەی شەو هەستا و کوڕەکەی منی لەتەنیشتمەوە برد، کەنیزەکەشت نوستبوو. کوڕەکەی منی لە باوەشی کرد و کوڕە مردووەکەشی لە باوەشی من دانا. بۆ بەیانی کە لە خەو هەستام هەتا شیر بدەمە کوڕەکەم تەماشام کرد مردووە! بەڵام کاتێک لێی ورد بوومەوە تەماشام کرد ئەوە ئەو کوڕە نییە کە من بوومە.» ژنەکەی دیکەیان گوتی: «نەخێر! زیندووەکە کوڕی منە و مردووەکەش هی تۆیە!» ئەمەشیان دەیگوت: «نەخێر! مردووەکە هی تۆیە و زیندووەکە هی منە!» بەم شێوەیە لەبەردەم پاشا دەمەقاڵێیان کرد. پاشاش گوتی: «ئەمیان دەڵێت ”ئەمە کوڕەکەی منە زیندووە و کوڕەکەی تۆ مردووە،“ ئەویشیان دەڵێت ”نەخێر! کوڕەکەی تۆ مردووە و کوڕەکەی من زیندووە!“» پاشا گوتی: «شمشێرێکم بۆ بهێنن.» ئەوانیش شمشێرێکیان بۆ پاشا هێنا. پاشا گوتی: «منداڵە زیندووەکە بکەنە دوو بەش، نیوەی بدەنە یەکێکیان و نیوەکەی دیکەش بدەن ئەوی دیکەیان.» ئەو ژنەیان کە کوڕەکەی زیندوو بوو لەبەر ئەوەی هەناوی بۆ کوڕەکەی سووتا بە پاشای گوت: «تکایە، گەورەم، منداڵە زیندووەکەی بدەنێ و مەیکوژن!» بەڵام ئەوی دیکەیان گوتی: «نە بۆ من دەبێت و نە بۆ تۆ، بیکەنە دوو بەش!» ئینجا پاشا وەڵامی دایەوە و گوتی: «کوڕە زیندووەکە بدەنە ژنی یەکەم و مەیکوژن، ئەو دایکییەتی.» کاتێک هەموو ئیسرائیل ئەو بڕیارەیان بیستەوە کە پاشا دابووی، ترسیان لێ نیشت، چونکە بینییان دانایی خودایی تێدابوو بۆ پەیڕەوکردنی دادپەروەری. کاربەدەست و بریکارەکانی سلێمان ئیتر سلێمان پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد. ئەمانەش باڵاترین کاربەدەستانی ئەو بوون: عەزەریای کوڕی سادۆقی کاهین، ئەلیحۆرەف و ئاحییا، دوو کوڕەکەی شیشا، خامەی نهێنی4‏:3 ڕازپۆش.‏ بوون، یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلود، تۆمارکار. بەنایای کوڕی یەهۆیاداعیش سوپاسالار، سادۆق و ئەبیاتاریش هەردووکیان کاهین بوون. عەزەریای کوڕی ناتان سەرۆکی بریکارەکان و زەڤودی کوڕی ناتان، کاهین و یاوەری پاشا بوون. ئەحیشار سەرپەرشتیاری کۆشک، ئەدۆنیرامی کوڕی عەبدا سەرپەرشتیاری کاری بێگاری بوو. هەروەها سلێمان دوازدە بریکاری لەسەر هەموو ئیسرائیل هەبوو، ئازووقەیان بۆ پاشا و ماڵەکەی دابین دەکرد و ساڵی مانگێک لەسەر هەریەکەیان بوو بۆ دابینکردنی ئازووقە. ئەمانەش ناوەکانیانە: بەن‌حور لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم. بەن‌دەقەر لە ماقەچ و شەعەلڤیم و بێت‌شەمەش و ئێلۆن بێت‌حانان. بەن‌حەسەد لە ئەروبۆت، سۆکۆ و هەموو خاکی حێفەر سەر بە ئەو بوو. بەن‌ئەبیناداب لە هەموو بەرزاییەکانی دۆردا، تافەتی کچی سلێمانیش بووە ژنی. بەعەنای کوڕی ئەحیلود، تەعنەک و مەگیدۆ و هەموو بێت‌شان ئەوەی لەتەنیشت چەرەتانە لە خوار یەزرەعیل، لە بێت‌شانەوە هەتا ئابێل مەحۆلا، هەتا ئەو بەری یۆقمەعام. بەن‌گەڤەر لە ڕامۆتی گلعاد، ئاواییەکانی یائیری کوڕی مەنەشە، ئەوەی لە گلعادە سەر بە ئەو بوون، لەگەڵ ناوچەی ئەرگۆڤ ئەوەی لە باشانە، شەست شاری گەورەی شوورابەند کە شمشیرەی4‏:13 شمشیر، پارچە دارێک بووە لە جیاتی قوفڵ لە دواوەی دەرگا بە شێوەی ئاسۆیی دانراوە بۆ داخستنی دەرگا.‏ دەرگاکانی لە بڕۆنز دروستکرا بوون. ئەحینادابی کوڕی عیدۆ لە مەحەنەیم بوو. ئەحیمەعەچ لە نەفتالی، ئەویش باسمەتی کچی سلێمانی هێنا ببێتە ژنی. بەعەنای کوڕی حوشەی لە ئاشێر و لە عالۆت بوو. یەهۆشافاتی کوڕی پاروەح لە یەساخار بوو. شیمعی کوڕی ئێلا لە بنیامین بوو. گەڤەری کوڕی ئوری لە خاکی گلعاد، خاکی سیحۆنی پاشای ئەمۆرییەکان و عۆگی پاشای باشان، تاکە بریکار بوو لەسەر ناوچەکە. ئازووقەی ڕۆژانەی سلێمان یەهودا و ئیسرائیل لە زۆریدا وەک لمی سەر کەناری دەریا بوون، دەیانخوارد و دەیانخواردەوە و دڵخۆش بوون. سلێمان دەسەڵاتدار بوو لەسەر هەموو پاشایەتییەکان، لە ڕووباری فوراتەوە هەتا خاکی فەلەستییەکان و سنووری میسر، سەرانەیان پێدەدا و بە درێژایی ژیانی خزمەتکاری سلێمان بوون. ئازووقەی ڕۆژانەی سلێمان، سی کۆر4‏:22 سی کۆر: نزیکەی پێنج تەن.‏ لە باشترین ئارد و شەست کۆر4‏:22 شەست کۆر: نزیکەی دە تەن.‏ بڕوێش، دە گای قەڵەو و بیست گای لەوەڕگا و سەد مەڕ و بزن، جگە لە ئاسک و مامز و ئاسکە سوورە و پەلەوەری قەڵەو. لەبەر ئەوەی فەرمانڕەوا بوو لەسەر هەموو شانشینەکانی ئەم بەری ڕووباری فورات، لە تیفسەحەوە هەتا غەزە، لە هەموو لایەکەوە ئاشتی هەبوو. هەموو سەردەمی سلێمان یەهودا و ئیسرائیلی هەریەکە لەژێر دار مێو و دار هەنجیرەکەی خۆی بە ئاسوودەیی نیشتەجێ بوون، لە دانەوە هەتا بیری شابەع4‏:25 واتا لە باکووری ئیسرائیل هەتا باشوور.‏. سلێمان چوار هەزار ئاخوڕی هەبوو بۆ ئەسپی گالیسکەکانی، لەگەڵ دوازدە هەزار ئەسپ. ئەم بریکارانە ئازووقەیان دابین دەکرد بۆ سلێمانی پاشا و هەموو ئەوانەی دەهاتنە سەر خوانەکەی، هەریەکە و لە مانگی خۆی، ئیتر پێویستیان بە هیچ نەبوو. جۆ و کاش بۆ ئەسپی گالیسکەکان و ئەسپەکانی دیکە دەهێنران بۆ ئەو شوێنەی کە لێی دەبوون، هەرکەسە و بەگوێرەی ئەرکی خۆی. دانایی سلێمان خودا دانایی و تێگەیشتنێکی زۆر زۆری دایە سلێمان، هەروەها مێشکێکی فراوان وەک ئەو لمەی لەسەر کەناری دەریایە. دانایی سلێمان زیاتر بوو لە دانایی هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵات و هەموو دانایی میسرییەکان. لە هەموو خەڵک داناتر بوو، تەنانەت داناتر بوو لە ئێیتانی ئەزراحی و لە هێیمان و لە کەلکۆل و لە دەردەعی کوڕانی ماحۆل، ناوبانگیشی لەنێو هەموو نەتەوەکانی دەوروبەری بڵاو بووەوە. سێ هەزار پەند و هەزار و پێنج سروودیشی هەبوو. دەربارەی دارودرەخت قسەی کردووە، لە دار ئورزەوە ئەوەی لە لوبنانە هەتا ئەو زوفایەی لەبن دیوار دەڕوێت، هەروەها دەربارەی ئاژەڵ و باڵندە و خشۆک و ماسیش قسەی کردووە. لە هەموو گەلانەوە دەهاتن بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان، هەموو پاشایانی زەوی کە دەربارەی داناییەکەی بیستبوویان خەڵکیان دەناردە لای. ئامادەکاری بۆ بنیادنانی پەرستگا کاتێک حیرامی پاشای هەرێمی سور بیستی کە سلێمانیان دەستنیشان کردووە بۆ پاشایەتی لە شوێنی باوکی، خزمەتکارەکانی خۆی ناردە لای، چونکە حیرام بە درێژایی ژیانی هاوڕێ و دۆستی داود بوو. سلێمانیش ناردی بۆ لای حیرام و گوتی: «تۆ دەربارەی داودی باوکم دەزانیت، کە نەیتوانی پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری بنیاد بنێت، بەهۆی ئەو جەنگانەی دەوریان دا، هەتا ئەو کاتەی یەزدان دوژمنەکانی خستە ژێر پێیەوە. بەڵام ئێستا یەزدانی پەروەردگارم لە هەموو لایەکەوە منی حەساندووەتەوە، نە ناحەز هەیە و نە ڕووداوی خراپ. لەبەر ئەوە گوتم پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارم بنیاد بنێم، هەروەک چۆن یەزدان بە داودی باوکمی فەرموو: ”کوڕەکەت، ئەوەی لە شوێنی تۆ لەسەر تەختەکەت دایدەنێم ئەو ماڵەکە بۆ ناوی من بنیاد دەنێت.“ «ئێستاش فەرمان بدە با دار ئورزم لە لوبنانەوە بۆ ببڕنەوە، خزمەتکارەکانم لەگەڵ خزمەتکارەکانت دەبن و کرێی خزمەتکارەکانت پێدەدەم، بەگوێرەی هەموو ئەوەی تۆ دەیڵێیت، چونکە تۆ دەزانیت کەس نییە لەناومان بزانێت وەک سەیدائییەکان دار ببڕێتەوە.» ئەوە بوو کە حیرام گوێی لە قسەکانی سلێمان بوو، زۆر دڵخۆش بوو و گوتی: «ئەمڕۆ ستایش بۆ یەزدان، ئەوەی کوڕێکی دانای دایە داود، هەتا فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە مەزنە بکات.» ئیتر حیرام ناردی بۆ لای سلێمان و گوتی: «ئەوەی بۆ منت نارد گوێم لێی بوو، هەرچی ئارەزوو بکەیت ئەوە دەکەم بۆ داری ئورز و دار سنەوبەرەکان. خزمەتکارەکانم لە لوبنانەوە بۆ دەریا دەیانهێنن و منیش لەسەر دەریا دەیانکەمە کەڵەک، هەتا ئەو شوێنەی خۆت دیاری دەکەیت لەوێ هەڵیاندەوەشێنمەوە و تۆش باریان دەکەیت. بە دابینکردنی نانیش بۆ ماڵەکەم خواستی من بەجێدەهێنیت.» ئەوە بوو حیرام بەپێی ئارەزووی سلێمان داری ئورز و سنەوبەری دایێ. سلێمانیش هەر ساڵێک بیست هەزار کۆر5‏:11 بیست هەزار کۆر: نزیکەی 250‏3 تەن.‏ گەنم و بیست هەزار بەت5‏:11 بیست هەزار بەت: نزیکەی 440 هەزار لیتر.‏ زەیتی زەیتوونی وەک ئازووقە دەدایە ماڵی حیرام. یەزدانیش هەروەک چۆن بەڵێنی پێدابوو دانایی دایە سلێمان، ئاشتی لەنێوان سلێمان و حیرام هەبوو، هەردووکیان پەیمانیان بەست. سلێمانی پاشا لە هەموو ئیسرائیل بێگاری بە سی هەزار پیاو کرد. هەر مانگە و بە نۆبە دە هەزاری لێیان دەناردە لوبنان، مانگێک لە لوبنان دەبوون و دوو مانگیش لە ماڵەوە، ئەدۆنیرامیش سەرپەرشتیاری کاری بێگاری بوو. سلێمان حەفتا هەزار کۆڵکێش و هەشتا هەزار نەقاڕی لە چیا هەبوو. بێجگە لەمە سلێمان سێ هەزار و سێ سەد سەرکاریشی هەبوو سەرپەرشتی کارەکە و کرێکارەکانیان دەکرد. هەروەها پاشا فەرمانی دا کە بەردی گەورە هەڵبکەنن، بەردی نایاب بۆ دامەزراندنی پەرستگاکە بە بەردی تاشراو. وەستاکانی سلێمان و حیرام و کرێکارانی شاری جوبەیل5‏:18 شاری جوبەیل شارێکی کۆنە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 7000 ساڵ لەمەوپێش، ئەمرۆ بە دووری 38 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری بەیروت.‏ دار و بەردەکانیان ئامادە کرد بۆ بنیادنانی پەرستگاکە. بنیادنانی پەرستگا لە چوار سەد و هەشتایەمین ساڵی هاتنە دەرەوەی نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر، کە دەکاتە ساڵی چوارەمی پاشایەتی سلێمان لە ئیسرائیل، لە مانگی زیڤ کە مانگی دووە، سلێمان دەستی بە بنیادنانی پەرستگای یەزدان کرد. ئەو پیرۆزگایەی سلێمانی پاشا بۆ یەزدان بنیادی نا، درێژییەکەی شەست باڵ6‏:2 شەست باڵ: نزیکەی 27 مەتر.‏ و پانییەکەی بیست باڵ6‏:2 بیست باڵ: نزیکەی 9 مەتر.‏ و بەرزاییەکەشی سی باڵ6‏:2 سی باڵ: نزیکەی 13,5 مەتر.‏ بوو. هەیوانی بەردەم هۆڵی سەرەکی پیرۆزگاکەش درێژییەکەی بەرامبەر بوو بە پانی پیرۆزگاکە، واتا بیست باڵ بوو، پانییەکەشی لەبەردەم پیرۆزگاکەوە دە باڵ بوو6‏:3 دە باڵ: نزیکەی 4,5 مەتر.‏. هەروەها کڵاوڕۆژنەی6‏:4 وەک پەنجەرەیە، دەلاقەیەکە بۆ هاتوچۆی هەوا و گێڕانەوەی تیشکی خۆر.‏ کەتیبەداری بۆ پیرۆزگاکە دروستکرد. ئینجا لەسەر دیواری سەر بە هۆڵە سەرەکییەکە و دیواری شوێنەکەی هەرەپیرۆز چەند نهۆمێکی بنیاد نا، واتا لە دەوری دیوارەکانی پیرۆزگاکە، ژووری لاتەنیشت لە دەوریان هەبوو. نهۆمی ژێرەوە پانییەکەی پێنج باڵ6‏:6 پێنج باڵ: نزیکەی 2,3 مەتر.‏ و نهۆمی ناوەڕاست پانییەکەی شەش باڵ6‏:6 شەش باڵ: نزیکەی 2,7 مەتر.‏ و سێیەمیشیان پانییەکەی حەوت باڵ6‏:6 حەوت باڵ: نزیکەی 3,1 مەتر.‏ بوو، بەم شێوەیە لە دەرەوە لێواری لە دەوری پیرۆزگاکە کرد هەتا کاریتەکان نەخاتە ناو دیوارەکان. لە کاتی بنیادنانی پەرستگاکەدا بەردی نایابی ئامادەکراو بەکارهێنرا، بەڵام دەنگی چەکوش و تەور و هیچ ئامێرێکی ئاسن لە پەرستگاکە نەبیسترا. داڵانی نهۆمی ژێرەوە لەلای باشووری پەرستگاکە بوو؛ بە پەیژە سەردەکەوتن بۆ ناوەڕاست و لەوێشەوە بۆ نهۆمی سێیەم. پەرستگاکەی بنیاد نا و تەواوی کرد، بە تەختەداری پان و کاریتەی ئورز سەری پەرستگاکەی گرت. هەموو ئەو ژوورە لاتەنیشتانەش کە لە دەوری پیرۆزگاکە بنیادی نان، بەرزاییەکەیان پێنج باڵ بوو، بە داری ئورز بە پیرۆزگاکەی گەیاندن. فەرمایشتی یەزدان بۆ سلێمان هات و فەرمووی: «ئەم پەرستگایەی کە تۆ دروستی دەکەیت، ئەگەر بە ڕێگای فەرزەکانمدا بڕۆیت و حوکمەکانم پەیڕەو بکەیت، هەروەها هەموو فەرمانەکانم بەجێبهێنیت بۆ پەیڕەوکردنی، ئەوا ئەو بەڵێنەی بە داودی باوکی تۆم دا لە ڕێگەی تۆوە دەیهێنمە دی. هەروەها لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا نیشتەجێ دەبم و ئیسرائیلی گەلم بەجێناهێڵم.» سلێمان پەرستگاکەی بنیاد نا و تەواوی کرد. دیواری ناوەوەی پیرۆزگاکە هەتا بنمێچەکەی بە تەختەی داری ئورز ڕووپۆش کرد، هەروەها زەمینەکەشی بە تەختەی دار سنەوبەر. بیست باڵیشی لە بەشی دواوەی پیرۆزگاکە بە دیوارێک لە تەختەی دار ئورز جیا کردەوە، هەتا ببێتە پیرۆزگای ناوەوەی پەرستگاکە، کە شوێنی هەرەپیرۆزە. هۆڵە سەرەکییەکە لەبەردەم ئەم ژوورەوە چل باڵ6‏:17 چل باڵ: نزیکەی 18 مەتر.‏ بوو. دار ئورزی پەرستگاکە بە دیوی ناوەوەی پەرستگاکە لەسەر شێوەی سەوزەوات6‏:18 لە زمانی عیبری وشەی پەقەعی‏ مەبەستی لە بەرهەمی هەموو ئەو ڕووەکانەیە کە بڕکەکانیان پەل دەهاوێت، وەکو: کودو، ئاروو، کودووە زەردە، ترۆزی… هتد.‏ و گوڵی کراوە نەخشێنرابوو، هەمووی داری ئورز بوو، هیچ بەردێک نەدەبینرا. لە ناوەڕاستی پەرستگاکە، شوێنی هەرەپیرۆزی ئامادە کرد هەتا سندوقی پەیمانی یەزدان لەوێ دابنێت. شوێنی هەرەپیرۆز، کە بیست باڵ درێژ و بیست باڵ پان و بیست باڵیش بەرز بوو، بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆشی کرد، قوربانگاکەشی بە ئورز ڕووپۆش کرد. سلێمان دیوی ناوەوەی پیرۆزگاکەی بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆش کرد، زنجیری زێڕیشی لەبەردەم شوێنی هەرەپیرۆز ڕاکێشا، بە زێڕ ڕووپۆشی کرد. تەواوی قوربانگای شوێنی هەرەپیرۆز و تەواوی دیوی ناوەوەی پیرۆزگاکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد. لەناو شوێنی هەرەپیرۆزیش دوو کەڕوبی6‏:23 دوو کەڕوب: جووتێک پەیکەری بوونەوەری ئاسمانی باڵدارە، لە شێوەی ئاژەڵ و مرۆڤدایە، بۆ پارێزگاریکردن لە سندوقی پەیمان دانرابوو، بڕوانە ‏ دەرچوون 25‏:18 و عیبرانییەکان 9‏:5‏.‏ لە داری زەیتوون دروستکرد، بەرزی هەریەکەیان دە باڵ بوو. هەر کەڕوبێک دوو باڵی هەبوو، درێژی هەر باڵێک پێنج باڵ بوو،6‏:24 درێژی هەر باڵێکی کەڕوبەکە نزیکە 2,25 مەترە.‏ لە سەری باڵێکییەوە هەتا سەری باڵەکەی دیکە دە باڵ بوو. هەردوو کەڕوبەکە یەک ئەندازە و یەک شێوەیان هەبوو. بەرزی کەڕوبی یەکەم دە باڵ بوو، کەڕوبی دووەمیش بە هەمان شێوە. هەردوو کەڕوبەکەی لە ناوەڕاستی شوێنی هەرەپیرۆز دانا و باڵی کەڕوبەکانی کردەوە. باڵی یەکێک لە کەڕوبەکان بەر دیوارێک کەوت و باڵی کەڕوبی دووەمیان بەر دیوارەکەی بەرامبەری کەوت، لە ناوەڕاستی ژوورەکەش بەر یەکتری دەکەوتن، باڵ بە باڵ. هەردوو کەڕوبەکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد. لەسەر هەموو دیوارەکانی پیرۆزگاکە، لەناو هەردوو ژوورەکەی، ژووری ناوەوە و ژووری دەرەوەش، وێنەی کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی نەخشاند. زەمینی ژووری ناوەوە و ژووری دەرەوەی پیرۆزگاکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد. بۆ داڵانەکەی شوێنی هەرەپیرۆزیش، دەرگایەکی دوو دەری لە داری زەیتوون دروستکرد، بە شێوەی پێنج چوارچێوە لەناو یەکدا. لەسەر هەردوو لای دەرگاکەش کە لە داری زەیتوون بوون، کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی لەسەر نەخشاند و بە زێڕ ڕووپۆشی کردن. بە هەمان شێوە لە داڵانی هۆڵە سەرەکییەکەش چوار چوارچێوەی لەناو یەکدا لە داری زەیتوون دروستکرد. هەروەها دوو دەرگای بە داری سنەوبەر دروستکرد، هەردووکیان دوو دەری بوون کە بە نەرمادە6‏:34 نەرمادە لە دوو پارچە ئاسن پێکهاتووە کە تێکهەڵکێشی یەکن و دەجوڵێن، کە بۆ بەستنەوەی دەرگا بە یەکەوە یان بۆ بەستنەوەی دەرگا بە چوارچێوەکەیەوە بەکاردێت.‏ بەسترا بوون و دەسووڕانەوە. کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی لەسەر نەخشاندن و بە زێڕی کوتراو لەسەر نەخشەکە ڕووپۆشی کردن. هەروەها حەوشەکەی ناوەوەی بنیاد نا بە سێ ڕیز بەردی تاشراو و ڕیزێک کاریتەی ئورز. لە ساڵی چوارەم پەرستگای یەزدانی دامەزراند، لە مانگی زیڤ. لە ساڵی یازدەیەمینیش، لە مانگی بول کە مانگی هەشتە، هەموو بەشەکانی پەرستگاکە بە هەموو وردەکارییەکانییەوە تەواو کرا، بە حەوت ساڵ بنیادی نا. بنیادنانی کۆشکی سلێمان سلێمان کۆشکەکەی خۆی بە سێزدە ساڵ بنیاد نا و هەمووی تەواو کرد. کۆشکی دارستانەکەی لوبنانیشی بە درێژی سەد باڵ و پانی پەنجا باڵ و بەرزی سی باڵ بنیاد نا، لەسەر چوار ڕیز کۆڵەکەی ئورز و کاریتەی ئورزیشی لەسەر کۆڵەکەکان دانا. سەری ئەو دارانەشی لە سەرەوە بە ئورز گرت، ئەوانەی لەسەر چل و پێنج کۆڵەکە بوون، هەر ڕیزە و پازدە. پەنجەرەکانیشی بە سێ ڕیز دانرابوون، پەنجەرە بەرامبەر پەنجەرە. هەموو دەروازەکان چوارگۆشە بوون، لە هەر ڕیزێک سێ دەرگا و بەرامبەر بە یەکتری. ڕێڕەوێکی سەر داپۆشراوی دروستکرد کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو، درێژییەکەی پەنجا باڵ و پانییەکەی سی باڵ بوو. هەیوانێک لەبەردەم ڕێڕەوەکە هەبوو، لەبەردەم ئەویش چەند کۆڵەکەیەک و تارمەیەک هەبوو. هۆڵی تەختی پاشایەتییەکەش ئەوەی تێیدا دادوەری دەکرد، واتا هۆڵی دادوەری ئەویشی دروستکرد و تەواوی دیوارەکەی بە ئورز ڕووپۆش کرد. کۆشکی نیشتەجێبوونی خۆشی بە هەمان شێوەی ئەم هۆڵە لە پشتی ئەو بنیاد نا. هەروەها ماڵێکیشی وەک ئەم هۆڵە بۆ کچەکەی فیرعەون دروستکرد، ئەوەی کە هێنابووی. هەموو تەلارەکانی کۆشکی پاشایەتی، لە دەرەوە بۆ ژوورەوە، لە بناغەوە هەتا سەرەوە، لە بەردی نایابی نەقاڕکراو بوون. لە بناغەشەوە بەردی نایاب بوو، بەردی گەورە، هەندێکی دە باڵ و هەندێکی هەشت باڵ7‏:10 هەشت باڵ: نزیکەی 3,6 مەتر.‏. لە سەریشەوە بە بەردی نایابی بە ئەندازە داتاشراو و بە داری ئورز بوو. دیواری سنووری کۆشکەکە وەک دیواری حەوشەی پیرۆزگای یەزدان بە سێ ڕیز بەردی داتاشراو و ڕیزێک کاریتەی ئورز دروستکرابوو. کەلوپەلەکانی پەرستگا سلێمانی پاشا ناردی و حورامی لە شاری سورەوە هێنا. ئەو کوڕی بێوەژنێک بوو لە هۆزی نەفتالی، باوکیشی پیاوێکی خەڵکی سور بوو، پیشەوەری بڕۆنز بوو. حورام پڕ بوو لە دانایی و تێگەیشتن، شارەزایی لە دروستکردنی هەموو کارێکی بڕۆنز هەبوو. هاتە لای سلێمانی پاشا و هەموو کارەکانی بۆ ئەنجام دا. دوو کۆڵەکەی بڕۆنزی داڕشت کە بەرزی هەر یەکێکیان هەژدە باڵ7‏:15 هەژدە باڵ: نزیکەی 8,1 مەتر.‏ و چێوەکەی دوازدە باڵ7‏:15 دوازدە باڵ: نزیکەی 5,4 مەتر.‏ بوو. هەروەها دوو تاجی بڕۆنزی لەقاڵبدراوی دروستکرد هەتا لەسەر سەری هەردوو کۆڵەکەکە دابنرێن، بەرزی هەر یەکێکیان پێنج باڵ7‏:16 پێنج باڵ: نزیکەی 2,3 مەتر.‏ بوو. تۆڕێکی لە زنجیری چنراو بە تاجەکان هەڵواسیبوو، کە لەسەر کۆڵەکەکان بوون، بۆ هەر تاجێک حەوت تۆڕ. دوو ڕیز هەناری لە دەوری هەر تۆڕێک دروستکرد بۆ ڕازاندنەوەی ئەو تاجانەی کە لەسەر کۆڵەکەکان بوون. بۆ هەر تاجێک هەمان شتی کرد. ئەو تاجانەش کە لە هەیوانەکە لەسەر کۆڵەکەکان بوون لە شێوەی گوڵی سەوسەن بوون، بەرزییان چوار باڵ7‏:19 چوار باڵ: نزیکەی 1,8 مەتر.‏ بوو. لەسەر تاجەکانی سەر هەردوو کۆڵەکەکە، لە سەرووی ئەو بەشەی تاجەکە کە لە شێوەی قاپ بوو، لەتەنیشتی تۆڕەکە، دوو سەد هەنار بە ڕیز لە دەوری هەبوو. دوو کۆڵەکەشی لە هەیوانی پیرۆزگاکە ڕاگرت، کۆڵەکەکەی لای باشووری ناو نا یاکین7‏:21 یاکین: دەشێت واتاکەی (بنیاد دەنێت) بێت.‏ و کۆڵەکەکەی لای باکووریشی ناو نا بۆعەز7‏:21 بۆعەز: دەشێت واتاکەی (هێز لەناو ئەو هەیە) بێت.‏. سەری کۆڵەکەکانیش لەسەر شێوەی گوڵی سەوسەن بوون، بەم شێوەیە کاری کۆڵەکەکان تەواو بوو. حەوزە بڕۆنزییەکەشی7‏:23 کۆگای ئاو بووە، هەروەها پێی گوتراوە دەریا، بڕوانە دەرچوون 30‏:17‏-21.‏ بە بازنەیی بە قاڵب دروستکرد، لە لێوارەوە هەتا لێوار دە باڵ بوو، پێنج باڵ بەرزی، چێوەکەشی گوریسێکی سی باڵ بوو. لەژێر لێوارەکەی لە هەر چواردەورەی وێنەی سەوزەوات7‏:24 لە زمانی عیبری وشەی پەقەعی‏ مەبەستی لە بەرهەمی هەموو ئەو ڕووەکانەیە کە بڕکەکانیان پەل دەهاوێت، وەکو: کودو، ئاروو، کودووە زەردە، ترۆزی… هتد.‏ نەخشێنرابوو، دە وێنە بۆ هەر باڵێک، بەدەوری حەوزە بڕۆنزییەکە بە دوو ڕیز، وێنەی سەوزەواتەکان لەگەڵ حەوزە بڕۆنزییەکە لەقاڵبدرابوون. حەوزە بڕۆنزییەکەش لەسەر دوازدە گا ڕاوەستابوو، سێیان ڕوویان لە باکوور، سێ ڕوویان لە ڕۆژئاوا، سێ ڕوویان لە باشوور، سێش ڕوویان لە ڕۆژهەڵات بوو. حەوزە بڕۆنزییەکەش لەسەریان دانرابوو، هەمووشیان پاشەڵیان ڕوو لەناوەوە بوو. ئەستووراییەکەی چوار پەنجە بوو، لێوارەکەی وەک لێواری جام دروستکرابوو، لە شێوەی گوڵی سەوسەن. جێی دوو هەزار بەتی7‏:26 دوو هەزار بەت: نزیکەی 44 هەزار لیتر.‏ تێدا دەبووەوە. دە عەرەبانەی ئاو گواستنەوەشی لە بڕۆنز دروستکرد، درێژی هەر عەرەبانەیەک چوار باڵ و پانییەکەی چوار باڵ، بەرزییەکەشی سێ باڵ7‏:27 سێ باڵ: نزیکەی 1,3 مەتر.‏ بوو. ئەمەش شێوەی عەرەبانەکان بوو، لە چەند تەختەدارێکی چوارگۆشە دروستکرا بوون، تەختەکانیش لەنێوان دوو ستوون بوون. هەروەها وێنەی شێر و گا و کەڕوب هەبوون لەسەر ستوونەکان و لەسەر ئەو تەختانەی کە لەنێوان دوو ستوونەکە بوون. لە سەرەوە و لە خوارەوەی شێر و گایەکان تاجەگوڵینە شۆڕببوونەوە. چوار چەرخی بڕۆنزیش بۆ هەر عەرەبانەیەک، تەوەرەکانیش بڕۆنز بوون. گۆشەکانیش کە چوار بوون، شانیان هەبوو لەژێر دەستشۆرەکە، شانەکانیش لەقاڵبدرابوون لەتەنیشت هەر تاجەگوڵینەیەکەوە. لێواری حەوزەکەی ناو عەرەبانەکە بازنەیی بوو کە یەک باڵ لە عەرەبانەکە بەرزتر بوو، لێوارەکەی بازنەیی بوو، لەگەڵ بەشی خوارەوە قووڵاییەکەی باڵ و نیوێک بوو، لێوارەکە نەخشێنرابوو، تەختەدارەکانی عەرەبانەکەش چوارگۆشەیی بوون، نەک بازنەیی. چوار چەرخەکانیش لەژێر تەختەکانەوە بوون، بە تەوەر چەرخەکان بە عەرەبانەکەوە بەسترابوون، چێوەی هەر چەرخێک باڵ و نیوێک بوو. چەرخەکانیشی لەسەر شێوەی چەرخی گالیسکە دروستکرابوو، تەوەر و چێوە و ڕاگر و ناوکی چەرخەکان هەموو لەقاڵبدرابوون. هەر عەرەبانەیەک چوار دەسکی هەبوو، هەر دەسکێک لە گۆشەیەک، دەسکەکان بەشێک بوون لە عەرەبانەکە. لە بەشی سەرەوەی عەرەبانەکە بە بەرزی نیو باڵ قەیدێکی بازنەیی هەبوو، لاشان و تەختەکانی بە بەشی سەرەوەی عەرەبانەکە بەسترا بوون. لەسەر ڕووی لاشان و تەختەکانی عەرەبانەکە کەڕوب و شێر و دار خورمای نەخشاند، لە کەلێنی نەخشەکان چەند تاجەگوڵینەیەکی لە دەوروبەری دروستکرد. بەم جۆرە دە عەرەبانەکەی دروستکرد، یەک قاڵب و یەک ئەندازە و یەک شێوە. هەروەها دە دەستشۆری بڕۆنزی دروستکرد کە هەریەکەیان چل بەتی7‏:38 چل بەت: نزیکەی 880 لیتر.‏ دەگرت و تیرەکەی چوار باڵ بوو، هەریەکەشیان لەسەر عەرەبانەیەک لە دە عەرەبانەکە بوون. پێنج عەرەبانەی لەلای باشوور و پێنجەکەی دیکەشی لەلای باکووری پیرۆزگاکە دانا، حەوزە بڕۆنزییەکەشی لەلای باشووری پیرۆزگاکە دانا، لە گۆشەی باشووری ڕۆژهەڵات. هەروەها حورام مەنجەڵ و خاکەناز و تاسەکانی7‏:40 کاهین ئەم تاسانەی بۆ پرژاندنی خوێنی قوربانی بەکاردەهێنا، وەک هێمایەک بۆ کەفارەتی گوناهەکانی خەڵک. بڕوانە دەرچوون 29‏:20 و زەکەریا 9‏:15؛ 14‏:20 و عیبرانییەکان 9‏:13‏.‏ دروستکرد. حورام کارەکانی تەواو کرد، ئەوانەی بۆ سلێمان پاشا بۆ پەرستگای یەزدان کردی: دوو کۆڵەکەکە؛ دوو شێوە قاپەکە کە لەسەر دوو کۆڵەکەکە بوون؛ دوو تۆڕەکە بۆ ڕازاندنەوەی دوو شێوە قاپەکە کە لەسەر دوو کۆڵەکەکە بوون؛ هەروەها چوار سەد هەنارەکە بۆ دوو تۆڕەکە، دوو ڕیز هەنار بۆ هەر تۆڕێک بۆ ڕازاندنەوەی دوو شێوە قاپەکە کە لەسەر دوو کۆڵەکەکە بوون؛ دە عەرەبانەکە و دە دەستشۆرەکەی سەر عەرەبانەکان؛ حەوزە بڕۆنزییەکە و دوازدە گایەکەی ژێری؛ هەروەها مەنجەڵ و خاکەناز و تاسەکان. حورام هەموو ئەو کەلوپەلانەی بۆ سلێمانی پاشا بۆ پەرستگای یەزدان لە بڕۆنزی سافکراو دروستکرد. پاشا لە دەشتی ڕووباری ئوردون لەنێوان سوکۆت و چەرەتان لە قاڵبی قوڕ دایڕشتن. سلێمانیش هەموو ئەو شتومەکانەی بە نەکێشراوی بەجێهێشت، چونکە گەلێک زۆر بوون، کێشی بڕۆنزەکەی نەدەزانرا. هەروەها سلێمان هەموو ئەو کەلوپەلانەی دروستکرد کە لە پەرستگای یەزدان بوون: قوربانگا زێڕینەکە؛ مێزە زێڕینەکە کە نانی تەرخانکراوی لەسەر بوو بۆ خودا؛ پێنج چرادانیش لەلای ڕاست و پێنج لەلای چەپ لەبەردەم شوێنی هەرەپیرۆز لە زێڕی بێگەرد؛ هەروەها گوڵ و چرا و مەقاشە زێڕینەکان؛ تەشت، مەقەست، تاس، چەمچە و بخووردانەکان لە زێڕی بێگەرد؛ نەرمادەی دەرگاکانی ژووری ناوەوە، واتا شوێنی هەرەپیرۆز، هەروەها نەرمادەی دەرگاکانی هۆڵی سەرەکی پیرۆزگاکەش لە زێڕ بوون. کاتێک سلێمان پاشا هەموو کارەکانی پەرستگای یەزدانی تەواو کرد، شتە تەرخانکراوەکانی داودی باوکی کە لە زێڕ و زیو بوون و کەلوپەلەکانی هێنا پێشکەشی کرد بە گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان. هێنانی سندوقی پەیمان بۆ پەرستگا لەو کاتەدا سلێمان پاشا لە ئۆرشەلیم پیرانی ئیسرائیلی کۆکردەوە، هەموو سەرکردەی هۆزەکان و گەورەی بنەماڵەکانی نەوەی ئیسرائیل، بۆ هێنانی سندوقی پەیمانی یەزدان لە سییۆنەوە، کە بە شاری داود ناسراوە. هەروەها لە جەژنی مانگی ئێتانیم کە لە مانگی حەوتە8‏:2 مەبەست لە جەژنی کەپرەشینەیە، کە بەرامبەر بە ساڵنامەی زایینی لەنێوان مانگی ئەیلول و تشرینی یەکەمە. بڕوانە لێڤییەکان 23‏:34‏-43.‏ هەموو گەلی ئیسرائیل لەلای سلێمانی پاشا کۆبوونەوە. ئیتر هەموو پیرانی ئیسرائیل هاتن و کاهینەکانیش سندوقەکەیان هەڵگرت، سندوقی یەزدان و چادری چاوپێکەوتن و هەموو کەلوپەلە پیرۆزەکانی ناو چادرەکەیان هێنا. کاهین و لێڤییەکان هێنایانە سەرەوە، سلێمانی پاشاش لەگەڵ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل کە لەگەڵی کۆببوونەوە لەبەردەم سندوقەکە بوون، مەڕ و مانگایان سەردەبڕی کە لە زۆریدا نە تۆمار دەکرا و نە دەژمێردرا. ئینجا کاهینەکان سندوقی پەیمانی یەزدانیان هێنایە شوێنەکەی خۆی، بۆ پیرۆزگاکەی ناوەوەی پەرستگاکە، شوێنی هەرەپیرۆز، بۆ ژێر باڵی دوو کەڕوبەکە. کەڕوبەکان باڵەکانیان بەسەر سندوقەکەدا کردبووەوە، سێبەریان بەسەر سندوقەکە و هەردوو داردەستەکەشیدا کردبوو کە بۆ هەڵگرتنیەتی. ئەم داردەستانەش ئەوەندە درێژ بوون کە سەری داردەستەکان لەو دیوی پەردەی شوێنی هەرەپیرۆز دەبینران، بەڵام لە دەرەوەی شوێنە پیرۆزەکەوە نەدەبینران، هەتا ئەمڕۆش هەر لەوێدان. ناو سندوقەکەش هیچی تێدا نەبوو، جگە لەو دوو تەختە بەردەی کە موسا لە حۆرێڤ تێیدا داینابوون کاتێک یەزدان لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل لە کاتی هاتنەدەرەوەیان لە میسر پەیمانی لەگەڵ بەستن. ئەوە بوو بە هاتنە دەرەوەی کاهینەکان لە شوێنە پیرۆزەکە، هەورێک پیرۆزگای یەزدانی پڕکردەوە. کاهینەکانیش لەبەر هەورەکە نەیانتوانی خزمەت بکەن، چونکە شکۆی یەزدان پیرۆزگاکەی پڕکرد. ئینجا سلێمان گوتی: «یەزدان فەرموویەتی، کە لەناو هەوری تاردا نیشتەجێ دەبێت. ئەوەتا پەرستگایەکی شکۆدارم بۆ بنیاد نایت، شوێنێک هەتاهەتایە بۆ نیشتەجێبوونت.» کاتێک هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل ڕاوەستا بوون، پاشا ڕووی خۆی وەرگێڕا و داوای بەرەکەتی بۆ هەموویان کرد. ئینجا گوتی: «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەوەی بە دەمی خۆی بەڵێنی بە داودی باوکم دا و بە دەستی خۆی بەجێی هێنا، هەروەک فەرمووی: ”لەو ڕۆژەوەی ئیسرائیلی گەلی خۆمم لە میسرەوە هێناوەتە دەرەوە، هیچ شارێکم لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵنەبژاردووە بۆ ئەوەی پەرستگایەک بنیاد بنێن هەتا ناوەکەم لەوێ بێت، بەڵکو داودم هەڵبژاردووە تاکو فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیلی گەلی من بکات.“ «لە دڵی داودی باوکیشمدا بوو پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێت. بەڵام یەزدان بە داودی باوکمی فەرموو: ”بێگومان باشت کرد کە لە دڵی خۆتدا نیازت هەبووە پەرستگایەک بۆ ناوەکەم بنیاد بنێیت. لەگەڵ ئەوەشدا تۆ پەرستگاکە بنیاد نانێیت، بەڵکو کوڕەکەت، ئەوەی لە خوێنی خۆتە، ئەو پەرستگاکە بۆ ناوی من بنیاد دەنێت.“ «یەزدان بەڵێنی خۆی بردەسەر، ئەوەی کە فەرمووی. منیش شوێنی داودی باوکمم گرتەوە و لەسەر تەختی ئیسرائیل دانیشتم، هەروەک یەزدان فەرمووی. پەرستگاکەشم بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد نا. لەوێشدا شوێنێکم بۆ ئەو سندوقە دانا، ئەوەی ئەو پەیمانەی یەزدانی تێیدایە کە لەگەڵ باوباپیرانماندا بەستی، کاتێک لە خاکی میسری هێنانە دەرەوە.» نوێژی تەرخانکردنی پەرستگا ئینجا سلێمان لەبەردەم قوربانگای یەزدان بەرامبەر بە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل ڕاوەستا و دەستی بۆ ئاسمان بەرز کردەوە، گوتی: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، هیچ خودایەک لە ئاسمان لە سەرەوە و لەسەر زەوی لە خوارەوە لە وێنەی تۆ نییە، پەیمانی خۆشەویستییەکەت بۆ خزمەتکارەکانت دەبەیتەسەر، ئەوانەی لەبەردەمی تۆ بە دڵسۆزییەوە ڕەفتار دەکەن. تۆ بەڵێنی خۆتت بۆ بەندەکەت، بۆ داودی باوکم هێنایە دی. ئەوەی بە دەمت بەڵێنت پێدا، ئەمڕۆ بە دەستی خۆتت هێنایە دی. «ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەو بەڵێنەی کە تۆ بە بەندەکەی خۆت، بە داودی باوکی منت دا، بۆی بهێنە دی، کە فەرمووت: ”پیاو لە تۆ نابڕێت لەبەردەمم بۆ دانیشتن لەسەر تەختی ئیسرائیل، تەنها ئەگەر کوڕانت ئاگاداری ئەوە بن کە بە دڵسۆزییەوە دۆستایەتیم بکەن، هەروەک چۆن تۆ بە دڵسۆزییەوە دۆستایەتیت کردم.“ ئێستاش ئەی خودای ئیسرائیل، با ئەو بەڵێنەت بێتە دی کە بەڵێنت بە داودی باوکم دا کە بەندەی تۆیە. «بەڵام ئایا بەڕاستی خودا لەسەر زەوی نیشتەجێ دەبێت؟ ئەوەتا ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانەکان جێی تۆیان تێدا نابێتەوە، ئیتر چۆن ئەم پەرستگایە کە من بنیادم ناوە! بەڵام ئەی یەزدان، خودای من، ئاوڕ لە نوێژ و لە داواکارییەکانی بەندەکەت بدەوە و گوێ لە هاوار و ئەو نوێژە بگرە کە بەندەکەت ئەمڕۆ لەبەردەمت دەیکات. با شەو و ڕۆژ چاوەکانت کراوە بن لەسەر ئەم پەرستگایە، لەسەر ئەو شوێنەی کە فەرمووت: ”ناوی من لەوێ دەبێت،“ هەتا گوێت لەو نوێژە بێت کە بەندەکەت بەرەو ئەم شوێنە دەیکات. هەروەها گوێ لە پاڕانەوەی بەندەکەت و ئیسرائیلی گەلت بگرە، ئەوانەی بەرەو ئەم شوێنە نوێژ دەکەن، تۆش لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە بیبیستە، جا کە بیستت لێمان خۆشبە. «ئەگەر یەکێک گوناهی دەرهەق بە هاوڕێکەی کرد و سوێندخواردنی بەسەردا سەپێنرا و هات بۆ ئەوەی لەبەردەم قوربانگاکەت لەم پەرستگایە سوێندەکەی بخوات، تۆ لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و دەستبەکار بە. دادوەری لەنێوان خزمەتکارەکانت بکە، حوکم بدە بەسەر تاوانباردا بەوەی ڕێگای خۆی بەسەر خۆیدا بهێنەرەوە، ئەستۆپاکی کەسی بێتاوان دەربخە و بەگوێرەی بێتاوانییەکەی پێی ببەخشە. «کاتێک ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت بەهۆی ئەو گوناهەی بەرامبەرت دەیکەن، لەبەردەم دوژمنەکانیان تێکدەشکێن، ئەگەر گەڕانەوە بۆ لات و دانیان نایەوە بە ناوی تۆ، لەم پەرستگایەدا نزا و نوێژیان کرد و لێت پاڕانەوە، تۆش لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و لە گوناهی ئیسرائیلی گەلت خۆشبە و بیانگەڕێنەوە ئەو خاکەی کە بە باوباپیرانیانت داوە. «ئەگەر ئاسمان داخرا و باران نەباری بەهۆی ئەوەی گەلەکەت گوناهیان دەرهەق بە تۆ کرد، پاشان نوێژیان ڕووەو ئەم شوێنە کرد و دانیان بە ناوەکەتدا نا و لە گوناهەکەیان پاشگەز بوونەوە، چونکە گرفتارت کردن، تۆش لە ئاسمانەوە گوێ بگرە و لە گوناهی خزمەتکارەکانت و ئیسرائیلی گەلی خۆت خۆشبە، فێری ئەو ڕێگا باشەیان بکە کە دەبێت پێیدا بڕۆن و باران بەسەر خاکەکەتدا ببارێنە، ئەوەی بە میرات داوتە بە گەلەکەت. «هەر کاتێک قاتوقڕی، پەتا، بای گەرمەسێر، کوللە یان سن لە خاکەکە دەدات؛ یان هەر کاتێک دوژمن لە شارەکانیان گەمارۆیان دەدات؛ یان هەر بەڵا و دەردێک دێت؛ ئیتر کاتێک هەرکەسێکی ئیسرائیلی گەلی خۆت نوێژ یان داواکارییەک لە تۆ بکات، لەلایەن ئەوەی کە دەردی دڵی خۆی دەزانێت و دەستی بەرامبەر بەم پەرستگایە بەرز دەکاتەوە، ئەوا تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە گوێ بگرە. لێی خۆشبە و دەستبەکار بە. لەبەر ئەوەی تەنها تۆ دڵی هەموو ئادەمیزادان دەناسیت، بۆ هەرکەسێک بەگوێرەی هەڵسوکەوتەکانی کاردانەوەت هەبێت، بۆ ئەوەی بە درێژایی ڕۆژانی ژیانیان لەم خاکەی بە باوباپیرانی ئێمەت داوە لێت بترسن. «هەروەها ئەو بیانییەی کە لە ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت نییە و لە پێناوی ناوی تۆ لە خاکێکی دوورەوە هاتووە، چونکە دەربارەی ناوی مەزنی تۆ و دەستی پۆڵایین و بازووی بەهێزت دەبیستن، جا کە هات و بەرەو ئەم پەرستگایە نوێژی کرد، تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە و بەپێی هەموو ئەوەی ئەم بیانییە لێت دەپاڕێتەوە بۆی بەجێبهێنە، تاکو هەموو گەلانی زەوی بە ناوی تۆ ئاشنا بن و وەک ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت لێت بترسن، هەروەها بۆ ئەوەی بزانن ئەم ماڵەی کە بنیادم ناوە هەڵگری ناوی تۆیە. «کاتێک گەلەکەت بۆ جەنگ لە دژی دوژمنەکەی دەچێت، بۆ هەرکوێ کە دەیاننێریت، کە نوێژیان کرد بۆ یەزدان ڕووەو ئەو شارەی کە هەڵتبژاردووە و ئەو پەرستگایەی بۆ ناوەکەت بنیادم ناوە، تۆ لە ئاسمانەوە گوێ لە نوێژ و داواکارییەکانیان بگرە و دادوەرییان بۆ بکە. «کەس نییە گوناه نەکات، بەڵام کاتێک گوناهت بەرامبەر دەکەن و تۆش لێیان تووڕە دەبیت و دەیاندەیتە دەست دوژمن کە بە دیلیان دەگرن و بۆ خاکی خۆیان ڕاپێچیان دەکەن، جا دوور بێت یان نزیک، لەدوای ئەمە ئەگەر لەو خاکەی بۆی ڕاپێچ دەکرێن هاتنەوە هۆش خۆیان، لە خاکی ڕاپێچکەرانیان تۆبەیان کرد و لێت پاڕانەوە و گوتیان: ”گوناه و تاوان و خراپەمان کرد،“ ئیتر بە هەموو دڵ و گیانیانەوە گەڕانەوە لات لە خاکی دوژمنەکانیانەوە کە ڕاپێچیان کردوون، هەروەها نوێژیان بۆ کردیت ڕووەو ئەو خاکەی داوتە بە باوباپیرانیان و ئەو شارەی هەڵتبژاردووە و بۆ ئەو پەرستگایەی بۆ ناوی تۆ بنیادم ناوە، ئەوا تۆ لە ئاسمانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونتەوە گوێ لە نوێژ و داواکارییان بگرە و دادوەرییان بۆ بکە. هەروەها لە گەلەکەت خۆشبە، لەو گوناهانەی بەرامبەرت کردوویانە و لە هەموو یاخیبوونەکانیان کە لە دژی تۆ پێی یاخی بوون، بەزەییان پێ ببەخشە لەبەردەم ڕاپێچکەرانیان هەتا بەزەییان پێیاندا بێتەوە، چونکە ئەوان گەل و میراتی تۆن، ئەوەی لە میسرەوە لەناو کوورەی ئاسنەوە دەرتهێنان. «با چاوەکانت لەسەر داواکارییەکانی بەندەکەت و داواکارییەکانی ئیسرائیلی گەلەکەی خۆت کراوە بن هەتا گوێیان لێ بگریت لە هەموو ئەوەی بانگت دەکەن بۆی، چونکە تۆ ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوانت لەنێو هەموو گەلانی زەویدا بە میرات بۆ خۆت جیا کردەوە، وەک چۆن لەسەر دەستی موسای بەندەت فەرمووت، کاتێک باوباپیرانی ئێمەت لە میسرەوە هێنایە دەرەوە.» کاتێک سلێمان لەم هەموو نوێژ و پاڕانەوەیە بووەوە بۆ یەزدان، لەبەردەم قوربانگای یەزدان هەستا کە لەسەر هەردوو ئەژنۆی بەچۆکدا کەوتبوو، دەستەکانی ڕووەو ئاسمان بەرز کردبووەوە. ڕاوەستا و بە دەنگێکی بەرز داوای بەرەکەتی بۆ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل کرد و گوتی: «ستایش بۆ یەزدان، ئەوەی هەروەک بەڵێنی دابوو ئیسرائیلی گەلی خۆی حەساندەوە. تەنانەت یەک وشەش لە هەموو ئەو بەڵێنە باشانە نەشکا کە یەزدان لە ڕێگەی موسای بەندەیەوە دابووی. با یەزدانی پەروەردگارمان لەگەڵمان بێت هەروەک چۆن لەگەڵ باوباپیرانمان بوو، وازمان لێ نەهێنێت و فەرامۆشمان نەکات، دڵمان بۆ لای خۆی گۆش بکات هەتا گوێڕایەڵی بین و چاومان لە فەرمان و فەرز و حوکمەکانی بێت، ئەو فەرمانانەی بە باوباپیرانی ئێمەی کرد. با ئەو وشانەی کە پێی لە یەزدان پاڕامەوە، شەو و ڕۆژ لە یەزدانی پەروەردگارمان نزیک بێت، بۆ ئەوەی دادوەری بۆ بەندەکەی و ئیسرائیلی گەلەکەی خۆی پەیڕەو بکات، بەگوێرەی پێویستی ڕۆژانەی، تاکو هەموو گەلانی زەوی بزانن کە یەزدان خودایە و هیچ خودایەکی دیکە نییە. بەڵام با دڵتان تەواو لەلای یەزدانی پەروەردگارمان بێت، هەتا فەرزەکانی بەجێبهێنن و چاوتان لە فەرمانەکانی بێت، وەک ئەمڕۆ.» تەرخانکردنی پەرستگاکە ئینجا پاشا و هەموو ئیسرائیلیش لەگەڵی قوربانییان لەبەردەم یەزدان سەربڕی. سلێمان قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان کرد، بیست و دوو هەزار مانگا و سەد و بیست هەزار مەڕ و بزنی سەربڕی. ئیتر پاشا و هەموو نەوەی ئیسرائیل پەرستگای یەزدانیان تەرخان کرد. لەو ڕۆژەدا پاشا ناوەڕاستی حەوشەکەی بەردەم پیرۆزگاکەی یەزدانی تەرخان کرد و لەوێدا قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و پیوی8‏:64 پیوی قوربانییەکانی یان بەزی قوربانییەکانی.‏ قوربانییەکانی هاوبەشی پێشکەش کرد، چونکە قوربانگا بڕۆنزییەکەی بەردەم یەزدان بچووکتر بوو لەوەی جێگای قوربانی سووتاندنەکان و دانەوێڵە پێشکەشکراوەکان و پیوی قوربانییەکانی هاوبەشی تێیدا ببێتەوە. لەو کاتە سلێمان بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ ئاهەنگی بۆ جەژنەکە گێڕا، هەموو ئیسرائیلیش لەگەڵی بوون، هەموو خەڵکی نێوان دەروازەی حەمات هەتا دۆڵی میسر، کۆمەڵێکی گەورە، لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان جەژنەکەیان گێڕا، پاشان حەوت ڕۆژی دیکەش، واتا چواردە ڕۆژ. ڕۆژی دواتر خەڵکەکەی بەڕێکرد، جا داوای بەرەکەتیان بۆ پاشاکە کرد و بە شادمانی و دڵخۆشییەوە چوونەوە ماڵەکانیان، بەهۆی ئەو هەموو چاکەیەی کە یەزدان لەگەڵ داودی بەندەی و ئیسرائیلی گەلی خۆی کردی. دەرکەوتنی یەزدان بۆ سلێمان پاش ئەوەی سلێمان بنیادنانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشای تەواو کرد، هەروەها هەموو ئەوانەشی تەواو کرد کە پێی خۆشبوو، دووبارە یەزدان بۆ سلێمان دەرکەوتەوە، هەروەک چۆن لە گبعۆن بۆی دەرکەوت. جا یەزدان پێی فەرموو: «گوێم لە نوێژ و پاڕانەوەکەت بوو کە لەبەردەمم پاڕایتەوە، ئەم پەرستگایەم پیرۆز کرد کە بنیادت ناوە، تاکو بۆ هەتاهەتایە ناوەکەم لەوێ دابنێم، چاوەکانم و دڵیشم هەمیشە لەوێ دەبن. «تۆش ئەگەر بە دڵسۆزی و دڵپاکییەوە دۆستایەتیم بکەیت، وەک ئەوەی داودی باوکت کردی، هەموو ئەوەی فەرمانم پێ کردوویت بیکەیت و فەرز و حوکمەکانم بەجێبهێنیت، ئەوا هەتاهەتایە تەختی پاشایەتییەکەت لەسەر ئیسرائیل جێگیر دەکەم، هەروەک چۆن بەڵێنم بە داودی باوکت دا و فەرمووم: ”پیاو لە تۆ نابڕێت لەسەر تەختی ئیسرائیل.“ «بەڵام ئەگەر ئێوە یاخود نەوەکانتان لێم هەڵگەڕێنەوە و چاوتان لە فەرز و فەرمانەکانم نەبوو کە پێم داون، چوون و خودای دیکەتان پەرست و کڕنۆشتان بۆ بردن، ئەوا ئیسرائیل لەسەر ڕووی ئەو خاکەی پێم داون دەبڕمەوە و ئەم پەرستگایەش کە بۆ ناوی خۆم تەرخانم کردووە لەبەرچاوم نایهێڵم. ئیسرائیل لەنێو هەموو گەلان دەبێتە پەند و مایەی گاڵتەجاڕی، ئەم پەرستگا پایەبەرزەش، هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەری سوڕدەمێنێت و فیکە لێدەدات، دەڵێت: ”بۆچی یەزدان وای لەم خاکە و لەم پەرستگایە کرد؟“ ئینجا خەڵکی وەڵام دەدەنەوە: ”لەبەر ئەوەی وازیان لە یەزدانی پەروەردگاریان هێناوە، ئەوەی کە باوباپیرانیانی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا، دەستیان بە خودای دیکەوە گرتووە، کڕنۆشیان بۆ بردوون و ئەوانیان پەرستووە، لەبەر ئەوە یەزدان تووشی ئەم هەموو کارەساتەی کردن.“» کرداری دیکەی سلێمان لە کۆتایی ئەو بیست ساڵەی کە سلێمان تێیدا هەردوو تەلارەکەی بنیاد نا، پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا، سلێمانی پاشا بیست شارۆچکەی لە خاکی جەلیل بە حیرامی پاشای سور بەخشی، چونکە حیرام بەپێی پێویست داری ئورز و سنەوبەر و زێڕی بۆ سلێمان دابین کردبوو. بەڵام کاتێک حیرام لە سورەوە بۆ بینینی ئەو شارۆچکانە چوو کە سلێمان پێیدابوو، بە دڵی نەبوون. گوتی: «براکەم، ئەم شارۆچکانە چین کە تۆ بە منت داون؟» ئینجا ناوی لێنان خاکی کاڤول9‏:13 ناوی کاڤول نزیکە لە وشەیەکی عیبری کە واتا (بێ فەڕ).‏، هەتا ئەمڕۆش بەو ناوە ناودەبردرێت. حیرام سەد و بیست تالنت9‏:14 تالنت: نزیکەی 34 کیلۆگرامە. بڕوانە دەرچوون 25‏:39‏.‏ زێڕی بۆ پاشا ناردبوو. ئەو بێگارییانەی کە سلێمان پاشا بە خەڵکی کرد، ئەمانە بوون: بنیادنانی پەرستگای یەزدان، کۆشکی خۆی، تەلانەکان9‏:15 بەرازاییەکانیان لە شێوەی پایە ڕێکخستووە، بۆ پاڵپشتی کۆشکی پاشا سوودی لێ وەرگیراوە.‏، شوورای ئۆرشەلیم، حاچۆر، مەگیدۆ، هەروەها گەزەر. (فیرعەونی پاشای میسر پێشتر هێرشی کردبووە سەر گەزەر و داگیری کردبوو و سووتاندبووی. کەنعانییەکانی دانیشتووی شارەکەی کوشت و شارەکەی بە دیاری دایە کچەکەی خۆی، واتا ژنەکەی سلێمان. ئینجا سلێمان گەزەری بنیاد نایەوە.) ئینجا سلێمان گەزەری بنیاد نایەوە، هەروەها بێت‌حۆرۆنی خواروو و بەعەلات و تەدمۆری لە چۆڵەوانی لەناو خاکەکەدا ئاوەدان کردەوە، لەگەڵ هەموو کۆگاکانی9‏:19 چەند شارێکی دروستکردووە وەک مەڵبەندێکی ئەمبارکردن و دابینکردنی ئازووقە.‏ سلێمان، هەروەها ئەو شارۆچکانەی سەربازگەی گالیسکە و ئەو شارۆچکانەی سەربازگەی ئەسپ سوارەکان و هەموو ئەوەی سلێمان ئارەزووی کرد لە ئۆرشەلیم و لوبنان و لە هەموو خاکی ژێر دەسەڵاتی خۆی بنیادی بنێت. هەروەها هەموو ئەو خەڵکەی پاشماوەی ئەمۆری و حیتی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان بوون، کە لە نەوەی ئیسرائیل نەبوون، پاشماوەی ئەم هەموو نەتەوانەی کە نەوەی ئیسرائیل نەیانتوانیبوو بە تەواوی قڕیان بکەن9‏:21 قڕیان بکەن: لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.‏ سلێمان وەک کۆیلە بێگاری بەسەردا سەپاندن، هەتا ئەمڕۆش بەسەریان سەپێنراوە. بەڵام سلێمان کەسی لە نەوەی ئیسرائیل نەکردە کۆیلە، چونکە ئەوان پیاوی جەنگ و کاربەدەست، سەرکردە، فەرماندە، ئەفسەری گالیسکە و گالیسکەسوارەکانی بوون. ئەمانەش ئەو کاربەدەستە باڵایانە بوون کە لەسەر کارەکانی سلێمان بوون، پێنج سەد و پەنجا چاودێر لەسەر ئەو خەڵکەی کارەکەیان دەکرد. پاش ئەوەی کچەکەی فیرعەون لە شاری داودەوە چووە کۆشکەکەی کە سلێمان بۆی بنیاد نابوو، دەستی بە دروستکردنی تەلان کرد. سلێمان ساڵانە سێ جار قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی سەردەخستە سەر ئەو قوربانگایەی بۆ یەزدانی بنیاد نا، بخووریشی لەگەڵ ئەوەدا دەسووتاند کە لەبەردەم یەزدان بوو، پەرستگاکەی تەواو کرد. هەروەها سلێمانی پاشا چەند کەشتییەکی لە عەچیۆن گەڤەر ئەوەی لە نزیک ئێلەتە لەسەر کەناری دەریای سوور9‏:26 عیبری سوف‏ واتا (زەل). دەشێت مەبەست لە دەریای سوف بێت، ئەو دەریایە بێت کە دەکەوێتە سەرووی باکووری کەنداوی سوێسی ئەمڕۆ، بەڵام لە دەقی یۆنانی پەیمانی نوێ هەر بە دەریای سوور نووسراوە. بڕوانە عیبرانییەکان 11‏:29‏.‏ لە خاکی ئەدۆم دروستکرد. حیرامیش خزمەتکارەکانی خۆی کە کەشتیوان و شارەزای دەریا بوون ناردنییە ناو کەشتییەکان بۆ ئەوەی لەگەڵ خزمەتکارەکانی سلێماندا بن. ئیتر چوونە ئۆفیر و لەوێوە چوار سەد و بیست تالنت9‏:28 چوار سەد و بیست تالنت: نزیکەی 14,5 تەن.‏ زێڕیان هەڵگرت و بۆ سلێمانی پاشایان هێنا. سەردانی شاژنی شەبا بۆ لای سلێمان کاتێک شاژنی شەبا ناوبانگی سلێمان و پەیوەندییەکەیی بە یەزدانەوە بیست، هات بۆ ئەوەی بە چەند مەتەڵێک تاقی بکاتەوە. بە کەژاوەیەکی زۆر گەورەوە، وشتری بارکراو لە بۆنوبەرام و زێڕی زۆر و بەردی گرانبەها، گەیشتە ئۆرشەلیم. هاتە لای سلێمان و لەبارەی هەموو ئەو شتانەی لە دڵی بوو قسەی لەگەڵ کرد. سلێمانیش وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دایەوە، هیچ شتێک بۆ پاشا قورس نەبوو وەڵامی بداتەوە. کاتێک شاژنی شەبا ئەو هەموو داناییەی سلێمان و ئەو کۆشکەی بینی کە بنیادی نابوو، هەروەها خواردنی سەر خوانەکەی، دانیشتنی دەستوپێوەندەکانی، ڕێکوپێکی خزمەتکارەکانی و جلوبەرگاکانیان، ساقییەکانی و ئەو قوربانی سووتاندنانەی کە سلێمان لە پەرستگای یەزدان دەیکرد، لە بینینی ئەمانە شەیدا بوو. بە پاشای گوت: «ئەو هەواڵەی کە لە خاکەکەمدا لەبارەی کاروبار و داناییەکەت بیستم، ڕاستە. بڕوام بەو هەواڵانە نەکرد هەتا نەهاتم و بە چاوی خۆم نەمبینی، ئەوەتا نیوەشم پێ ڕانەگەیەنراوە، لە دانایی و چاکی زۆر مەزنتر بوویت لەوەی لەبارەی تۆوە بیستبووم. خۆزگە بە پیاوەکانت دەخوازرێ، خۆزگە بە خزمەتکارەکانت دەخوازرێ، ئەمانە کە هەمیشە لەبەردەمت ڕاوەستاون و داناییەکەت دەبیستن. ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگارت، ئەوەی پێت دڵشادە و لەسەر تەختی ئیسرائیل دایناویت. لەبەر ئەوەی یەزدان هەتاهەتایە ئیسرائیلی خۆشدەوێت، تۆی کردووەتە پاشا تاکو ڕاستودروستی و دادپەروەری پیادە بکەیت.» ئینجا سەد و بیست تالنت10‏:10 سەد و بیست تالنت: نزیکەی 4 تەن.‏ زێڕ و بۆنوبەرامێکی زۆر و بەردی گرانبەهای دایە پاشا، جارێکی دیکە بۆنوبەرامی بەو جۆرە زۆر نەهاتەوە، هێندەی ئەوەی شاژنی شەبا پێشکەشی سلێمان پاشای کرد. هەروەها کەشتییەکانی حیرامیش ئەوانەی لە ئۆفیرەوە زێڕیان هەڵگرتبوو، لە ئۆفیرەوە دار ئەلگومی10‏:11 ئەلگوم جۆرە دارێکی بەهێزە لە لوبنان دەڕوێت، ڕەنگی سوور و بۆنخۆشە.‏ زۆر زۆریان لەگەڵ بەردی گرانبەها هێنا. پاشا لەو دار ئەلگومانە چەند تەختێکی بۆ پتەوکردنی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا دروستکرد، هەروەها قیسارە و سازیش بۆ گۆرانیبێژەکان. هەتا ئەمڕۆش ئەوەندە داری ئەلگوم نەهاتووە و نەبینراوە. سلێمانی پاشا هەموو ئەو شتانەی دایە شاژنی شەبا کە ئارەزووی کرد، جگە لەو شتانەی کە سلێمان پاشا لە بەخشندەیی خۆی پێی بەخشی. پاشان لەگەڵ خزمەتکارەکانی بەڕێکەوت و گەڕایەوە خاکەکەی خۆی. دانایی و دەوڵەمەندی سلێمان کێشی ئەو زێڕەش کە لە ساڵێکدا بۆ سلێمان دەهات، شەش سەد و شەست و شەش تالنت10‏:14 شەش سەد و شەست و شەش تالنت: نزیکەی بیست و سێ تەن.‏ زێڕ بوو، جگە لە باجی سەر بازرگان و فرۆشیارەکان و پاشایانی عەرەب و فەرمانڕەوایانی خاکەکە. سلێمانی پاشا دوو سەد قەڵغانی گەورەی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، شەش سەد شاقل10‏:16 نزیکەی 3,5 کیلۆگرام.‏ زێڕ بۆ هەر قەڵغانێک. سێ سەد قەڵغانی بچووکیشی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، سێ مەنا10‏:17 سێ مەنا: نزیکەی 1,7 کیلۆگرام.‏ زێڕ بۆ هەر قەڵغانێک. ئینجا پاشا لە کۆشکی دارستانەکەی لوبنان داینان. هەروەها پاشا تەختێکی گەورەی لە عاج دروستکرد و بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆشی کرد. تەختەکە شەش پێپلیکانەی هەبوو، بەشی سەرەوەی پاڵپشتەکەشی شێوەی نیمچە خڕ بوو، دوو دەسک لەم لاو لەو لایەوە لەسەر شوێنی دانیشتنەکە، دوو شێری ڕاوەستاویش لەتەنیشت دەسکەکان بوون. دوازدە شێری ڕاوەستاویش لەسەر ئەم لاو ئەو لای شەش پێپلیکانەکە هەبوو. لە هیچ پاشایەتییەک شتی وا دروستنەکرابوو. هەموو کاسە و جامەکانی خواردنەوەی سلێمان پاشا زێڕ بوون، هەروەها هەموو قاپوقاچاغەکانی کۆشکی دارستانەکەی لوبنان لە زێڕی بێگەرد بوون، هیچ شتێک لە زیو دروستنەکرابوو، چونکە لە سەردەمی سلێمان زیو بەهایەکی ئەوتۆی نەبوو. کەشتیگەلی10‏:22 عیبری: کەشتییەکانی تەرشیش واتا جۆرە کەشتییەکی تایبەت بوون کە بۆ بازرگانی بەکاردەهێنران.‏ پاشا لەگەڵ کەشتییەکانی حیرام لە دەریا بوون، سێ ساڵ جارێک دەهاتن و زێڕ و زیو و عاج و مەیمون و تاوسیان دەهێنا. سلێمان گەورەترین پاشا بوو لەنێو پاشاکانی سەر زەوی چ لە دەوڵەمەندی و چ لە دانایی. هەموو خەڵکی سەر زەوی بە ئاواتەوە بوون ڕووی سلێمان ببینن، هەتا گوێ لە داناییەکەی بگرن کە خودا لە دڵیدا داینابوو. هەریەکە و ساڵ لەدوای ساڵ بە دیاری خۆیانەوە دەهاتن، لە قاپوقاچاغی زێڕ و زیو و جلوبەرگ و چەک و بۆنوبەرام و ئەسپ و هێستر. سلێمان گالیسکە و ئەسپ سواری کۆکردەوە، هەزار و چوار سەد گالیسکە و دوازدە هەزار ئەسپ سواری هەبوو. لە شارەکانی گالیسکەکان و لەگەڵ خۆیدا لە ئۆرشەلیم داینان. هەروەها پاشا کارێکی وای کرد کە لە ئۆرشەلیم زیو وەک بەردی لێ بێت، دار ئورزیش لە زۆری وەک دار هەنجیری زوورگەکان بێت. ئەسپەکانی سلێمان لە میسر و لە قەڤێیەوە10‏:28 قەڤێ: دەشێت کیلیکیا بێت. بڕوانە کردار 6‏:9‏ هتد.‏ هاوردە دەکران. بازرگانەکانی پاشا لە قەڤێیەوە بە نرخی بازاڕ وەریاندەگرتن. گالیسکە لە میسرەوە بە شەش سەد شاقل10‏:29 شەش سەد شاقل: نزیکەی 7 کیلۆگرام.‏ زیو و ئەسپیش بە سەد و پەنجا10‏:29 سەد و پەنجا شاقل: نزیکەی 1,7 کیلۆگرام.‏ هاوردەیان دەکرد، هەروەها بۆ هەموو پاشاکانی حیتی و ئارامی هەناردەیان دەکرد. ژنەکانی سلێمان سلێمان پاشا سەرەڕای کچەکەی فیرعەون زۆر ژنی دیکەی بێگانەی خۆشویست، لە مۆئابی و عەمۆنی و ئەدۆمی و سەیدائی و حیتییەکان، لەو گەلانەی کە یەزدان بە نەوەی ئیسرائیلی فەرموو: «ژن و ژنخوازییان لەگەڵ مەکەن، نەوەک دڵتان بۆ لای خوداوەندەکانیان ڕابکێشن.» لەگەڵ ئەوەشدا سلێمان خۆشیویستن و دڵی پێیانەوە بەند بوو. حەوت سەد ژنی خانەدان و سێ سەد کەنیزەی هەبوو، جا ژنەکانی دڵیان هەڵگەڕاندەوە. ئەوە بوو لە تەمەنی پیری سلێمان، ژنەکانی دڵیان بەلای خوداوەندەکانی دیکەدا ڕاکێشا، دڵی وەک دڵی داودی باوکی لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری خۆی تەواو نەبوو. ئیتر سلێمان دوای عەشتۆرەتی خواژنی سەیدائییەکان و دوای مۆلەخی11‏:5 خوداوەندێکی کەنعانییە بتپەرستەکان بووە، بۆ پەرستنی هەستاون بە تێپەڕاندنی منداڵەکانیان بەناو ئاگردا. بڕوانە دووەم پوختەی مێژوو 28‏:3.‏ خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان کەوت. سلێمان لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بە پێچەوانەی داودی باوکی، بە تەواوی دوای یەزدان نەکەوت. لەو کاتەدا سلێمان لەسەر یەکێک لە کێوەکانی بەرامبەر ئۆرشەلیم لەلای ڕۆژهەڵاتی شارەکە نزرگەیەکی سەر بەرزایی11‏:7 مەبەست لەو شوێنەیە کە بۆ قوربانیکردن و ڕێوڕەسمی پەرستنی ئەو دوو بتە بووە. بڕوانە سەفەنیا 1‏:5‏.‏ بۆ کەمۆشی خوداوەندی قێزەونی مۆئابییەکان و هەروەها بۆ مۆلەخی خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان بنیاد نا. هەمان کاریشی بۆ هەموو ژنە بێگانەکانی کرد، کە بخووریان دەسووتاند و قوربانییان سەردەبڕی بۆ خوداوەندەکانیان. یەزدان لە سلێمان تووڕە بوو، چونکە دڵی لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل هەڵگەڕایەوە، ئەوەی دوو جار بۆی دەرکەوت. هەرچەندە فەرمانی بە سلێمان کردبوو کە دوای خودای دیکە نەکەوێت، بەڵام ئەوەی یەزدان فەرمانی پێکرد، سلێمان گوێڕایەڵ نەبوو. یەزدان بە سلێمانی فەرموو: «لەبەر ئەم هەڵوێستەت و گوێڕایەڵنەبوونت بۆ پەیمان و فەرزەکەی من کە فەرمانم پێ کردیت، پاشایەتییەکەت لێ پارچەپارچە دەکەم و دەیدەمە خزمەتکارەکەت، بەڵام لەبەر داودی باوکت لە ماوەی پاشایەتی خۆت نایکەم. لە دەستی کوڕەکەت پارچەپارچەی دەکەم، لەگەڵ ئەمەش هەموو پاشایەتییەکەی لێ ناستێنمەوە، بەڵکو هۆزێکی پێدەدەم، لەبەر داودی بەندەم و لەبەر ئۆرشەلیم کە هەڵمبژاردووە.» دوژمنەکانی سلێمان ئینجا یەزدان دوژمنێکی لە سلێمان هەستاندەوە کە هەدەدی ئەدۆمی بوو، لە بنەماڵەی شاهانەی ئەدۆم بوو. کاتێک داود لە ئەدۆم بوو، یۆئابی فەرماندەی گشتی سوپا چوو بۆ ئەوەی کوژراوەکان بنێژێت و هەرچی نێر لە ئەدۆم ماوە بیانکوژێت. یۆئاب و هەموو ئیسرائیل شەش مانگ لەوێدا مانەوە هەتا هەموو نێرێکیان لە ئەدۆم لەناوبرد. بەڵام هەدەد کە هێشتا مێردمنداڵێکی بچووک بوو، لەگەڵ چەند پیاوێکی ئەدۆمی لە خزمەتکارانی باوکی بۆ میسر هەڵاتن. ئینجا لە میدیانەوە هەستان و چوونە پاران، چەند پیاوێکیان لە پارانەوە لەگەڵ خۆیاندا برد و چوونە میسر بۆ لای فیرعەونی پاشای میسر، ئەویش خانووی دایە هەدەد و فەرمانی دا خواردنی بدرێتێ و زەویشی پێدا. هەدەد لەبەرچاوی فیرعەون پەسەند بوو، خوشکی تەحپەنێسی شاژنی دایێ ببێتە ژنی. خوشکەکەی تەحپەنێس کوڕێکی لێی بوو بە ناوی گەنوڤەت، تەحپەنێس لەنێو ماڵی فیرعەون پەروەردەی کرد، لەنێو کوڕەکانی فیرعەون. هەدەد لە میسر بوو کاتێک بیستی کە داود لەگەڵ باوباپیرانی سەری ناوەتەوە و یۆئابی فەرماندەی گشتی سوپاش مردووە، ئینجا هەدەد بە فیرعەونی گوت: «ڕێم بدە با بچمەوە خاکەکەم.» فیرعەونیش پێی گوت: «لەلای من لە چیت کەمە هەتا داوای چوونەوە بکەیت بۆ خاکەکەت؟» هەدەدیش گوتی: «لە هیچ، تەنها ڕێم بدە.» خودا دوژمنێکی دیکەی لە سلێمان هەستاندەوە کە ڕەزۆنی کوڕی ئەلیاداع بوو، ئەوەی لەلای گەورەکەیەوە هەڵاتبوو، کە هەدەدعەزەری پاشای چۆڤا بوو. لە کاتی کوشتارەکەی داود لە دژی هێزی چۆڤا، پیاوی لە خۆی کۆکردەوە و بووە سەردەستەیەکی چەتە، چوونە دیمەشق و لەوێ نیشتەجێ بوون، لە دیمەشق فەرمانڕەوایەتییان کرد. جا ڕەزۆن لە سەردەمی سلێمان بووە دوژمنی ئیسرائیل، ئەمە سەرەڕای ئەو خراپەیەی کە هەدەد دەیکرد، ڕەزۆن بووە فەرمانڕەوای خاکی ئارام و ڕقی لە ئیسرائیل بووەوە. یاخیبوونی یارۆڤعام لە دژی سلێمان هەروەها یارۆڤعامی کوڕی نەڤات کە خەڵکی چەرێدا بوو لە ئەفرایم، یەکێک بوو لە کاربەدەستەکانی سلێمان، لە پاشا یاخی بوو. دایکیشی بێوەژنێک بوو بە ناوی چەروعا. یاخیبوونەکەشی لە دژی پاشا بەم شێوەیە بوو: ئەوە بوو کە سلێمان تەلانەکەی دروستکرد و کەلێنەکانی شاری داودی باوکی چاککردەوە، بینی کە ئەم پیاوە پاڵەوان و بەهێزە، گەنجێکی کارامە و چالاکە، ئیتر یارۆڤعامی کرد بە سەرپەرشتیاری هەموو کاری بێگاری هۆزەکانی یوسف. ئەوە بوو کە یارۆڤعام لە ئۆرشەلیم دەهاتە دەرەوە، ئاحییای شیلۆنیی پێغەمبەر لە ڕێگادا تووشی بوو، کەوایەکی نوێی لەبەر بوو. بە تەنها هەردووکیان لە دەشتودەر بوون، ئاحییاش کەوا نوێیەکەی کە لەبەریدا بوو دایکەند و کردی بە دوازدە پارچەوە. بە یارۆڤعامی گوت: «دە پارچە بۆ خۆت ببە، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من پاشایەتییەکە لە دەستی سلێمان پارچەپارچە دەکەم و دە هۆز بە تۆ دەدەم. یەک هۆزیش بۆ ئەو دەبێت لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل، لەبەر داودی بەندەم و لەبەر ئۆرشەلیم ئەو شارەی کە هەڵمبژاردووە. ئەو کارە دەکەم، چونکە ئەوان وازیان لێ هێنام و کڕنۆشیان بۆ عەشتۆرەتی خواژنی سەیدائی و کەمۆشی خودای مۆئابی و مۆلەخی خودای عەمۆنییەکان برد. بە ڕێگای مندا نەڕۆیشتن هەتا وەک داودی باوکی سلێمان ئەوەی لەبەرچاوم ڕاستە بیکەن و فەرز و حوکمەکانم بەجێبهێنن. «”بەڵام هەموو پاشایەتییەکە لە دەستی سلێمان ناستێنمەوە، بەڵکو بە درێژایی ژیانی دەیکەمە پاشا، لەبەر داودی بەندەم ئەوەی کە هەڵمبژارد، ئەوەی فەرمان و فەرزەکانی منی بەجێهێنا. پاشایەتی لە دەست کوڕەکەی دەستێنمەوە و دە هۆزی دەدەم بە تۆ. یەک هۆزیش دەدەمە کوڕەکەی، تاوەکو هەمیشە بۆ داودی بەندەم وەک چرایەک بێت لەبەردەممدا لە ئۆرشەلیم، ئەو شارەی بۆ خۆمم هەڵبژارد هەتا ناوم لەوێدا دابنێم. تۆش دەبەم و فەرمانڕەوایەتی دەکەیت بەسەر هەموو ئەوەی دڵت ئارەزووی بکات و بەسەر ئیسرائیلدا دەبیت بە پاشا. ئەگەر بێت و گوێڕایەڵی هەموو ئەوە بیت کە فەرمانت پێدەدەم و بە ڕێگاکانمدا بڕۆیت و ئەوەی لەبەرچاوم ڕاستە بیکەیت و فەرز و فەرمانەکانم بەجێبهێنیت، وەک چۆن داودی بەندەم کردی، ئەوا لەگەڵتدا دەبم و بنەماڵەیەکی چەسپاوت بۆ بنیاد دەنێم وەک چۆن بۆ داودم بنیاد نا و ئیسرائیلت دەدەمێ. نەوەی داودیش زەلیل دەکەم لەبەر ئەمە، بەڵام نەک بۆ هەتاهەتایە.“» سلێمان هەوڵی کوشتنی یارۆڤعامی دا، بەڵام یارۆڤعام هەستا و هەڵات بۆ میسر بۆ لای شیشەقی پاشای میسر و هەتا کاتی مردنی سلێمان لە میسردا مایەوە. مردنی سلێمان ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی سلێمان و هەموو ئەوەی کردی و داناییەکەی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی سلێمان تۆمار کراون. سلێمان چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد. پاشان سلێمان لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شارەکەی داودی باوکی نێژرا. ئیتر ڕەحەڤەعامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. یاخیبوونی ئیسرائیل لە دژی ڕەحەڤەعام ڕەحەڤەعام چوو بۆ شەخەم، چونکە هەموو ئیسرائیل چووبوونە ئەوێ بۆ ئەوەی بیکەنە پاشا. یارۆڤعامی کوڕی نەڤات ئەوەی لەبەردەم سلێمان پاشا هەڵاتبوو هێشتا لە میسر بوو، بەڵام کاتێک ئەمەی بیست، لە میسرەوە گەڕایەوە. پاشان بەدوایاندا نارد، ئینجا یارۆڤعام و تەواوی کۆمەڵەی ئیسرائیل چوونە لای ڕەحەڤەعام و پێیان گوت: «باوکت نیرەکەی12‏:4 مەبەستی لە بارگرانییە.‏ ئێمەی قورس کرد، بەڵام ئێستا تۆ لە ئەرکە سەختەکەی باوکت و لە نیرە قورسەکەی ئێمە سووک بکەرەوە، ئێمەش خزمەتت دەکەین.» ڕەحەڤەعامیش وەڵامی دانەوە: «بڕۆن و پاش سێ ڕۆژی دیکە بگەڕێنەوە لام.» گەلیش ڕۆیشتن. ئینجا ڕەحەڤەعام پاشا ڕاوێژی بەو پیرانە کرد کە لە خزمەتی سلێمانی باوکیدا بوون کاتێک لە ژیاندا بوو، لێی پرسین: «تەگبیرتان چییە، چۆن وەڵامی ئەم گەلە بدەمەوە؟» ئەوانیش قسەیان لەگەڵی کرد و گوتیان: «ئەگەر لە ئەمڕۆوە ببیتە خزمەتکاری ئەم گەلە، خزمەتیان بکەیت و ڕازییان بکەیت و قسەی چاکیان لەگەڵ بکەیت، ئەوا بۆ هەمیشە دەبنە بەندەی تۆ.» بەڵام ڕەحەڤەعام ڕاوێژی پیرەکانی پشتگوێ خست کە پێیان دا و ڕاوێژی بەو گەنجانە کرد کە لەگەڵی گەورە ببوون و خزمەتیان دەکرد. لێی پرسین: «ئێوە ڕاتان چییە؟ بە چی وەڵامی ئەم گەلە بدەینەوە، کە قسەیان لەگەڵ کردووم و گوتیان: ”ئەو نیرەی باوکت کە لەسەر ئێمەی داناوە سووکی بکەرەوە“؟» ئەو گەنجانەش کە لەگەڵی گەورە ببوون، وەڵامیان دایەوە: «ئەو گەلەی کە پێیان گوتی: ”باوکت نیرەکەی ئێمەی قورس کردووە، بەڵام تۆ نیرەکەمان لەسەر سووک بکە،“ تۆ پێیان بڵێ: ”پەنجە تووتەم لە کەمەری باوکم ئەستوورترە. باوکم بە نیرێکی قورس باری کردوون، ئێستاش من زیاتر دەخەمە سەر نیرەکەتان. باوکم بە قامچی تەمبێی کردوون، من بە دووپشک تەمبێتان دەکەم.“» لە ڕۆژی سێیەم یارۆڤعام و هەموو گەل هاتنە لای ڕەحەڤەعام، هەروەک پاشا پێی گوتبوون: «لەپاش سێ ڕۆژی دیکە بگەڕێنەوە لام.» پاشا بە توندی وەڵامی گەلی دایەوە، ڕاوێژی پیرەکانی پشتگوێ خست کە بۆیان کرد، بەپێی ئامۆژگاری گەنجەکان قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «باوکم نیرەکەی ئێوەی قورس کرد، منیش نیرەکەتان قورستر دەکەم؛ باوکم بە قامچی تەمبێی کردن، من بە دووپشک تەمبێتان دەکەم.» پاشا گوێی لە گەل نەگرت، ئەمە بە ویستی یەزدان بوو، هەتا فەرمایشتەکەی بهێنێتە دی، ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی ئاحییای شیلۆنی بە یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتی فەرمووبوو. کاتێک هەموو ئیسرائیل بینییان پاشا گوێی لێ نەگرتن، گەل وەڵامی پاشایان دایەوە: «چ بەشێکمان لەگەڵ داود هەیە، چ میراتێک لە کوڕی یەسا؟ ئەی ئیسرائیل، بگەڕێنەوە چادرەکانتان! ئەی داود، تەماشای ماڵەکەت بکە!» ئیتر ئیسرائیلییەکان گەڕانەوە چادرەکانیان. بەڵام ڕەحەڤەعام هێشتا پاشایەتی دەکرد بەسەر ئەو ئیسرائیلییانەی لە شارۆچکەکانی یەهودا نیشتەجێ بوون. ڕەحەڤەعام پاشا ئەدۆنیرامی نارد، ئەوەی کە سەرپەرشتیاری کاری بێگاری بوو، بەڵام هەموو ئیسرائیل بەردبارانیان کرد و مرد. ئیتر ڕەحەڤەعام پاشا پێڕاگەیشت کە سواری گالیسکەکەی بێت و بەرەو ئۆرشەلیم هەڵبێت. بەو شێوەیە هەتا ئەمڕۆ ئیسرائیل لە بنەماڵەی داود یاخی بوون. کاتێک هەموو ئیسرائیل بیستیان کە یارۆڤعام گەڕاوەتەوە، هێنایانە ئەنجومەن و کردیانە پاشای هەموو ئیسرائیل. کەسیش دوای ماڵی داود نەکەوت، تەنها هۆزی یەهودا نەبێت. کاتێک ڕەحەڤەعام گەیشتە ئۆرشەلیم، هەموو بنەماڵەی یەهودا و هۆزی بنیامینی کۆکردەوە، سەد و هەشتا هەزار جەنگاوەری هەڵبژارد، هەتا لە دژی ئیسرائیل بجەنگن و پاشایەتییەکە بۆ ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان بگەڕێننەوە. بەڵام پەیامی خودا بۆ شەمەعیای پیاوی خودا هات: «بە ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان، پاشای یەهودا و هەموو بنەماڵەی یەهودا و بنیامین و بە پاشماوەی گەل بڵێ، ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: مەچن و لە دژی نەوەی ئیسرائیلی براتان مەجەنگن. هەریەکە و بۆ ماڵەکەی خۆی بگەڕێتەوە، چونکە ئەمە لەلایەن منەوەیە.“» ئەوانیش گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان بوون و بەگوێرەی فەرمانی یەزدان گەڕانەوە. گوێرەکە زێڕینەکانی بێت‌ئێل و دان ئینجا یارۆڤعام شارۆچکەی شەخەمی ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمی کردە شارێکی قەڵابەند و تێیدا نیشتەجێ بوو، لەوێشەوە پەنیێلی نۆژەن کردەوە. یارۆڤعام لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئێستا پاشایەتییەکە بۆ ماڵی داود دەگەڕێتەوە. ئەگەر ئەم گەلە سەربکەون بۆ ئەوەی لە پەرستگای یەزدان، لە ئۆرشەلیم قوربانی پێشکەش بکەن، دڵی ئەم گەلە بۆ گەورەکەیان دەبێت، ڕەحەڤەعامی پاشای یەهودا، منیش دەکوژن و دەگەڕێنەوە لای ئەو.» پاش ڕاوێژکردن پاشا دوو گوێرەکەی زێڕینی دروستکرد و بە گەلی گوت: «ئەی ئیسرائیل، بۆ ئێوە زەحمەتە سەربکەونە ئۆرشەلیم. ئەوەتا خوداوەندەکانتان، ئەوانەی ئێوەیان لە خاکی میسر دەرهێنا.» ئینجا یەکێکیانی لە بێت‌ئێل دانا و ئەوی دیکەیان لە دان. ئەم کارەش بووە گوناه. گەل بۆ پەرستنی یەکێکیان دەچوونە بێت‌ئێل و هەتا دانیش دەچوون بۆ پەرستنی ئەوەی دیکە. یارۆڤعام نزرگەکانی سەر بەرزاییشی دروستکرد، لە هەموو لایەکی گەلەوە خەڵکی کردە کاهین، هەرچەندە لە نەوەی لێڤیش نەبوون. ڕۆژی پازدەی مانگی هەشتی کردە جەژن، هەروەک ئەو جەژنەی لە یەهودا هەبوو، قوربانی سەرخستە سەر قوربانگاکە. بەم جۆرەی کرد لە بێت‌ئێل، قوربانی بۆ ئەو دوو گوێرەکەیە سەربڕی کە دروستی کردن، هەروەها لە بێت‌ئێل کاهینانی ڕاگرت بۆ نزرگەکانی سەر بەرزایی کە دروستی کردبوون. لە پازدەی مانگی هەشت، لەو مانگەی کە خۆی بۆ خۆی دایهێنابوو قوربانی سەرخستە سەر قوربانگاکە کە لە بێت‌ئێل دروستی کردبوو. جەژنی بۆ نەوەی ئیسرائیل دانا و بۆ بخوور سووتاندن سەرکەوتە سەر قوربانگا. هاتنی پیاوێکی خودا لە یەهوداوە ئەوە بوو پیاوێکی خودا بە فەرمایشتی یەزدان لە یەهوداوە هاتە بێت‌ئێل، یارۆڤعامیش لەلای قوربانگاکەوە ڕاوەستابوو بۆ بخوور سووتاندن. پیاوەکە بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان ڕووەو قوربانگاکە هاواری کرد و گوتی: «ئەی قوربانگا! ئەی قوربانگا! یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”کوڕێک لە نەوەی داود دەبێت، ناوی یۆشیایە، کاهینانی نزرگەکانی سەر بەرزاییت لەسەر سەردەبڕێت، ئەوانەی بخوورت لەسەر دەسووتێنن، ئێسکی مرۆڤیشت لەسەر دەسووتێنرێ.“» هەر لەو ڕۆژەشدا پیاوەکەی خودا نیشانەیەکی دا و گوتی: «ئەمەش ئەو نیشانەیە کە یەزدان فەرموویەتی، قوربانگاکە شەق دەبات و خۆڵەمێشەکەی سەریشی پەرشوبڵاو دەبێتەوە.» کاتێک یارۆڤعامی پاشا گوێی لە قسەی پیاوەکەی خودا بوو، کە لە بێت‌ئێل ڕووەو قوربانگاکە کردی، یارۆڤعام لە قوربانگاکەوە دەستی درێژکرد و گوتی: «بیگرن!» بەڵام ئەو دەستەی کە ڕووەو ئەو درێژی کرد وشک بوو، نەیتوانی بیکێشێتەوە. قوربانگاکەش شەقی برد و خۆڵەمێشەکەی سەری پەرشوبڵاو بووەوە، هەروەک ئەو نیشانەیەی پیاوەکەی خودا بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان ئاماژەی کرد. ئینجا پاشا بە پیاوەکەی خودای گوت: «تکایە لە بەرامبەر یەزدانی پەروەردگارت بپاڕێوە و لە پێناوی من نزا بکە هەتا دەستم چاک بێتەوە.» پیاوەکەی خوداش لە بەرامبەر یەزدان پاڕایەوە، دەستی پاشا وەک جاری جاران چاک بووەوە. پاشا بە پیاوەکەی خودای گوت: «لەگەڵم وەرە ماڵەوە، پشوو بدە و پاداشتیشت دەدەمێ.» پیاوەکەی خوداش بە پاشای گوت: «ئەگەر نیوەی ماڵەکەشتم بدەیتێ، لەگەڵت نایەم، لەم شوێنە نان ناخۆم و ئاو ناخۆمەوە، چونکە بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان بەم جۆرە فەرمانم پێکراوە: ”نە نان بخۆ و نە ئاو بخۆوە و نە بەو ڕێگایەشدا بگەڕێوە کە پێیدا چوویت.“» ئینجا بە ڕێگایەکی دیکەدا ڕۆیشت و بەو ڕێگایەدا نەگەڕایەوە کە پێیدا هاتە بێت‌ئێل. پێغەمبەرێکی پیر هەبوو لە بێت‌ئێل دەژیا، کوڕەکانی هاتن و هەموو ئەو کارەیان بۆ گێڕایەوە کە پیاوەکەی خودا لەو ڕۆژەدا لە بێت‌ئێل کردی، ئەو قسانەش کە بە پاشای گوتبوو، بۆ باوکیان گێڕایەوە. باوکیشیان لێی پرسین: «بە کام ڕێگادا ڕۆیشت؟» کوڕەکانی ئەو ڕێگایەیان پیشان دا کە پیاوەکەی خودا ئەوەی لە یەهوداوە هاتبوو پێیدا ڕۆیشتبوو. ئینجا بە کوڕەکانی گوت: «گوێدرێژەکەم بۆ کورتان بکەن.» ئەوانیش گوێدرێژەکەیان بۆ کورتان کرد و سواری بوو. لەدوای پیاوەکەی خودا ڕۆیشت و دۆزییەوە لەژێر دار بەڕووێکدا دانیشتبوو، پێی گوت: «ئایا تۆ پیاوەکەی خودایت، ئەوەی لە یەهوداوە هاتووە؟» ئەویش گوتی: «بەڵێ ئەوم.» پێی گوت: «لەگەڵم وەرە ماڵەوە و نان بخۆ.» پیاوەکەی خوداش گوتی: «ناتوانم لەگەڵت بگەڕێمەوە و لەگەڵت نایەمە ژوورەوە، لەم شوێنە لەگەڵت نان ناخۆم و ئاو ناخۆمەوە، چونکە بە فەرمایشتی یەزدان پێم گوتراوە: ”لەوێدا نان مەخۆ و ئاو مەخۆوە و بەو ڕێگایەدا مەگەڕێوە کە پێیدا ڕۆیشتی.“» ئەویش پێی گوت: «هەروەها منیش وەک تۆ پێغەمبەرم و فریشتەیەک بە فەرمایشتی یەزدان قسەی لەگەڵ کردم و فەرمووی: ”لەگەڵ خۆتدا بیبە ماڵەکەت هەتا نان بخوات و ئاو بخواتەوە.“» بەمە درۆی لەگەڵ کرد. پیاوەکەی خوداش لەگەڵی گەڕایەوە و لە ماڵەکەی نانی خوارد و ئاوی خواردەوە. لە کاتێکدا کە لەسەر خوانەکە دانیشتبوون، ئەوە بوو فەرمایشتی یەزدان هات بۆ پێغەمبەرەکەی کە گەڕاندییەوە. بانگی پیاوەکەی خودای کرد، ئەوەی لە یەهوداوە هاتبوو و گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی سەرپێچی فەرمایشتی یەزدانت کرد و کارت بەو فەرمانە نەکرد کە یەزدانی پەروەردگارت پێی کردیت، گەڕایتەوە و نانت خوارد و ئاوت خواردەوە لەو شوێنەی کە پێت گوترا نان و ئاوی لێ مەخۆ، لەبەر ئەوە لاشەکەت ناچێتە ناو گۆڕی باوباپیرانت.“» پاش ئەوەی پیاوەکەی خودا خواردی و خواردیەوە، ئەو پێغەمبەرەی کە گەڕاندبوویەوە، گوێدرێژەکەی بۆ کورتان کرد. جا ڕۆیشت و لە ڕێگا شێرێکی لێ پەیدا بوو، کوشتی. لاشەکەی لەسەر ڕێگاکە کەوتبوو، گوێدرێژ و شێرەکەش لەلای لاشەکە ڕاوەستابوون. لەو کاتەدا چەند پیاوێک تێپەڕین و بینییان لاشەکە لەسەر ڕێگاکە کەوتووە و شێرەکەش لەلای لاشەکە ڕاوەستاوە، ئینجا چوون و ئەو هەواڵەیان لەو شارەدا بڵاوکردەوە کە پێغەمبەرە پیرەکە تێیدا دەژیا. کاتێک ئەو پێغەمبەرەی کە ئەوی گەڕاندەوە لەسەر ڕێگاکە بیستی، گوتی: «ئەوە پیاوەکەی خودایە کە سەرپێچی فەرمایشتی یەزدانی کرد. یەزدانیش دایە دەستی شێر و پەلاماری دا و کوشتی، هەروەک یەزدان فەرمووی ئاوای بەسەرهات.» ئینجا بە کوڕەکانی گوت: «گوێدرێژەکەم بۆ کورتان بکەن.» ئەوانیش کورتانیان کرد. چوو و لاشەکەی بینییەوە لەسەر ڕێگاکە کەوتبوو، گوێدرێژەکە و شێرەکەش لەلای لاشەکە ڕاوەستابوون. شێرەکە لاشەکەی نەخواردبوو، پەلاماری گوێدرێژەکەشی نەدابوو. پێغەمبەرەکە لاشەی پیاوەکەی خودای هەڵگرت و خستییە سەر گوێدرێژەکە و بردییەوە، پێغەمبەرە پیرەکە هاتە ناو شارەکەوە هەتا بینێژێت و پرسەی بۆ بگرێت. ئینجا لاشەکەی خستە ناو گۆڕەکەی خۆی، شیوەنیان بۆ گێڕا و گوتیان: «ئای براکەم!» پاش ئەوەی کە ناشتیان، قسەی لەگەڵ کوڕەکانی کرد و گوتی: «کە مردم لەو گۆڕەدا بمنێژن کە پیاوەکەی خودای تێدا نێژرا، ئێسکەکانم لەتەنیشت ئێسکەکانی ئەو دابنێن، چونکە بە تەواوی ئەو پەیامە دێتە دی، کە بەپێی فەرمایشتی یەزدان ڕووەو قوربانگاکەی بێت‌ئێل و ڕووەو هەموو نزرگەکانی سەر بەرزایی کردی، ئەوانەی لە شارۆچکەکانی سامیرەدان.» تەنانەت لەدوای ئەم ڕووداوەش، یارۆڤعام لە ڕێگا خراپەکەی پاشگەز نەبووەوە، بەڵکو دووبارە لە هەموو لایەکی گەلەوە خەڵکی کردە کاهینی نزرگەکانی سەر بەرزایی، هەرکەسێک دەیویست ببێتە کاهین، ئەرکی پێ دەسپارد و دەبووە یەکێک لە کاهینانی نزرگەکانی سەر بەرزایی. ئەمە بووە گوناه بۆ بنەماڵەی یارۆڤعام، بووە هۆی وێرانبوون و لەناوچوونیان لەسەر ڕووی زەوی. پەیامی ئاحییا لە دژی یارۆڤعام لەو کاتەدا ئەبیای کوڕی یارۆڤعام نەخۆش کەوت. یارۆڤعام بە ژنەکەی گوت: «هەستە و شێوەی خۆت بگۆڕە هەتا نەزانن کە تۆ ژنی یارۆڤعامیت و بڕۆ بۆ شیلۆ، ئەوەتا لەوێ ئاحییا پێغەمبەری لێیە، ئەو دەربارەی من گوتی کە دەبمە پاشای ئەم گەلە. لەگەڵ دەستت دە نان و هەندێک کێک و گۆزەیەک هەنگوین ببە و بڕۆ لای، ئەو پێت ڕادەگەیەنێت کوڕەکە چی لێدێت.» ژنەکەی یارۆڤعامیش بەو جۆرەی کرد و هەستا و چوو بۆ شیلۆ، چوو بۆ ماڵی ئاحییا. ئاحییاش نەیدەتوانی ببینێت، چونکە بەهۆی پیرییەوە چاوەکانی کز ببوون. یەزدانیش بە ئاحییای فەرموو: «ئەوەتا ژنەکەی یارۆڤعام دێتە لات تاکو شتێکت لەبارەی کوڕەکەیەوە لێ بپرسێت، چونکە نەخۆشە. تۆش لە وەڵامدا ئەمە و ئەوەی پێ بڵێ. کە دێتە ژوورەوە، خۆی بە کەسێکی دیکە نیشان دەدات.» ئەوە بوو کە ئاحییا گوێی لە دەنگی پێی بوو لە دەرگاکەوە دەهاتە ژوورەوە، گوتی: «ژنەکەی یارۆڤعام، وەرە ژوورەوە. بۆچی وا شێوەی خۆتت گۆڕیوە؟ من نێردراوی هەواڵێکی ناخۆشم بۆ تۆ. بڕۆ و بە یارۆڤعام بڵێ: یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”لەنێو گەل پایەبەرزم کردیت و تۆم کردە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەم. پاشایەتییەکەم لە بنەماڵەی داود سەندەوە و دامە تۆ، تۆش وەک داودی بەندەم نەبوویت، ئەوەی کاری بە ڕاسپاردەکانم کرد و ئەوەی بە هەموو دڵییەوە دوام کەوت، بۆ ئەوەی تەنها ئەوەی لەبەرچاومدا ڕاستە بیکات. بەڵام تۆ لە هەموو ئەوانەی پێش خۆت زیاتر خراپەت کرد و چوویت خودای دیکەت لەگەڵ بتە داڕێژراوەکان بۆ خۆت دروستکرد، تاکو پەستم بکەیت، هەروەها منیشت پشتگوێ خست. «”لەبەر ئەوە، بنەماڵەی یارۆڤعام تووشی کارەسات دەکەم. هەموو نێرینەیەکی بنەماڵەی یارۆڤعام لە ئیسرائیل بنبڕ دەکەم، جا کۆیلە بێت یان ئازاد. پاشماوەی بنەماڵەی یارۆڤعام دەسووتێنم، هەروەک چۆن تەپاڵە هەتا تەواو دەبێت دەسووتێنرێت. هەرکەسێکی یارۆڤعام لەناو شار بمرێت سەگ دەیخوات و هەرکەسێکیش لە دەشتودەر بمرێت باڵندەی ئاسمان دەیخوات. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە!“ «تۆش هەستە و بگەڕێوە ماڵەکەت، کە پێ دەخەیتە ناو شارەکە کوڕەکەت دەمرێت. هەموو ئیسرائیلیش شیوەنی بۆ دەگێڕن و دەینێژن، چونکە تەنها ئەم لە نەوەی یارۆڤعام دەچێتە ناو گۆڕ، لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لە هەموو بنەماڵەی یارۆڤعام تەنها لە ئەودا چاکەی بینی. «یەزدان خۆی پاشایەک بۆ ئیسرائیل دادەنێت کە ماڵی یارۆڤعام بنبڕ دەکات. ئەمە ڕۆژەکەیە! بەڵێ، ئەمە ڕۆژەکەیە. یەزدان لە ئیسرائیلیش دەدات، وەک قامیشێک کە چۆن لەناو ئاو دەلەرێتەوە. ئیسرائیل لەم زەوییە چاکە ڕیشەکێش دەکات کە داویەتییە باوباپیرانیان و بۆ ئەوبەری ڕووباری فورات پەرتەوازەیان دەکات، لەبەر ئەوەی ستوونە ئەشێراکانیان14‏:15 ستوونە ئەشێرا: هێمای خواژنە. بڕوانە یەکەم پاشایان 11‏:5‏.‏ دروستکرد و یەزدانیان پەست کرد. خودا ئیسرائیل ڕادەست دەکات بەهۆی گوناهەکانی یارۆڤعام و گوناهەکانی ئیسرائیل کە ئەو هۆکاری ئەنجامدانیان بوو.» ئینجا ژنەکەی یارۆڤعام هەستا و ڕۆیشت، چوو بۆ تیرزە. کاتێک گەیشتە بەردەرگای ماڵ کوڕەکە مرد. ناشتیان و هەموو ئیسرائیل شیوەنی بۆ گێڕا، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی بەندەی خۆی، ئاحییای پێغەمبەرەوە فەرمووی. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یارۆڤعامیش کە چۆن جەنگاوە و چۆن پاشایەتی کردووە، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. یارۆڤعام بیست و دوو ساڵ پاشایەتی کرد، ئینجا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە. ئیتر نادابی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. پاشایەتی ڕەحەڤەعام لە یەهودا ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان، کە نەعمای عەمۆنی دایکی بوو، لە تەمەنی چل و یەک ساڵی لە یەهودا بوو بە پاشا. حەڤدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ئەو شارەی یەزدان لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵیبژارد تاکو ناوی خۆی تێدا دابنێت. گەلی یەهوداش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد، ئینجا بەو گوناهانەی کە کردیان لە باوباپیرانیان زیاتر ئیرەیی یەزدانیان وروژاند. هەروەها ئەوانیش نزرگەی سەر بەرزایی و بەردی تەرخانکراو14‏:23 بەردی بە ستوونی دانراو بۆ پەرستن. بڕوانە دواوتار 16‏:21‏-22.‏ و ستوونە ئەشێراکانیان لەسەر هەر گردێکی بەرز و لەژێر هەر دارێکی سەوز بۆ خۆیان دامەزراند. تەنانەت پیاوی لەشفرۆشیش لە نزرگەکانی خاکەکە هەبوو، هەموو نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەیان کرد کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل وەدەرینان. لە پێنجەمین ساڵی پاشایەتی ڕەحەڤەعام، شیشەقی پاشای میسر هێرشی کردە سەر ئۆرشەلیم. گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و هەرچی هەبوو بردی، هەموو قەڵغانە زێڕینەکانیشی برد، کە سلێمان دروستی کردبوون. لەبەر ئەوە ڕەحەڤەعام پاشا لە جێی ئەوانە قەڵغانی بڕۆنزی دروستکرد و دایە دەستی سەرکردەی پاسەوانەکانی دەروازەی کۆشکی شاهانە. هەر کاتێک پاشا بۆ پەرستگای یەزدان دەچوو، پاسەوانەکان قەڵغانەکانیان هەڵدەگرت و پاشان دەیانگەڕاندەوە ژووری پاسەوانەکان. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ڕەحەڤەعام و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون. بەردەوام جەنگ لەنێوان ڕەحەڤەعام و یارۆڤعام هەبوو. ئیتر ڕەحەڤەعام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لەلای ئەوان لە شاری داود بە خاک سپێردرا، نەعمای عەمۆنی دایکی بوو. ئەبیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. پاشایەتی ئەبیا لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات، ئەبیا بوو بە پاشای یەهودا. سێ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی مەعکای کچی ئەبیشالۆم15‏:2 ئەبیشالۆم: جۆرێکە لە جۆرەکانی ناوی ئەبشالۆم، لێرە و لە ئایەتی 10.‏ بوو. بە هەموو گوناهەکانی باوکیدا ڕۆیشت کە لەپێش ئەوەوە کردبوونی، دڵی بە تەواوی لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری خۆی نەبوو، وەک دڵی داودی باپیرە گەورەی. بەڵام یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەبەر داود چرایەکی لە ئۆرشەلیم دایێ، بەوەی کە کوڕەکەی لەپاش خۆی پایەدار کرد و ئۆرشەلیمیشی ڕاگرت، چونکە ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو داود کردبووی، لە هەموو ماوەی ژیانی لە هیچ لای نەدا لە هەموو ئەوەی فەرمانی پێکرابوو، تەنها لە بابەتەکەی ئوریای حیتی نەبێت. بە درێژایی ماوەی ژیانی ئەبیا جەنگ لەنێوان ڕەحەڤەعام و یارۆڤعام هەبوو. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەبیا و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون. جەنگ لەنێوان ئەبیا و یارۆڤعامیش هەبوو. ئەبیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود نێژرا. ئیتر ئاسای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. پاشایەتی ئاسا لە بیستەمین ساڵی پاشایەتی یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل، ئاسا بوو بە پاشای یەهودا. چل و یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، داپیری ناوی مەعکای کچی ئەبیشالۆم بوو. ئاسا بە هەمان شێوەی داودی باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، پیاوە لەشفرۆشەکانی لە خاکەکە ڕاماڵی و هەموو ئەو بتانەشی لابرد کە باوباپیرانی دروستیان کردبوون. ئاسا تەنانەت مەعکای داپیریشی لە پلەی شاژنی دایک لابرد، لەبەر ئەوەی ستوونە ئەشێرایەکی قێزەونی دروستکردبوو. ستوونەکەی بڕییەوە و لە دۆڵی قدرۆن سووتاندی. هەرچەندە نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران، بەڵام دڵی ئاسا بە درێژایی ژیانی بە تەواوی لەگەڵ یەزدان بوو. شتە تەرخانکراوەکانی خۆی و باوکی لە زێڕ و زیو و قاپوقاچاغ هێنایە ناو پەرستگای یەزدان. بە درێژایی ماوەی پاشایەتییان جەنگ لەنێوان ئاسا و بەعشای پاشای ئیسرائیلدا هەبوو. بەعشای پاشای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر یەهودا و شارۆچکەی ڕامەی کردە شارێکی قەڵابەند، بۆ ئەوەی لە سنووری ئاسای پاشای یەهودا ڕێی هاتوچۆکردن بگرێت. ئاساش هەموو ئەو زێڕ و زیوەی کە لە گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشادا مابووەوە دەریهێنا و دایە دەست کاربەدەستەکانی. ئاسای پاشا ناردی بۆ بەن‌هەدەدی کوڕی تەڤڕیمۆنی کوڕی حەزیۆنی پاشای ئارام کە لە دیمەشق دادەنیشت، گوتی: «با پەیمانێک لەنێوان من و تۆدا هەبێت وەک ئەوەی لەنێوان باوکم و باوکتدا هەبوو. من وا زێڕ و زیوم بە دیاری بۆ ناردوویت، ئێستا وەرە پەیمانەکەت لەگەڵ بەعشای پاشای ئیسرائیل هەڵوەشێنەوە، هەتا لەلای من بکشێتەوە.» بەن‌هەدەدیش بە قسەی ئاسا پاشای کرد، سەرکردەکانی سوپاکەی ناردە سەر شارۆچکەکانی ئیسرائیل، عییۆن و دان و ئابێلی بێت‌مەعکا و هەموو کینەرەت و هەموو خاکی نەفتالی داگیر کرد. کاتێک بەعشا ئەمەی بیستەوە دەستی لە بنیادنانی ڕامە هەڵگرت و کشایەوە تیرزە. ئاسا پاشاش هەموو یەهودای بانگکرد، بێ ئەوەی کەسیانی لێ بەدەر بکات، ئەو بەرد و دارانەی هەڵگرت کە بەعشا لە شارۆچکەی ڕامە بەکاریهێنابوون، ئینجا ئاسا پاشا بەوان گەڤەعی لە خاکی بنیامین و میچپای ئاوەدان کردەوە. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئاسا، هەموو دەستکەوتەکانی و هەموو ئەوەی کردی و هەموو ئەو شارانەی بنیادی نا، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون، بەڵام لە سەردەمی پیری پێیەکانی تووشی نەخۆشی بوون. پاشان ئاسا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داودی باپیرە گەورەی نێژرا. ئیتر یەهۆشافاتی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. پاشایەتی ناداب لە ئیسرائیل نادابی کوڕی یارۆڤعامیش لە ساڵی دووەمی ئاسای پاشای یەهودا، بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای ڕێگای باوکی کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات. ئینجا بەعشای کوڕی ئاحییای بنەماڵەی یەساخار پیلانی لە دژی گێڕا: کاتێک ناداب و هەموو ئیسرائیل گەمارۆی گیبەتۆنیان دابوو، بەعشا لە گیبەتۆنی فەلەستییەکان لە نادابی دا و کوشتی. لە سێیەمین ساڵی فەرمانڕەوایی ئاسای پاشای یەهودا، بەعشا نادابی کوشت و لە جێی ئەو بوو بە پاشا. کە بەعشا بوو بە پاشا، هەموو بنەماڵەی یارۆڤعامی کوشت. هیچ هەناسەیەکی لە بنەماڵەی یارۆڤعام نەهێشت، هەمووی لەناو بردن، هەروەکو فەرمایشتەکەی یەزدان کە لە ڕێگەی خزمەتکارەکەی ئاحییای شیلۆنی فەرمووبووی. ئەمەش لەبەر ئەو گوناهانە بوو کە یارۆڤعام کردبوونی و بەهۆیانەوە وای لە ئیسرائیل کرد گوناه بکەن، هەروەها یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلیان پەست کرد. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ناداب و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. بە درێژایی ماوەی پاشایەتییان جەنگ لەنێوان ئاسا و بەعشای پاشای ئیسرائیلدا هەبوو. پاشایەتی بەعشا لە سێیەمین ساڵی ئاسای پاشای یەهودا بەعشای کوڕی ئاحییا لە تیرزە بوو بە پاشا، بیست و چوار ساڵ پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای ڕێگای یارۆڤعام کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات. فەرمایشتی یەزدان بۆ یێهوی کوڕی حەنانی هات سەبارەت بە بەعشا: «لەبەر ئەوەی لە خۆڵەوە تۆم بەرزکردەوە و تۆم کردە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەی خۆم، بەڵام تۆ ڕێچکەی یارۆڤعامت گرتەبەر و وات لە ئیسرائیلی گەلەکەی من کرد گوناه بکەن و بە گوناهەکانیان پەستم بکەن، لەبەر ئەوە بەعشا و بنەماڵەکەی ڕیشەکێش دەکەم، بنەماڵەکەی تۆ وەک بنەماڵەکەی یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتی لێ دەکەم. هەرکەسێکی بەعشا لە شار بمرێت سەگ دەیخوات، ئەوەشی لە کێڵگە بمرێت باڵندەی ئاسمان.» ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی بەعشا، ئەوەی کردی و ئەو پاڵەوانییەتییەی کە نواندی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. بەعشا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە تیرزە نێژرا. ئیتر ئێلەی کوڕیشی لە جێی ئەو بوو بە پاشا. هەروەها لە ڕێگەی یێهو پێغەمبەری کوڕی حەنانیەوە فەرمایشتی یەزدان هات سەبارەت بە بەعشا و بنەماڵەکەی بەهۆی هەموو ئەو خراپانەی لەبەرچاوی یەزدان کردبووی، بەوەی کە بە کردەوەکانی پەستی کرد، وەک بنەماڵەی یارۆڤعامی لێهات، هەروەها بەهۆی ئەوەشەوە کە بنەماڵەی یارۆڤعامی لەناو برد. پاشایەتی ئێلە لە ئیسرائیل لە بیست و شەشەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا، ئێلەی کوڕی بەعشا لە تیرزە بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی کرد. زیمری کاربەدەستی کە فەرماندەی نیوەی گالیسکەکانی پاشا بوو، پیلانی لە دژی گێڕا. کاتێک ئێلە لە ماڵی ئەرچا بوو لە تیرزە، ئەوەی کە سەرپەرشتیاری کۆشکەکەی ئەو بوو لە تیرزە، دەیخواردەوە و سەرخۆش بوو، زیمری هاتە ژوورەوە و لێیدا و کوشتی. لە بیست و حەوتەمین ساڵی ئاسا پاشای یەهودا لە جێی ئەو بوو بە پاشا. کاتێک بوو بە پاشا و لەسەر تەختەکەی ئەو دانیشت، هەموو بنەماڵەی بەعشای کوشت. بە جۆرێک کە هیچ نێرینەیەکی لە کەسوکار و نزیک و دۆستانی نەهێشتەوە. زیمری هەموو بنەماڵەی بەعشای لەناوبرد، هەروەکو فەرمایشتەکەی یەزدان کە لە ڕێگەی یێهو پێغەمبەرەوە سەبارەت بە بەعشا فەرمووبووی. لەبەر هەموو گوناهەکانی بەعشا و گوناهەکانی ئێلەی کوڕی کە کردیان و بەهۆیانەوە وایان لە ئیسرائیل کرد گوناه بکەن و بە بتە پووچەکانیان یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پەست بکەن. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئێلە و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. پاشایەتی زیمری لە بیست و حەوتەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا، زیمری حەوت ڕۆژ لە تیرزە بوو بە پاشا، سوپاش گەمارۆی گیبەتۆنی فەلەستییەکانیان دابوو. کاتێک ئەو ئیسرائیلییانەی کە گەمارۆی گیبەتۆنیان دابوو بیستیان گوترا زیمری پیلانی گێڕاوە و پاشاشی کوشتووە، هەموویان هەر لەو ڕۆژەدا لەناو ئۆردوگاکە جاڕیان دا و عۆمریی فەرماندەی گشتی سوپایان کردە پاشای ئیسرائیل. ئینجا عۆمری و هەموو ئیسرائیل لەگەڵی لە گیبەتۆنەوە کشانەوە و تیرزەیان گەمارۆ دا. ئەوە بوو کە زیمری بینی شارەکە گیرا، چووە ناو قەڵای کۆشکی پاشا، کۆشکی پاشای بە ئاگر بەسەر خۆیدا سووتاند و مرد، ئەمەش بەهۆی ئەو گوناهانەوە بوو کە کردی، بەوەی لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای ڕێگای یارۆڤعام کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی زیمری و ئەو پیلانەی کە گێڕای لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. پاشایەتی عۆمری لەو کاتەدا گەلی ئیسرائیل بووە دوو بەش، نیوەی گەل بەدوای تیڤنی کوڕی گینەتەوە بوون هەتا بیکەنە پاشا، نیوەکەی دیکەش بەدوای عۆمرییەوە بوون. ئەو نیوەیەی گەل کە بەدوای عۆمرییەوە بوون زاڵبوون بەسەر ئەو نیوەیەی کە بەدوای تیڤنی کوڕی گینەتەوە بوون، جا تیڤنی کوژرا و عۆمری بوو بە پاشا. لە سی و یەکەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا عۆمری بوو بە پاشای ئیسرائیل، بۆ ماوەی دوازدە ساڵ پاشایەتی کرد، شەش ساڵ لە تیرزە بوو. ئینجا چیای سامیرەی لە شەمەر بە دوو تالنت زیو16‏:24 دوو تالنت: نزیکەی 70 کیلۆگرام.‏ کڕی و دەستی بە بنیادنان کرد لە چیاکە، ئەو شارەی کە بنیادی نا، ناوی لێنا سامیرە بە ناوی شەمەری خاوەنی چیای سامیرەوە. عۆمریش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، لە هەموو ئەوانەی پێش خۆی زیاتر خراپەی کرد. بەدوای ڕێگای یارۆڤعامی کوڕی نەڤات کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، بە پەستکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بە بتە پووچەکانیان. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی عۆمری و ئەوەی کردی و ئەو پاڵەوانییەتییەی کە نواندی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. عۆمری لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە سامیرە نێژرا. ئیتر ئەحاڤی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. دەستپێکی پاشایەتی ئەحاڤ ئەحاڤی کوڕی عۆمری لە سی و هەشتەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا بوو بە پاشای ئیسرائیل، بیست و دوو ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. ئەحاڤی کوڕی عۆمریش لە هەموو ئەوانەی پێش خۆی زیاتر لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد. نەک هەر تەنها گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتی بەلاوە کەم بوو، بەڵکو ئیزابێلی کچی ئەسبەعلی پاشای سەیدائییەکانیشی هێنا و چوو بەعلی پەرست و کڕنۆشی بۆ برد. لەناو پەرستگای بەعل قوربانگایەکیشی بۆ بەعل دروستکرد، کە لە سامیرە بنیادی نابوو. هەروەها ئەحاڤ ستوونە ئەشێرایەکی دروستکرد و لە هەموو پاشاکانی ئیسرائیلیش کە لەپێش خۆیەوە بوون زیاتری کرد بۆ پەستکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل. لە سەردەمی ئەحاڤ، حیێلی بێت‌ئێلی ئەریحای بنیاد نایەوە. کاتێک دەستی بە دانانی بناغەکە کرد، ئەبیرامی کوڕە نۆبەرەکەی مرد، هەروەها کاتێک دەرگاکانی چەقاند سگوڤی کوڕە بچووکەکەی مرد، هەروەک چۆن فەرمایشتی یەزدان لەسەر زاری یەشوعی کوڕی نون فەرمووبووی. ڕاگەیاندنی وشکەساڵی لەلایەن ئەلیاسەوە ئەوە بوو ئەلیاسی17‏:1 ئەلیاس: لە زمانی عیبری بە واتای (یەزدان خودامە) دێت.‏ تیشبی کە دانیشتووێکی گلعاد بوو بە ئەحاڤی گوت: «بە یەزدانی زیندوو، خودای ئیسرائیل، ئەو خودایەی کە دەیپەرستم، لەم چەند ساڵەی داهاتوو نە شەونم دەبێت و نە باران، هەتا لە دەمی منەوە نەگوترێت!» پاشان فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەلیاس هات: «لێرە بڕۆ و ڕوو لە ڕۆژهەڵات بکە، لەلای شیوی کەریس خۆت بشارەوە، کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونە. لە جۆگەکە دەخۆیتەوە و فەرمانیشم بە قەلەڕەشەکان داوە لەوێ خواردنت بۆ دابین بکەن.» ئەویش کاری بە فەرمایشتی یەزدانی کرد، چوو لە شیوی کەریس مایەوە، کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونە. قەلەڕەشەکانیش بەیانییان و ئێواران نان و گۆشتیان بۆ دەهێنا، لە جۆگەکەش ئاوی دەخواردەوە. بێوەژنی سەرەفەند پاش ماوەیەک جۆگەکە وشکی کرد، چونکە باران لە خاکەکە نەبوو. ئینجا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی: «هەستە و بڕۆ شارۆچکەی سەرەفەندی نزیکی سەیدا و لەوێ بمێنەوە، لەوێ فەرمانم بە بێوەژنێک داوە خواردنت بۆ دابین بکات.» ئەویش هەستا و چوو بۆ سەرەفەند. کاتێک گەیشتە لای دەروازەی شارۆچکەکە، بێوەژنێکی بینی لەوێ چەند چیلکە دارێکی کۆدەکردەوە، بانگی کرد و گوتی: «بێ زەحمەت جامێک ئاوم بۆ بهێنە، با بیخۆمەوە.» کاتێک چوو بیهێنێت، بانگی کردەوە و گوتی: «لەگەڵ دەستت پارووە نانێکیشم بۆ بهێنە.» ئەویش گوتی: «سوێند بە خوداکەی تۆ دەخۆم، بە یەزدانی زیندوو، نانم نییە، مشتێک ئارد نەبێت لە کوپەیەک و تۆزێک زەیت لە گۆزەیەک. ئەوەتا دوو چیلکە دارم کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بیانبەمەوە و ژەمێک بۆ خۆم و کوڕەکەم دروستبکەم، بیخۆین و بمرین.» ئەلیاسیش پێی گوت: «مەترسە، بڕۆوە و ئەوە بکە کە گوتت، بەڵام یەکەم جار لەوەی هەتە کولێرەیەکی بچووکم بۆ دروستبکە و بۆم بهێنە دەرەوە، پاشانیش بۆ خۆت و کوڕەکەت دروستبکە، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بەم جۆرە دەفەرموێت: ”کوپەی ئاردەکە بەتاڵ نابێت و گۆزەی زەیتەکەش لێی کەم ناکات، هەتا ئەو ڕۆژەی یەزدان باران بەسەر ڕووی زەویدا دەبارێنێت.“» ئەویش چوو و بە قسەی ئەلیاسی کرد، ئیتر هەموو ڕۆژێک ئەلیاس و بێوەژنەکە و ماڵەکە نانیان هەبوو. کوپەی ئاردەکە بەتاڵ نەبوو، گۆزەی زەیتەکەش لێی کەم نەبووەوە، هەروەک ئەوەی یەزدان لەسەر زاری ئەلیاسەوە فەرمووی. دوای ماوەیەک کوڕی ژنە خاوەن ماڵەکە نەخۆش کەوت، نەخۆشییەکەی بە جۆرێک سەخت بوو کە هەناسەی لێ بڕا. ئینجا بە ئەلیاسی گوت: «ئەی پیاوی خودا، چیت لەسەر من هەیە؟ ئایا هاتووی بۆ لای من هەتا تاوانەکەم بەبیر بهێنیتەوە و کوڕەکەم بمرێنیت؟» ئەلیاسیش پێی گوت: «کوڕەکەتم بدێ.» لە باوەشییەوە بردی و سەری خستە ژوورەکەی سەرەوە کە تێیدا دەمایەوە، لەسەر جێگاکەی خۆی پاڵی خست. هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، خودای من، ئایا خراپەت بەسەر ئەم بێوەژنەش هێنا کە من لەلای ئەو ئاوارەم، بەوەی کوڕەکەی ئەوت کوشت؟» ئینجا سێ جار لەسەر کوڕەکە درێژ بوو و هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، خودای من، با گیانی ئەم کوڕە بگەڕێتەوە ناوی!» یەزدانیش گوێی لە هاوارەکەی ئەلیاس گرت، گیانی کوڕەکە گەڕایەوە ناوی و زیندووبووەوە. ئینجا ئەلیاس کوڕەکەی برد و لە ژوورەکەی سەرەوە هێنایە خوارەوە بۆ ناو ماڵەکە و دایە دەست دایکی. ئەلیاس گوتی: «ببینە، کوڕەکەت زیندووە!» ژنەکەش بە ئەلیاسی گوت: «ئێستا زانیم کە تۆ پیاوی خودایت و ئەوەی دەیڵێیت فەرمایشتی یەزدانە و ڕاستییە.» ئەلیاس و عۆبەدیا دوای ماوەیەکی زۆر، لە ساڵی سێیەمی وشکەساڵی فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەلیاس هات: «بڕۆ و خۆت بۆ ئەحاڤ دەربخە، منیش باران بۆ سەر خاکەکە دەبارێنم.» جا ئەلیاس چوو خۆی بۆ ئەحاڤ دەربخات. قاتوقڕی لە سامیرە پەرەی سەندبوو، ئیتر ئەحاڤ بانگی عۆبەدیای کرد، کە سەرپەرشتیاری کۆشکەکەی ئەو بوو. (عۆبەدیا کەسێکی لەخواترس بوو. کاتێک کە ئیزابێل پێغەمبەرەکانی یەزدانی قڕ دەکرد، عۆبەدیا سەد پێغەمبەری بردبوو و لە دوو ئەشکەوتدا شاردبوونییەوە، هەر پەنجا لە ئەشکەوتێکدا و نان و ئاوی بۆ دابین کردبوون.) ئەحاڤ بە عۆبەدیای گوت: «بەناو خاکەکەدا بڕۆ هەموو دۆڵ و کانیاوەکان، بەڵکو گیا پەیدا بکەین و ئەسپ و هێسترەکان بە زیندوویی بهێڵینەوە و بە ناچاری ئاژەڵەکانمان سەرنەبڕین.» ئینجا خاکەکەیان لەنێوانیان دابەش کرد هەتا بەناویدا بڕۆن، ئەحاڤ بە تەنها بە ڕێگایەکدا ڕۆیشت و عۆبەدیاش بە تەنها بە ڕێگایەکی دیکەدا ڕۆیشت. کاتێک عۆبەدیا لە ڕێگا بوو، تووشی ئەلیاس بوو، جا ناسییەوە و کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «ئەوە تۆی گەورەم، ئەلیاس؟» ئەویش گوتی: «منم، بڕۆ بە گەورەکەت بڵێ: ”ئەلیاس لێرەیە.“» عۆبەدیاش گوتی: «گوناهم چییە، هەتا خزمەتکارەکەت بدەیتە دەستی ئەحاڤ بۆ ئەوەی بمکوژێت؟ بە یەزدانی زیندوو، خودای خۆت، گەلێک و پاشایەتییەک نەماوە پاشای گەورەکەم کەسێکی بەدواتدا نەناردبێ. دەیانگوت کە تۆ لەلای ئەوان نیت، جا سوێندی دەدان بۆ ئەوەی لە قسەکەیان دڵنیابێتەوە. تۆش ئێستا دەڵێیت: ”بڕۆ بە گەورەکەت بڵێ، ’ئەلیاس لێرەیە.‘ “ کاتێک کە من لەلات دەڕۆم ڕۆحی یەزدان هەڵتدەگرێت بۆ شوێنێک کە من نایزانم، جا کە دەچم و بە ئەحاڤ ڕادەگەیەنم، ئەویش ناتدۆزێتەوە، من دەکوژێت. خۆشت دەزانیت خزمەتکارەکەت لە منداڵییەوە لەخواترسە. ئایا ئەوەی کە کردم بە گەورەم ڕانەگەیەنراوە، کاتێک ئیزابێل پێغەمبەرەکانی یەزدانی کوشت، منیش سەد پێغەمبەری یەزدانم شاردەوە، هەر پەنجا و لە ئەشکەوتێک، نان و ئاوم بۆ دابین کردن. ئێستاش تۆ پێم دەڵێیت: ”بڕۆ بە پاشای گەورەت بڵێ، ’ئەلیاس لێرەیە،‘ “ ئەویش دەمکوژێت!» ئەلیاسیش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، خودای سوپاسالار، ئەوەی دەیپەرستم، من ئەمڕۆ خۆم بۆ ئەحاڤ دەردەخەم.» ئەلیاس لە کێوی کارمەل ئینجا عۆبەدیا چوو بۆ لای ئەحاڤ و پێی ڕاگەیاند، ئەحاڤیش چوو بۆ لای ئەلیاس. کاتێک ئەحاڤ ئەلیاسی بینی، پێی گوت: «ئەوە تۆی، ئەی تێکدەری ئیسرائیل؟» ئەلیاسیش گوتی: «من ئیسرائیلم تێکنەداوە، بەڵکو تۆ و ماڵی باوکت ئەمەتان کردووە، بە وازهێنانتان لە فەرمانەکانی یەزدان و ملکەچبوونتان بۆ بەعلەکان. ئێستاش بنێرە و لە کێوی کارمەل هەموو ئیسرائیلم لێ کۆبکەوە، هەروەها چوار سەد و پەنجا پێغەمبەرەکەی بەعل و چوار سەد پێغەمبەرەکەی ئەشێراش، کە لەسەر خوانەکەی ئیزابێل نان دەخۆن.» جا ئەحاڤ بەدوای هەموو نەوەی ئیسرائیلیدا نارد، هەموو پێغەمبەرەکانی لە کێوی کارمەل کۆکردەوە. ئەلیاسیش لە هەموو گەل چووە پێشەوە و گوتی: «هەتا کەی لەنێوان ئەم دووانەدا دوو دڵ دەبن؟ ئەگەر یەزدان18‏:21 یەزدان: لە زمانی عیبری بە وشەی یەهوا‏ هاتووە. خودا ئەم ناوەی بۆ خۆی بەکارهێناوە، بۆ بەستنی پەیمان لەگەڵ مرۆڤ. بڕوانە پەڕتووکی دەرچوون 3‏:13‏-15.‏ خودایە دوای بکەون، ئەگەر بەعلیش خودایە دوای ئەو بکەون.» بەڵام گەل بە یەک وشەش وەڵامیان نەدایەوە. پاشان ئەلیاس بە گەلی گوت: «بە تەنها من بە پێغەمبەری یەزدان ماومەتەوە، پێغەمبەرەکانی بەعلیش چوار سەد و پەنجا پیاون. دوو جوانەگامان18‏:23 لەو کاتەوەی کە گوێرەکەی نێر لە شیر دەبڕدرێتەوە پێی دەگوترێت (نۆبەن) یان (جوانەگا).‏ بدەنێ، با ئەوان گایەک بۆ خۆیان هەڵبژێرن و لەتی بکەن و لەسەر تەختەدارەکان دایبنێن، بەڵام با ئاگری تێبەر نەدەن. منیش گایەکەی دیکە بەو جۆرە لێ دەکەم و لەسەر تەختەدارەکان دایدەنێم و ئاگری تێبەر نادەم. ئینجا بە ناوی خوداوەندی خۆتانەوە بپاڕێنەوە و منیش بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە. ئەو خودایەی کە بە ئاگر وەڵام دەداتەوە، ئەو خودایە.» هەموو گەل وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «قسەیەکی جوانە.» ئینجا ئەلیاس بە پێغەمبەرەکانی بەعلی گوت: «جوانەگایەک بۆ خۆتان هەڵبژێرن و یەکەم جار ئێوە ئامادەی بکەن لەبەر ئەوەی ئێوە زۆرترن، بە ناوی خوداوەندەکەشتانەوە بپاڕێنەوە، بەڵام ئاگری تێبەر مەدەن.» ئیتر ئەوان ئەو جوانەگایەیان برد کە پێیان درابوو، ئامادەیان کرد. لە بەیانییەوە هەتا نیوەڕۆ بە ناوی بەعلەوە پاڕانەوە و گوتیان: «ئەی بەعل، وەڵاممان بدەوە!» بەڵام نە دەنگ هەبوو، نە کەسیش وەڵامی دایەوە. هەروەها بە دەوری ئەو قوربانگایەدا هەڵدەبەزینەوە کە دروستیان کردبوو. لە نیوەڕۆدا ئەلیاس دەستی کرد بە گاڵتەپێکردنیان و گوتی: «قاییمتر هاوار بکەن! ئەو خوداوەندە! لەوانەیە داڵغەی لێدابێت، چووبێتە سەرئاو، لە گەشت بێت، یان لەوانەیە نوستبێت و دەبێت خەبەر بکرێتەوە.» ئەوانیش بە دەنگی بەرز هاواریان کرد، وەک پیشەی خۆیان بە شمشێر و ڕم لە خۆیان دا، هەتا خوێنیان لێ چۆڕایەوە. کاتێک عەسر داهات هەتا کاتی قوربانی ئێوارە18‏:29 مەبەستی لە قوربانی ئێوارانی پەرستگای یەزدانە. بڕوانە دەرچوون 29‏:38‏-41.‏ حاڵیان کرد، بەڵام کوا دەنگ و کوا وەڵام و کوا گوێگر؟ ئەلیاس بە هەموو گەلی گوت: «وەرنە پێشەوە بۆ لام.» ئەوانیش لێی چوونە پێشەوە. ئینجا قوربانگا وێرانکراوەکەی یەزدانی چاککردەوە. پاشان ئەلیاس دوازدە بەردی برد، هێندەی ژمارەی هۆزەکانی نەوەی یاقوب کە فەرمایشتی یەزدانی بۆ هاتبوو، پێی فەرمووبوو: «ناوت ئیسرائیل دەبێت.» لەو بەردانە قوربانگایەکی بە ناوی یەزدان بنیاد نا و لە دەوری قوربانگاکە ئاوەڕۆیەکی دروستکرد کە جێگای دوو پێوانە18‏:32 دوو پێوانە: عیبری: دوو سەئا‏، نزیکەی پازدە لیتر.‏ تۆوی تێدا دەبووەوە. ئینجا تەختەدارەکانی ڕێکخست و جوانەگاکەی لەتوپەت کرد و لەسەر تەختەدارەکان داینا. ئینجا گوتی: «چوار گۆزە ئاو پڕ بکەن و بەسەر قوربانییەکە و بەسەر دارەکانیدا بکەن.» گوتی: «دووبارەی بکەنەوە.» دووبارەیان کردەوە. گوتی: «سێ بارەی بکەنەوە.» سێ بارەیان کردەوە. جا ئاو لە دەوری قوربانگاکە ڕۆیشت و ئاوەڕۆکەش پڕ بوو لە ئاو. لە کاتی پێشکەشکردنی قوربانی، ئەلیاسی پێغەمبەر هاتە پێشەوە و گوتی: «ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیل، ئەمڕۆ با بزانرێت کە تۆ لە ئیسرائیل خودایت، منیش بەندەی تۆم و بە فەرمایشتی تۆ هەموو ئەم کارانەم کردووە. وەڵامم بدەوە ئەی یەزدان، وەڵامم بدەوە تاکو ئەم گەلە بزانن کە تۆ یەزدانی پەروەردگاریت، تۆ دڵیان بەرەو لای خۆت ڕادەکێشیت.» ئینجا ئاگری یەزدان کەوتە خوارەوە، قوربانی و تەختەدار و بەرد و خۆڵەکەی خوارد، ئاوی ناو ئاوەڕۆکەشی وشک کرد. کاتێک هەموو گەل ئەوەیان بینی، بە ڕوودا کەوتن و گوتیان: «یەزدان خودایە، یەزدان خودایە!» ئینجا ئەلیاس پێی گوتن: «پێغەمبەرەکانی بەعل بگرن و مەهێڵن پیاوێکیان لێ دەرباز بێت.» ئەوانیش گرتیانن، ئەلیاس بردنییە خوارەوە بۆ دۆڵی قیشۆن و لەوێ سەری بڕین. پاشان ئەلیاس بە ئەحاڤی گوت: «بڕۆ بخۆ و بخۆوە، چونکە دەنگی بارانێکی زۆر دێت.» جا ئەحاڤ چوو بخوات و بخواتەوە، بەڵام ئەلیاس سەرکەوتە سەر لووتکەی کارمەل، چەمایەوە سەر زەوی و دەموچاوی خستە نێو ئەژنۆکانییەوە. بە خزمەتکارەکەی گوت: «هەستە، ڕووەو دەریا بڕوانە.» ئەویش هەستا و ڕووەو دەریا ڕوانی و گوتی: «هیچ نییە.» ئەلیاسیش حەوت جار گوتی: «دیسان تەماشا بکەوە.» لە جاری حەوتەم گوتی: «ئەوەتا پەڵە هەورێکی بچووک کە هێندەی لەپی دەستێک دەبێت لە دەریاوە بەرز دەبێتەوە.» ئینجا ئەلیاس گوتی: «بڕۆ بە ئەحاڤ بڵێ: ”گالیسکەکەت ئامادە بکە و بڕۆ خوارەوە با بارانەکە ڕێت لێ نەگرێت.“» ئاسمان لەم لاوە بۆ ئەو لا بە هەور و با ڕەشداگەڕا و بارانێکی زۆر باری، ئەحاڤ سوار بوو و چوو بۆ یەزرەعیل. هێزی یەزدان بۆ ئەلیاس هات، ناوقەدی بەست و هەتا یەزرەعیل لەپێش ئەحاڤەوە ڕایکرد. هەڵاتنی ئەلیاس بۆ چیای حۆرێڤ ئەحاڤ هەموو ئەوەی بە ئیزابێل ڕاگەیاند کە ئەلیاس کردی، هەروەها کە چۆن هەموو پێغەمبەرەکانی بە شمشێر کوشتووە. ئینجا ئیزابێل نێردراوێکی بۆ لای ئەلیاس نارد و گوتی: «با خوداوەندەکان توندترین سزام بدەن، ئەگەر سبەینێ لەم کاتەدا گیانت وەک گیانی یەکێک لەوانە لێ نەکەم.» کاتێک ئەلیاس ئەوەی بینی، هەڵات بۆ ئەوەی گیانی خۆی دەرباز بکات. کاتێک گەیشتە بیری شابەع، ئەوەی کە سەر بە یەهودایە، خزمەتکارەکەی لەوێ بەجێهێشت. خۆشی ڕۆژە ڕێیەک بە دەشتودەردا ڕۆیشت هەتا هات و لەژێر دار گەزێک19‏:4 دارێکی گەڵا وردی لق باریکە، لقەکانی بۆ گسک بەکاردێت.‏ دانیشت و داوای مەرگی بۆ گیانی خۆی کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، ئیتر بەسە، گیانم بکێشە، چونکە من لە باوباپیرانم باشتر نیم.» ئینجا لەژێر دار گەزەکە پاڵکەوت و نوست. لەناکاو فریشتەیەک دەستی لێدا و فەرمووی: «هەستە، بخۆ.» ئەویش تەماشای کرد ئەوەتا لەلای سەرییەوە کولێرەیەکی بە بەردی داغ برژاو و گۆزەیەک ئاوی لێیە، ئیتر خواردی و خواردیەوە، دیسان پاڵکەوتەوە. دووبارە فریشتەکەی یەزدان گەڕایەوە و دەستی لێدایەوە و فەرمووی: «هەستە بخۆ، چونکە ڕێگاکە لە توانای تۆ زیاترە.» ئەویش هەستا و خواردی و خواردیەوە، بە هێزی ئەو خواردنە چل شەو و چل ڕۆژ هەتا حۆرێڤی کێوی خودا ڕۆیشت. لەوێ چووە ناو ئەشکەوتێک و شەوی تێدا بەسەربرد. دەرکەوتنی یەزدان بۆ ئەلیاس لەناکاو فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، پێی فەرموو: «ئەلیاس، لێرە چی دەکەیت؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «دڵگەرمییەکی زۆرم هەیە بۆ یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، نەوەی ئیسرائیلیش پەیمانەکەی تۆیان شکاندووە، قوربانگاکانی تۆیان وێران کردووە، پێغەمبەرەکانی تۆیان بە شمشێر کوشتووە، منیش بە تەنها ماومەتەوە، ئەوانیش بەدوامدا دەگەڕێن هەتا بمکوژن.» یەزدانیش فەرمووی: «وەرە دەرەوە و لەسەر چیاکە لەبەردەم یەزدان ڕابوەستە، چونکە وا یەزدان تێدەپەڕێت.» ئینجا بایەکی مەزن و بەهێز چیاکانی شەقکرد و تاشەبەردەکانی لەبەردەم یەزدان شکاند، بەڵام یەزدان لەناو بایەکەدا نەبوو. لەدوای بایەکە بوومەلەرزەیەک هات، یەزدان لە بوومەلەرزەکەشدا نەبوو. لەدوای بوومەلەرزەکە ئاگرێک هات، یەزدان لە ئاگرەکەشدا نەبوو. لەدوای ئاگرەکە چرپەی دەنگێک هات. ئەوە بوو کە ئەلیاس گوێی لە چرپەکە بوو، دەموچاوی بە کەواکەی داپۆشی، چووە دەرەوە و لەبەردەمی ئەشکەوتەکەدا ڕاوەستا. پاشان دەنگێک هاتە بەرگوێی و پێی فەرموو: «ئەلیاس، لێرە چی دەکەیت؟» ئەویش گوتی: «دڵگەرمییەکی زۆرم هەیە بۆ یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، نەوەی ئیسرائیلیش پەیمانەکەی تۆیان شکاندووە، قوربانگاکانی تۆیان وێران کردووە و پێغەمبەرەکانی تۆیان بە شمشێر کوشتووە، منیش بە تەنها ماومەتەوە، ئەوانیش بەدوامدا دەگەڕێن هەتا بمکوژن.» ئینجا یەزدان پێی فەرموو: «بڕۆ و بە ڕێگاکەتدا بگەڕێوە بۆ دەشتودەری دیمەشق، کاتێک گەیشتییە ئەوێ حەزائێل وەک پاشای ئارام دەستنیشان بکە. هەروەها یێهوی کوڕی نیمشی وەک پاشای ئیسرائیل دەستنیشان بکە و ئەلیشەعی کوڕی شافاتیش کە خەڵکی ئابێلی مەحۆلایە لە جێی خۆت وەک پێغەمبەر دەستنیشانی بکە. جا ئەوە ڕوودەدات، هەرکەس لە شمشێری حەزائێل دەرباز بێت، یێهو دەیکوژێت و هەرکەسیش لە شمشێری یێهو دەرباز بێت، ئەلیشەع دەیکوژێت. لەگەڵ ئەوەشدا حەوت هەزار کەس لە ئیسرائیل دەهێڵمەوە، هەموو ئەوانەی کە چۆکیان بۆ بەعل نەچەماندووەتەوە، بە دەم ماچیان نەکردووە.» بانگکردنی ئەلیشەع ئیتر ئەلیاس لەوێ ڕۆیشت و ئەلیشەعی کوڕی شافاتی دۆزییەوە زەوی دەکێڵا، دوازدە جووت گا لەپێشییەوە بوون، ئەو لەگەڵ جووتی دوازدەیەمین بوو. ئینجا ئەلیاس بەلایدا تێپەڕی و کەواکەی فڕێدایە سەری. ئەلیشەعیش گایەکانی بەجێهێشت و لەدوای ئەلیاس ڕایکرد و گوتی: «دایک و باوکم ماچ دەکەم و دوات دەکەوم.» ئەلیاسیش پێی گوت: «بڕۆ و بگەڕێوە، چونکە من چ ڕێگرییەکم لێکردوویت؟» ئەلیشەعیش لەدوای گەڕایەوە و جووتە گایەکەی برد و سەری بڕین، گاسنەکەی سووتاند بۆ ئەوەی گۆشتەکە بکوڵێنێت، دایە خەڵکەکە و خواردیان. ئینجا هەستا و دوای ئەلیاس کەوت و بووە خزمەتکاری. هێرشبردنی بەن‌هەدەد بۆ سەر سامیرە ئەوە بوو بەن‌هەدەدی پاشای ئارام هەموو هێزەکەی کۆکردەوە و سی و دوو پاشاش بە ئەسپ و گالیسکەوە لەگەڵی بوون، سوپای جوڵاند و سامیرەی گەمارۆ دا و لە دژی جەنگا. چەند نێردراوێکی ناردە شارەکە بۆ لای ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل. پێی گوت: «بەن‌هەدەد ئاوا دەڵێت: ”زێڕ و زیوەکەت هی منە، ژن و کوڕە چاکەکانت هی منن.“» پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی دایەوە: «پاشای گەورەم، ئەوەی گوتت وا دەبێت، خۆم و هەموو ئەوانەشی کە هەمە هی تۆن.» نێردراوەکان هاتنەوە و گوتیان: «بەن‌هەدەد ئەمە دەڵێت: ”من چەند نێردراوێکم بۆ لات نارد و گوتم، زێڕ و زیو و ژن و کوڕە چاکەکانت دەدەیتە من، بەڵام سبەینێ لەم کاتەدا کاربەدەستەکانم دەنێرمە لات، کۆشکەکەت و ماڵی کاربەدەستەکانت دەپشکنن. جا هەموو ئەوەی پەسەندە لەبەرچاوی تۆ دەستی بەسەردا دەگرن و دەیبەن.“» پاشای ئیسرائیل هەموو پیرانی خاکەکەی بانگکرد و گوتی: «بزانن و ببینن، ئەمە داوای شەڕ دەکات، چونکە ناردی بۆ داواکردنی ژن و کوڕ و زێڕ و زیوەکەم، ڕەتم نەکردەوە.» هەموو پیران و هەموو گەل وەڵامیان دایەوە: «گوێی لێ مەگرە و ڕازی مەبە.» ئەویش بە نێردراوەکانی بەن‌هەدەدی گوت: «بە پاشای گەورەم بڵێن: ”منی خزمەتکارت هەموو ئەوە جێبەجێ دەکەم کە لە سەرەتادا داوات کردووە، بەڵام ناتوانم ئەم کارە بکەم.“» ئینجا نێردراوەکان گەڕانەوە و وەڵامەکەیان بۆ بەن‌هەدەد گێڕایەوە. ئینجا بەن‌هەدەد ناردی بۆ لای ئەحاڤ و گوتی: «با خوداوەندەکان توندترین سزام بدەن، ئەگەر خۆڵی سامیرە بەشی مشتی هەموو ئەو گەلە بکات کە دوام کەوتوون.» پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «پێی بڵێن: ”شەڕکردن شانازی نییە، بەڵکو سەرکەوتن.“» کاتێک بەن‌هەدەد لەگەڵ پاشاکان لەنێو چادرەکان دەیخواردەوە گوێی لەم قسەیە بوو، بە خزمەتکارەکانی گوت: «ڕیز ببەستن.» ئەوانیش ڕیزیان بەست و بەریان لە شارەکە گرت. بەزینی بەن‌هەدەد ئەوە بوو پێغەمبەرێک لە ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل هاتە پێشەوە و گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”هەموو ئەو سوپا گەورەیەت بینی؟ ئەوەتا من ئەمڕۆ دەیدەمە دەستی تۆ، تاوەکو بزانیت کە من یەزدانم!“» ئەحاڤیش گوتی: «بە کێ؟» پێغەمبەرەکەش گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بەو ئەفسەرە گەنجانەی کە لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەکانی هەرێمەکانن.“» ئەویش گوتی: «کێ دەست بە جەنگەکە دەکات؟» پێغەمبەرەکەش گوتی: «تۆ.» لەبەر ئەوە ئەحاڤ ئەفسەرە گەنجەکانی فەرماندەی هەرێمەکانی بانگکرد، دوو سەد و سی و دوو پیاو بوون، پاش ئەوانیش پاشماوەی ئیسرائیلییەکانیشی کۆکردەوە، کە حەوت هەزار پیاو بوون. لە نیوەڕۆدا بەڕێکەوتن و بەن‌هەدەدیش لە چادرەکانەوە لەگەڵ سی و دوو پاشاکەی دیکەی هاوپەیمانی دەیانخواردەوە و سەرخۆش بوون. یەکەم جار ئەفسەرە گەنجەکانی فەرماندەی هەرێمەکان بەڕێکەوتن. ئەوە بوو بەن‌هەدەد چەند سووسەکەرێکی20‏:17 کەسانێک کە لە لەشکری دوژمن دەڕوانن بۆ وەرگرتنی زانیاری.‏ ناردبوو، ئەوانیش پێیان ڕاگەیاند: «چەند پیاوێک لە سامیرەوە بە ڕێگاوەن.» ئەویش گوتی: «ئەگەر بۆ ئاشتی هاتوونەتە دەرەوە بە زیندووێتی بیانگرن، ئەگەر بۆ شەڕیش هاتوونەتە دەرەوە، هەر بە زیندووێتی بیانگرن.» ئەفسەرە گەنجەکانی فەرماندەی هەرێمەکان و ئەو هێزەی لە دوایان بوون لە شارەکە هاتنە دەرەوە، هەریەکەیان ئەو پیاوە ئارامییەیان دەکوشت کە دەهاتە بەرامبەریان، ئارامییەکانیش هەڵاتن و ئیسرائیلیش ڕاویان نان، بەن‌هەدەدی پاشای ئارامیش بە ئەسپ لەگەڵ سوارەکان دەرباز بوو. پاشای ئیسرائیلیش هاتە دەرەوە و لە ئەسپ و گالیسکەکانی دا، زیانێکی گەورەی بە ئارامییەکان گەیاند. پاشان پێغەمبەرەکە لە پاشای ئیسرائیل هاتە پێشەوە و پێی گوت: «بڕۆ خۆت بەهێز بکە و بزانە و ببینە چی دەکەیت، چونکە لە بەهاری ساڵدا پاشای ئارام پەلامارت دەداتەوە.» هەر لەو ماوەیەدا کاربەدەستەکانی پاشای ئارام بەم جۆرە ئامۆژگاری پاشایان کرد و گوتیان: «خوداوەندەکانیان خوداوەندی شاخن، لەبەر ئەوە لە ئێمە بەهێزتر بوون. بەڵام با لە دەشتدا لە دژیان بجەنگین، لەوان بەهێزتر دەبین! بۆ ئەم کارەش ئەمە بکە، هەریەک لە پاشاکان لە شوێنەکانیان لاببە و سەرکردەکان لە جێیاندا دابنێ. ئیتر بۆ خۆت سوپایەک وەک ئەو سوپایەی کە لە دەستت دا، پێکدەهێنیتەوە، ئەسپ لە جێی ئەسپ و گالیسکە لە جێی گالیسکە. با لە دەشتدا لە دژیان بجەنگین، لەوان بەهێزتر دەبین!» ئەویش گوێی لە قسەکەیان گرت و بەم جۆرەی کرد. ئەوە بوو لە بەهاری ساڵدا، بەن‌هەدەد ئارامییەکانی کۆکردەوە و سەرکەوت بۆ ئەفێق بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل. نەوەی ئیسرائیلیش کۆکرانەوە و پێداویستییان پێدرا و چوون بۆ بەرەنگاربوونەوەیان، نەوەی ئیسرائیل وەک دوو مێگەلی بچووکی بزن وابوون بەرامبەریان، ئارامییەکانیش دەشتەکەیان پڕکردبوو. ئینجا پیاوەکەی خودا هاتە پێشەوە و بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی ئارامییەکان گوتیان، یەزدان خوداوەندێکی شاخەکانە و خوداوەندی دۆڵەکان نییە، ئەم هەموو کۆمەڵە گەورەیە دەدەمە دەستی تۆ، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“» حەوت ڕۆژ بەرامبەر بە یەکتر دامەزران، لە ڕۆژی حەوتەم جەنگەکە هەڵگیرسا، نەوەی ئیسرائیل لە ئارامییەکانیان دا، سەد هەزار پیادەیان لە یەک ڕۆژدا لێ کوشتن. پاشماوەکەیان بۆ شاری ئەفێق هەڵاتن، لەوێش شوورای شارەکە بەسەر بیست و حەوت هەزار پیاویان داڕما، بەن‌هەدەدیش هەڵات و چووە ناو شارەکە، لە ژووری دواوەی ماڵێک خۆی شاردەوە. کاربەدەستەکانی پێیان گوت: «تەماشا بکە، بیستوومانە کە پاشاکانی بنەماڵەی ئیسرائیل پاشای بەخشندەن، با گوش20‏:31 ڕیشاڵێکی ڕووەکییە کە لەو سەردەمە بەرگی ماتەمی لێ دروستدەکرا.‏ بە کەمەرمانەوە ببەستین و گوریس لەسەر سەرمان دابنێین20‏:31 دانانی گوریس لەسەر سەر هێمایەکە بۆ خۆ ڕادەستکردنی شەڕکەران.‏ و بچینە دەرەوە بۆ لای پاشای ئیسرائیل، لەوانەیە دەستت لێ بپارێزێت.» ئینجا جلوبەرگی گوشیان پۆشی و بەستیان بە کەمەریانەوە و گوریسیش بەسەریانەوە، هاتنە لای پاشای ئیسرائیل و گوتیان: «بەن‌هەدەدی خزمەتکارت دەڵێت: ”با گیانم بپارێزێت.“» ئەویش گوتی: «هێشتا زیندووە؟ ئەو برامە!» پیاوەکانیش گەشبین بوون و بە پەلە دەستیان بەم وشەیەوە گرت و گوتیان: «بەڵێ، بەن‌هەدەد براتە!» پاشاکەش گوتی: «بڕۆنە ژوورەوە و بیهێنن.» کە بەن‌هەدەد هاتە دەرەوە بۆ لای، ئەحاڤ سەری خستە سەر گالیسکەکەی. بەن‌هەدەدیش پێی گوت: «ئەو شارانەی باوکم لە باوکتی سەندبوو دەیگەڕێنمەوە، بۆ خۆت لە دیمەشق بازاڕیش دابنێ، وەک ئەوەی باوکم لە سامیرە داینا.» ئەحاڤیش گوتی: «منیش بەم پەیمانە ئازادت دەکەم.» ئەویش پەیمانی لەگەڵ بەست و ئازادی کرد. تاوانبارکردنی ئەحاڤ لەلایەن پێغەمبەرێک ئەندامێک لە کۆمەڵی پێغەمبەران بە هاوڕێکەی گوت: «بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان، لێم بدە.» هاوڕێکەش ڕازی نەبوو لێی بدات. پێغەمبەرەکەش گوتی: «لەبەر ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان نەبوویت، کاتێک لەلای من دەڕۆیت، شێرێک پەلامارت دەدات.» ئەویش لەلای ڕۆیشت و شێرێکی لێ پەیدابوو و پەلاماری دا. پاشان پیاوێکی دیکەی بینییەوە و پێی گوت: «لێم بدە!» پیاوەکەش لێیدا و برینداری کرد. ئینجا پێغەمبەرەکە ڕۆیشت و لەسەر ڕێگاکە بۆ پاشا ڕاوەستا، بە دەمامکێک ڕوخساری خۆی شاردەوە. کاتێک پاشا تێپەڕی هاواری بۆ پاشا کرد و گوتی: «خزمەتکارەکەت چووە ناو جەرگەی شەڕەکە، جەنگاوەرێک لەناکاو دیلێکی بۆ هێنام و گوتی: ”ئاگات لەم پیاوە بێت! ئەگەر بزر بێت، ئەوا گیانت لە جیاتی گیانی ئەو دەبێت یان تالنتێک20‏:39 تالنتێک: نزیکەی 34 کیلۆگرام.‏ زیو دەدەیت.“ ئەوە بوو خزمەتکارەکەت لەم لا و ئەو لاوە سەرقاڵ بوو، پیاوەکە دیار نەما.» پاشای ئیسرائیلیش پێی گوت: «حوکمت وەک ئەوە دەبێت کە گوتت، چونکە خۆت بڕیارت داوە.» پێغەمبەرەکەش خێرا پەڕۆکەی لەسەر چاوی لابرد، پاشای ئیسرائیلیش ناسییەوە کە لە پێغەمبەرەکانە. ئەویش بە پاشای گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی هێشتت پیاوێک لە دەستت بڕوات کە من بۆ قڕبوونم دانا20‏:42 بۆ قڕبوونم دانا: لە زمانی عیبری ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ شتێک یان کەسێک کە دەبەخشرێت بە یەزدان، زۆر جار بەخشینەکە بە تەواوی لە ناودەبردرێت.‏، گیانت لە جیاتی گیانی دەبێت و گەلەکەشت لە جیاتی گەلەکەی.“» ئینجا پاشای ئیسرائیل بە دڵتەنگی و پەستییەوە چوو بۆ کۆشکەکەی لە سامیرە. ڕەزەمێوی ناڤۆت دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک بەسەر ڕووداوەکاندا، شتێک ڕوویدا کە پەیوەندی هەبوو بە ڕەزەمێوی ناڤۆتی یەزرەعیلی. ئەم ڕەزەمێوە لە یەزرەعیل بوو، لەتەنیشت کۆشکەکەی ئەحاڤی پاشای سامیرە. ئەحاڤ بە ناڤۆتی گوت: «ڕەزەمێوەکەی خۆتم بدەرێ، بۆ ئەوەی بیکەمە باخی سەوزەوات، چونکە نزیکە و لەتەنیشتی کۆشکەکەمەوەیە، منیش لە جیاتی ئەوە ڕەزەمێوێکی باشترت دەدەمێ، یان ئەگەر بۆ تۆ باشترە بەپێی نرخەکەی زیوت دەدەمێ.» ناڤۆتیش بە ئەحاڤی گوت: «لەلایەن یەزدانەوە لە من بەدوور بێت کە میراتی باوباپیرانی خۆمت بدەمێ!» جا ئەحاڤ بە دڵتەنگی و پەستییەوە گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی، لەبەر ئەو قسەیەی کە ناڤۆتی یەزرەعیلی پێی گوت، کە گوتی، «میراتی باوباپیرانمت نادەمێ،» ئیتر لەسەر جێگاکەی پاڵکەوت، ڕووی خۆی وەرگێڕا و نانی نەخوارد. جا ئیزابێلی ژنی هاتە ژوورەوە بۆ لای و پێی گوت: «ئەوە چییە، بۆچی دڵتەنگیت و نان ناخۆیت؟» ئەویش وەڵامی دایەوە: «لەبەر ئەوەی قسەم لەگەڵ ناڤۆتی یەزرەعیلی کرد و پێم گوت: ”ڕەزەمێوەکەتم بدەرێ، بە زیو یان ئەگەر حەز دەکەیت ڕەزەمێوێکت لە جیاتی دەدەمێ،“ بەڵام گوتی: ”ڕەزەمێوەکەمت نادەمێ.“» ئیزابێلی ژنیشی پێی گوت: «ئایا ئێستا تۆ پاشایەتی ئیسرائیل ناکەیت؟ هەستە نان بخۆ و دڵخۆش بە، من ڕەزەمێوەکەی ناڤۆتی یەزرەعیلیت دەدەمێ.» چەند نامەیەکی بە ناوی ئەحاڤەوە نووسی و بە مۆرەکەی ئەو مۆری کردن، نامەکانیشی بۆ ئەو پیر و خانەدانانە نارد کە لە هەمان ئەو شارەی ناڤۆت لەگەڵ ئەو نیشتەجێ بوون. لەو نامانەشدا نووسیبووی: «بانگەوازی ڕۆژووگرتن بکەن و کۆببنەوە، ناڤۆت لە سەرووی گەلەوە دابنیشێنن. دوو پیاوی سووکوچروکیش لە بەرامبەری دابنێن، بۆ ئەوەی شایەتی بدەن کە نەفرەتی لە خودا و لە پاشا کردووە. پاشان بیهێننە دەرەوە و بەردبارانی بکەن هەتا دەمرێت.» ئیتر پیاوانی شارەکەی ناڤۆت، پیر و خانەدانەکانی دانیشتووانی شارەکەی ئەوەیان کرد، وەک ئەوەی ئیزابێل بۆی ناردن، وەک ئەوەی لە نامەکاندا نووسرابوو کە بۆیان نێردرابوون. بانگەوازیان کرد بۆ ڕۆژووگرتن و کۆبوونەوە، ناڤۆتیان لە سەرووی گەلەوە دانیشاند. دوو پیاوی سووکوچروکیش هاتن و لە بەرامبەری دانیشتن، پیاوە سووکوچروکەکانیش لەبەردەم گەلدا شایەتییان لەسەر ناڤۆت دا و گوتیان: «ناڤۆت نەفرەتی لە خودا و لە پاشا کردووە.» جا بردیانە دەرەوەی شار و بەردبارانیان کرد و مرد. ئینجا هەواڵیان بۆ ئیزابێل نارد و گوتیان: «ناڤۆت بەردباران کراوە و مردووە.» هەرکە ئیزابێل بیستییەوە ناڤۆت بەردباران کراوە و مردووە، بە ئەحاڤی گوت: «هەستە و ڕەزەمێوەکەی ناڤۆتی یەزرەعیلی کە ڕازی نەبوو بە زیو بتداتێ، دەستی بەسەردا بگرە، چونکە ناڤۆت مردووە و زیندوو نییە.» کاتێک ئەحاڤ بیستییەوە ناڤۆت مردووە، هەستا و چوو بەرەو خوار بۆ ئەوەی دەست بەسەر ڕەزەمێوەکەی ناڤۆتی یەزرەعیلیدا بگرێت. ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەلیاسی تیشبی هات: «هەستە بەرەو خوارەوە بڕۆ بۆ بینینی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل، ئەوەی لە سامیرەیە. ئەو ئێستا لە ڕەزەمێوەکەی ناڤۆتدایە، کە چووە بۆ ئەوەی دەستی بەسەردا بگرێت. قسەی لەگەڵ بکە و بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئایا پیاوت کوشت و هەروەها دەست بەسەر میراتەکەشیدا دەگریت؟“ پێشی دەڵێیت، بەم جۆرەی فەرمووە: ”لەو شوێنەدا کە سەگ خوێنەکەی ناڤۆتیان لێسایەوە، لە هەمان شوێندا خوێنەکەی تۆش دەلێسنەوە. بەڵێ، هی خۆت!“» ئەحاڤ بە ئەلیاسی گوت: «دوژمنەکەم، منت دۆزییەوە!» ئەویش گوتی: «تۆم دۆزییەوە، لەبەر ئەوەی خۆتت فرۆشتووە تاکو ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان خراپە ئەنجامی بدەیت. ”من وا بەڵات بەسەردا دەهێنم و ڕیشەکێشت دەکەم، هەموو نێرینەیەکی بنەماڵەی ئەحاڤ لە ئیسرائیل بنبڕ دەکەم، جا کۆیلە بێت یان ئازاد. ماڵەکەشت وەک ماڵی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات و بەعشای کوڕی ئاحییای لێ دەکەم، لەبەر ئەوەی پەستت کردم و ئیسرائیلت تووشی گوناه کرد.“ «هەروەها یەزدان لەبارەی ئیزابێلیشەوە فەرمووی: ”سەگ لە نزیک شووراکەی یەزرەعیلەوە ئیزابێل دەخۆن.“ «ئەوەی لە بنەماڵەی ئەحاڤ بێت و لە شاردا بمرێت سەگ دەیخوات، ئەوەشی لە کێڵگەدا بمرێت باڵندەکانی ئاسمان دەیخۆن.» (کەس نەبوو وەک ئەحاڤ خۆی بفرۆشێت تاکو لەبەرچاوی یەزدان کاری خراپ بکات، چونکە ئیزابێلی ژنی هانی دا. ئەحاڤ کارێکی قێزەونی کرد کە وەکو ئەمۆرییەکان پەیڕەوی لە بتەکان کرد کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا دەریکردن.) کاتێک ئەحاڤ گوێی لەم قسانە بوو، جلەکانی دادڕی و جلوبەرگی گوشی پۆشی و بەڕۆژوو بوو، بە بەرگی گوشەوە پاڵکەوت و بە بێدەنگی ڕۆیشت. ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەلیاسی تیشبی هات: «بینیت ئەحاڤ چۆن لەبەردەممدا خۆی نزم کردەوە؟ لەبەر ئەوەی لەبەردەمم خۆی نزم کردووەتەوە، هەتا ئەو لە ژیاندا بێت ئەم بەڵایە ناهێنم، بەڵکو لەدوای ئەو لە سەردەمی کوڕەکەی بەڵاکە بەسەر ماڵەکەیدا دەهێنم.» پێشبینی میخایو سەبارەت بە ئەحاڤ سێ ساڵ تێپەڕی و جەنگ لەنێوان ئارام و ئیسرائیل ڕووی نەدا. بەڵام لە ساڵی سێیەم، یەهۆشافاتی پاشای یەهودا چوو بۆ لای پاشای ئیسرائیل. پاشای ئیسرائیل بە کاربەدەستەکانی گوتبوو: «ئایا نازانن ڕامۆتی گلعاد هی ئێمەیە و ئێمەش بێدەنگین لەوەی لە دەست پاشای ئارامی وەربگرینەوە؟» لەبەر ئەوە پرسیاری لە یەهۆشافات کرد: «لەگەڵم دێیتە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ؟» یەهۆشافاتیش وەڵامی پاشای ئیسرائیلی دایەوە: «خۆم وەک خۆت و گەلەکەم وەک گەلەکەت و ئەسپەکانیشم وەک ئەسپەکانت.» بەڵام یەهۆشافات بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «سەرەتا داوای ڕاوێژ لە یەزدان بکە.» ئیتر پاشای ئیسرائیل پێغەمبەرەکانی کۆکردەوە، نزیکەی چوار سەد پیاو بوون، لێی پرسین: «ئایا بچمە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ یان نا؟» ئەوانیش گوتیان: «بڕۆ، پەروەردگار دەیداتە دەستی پاشا.» بەڵام یەهۆشافات پرسیاری کرد: «هیچ پێغەمبەرێکی یەزدان لێرە نەماوە لێی بپرسین؟» پاشای ئیسرائیلیش بە یەهۆشافاتی گوت: «پێغەمبەرێکی دیکە ماوە پرسی یەزدانی پێ بکەین، بەڵام من ڕقم لێیەتی، چونکە ئەو سەبارەت بە من پێشبینی چاک ناکات، بەڵکو خراپ، ئەویش میخایوی کوڕی یەملایە.» یەهۆشافاتیش گوتی: «با پاشا ئاوا نەڵێت.» لەبەر ئەوە پاشای ئیسرائیل کاربەدەستێکی بانگکرد و گوتی: «بە پەلە میخایوی کوڕی یەملام بۆ بهێنە!» لەو کاتەدا پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا جلی شاهانەیان لەبەرکردبوو، هەریەکە و لەسەر تەختەکەی خۆی دانیشتبوو، لەسەر جۆخینەکەی22‏:10 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.‏ لای دەروازەی سامیرە، هەموو پێغەمبەرەکانیش لەبەردەمیان پێشبینییان دەکرد. سدقیای کوڕی کەنعەنا کە دوو قۆچی ئاسنی بۆ خۆی دروستکردبوو، گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بەمە ورگی ئارامییەکان دەدڕیت هەتا لەناو دەچن.“» هەموو پێغەمبەرەکانیش بەم جۆرە پێشبینییان کرد و گوتیان: «پەلاماری ڕامۆتی گلعاد بدە و سەرکەوتوو دەبیت، یەزدان دەیداتە دەستی پاشا.» ئەو نێردراوەی چوو میخایو بانگ بکات قسەی لەگەڵ کرد و گوتی: «ئەوەتا قسەی هەموو پێغەمبەرەکان بە یەک دەنگ لە بەرژەوەندی پاشایە، تکایە با قسەی تۆش وەک قسەی یەکێک لەوان بێت و بە باشە قسە بکە.» بەڵام میخایو گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی یەزدان پێم بفەرموێت ئەوە دەڵێم.» کاتێک هاتە لای پاشا، پاشا لێی پرسی: «میخایو، بچینە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ یان نا؟» ئەویش پێی گوت: «هێرش بکەن و سەرکەوتوو بن، یەزدان دەیداتە دەستی پاشا.» پاشاش پێی گوت: «چەند جار من سوێندم داویت، کە جگە لە ڕاستی بە ناوی یەزدانەوە هیچی دیکەم پێ نەڵێیت؟» ئینجا میخایو وەڵامی دایەوە: «هەموو ئیسرائیلم بینی لەسەر چیاکان وەک مەڕی بێ شوان پەرتەوازە ببوون، یەزدانیش فەرمووی: ”ئەوانە خاوەنیان نییە، با هەریەکە و بە سەلامەتی بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی.“» پاشای ئیسرائیل بە یەهۆشافاتی گوت: «پێم نەگوتی ئەو پێشبینی چاک سەبارەت بە من ناکات، بەڵکو خراپ؟» میخایو گوتی: «لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، یەزدانم بینی لەسەر تەختەکەی دانیشتبوو، هەموو هێزەکانی ئاسمانیش لە دەوروبەری بوون و لەلای ڕاست و چەپیەوە ڕاوەستابوون. یەزدان فەرمووی: ”کێ ئەحاڤ فریودەدات هەتا هێرش بکاتە سەر ڕامۆتی گلعاد و لەوێ بمرێت؟“ «یەکێک پێشنیاری ئەمەی کرد و یەکێکی دیکە ئەوە. ئینجا ڕۆحێک هاتە پێشەوە و لەبەردەم یەزدان ڕاوەستا و گوتی: ”من فریوی دەدەم.“ «یەزدانیش لێی پرسی: ”بە چی؟“ «ئەویش گوتی: ”دەچمە دەرەوە و لە دەمی هەموو پێغەمبەرەکانی دەبمە ڕۆحی درۆ.“ «یەزدانیش پێی فەرموو: ”تۆ فریوی دەدەیت و دەتوانیت، بڕۆ دەرەوە و ئەوە بکە.“ «ئێستاش وا یەزدان ڕۆحی درۆی22‏:23 ڕۆحێکی شەیتانی بۆ هەڵخەڵەتاندنی مرۆڤ.‏ خستووەتە ناو دەمی هەموو پێغەمبەرەکانتەوە. یەزدان بڕیاری دا بەڵاتان بەسەر بهێنێت.» ئینجا سدقیای کوڕی کەنعەنا هاتە پێشەوە و زللەیەکی لە ڕوومەتی میخایو دا و گوتی: «لەکوێوە ڕۆحی یەزدان لە منەوە پەڕییەوە هەتا قسەت لەگەڵدا بکات؟» میخایو وەڵامی دایەوە: «دەبینیت کە ئەو ڕۆژە دەچیتە ژووری دواوەی خانوو بۆ ئەوەی خۆت بشاریتەوە.» ئینجا پاشای ئیسرائیل فەرمانی دا: «میخایو ببە و بیگەڕێنەوە لای ئامۆنی فەرمانڕەوای شارەکە و یۆئاشی کوڕی پاشا، بڵێ: ”ئەمە فەرمانی پاشایە: ئەمە بخەنە زیندانەوە و جگە لە کەمێک نان و ئاو هیچی دیکەی پێ مەدەن، هەتا هاتنەوەم بە سەلامەتی.“» میخایو گوتی: «ئەگەر تۆ بە سەلامەتی بگەڕێیتەوە، یەزدان لە ڕێگەی منەوە هیچی نەفەرمووە!» ئینجا گوتی: «ئەی هەموو گەل، گوێ بگرن!» کوژرانی ئەحاڤ لە ڕامۆتی گلعاد ئیتر پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا سەرکەوتن بۆ ڕامۆتی گلعاد. پاشای ئیسرائیل بە یەهۆشافاتی گوت: «من خۆم دەگۆڕم و دەچمە ناو جەنگەکە، بەڵام تۆ جلوبەرگە شاهانەکەی خۆت لەبەر بکە.» ئینجا پاشای ئیسرائیل خۆی گۆڕی و چووە ناو جەنگەکە. پاشای ئارام فەرمانی بە سی و دوو فەرماندەی گالیسکەکانی دا و گوتی: «شەڕ لەگەڵ هیچ گەورە و بچووکێک مەکەن، جگە لە پاشای ئیسرائیل.» کاتێک کە سەرکردەکانی گالیسکەکان یەهۆشافاتیان بینی، گوتیان: «بە دڵنیاییەوە ئەوە پاشای ئیسرائیلە.» لەبەر ئەوە گەڕانەوە تاکو شەڕی لەگەڵ بکەن، بەڵام کاتێک یەهۆشافات هاواری کرد، سەرکردەکانی گالیسکەکان بینییان ئەوە پاشای ئیسرائیل نەبوو، وازیان لە ڕاونانی هێنا. پیاوێکیش بە هەڕەمەکی تیروکەوانەکەی ڕاکێشا و لە درزی نێو بەشەکانی زرێیەکەیەوە پاشای ئیسرائیلی پێکا، ئەویش بە گالیسکەوانەکەی گوت: «دەستت بکێشەوە لەناو سوپاکە بمبە دەرەوە، چونکە بریندار بووم.» لەو ڕۆژەدا شەڕەکە زۆر سەخت بوو، پاشا لەناو گالیسکەکەی بەرامبەر بە ئارام ڕاگیرا، ئێوارە مرد و خوێنی برینەکەی بۆ ناو بنی گالیسکەکە چۆڕایەوە. کاتێک خۆر لە ئاوابوون بوو، هاوارێک بەناو سوپاکەدا بڵاو بووەوە و گوتی: «هەر پیاوە و بۆ خاکەکەی و شارۆچکەکەی خۆی بگەڕێتەوە!» بەم شێوەیە پاشا مرد، هێنایانەوە سامیرە و لەوێ ناشتیان. گالیسکەکە لە گۆمەکەی سامیرە شوشترا، لەو شوێنەی لەشفرۆشان خۆیان لێ دەشوشت، سەگ خوێنەکەیان لێستەوە، هەروەک یەزدان فەرمووبووی. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەحاڤ و هەموو ئەوەی کردی و کۆشکە عاجەکەی کە بنیادی نا و هەموو ئەو شارانەی پتەوی کردن لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون. ئەحاڤ لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، ئیتر ئەحەزیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. پاشایەتی یەهۆشافات لە یەهودا لە چوارەمین ساڵی پاشایەتی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل، یەهۆشافاتی کوڕی ئاسا بوو بە پاشای یەهودا. یەهۆشافات لە تەمەنی سی و پێنج ساڵی بوو بە پاشا، بیست و پێنج ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی عەزوڤای کچی شیلحی بوو. لە هەموو شتێک ڕێچکەی ئاسای باوکی گرتەبەر و لێی لانەدا، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاستە کردی. بەڵام هێشتا نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران و گەل لە بەرزاییەکاندا قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند. هەروەها یەهۆشافات لەگەڵ پاشای ئیسرائیل پەیمانی ئاشتی بەست. ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆشافات و دەستکەوتەکانی کە هەبوو، کارە جەنگییەکانی، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون. پاشماوەی ئەو پیاوە لەشفرۆشانەش کە لە سەردەمی ئاسای باوکی مابوونەوە، لە خاکەکە ڕایماڵین. لەو کاتەدا لە ئەدۆم پاشا نەبوو، بەڵکو بریکارێکی پاشای یەهودا هەبوو. یەهۆشافات کەشتیی بازرگانی دروستکرد تاوەکو بچنە ئۆفیر بۆ هاوردەکردنی زێڕ، بەڵام کەشتییەکان نەچوون، چونکە لە عەچیۆن گەڤەر تێکشکان. لەو کاتەدا ئەحەزیای کوڕی ئەحاڤ بە یەهۆشافاتی گوت: «با خزمەتکارەکانیشم لەگەڵ خزمەتکارەکانت بە کەشتییەکانی تۆ بڕۆن.» بەڵام یەهۆشافات ڕازی نەبوو. ئیتر یەهۆشافات لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە. لە شاری داودی باپیرە گەورەی لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا. یەهۆرامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. پاشایەتی ئەحەزیا لە ئیسرائیل لە حەڤدەیەمین ساڵی پاشایەتی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا، ئەحەزیای کوڕی ئەحاڤ لە سامیرە بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، ڕێچکەی دایک و باوکی گرتەبەر، هەروەها ڕێگاکەی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات. بەعلی پەرست و کڕنۆشی بۆ برد، یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلی پەست کرد، هەروەک ئەوەی باوکی کردبووی.